پێنووس
2024

مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان-عێراق و هاوکێشە جیۆپۆلیتیکییە هەرێمایەتییەکان

د. پەرویز ڕەحیم قادر– دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان/ دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی

دوایین گەڕی نوێی ناکۆکیی نێوان بەغدا و هەولێر سەبارەت بە ڕاگرتنی شایستە دارایییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی داراییی عێراقەوە، هەمووانی شۆک کرد؛ چونکە هیچ پێشبینی نەدەکرا کە لەم کاتەدا و بەم شێوەیە گوشارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە چڕ بکرێتەوە و بەم دۆخە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و تەنانەت نێودەوڵەتییەوە، بەغدا ئامادە بێت بچێتە ناو گەڕێکی نوێی ململانێ و، پەرە بە ناکۆکییەکانی بدات. بۆیە لێرەدا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە بۆچی لە ئێستادا بەغدا ئەم بڕیارەی داوە؟

 لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر بتوانین وه‌ڵامی ئەوە بدەینەوە، لەوانەیە باشتر و وردتر بتوانین داهاتووی ئەم کێشە و ململانێیانەی نێوان بەغدا و هەولێر ڕوون بکەینەوە و تەنانەت باس لە چارەسەرییەکانی بکه‌ین. چونکە لە ڕابردوودا بەردەوام بانگەشەی کۆتاییهاتنی کێشەکان و ڕێککەوتن کراوە، بەڵام لە ئێستادا و بەهۆی بارودۆخی نالەباری ناوخۆییی عێراق و ناوماڵی خودی شیعەکان، پێ ناچێت پرسەکە تەنیا پەیوەست بێت بە سیاسەتی ناوخۆیی و بڕیارێکی عێراقییەوە، چونکە نە حکوومەتی سوودانی لەو پێگەیەدایە و نە خودی هێزە سیاسییە شیعەکانیش ئەوەندە لە ڕووی سیاسییەوە بەهێزن و متمانەیان بە خۆیان هەیە و تەنانەت ئەو توانایە لە خۆیاندا دەببینن کە بیانەوێت بەرەوڕووی هەولێر ببنەوە یان لانی کەم بارگرژی لەگەڵ هەولێر دروست بکەن.

بۆیە دووبارە پرسیارە بێوه‌ڵامەکە ئەوەیە کە: ئەگەر هۆکار و پاساوە شکلی و ڕواڵەتییە تەکنیکی و یاسایی و دارایییەکان وەکوو پێویست بڕواپێکەر و وه‌ڵامدەر نەبن، ئەی چ فاکتەر یاخود پاڵنەرێک دەتوانێت وه‌ڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە بۆچی حکوومەتی عێراق لەم کاتەدا ئەو بڕیارەی داوە؟

لێرەدا و لەم نووسینەدا بۆ وەرگرتنەوەی وه‌ڵامێکی ڕوون و گونجاوتر، هەوڵ دەدەین کە تیشک بخەینە سەر گۆڕانکارییە نێودەوڵەتی و هاوکێشە جیۆسیاسییە هەرێمایەتییەکان و پاشان بیانبەستینەوە بە بڕیاری بەغدا لە دژی هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا و پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی.

ئاماژەکانی دەرکەوتنی “مانگی سوننی” لە بری “هیلالی شیعی”

پاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ کەمتر کەسێک پێشبینیی دەکرد کە ئەم ڕووداوە ببێتە هۆکاری پاشەکشەی بەرەی موقاوەمە بەگشتی و کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی لە ناوچەکەدا؛ هەر ئەمەیش وای کردووە کە ئیسرائیل بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆی، باس لە نەزمێکی نوێی ناوچەیی بکات لە بەدڵنیایییەوە لەم نەزمە گریمانەکراوەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزە پرۆکسییە هاوپەیمانەکانی لە لاوازترین دۆخدا دەبن. لە پاڵ ئەمەیش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و هاتنەسەرکاری گرووپێکی توندڕەو بە سەرۆکایەتیی “ئەحمەد شەرع” و پاڵپشتیی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی سعوودیا لە ڕژێمی نوێی سووریا، هەموو هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکەی خستە سەر ڕێرەوی گۆڕانکارییەوە؛ ئەمە جگە لە لاوازکردنی حزبوڵڵای لوبنان و حەماس و گرووپەکانی دیکەی لایەنگری ئێران. هەموو ئەمانە وای کردووە کە شیعەکان لە عێراق هەست بە مەترسی و دڵەڕاوکێ بکەن و وا بیر بکەنەوە یاخود بگەنە ئەو بڕوایەی کە عێراق وەکوو گرنگترین و دواهەمین قەڵای بەرەی موقاوەمە لە دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی، ئامانج و پلانی دواتری ئەمریکا و ئیسرائیل و بەنهێنی وڵاتانی عەرەبی بێت. هەرچەندە لە ڕاستییشدا عێراق چ لە ڕووی مەزهەبییەوە و چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی ئاسایشی و سەربازی و تەنانەت دارایی و ئابوورییەوە و لە کۆتاییشدا لە ڕووی پێگە جیۆسیاسی و جیۆئێکۆنۆمییەکەیه‌وه‌ بۆ ئێران بە تاج یاخود دڵی بەرەی موقاوەمە دادەنرێت و، زێدەرۆیی نییە ئەگەر بوترێت کە کۆتاییهاتنی سیستەمی سیاسیی ئێران، لە عێراقەوە دەست پێ دەکات.

لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، جگە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، عێراق تاکە وڵاتە کە هەم زۆرینەی شیعەیە و هەمیش شیعەکان باڵادەست و خاوەن بڕیارن و ئاڵقەی پێکەوەبەستنەوە و پێکگەیشتنی ئێران بە دەریای سپیی ناوەڕاست و دەستپێكی هیلالی شیعی بووە.

مەترسیی لەدەستدانی عێراق و کۆتاییی دۆکترینی بەرگریی موقاوەمە-پرۆکسییەکان

بۆیە ئەگەر ئێران لە عێراق لاواز بێت یاخود لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتیان لە عێراق پاشەکشە بکات، ئەوە ئێران بەتەواوی دەگەڕێتەوە سنوورەکانی خۆی و، ئەو کاتە دۆکترینی بەرگریی ئێران دەبێت بگۆڕدرێت کە پەنابردنە بەر چەکی ئەتۆمی، تاکە بژاردەی ئێران دەبێت بۆ مانەوە و بەرگریکردن لە خۆی بەهۆی ئەوەی کە لەژێر گوشاری ڕۆژاوا و گەمارۆی وڵاتانی نەیاردایە. بۆ نموونە، لە ئەفغانستان سیستەمێکی سوننەی توندڕەو لەسەر کارە و لەگەڵ ئازەربایجان بەردەوام لە کێشمەکێش و ململانێی توندایە و چارەنووسی ئەم ململانێیەیش دەتوانێت گۆڕانکاریی جیۆسیاسی لە ناوچەکەدا دروست بکات بە هۆی پلانی تورکیا و ئازەربایجان سەبارەت بە کۆریدۆر یاخود  ڕێڕه‌وی زەنگەزوور و پچڕانی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ ئەرمینیا.

هەروەها هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداو ئاسایی کردۆتەوە، بەڵام هەردوو لایەن متمانەی تەواویان بە یەکتری نییە و بەگومانەوە سەیری یەکتری دەکەن، بەڵام نایانەوێت وەکوو ڕابردوو پێکدادانی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی پرۆکسییەکانیانەوە ڕوو بدات. هەروەها ئێرانیش به‌ناچاری پەیوەندییەکانی ئاسایی کردۆتەوە، چونکە نایەوێت بەرەیەکی دژبەری نوێ لە خۆی بکاتەوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو وڵاتانەوە گوشار لە ئیدارەی ترەمپ و تەنانەت ئیسرائیلیش بکات کە هێرشی سەربازی نەکرێتە سەر ئێران و پرسەکانی ئێران و ئەمریکا بە دانوستان چارەسەر بکرێت. جگە لەمانەیش، ڕووسیا و چین وەکوو هاوبەشی وڵاتانی عەرەبی کەنداو، ڕێگە نادەن ئێران بەردەوام بێت لە دژایەتیی وڵاتانی عەرەبی کەنداو کە لە ڕووی سیاسی و  ئابوورییەوە پێگەیەکی تایبەتیان بۆ هەردوو وڵات هەیە.

