وەرگێڕان: پێنووس
کۆتاییی ڕژێمی بەشار ئەسەد کە هەڵهاتنی بۆ ڕووسیا لە ٨-١٢-٢٠٢٤، بوو بە هێمای ڕووخانی ڕێژێمەکەی، گفتوگۆی بەرفراوانی سەبارەت بە دەرەنجامە سیاسی و جیۆپۆلیتیکییەکانی ئەم ڕووداوە هێناوەتە ئاراوە، وەک دابەزینی متمانە و نفووزی کۆماری ئیسلامی لە ئێران لە ناوچەکەدا. بەڵام لێکەوتە ئابوورییەکانی ئەم کەوتنە بۆ حکوومەتی ئێران، کەمتر نەبوون لە دەرەنجامە سیاسییەکانی. بۆ ئەوەی لە دەرەنجامە ئابوورییە جیاوازەکانی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا تێ بگەین، ئاماژە بە دوو خاڵی سەرەکی دەکەین:
یەکەم: وەبەرهێنانە چەند ملیارد دۆلارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریا لەسەر بنەمای هەڵوێستی “دژەزایۆنیستی و دژەڕۆژاوایی” و بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوو و، هیچ پەیوەندییەکی بە قازانجی ئابوورییەوە نەبوو. بە واتایەکی تر حکوومەتی ئێران، سەرچاوە نەتەوەیییەکانی وڵاتەکەی کە لە سەردەمی سەختی بارودۆخی ئابووریدا بەهای زیاتری هەیە، بۆ پشتیوانی لە تەماحە ئایدیۆلۆژییەکان بەكار هێنا و ئێرانییەکانی لە توانای ئابووریی خۆیان بێبەش کرد.
دووەم: لەگەڵ ڕووخانی ئەسەد هەموو ئەو وەبەرهێنانانە لەدەست چوون. ئەو بنکە سەربازی و پڕۆژەکانی وزە و ژێرخانی ئایینی و تۆڕە بازرگانییانەی کە بە سەرچاوەکانی نفووزی ئێران دروست کرابوون، کەوتنە دەستی ئەو کەسانەی کە لە ڕووی ئایینی و سیاسییەوە هاوبەشی کۆماری ئیسلامی نین و، پێ دەچێت لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا لە ململانێدا بن. ئەم خەسارە، دۆخی ئابووریی ئێرانییەکان، کە پێشتر بەدەست قەیرانی دابەزینی هێزی کڕینەوە دەیانناڵاند، سەختتر دەکات. تەنانەت سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی باس لەوە دەکەن کە ئابووریی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە ڕێژەی ٣.٥% بچووک بووەوە و هەڵاوسانیش بە ڕێژەی ٥٠% زیادی کردووە.
ئەم نووسینە باس لە لایەنی ئابووریی شکستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریا دەکات کە کەمتر باسی لێوە دەکرێت.
ژێرخانی سەربازیی کۆماری ئیسلامی، لە دەستی هێزە ئیسلامییە ڕکابەرەکاندایە
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا و دامەزراوەی توێژینەوەی ئاشتیی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم (SIPRI) بەپێی ڕاپۆرتێکیان ئەوە دەخەنە ڕوو کە لە سەرەتای جەنگی ناوخۆی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ تا ٢٠٢٣ کۆماری ئیسلامی لە نێوان ٣٠ بۆ ٣٥ ملیار دۆلاری بۆ ژێرخانی سەربازی و لۆجستی، مەشق و ڕاهێنانی هێزەکان و جێگیرکردنی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی لە سووریا خەرج کردووە.
نموونەی ئەوەیش بنکەی دێرەزوورە کە لە ساڵی ٢٠١٣ بە تێچووی نزیکەی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ هەڵگرتنی مووشەک و نیشتەجێکردنی 1500 سەرباز و ڕاوێژکاری ئێرانی دروست کراوە. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٥ سەنتەری لۆجستیکی لازقییەی دامەزراندووە، بە تێچووی ١٨٠ ملیۆن دۆلار بۆ کۆگە و تونێلی ژێرزەوی و گواستنەوەی چەکی سەربازی.
