پێنووس

پڕۆسەی بڕیارسازیی سیستەماتیک بە ئاراستەی پەرەسەندن

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران

پێشەکی

بڕیاردان پڕۆسەیەکی بڕیارسازی (Decision Making)ی سیستەماتیکە کە پسپۆڕان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەسەر پرسێک بە مەبەستی باشترین هەڵبژاردە لە دۆخێکی تایبەتدا بۆ گەیشتن بە ئامانجێک دەیکەن. پڕۆسەی بڕیارسازی جگە لەوەی بۆ حوکمڕانیی باش و بەڕێوەبردنێکی پەسەند مەرجی سەرەکییە، لە ڕووی گەشەسەندن (Growth) و پەرەسەندنەوە (Development) لەسەر بنەمای پسپۆڕی، زانیاری، داتای باوەڕپێکراو، شیکاری بە مەبەستی ناسینی پرس و چۆنێتیی چارەکردنی درێژمەودای کێشەکان و بەکارهێنان و پاراستنی سەرچاوەکان، دەبێتە هۆیەک بۆ گەشەی ئابووری. لە ڕووی کۆمەڵایەتییشەوە، دەبێتە هۆی پەیدابوونی متمانە. ئەو کەشە بەشداریی گشتیی لێ دەکەوێتەوە و سەرمایەی کۆمەڵایەتی، کە دەبێتە وەدەستهاتنی سەرمایەی دەسەڵات و سەرچاوەی ڕەوایەتیدان، گەشە دەکات. بەم جۆرە بەستێنی پەرەسەندنی بەردەوامیش ساز دەبێت. بەڵام، مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە بڕیاردان بە ناو پڕۆسەی بڕیارسازییەکی سیستەماتیکدا بسووڕێتەوە تاکوو ئاکامێکی ڕوون و دوورئەنگێوەی هەبێت.

لەناو وڵاتانی پەرەنەسەندوودا بڕیاردان لەسەر بنەمای زانستی سیاسەتدانان و بەڕێوەبردن، بە کاناڵی پڕۆسەی بڕیارسازیی سیستەماتیکدا ناڕوات. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە گرنگیی پڕۆسەی بڕیارسازیی سیستەماتیک بۆ وڵاتانی پەرەنەسەندوو چییە و چۆن دەتوانن ئەو پڕۆسەیە دابنێن؟ بەو پێیەی لەو وڵاتانەدا بڕیارەکان نابنە هۆیەک بۆ گەشە و پەرەسەندن، بەڵام ئەگەر پڕۆسەی بڕیاردانی سیستەماتیک بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ڕهەندەکان بێت، ئەوکات حوکمڕانییەکی پەسەند دروست دەبێت کە دەبێتە بەستێنێک بۆ پەرەسەندنی بەردەوام. مەرجی سەرەکیی ئەو کارە، دانانی دامەزراوەی پشتبەستوو بە زانست و شایستەسالارییە.

پڕۆسەی بڕیارسازیی ستراتیژی و بڕیاردانی سیستەماتیک

بڕیاردان وەک هەستیارترین کاری بەڕێوەبردن (Mark, 1997)، دوایین کاری پڕۆسەی بڕیارسازییە لەناو چەندان قۆناغی وەک ناسینی کێشە (Adair, 2017) و دەرفەت، کۆکردنەوەی زانیاری، هەڵبژاردن، جێبەجێکردن و چاودێری و هەڵسەنگاندن. بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو بەپێی داتا، زانیاری و شیکارییەکی هەمەلایەنە لەناو توورەکەی چەند جۆرە بڕیاری جیاوازدا بڕیاری سەرەکی و متمانەپێکراو، کارا و کاریگەر هەڵدەبژێردرێت. (Schwenk, 1995) ئەگەرچی بەهۆی ئەوەی زۆربەی جاران بڕیاردان لە کەشێکی پاڕادۆکسیکاڵ (لێكدژ/ پێكناكۆك)دا دەدرێت، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە هۆکاری بزر و بزۆز و گۆڕاوی گۆڕانکەر زۆر دەبن و زانیاریش کەمن، دەبێ کەمترین گومان و دوودڵیی تێدا بێت. لەگەڵ ئەوەیشدا بڕیاردانی ستراتیژیک چەقۆیەکی دوولاتیژە کە دەتوانێ ببێتە بڕێنەی سەرکەوتن، بەڵام ئەگەر بەچاکی بەکار نەیەت لەوانەیە ببێتە تەوری داری ژێرپێ و دواجار تێچوون و تێچوویەکی فرەی بەدواوە بێت. بۆیە هەندێک جار بەهۆی ئەگەری ڕیسکی مەترسیدارەوە کاتکڕین و “بڕیارنەدانیش جۆرێکە لە بڕیاردان.” (Pearce & Robinson, 1989)