هەر بۆیە لەدەستدانی عێراقی زۆرینە شیعی کە هەندێ جار وەکوو زۆنێکی خۆڵەمێشی بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بەکاری هێناوە و مەترسییەکانی لێ دوور خستۆتەوە، دەتوانێت لە پاش ڕووخانی ئەسەد لە سووریا، دوایین و کوشندەترین شکستی جیۆسیاسی بێت.

ترۆمای گەڕانەوەی سوننە بۆ دەسەڵات

لەم نێوەندەیشدا ئێران و شیعەکانی عێراق نیگه‌رانن له‌وه‌ی کە لە ڕێگەی شیعەکانی دژبەری ئێران و سوننەکان و کورد ئەم گۆڕانکارییانە عێراقیش بگرێتەوە و تەنانەت بەعسییەکان بە پشتیوانیی وڵاتانی سوننە و ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ لەقاڵبدانی تەواوەتی و یەکجاریی ئێران، بگەڕێنەوە سەر دەسەڵات! هەرچەندە ئەم گریمانە سیناریۆیەی گەڕاندنەوەی بەعسییەکان دووریش بێت لە ڕاستی، بەڵام وەکوو مەترسییەکی وجوودی بۆ شیعە و ئێران لە ئارادایە.

 لە لایەکی دیکەیشەوە، ئێران ترسی هەیە کە بەهۆی لەدەستدانی بەشێکی زۆری نفووزی ناوچەیی و لاوازبوونی پرۆکسییەکانی لە ناوچەکە و داڕمانی دۆکترینی بەرگرییەکه‌ی و، هەروەها نەمانی هیلالی شیعی و بەرەی موقاوەمە هاوشێوەی پێش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، پاشان ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، ئیسرائیل پەرە بە فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم (Abraham Accords) بدات یاخود ڕاستەوخۆ بە لێدانی سەربازی، پرۆکسییەکانی ئێران لە عێراق لاواز بکات و پاشان دەرفەت بۆ سوننە بڕەخسێنێت و لەم نێوەیشدا کورد وەکوو هاوبەشی ئەمریکا و ڕۆژاوا لە عێراق بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ لایەنگرانی ئێران لە بەغدا و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی و تەنانەت شکستی سیستەمی فیدرالیزم، بەرەو سەربەخۆیی یاخود لانی کەم دابڕانی تەواو لە بەغدا بڕوات و لەگەڵ سوننە و شیعەکانی دژبەری ئێران، حکوومەتێکی دوور لە ئێران لە بەغدا پێک بهێنێت؛ هاوشێوەی ئەوەی کە لە پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ و دروستبوونی ھاوپەیمانێتیی ڕەوتی سەدر (شیعە) و پارتی دیموکراتی کوردستان (کورد) و هاوپەیمانیی سیادە (سوننە)، ئێران بەتەواوی هەستی بە مەترسیی پەراوێزکەوتنی هێزە سیاسی و سەربازییەکانی لایەنگری کرد[1].

ڕێگری لە بەرزبوونەوەی بکەرایەتیی کورد لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکان

کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک و بە هەموو ئامرازێک دەیەوێت ڕێگری لەوە بکات کە کورد ببێتە بەشێک لە بکەر یاخود ئەکتەرەکانی گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی عێراق، چونکە ئێران لە ئێستادا و لە پاش بڕیاری هەڵوەشانەوەی پەکەکە، دڵەڕاوکێی ئاسایشیی هەیە کە  بەشێک لە کورد بەتەواوی لە کۆنترۆڵ و نفووزی ئێران دەرچووە؛ پێشووتر لە ڕێگەی سووریاەوە و، هەروەها خودی پەکەکەوە لە ڕۆژاوای کوردستان تورکیای سەرقاڵ دەکرد و، ڕاستەوخۆش لە عێراق و هەرێمی کوردستان گوشاری ده‌خسته‌ سەر کورد و تەنانەت کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە ڕێگەی گوشار بۆ سەر بەغدا و هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرد. بۆیە ئەگەر سەیری وێنه‌ گەورەکە بکەین، ڕاستییه‌كه‌ی، ئێران بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بکەرایەتی و فاکتەری کوردی لە بەرژەوەندیی خۆی کۆنترۆڵ کردبوو، بەڵام ڕووخانی ئەسەد و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئەم هاوکێشەیەی گۆڕی و تەنانەت ئەم جارە ترسی لە خودی هەرێمی کوردستانیش هەیە کە بچێتە بەرەی وڵاتانی سوننە و، لەم ڕێگەیشەوە جووڵە و بکەرایەتیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرز ببێتەوە و تەنانەت بەشێک لە هێزەکانی پەکەکە و چەکەکانیان لە کاتی پێویست لەلایەن وڵاتانی سوننە و تورکیا و ئەمریکاوە بۆ گوشارخستنە سەر ئێران بەکار بهێنرێت. بۆیە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ئەوە هاوکێشە جیۆسیاسییەکان بەرەو گۆڕانکاریی گەورە ڕۆیشتوون و ئێران چیتر ناتوانێت ئەکتەرێکی وەکوو کورد بەتەواوی لە ڕێگەی سەربازییەوە کۆنترۆڵ بکات.

لێرەوە دەبینین ڕۆڵ و پێگەی جیۆسیاسی و جیۆئێکۆنۆمیی هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە، چونکە ئێران لە لایەک لەژێر گوشار و هەڕەشەی ئیسرائیلدایە و لە لایەکی دیکەیشەوە تورکیا و وڵاتانی سوننە. هەر بۆیە مانەوەی عێراق لەژێر هەژموون و نفووز و کۆنترۆڵی ئێران، دەتوانێت بەشێک لە دڵەڕاوکێ ئاسایشییەکانی ئێران بڕەوێنێتەوە و ڕێگە لەوە بگرێت کە ئێران بەئاسانی لەلایەن نەیارەکانییەوە بخرێتە مەترسییەوە.

بەرزبوونەوەی پێگەی جیۆپۆلیتیک و جیۆئێکۆنۆمیی هەرێمی کوردستان

گه‌ر لە لایەكی دیکەیشەوە سه‌یری كه‌ین، لە ماوەی ڕابردوو ئیدارەی نوێی ئەمریکا هەوڵی داوە کە لە ڕێگەی درێژنەکردنەوەی لێخۆشبوون لە سزاکانی سەر ئێران لە عێراق بە مەبەستی هەناردەکردنی گاز و کارەبا، گوشاری بۆ سەر ئێران دروست کردووە؛ ئەمەیش وەکوو بەشێک لە سیاسەتی سەپاندنەوەی ئەوپەڕی گوشار بۆ سەر ئێران. لەم نێوەندەیشدا ئەوەی کە دەتوانێت گاز و کارەبای عێراق دابین بکات و لە ئێران دووری بخاتەوە، گاز و کارەبای هەرێمی کوردستانە کە لە دوای واژۆکردنی گرێبەستێکی وزە لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەم بوارە لە ئەمریکا لەلایەن بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و پێشوازی و پشتیوانیی ئیدارەی ئەمریکا لەم گرێبەستانە، ئێران لە ڕووی جیۆئێکۆنۆمییەوە لە عێراق هەستی بە مەترسییە گەورەکە کردووە. چونکە دابینکردنی پێداویستییەکانی عێراق و لە داهاتوویشدا بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بە گازی کەنداو و پاشان هەناردەکردنی بۆ تورکیا و ئەوروپا، دەتوانێت زۆربەی هاوکێشە جیۆئێکۆنۆمی و جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە لە زیانی ئێران بگۆڕێت.