هەروەها بنکەی ئاسمانیی T-4 نموونەیەکی دیکەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 2017 دامەزراوەیەکی بۆ جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسیا و ئێران و بینای ژێرزەمینیی بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەک لە نزیک پالمیرا لە پارێزگای حومس بە تێچووی 400 ملیۆن دۆلار دامەزراند.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی ( (CSIS و ئینستیتیۆتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕاپۆرتێکیان لەسەر کۆماری ئیسلامی باس لەوە دەکەن کە ئێران حەوت بنکەی ئاسمانی و 15 کۆگەی مووشەک و 22 ناوەندی فەرماندەیی و 85 کیلۆمەتر تونێلی ژێرزەمینیی لە سووریا دروست کردووە. بەڵام ئەم ژێرخان و بنکە سەربازییانە، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا، جێ هێڵدران یان کەوتنە دەستی حاکمە نوێیەکان کە ڕوانگەی سیاسی و بەتایبەتی ئایینیی سوننەیان جیاوازە لە ڕژێمی شیعەی ڕژێمی ئێران و، لە ڕاستیدا دوژمنی یەکترین. تێچووی لەدەستدانی ئەو پارانە بارگرانییەکی قورسە لەسەر ئابووریی ئێران، کە ناتوانێت زۆرێک لە پێداویستییەکانی هاووڵاتیانی دابین بکات.
دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی نەرمی مەزارگە ئایینییەکان
بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی ئوراسیا، لە نێوان ساڵانی 2012 تا 2022، کۆماری ئیسلامی نزیکەی دوو ملیار دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنی شوێنە ئایینییەکانی شیعە لە سووریا خەرج کردووە. ئەمەیش بەشێکە لە ستراتیژیی ئێران کە ئامانج لێی فراوانکردنی هێزی نەرم و دروستکردنی کاریگەریی ئایدیۆلۆژیی شیعەگەرییە لە ناوچەکەدا کە مەزارەکان هێمای ئەم هێزە نەرمەن. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت بارەگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و کۆمیتەی فریاگوزاریی ئیمام لە ئاوەدانکردنەوەی مەزارگەی “سەیدە زەینەب” و “سەیدە ڕوقەیە” لە دیمەشق، چالاکانە لە دروستکردنی میوانخانە و پەرەپێدانی گەشتیاریی ئایینی، بەشدارییان کرد.
بە بڕوای شیعەکان، “زەینەب”، خوشکی ئیمامی سێهەمیان، لە ڕووداوی کەربەلادا ئامادە بووە و “ڕوقەیە”، کچی ئەم ئیمامە، لە ڕووداوی کەربەلادا تەمەنی تەنیا سێ بۆ چوار ساڵ بووە، پاشان بەدیل گیراوە و لە دیمەشق کۆچی دواییی کردووە.
لەسەر دەستپێشخەری و حیسابی کۆماری ئیسلامی، هۆتێلی زەینەب پاڵاس لە ساڵی ٢٠١٦ لە تەنیشت مەزارگەی سەیدە زەینەب کرایەوە. ئینستیتیۆتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕای گەیاندووە، تێچووی دروستکردنی ئەم هۆتێلە کە ١٥٠ ژوور و شوێنی نوێژ و خزمەتگوزارۆی خواردنی تێدایە، نزیکەی ٣٥ ملیۆن دۆلارە. کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەی چەند ساڵێک داهاتی لە گەشتوگوزاری حاجیانی ئەو دوو مەزارگەیەوە دەست دەکەوت و، هەروەها پەرەی بە ئایدیۆلۆژیای شیعەگەراییی خۆی داوە. بەڵام لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، وەبەرهێنانەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری گەشتیاریی ئایینی لە سووریا کەوتە مەترسییەوە. دەسەڵاتی سیاسیی نوێ لە سووریا سوننەیە و ئەگەر دوژمن نەبێت، ئەوە لەگەڵ سیمبولەکانی شیعەدا یەک ناگرێتەوە؛ هەر بۆیە ئەگەر مەزارگە شیعەکان داش نەخات، پارەیان بۆ خەرج ناکات. بەم شێوەیه کۆماری ئیسلامی نەک تەنیا سەرچاوەیەکی داهاتی لەدەست دا، بەڵکوو لەم تەنیایییەی خۆیدا، ئامرازی هێزی نەرمی خۆی لەدەست دا.
