وەرگێڕ: پێنووس
شوێنی یەکەم گەشتی دەرەوەی سەرۆکی ئەمریکا، بڕیارێکی بەرچاوە و زۆر جار وەک نیشانە و هێمایەک بۆ ئەولەوییەتەکانی سیاسەتی دەرەوە سەیر دەکرێت. دۆناڵد ترەمپ لە مانگی ئایاری ٢٠١٧دا نەریتی سەرۆکە هاوچەرخەکانی ئەمریکای شکاند، چونکە زۆربەی کاتەکان کەنەدا، مەکسیک، یان ئەوروپا وەک یەکەم شوێنی مەبەستی گەشتکردنی سەرۆکەکانی ئەمریکا هەڵدەبژێردران. بەڵام ترەمپ لە بری ئەوە سعوودیای دەوڵەمەند بە نەوتی، وەک یەکەم شوێنی یەکەم خولی سەرۆکایەتییەکەی هەڵبژارد و دوای گەڕانەوەی مێژوویی بۆ کۆشکی سپی لە ٢٠٢٥، ئەم هەفتەیە (١٣-١٦ی ئایار) جارێکی دیکە بەرەو ناوچەی کەنداو گەڕایەوە.
ئەو سەفەرە کە وڵاتانی سعوودیا و قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەخۆ دەگرێت، بڕیار بوو یەکەم گەشتی دەرەوەی ترەمپ بێت لە خولی دووەمیدا، بەڵام بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو مانگی ڕابردوو چووە ڤاتیکان بۆ بەشداریکردن لە پرسەی پاپا فڕانسیس. بەڵام ترەمپ جارێکی دیکە ههر زوو دەیەوێت کاریگەریی خۆی لە ناوچەی کەنداودا نیشان بدات و، ئەمەیش دەتوانێت ئاماژەیەکمان پێ بدات سەبارەت بە بیرکردنەوەی خۆی.
عهبدوڵڵا باعبود، لێکۆڵەر و پسپۆڕی عومانی لە کاروباری کەنداو، بە “بی بی سی”ی ڕاگەیاند: “ترەمپ دەزانێت کە دروستکردنی پەیوەندیی پتەو لەگەڵ سەرکردەکانی کەنداو، دەتوانێت سوودی سیاسی و ئابووریی بەرچاو بهێنێتە ئاراوە؛ “چونکە ئەوان کاریگەریی ناوچەیی و جیهانییان هەیە و توانای وەبەرهێنانی یەکجار زۆریان لە ئەمریکا هەیە.”
گرێبەستی بازرگانیی گەورە
لە مانگی ئاداری ڕابردوودا، کاتێک ترەمپ پلانی سەرەتاییی خۆی ڕادەگەیەنێت، بەڕوونی ئەوەی خستە ڕوو کە ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی دەوڵەمەندی عەرەبی، یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی و گوتی، ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە بەڵێنی “سەدان ملیار دۆلار”ی دراوە سەبارەت بە ڕێککەوتن لەگەڵ “کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە كهلوپهل و ئامێری پێویستی سعوودیا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرهەم دەهێنن”. عەبدوڵڵا باعبوود دەڵێت: بە لەبەرچاوگرتنی یەدەگی دارایی و سامانی نیشتمانی و توانای وەبەرهێنانی بەرفراوان، وڵاتانی کەنداو ڕۆڵێکی سەرەکی لە ئابووریی جیهانیدا دەگێڕن. ئاماژەی بەوەیش کرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئاستەنگە ئابوورییە ناوخۆیییەکان، ترەمپ باش لە سوودەکانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەوڵەمەندی کەنداو تێ گەیشتووە.
لە ساڵی ٢٠١٧دا ترەمپ باسی لەو گرێبەستانە دەکرد بە بەهای زیاتر لە ٤٥٠ ملیار دۆلار – لەنێویاندا ١١٠ ملیار دۆلار لە فرۆشتنی ئامێرە سەربازییەکان. ئەم جارەیان بە بەڵێنی گرێبەستی قازانجدارتر، بووە مانشێتی ڕۆژنامەکان؛ بەو هیوایەی نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە سعوودیاوە ڕابکێشێت. جگە لەوەیش کۆشکی سپی ڕای گەیاندووە، ئیمارات پابەند بووە بە دروستکردنی چوارچێوەیەک بۆ وەبەرهێنان بە بەهای 1.4 تریلیۆن دۆلار لە ئەمریکا لە ماوەی 10 ساڵدا.