 پرسی گاز بۆ کۆماری ئیسلامی تەنیا پرسێکی ئابووری نییە، کە لە ئێستادا بۆ ئابووریی ئێران شتێكی یەکجار گرنگە، بەڵکوو لە داهاتوودا دەبێتە پرسێکی گەورەی جیۆسیاسی؛ لە کاتێکدا ئێران سەرەڕای هەڵکەوتە جوگرافی و پێگە جیۆسیاسییەکەی، بەتەواوی لە ڕێرەو و پشتێن و کۆریدۆرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان پەراوێز خراوە و ئەمەیش مەترسیی گەورەی ئابووری و ئاسایشی بۆ ئێران دێنێتە ئاراوە و سەرنجڕاکێشیی ئێران بۆ چین و ڕووسیاش کەم دەکاتەوە و تەنیا وەکوو کارتێکی گوشار لە دژی ڕۆژاوا دەبینرێت، كه‌چی ئێران پلان و سیاسەتی ئەوەی هەبوو کە بەهۆی سەرچاوە سروشتییەکانی و هەڵکەوتە و پێگە جیۆسیاسییەکەی و، هەروەها ململانێ و ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، ببێتە هاوبەش و هاوپەیمانێکی ڕاستەقینەی چین و ڕووسیا.

دڵەڕاوکێی ئاسایشیی ئێران لە هاوکێشەکانی نەزمی نوێی هەرێمایەتی

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین کە ترس لە باڵادەستیی سوننە لە عێراق بە یارمەتیی تورکیا و وڵاتانی سوننە وا دەکات کە کۆماری ئیسلامی، شیعەکان بەتەنیا ببینێت و ئەگەر کورد لە بەرەی ئێران نەبێت یاخود لانی کەم سەرقاڵی کێشەکانی نەبێت و بێلایەن نەبێت، ئەو کاتە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دۆڕاوی هاوکێشە جیۆسیاسییەکان لە هەموو ناوچەکە دادەنرێت. هەر بۆیە لە ڕێگەی دامەزراوەکانی عێراق و هێزە شیعەکانەوە گوشارەکانی ئێران تا ئەو ڕاددەیە چڕ دەبێتەوە کە هەرێمی کوردستان بەگشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی نەچنە بەرەی ئەو وڵاتانەوە و نەبنە بەشێک لە ئەجێندا و بەرنامەی وڵاتانی سوننەی ناوچەکە و ئەمریکا لە دژی پێگەی ئێران لە عێراق و، هه‌روه‌ها ناوچەکەدا. چونکە ئێران بە ڕێگەی نفووزی خۆیەوە لە عێراق و سووریا، فاکتەری کوردی لە هەموو بەشەکان لە بەرژەوەندیی خۆی لە ناوچەکەدا بەکار دەهێنا و مەترسییەکانیشی دوور دەخستەوە، بەڵام گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕە جیۆسیاسییەکان ئەو فاکتەرەی لەدەستی ئێران دەرهێناوە و پاڵپشتییەکانی ئیدارەی “ترەمپ”یش لەم دوایییەدا وای کردووە کە ئێران کورد بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی وەکوو فاکتەرێکی گوشار لەسەر خۆی هەژمار بکات و تەنانەت وەکوو جێگرەوەیەک بۆ فاکتەری بەهێزی ئێران لە دوو خاڵی ١- وزە و کۆریدۆرەکان، ٢- هێزە پرۆکسییەکان، بیبینێت. چونکە هەم وزە و هەمیش پرۆکسییەکانی لەدەست ئێران دەرهێنراوە یاخود زۆر ناکاریگەر و لاواز بوونە و هەمیش خەریکە کورد وەکوو ئەکتەرێکی نادەوڵەتی پێگەی لەم هاوکێشانەدا بەرەو هەڵکشان دەچێت.

 لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامی ترسی هه‌یه‌ له‌وه‌ی کە کورد لە دژی بەکار بهێنرێت، چونکە هەرێمی کوردستان وەکوو ناوەندێکی ناسنامەیی لەم گۆڕانکارییانەدا، دەکرێت پێگە جیۆئێکۆنۆمی و جیۆسیاسی و جیۆکاڵچەرەکەی بەرز ببێتەوە و ئەو فاکتەرانەی هێزی ئێران پووچەڵ بکاتەوە؛ هەرچەندە هاوکێشەکان تاوەکوو ئێستا لەرزۆکن و جێگیر نین و پەیوەستن بە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و، هەروەها چۆنێتیی کاردانەوەی ئیسرائیل لە هەمبەر پرسی ئێران و ئەگەرەکانی ڕێککەوتن یاخود شکستی دانوستانەکانی ئیدارەی ترەمپ و کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران.