وازهێنان لە پڕۆژەکانی ژێرخانی کۆماری ئیسلامی لە سووریا
لە ڕابردوودا کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و نووسینگەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ملیاران دۆلاریان لە کەرتە سەرەکییەکانی سووریا وەکوو وزە و ئاوەدانکردنەوەی شارەکان وەبەرهێنان کردووە و نفووزی ئابووری و سیاسیی خۆیان فراوانتر کرد. دامەزراوەی نیشتەجێکردنی شۆڕشی ئیسلامی کە لە ساڵی ١٩٧٩ بە سەرپەرشتیی ئایەتوڵڵا ڕۆحوڵڵا خومەینی بە ئامانجی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو بۆ هاووڵاتیانی ئێران دامەزرا و تا ئێستایش لەژێر چاودێریی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدایە، وەبەرهێنانێکی زۆری لە ئاوەدانکردنەوەی شاری حەلەب لە سووریا کردووە. جێگەی ئاماژەیە کە هێزی ئاسمانیی سووریا بە پاڵپشتیی هێزەکانی ڕووسیا لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2016 بە شێوەیەکی بەرفراوان شارەکەیان بۆردوومان و وێران کرد بۆ ئەوەی لە دەستی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەری بهێنن. بانکی ناوەندیی سووریا لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠٢١ دامەزراوەی نیشتەجێبوونی شۆڕشی ئیسلامی تا یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی گەڕەکە نیشتەجێبووەکانی شاری حەلەب خەرج کردووە.
لە پرۆژەیەکی دیکەدا دامەزراوەی بیناسازیی خاتەمولئەنبیا، کە گەورەترین کۆمپانیای ئەندازیاریی شارستانیی سوپای پاسدارانە، بەشداریی کردووە لە ئاوەدانکردنەوەی چەندان ڕێگەی ستراتیژی وەک ڕێگەی سەرەکیی حومس- دیمەشق بە تێچووی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار. هەروەها کۆمپانیایەکی دیکەی سەر بە سوپای پاسداران، کۆمپانیای پیشەسازیی دەریاییی سەدرای ئێران (شرکت صنعتی دریایی صدرا)، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٠ زیاتر لە یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی بەندەری تەرتووس وەبەرهێنان کردووە.
وەبەرهێنانێکی دیکەی ئێران لە گەورە پڕۆژەی ڕێڕەوی گازی ئێران – عێراق- سووریا بوو کە لە ساڵی ٢٠١٣ بە تێچووی مەزەندەکراوی هەشت ملیار دۆلار بۆ گەیاندنی سەرچاوەی وزەی ئێران بۆ دەریای ناوەڕاست دەستی پێ کرد، بەڵام بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم پرۆژەیە لە ساڵی ٢٠٢٢ وەستێنرا.