دوای دانان و تێپەڕینی پڕۆسەی بڕیارسازی، بڕیارێک بەپێی ستراکچەر و مێتۆدێکی دیار و سیستەمێک، لەسەر بنەمای چوارچێوە و مۆدێلی دیاریکراو، بە شێوەیەکی ڕوون، بە جۆرێک کە شیاوی دووبارەکردنەوە بێت، هەڵدەبژێردرێت. لەناو سیستەمی بڕیارسازیدا بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی پێشوەختەی هەڵبژاردە بەردەستەکان، سوود لە داتا و زانیاری وەردەگیرێت. دواتر ئامانج، شتە سەرەكییەكان و پێوەرەکانی بڕیاردان، بە جۆرێک کە کارایی، کاریگەرییان هەبێت، دیاری دەکرێن. خاڵێکی تر، گرنگیی سنوورناسی، شوێنناسی و کاتناسییە؛ واتە، کەی، لە کوێ، چەندە و چۆن بڕیار بدرێت.

بەگشتی، بۆ نەخشاندنی پڕۆسەی بڕیاردان بەپێی ئاست و جۆری بڕیارەکە مۆدێلی کلاسیکی، سیاسی، پلیکانی، هاوبیریی هەمەلایەنە (Brainstorming) و چەندڕایی دیاری دەکرێن. هەر پرسێک جۆرە مۆدێلێکی بڕیاردانی دەوێ و بۆ هەندێک بابەتیش بڕیاردانی فرەنیشاندەر دەستنیشان دەکرێن. (Pan, Rahman, and Castro, 2000) مەبەست لەو مۆدێلانە ئەوەیە کە پڕۆسەی بڕیاردان بە کوێرەڕێ و ڕێچکەی خەتیدا نەڕوا، چونکە بڕیاردان بابەتێکی چەرخەیییە و، پێویستە بە شێوەیەکی ڕەوتئاسا بە ناو پڕۆسەی بڕیارسازیدا بە شێوەیەکی سیستەماتیک بڕوات. ئەم جۆرە مۆدێلانە دەبێ لەسەر بناغەی لێکۆڵینەوە دانرابن و تێیدا ناسین و ڕیشەدۆزیی کێشەکان، کوالێتی (چۆنایەتی)، سەرەکیاتبەندی، پۆلێنبەندی، پێوەربەندی، ڕەهەندبەندی، کاتبەندی، تێچوو، توانا، هەل و هەڵسەنگاندن بەهەند دابنرێت.

پڕۆسەی بڕیارسازی کە ڕەهەندی دەروونزانیی تاکانە و کۆییشی هەیە و پڕە لە بەرپرسیارێتی و ئەرکی وەڵامدانەوە، ئەگەر بەهۆی نەزانینەوە شکست بێنێت جگە لە تێچووی ماددی، تێچووی ئابڕوویشی هەیە؛ بۆیە دەبێ لە ڕووی ڕەوایەتیی ستوونییەوە (Vertical Legitimacy) لە ئاستێکی باڵادا بێت. بەو هەستەوە، پێویستە هەر بڕیارسازییەک بە ڕاوێژ قۆناغ بە قۆناغ بچێتە پێش و هەڵسەنگاندنی پێشەکی، بەردەوام و دوایینی بۆ بکرێت، هەروەها ڕەچاوی ئەتمۆسفێر (كەش/ فەزا)، هۆکاری دەستوەردەر و نۆڕمەکانیش بکرێت. بەو ڕوانگەیەی کە بڕیارسازی بە زانست دادەنرێت (Keeney, 1992)، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارێکی سیاسی (Political) و سیاسەتی (Policy)، پێویستە دوو خاڵی گرنگ لەبەرچاو بگیرێن: یەکەم، توێژینەوەی داهاتوو (Futurology) و دووەم، توانای جێبەجێکردن. ئەم دوو خاڵە پێویستییان بە ماتۆڕێکی زیرەک و هۆشمەندی مێشکئاسا هەیە. واتە، پێویستە بڕیارە سیاسی و سیاسەتییەکان وەک کۆرتێکس (Cortex)ی مێشک لەناو هەنبانەی داتا و زانیارییەکان کار بکەن.

