محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکان
پوختە
ئەم وتارە، بە ناسینی پرسەکان و بە سەنجدان لە گۆڕانکاری و ئامانجەکان تاوتوێی دامەزراندنی “ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیک” لە هەرێمی کوردستان دەکات. بەو پێیەی ڕەوت و ڕێی پەرەسەندن، سیاسەتی داهێنەرانە و بڕیاری بەکارەی گەرەکە، پڕۆسەی بڕیاردان و دانانی سیاسەت بە پشتبەستن بەو ناوەندە کەندوکۆڵ دەکات. ئامانج نیشاندانی ڕێگوزەرێکی دڵنیایە بۆ چۆنێتیی ڕووبەڕووبوونەوەی پرسەکان بە کەمترین هەڵە و گەیشتن بە پەرەسەندنێک بەپێی توانا و تایبەتمەندییەکان. نووسینەکە بە ڕوانگەی کوالێتەیی-کارایی لە چوارچێوەی پاڕادایمی حوکمڕانیی باش و مێتۆدی وەسفی-شیکاری شرۆڤە دەکرێت. لە ئاکامدا بە هەڵسەنگاندنێکی ڕێگرێسیۆنی (Regression) ئەو گریمانەیە ڕوون دەکاتەوە کە دانانی ئەم جۆرە ناوەندە، وەک هۆیەکی سەربەخۆ (Independent variable)، بۆ چارەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە پەرەسەندنێکی دڵخواز، کە لێکەوتێکی گرێدراوە (dependent variable)، لە هەر ئاستێکدا کارێکی کردەیی و بەکەڵکە.
پێشەکی
لە زۆربەی سەردەمەکاندا دەسەڵات و زانست پشتیوان و تەواوکەری یەکتر بوون. لە کۆندا کشتوکاڵ دەستی دەسەڵاتی گرتووە. لە چاخی کلاسیکدا فەلسەفە و یاسا ڕێنوێنیی دەسەڵاتیان بووە. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پزیشکی، لە ڕێنیسانسدا فیزیا، کیمیا و زیندەوەرناسی، “لەسەردەمی کۆڵۆنیالیزمدا جوگرافیا، بیرکاری و جیۆلۆژی بەهەند دانراون. لەسەردەمی مۆدێرندا زانستی مرۆیی و کۆمەڵایەتی، پیشەسازی، بیرۆکراسی گرنگ بووە. لە کاتی دەوڵەتسازیدا ئابووری و بەڕێوەبردن زانستی تەوەرەیی بوون. لە دوای جێگیربوونی دەوڵەت بابەتی سیاسەت، پلاندانان و سۆسیۆلۆژی بوونە زانستی سەرەکی.” (Kordnajad, 2017) ئێستا لەسەردەمی پەرەسەندنگەراییدا زانستی بەڕێوەبردن و سیاسەتی گشتی (Public Policy) بەپێی فەکت (Fact) گرنگن.
بەو ڕوانگەیەی، حوکمڕانی بەبێ ئۆتۆریتە بهردهوام نابێت. لە مێژووی گۆڕانکارییەکانی دەسەڵاتدا، زانست بەپێی پێداویستییەکانی حوکمڕانی ڕۆڵێکی سەرەکیی بۆ سەرکەوتن و پایەداری هەبووە. سیستەمی سیاسی ئەوە دەستنیشان دەکات کە: کێ بۆی هەیە و کێ پێی دەکرێت. لەگەڵ ئەوەدا ئۆتۆریتە تەنیا دەسەڵاتی ڕووت (ئهبستراكت) نییە، بەڵکوو دەسەڵاتێکە کە لە هەناویدا زانست و کاریزمای تێ ئاخنراوە. ئۆتۆریتە کاتێک ساز دەبێت کە کەسانی خاوەن زانست و پرەنسیپ بۆیان هەبێ ببنە پشتیوان و بزوێنەی دەسەڵات. ئێستا لێکۆڵینەوەی ستراتیژیک، بۆ تێگەیشتن لە دونیای ئاڵۆزی سیاسەت، ئابووری و کۆمەڵایەتی، ڕۆڵی ئەو ئامرازە بۆ دەسەڵات دەگێڕێت. واتە، بەپێی فەلسەفە و مێتافۆڕی ئۆرگانیک، کە بنەبانی ئەرەستۆییی هەیە، حکوومەت بەبێ ناوەندی لێکۆڵینەوە وەک لەشێکی بێمێشک وایە.