ڕاستییەكەی، مەبەست لەم وەبەرهێنانانە تەنیا بیناسازی نەبووە، بەڵکوو پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا و فراوانکردنی نفووزی کۆماری ئیسلامی بوو لەم ناوچە سەرەکییەدا. بەڵام دوا بە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و ئەگەری نزیکبوونەوەی دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا لە وڵاتانی ڕکابەری کۆماری ئیسلامی، بەردەوامیی ئەم وەبەرهێنانانە کەوتۆتە مەترسییەوە. بەپێی ڕاپۆرتی “ئابووریی سووریا 2024″، هێزە تازەپێگەیشتووەکانی سووریا بە دوای گفتوگۆ و ڕاوێژن لەگەڵ کۆمەڵە پیشەسازییەکانی تورکیا و سعوودیا بۆ بەڕێوەبردنی بەندەری تەرتووس.
لەدەستدانی بازاڕی ستراتژیی کۆماری ئیسلامی لە سووریا
بەپێی ئاماری ئیدارەی ئاماری بازرگانیی تاران، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و سووریا لە ساڵی ٢٠١٠دا گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژووییی خۆی کە ٤٧٥ ملیۆن دۆلار بووە. سووریا بازاڕێکی گرنگ بوو بۆ کاڵای ئێرانی وەک قوماش و کەرەستەی کارەبایی و بەرهەمە خۆراکییەکان، بەتایبەتی کە ڕێگەی بە کاڵا ئێرانییەکان دەدا سزا نێودەوڵەتییەکان بشکێنن و بچنە ناو بازاڕەکانی دیکەی ناوچەکە. کۆمپانیا سوورییەکان وەک نێوەندگیر، بەرهەمە ئێرانییەکانیان بۆ لوبنان یان تەنانەت وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات هەناردە دەکرد. ئەم جووڵە ئاڵۆز بوو، بەڵام داهاتی بۆ کۆماری ئیسلامی دەستەبەر دەکرد.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئابووری و بازرگانیی تاران لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات کە لە ساڵی 2012 نزیکەی 15%ی هەناردەی بەرهەمهێنراوی ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سووریاوە ترانزێت کراوە. بەڵام ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا، ئەگەری گواستنەوەی کاڵا و دەربازبوون لە گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێ دێنێت. ماڵپەڕی “چاودێریی ئابووریی سووریا” پێشبینی دەکات کە ڕێککەوتنە بازرگانییەکانی نێوان تاران و دیمەشق بە زیانی کۆمپانیا ئێرانییەکان لەدەست بدرێن یان پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت. وەزارەتی ئاماری بازرگانیی تاران مەزەندە دەکات کە زیانی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە گۆڕانکارییە بازرگانییەکانی ڕژێمی نوێی سووریا دەگاتە ٣٠٠ میلیۆن دۆلار.
ڕێکخراوی پیشەسازی و کانگەکانی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە کەرتی قوماشی ئەو وڵاتە، بە لەدەستدانی بازاڕی سووریا، ناچار دەبێت لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا لانی کەم ١٢% بەرهەمی خۆی کەم بکاتەوە.
داخستنی بازاڕی سووریا تەنیا لەدەستدانی بازاڕێک نییە بۆ هەناردەکردن، بەڵکوو زنجیرەی دابینکردنی کاڵای پێویستی ئابووریی ئێران تێک دەدات. ماڵپەڕی “چاودێریی بازرگانیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” پێشبینی دەکات کە بەڕێوەبردنی بەندەری لازقییە، کە بەندەری ترانزێتی کاڵا ئێرانییەکان بووە، بە کۆمپانیا تورکی یان سعوودییەکان بسپێردرێت. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، توانای کۆماری ئیسلامی بۆ دەربازبوون لە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەچاو پێشوو زۆر کەمتر دەبێت. دەرەنجامەکەیشی ئەوەیە کە دەستی کۆماری ئیسلامی لە بازرگانیدا زیاتر سنووردار دەبێت و ناچار دەبێت زیاتر پشت بە هاوبەشە بازرگانییەکانی وەک چین ببەستێت و مل بە مەرجەکانیان بدات.