ڕەوتی بڕیارسازی لە وڵاتانی جۆراوجۆردا

لە وڵاتانی پەرەسەندووی دیموکراسیدا، پڕۆسەی پلاندانان بە بەشداریی هاوبەرژەوەندان دەکرێت. لەو وڵاتانەدا لە سەرەتای پڕۆسەی بڕیارداندا نادڵنیاییی ستراکچەری (Structural uncertainty) هەیە. واتە لە دەسپێکدا (Input) بۆچوونی خاوەنڕایان (Referral) وەردەگیرێت و لە کۆتاییدا (Output) بڕیاری دڵنیا دەزێ. بە گوێرەی ئەم پڕۆسە دیموکراتیکە یاسا بۆ بڕیار دەردەچێت و دەچێتە بواری سیاسەت. (Kordnejad, 2024)

لەو وڵاتانەدا بڕیاردان بۆ هەر ئامانجێک بە شێوەیەکی چەندڕەهەندە و پڕۆسەئاسا بە چەندان هەواری هزریدا دەڕوات، لەناو چەندان بیرگەدا هەڵسەنگاندن و ئانالیزی هەمەلایەنەی بۆ دەکرێت و گریمانەی دەرەنجامی بۆ لەبەرچاو دەگیرێت. هەروەها دامەزراوەی بەهێز و سەربەخۆ، لەسەر پایەی زانست و پراکسیس (Praxis) [پراکتیکی پشتبەستوو بە تیۆری]، بۆ بڕیاردان و هەڵسەنگاندنی بڕیارەکان، بۆ کۆڵێک زانیارییەوە و بە هاوکاریی ناوخۆیی و دەرەکی و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا، بە شێوەیەکی شەفاف و وەڵامگۆ دادەنرێن. لەو وڵاتانەدا ڕەفتاریش لە چوارچێوەی دامەزراوەدا بەهەند دادەنرێت. (Engle and Weber, 2007) بەو جۆرە، متمانە دروست دەبێت و ئاستی بەشداری بەرز دەبێتەوە و دیسکۆڕسێک (خیتاب)ی هەماهەنگیش ساز دەبێت. لەو وڵاتانەی کە بەڕێوەبردنیان لەسەر بنەمای زانستی سیاسەتی گشتییە، بڕیارسازییەکەیان بە گوێرەی بەڕێوەبردنی ئەو شتەی کە مەبەستە (Value-Based Decision Making) دەبێت. لەو چوارچێوەیەدا بڕیارەکان بەپێی لەبەرچاوگرتنی زۆرترین بەهای ماددی و مەعنەوی بە چۆنایەتییەكی بەرزەوە دەدرێن. هەروەها لە دۆخی تەنگاوی و فریاگوزاریدا بە زانستی بەڕێوەبردنی ڕیسک و قەیران، وردبینی بۆ نرخ و بەهای هەر بڕیارێک دەکرێت. (North, 1995)