هەرێمی کوردستان وەک دەسەڵات و ئەکتەرێکی نوێ، جگە لە گۆڕانی جیۆپۆلیتکی و ئابووری، تووشی کێشە ناوخۆیییەکانیش بۆتەوە و لە هەمان کاتدا پێویستە بیر لە پەرەسەندنیش بکاتەوە. ڕەنگە بۆ وڵاتێکی تازە ڕزگارکراو ئاسایی بێت تا دوو، سێ دەیە بە چاوی ئەمنییەتییەوە سەیری خۆی بکات و لەگەڵ گرفتەکانیدا لێڕا بێت و هەڵبکات و پێش نەکەوێت، بەڵام لەوە زیاتر ناکارایی دەگەیهنێت. ناتوانین بڵێین لەبەر ئەوەی سەربەخۆ نین پەرە ناستێنین؛ چونکە شوێن هەیە کە دۆخەکەیان لە کوردستان ناسەقامگیرترە، لە بوارگەلێکدا سەرکەوتووترن. ناکرێ بڵێین فڵانە وڵات خاوەن شارستانییەتی دێرینەیە بۆیە نابێ خۆمان لەگەڵ ئەواندا بەراورد بکەین؛ ئەم وتانە سەرپۆشی دەروونین و نابنە بیانووی پێشنەکەوتن، چونکە وڵاتێکی وەک میسر بەو ژیارە کەونارەیە بەقەد کۆریای باشوور و سهنگاپوور پێشکەوتوو نییە. نابێ بگوترێ سەرچاوەی ژێرزەویمان کەمە بۆیە پەرە ناگرین، چونکە وڵاتی ژاپۆن کە سەرچاوەی بەردی ئاسنی کەمە، بەڵام لەبەر ئەوەی هێزی مرۆییی کارامەی پەروەردە کردووە، بۆتە یەکێک لە پۆڵایینترین وڵاتی بەرهەمهێنەری ئاسن لە جیهاندا.
بەو نیگایە پێشکەوتنخوازییەوە، پێویستە هەرێمی کوردستان گرنگی بە زانستی بەڕێوەبردن و سیاسەت بدات و ببێتە نموونەیەکی سەرکەوتوو لەناوچەکەدا بۆ ئەوەی ئۆتۆریتە و شهرعییەتی بەرز بێتەوە و بەرەو پەرەسەندنی بهردهوام (Sustainable Development) هەنگاو بنێت. بەو تێڕوانینەی دانانی سیاسەت بۆ هەرێمی کوردستان، وەک ناوەندێکی سیستەمی کوردی، تەنیا بابەتێکی سیاسەتی (Policy) نییە، بەڵکوو بابەتێکی سیاسییشە (Politics)؛ دامەزراندنی “ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیک” بو دانانی سیاسەتی گشتی لە هەرسێ دەسەڵاتەکەدا، کە توانای شیكردنهوه (ئهنالیز)ی لە ئاستی جۆراوجۆردا هەبێت، دەراوێکی ڕوونە بۆ چارەکردنی گرفتەکان و نەخشاندنی ئاییندە.
بەو ڕوانینەوە، پرسیار ئەوەیە کە بۆ چارەکردنی گرفتەکان و بەستنەوەی زانست بە سیاسەت بە ئامانجی پەرەسەندن، دانانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیک چ ڕۆڵێکی دەبێت؟ وەڵام ئەوەیە: ئەگەر ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیک لە چوارچێوەی حوکمڕانیی باشدا دابمەزرێت، ڕێژەی سەرکەوتن لە بەڕێوەبردن و سياسەتدا بەرزتر دەبێتەوە و ڕێگەی پەرەسەندنیش هەموارتر دەبێت و حوکمڕانی بهردهوام (جێگیر) دەبێت. ئەو ناوەندە جگە لە ناسینی نیازە هەنووکەیییەکان و ئاییندەی کوردستان لە واری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، دەتوانێ بەپێی توانای مرۆیی، ماددی و زانستی بە ئامانجی بەرژەوەندیی نەتەوەیی کار بکات.