لە لایەکی دیکەیشەوە، کۆماری ئیسلامی تاوەکوو یەکلایینەبوونەوە و دڵنیانەبوونەوە لە هەڵوێستی ئەوروپییەکان سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و ڕەوینەوەی مەترسییەکانی چالاککردنی میکانیزمی سناپباک (snapback mechanism)[2] لە ١٨-١٠-٢٠٢٥، نایەوێت هاوسەنگیی هێز لە عێراق لە زیانی تێک بچێت یاخود کارتی وزە بۆ گوشارخستنە سەر ئاسایشی وزەی ئەوروپا لەدەست بدات.

کۆبەند

هەرچەندە ناکرێت فاکتەر و پاڵنەره‌ ناخۆیییەکانی گوشارەکانی بەغدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، وەکوو ئەگەری دابەزینی زیاتری نرخی نەوت و بێتواناییی بەغدا لە دابینکردنی مووچەی فه‌رمانبه‌ران و پڕکردنەوەی کورتهێنانەکان و کەڵه‌کەبوونی قەرزەکان- لە کاتێکدا لە هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە-، هەروەها نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان بۆ گوشارخستنە سەر کورد بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ سوننە و نەیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی- وەکوو سەدرییەکان- فەرامۆش بکرێت، بەڵام ناچارکردنی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا و دوورکەوتنەوە لە بەرەی دژبەری ئێران لە ناوخۆی عێراق، هۆکار و پاڵنەرێکی گرنگە. جگە لەمانەیش، ئێران دەیەوێت نزیکبوونەوەی سوودانی و کورد تێک بدات بۆ ئەوەی کە سوودانی پشتیوانیی کوردی نەبێت لە داهاتوو و، هەمیش ئەگەر سوودانی پاڵپشتی لە کورد بکات، ئەوە پاڵپشتیی شەقامی شیعەکان و ئێران لە دەست دەدات. بەم پێیەیش ناتوانێت وەکوو سەرۆکوەزیران ببێتە ئەو هێزەی کە ڕۆژاوایییەکان پشتی پێ ببەستن و جێی ڕەزامەندیی هەموو لایەنەکان بێت، چونکە لە ئێستادا و وەکوو سیاسەتی ڕابردووی ئەمریکا، ڕۆژاوایییەکان پێیان وایە کە سەرۆکوەزیران دەتوانێت بەغدا لە تاران دوور بخاتەوە و هەر بۆیە ئێران ترسی هەیە کە بەهێزبوونی سوودانی دەتوانێت بەرەیەکی نوێی لایەنگری ئەمریکا لە عێراق لە زیانی پرۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی دروست بکات و، ئەمەیش بە سەرەتای لەدەستدانی عێراق هەژمار دەکات.

ئەوەی کە لە ئێستادا دەکرێت وەکوو بەهێزترین فاکتەر و پاڵنەر هەژمار بکرێت، کاریگەریی گۆڕانکاری لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکەیە کە ڕەهەندی جیۆئێکۆنۆمییشی هەیە و هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەری تێدا ببینێت؛ چونکە هەناردەکردنەوەی نەوت و پەرەپێدانی کەرتی گاز  و بەم پێیەیش کارەبای هەرێمی کوردستان، دەتوانێت نفووزی ئێران کەم بکاتەوە و لە ڕووی ئابووری و دارایییەوە ئه‌و وڵاته‌ بخاتە ژێر گوشارەوە و سەربەخۆیییەک بداتە هەرێمی کوردستان و، لە هەمان کاتیشدا ئەم سیاسەتە هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژیی دوورمەودای ئەوروپییەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە وابەستەیی بە سەرچاوەکانی وزەی ڕووسیا و پاشان ئێران. بۆیە هەر بەهێزبوونێکی هەرێمی کوردستان لە عێراق، لە ڕوانگەی ئێرانه‌وه‌ بە مەترسیی ئاسایشی هەژمار دەکرێت، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی ئابوورییشەوە بێت؛ چونکە ناڕەزایەتیی هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێگە و هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمبەر بەغدا و ئێران لاواز دەکات. بەم پێیەیش هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی، ناچار دەبێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی ڕەفتار بکات و ئەمەیش گەرەنتیی بەردەوامیی دەسەڵاتی شیعەکان لە عێراق دەداتە ئێران و هێزە سیاسییە لایەنگره‌كانی، کە بۆ ئێران پرسێکی هەستیارە و لە ئێستایشدا زیاتر لە ڕابردوو بۆتە پرسێکی ئاسایشی و جیۆسیاسی.