بەپێچەوانەوە لە زۆر وڵاتی پەرەنەسەندوودا کە کێشەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییان زۆرە و لەناو سیستەمی حکوومەتیشدا هەماهەنگی و زانیاری کەمە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی دەرەنجامی دوورمەودا بڕیاردان کەمتر دەچێتە ناو پڕۆسەی بڕیارسازی. بەتایبەتی لە وڵاتانی نادیموکراتیکدا، کە دەوڵەت لە ڕاددەبەدەر دەست دێنێتە ناو کاروبارەکان و بڕیارەکان، بەپێی سەرچاوە ماددی و مەعنەوییەکان هەڵناسەنگێنرێن و بە گوێرەی گرنگایەتیش دەستەبەندی ناکرێن. هەروەها بڕیاردان بەهۆی پەلەپەلەوە ناپاڵێورێت و پتر لە هۆدەی هەست وەک فەرمانی باڵا دێتە دەرێ و زیاتریش لەسەر هەوای هیوا هەڵچنراوە. هەروەها بە دروشمی تەکنۆکراتیزمی زیاتر بە میتڕاژ (ڕووبەر)ێکی ئەندازیارانەی تاکڕەهەندی کار دەکرێت نەک بە دیدێکی بەربەرین، هەروەها خاڵی ناسک و هەستیار لەناو بڕیارە لەناکاوییەکان نادیترێت بۆیە دەرەنجامی پاڕادۆکس (پێكناكۆك/ لێكدژ) و کورتخایەنیان هەیە.

زۆر جاریش لە بڕیارداندا بەرژەوەندییەکانی تاکینە و سوودی ئۆلیگارشییەک و گرووپێکی تایبەت بە شێوەیەکی ناشەفاف لەبەرچاو دەگیرێت کە دەبێتە هۆی جیاکاری و سێکتاریانیزم (Sectarianism/تائیفەگەری) و سەرەنجام داهێنان پەکی دەکەوێت. کاتێک بڕیاردان تەنیا لەلایەن تاکێک، یا بەرپرسانی جێبەجێکار و بژاردەی سیاسییەوە (Instrumental elite) بە هەست بکرێت، لەوانەیە خاڵی شاراوە و ئاکامی تێدا نەبینرێت. بە ڕوانگەی دەروونناسییش، ئەو بڕیارە بەپەلە و خۆسەرانانە (تاكلایەنانە) لێکەوتەی نەرێنییان دەبێت. تەنانەت ئەگەر کەسانی جێبەجێکار هزرمەندیش بن، هەروەها، ئەگەر جگە لە زانستی سیاسەتی گشتی، زانستی لێکۆڵینەوەی جێبەجێکاری، ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە (Execution of research)، زانستی سەرەڕێ (المعرفة الضمنیة)، زانینی بەڕێوەبردنی زانستی سەرەڕێ(Tacit knowledge management)یشیان هەبێت، هێشتا لە ڕووی زانستییەوە ڕەنگە ئەوەندەیان کات بۆ بەڕۆژبوونەوە (Update)ی خۆیان نەبێت و ناچار بن زیاتر ببنە ڕۆشنبیری بیسەری (Auditory literacy). بۆیە ناتوانن هەموو ڕەهەندەکانی بڕیارێک ببینن. گرفتێکی دیکەی ئەو جۆرە وڵاتانە، پێنەگەیشتووییی فەرهەنگی (كەلتووری) و لاوازبوونی ئاستی بەشداریی گشتییە کە دەبێتە کۆسپ لە بەردەم سەرکەوتنی بڕیارێک.

نموونەی بڕیاری دیار و نادیار

کاتێک وڵاتێک بیەوێ لەسەر پایە و ژێرخانی پەرەسەندنی بەردەوام (Sustainable Development)، واتا پەرەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، بونیاد بنرێت بەپێی دۆخی سیاسی و ئەمنیی خۆی بڕیاران دەدات. بەو دیدەوە ئەگەر تەماشای ڕەوتی چوونەپێشی ئەو وڵاتانە بکەین کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی ئیستیعمار (Colonialism)دا بوون یان بێهێز و دۆڕاوی جەنگ بوون، دەبینین دوای هێوربوونەوەی هەرا، بڕیاری هەستانەوەیان بەهێواشی دا و سەریش کەوتن. بۆ وێنە وڵاتێکی ڕۆژاواییی وەک ئەڵمانیا، کە لە جەنگی جیهانیی دووەمدا شەق و شەپڕێو ببوو، بە بڕیارێکی نەرم بە یارمەتیی پلانی مارشاڵ (Marshal Plan 1948) هەستاوە سەرپێ و لە ئاکامدا چۆتە ناو جغزی ئەندامانی هەمیشەییی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەک (1+5)، یان (3+3) گرووپی سێیینەی وڵاتانی زلهێز و خاوەن بڕیار، بۆتە ئەندامێکی کارساز.