حهسهن منهیمنه، شرۆڤەکاری تایبەت بە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکا لە واشنتۆن، بە “بی بی سی”ی ڕاگەیاندووە، ترەمپ دەیەوێت سوودێکی دەستبەجێ لەم گەشتە نیشان بدات. ئاماژەی بەوەیش کرد، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت ئەم بەڵێنانە بۆ وەبەرهێنانە گەورەکان – بەتایبەت گرێبەستە سەربازییەکان – بە زووترین کات جێبەجێ بکرێن بۆ ئەوەی بتوانێت وەک بەڵگەیەک بۆ سەرکەوتنی سیاسەتە بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بیخاتە ڕوو.
قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
پلانەکانی دوای جەنگ بۆ غەززە و دانوستانەکانی تەواونەکراو لەگەڵ ئێران لە لووتکەی کارنامەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادایە و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە کەنداو دەتوانن لە هەردوو بوارەکەدا سوودیان هەبێت. دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم ڕۆژەکانی خولی نوێی سەرۆکایەتییهكهیدا، جیهانی تووشی شۆک کرد و گوتی وڵاتەکەی دەیەوێت غەززە بکاتە “ڕیڤێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”. پێشنیارەکەی بریتی بوو لە گواستنەوەی زۆربەی دانیشتووانی ناوچەکە، کە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسە، کە بە وتەی خۆی دەتوانرێت لەلایەن “وڵاتانی دەوڵەمەندی دراوسێ”وە پارەدار بکرێت. ئەو پلانە لە ئاستی جیهانیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان ئیدانە کرا و پلانێکی جێگرهوه لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە دوای جهنگهکە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ڕەت کرایەوە. عهبدوڵڵا باعبود ئاماژەی بەوەیش کرد كه، پێ دەچێت ترەمپ لەم گەشتەدا داوای پارە لە وڵاتانی کەنداو بکات بۆ هەر هەوڵێکی ئاوەدانکردنەوە لەو وڵاتە وێرانەدا (غەززە)، بەڵام ڕەنگە سەرنجی زیاتر لەسەر پرسە بهپهله و دەستبەجێترەکان بێت. عهبدوڵڵا باعبود وتیشی: بۆ ئێستا چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ هانی هاوپەیمانەکانی لە کەنداو بدات بۆ ئەوەی سەرەتا هاوکار بن لە کۆتاییهێنان بە ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لە غەززەدا ماون. ئەمە ئەو ئامانجەیە کە لە ئێستادا ئەمریکا و وڵاتانی کەنداوی سەرقاڵ کردووە: قەتەر کە میوانداریی گەورەترین بنکەی ئاسمانیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ڕۆڵێکی سەرەکیی بینیوە لە نێوەندگیریی ڕێککەوتنەکان سەبارەت بە ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس.
ئەمریکا لەم دوایییانەدا بوونی سەربازیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد کردووە و پێگەکانی حووسییەکانی لە یەمەن بۆردوومان کردووە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشکردنە سەر کەشتیوانی لە دەریای سوور. هەفتەیەک بەر لە سەردانەکەی ترهمپ، عومان نێوەندگیری ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و حووسییەکان بوو. منهیمنه پێی وایە ڕەنگە ڕیاز پێش سەردانەکەی ترەمپ، ئەمریکای ڕازی کردبێت هێرشە ئاسمانییەکان ڕابگرێت.
ترەمپ بەجیا هەڕەشەی بۆردوومانی ئێرانی کردووە ئەگەر ئێران ڕێککەوتنی ئەتۆمی نەکات. ناوبراو لە مانگی ئازاردا بە فۆکس نیۆزی وتووە: “دوو ڕێگە هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران – سەربازی یان ڕێککەوتن.” هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا لە ٣٠ی نیساندا ڕای گەیاند: ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە ورووژاندنی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پشتیوانی لە هاوبەش و بریکارە تیرۆریستییهكانی. بەڵام پێ دەچێت هەردوو لا حەزیان لە دوورکەوتنەوە لە شەڕ هەیە و عومانیش نێوەندگیریی وتووێژەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران دەکات.
