ئامادەکردن و وەرگێڕانی: پێنووس
نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی و ئیدارەی ترەمپ تا ئێستا پێنج خولی وتووێژیان لە مەسقەت و ڕۆما ئەنجام داوە و، هیچ ئەنجامێکی بەرجەستەیان نەبووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دانوستانەکان لە ئێستادا لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم لە چەقبەستووییدان. تاران پێداگری لەسەر بەردەوامیی پیتاندن لەسەر خاکی ئێران دەکات، لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ پێداگری لەسەر ڕاوەستانی پیتاندن دەکات. لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە، ڕای گەیاندووە، ڕەنگە ئێران ڕازی بێت بە ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە بەرامبەر ئازادکردنی سەروەت و سامانە دەستبەسەرداگیراوەکانی و، داننان بە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتییانە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر ئەمریکا مەرجەکانی تاران قبووڵ بکات، دەکرێت بەم زووانە “لێکتێگەیشتنێکی سیاسی” لەگەڵ واشنتۆن واژۆ بگات. یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوەیش کرد، ئەو پرسە “هێشتا لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکادا نەخراوەتە ڕوو.” هەروەها ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمریکا نووسیویەتی، کە هێشتا پێشنیارێکی لەو شێوەیە نەکراوە.
بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئەم ڕاپۆرتەی ڕەت کردەوه. ئیسماعیل بەقایی، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی پیتاندنی یۆرانیۆم، وتی: بانگەشە نوێیەکەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە هەمان جۆری هەواڵەکانە کە پێشتر چەندان جار ڕەت کراوەتەوە و سەلمێنراوە کە درۆیە. ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوه، لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنە سیاسییەدا کۆماری ئیسلامی پیتاندنی بۆ ماوەی ساڵێک ڕادەگرێت و، بەشێک لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی دەنێرێتە دەرەوە یان دەیگۆڕێت بۆ سووتەمەنی بۆ بەکارهێنانی ئاشتییانە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەیانەوێت ترامپ بەئاشکرا مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم وەک ئەندامی پەیمانی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) بەفەرمی بناسێت و ڕەزامەندی لەسەر ئازادکردنی داهاتی نەوتی بلۆککراو- لەوانەیش شەش ملیار دۆلارەکەی لە قەتەر- پەسەند بکات.
بەڵام ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل دەنووسێت: هەر ڕێککەوتنێکی کاتی کە ڕێگە بە ئێران بدات بۆ چەند مانگێک یان ساڵانێک دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بپارێزێت، گوماناوییە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل- لەوانە سەرۆکی ڕێکخراوی مۆساد- دوو جار لەگەڵ ستیڤ ڤیتکۆف، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەرپرسی دانوستانە ئەتۆمییەکانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، کۆ بوونەتەوە.
لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمریکا نیگەرانە لە ئەگەری هێرشی ناهەماهەنگی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، دەستەی سەرنووسەرانی ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”، بنیامین نهتانیاهۆی بە لیڤەری دۆناڵد ترەمپ بۆ گوشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامی وەسف کردووە و نووسیویەتی هەڕەشەی هێرشی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی مەعقووڵ، پێویستە. هەروەها لە یاداشتەکەدا هاتووە، تا کۆماری ئیسلامی لە پیتاندنی یۆرانیۆم نەوەستێت، هەڕەشەی هێرشی ئیسرائیل هەر دەمێنێتەوە و تاران دەبێت ماڵاوایی لە پیتاندنی یۆرانیۆم بکات.
ڕۆژی ٢٨-٥-٢٠٢٥ لە وەڵامی پرسیارێکدا کە “ئایا ڕاستە کە ترەمپ هۆشداریی داوەتە ئیسرائیل کە خۆی لەو کارانە بپارێزێت کە دەتوانێت دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران لە ڕێڕەو دەربهێنێت؟” سەرۆکی ئەمریکا وتی: باشە با ڕاستگۆ بم؛ بەڵێ ئەوەم کرد. پاشان ترەمپ خێرا ڕوونی کردەوە کە ئەمە هۆشدارییەکی ڕاستەقینە نەبوو. ترەمپ وتی بە بنیامین نهتانیاهۆی وتووە، “پێم وا نییە لە ئێستادا کارێکی گونجاو بێت کە هێرش بکرێتە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران” چونکە ئەمریکا و ئێران لە ڕێککەوتنێک نزیک بوونەتەوە. ترەمپ ئاماژەی بەوەیش کردووە، بێ گومان ئەوە دەتوانێت لە هەر ساتێکدا بگۆڕێت، بەڵام لە ئێستادا پێم وایە ئێرانییەکان دەیانەوێت ڕێککەوتنێک بکەن.