ئەڵمانیای دوای “بیسمارک” تا دەگاتە “ئەنجێڵا مێرکڵ” کە پلانی پێشکەوتنیان داڕشت، وێڕای ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆ و بەتوانا و خاوەن سەرمایەی زانستی و کۆمەڵایەتی بوون، هەر بەشێنەیی و بەنەرمی کەوتنە ڕێ و دەمیان لە دروشمێک نەدا کە نەیارانیان لێی بڕەونەوە. لە نموونەی ڕۆژهەڵاتیشدا وڵاتێکی وەک “چین” کە بەئاسانی دەبووە چل چین و چەندان پارچە، بڕیاری سەرکەوتنیان بەبێدەنگی دا و سەریش کەوتن. چین لە سەردەمی «چوئێن لای» کە پلانی ستراتیژیکی «دێنگ شیائوپینگ»ی گرتەبەر، بریتی بوو لە ڕۆیشتن بە چرای کوژاوە و پشتکردن لە ئایدۆلۆژیای چەقبەستوو. بەم جۆرە توانیان زەمینە بۆ پێشکەوتن لە سەدەی بیست و یەکدا هەموار بکەن. ئەوان بەخشۆکەیی ڕوویان لە خۆراکە ئایدیۆلۆژییەکەی مائۆئیزم وەرگێڕا. ئەگەرچی لەناوخۆی وڵاتدا چەوراییی ئابووریی سۆسیالیستییان پێوە بوو، بەڵام ڕێگەی ئابووریی تێکەڵیان گرتە بەر، بەتایبەتی لە بەشی ئابووریی نێودەوڵەتیدا بەرەو سیاسەتی دەرکەی کراوە و ئابووریی بازاڕ ڕۆیشتن. چین بۆ دانانی سیاسەتی ئابووریی نێودەوڵەتی لەگەڵ ڕووسیا کەوتە سەودا و بەو کایە ئەسبە موستانگەکەی ئەمریکای کەوی کرد و ژاپۆنیشی لە پەنا خۆی خەواند و بەبێ تەقەی ناڵ و بزماران ڕێگە هەورازەکەی، بێ هەناسەبڕکە بڕی. لەو وڵاتە جیاوازانەدا گرنگ نەبوو کە چ سیستەمێک حوکمڕانی دەکات بەڵکوو ژیان و ئابووریی کۆمەڵگە بەهەند دانرا.

بڕیاردان لە هەرێمی کوردستان

بە پێوەری ئەم وانە و ئەزموونانەوە بڕیارە سیاسی و سیاسەتییەکان لە هەرێمی کوردستاندا بە مەبەستی بەڕێوەبردنی پەسەند و حوکمڕانیی باش (Good Governance) و پەرەسەندن، پڕۆسەی بڕیارسازیی سیستەماتیکیان نەبڕیوە. هەروەها لەبەر هۆکاری ستراکچەری، زانستی و سیاسی زۆربەی بڕیارە هەستیارەکان، دوای تێچوویەکی زۆری ماددی، کات و وزەی مرۆیی، لە ئاستی چاوەڕوانیدا نین. جگە لە لاوازبوونی زانستی سیاسەت و بەڕێوەبردن و لاوازبوونی ئاستی بەشداری و کزبوونی سەرمایەی مرۆیی، سەرمایەی زانستی و فەرهەنگی، لاوازبوونی دیموکراسی و ڕەفتاری ناپێگەیشتوو، هۆی سەرەکیی نەبوونی پڕۆسەی بڕیارسازیی سیستەماتیکە. هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە بڕیارەکان زیاتر لە کۆپیکردنی مۆدێلی شوێنی دیکە دەچن، بەبێ ئەوەی پڕۆسەی بڕیارسازی و خۆماڵیكردن تاوتوێ بکرێت.