کاریگەریی کەنداو لە قەیرانە جیهانییەکان
سعوودیا ڕۆڵی ناوبژیوانێکی سەرەکیی لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا و ئۆکراینا گرتۆتە ئەستۆ. لە مانگی شوباتدا، کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرزی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا لە ڕیاز بەڕێوە چوو؛ لەو ماوەیەدا گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە جهنگی ئۆکراینا تاوتوێ کرا – بەبێ ئامادەبوونی ئۆکراینییەکان. ئەم دیدارە یەکەمین کۆبوونەوە بوو لە دوای لەشکرکێشییە بەرفراوانەکەی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٢٢ و، وەک نیشانەیەک بۆ کۆتاییهاتنی هەوڵە هاوبەشەکانی ڕۆژاوا بۆ گۆشەگیرکردنی مۆسکۆ سەیر دەکرا.
پاشان لە مانگی ئازاردا شانشینی سعوودیا میوانداریی شاندەکانی هەرسێ وڵاتی کرد لە خولی جیاجیا لە وتووێژەکان سەبارەت بە جهنگی ئۆکراینا. دیداری بەرپرسانی ئەمریکا و ئۆکراینا لە جددە، یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو لا بوو دوای ئەوەی لە کۆتاییی مانگی شوباتدا لە کۆشکی سپی لە نێوان ترەمپ و ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینادا شەڕێکی زارەکی ڕووی دا. دانوستانی دواتر لە ڕیاز کە لەلایەن ئۆکراینییەکانەوە بە “بەرهەمدار” وەسف دەکرێت، ڕەنگە یارمەتیدەر بووبێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان کیێڤ و واشنتۆن.
هەروەها سعوودیا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی توانیویانە ڕێککەوتن بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا بکەن. عهبدوڵڵا باعبود وتی: دەوڵەتانی کەنداو لە سایەی ڕۆڵی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ناوچەیی و جیهانییەکان، جگە لە توانای دارایی و یەدەگی بەرفراوانی نەوت و گازی سروشتی، کاریگەریی سیاسی و ئابوورییان بەدەست هێناوە. ئاماژە بەوەیش دەکات کە ڕکابەرەکانی ئەمریکا، لەوانەیش چین، له گرنگیی ستراتیژیی ئەم ناوچەیە ئاگادارن، هەر بۆیە واشنتۆن هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی کەنداو بەهێزتر بکات.
دەرفەت و ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیا لەگەڵ ئیسرائیل
لە یەکەم خولی سەرۆکایەتییهكهیدا، ترەمپ دەستکەوتێکی مێژووییی بەدەست هێنا بە نێوەندگیریی ڕێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و چوار وڵاتی عەرەبی کە بریتین لە ئیمارات، بەحرێن، مەغریب و سوودان. لە کاتێکدا جهنگی بەردەوامی سوودان، کاریگەریی لەسەر دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەی سوودان و ئیسرائیل هەبووە؛ بەڵام سێ وڵاتەکەی تر لەگەڵ میسر و ئوردن پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ ئیسرائیل دامەزراندووە.
سعوودیا، وڵاتێکە کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا هەیە، هێشتا بەفەرمی دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نانێت. بەرپرسێکی باڵای سعوودیا ساڵی ڕابردوو بە “بی بی سی”ی ڕاگەیاندبوو، ڕێککەوتنی نێوان هەردوو لا “نزیکە”؛ پێش ئەوەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێ بکات. بەڵام دوای ئەوەی ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە ڕەنگە ڕیاز پێویستیی بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینی نەبێت وەک مەرجێک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، سعوودیا دووپاتی کردەوە کە “بەبێ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی، هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی لەگەڵ ئیسرائیل نابێت”. بۆیە چاودێران پێیان وایە ئەم پرسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، لە ئێستادا تا ڕاددەیەک هەستیارە بۆ سعوودیا. باعبود دەڵێت، لەگەڵ بەردەوامیی جهنگی غەززە، پێ دەچێت سعوودیا ئامادە نەبێت لە سەردانەکەی ترەمپدا باسی ئەو پرسە بکات. بەڵام توێژەرەکە پێشبینی دەکات سەرۆکی ئەمریکا لە دووەم خولی سەرۆکایەتییهكهیدا هەوڵی خۆی دهخاته گهڕ كه له نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی تری کەنداودا ڕێککەوتن بكرێت. گومانی تێدا نییە کە هەر ڕێککەوتنێک کە سعوودیا تێیدا بەشدار بێت، نوێنەرایەتیی گۆڕانکارییەکی گەورە دەکات لە ناوچەکەدا و لێکەوتەکانی دوورمەودا دەبن.
سەرچاوە: