پێنووس
2024

سەردەمی پۆست-ئەسەد: داینامیکی هاوسەنگیی هێز لە نەزمی نوێی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

د. پەرویز ڕەحیم قادر– دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان/دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی

لە پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ٨-١٢-٢٠٢٤ لە سووریا، ئاسۆ و ئاراستە و ڕەوتی ڕووداوەکانی ناوچەکە لە پاش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ و ڕاگەیاندنی نەزمی نوێ (new order) لەلایەن نەتانیاهۆ لە ناوچەکەدا باشتر گەڵالە بوو. ئەوەی کە لێرەدا جێگەی پرسیارە ئەوەیە کە لە پاش کەوتنی بەشار ئەسەد، داهاتووی ئەو وڵاتە چی دەبێت و ئەم ڕووخانی سیستەمییە چ کاریگەرییەکی لەسەر هاوسەنگیی هێز و هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە دادەنێت؟ سەرەڕای ناڕوونی و نەبوونی دڵنیایی لە چارەنووسی سیستەمی سیاسیی سووریا لە پاش ئەسەد و کراوەبوونی ئەگەرەکان، بەڵام بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، پێویستە ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە دەسکەوت و شکستی ئەکتەرەکانی بەشدار لە هاوکێشەکانی سووریا دەتوانێت ئەو وەڵامە باشتر بداتەوە کە داهاتووی سووریا و ناوچەکە بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، داهاتووی سووریا پەیوەستە بە داهاتووی هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەم پێیەیش دەرکەوتنی نەزمی نوێی ئیسرائیل. بۆ ئەم مەبەستەیش هەوڵ دەدەین دەرفەت و هەڕەشەکانی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا بۆ ئەکتەرەکان بخەینە ڕوو.

یەکەم: تورکیا

تورکیا بە براوەی یەکەم و سەرەکی و پاڵنەری ڕووداوەکانی کەوتنی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا دادەنرێت. بەم واتایە کە تورکیا بۆ ماوەیەکی نادیار دەتوانێت سوود لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا وەربگرێت و لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکەدا سوودی لێ وەربگرێت. لە لایەک تورکیا دەتوانێت ڕژێمی داهاتووی سووریا و ئەکتەرەکانی دەستنیشان بکات و لە لایەکی دیکەیشەوە ئەکتەرەکانی تری ناوچەکە ناچارن لە ڕێگەی تورکیاوە بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن و ڕۆڵی تورکیا لانی کەم بۆ ماوەیەک قبووڵ بکەن و هەر ئەمەیش پێگەی هەرێمایەتیی تورکیا بەرز دەکاتەوە. ڕاستییەکەی، تورکیا بە زاڵبوون بەسەر ناوچەی شام دەتوانێت ببێتە ئەکتەری باڵانسەر لە نێوان ئیسرائیل و ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ڕووسیا لە لایەکی دیکەوە. هەر ئەمەیش وا دەکات کە لە ئیدارەی ترەمپ بەشێکی زۆر لە بەرژەوەندییەکانی دەستەبەر بکات و پەل بۆ عێراق و ناوچەی کەنداو بهاوێت و لە هاوکێشەکانی دەریای سپیی ناوەڕاست ببێتەوە ئەکتەرێکی سەرەکی. جگە لەمانەیش دەتوانێت ڕێرەوە بازرگانییەکان کۆنترۆڵ بکات و ڕۆڵی ناوەندیی خۆی بۆ جەمسەرە جیهانییەکان وەکوو؛ چین و ڕووسیا و یەکێتیی ئەوروپا- ئەمریکا بپارێزێت.

هەموو ئەمانەیش گرنگی و بایەخی کەوتنی ڕژێمی ئەسەد بە یارمەتی و هەماهەنگیی تورکیا و لایەنگرانی لە ناوخۆی سووریا، سەرەڕای چییەتی و داهاتووی سیستەمەکە دەردەخات، کە هەندێ جار بەدروستی بە “بوومەلەرزەی جیۆپۆلیتیک” لە ناوچەکە ناوزەد دەکرێت. سەرەڕای ئەمانەیش پێگەی ئەردۆغان لە ناوخۆی تورکیا و لە جیهانی ئیسلامی بەرزتر دەکاتەوە؛ هەرچەندە سعوودیا و ئیمارات و میسر بەدڵەڕاوکێ و نیگەرانییەوە دەڕواننە ئەم گۆڕانکارییانە و بەرزبوونەوەی پێگەی تورکیا لە ناوچەکە کە بە شێوەی نەریتی سەر بە جیهانی عەرەبی بووە. هەر بۆیە ئەم ڕووخانە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە هاوکێشەکانی جیهانی عەرەبی -ئیسلامی.

جێگەی ئاماژەیە کە چارەنووسی ستاتۆی ئیدارەی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پەیوەستە بە سیاسەتی تورکیا و چۆنێتیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ لە ئەمریکا. بەم واتایە کە ئەگەر ترەمپ ڕۆڵی دژایەتیی داعش بە تورکیا بسپێرێت، ئەوە داهاتووی کورد لە سووریا نادیار و لێڵ و لەرزۆک دەبێت، بەڵام ئەگەر هاوکێشەکان بە ئاراستەیەک بێت کە ئیسرائیل هەست بە مەترسی بکات و ئێران پێش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دوایین میلیشیاکانی و دامەزراوە ئەتۆمی و ئابووری و مووشەکییەکانی دەستوەردان بکاتەوە، ئەوە دووبارە هاوسەنگیی هێز دەگۆڕێت.

دووەم: ئیسرائیل

یەکێک لە براوەکانی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بەدڵنیایییەوە ئیسرائیلە. هەرچەندە ڕۆڵی ئیسرائیل بە ئاشکرا نابینرێت، بەڵام پێ ناچێت کە ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە لە سنوورەکانی ئیسرائیل بەبێ ئاگاداری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕووی دابێت. هەرچەندە بۆ چەندان ساڵ مانەوەی ئەسەد خزمەتی بە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەکرد، بەڵام لە پاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بووە بەشێک لە نەزمی نوێی ئیسرائیل. ڕاستییەکەی، ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی حەماس و لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی و، هەروەها لێدان و لەناوبردنی تواناکانی سەربازی و فەرماندەییی حزبوڵڵای لوبنان و بەتایبەتی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا و سەرکردە پلە باڵاکانی، وای کرد کە ڕێگە بۆ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد خۆش بکرێت و چیتر مانەوەی ئەسەد بە قازانجی ئیسرائیل نەبێت، چونکە مانەوەی ئەسەد بەلاوازی دەیتوانی وا بکات کە جارێکی دیکە حزبوڵڵا لەلایەن ئێرانەوە بەهێز ببێتەوە و خۆی ڕێک بخاتەوە.

بۆیە پچڕاندنی ئەوەی کە بە “هیلالی شیعی” یان ئاڵقەی پێکەوەبەستنەوەی بەرەی موقاوەمە دەناسرا، بووە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر و هەر بۆیە ڕێک لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل گۆڕانکارییەکان لە سووریا دەستی پێ کرد تا گەیشتە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ماوەیەکی زۆر خێرا. ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا وای کرد کە ئیسرائیل جگە لەوەی کە دڵنیا ببێتەوە کە جارێکی دیکە حزبوڵڵا لە ڕووی سەربازییەوە ناتوانێت خۆی ڕێک بخاتەوە، بەتەواوەتی دەستی ئێران و لایەنگرانی لە ناوچەی دەستڕۆیشتوویی (نفووز) و بازنەی ئاسایشی خێرای ئیسرائیل بڕی.

جگە لەمانەیش، ئیسرائیل بە لەناوبردنی هەموو توانا سەربازییەكانی سوپای بەشار ئەسەد، بۆ ماوەیەکی درێژ ئاسایشی خۆی دەستەبەر کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت نەزمی نوێی خۆی لە ناوچەکەدا جێگیر بکات و هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت. بۆیە لە ئێستادا ئیسرائیل دەستکراوەیە لە هاوکێشەکانی داهاتووی سووریا و لوبنان و غەززە و تەنانەت کەرتی ڕۆژاوا. هەروەها بۆ هێنانەدیی نەزمی نوێ، ئیسرائیل ئێستا بە لەناوبردنی تواناکانی سوپای سووریا و پاشەکشەی بەرفراوانی ڕووسیا لە ڕووی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە، دەتوانێت بەئاسانی ئاسمانی سووریا بەکار بێنێت بۆ لێدان لە میلیشیاکانی عێراق و بەتایبەتی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکی و ئابوورییەکانی ئێران؛ بەو پێیەی کە لە دوایین هێرشی خۆیدا بەشێکی زۆر لە توانا ئاسمانی و مووشەکییەكانی ئێرانیشی لەناو بردووە. هەر ئەمەیش ڕێگە خۆش دەکات کە داهاتووی سووریا بەرەو نا-ناوەندییەتی و تەنانەت سێ هەرێمی بە دەسەڵاتێکی لاواز و سیمبولی لە دیمەشق بڕوات.