پاڕادایمی حوکمڕانیی باش
چەمکی حوکمڕانی وەک بەشێک لە فەرهەنگی دامەزراوەکان (Kjaer, 2023) بە نۆڕم، بەها و چوارچێوەکانییەوە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەی مەدەنی ڕێک دەخات و لە ڕێگەی پڕۆسەی بڕیاردان و جێبەجێکارییەوە، کاروباری گشتی (UN ESCAP, 2002) بەڕێوە دەبات. یەکێک لە پاڕادایمەکانی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان، حوکمڕانیی باشە (Good Governance)، (Coccia, 2021) کە جۆرێکە لە “بەڕێوەبردنی پەرەسەندن و بەرپرسیارێتی بە مەبەستی توانادارکردنی دەسەڵات بۆ سیاسەتی گونجاو و بڕیاردانی بەوەخت”. (Potter, 2000) حوکمڕانیی باش، کە بە نیشاندەر (پێنوێن)ەکانی وەک بەشداری، شەفافییەت، وەڵامگۆیی، سەروەریی یاسا، سەقامگیری و گشتگیری، تواناسازی و بەشداریی فراوان (Pomeranz & Decker, 2017) گەڵاڵە کراوە، سیاسەت بەرهەم دێنێت و پەیوەندیی نێوان هاوبەرژەوەندەکان هەماهەنگ، ڕێنوێن و کۆنتڕۆڵ دەکات. بەو جۆرە حکوومەت لە خاوەندارێتییەوە دەگۆڕێت و وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتیی ڕەوادار و عەقڵانی بەرەو حوکمڕانی دەڕوات.
حوکمڕانیی باش بە داهاتووبینی، دادپەروەریی نێوان جیلەکان، پاراستنی سەرچاوەکان، بەشینەوەی دەسەڵات لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسەتی پەرەسەندنی بهردهوام دادەڕێژێت. بەشەکان بریتین لە بەشی دەوڵەتی، کەرتی تایبەت و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە چوار ڕەهەندی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئێکۆلۆژیکی دەگرێتەوە. (Wiener, 2000) ئەم حوکمڕانییە بۆ پەیداکردنی خاڵە لاوازەکان و بەستنەوەی سیاسەت بە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، بە مەبەستی پەرەپێدانی ئابووری و کاراییی سیستەمی سیاسەت، دانراوە. (Colabi & Yaghoubi, 2022: 196)
پشتبەستن بە داتا (Lyon et al, 2017) و زانست و سەرمایەی مرۆیی، سەرچاوەی ستراتیژیک و ژێرخانی بهردهوامبوونی حکومڕانییە (Sustainable Governance). (Osborn, & Rose, 1997) لێرەدا ڕۆڵی دامەزراوەکان دەردەکەوێت. (Acemoglu, Robinson & Verdier, 2012)
بەو ڕێڕەوەدا، بۆ ئەوەی حکوومەتی کوردستان بتوانێ لەناو دیپلۆماسیی گشتیدا توانای بەڕێوەبردن بکاتە هێمایەکی نەتەوەیی (Nation Brands Index)، پێویستە بە ڕێی حکومڕانیی باشدا هەنگاو بنێت.
خەسارناسی (زیانناسی)ی سیاسەتدانان لە هەرێمی کوردستان
ئەگەرچی حکومڕانیی باش لە هەرێمی کوردستان لە چەندان واردا سەرکەوتوو بووە، بەڵام لەبەر گرفتی ستراکچەری، مەودای نێوان زانست و سیاسەت، نەبوونی سیاسەتی ستراتیژیک و لاوازبوونی دامەزراوەکان نەیتوانیوە بەستێنی پەرەسەندن خۆش بکات. پەرەسەندنیش بە دروشمان سەر ناگرێت. هەڵگرتنی هەر دروشم و ئاڕمانێک توانای جێبەجێکردنی گەرەکە، دەنا جگە لە تێچووی ئابووری، شهرعییەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییش تووشی ڕووشان دەبێت. هەروەها، ناکاراییی تێچووی ناوبانگ (Reputational cost)یشی پێوەیە. چونکە لە ناوچەکەدا ئەو وڵاتانەی لەگەڵ زلهێزاندا ناتەبان، ئاسایییە کە دەسەڵاتی ناکارا بن، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان کە هاوهەنگاوی زلهێزانە ڕەنگە ناکارایییەکەی تێچووی ناوبانگ (سومعه)ی لێ بکەوێتەوە. بۆیە ئەم دۆخە پێویستیی بە دۆزینەوەی وەڵام، هۆکار و ڕێکارە کە لەوانەیە خۆی لە بابەتی فەرهەنگی، زانستی و سیاسیدا ببینێتەوە.