لە نموونەیەکدا، بەو پێیەی پێشخستن و سەرکەوتنی کوردستان ئامانجێکی ستراتیژیکە، پێویستە بە گوێرەی هەلومەرجی ئاسایشی ناوچەیی بە پلانێکی تاکتیکی ڕەفتار بکرێت و بە خوێندنەوەیەکی سیاسییانە لەناو بازنەی بیرکردنەوەیەکی ئایدیالیستی بچێتە ناو مەیدانی خوێندنەوەیەکی ڕیالیستی. واتا، ئەگەر هەرێمێک سەربەخۆییی سیاسی یان ئابوورییەکی دڵنیای نەبێت، کە جیۆپۆلۆتیکیش وەک خاڵی بەهێز دەخاتە بن خۆی، دەبێ بە شێوازێکی سنووردار زمانی بۆ ئامانجە ستراتیژییەکانی بگەڕێت. بۆ نموونە گرنگە لە جیاتی دروشمی ورووژێنەر، زیاتر لە چەمکی پەرەسەندنی ناوچەیی بدوێت و پەرەسەندنیش بە ژیانی ئەگەریی باشتر (Better life is possible) پێناسە بکات.

تەنانەت لە هەڵبژاردنی وشە و دەستەواژەکانیشدا دەبێ بەپێی زەمان و ناسینی دۆخی جیۆستراتیژیکی ناوچەکە زمان بگەڕێ. هەروەها نابێ وشەی ئایدیالیستی تەنیا بۆ قوتاربوون لە قووڵکە و قەیرانە کاتییەکان بەکار بێن و مەیدان بۆ پۆپۆلیزم ساز بکرێت. بۆ ئەوەی ئامانجێک بپێکین، نابێ بانگی بڵیندی ئاڤانگاڕدبوون ڕابێڵین، بەڵکوو وا باشترە کارەکە بەبێدەنگی بکرێت و سەرەتا بەستێنی سەرکەوتنی کۆمەڵگە و حکوومەت هەموار بکرێت بۆ ئەوەی نەیارەکانی لە دژی نەوەستنەوە. ڕاستییەکەی، هەرێمی کوردستان پۆتانسێیلی بەجێگەیاندنی هەموو دروشمێکی نییە و بناوانی ئامانجەکانی بەدڵنیایی هەڵنەچنیوە تاکوو بەبێ نیگەرانی ڕای بگەیەنێت. تەنانەت لەناوخۆیشدا ئەگەر لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئاسۆی ئەو ئامانجانە لە سوێ وەدەر نەکەوتن و پایەکانی بۆ دانەنران، بێمتمانەیی دروست دەبێت و ئاستی بەشداری و ڕەوایەتی دادەکشێت.

جاڕدانی هەر ئامانجێک پێویستی بە هەندێک پایە و بناغەی پتەو هەیە کە ڕەنگە ئێستا بە شێوەیەکی دیفاکتۆ نەبن. ئەگەر کوردستان کەم و زۆر بە شێوەی ئایدیالیستانە (نموونەیی) هێزێکی جیۆپۆلیتیکیشی هەبێت، هێشتا نەیتوانیوە ئەو دۆخە جیۆپۆلیتیکییە بە ئابوورییەکی دڵنیا بپارێزێت. چونکە کێشەی جددیی سەرچاوەکانی گەیشتن بە ئامانجی هەیە؛ کەواتە سوار هەرچەندە سوارزینی چاکیش بێت، ناتوانێت ئەسپێکی نەخۆش تاو بدات. هەرێم هێشتا لە گاگۆڵەدایە؛ مادەم دان بە پێنەگرتووییی خۆی دەنێت، پێویستە بە پاوپێی زراسکەیەک  پێ بە پێ و بێ پەلە بە چاوی کراوە پێ هەڵگرێت. واتا، تاکوو سەرچاوەکان بەردەست نەکرێن و هەتا کورد دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆی نەگەیەنێتە ئاستێکی مسۆگەر، نابێ دروشمی ورووژێنەر بەرز بکاتەوە و جمینێکی ترسناک بکات، نەوەک نەیاران ئاژێری مەترسییان وەگوێ ڕابگا و لێی وەخۆ کەون.

بەو چاوەی کە بڕیاردان بە ناوکەی بەڕێوەبردن دادەنرێت (Simon, 1997) و گرنگترین کاری بەڕێوەبەرانیشە (Pearce & Robinson, 1989)، لەم دۆخەی ئێستادا پێویستە هەر بڕیارێک لە چوارچێوەی تیۆرییەکانی دیپلۆماسی و ڕەفتاری سیاسی، کە لەم سەردەمەدا ئاڵۆزتر و ڕێسامەندترن، شی بکرێنەوە. گرنگە بۆ هەر بڕیارێک پەیوەندیی نێودەوڵەتی، نێونەتەوەیی و هەرێمی لەبەرچاو بگیرێت و بە دیدێکی ڕیالیستانە بە ناسینی پانییەی ئاشێل (Achilles heel/ خاڵی لاواز) پێ لە مەیدانی مینی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دابنرێت. بە واتایەکی ڕوونتر، هەڵگرتنی هەر دروشم و داڕشتنی هەر سیاسەتێک، پێویستیی بە ئاشکراکردن، ڕاگەیاندن و قیتکردنەوەی داوەڵ و ترسێنە نییە. بە گوێرەی ناسینی ناخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان “ماڵی لە شووشەیە”، پێویستە ئەوە بزانین کە هێنانە سەر سەکۆی واژەی مەترسیدار لە پێش چاوی وڵاتانی دژبەر لە داهاتوودا مەترسیی شکان و پەراوێزخستن و دابڕاندنی ئابووری و قەرەنتینەی سیاسیی پێوەیە؛ چونکە ئەو وڵاتانە کارتی کایەی بەهێزتریان بۆ مامەڵە و كەینوبەینی نێودەوڵەتی لەدەستدایە، بە جۆرێک کە جیۆپۆلیتیکیش دەگۆڕن.

بەتایبەتی لە کاتێکدا کە کوردستان کێشەی مێژوویی و خاکی لەگەڵ وڵاتان هەیە، ئەگەر هەر پلان و سیاسەتێکی ستراتیژیکی هەبێت، پێویستە لە جیاتی هەڵگرتنی دروشم و زەندەقبردنی نەیاران، سەرەتا زەویی بۆ هەموار و بناغەی بۆ پتەو بکات. گرنگە ئەوە ڕەچاو بکرێت کە وڵاتانی ئایدیۆڵۆگ و دۆگمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جگە لە دێوەزمەی لەتبوون و ترسی جیابوونەوەی کورد، دژی ئەو وڵاتانە دەوەستنەوە کە بەرەو دیموکراسی و دونیای مۆدێڕن دەڕۆن و لەوە هەراسانن کە وڵاتێک، بەتایبەتی یەکەیەکی بچووک، بانگی گەورە ڕابێڵێ؛ چونکە لە کاریگەریی پەپوولەیی (Butterfly Effect)ی ئەو نیگەرانن.

دەرەنجام

بە دیدێکی بەراوردکاری، لە وەڵامی پرسیاری سەرەکیدا دەردەکەوێت کە هۆکاری کەوتنی بڕیارە ستراتیژیکەکان لە وڵاتانی پەرەنەگرتوودا لاوازبوونی پڕۆسەی بڕیارسازییە. هەرێمی کوردستانیش لاوازەیەکی ناو ئەم بازنەیە؛ بۆیە جێی خۆیەتی بۆ بڕیاردان، پڕۆسەی بڕیارسازیی سیستەماتیک بپێوێت بۆ ئەوەی بڕیارەکانی لێکەوتی درێژمەودایان بە ئامانجی پەرەسەندن هەبێت.

لەو پێناوەدا، گرنگە دامەزراوەی تایبەت بە بڕیارسازی، ئەنجومەنی زانستە سیاسییەکان و بیرگەی تری زانستی دابنرێن و لە جیاتی ڕاوێژ بە ڕۆشنبیر، میدیاکار و خاوەن بڕوانامەکان ڕاوێژ بە ژیران و بیرمەندانی ئەکادیمیی ڕاستەقینە و ڕەسەن، لە دەرەوە و ناوەوە بکرێت و ڕێگە نەدرێت وتەوانەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیک بێنە ناو پڕۆسەی بڕیارسازی، سیاسەت و بەڕێوەبردن. گرنگە پەیوەندیی نێوان بژاردەی هزری و بژاردەی جێبەجێکار توندوبەند بکرێت بۆ ئەوەی بژاردە ڕاستەقینەکان بتوانن لە دەرگە گاڵەکانی دانەرانی سیاسەت بدەن تاکوو جێبەجێکاران ڕوونتر، بەرپرسانەتر و وەڵامگۆیانەتر بڕواننە بڕیارەکانیان. بەم جۆرە، بە کەمکردنەوەی مەودای نێوان بژاردەی هزری و بژاردە سیاسییەکان (Intellectual and instrumental elites) پەرچ و پەرژین لا دەچن و پردێک بۆ پەرەسەندن دروست دەبێت. هەروەها گرنگە ڕەهەندی فەرهەنگیی کۆمەڵگە ببینرێت و بە میکانیزمی سەرمایەی کۆمەڵایەتی، مەودای نێوان کۆمەڵگە و حکوومەت کەم بکرێتەوە.