ئەوەی ڕاستی بێت، ئیسرائیل بە ڕووخانی ئەسەد ئاڵقەی ئاگر (Ring of Fire)ی ئێرانی کوژاندەوە، هەروەها لە ڕووبەری ناوچەی خۆڵەمێشی (Gray Zone)ی کەم کردەوە و تەنانەت جەنگی لەو ناوچەیە بە قازانجی خۆی یەکلایی کردەوە. هەرچەندە ئەگەر ئێران جارێکی دیکە ڕێگەیەک بۆ دزەكردن بۆ ناو سووریا بدۆزێتەوە یان گرووپە تیرۆریستییەکان باڵادەست بن و سەردەمێکی پشێوی و شەڕی ناوخۆیی لە سووریا سەر هەڵبداتەوە، ئەوە مەترسی بۆ ئیسرائیل دروست دەبێت؛ بەڵام لەو حاڵەتەیشدا ناکاتە ئەوەی پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و باڵادەستیی ئێران و ڕووسیا لە ناوچەکە، چونکە بەشێک لە چەکی حزبوڵڵا، ڕووسی بوون و ئاسمانی سووریاش بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندیی ڕووسیا بۆ فڕۆکە ئیسرائیلییەکان پارێزراو نەبوو. هەر ئەمەیش توانای مانۆڕی ئیسرائیلی لە ڕووی سەربازی و تەنانەت سیاسی لاواز کردبوو.

بەڵام ئیسرائیل کارتی کورد و دروزەکانی لەدەستدایە کە دەتوانێت لە کاتی پێویستدا لە بەرامبەر تورکیا و پرۆکسییەکانی بەکاریان بهێنێت و، تەنانەت قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل (Gideon Saar) سەبارەت بە درێژکردنی دەستی هاوکاری بۆ “کورد و کەمینەکان” و ئەوەی کە کورد “هاوپەیمانێکی سروشتی”ی ئەم دەوڵەتەیە، هەروەها ئاماژەكردنی بەوەی كە کوردەکان “قوربانیی ستەم و دەستدرێژیی ئێران و تورکیان” و، هەروەها كە وتی ئیسرائیل پێویستیی بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵیان هەیە، هەموو ئەم لێدوانانە جێی بایەخن. تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەیش کرد، ئەمە هەم لایەنی سیاسی و ڕەهەندی ئاسایشیی هەیە. بۆیە دەکرێت ئەم لێدوانانە لەم چوارچێوەیەدا شرۆڤە بکرێت؛ ئەمە جگە لە دەستڕۆیشتووییی ئیسرائیل لەسەر ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە بەرامبەر تورکیا.

سێیەم: ئەمریکا

ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا هەر کامەیان وەکوو براوەی ئەم هاوکێشەیە دادەنرێن، چونکە هەم ڕووسیا پێگەی لە سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی دەریای سپیی ناوەڕاست لەرزۆک و لاواز بووە و هەمیش ناوبانگ و پرستیژی ئەو وڵاتە لەناو دەوڵەتانی ناوچەکەدا زیانی پێ کەوتووە؛ ئەمە جگە لەوەی کە سووریا وەکوو کار و پێگەیەک بووە بۆ گوشارخستنە سەر ئەمریکا و دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان ئەکتەرە هەرێمایەتییەکان؛ چونکە ڕووسیا لە یەک کاتدا پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا و بەشار سەد هەبوو و لە هەمان کاتیشدا لەگەڵ ئێران و ئیسرائیل. هەر بۆیە لەدەستدانی سووریا بۆ ڕووسیا، بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئەمریکا و ئەوروپییەکان دادەنرێت. جگە لەمانەیش، ئەمریکا وەکوو ئیسرائیل بە لاوازبوونی بەرەی موقاوەمە و ئێران، براوەی هاوکێشەکانە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەمریکا بۆ دانوستانەکانی یاخود گوشارەکانی لە هەمبەر ئێران، چیتر وەکوو ساڵی ٢٠١٥ و پێشووتر پێویستیی بە ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا نییە بۆ جەنگی دژی تیرۆر، کە بیەوێت دەستی ئێران لە سووریا ئاوەڵا بکات یاخود بە شێوەیەکی نەنووسراو ئێران بتوانێت سووریا و دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە بە ناوچەی دەستڕۆیشتووییی خۆی پێناسە بکات. هەروەها بە دەرچوونی ئێران و لاوازکردنی ڕووسیا لە سووریا، ئەوە ئەمریکا باشتر دەتوانێت لە ئۆکراینا گوشار بۆ سەر ڕووسیا دروست بکات بۆ گەیشتنە ئاگربەست یان ڕێککەوتنێکی گریمانەکراوی ئاشتی.

هەروەها نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە ڕووخانی ئەسەد وا دەکات کە ڕووسیا لە تورکیا دوور بکەوێتەوە، چونکە پێشتر تورکیا ناچار بوو کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، لە ڕووسیا نزیک ببێتەوە و هەر ئەمەیش وای کرد کە تورکیای ئەندامی ناتۆ، چ لە سووریا و چ لە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینادا لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئەندامانی ناتۆدا سیاسەت نەکات و جۆرە هاوسەنگییەک دروست بکات لە بەرژەوەندیی خۆی کە هەندێ جار بەپێچەانەوەی سیاسەت و ئەجێندا سەربازییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی بووە.

چوارەم: ڕووسیا

ڕووسیا بە دۆڕاوی ڕووخانی بەشار ئەسەد دادەنرێت، ئەگەر بەنهێنی و لە بەرامبەردا هیچ دەستکەوتێکی لە ئۆکراینادا دەستەبەر نەکردبێت. ڕووخانی ئەسەد وا دەکات کە تورکیا بەئازادانەتر مامەڵە لەگەڵ ڕووسیا بکات لە ناوچەی دەرەوەی نزیکی ڕووسیا لە قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست و، هەروەها ڕووسیا کە توانیبووی بە کارتی سووریا، تورکیا لە ئەمریکا و ناتۆ دوور بخاتەوە و تەنانەت بەشێک لە ئابڵووقە و سزاکانی سەر خۆی لا بدات و ناکۆکی لە ئەندامانی ناتۆ سەبارەت بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی یەکگرتوو لە جەنگی ئۆکراینادا دروست بکات، لە ئێستادا چیتر ناتوانێت وەکوو پێشوو ئەسەد و سووریا بەکار بێنێت بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز لە تورکیا و دوورخستنەوەی تورکیا لە ئەمریکا و ئەوروپییەکان. جگە لەمانەیش، باڵادەستیی ڕووسیا لە سووریا وای کردبوو، کە تورکیا پێویستیی بە ڕووسیا بێت بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک لە نێوان ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان لە سووریا دروست بکات بە مەبەستی پاراستنیان لە هەمبەر ئەکتەرە نادەوڵەتییەكانی لایەنگری ئێران.

لە لایەکی دیکەیشەوە ڕۆڵ و پێگەی ڕووسیا لە وڵاتانی ئەفریقی کە دەرفەتێک بووە بۆ ڕووسیا بە کەوتنەمەترسیی داهاتووی دوو بنکەی دەریایی و ئاسمانیی ڕووسیا لە “لازقییە” و “حمیمیم”ی سووریا وا دەکات كە پێگەی لە هەمبەر ئەمریکا لە ڕووی لۆجیستییەوە بۆ گواستنەوەی هێز و کەلوپەلی سەربازی بۆ ئەفریقا لاوازتر بێت.

بە لەدەستدانی سووریا، پێگەی ڕووسیا لە دەریای سپیی ناوەڕاست لاوازتر دەبێت؛ چونکە بەهۆی لەدەستدانی بنکەی دەریایی لە تەرتووس، ڕووسیا ناتوانێت ئۆپەراسیۆنی دەریاییی بەرفراوان لە دەریای سپیی ناوەڕاست ئەنجام بدات. بۆیە ئەگەر ڕێککەوتنێکی خێرا لەگەڵ سوپای نیشتمانیی لیبیا (LNA)ی خەلیفە حەفتەر لەسەر ئاسانکاری بۆ ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا نەکرێت، ئەوا ئەگەری زۆرە ڕووسیا تووشی دابڕانی درێژخایەن بێت لە دەریای سپیی ناوەڕاست و لە ڕووی لۆجستیکی لە مالی، بورکینافاسۆ، ئەفریقای ناوەڕاست و سوودان کێشەی گەورەی بۆ دروست دەبێت.

 دەبێ ئەوەیش بڵێین كە، ڕووسیا ناتوانێت وەکوو پێشووتر ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان دەوڵەتانی پێکناکۆکی ناوچەکەدا بگێڕێت و سەرنجی وڵاتانی عەرەبی و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی دژبەری ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت؛ هەرچەندە مانەوەی ئێران دەتوانێت ئەو ڕۆڵەی ڕووسیا تا ڕاددەیەک دەستەبەر بکات یاخود لە توانایدایە لە ناوچەی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست گوشار لەسەر تورکیا دروست بکات.

پێنجەم: ئێران و هێزە پرۆکسییەکان

جیاوازیی مه‌زهه‌بی، كه‌لتووری، سیاسی و ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌یی و ناسنامه‌ییی ئێران، وای كردووه‌ كه‌ ئەو وڵاتە نه‌توانێت له‌گه‌ڵ دراوسێكانی و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌ و كه‌نداودا هاوپه‌یمانێتی پێك بێنێت. بۆیه‌ هه‌وڵدانی ئێران له‌ ڕێگه‌ی پاڵپشتی له‌ فه‌له‌ستینییه‌كان و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل، به‌شێكه‌ له‌و ستراتیژییه‌ی كۆماری ئیسلامی بۆ ده‌ربازبوون له‌ گه‌مارۆی جیۆسیاسی و ستراتیژی له‌ ناوچه‌كه‌دا و دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌ ده‌و‌ڵه‌تی و نا-ده‌وڵه‌تییه‌كانی ناوچه‌كه‌؛ ئه‌مه‌یش بۆ زیاتركردنی پێگه‌ و نفووزی له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌ مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی بوونناسانه‌ و مانه‌وه‌ی خۆی.

له‌ ڕاستیدا ڕووخانی ڕژێمی ئه‌سه‌د، ده‌توانێت هه‌م حزبوڵڵای لوبنان و هه‌میش گرووپە فەلەستینییەکان لاواز بكات؛ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ سووریا تاكه‌ پێگه‌ و بنكه‌ی كۆماری ئیسلامی بوو‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی، كه‌ توانای هەبێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاوكێشه‌ جیۆسیاسی و ناوخۆیییه‌كانی جیهانی عه‌ره‌بی دروست بكات.

به‌م پێیه‌، ئێران پێی وایه‌ كه‌ ڕووخانی ئەسەد، سه‌ره‌تای ڕووخان و جه‌نگە له‌ دژی ئێران‌. بۆیه‌ كۆماری ئیسلامی پێی وایه‌، كه‌ بوونی قه‌یرانی سووریا وه‌كوو ئاڵقه‌ی پێكگه‌یشتنی به‌ره‌ی ناسراو به‌ به‌ره‌ی به‌رگریی ئیسلامی و قووڵاییی ستراتیژیی ئێران، به‌شێكه‌ له‌ ستراتیژیی ڕۆژاوا و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ی نه‌یاری ئێران بۆ كۆنترۆڵ و سنوورداركردن و  لاوازكردنی كۆماری ئیسلامی و، به‌گشتی گه‌مارۆدان و لاوازكردنی جیۆپۆلیتیكیی شیعه‌‌.

هەر بۆیە ئەوەی ڕاستی بێت دۆڕاوی یەکەم و سەرەکی لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرەی ناسراو بە موقاوەمەیە. هەرچەندە ئێران توانیی بە یارمەتیی ڕووسیا بە پلەی یەکەم و حزبوڵڵای لوبنان و گرووپە میلیشیایییەکانی دیکەی عێراقی و ئەفغانی و پاکستانی و…، بۆ ماوەیەک بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات بهێڵێتەوە، بەڵام زنجیرەی ڕووداوەکان لە پاش کوشتنی قاسم سولەیمانی و بەتایبەتی جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا و بەم پێیەیش تێوەگلان و سەرقاڵبوونی ڕووسیا بە جەنگەوە، هەروەها لە هەموو ئەمانەیش گرنگتر، گۆڕینی ستراتیژیی سەربازی و بەرگریی ئیسرائیل بەهۆی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و کوشتنی سەرکردە باڵاکانی حزبوڵڵا و لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی لە پاڵ مەترسیی جەنگی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل و ئێران وای کرد کە، نەتوانێت ڕژێمی ئەسەد بپارێزێت. نەمانی ئەسەدیش بە واتای کۆتاییهاتنی هیلالی شیعی و پچڕانی ئاڵقەی پەیوەندیی نێوان ئێران و میلیشاکانی لە فەلەستین و لوبنان دێت. تەنانەت ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد وەکوو سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی ئێران سەیر دەکرێت؛ بەو پێیەی گەورەترین هاوپەیمانی ئێران لە وڵاتانی عەرەبی لە پاش شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٩ وا دەکات کە ئێران چیتر دەستی بە لوبنان و فەلەستین ڕانەگات و لە هەمان کاتیشدا تورکیا وەک ڕکابەرە مێژوویییە هەرێمایەتییەکەی و گرووپە لایەنگرە سوننەکانی، بەسەر ناوچەی دەستڕۆیشتووییی نەریتیی ئێراندا زاڵ ببن؛ ئەوە جگە لەوەی کە حزبوڵڵای لوبنان وەکوو گەورەترین و کاریگەرترین هێزی پرۆکسیی ئێران لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا بەتەواوی گۆشەگیر و لاواز بکرێت.

 ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد جگە لەوەی هەموو وەبەرهێنانە ئابووری و دارایی و سەربازی و سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکانی ئێرانی ڕووخاند، لە هەمان کاتیشدا ستراتیژیی ئاڵقەی ئاگرینی لە دەوری ئیسرائیل کۆتاییی پێ هێنا و گەورەترین کارتی ئێرانی لە هەمبەر ئیسرائیل لەدەست دا، کە ئەویش ناوچەی خۆڵەمێشیی سووریا بوو بۆ ئێران. بۆیە هاوکێشەکە تەنیا ڕێڕەوی گواستنەوەی چەک و میلیشیاکان و دەستپێڕاگەیشتن بە حزبوڵڵای لوبنان و سنوورەکانی ئیسرائیل نییە، بەڵکوو لەدەستدانی ناوچەی خۆڵەمێشی و دۆڕان لەو ناوچەیە، بە واتای شکستی سەربازی و دروستبوونی مەترسیی ئاسایشی دێت.

لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ستراتیژیی سەربازیی ئێران کە لەسەر بنەمای پرۆکسییەکان و بەم پێیەیش جەنگی ناوهاوسەنگ (asymmetric warfare)، هەروەها بەرزکردنەوەی توانا مووشەکی و درۆنییەکان بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان لە سنووری ئێران بوو، لەناو چووە و هەر ئەمەیش وا دەکات کە کۆماری ئیسلامی هەست بە مەترسیی ئاسایشی بکات.

لە ڕاستیدا حزبوڵڵا و حەماس و ڕژێمی ئەسەد نەک نەیانتوانی مەترسییەکان لە ئێران دوور بخەنەوە، بەڵکوو ئێستا ئێرانیان ڕووبەڕووی دۆخێکی نەخوازراوی ئاسایشی کردۆتەوە کە وا دەکات ئێرانییەکان خوێندنەوەیان ئەوە بێت کە لێدان لەو بنەما و پرۆکسی و دارایییە ستراتیژییانەی ئێران لە ناوچەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە، بە مەبەستی لێدان و ڕووخانی خودی کۆماری ئیسلامی یاخود لانی کەم کۆتاییهێنان بەم نەزمە بێت کە وای دەکرد ئێران بەسەر چوار پایتەختی ناوچەکەدا حوکمڕان و دەسەڵاتدار بێت. تەنانەت ئەوەی وای دەکرد کە ئیسرائیل و ئەمریکا لە گۆڕینی ڕژێمی ئێران و، هەروەها لێدان لە بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی سڵ بکەنەوە یاخود پاشگەز ببنەوە، ئەو ستراتیژییە بەرگرییە سەربازییەی ئێران بوو لە ناوچە خۆڵەمێشییەکان. هەر بۆیە لەدەستدانی، بە واتای هێنانە سەرمێزی ئەو سیناریۆ و ئەگەرانە دێت کە پێشووتر کەمتر بیری لێ دەکرایەوە. ئەوە جگە لەوەی کە وڵاتانی عەرەبییش هەر بەهۆی ئەو ستراتیژییە سەربازییە بوو کە هەوڵیان دەدا هاوسەنگییەک لە نێوان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە دروست بکەن و ئەمەیش جۆرە باڵادەستی و دڵنیایییەکی ئاسایشیی دەدایە ئێران.

لە لایەکی دیکەیشەوە، فەلەستینییەکان و حزبوڵڵا و تەنانەت میلیشیاکانی عێراقی و تا ڕاددەیەکیش حووسییەکانی یەمەنی، چیتر ناتوانن بە سیاسەتی یەكێتی و یەکپارچەییی گۆڕەپانەکانی ئێران باڵادەستیی خۆیان بپارێزێن یاخود بیانەوێت وەکوو ڕابردوو بەدواداچوون بۆ بەرژەوەندی و سیاسەتەکانیان بکەن و تەنانەت مەترسی لەسەر مانەوەی خۆیان هەیە و ئەگەری چەککردنی حزبوڵڵای لوبنان و کۆتاییهێنان بە میلیشیاکانی عێراقی و گۆشەگیرکردن و لاوازکردنی تەواوەتیی حووسییەکانی یەمەن، ئەگەرێکی زۆر بەهێزە وەکوو بەشێک لە نەزمی نوێی ئیسرائیل.

سیما و تایبەتمەندییەکانی نەزمی نوێی ئیسرائیل

هاوسەنگی و هاوکێشەکانی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بریتییە لە سیما و تایبەتمەندییەکانی نەزمی نوێی ئیسرائیل. بەم واتایەی کە بەپێی ئەو ڕووداو و گۆڕانکارییانەی کە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ قۆناغ بە قۆناغ هاتۆتە دی و لە ئێستادا ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریای لێ کەوتەوە، دەری دەخات کە جێگۆڕکێ بە ئەکتەرەکان دەکرێت و هەموو ئەمانەیش دەبێت لە چوارچێوەی ئەو نەزمە نوێیە بێت.

لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، تورکیا بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو نەزمە نوێیە ناوچەیییە و پڕکردنەوەی بۆشاییی هێز لە ناوچەکە لە پاش لاوازکردنی بەرەی موقاوەمە، سیاسەتی خۆی هەماهەنگ کردووە و تەنانەت دەرفەتەكەی قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی ئەو هاوسەنگییە نوێیە لە قازانجی تورکیا بێت و تەنانەت تورکیا ببێتە ئەکتەری سەرەکیی ڕووداوەکانی ناوچەکە لە بری ئێران و پرۆکسییەکان و، لەم ڕێگەیشەوە پرسی کورد لە دەرەوەی سنوورەکانی چارەسەر بکات. لێرەدا خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە کە تاوەکوو ئێستا تورکیا بەشێک بووە لەو نەزمە نوێیەی ئیسرائیل بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییی هێز لە سووریا و تەنانەت لە داهاتوودا لە لوبنان و عێراق. بەڵام ئەگەر ئیسرائیل هەست بکات کە تورکیا و لایەنگرە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان دەبنەوە هەڕەشە، ئەوە ئیسرائیلیش بە کارتی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکە و بە یارمەتیی وڵاتانی عەرەبی، ڕۆڵی تورکیا سنووردار دەکات.

بە شێوەیەکی گشتی ڕەوتی ڕووداوەکان پێمان دەڵێن کە نەزمی نوێی ئیسرائیل ئەم تایبەتمەندییانەی دەبێت:

١- کۆتاییهێنان بە زۆنی خۆڵەمێشیی ئێران و ئەکتەرەکانی دیکە لە ناوچەکە؛ بەم پێیەیش گواستنەوەی مەترسییەکان بۆ ناو خودی ئێران.

٢- کۆتاییێهێنان بە زۆنە خۆڵەمێشییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، بە مانای نا-کاریگەرکردنی پرۆکسی و میلیشیاکانی ئێران دێت. بەم پێیەیش بەرەی موقاوەمە بەم شێوەیەی ئێستا هەڵدەوەشێتەوە.

٣- بەرەی عیبری- ئەمریکی لە بەرامبەر بەرەی ئێرانی-شیعی-ڕووسی، دەبێتە بەرەی تورکی-سوننەی ئیخوانی لە بەرامبەر بەرەی ئێرانی-شیعی و، هەروەها ئەگەری گواستنەوەی ململانێکان بۆ بەرەی تورکی-سوننەی ئیخوانی لە بەرامبەر بەرەی عەرەبی-سوننە بە پاڵپشتیی بەرەی عیبری-ئەمریکی دێت.

٤- ئیسرائیل ئاڵقەی ئاگر لە سنوورەکانی خۆی کۆتاییی پێ دێنێت و داگیرکردنی جۆلان دەبێتە هەمیشەیی و، بە بەشێک لە خاکی ئیسرائیل دەمێنێتەوە.

٥- حزبوڵڵای لوبنان لە چەک دادەماڵرێت و هاوسەنگیی هێز لەو وڵاتە لە زیانی ئێران و بە ئاراستە و هاوتەریبی وڵاتانی ڕۆژاوایی-عەرەبی دەگۆڕدرێت.

٦- میلیشیاکانی شیعەی لایەنگری ئێران لە عێراق، یان هەڵدەوەشێنەوە یان ئەوەی لەلایەن ئیسرائیلەوە لەناو دەبرێن.

٧- سووریایەکی لاواز و بۆ ماوەیەکی زۆر ناسەقامگیر بێت و، یارمەتیی پلانی ئیسرائیل لە نەزمی نوێ دەدات.

٨- کۆماری ئیسلامی نابێت چەکی ئەتۆمیی هەبێت و، تەنانەت ئەگەری گۆڕینی سیستەمە سیاسییەکەی لە ئارادایە.

کۆبەند

هەرچەندە ڕووخانی بەشار ئەسەد و کۆتاییهاتنی هیلالی شیعی و بڕینی دەستی ئێران و تەنانەت لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی و بەرەی موقاوەمە لە ڕێگەی سووریاوە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ وڵاتانی عەرەبی کەنداو و میسر، بەڵام بەهێزبوونی تورکیا بەسەر جیهانی عەرەبی و باڵادەستیی ئیخوانییەکان وەکوو مەترسییەکی بەجێماوی سەردەمی “بەهاری عەرەبی”، گەورەترین مەترسییە بۆ وڵاتانی عەرەبی؛ چونکە وڵاتانی عەرەبی-جگە لە قەتەر- تورکیایەکی ناعەرەبی و لە چوارچێوەی ستراتیژیی نیۆعوسمانیزم لە ناوچەکە بە مەترسی دەزانن. لە لایەکی دیکەیشەوە، وڵاتانی عەرەبی، تورکیا بە مەترسی دەزانن کە خۆی بە ناوەندی سیاسی و سەرکردەی جیهانی ئیسلام بزانێت و تەنانەت ڕۆڵی سعوودیا و ئیمارات و میسر بۆ ئەمریکا و تەنانەت ئیسرائیل بگێڕێت.

ڕەفتاری دەرەکیی تورکیا لە هەمبەر کورد تاوەکوو ئێستا لەژێر کاریگەریی Sèvres syndrome خوێندنەوەی بۆ دەکرێت؛ بەم واتایە کە ترس لە کورد لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی وەکوو بەشێکی سەرەکی لەم سێندرۆمە، سیاسەتی تورکیا لە سووریا ئاراستە دەکات. بەڵام پێ ناچێت سەرکەوتنی تورکیا لە ڕووخانی ئەسەد لە سووریا وەکوو ئەکتەرێکی باڵادەست بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت، چونکە نەیار و ئەکتەری بەهێزی ناوچەیی، بەرژەوەندییان دەکەوێتە مەترسییەوە. هەروەها نەزمی نوێی ئیسرائیلی، سیما و تایبەتمەندییەکانی دەرکەوتووە و لە هەموو ئەگەرەکاندا دۆڕاوی سەرەكی، کۆماری ئیسلامیی ئێرانە؛ هەرچەندە ئێران خۆی بۆ گەڕێکی دیکەی جەنگی ناوخۆیی لە سووریا ئامادە دەکات. بەڵام دەستپێشخەریی ئیسرائیل دەتوانێت ئەو دەرفەتەیش بۆ ئێران لەبار ببات، چونکە پێش ڕێکەوتی ١٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٥ و کۆتاییهاتنی دەرفەتی بەکارهێنانی میکانیزمی ماشە (trigger) یاخود snapback mechanism  لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ بەپێی بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش لە نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١ کە ئێستا بۆتە ٤+١، کۆتایی دێت و، دەبێت پێش ئەو ڕێکەوتە پرسی ئەتۆمیی ئێران چارەسەر بکرێت. لە ئێستادا و بەهۆی شکستی دۆکترینی سەربازیی ئێران لە دوای ڕووخانی ئەسەد و ڕووداوەکانی پاش ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، ئەوە تەنیا دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەتوانێت توانای ڕێگریکردن (deterrence)ی ئێران بگەڕێنێتەوە و، ئەمەیش لەلایەن ئەمریکا- ئەوروپا بەگشتی و بەتایبەتی ئیسرائیلەوە ئەستەمە قبووڵکراو بێت.

image_pdfimage_print