بە چاوێکی پاتۆلۆژیستانە (زیانناسانه)، جگە لە گرفتی ستراکچەرانەی سیستەمی خوێندن، لاوازبوونی بەڕێوەبردنی زانستی، ناسەربەخۆییی ئهکادیمیستەکان، متمانەنەکردن بە زانایانی ڕاستەقینەی ناوخۆ و جیانەکردنەوەی ئەوانەی توانای ئهنالیزیان هەیە لە خوێندەوارانی زانکۆیی، کە قەوەی ئهنالیزیان کزە و، تەنیا شیاوی وانەوتنەوەن، هۆکاری لاوازیی سیاسەتدانانن. لەو ڕەوشەدا، بەشێک لە پسپۆڕانی بواری جیاواز لە سیاسەتیش خۆیان بە کاراکتەری سیاسی نازانن، چونکە ناتوانن زانستی خۆیان بگشتێنن (Science Popularization) و بیکەنە بوارێکی سیاسەتی؛ بۆیە بوارەکەیان نابێتە بابەتی سیاسی. (Ashtariyan, 2025)
لە وڵاتانی هەژاردا یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی زانایان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئەوەیە زۆر لە مێشکە بەهێزەکان دەچنە بەشێکی زانکۆیی کە داهاتووی داهاتی تێدا بێت. ئەگەر دابەشینی کار نەبێ و جیاوازی لە نێوان بەشە زانستییەکاندا نەکرێت، واتە سیاسەت و بەڕێوەبردن بدرێتە کەسانێک کە یاسا، میدیا، زمان و شەریعەیان خوێندبێت، ئاییندە باش نابێت. هەروەها، سپاردنی ڕێگەی پڕپێچی سیاسەت بە ڕووناکبیران، ڕۆژنامەنووس، هونەرمەندان، میدیاکاران و هەندێک لە کادیری حزبەکان دەگاتە لاڕێ و هەڵدێران.
ئەم کەشە خەفەیە فەرهەنگی توێژینەوە و ڕەخنە دەخنکێنێت و کۆچی مێشک (عهقڵ)ە توانگەرەکانیشی لێ دەکەوێتەوە. دواجار پڕۆسەی پەرەسەندن مەکینەی زانستی و هێزی مرۆیی لەدەست دەدات. زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، وەک زۆربەی وڵاتانی پەرەنەگرتوو، لە ڕووی چەندایهتییەوە زۆر بوون، بەڵام زیاتر خەریکی وەرگێڕان و فێربوونی زانستن نەک بەرهەمهێنانی زانست، بۆیە پەیوەندیی نێوان زانکۆ و سیاسەت جگە لە بارگرانی، بەرێک نادات؛ لە کاتێکدا زانکۆی وڵاتانی پێشکەوتوو، کە زانست بەرهەم دێنن، تێیدا توێژینەوە پشتیوانی لە کاری فێرکردنیش دەکات. (Rabie, 2008)
بەم شێوەیە، لەناو بیرۆکراسییشدا، پشتنەبەستن بە زانست، نەبوونی ئەولەوییەت، ناهەماهەنگیی دامەزراوەکان، نەبوونی ستراتیژی و بنەمانامە، لاوازبوونی چاودێری، هەڵسەنگاندن و وەڵامگۆیی، بەشێکن لەو زیانانەی کە سیاسەت و بەڕێوەبردن دەگەیهنێتە بنبەست. لە زۆربەی وڵاتاندا گەندەڵییەکی بونیادی هەیە، بەڵام بههەدەردان زیاتر بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنە نەک سەرڕێژەی گەندەڵی. زۆربەی جار بەهۆی نەبوونی لێکۆڵینەوەی زانستی، بڕیاری هەڵسەنگێنراوی دوورئەنگێوە نادرێت و سیاسەتیش لێکەوتەی کارا (Efficiency) و کاریگەری (Effectiveness) نابێت. چونکە سیاسەت بووەتە کاری هەیەجانی (سۆزاوی)، ماوەیی و بەرپەرچدانەوەیی.
تا ئێستا زۆربەی کارەکان لەسەر بنەمای ئەزموون و هەڵە و هەستانەوە بوونە کە جگە لە تێچووی پارە، کات و وزە، نەوەیەک تێیدا زیانبار بووە و داهاتووی نەوەیەکیش لێڵە. سەرباری ئەمانە، نەبوونی شایستەبژێری و گرنگیدان بە وەفادارییەکی تاکڕەهەندانە و پۆستبەخشینی دەورەیی، “گرێی دەستانی داوەتە ددانان”. لەو کەشە نەخۆشەدا پرسی ڕۆژ دەبێتە سیاسەتی کۆێر و کورت و ئیدارەدانێکی بێ گۆڕانکاری.
لە ڕووی زانستییەوە، نەبوونی نموونەیەکی بەرجەستەی توێژینەوەیی و کەمبوونی بوودجە و سەرمایەگوزارینەکردن لە بەشی توێژینەوەدا دەبنە هۆی ئەوەی ئەنبارێکی داتای ورد و ئاماری باوەڕپێکراو دروست نەبێت. ئەگەر لە وڵاتیشدا ناوەندێکی توێژینەوەییی بەهێز نەبێت، چەندان ناوەندی بەو ناوە هاوتەریب لەگەڵ ڕاوێژکار و دامەزراوە و زانکۆ زۆروبۆرەکان دادەنرێن کە بۆ پشتپێبەستن نابن. زۆر جار ئهنالیزی ئەوان ئاستەکین، چونکە پشتیان بە لێکۆڵینەوەی ورد و درێژمەودا نەبەستووە و بە گوێرەی حەز و ویستی خۆیان یان بەدڵی سیاسەتمەداران دەدوێن. هەروەها بەهۆی نەبوونی ناوەندێکی توێژینەوییی ڕاستینە، دامەزراوە و سیاسەتمەداران پشت بە ڕای خەڵکی دەرەکی دەبەستن کە شارەزای ژێرپێستی کۆمەڵگە نین و لەوانەیە قسە و چاوەڕوانییەکانیان لەگەڵ ئامانجە سەرەکییەکان نەیهنەوە. کاتێک زانست تێکەڵی سیستەمی سیاسی نەبێت، زانستی خۆجێیی بەرهەم نایهت و وڵات گرێدراو دەبێت و پرسە ناوخۆیییەکانیش بە کۆپیکردن چارەسەر نابن.
ئەم زیان و خەسارانە شتگەلی سەیر نییە و لەگەڵ وڵاتانی پەرەنەسەندوودا هاوبەشن. لێرەدا بە ئامانجی چارە و دانانی سیاسەت، پێویستە بە دوای ئامراز و کەسانی بهتوانا بکەوین بۆ ئەوەی ببنە هاوبیری هەرێمی کوردستان.
گرنگیی دامەزراندنی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیک
بەو پێیەی کە بە زانستگەرایی چاوی حکوومەت دوورتر هەتەر دەکات و پێی باشتر بڕ دەدات، دوای دۆخناسی، خەسارناسی و نیازناسی، یەکەمین هەنگاو بۆ دانانی سیاسەتی پەرەسەندن پشتبەستنە بە پڕۆسەی توێژینەوەی زانستی لە ڕێگەی ناوەندی لێکۆڵینەوەییی ستراتیژیک. دیارە مەبەست لە «ستراتیژ» ئەو بەرنامە و کارانەن کە گرفتێکی سەرەکی چارەسەر دەکەن یا خاڵێکی بەهێز و ڕێگەکەرەوە دەدۆزنەوە و بەرەوپێشی دەبەن. بەو پێناسەوە، دانانی دامەزراوەیەکی توێژینەوەیی مۆدێرن کە بە شێوەیەکی ستراتیژیک پەیوەندیی نێوان زانست و سیاسەت پتەو دەکات، پێویستیی سەرەکیی هەر وڵاتێکە. (Farastkhah, 2018)
ئەم ناوەندانە بەهای دەروونییان هەیە و وەک نەرمەئامرازی دەسەڵات کوالێتە، کارایی و کارکرد (ئهرك)ی حکوومەت لە پراکتیکدا بەرز دەکەنەوە. هەروەها وەک پاڵاوگەی سیاسەت پرسەکان باشتر دەناسن و هەل و هەڕەشەکان هەڵدەسەنگێنن و زانست بەرهەم دێنن. ئەوان بە بینینی ڕەهەندی جۆراوجۆر و پێشبینیی دوورمەودای پڕۆسەکان، بڕیاردان دەکەنە کارێکی توانمەند و هێزدار و ئەگەری هەڵەیان کەم دەبێت. چونکە بەرنامە و بڕیارەکان لەسەر بنەمای داتا و زانست و زانیاری لە بوارە جیاوازەکاندا دادەڕێژن و دامەزراوەکانی خۆی تێر و بەهێز دەکەن و بەو جۆرە لە بڕیاری کاتی و کورتبین لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی لاوەکی دوور دەکەونەوە. هەروەها ئاستی شەفافییەت، وەڵامگۆیی، هۆشیاریی گشتی و بەشداری بەرز دەکەنەوە و متمانە ساز دەکەن و شهرعییەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەهێزتر دەکەن و دیسکۆڕس (خطاب) ساز دەکەن.
ناوەندێکی ئاوا لە دەسەڵاتی جێبەجێکاریدا سیاسەتی گشتی توانمەند دەکات، لە ڕووی ئەمنییەتییەوە هەل و هەڕەشەکان ئهنالیز دەکات، یارمەتیی دیپلۆماسیی دەرەوە دەدات، ستراتیژیی پەرەسەندنی وڵات دادەڕێژێت، لەناو دەسەڵاتی یاساداناندا ڕۆڵی ڕاوێژکارانەی دەبێت، لەناو دەسەڵاتی دادوەریدا ئهنالیزی ستراتیژیک بۆ دیاردەکان دەکات و، توانای دانانی سیاسەتی بۆ دادوەری دەبێت.
بەو ڕوانگەیەی کە بازدان و پەرەگرتن گرێدراوی بەرزکردنەوەی ئاستی داهێنانە لە ڕێگەی فێرکردنی هێزی مرۆیی و سەرمایەگوزاری بۆ دانانی پەیوەندیی نێوان توێژینەوە و پێداویستییەکان (Fagerberg, 2004)، ئەو سەرمایەگوزارییانەی کە لەو بوارانەدا دەکرێن، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تێچووی پلان و پڕۆژەکانی داهاتوو دادەکشێنێت. بۆیە وڵاتانی پێشکەوتوو بەشێک لە بوودجەیان بۆ ئەم ناوەندانە تەرخان دەکەن. بۆ نموونە، لە ئەمریکادا بە سەرمایەدانان پسپۆڕان ڕۆڵێکی گرنگیان لە گەشەی ئابووریدا گێڕا. بەم جۆرە، بۆ ڕاکێشانی ئیلیت (Elit) بۆتە موگناتیسی ئیلیتی جیهان، بۆیە جگە لە زلهێزایەتی، بە هێزی نەرمەوە خاوەنی هەژموون، ئۆتۆریتەیەکە کە تەنیا بە ئابووری وەدەست نەهاتووە، بەڵکوو زیاتر بە گرێدانی زانست بە دەسەڵاتهوه پێی گەیشتووە. ژاپۆن و هیندیش بەو ڕێگەیەدا دەڕۆن و ڕۆژانە هەنگاوی خێراتر بۆ پێشکەوتن هەڵدێنن. بەو ڕێچکەیەدا، وڵاتانی پەرەنەسەندووی وەک ئەفغانستان، بەنگلادیش، ئیتیۆپیا و تەنانەت شوێنی بێدەوڵەتی وەک فەڵەستینیش خاوەنی ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژیکن. هەروەها کۆمپانیا ئابوورییە نادەوڵەتییەکانی وەک کۆمپانیای Cargill لە کاری کشتوکاڵ، EIP لە واری وزە، MGI لە بەشی پیشەسازی، CMIE لە بواری بازرگانی، بەشی توێژینەوە و داهێنانیان هەیە. جگە لە توێژینەوەی ڕەهەندە ئابووری و ژێرخانییەکان، دەتوانێ هاوکاریی زانستیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییش بکات.
مۆدێل و میکانیزمی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیک
بەپێی تایبەتمەندییە ستراکچەرییەکان مۆدێلی تۆڕی فرەلایەن (Multi-Layered Network Model) کە سوود لە هەموو تواناکان لە گشت ئاستەکان وەردەگرێت، بەسوودە. دواتر دەکرێ بەپێی ئامانجەکان بەڕۆژ (ئهبدهیت) بکرێتەوە (Bandelow et al, 2022) و سوود لە AI وەربگیرێت و بە دامەزراوە دەرەکییەکانیش ببەسترێتەوە. ئەو ناوەندە بە کاری داهێنەرانەی گرووپی بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بە وەرگرتنی داتا، ئەزموون و زانست بە مەبەستی پڕکردنی کۆگەی زانست لە مەیداندا کاری پێ دەکرێت. هەروەها وەک کۆمپیۆتەر، کە داتاکان وەردەگرێت و دەیانداتە سی.پی.یوو (CPU) و دوایی دەیانداتەوە دەرێ، کار دەکەن (Nariman, 2025) و سیناریۆی جۆراوجۆر دروست دەکەن. دواتر بۆچوونەکانی، وەک ڕاپۆرتی ئیداری، دەدرێتە دەر و ئینیستیتوشناڵیزە دەکرێن.
بەگشتی بەرنامە و سیاسەتەکان لە هەرسێ دەسەڵاتی وڵاتدا بە فیلتەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیکدا تێ دەپەڕێت. پێویستە جگە لە بەشی ئابووری، بەشەکانی دیکەی سیاسەت، پیشەسازی، وزە و بواری دیکەی هەبێت و بۆ هەر بەشێک دێپارتمان و گرووپی زانستی و بیروانیی بۆ دابنرێت. پێش دانانی هەر سیاسەتێک توانای کردەیییەکەی هەڵدەسەنگێنرێت (Feasibility Study)؛ نیازناسی، بەردەنگناسی، حەزناسی، تواناناسی و هەڵگرتەناسی (Capacity Asssesssment) دەکرێت. دەکرێ لە ناوچە جیاوازەکانیشدا لقی تایبەت بە پێوەرناسی، ناوچەناسی و تواناناسی هەبێت و سیاسەتدانانی ناوچەیی بگرێتە بەر.
گەیشتن بەو ئامانجە، پێویستیی بە بەرنامەدانانی ورد، دابینکردنی پێداویستیی زانستی و ماددی و هێزی مرۆیی هەیە. مەرجی سەرکیی ئەوەیە نوخبەی ڕاستەقینە و کەسی توانادار و دڵسۆزی بۆ بدۆزێتەوە و ڕابکێشرێن. بۆ هەر بوارێک زۆری و بۆریی بڕوانامەی ناوێت، بەڵکوو چەند نوخبەیەکی ڕاستەقینەی ناوخۆیی و دەرەکی، تێری ئەو کارانە دەکەن. هەروەها گرنگە ئەو ناوەندە سەر بە باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکار بێت و لە توێژینەوەدا سەربەخۆییی زانستیی هەبێت و وەک ناوەندێکی جێی بڕوا بناسرێت.
ئەم کارە پێویستیی بە فەرهەنگسازی، پشتگیریی سیاسی، سەرمایەی مرۆیی و، سەرمایەگوزاریی ماددییە. هەرێمی کوردستان بۆ دانانی دامەزراوەیەکی لەم چەشنە دەرفەتی زۆری هەن. جگە لە زانکۆ بیانییەکانی ناوەوە و نوخبەی دانیشتووی وڵات، دەیان زانای دڵسۆزی کورد، کە لەناو کەشی پڕبارتر و سیستەمی بەهێزتردا، بەبێ تێچووی حکوومەتی هەرێم پەروەردە بوون، ئامادەن خزمەت بکەن. هەروەها لەبەر ئەوەی کورد لە جیهاندا لەسەر ڕێڕەوی جیۆپۆلیتیکی تا ڕاددەیەک بەهێز دەڕوات، دۆستی نێودەوڵەتیی لە وڵاتانی پەرەسەندووی هەیە و بە نیشاندانی پۆتانسیەلێک لە خۆی دەتوانێ سوودیان لێ وەربگرێت.
دەرەنجام
لە چوارچێوەی پاڕادایمی حوکمڕانیی باش، ئەو گریمانەیە ڕوون دەبێتەوە کە لە نێوان پێشکەوتنی سیاسەت و توێژینەوەدا پەیوەندییەکی واتادار هەیە. بۆیە دانانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیک دەبێتە پردی پەیوەندیی نێوان زانست و دەسەڵات و بۆ سەرخستنی پلان و سیاسەتەکان لە هەموو دەسەڵاتەکاندا کارێکی لەپێشینەیە. بەپێی تایبەتمەندییەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئەو ناوەندە کلیلێکی سەرەکییە بۆ پڕۆسەی بڕیارسازی و سیاسەت. بەو جۆرە ناوەندە دەتوانین خۆمان و تواناکانمان، بە هەڵکردنی سەنسۆری واقعی، بناسین و زیانەکان زووتر ببینین. بە دانانی ئەو ناوەندە نەک هەر سوود لە سەرمایەی مرۆیی وەردەگیرێ، ئهنالیزی باشتری دۆخەکان دەکرێت و هەلومەرجەکان هەڵدەسەنگێنرێن و داهاتوو پێشبینی دەکرێت، بەڵکوو زەمینەی هاوکاریی ناوخۆیی و نێونەتەوەییش فەراهەم دەبێت. دانانی ئەو ناوەندە دەبێتە بەستێنی ئۆتۆریتەسازی و، شهرعییەت پتەوتر دەکات و ئاسۆی پەرەسەندنیش ڕوونتر دەبێتەوە. بەو جۆرە پەیژەیەک بۆ بەرزتربوونەوەی پێگەی وڵات دروست دەبێت و دۆخی جیۆپۆلیتیکییەکەی بەهێزتر دەبێت.
سەرچاوەکان:
Acemoglu, D., Robinson, J. A., & Verdier, T. (2012). Can’t we all be more like Scandinavians? Asymmetric growth and institutions in an interdependent world (No. w18441). National Bureau of Economic Research. Working Paper, 18441. DOI 10.3386/w18441.
Ashtariyan, K (2025), “Political activity of university professors”, The Sharq newspaper, 4 may 2025.
Bandelow, N. C., & Hornung, J. (2022). How do good governance and democratic quality affect policy performance?. European Policy Analysis, 8(2), 130-135. https://doi.org/10.1002/epa2.1144
Coccia, M. (2021). How a Good Governance of Institutions Can Reduce Poverty and Inequality in Society?. In Legal-Economic Institutions, Entrepreneurship, and Management (pp. 65-94). Springer, Cham. https://doi.org/10.1007/978-3-030-60978-8_4
Colabi, Amir Mohammad & Yaghoubi, Nour Mohammad (2022). Developing a sustainable governance model with an emphasis on entrepreneurial development. Journal of Public Administration, 14(2), 195-214. (Persian)
Fagerberg J. (2004), what do we know about Innovation? Lessons from the TEARI Project, Center for Technology, Innovation and Culture, University of Oslo.
Farastkhah, Maghsoud (2018), From time to time, the university in Iran: new and critical discussions about the university – Research, Science and Higher Education Studies, Tehran: Aghe. (Persian)
Karimkhan, Mohamad (2020), “The Pathology of Economic Development Policy in Kurdistan region”, Univestu of Soran,Twejer, Vol 3, No 1. (Kurdish)
Kjaer, A. M. (2023). Governance. John Wiley & Sons.
Kordnajad, H (2017), Science and politics, Erbil: Golan Magazine, 23 Dec 2017. (Kurdish)
Lyon, S., Mutersbaugh, T., & Worthen, H. (2017). The triple burden: The impact of time poverty on women’s participation in coffee producer organizational governance in Mexico. Agriculture and Human Values, 34(2), 317-331. https://doi.org/10.1007/s10460-016-9716-1.
Nariman. F (2025), Interview. (Kurdish)
Osborn, T. & Rose, N. (1997) “In the name of history or three these on the history of social thought”, History of the Human Science, 10: 3.
Pomeranz, E. F., & Decker, D. J. (2017). Resident Perceptions of Good Governance for Community-Based Deer Management in Trumansburg and Cayuga Heights, New York.
Potter, D. (2000). Democratization, good governance and development. Poverty and development: into the, 21, 365-382.
Rabiei, Mahnaz (2008), “The role of research and development in the economic development of countries”, Specialized Quarterly Magazine for Parks and Growth Centers, No 15. (Persian)
UN ESCAP, “what is Good Governance” (2002), online at http:/WWW. Unescap. Org/huset / gg / Governance. Htm.
Wiener, J. B. (2000), From sustainable development to sustainable governance, Law school and Nicholas school of the environment, Duke University, available at: http//www. law. duke. edu.