دهستهی سەرنووسەری وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەنووسێت: هەرچەندە ئەم وتەیەی ترەمپ دادپەروەرانەیە، بەڵام ئەمریکا هێشتا پێویستیی بە هەڕەشەی کردەوەی سەربازی هەیە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی شایستە بەدەست بهێنێت. بوونی نەتانیاهۆیەکی توند، بەربەست نییە لە بەردەم دیپلۆماسییەتی ئەمریکا، بەڵکوو ئەو باشترین ئامرازی دانوستانەکانی ترەمپە. ئێران دەبێ بزانێت کە مەترسیی هێرشی سەربازی تا ئەو کاتەی کە دەستبەرداری توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی نەبێت- کە ڕێگەیەکە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی- دەمێنێتەوە. بەڵام ئەگەر تاران ئامادە نەبێت ئیمتیازێکی لەو شێوەیە بدات، پێویستە بزانێت کە ڕێگری لە ئیسڕائیل لە هەنگاونان بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، مەحاڵ دەبێت.
جێگەی ئاماژەیە کە ترەمپ پێشتر ئەم هەڵوێستەی وەرگرتووە. کاتێک گۆڤاری تایم لە مانگی نیساندا پرسیاری لێ کرد کە ئایا نیگەرانە لەوەی نەتانیاهۆ ڕای کێشێتە ناو شەڕێک لەگەڵ ئێران؟ وتی “نا”. ترەمپ گوتیشی: “تۆ دەپرسیت ئایا پهڵكێشی ناو شەڕێکم دهكات و من بەدوودڵییەوە دەچمە ناو شەڕەکەوه؟ بەڵام ئەگەر ڕێککەوتنێک نەبێت، من یەکەم کەس دەبم کە دەستپێشخەر دەبم.” بۆیە باشترە ئێران ئەوە لەبیر نەکات.
بیرۆکەیەکی نوێ، کە ئەم جارەیان لە تارانەوە و لە ڕێگەی ڕۆیتەرزەوە ئاشکرا کراوە، ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەنگە پیتاندنی یۆرانیۆم “بۆ ماوەیەکی کاتی” ڕابگرێت؛ بە مەرجێک ئەمریکا سەروەت و سامانی دەستبەسەرداگیراو (بلۆككراو)ی ئێران لە دەرەوە ئازاد بکات و مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتییانە و شارستانی بەفەرمی بناسێنێت و، ئەوەیش لە شێوەی “ڕێککەوتنی سیاسی” دەبێت کە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر لە داهاتوودا. بەڵام تا ئەو کاتە ڕەنگە دەرفەتی لاوازیی ئێستای ئێران تێ پەڕیبێت و، ڕوون نییە کە ئایا ئێران ئیمتیازاتی ڕاستەقینە و بەردەوام دەدات یان نا.
دەستەی سەرنووسەری وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەنووسێت: ڕێککەوتن لەسەر چوارچێوەیەکی سەرەتایی و ناپابەندکەر، تەنانەت بەبێ هەڵگرتنی فەرمیی سزاکان، دەتوانێت ئابووریی ئێران بەهێزتر بکاتەوە و بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە گوشارە نێودەوڵەتییەکان بپارێزێت، لە کاتێکدا دانوستانە تەکنیکییەکان بەردەوامن. هەروەها ئێران دەتوانێت ئەم کاتە بۆ پێشخستنی لایەنەکانی دیکەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بقۆزێتهوه. ئەمە هەمان ئەو یارییەیە کە تاران لە ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠٠٥ ئەنجامی دا.
لە لایەکی دیکەیشەوە، لە لاوازیی بیرۆکە نوێیەکەی ئێران گرنگتر، ئەو نیشانانەن کە دەری دەخات کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێڵە سوورەکانی پێشووی خۆی پاشەکشەی کردووە. بۆ نموونە؛ کۆماری ئیسلامی پێشتر دەیگوت هەرگیز لەگەڵ ترەمپ- بکوژەکەی قاسم سولەیمانی- دانوستان ناکەین، بەڵام ئێستا خەریکی دانوستانە. هەروەها پێشتر دەیگوت هەرگیز پیتاندنی یۆرانیۆم ڕاناگرێت، بەڵام ئێستا باس لە “وەستانێکی کاتی” دەکرێت.