هەموو ئەم هاوکێشە و پاڵنەر و هۆکارانە، وا دەکات بتوانین بڵێین پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بەتایبەتی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و بوودجە و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەموو ڕێککەوتنە سیاسییەکان و تەنانەت بڕیارەکانی دادگه‌ و دەقە دەستووری و یاسایییەکان، چارەسەر نابێت و هەر چارەسەرێکیش کاتی و لەرزۆکە و پەیوەستە بە هاوکێشە جیۆسیاسییەکان و ململانێکلانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەگشتی و، تاوەکوو یەکلایینەبوونەوەی ئەو ناکۆکی و ململانێیانە لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەتایبەتی، هەر بەردەوام دەبێت.

هەر بۆیە هەرێمی کوردستانیش دەبێت بە دوای چارەسەرێکی هەرێمایەتی یاخود نێودەوڵەتییەوە بێت بۆ ئەم پرسە، کە پاشان تەنیا لە ئاستی ناوخۆییی عێراق جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەردەوامیی گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکەدا و، هەروەها  نادڵنیایی، ناڕوونی و تەنانەت لەرزۆکبوونی هاوکێشەکانی جیۆسیاسی و کێشەکانی ئێران و وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژاوایی، وا دەکات کە ئەم چارەسەرییانەیش کاتی و ناجێگیر و نادڵنیا بن. كه‌واته‌ تاوەکوو هاوکێشەکانی ناوچەکە نەگۆڕدرێت یاخود باڵانسی هێز لە عێراق لە نێوان هێزە سیاسییەکان و، هەروەها لە نێوان هەولێر و بەغدا، گۆڕانی بەسەردا نەیەت، ئەم کێشەیه‌ چارەسەری ڕیشەیی ناکرێت.

[1] – لە 23ی ئاداری 2022 هاوپەیمانیی ڕزگاركردنی نیشتمان، ڕاگەیه‌نرا، كە لە ڕەوتی سەدر، کە خاوەن 73 كورسیی پەرلەمان و هاوپەیمانیی سیادەی سوننە، كە لە یەكگرتنی هەردوو هاوپەیمانیی خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبووسی پێك دەهات، خاوەن زیاتر لە 60 كورسی بوو؛ هەروەها پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی 31 كورسی بوو. ئەو هاوپەیمانێتییە ماوەی چەند مانگێك هەوڵی پێكهێنانی حكوومەتی دا و لە ئەنجامدا توانیی 180 ئەندام پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکوومەت كۆ بكاتەوە، بەڵام نەیتوانی بگاتە ڕێژەی یاسایی.  هەر بۆیە موقتەدا سەدر بەتەواوی لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە و ئەندام پەرلەمانەکانیشی دەستیان لەکار کێشایەوە و دوای كشانەوەی سەدرییەکان و دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانی، شوێنیان لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگیی نزیك لە ئێران پڕ  كرایەوە و لە ئەنجامدا  بە گوشارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی بە هاوپەیمانێتییەکە هێنرا و هەڵوەشایەوە. هەر ئەمەیش وای کرد کە ئێران هەست بە مەترسی بکات و ئەم جارە بە هەموو شێوەیەک گوشار  بخاتە سەر سەربەخۆییی ئابووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی حکوومەت و دامەزراوەکانی عێراق و بەتایبەتی دادگه‌ی باڵای فیدراڵی و بەستنەوەی زیاتری هەولێر بە بەغدا و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و، تەنانەت پەنا بباتە بەر هەڕەشەی سەربازی و هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان. هەر بۆیە لە ئێستادا پاش گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە، وێکچوونێکی زۆر لەگەڵ هاوکێشەکانی قۆناغی پاش هەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ هەیە، بەڵام ئەم جارە شیعەکان و ئێران دەستپێشخەری دەکەن.

[2] – automatic reimposition of UN Security Council sanctions on Iran

image_pdfimage_print