گرنگە بەپێی ناسینی دۆخی جوگرافی، سیاسی و ئابووری لە ناوچەکە و ناوخۆی وڵاتدا سیاسەتڕێژیی بکرێت و بە چاوێکی پاتۆلۆژییانە (زیانناسانە) لە ئاسۆ بڕوانرێت. بۆ ئەوەی ئامانجێکی مەزن نەبێتە قوربانیی شتی لاوەکی و بۆ دانانی پلانی ستراتیژیکی هەستیار لەناو میشەڵانی تاریکدا، وا باشترە دەستەواژەی ناورووژێنەر هەڵبژێرن و چراکان بکوژێننەوە و بەبێ دەنگی بکەونە ڕێ تاکوو لە مەبەستگەدا تاوی لێ هەڵێ. تەنانەت لە سەرکەوتنیشدا وشە و دەستەواژەیەکی بیانوودەر زیانبەخشن. گرنگە بەبێ پەلە و بەهێواشی، بێ ئەوەی کەشی سیاسیی ناوچەکە بشڵەقێنێت، لەژێر قەڵغانی دیسکۆڕسێکی پارێزراو و دکتۆرینێکدا بەر پێی خۆی پێوار و پێگەی خۆی پتەو بکات تاکوو پێ دەگرێت و لە هێزێکی پەنگراو و شاراوە (Potential) ببێتە هێزێکی دیفاکتۆی ڕاستەقینە (Actual). واتا، لە ئاستێکی گەورەدا، لەسەر بنەمای ناسینی ناوچەکە و دۆخی ناسەقامگرتووی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، وەک پلانی ئۆپەراسیۆنی باربارۆسا (Operation Barbarossa)، لە مەیدانی شەترەنجی ئاڵۆز و پڕئۆینی ناوچەکە و جیهاندا سەیری بڕیارە چارەنووسسازەکان بکرێت.

سەرچاوەکان:

Adair, John (2017), Decision making and problem solving: Breakthroughs in research and practice. Routledge.

Engel, C., & Weber, E. U. (2007), “The impact of institutions on the decision how to decide”, Journal of Institutional Economics, 3(3), 323-349.

Keeney, R. L. (1992). Value-Focused Thinking: A Path to Creative Decision Making. Harvard University Press.

Kordnejad, H. (2024). Note Day, “Desires and wishes on one hand, and abilities on the other”. Institute for Research and Development (IRDK) (kurdish)

Mark, S. (1997), Delaying decisions Stifles: Industrial Management Decision-making Progress. Pacific Business News, 23, 37-39.

North, D. W. (1995). “Limitations, Definitions, Principles and Methods of Risk Analysis.” OIE Review of Science and Technology. Epiz, Vol.14, No. 4.

Pan, J. Teklu, Y., Rahman, S. and Castro, A. D. (2000). “An Interval-based MADM Approach to the Identification of Candidate Alternatives in Strategic Resource Planning.” IEEE Transactions on Power Systems, Vol.15, No. 4, PP. 1441-1446

Pearce, J.A.II. & Robinson, R.B. Jr. (1989). Management. N.Y: Random House inc.

Schwenk, C. R. (1995). Strategic decision making. Journal of Management. 21, 471-493.

Simon, Herbert A. (1997) Administrative Behavior: A Study of Decision-Making Processes in Administrative Organizations. 3rd ed. New York, Free Press.

image_pdfimage_print