دهستهی سەرنووسەری وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەنووسێت: ئەمە سەرەتایەکە. “بێهنام بن تالبلۆ” (بهنام بن طالبلو) لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان (Foundation for Defense of Democracies) دەڵێت: ئێران لە مانگی نیسانی ٢٠٠٦ەوە بۆ یەک ڕۆژ لە ناوخۆدا پیتاندنی یۆرانیۆمی نەوەستاندووە. ئەگەر ئێستا ئەوە بکات، ئەوە نیشان دەدات کە دوای ئەوەی ئیسرائیل باشترین سیستەمە ئاسمانییەکانی بەرگری و دوو سوپای بەوەکالەتی لە ناوچەکەدا لەناو برد، ئێران چەندە لە پێگە و بارودۆخێکی لاوازدایە.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە کۆتاییدا نووسیویەتی: دەکرێت لەوە تێ بگەین کە ترەمپ ئەگەر بتوانێت، دەیەوێت خۆی لە هێرشکردنە سەر ئێران بەدوور بگرێت، بەڵام ڕێکكەوتنێکی خراپ کە ڕێگە خۆش بکات بۆ ئایەتوڵڵاکان بۆ ئەوەی بۆمبی ئەتۆمی بەدەست بهێنن، دەتوانێت ئیسرائیل ناچار بکات هەنگاو بنێت. ئەوانەی دەیانەوێت خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بەدوور بگرن، پێویستە بە ئێران بڵێن ماڵاوایی لە پیتاندنی یۆرانیۆم بکەن.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە “فۆکس نیوز” (foxnews) بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی نوێی هەواڵگریی ٢١١ لاپەڕەیی کە لەلایەن کاربەدەستانی نەمسا کۆ کراوەتەوە، نووسیویەتی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە پەرەپێدانی بەرنامەی “چالاک”ی چەکی ئەتۆمی، کە دەکرێت بۆ هەڵدانی مووشەکی دوورمەودا کەڵکی لێ وەربگیرێت. فۆکس نیوز دەنووسێت: ئەو زانیارییە سەرسوڕهێنەرانەی کە بەرپرسانی نەمسا کۆیان کردۆتەوە، پێچەوانەی هەڵسەنگاندنی دەزگهی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا (ODNI)ن. تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا لە مانگی ئازاردا بە لێژنەی هەواڵگریی ئەنجومەنی پیرانی ڕاگەیاندووە، کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمریکا “لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ئێران پەرە بە چەکی ئەتۆمی نادات و، عەلی خامنەیی بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی کە لە ساڵی ٢٠٠٣دا هەڵپەساردبوو، کارا نەکردۆتەوە.”
نووسینگەی فیدراڵی نەمسا بۆ پاراستنی دەستوور (the Directorate State Protection and Intelligence Service) – هاوتای FBI لە ئەمریکا – ڕۆژی ٢٦-٥-٢٠٢٥ لە ڕاپۆرتێکی هەواڵگریدا نووسیویەتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی چەسپاندن و سەپاندنی فراوانخوازییە ناوچەیییەکانی خۆی، بە دوای مۆدێرنیزاسیۆنی سەربازیی تەواوەوەیە، لەوانەیش: بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، بۆ دوورخستنەوەی ڕژێم لە هێرش و بۆ فراوانکردن و چەسپاندنی هەژموونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوورتر لە ناوچەکەیش.
ڕاپۆرتی هەواڵگریی نەمسا دەڵێت: بەرنامەی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو؛ ئێرانیش جبەخانەی مووشەکی بالیستیکی پەرەسەندووی هەیە کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمیی هەیە بۆ مەودای دوور. بەپێی بەڵگەنامەیەکی هەواڵگری کە لەلایەن فۆکس نیوز دیجیتاڵەوە بینراوە و پێداچوونەوەی بۆ کراوە، “ئێران بۆ دەربازبوون لە سزاکانی، تۆڕێکی ئاڵۆزی پەرە پێ داوە کە ڕووسیاش سوودی لێ وەرگرتووە.” دۆزینەوەکانی هەواڵگریی نەمسا دەتوانێ ببێتە هۆکارێکی نەخوازراو لە دانوستانەکانی ترامپ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەتۆمی لەگەڵ فەرمانڕەواکانی ئێران؛ بەو پێیەی داتاکانی ئەم ڕاپۆرتە دەری دەخەن کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نابێت. بەرپرسێکی کۆشکی سپی لە وەڵامی ئەم ڕاپۆرتەی هەواڵگریی نەمسا بە کەناڵی فۆکس نیوز دیجیتاڵی وتووە: سەرۆک ترامپ پابەندە بە دڵنیابوون لەوەی کە ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی یان توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت.
لە ڕاپۆرتە ٢١١ لاپەڕەیییەکەی هەواڵگریی ناوخۆی نەمسادا کە باس لە مەترسییە جددییەکان بۆ سەر دیموکراسیی ئەو وڵاتە دەکات، ٩٩ جار باسی ئەو مەترسییە کراوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک سپۆنسەری سەرەکیی تیرۆریزمی دەوڵەتی و بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی نایاسایی، دروستی کردووە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: “ڤیەننا میوانداریی یەکێک لە گەورەترین باڵیۆزخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەوروپا دەکات، کە لە بەرگی دیپلۆماتکاراندا، ستافی هەواڵگری دەشارێتەوە.” دەزگهی هەواڵگریی نەمسا نووسیویەتی: دەزگهی هەواڵگریی ئێران ئەزموونێكی باشی هەیە لە پەرەپێدان و جێبەجێکردنی ستراتیژییەکانی خۆدزینەوە لە سزاکان بۆ دابینکردنی کەرەستەی سەربازی، تەکنەلۆژیای هەستیار و کەرەستەی پەیوەندیدار بە چەکی کۆمەڵکوژی.
سەبارەت بە جیاوازیی هەڵسەنگاندنی نێوان فەرمانگەی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا و ڕاپۆرتی هەواڵگریی نەمسا، دەیڤید ئۆلبرایت، زانای فیزیا و سەرۆکی پەیمانگهی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن، بە فۆکس نیوز دیجیتاڵی ڕاگەیاند: ڕاپۆرتی Office of the Director of National” “Intelligenceی ئەمریکا لە ڕابردوودا گیری خواردووە و پاشماوەی هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی نیشتمانیی ساڵی ٢٠٠٧ە کە لەسەر بنەمای زانیاریی نادروست پۆلێن نەکراوە. ئۆلبرایت دەڵێت: ڕاپۆرتی هەواڵگریی نەمسا بە شێوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ئەڵمانیا و بریتانیادا یەک دەگرێتەوە؛ هەردوو دەوڵەت لە ساڵی ٢٠٠٧ بە کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمریکایان ڕاگەیاندووە کە هەڵسەنگاندنی ئەمریکا کە لە ساڵی ٢٠٠٣ پێی گەیشتبوو کە بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئێران کۆتایی هاتووە، هەڵە بووە. دەیڤید ئۆلبرایت وتی: هەڵسەنگاندنی ئەڵمانیا لە سەرۆکی ئەو کاتەی BND (دەزگهی هەواڵگریی فیدراڵی ئەڵمانیا) لە بنکەی واشنتۆنەوە هاتووە. دەیڤید ئۆلبرایت ئاماژەی بەوەیش کردووە، “زانیارییەکانی بریتانیا لە بەرپرسە باڵاکانی دامەزراوەی قەدەغەکردنی چەکی بریتانییەوە هاتووە کە لە ڕۆژی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکەی (NIE) لە ساڵی 2007 نانم لەگەڵی دەخوارد، ئەو بەرپرسە ئەڵمانییە بە دەیڤید ئۆلبرایتی گوتبوو، ئەمریکا ئەو زانیارییانەی بەهەڵە لێک داوەتەوە کە لەبەردەستی هەموواندا بوو.” ئۆلبرایت وتی، دۆزینەوەکانی نەمسا سەبارەت بە بەدواداچوونی چالاکانەی تاران بۆ بەرنامەی چەکی ئەتۆمی، “پێ دەچێت بەتەواوی ڕوون بێت.”
جێگەی ئاماژەیە کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا، فۆکس نیوز دیجیتاڵ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کۆمەڵەیەکی نوێ لە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەوروپی نیشانیان دا کە کۆماری ئیسلامی هەوڵی شکاندن و دەربازبوونی لە سزاکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپای داوە بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای بەرنامەی چەکی ئەتۆمی، بە ئامانجی تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی. فۆکس نیوز دەنووسێت: دەزگه هەواڵگرییەکانی ئەوروپا بەڵگەیان لەسەر ئەوە هەیە کە تاران پێش ساڵی ٢٠١٥ و دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)، بە شێوەیەکی نایاسایی لە بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ بەرنامەکانی چەکی ئەتۆمی و کیمیایی و بایۆلۆژی بەردەوام بووە. هەروەها ڕاپۆرتی دەزگهی هەواڵگریی نەمسا ئاماژە بەوە دەکات کە کۆماری ئیسلامی چەک بۆ حەماس و حزبوڵڵا – کە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکادان – هەروەها میلیشیاکانی سووریا دابین دەکات.