گوشاری كەمەرشکێن بۆ سەر سیستەمی بانکیی کۆماری ئیسلامی
بانکی ناوەندیی ئێران لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت کە بانکەکان و دامەزراوە دارایییەکانی کۆماری ئیسلامی بە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار قەرزی کەڵەکەبوو، ڕۆڵی سەرەكییان لە دابینکردنی داراییی پڕۆژەکان لە سووریا بینیوە، بۆ نموونە:
“بانک سپە” کە لە ساڵی ١٩٢٥ دامەزراوە، دامەزراوەی داراییی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە و ئەمڕۆ لەژێر کاریگەریی سوپای پاسداراندایە. ئەم بانکە تا بڕی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار پارەدارکردنی پڕۆژەکانی وزەی لە سووریادا گرتە ئەستۆ.
بانکی نیشتمانی (بانک ملی) کە لە ساڵی ١٩٢٨ دامەزراوە و گەورەترین بانکی بازرگانیی ئێران بووە، بڕی ٨٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەکانی کشتوکاڵی و پیشەسازی لە سووریا تەرخان کردووە.
بانکی هەناردەکردن (بانک صادرات) لە ساڵی ١٩٥٢ دامەزراوە و بانکێکی سەر بە دەوڵەتە و بە شێوەیەکی بەرفراوان پارەی پڕۆژەکانی دەرەوەی وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە سووریا دابین کردووە.
لە کۆتاییدا بانکی هاوبەشی سووریا و ئێران کە لە ساڵی ٢٠١٠ بۆ ئاسانکاریی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات دامەزرا، کریدتێکی گەورەی بە پڕۆژەکانی سووریا داوە. لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، چۆنێتیی گەڕانەوەی ئەو قەرزانە چیتر ڕوون نییە. قەرزوەرگرە سەرەکییەکان وەک وەزارەتی وزە و وەزارەتی گواستنەوە و دەزگەی کارەبای گشتی لە حکوومەتێکدا بوون کە ئێستا نەماوە. بانکی ناوەندیی ئێران زیانەکانی بەهۆی نەدانەوەی ئەو قەرزانە بە سێ لەسەدی بەرهەمی ناوخۆییی ئێران (GDP) دەخەمڵێنێت.
دەرەنجام: داهاتوویەکی ناڕوون بۆ ئابوورییەکی داڕماو
هەرەسهێنانی ڕژێمی بنەماڵەی ئەسەد نەک هەر تاکە هاوپەیمانی جیۆستراتیژیی لە کۆماری ئیسلامی وەرگرت، بەڵکوو خەسارێکی گەورەی ئابووریی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاند و ئەگەری دەستکەوتی داهاتی لە سەردەمی سزاکان نەهێشت. لە لایەکی دیکەیشەوە، کۆماری ئیسلامی نەک هەر پێگەی ستراتژییەکەی خۆی وەک شیعە لە ناوچەکەدا لەدەست دا، بەڵکوو بەو زیانە ئابوورییەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، ناتوانێت جارێکی دیکە “میحوەری موقاوەمە” (کۆماری ئیسلامی – سووریا – حزبوڵڵای لوبنان) بنیات بنێتەوە.
تاکە دەرفەتێک کە بۆ ئێران و سووریا و هەر وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە ماوەتەوە، گواستنەوەیە بۆ ئابوورییەکی بازاڕتەوەر و لەم چوارچێوەیەدا پاراستنی خاوەندارێتیی تایبەت، داهێنان، ئازادیی کار و بازرگانیی ئازاد لەگەڵ جیهاندا. وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن بە دروستکردنی بازاڕێکی هاوبەش ئالنگارییەکانی خۆیان بکەنە دەرفەت و، پەرەپێدان و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانیی بەردەوامی هاووڵاتیان فراوان بکەن. تەنیا ئابوورییەک لەسەر بنەمای بازاڕی ئازاد دەتوانێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاوەدان بکاتەوە و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان بێنێتە دی.
سەرچاوە: