(کورد دەبێ لە هاوکێشە ئاڵۆزەکاندا وەبەرهێنان بکات)
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران
ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى نوێ لە ڕوانگەى ستراتیژییەتى ئیسرائیل و ئەمریکا
لەوانەیە تەواوى ڕووداوەکان بەپێی تیۆرییەکە نەبن، بەڵام ئاکامەکە هەر بەو ئاڕاستەیەیە. تێگەیشتن لە زاراوە، واقع، ژینگە و جیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست نە کارێکی سادەیە و نە گەنگەشەیەکى نوێیە، تەنیا ئەوەندە نەبێ، کە ئێمە لەم وتارەدا دەمانەوێ ئاماژە بەوە بدەین، کە پەیوەندییەک لە نێوان ڕووداوەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و “پڕۆژەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گەورە”دا هەیە. هەر بۆیە چەمکەکە لاى بریتانییەکان هەر لە کۆنەوە هەبووە و جیاواز بووە بە بەراورد لەگەڵ تێگەیشتنى جیهانى عەرەبی بۆ چەمکەکە؛ لاى ئەمریکی و ئیسرائیلییش بە هەمان شێوە، پێشتر چەندان چەمکی هاوشێوە هەبوون: “ڕۆژهەڵاتى نزیکی کۆن” (Ancient Near East)، “ڕۆژهەڵاتى نزیک” (Near East)، “ڕۆژهەڵاتى دوور” (the Far East)، “پرسی ڕۆژهەڵات” (the Far East)، “هاوبەشیی یۆرۆناوەڕاستى” (Euro-Mediterranean Partnership) و “ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست” (Middle East) [1]( 1 ). ئێستایش دوو زاراوەى تر هەن کە بەبەردەوامى باس دەکرێن سەبارەت بەو ناوچە جیۆپۆلیتیکییە، ئەوانیش دوو زاراوەى ئەمریکی – ئیسرائیلین: “ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى نوێ” (New Middle East) و “ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گەورە” (Greater Middle East).
پڕۆژەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گەورە
پڕۆژەیەکى توێژینەوە بوو لە ئایارى 2004 لەلایەن دامەزراوەى “کارنیگی بۆ ئاشتیى نێودەوڵەتى” ئامادە کرابوو، بۆ ئەوەى ئەمریکا وەک بەشێک لە ئەجێنداى کۆبوونەوەى لووتکەى G8 کە لە حوزەیرانی ساڵی 2004 ساز درا. مەبەست لەو پڕۆژەیە گۆڕانکاریى ڕیشەیی بوو لە مامەڵەى ڕۆژاوا لەگەڵ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقا، کە خاڵى جەوهەری تێیدا بریتی بوو لە چاکسازی لەسەر ئاستى دەسەڵاتى سیاسی، ئابوورى و سیستەمى کۆمەڵایەتى. ئەو پڕۆژەیە بەڕاشکاوانە لەلایەن جۆرج بووشی کوڕ لە کۆبوونەوەى لووتکەى دەوڵەتانى پیشەسازیی G8 لە ساڵی 2024 بانگەشەى بۆ کرا و خرایە سەر مێزى بەرنامەی کارەوە. بەپێی ئەو پڕۆژەیە، تەواوى دەوڵەتانى عەرەبی (21 دەوڵەت + دەسەڵاتى سیاسیی فەلەستینی)، تورکیا، ئیسڕائیل، ئێران، ئەفغانستان و پاکستانى دەگرتەوە؛ واتە 26 دەوڵەتە و فەلەستینیش وەک حکوومەتى بێدەوڵەتى چاودێر لە ئەنجومەنى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان. پێشنیارى ئەوەیش هەبوو کە ئەو ژمارەیە بگاتە نزیکەى 40 دەوڵەت؛ بەوەى دەوڵەتانى ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستى ئاسیایشی بخرێتە پاڵ. پڕۆژەکە بۆ گەیشتن بە پرۆسەى چاکسازی، جەختى لە سێ بنەماى سەرەکی دەکردەوە، ئەوانیش( 2 ):
- هاندانی دیموکراسییەت و حوکمڕانیی دروست، ئەویش لە دووتوێی: هەڵبژاردنى ئازاد، پێشکەشکردنى هاوکاریى تەکنیکی، بەرزکردنەوەى بەشداریى ئافرەتان لە کاروبارى سیاسی و مەدەنى و یاسایی، چاکسازی لە بوارى دادوەرى، میدیاى سەربەخۆ و ئازاد، دژایەتیى گەندەڵی و پەرەپێدانی بکەرانی کۆمەڵگەى مەدەنی.
- بنیاتنانى کۆمەڵگەى مەعریفی بە هاوکاریکردنى بوارى پەروەردە و فێرکردن.
- فراوانکردنى دەرفەتە ئابوورییەکان، چاکسازی لە بوارى دارایی، پشتیوانیی دارایی بۆ پڕۆژە بچووکەکان، بنیاتنانى دامەزراوەیەکی دارایی و دامەزراندنى بانکی گەشەپێدان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە، باشترکردنى خزمەتگوزارییە دارایییەکان، بوون بە ئەندامى دەوڵەتانى ناوچەکە لە ڕێکخراوى بازرگانیى جیهانی و هتد.
ئەو پڕۆژەیەیش بۆ ئەو مەبەستە بوو، تا سەرلەنوێ ئەمریکا خۆى بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بکاتەوە و ئیسرائیلیش بکاتە پێشەنگ و بکەرى یەکلاکەرەوەى هاوکێشە سیاسییەکان؛ جارێکی تر سەرچاوەکانى وزە کۆنترۆڵ بکاتەوە؛ پەرتکردنى سیستەمى ناوچەیی و گۆڕینی بە سیستەمى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گەورە؛ دەرخستنى هەندێ سیستەمى سیاسی کە لەگەڵ پڕۆژەکەدا تەبا بن و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و ئیسڕائیل بپارێزن. لە ڕووی کۆمەڵایەتییشەوە دەبێ کەلتوورى عەرەبی و ئیسلامی کاڵ و بێکاریگەر بمێنێتەوە و لە کەلتوورى لیبراڵی شوێنیان بگرێتەوە؛ چونکە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکی پڕبایەخى هەیە( 1 ): 12.5% ڕووبەرى جیهان پێک دێنێت و بەسەر هەردوو زەریاى هێمن و ئەتلەنتیکدا دەڕوانێ و پێکیانەوە دەبەستێتەوە، 15 دەریا، 5 کەنداو، 7 دوورگە، 64% یەدەگی وزەى جیهانی، نزیکەى 10%ی دانیشتووانى جیهان، 20 دەوڵەتى بەرهەمهێنی نەوت و غازی تێدایە؛ بەوەى هەر دەوڵەتێک بەسەر ئەو ناوچەیەدا زاڵ بێت، دەتوانێت کاریگەر بێ بەسەر پرۆسەى دروستکردنى بڕیارى نێودەوڵەتییەوە.
پڕۆژەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ
پڕۆژەیەکی سیاسی-ئابووریی نوێی ئیسرائیلە، کە بیرۆکەکەى دەگەڕێتەوە بۆ “بێرنارد لویس” (Bernard Lewis 13/5/1916 – 19/5/2018). ئەو لە خێزانێکی چینی مامناوەندیى جوولەکەیە. ئەو لە بنەچەدا ڕۆژهەڵاتییەکی جوولەکەى بریتانییە، بەڵام دواتر لە ساڵانی حەفتاکانى سەدەى پێشوو چۆتە ئەمریکا و لە ساڵی 1982دا ڕەگەزنامەى ئەمریکیی بەدەست هێناوە. “لویس” شارەزایە لە مێژووى ئیسلام و کاریگەریى نێوان ئیسلام و ڕۆژاوا؛ هەروەها لە دیارترین ئەو کەسایەتییانەیە کە بانگەشەى بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەى نیشتمانى عەرەبی دەکرد لە دواى سایکس بیکۆ. لە دونیاى عەرەبى بەوە تاوانبارى دەکەن کە زۆر ڕقی لە عەرەب و موسڵمانانە؛ زۆر ڕقی لە عەرەب و موسڵمانان بوو، کاتێکیش چووە ئەمریکا، زۆرێک لە نیوکۆنسێرڤاتیڤەکان (neoconservatives) ڕاوێژیان پێ دەکرد. هەمیشە بەتاسەوە بانگەشەى بۆ ئەوە دەکرد: گوایە ئاییندەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پڕیەتی لە دوژمنایەتى بۆ ڕۆژاوا. هەروەها دەیگوت: یان دەبێ ئازادییان- ئەو مەبەستى Liberalism بوو- بۆ دابین بکەین یان لەناومان دەبەن. ئەو بانگەشەى ئەوەى دەکرد، کە بڵاوکردنەوەى دیموکراسییەت پێویستە لەو ناوچەیە، بۆ بەرەنگاربوونەوەى بزاڤی ئیسلامیی توندڕەو، کە هەندێکیان پەیڕەویى تیرۆر دەکەن. زیاتر ئاماژە دەدا و دەڵێت: ئەو ڕژێمە فەرمانڕەوایانەى کە هەن، تیرۆریان بەرهەم هێناوە، هەر بۆیە دەبێ ناوچەکە دواى سایکس بیکۆ جارێکی دی لەسەر بنەماى ئیتنی و ئایینی دابەش بکرێتەوە؛ مەبەستەکەیش بۆ زاڵبوونی ئیسرائیلە لەناویاندا و نەهێشتنى مەترسییەکانە لە بەردەم دەوڵەتى جوولەکە. هەر بۆیە کاتێک بێرنارد لویس بۆ گەیشتنە ئامانجەکەى چووە ئەمریکا، لە ساڵی 1983 بانگەشەى تیۆریى ئاژاوەى داهێنەرانە (Creative Chaos)ی کرد( 3 ).
تێڕوانینی سەرکردەکانى ئیسرائیل بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوچەکە هەر لەسەر ئەو بنەمایەیە؛ بەوەى ناوچەیەکە لە فرەئیتنی، کەلتوور، ئایین و کەمەنەتەوەکان، نەک نیشتمانى عەرەب و موسڵمانان، زیاتر بانگەشەیان بۆ پێکەوەژیان و ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى دەوڵەتانى ئیسلامی و ئیسرائیل دەکرد.
“شیمۆن پێرێز” (2/8/1923 – 28/9/2016)، كتێبێكی هەیە بە ناوى “ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى نوێ”. ئەو کاتەى وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیل بوو لە 28/9/1993 لە کۆبوونەوەى ساڵانەى ئەنجومەنى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەردەم دەوڵەتانى ئەندام، بانگەشەى بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى نوێ کرد، ئەویش دواى بەستنى ڕێککەوتننامەى نێوان ئەوان و فەلەستینییەکان؛ بەوەى ئاسایشی ئیسرائیل بەستراوە بە تەواوى مسۆگەرکردنى ئاسایشی ناوچەکە(4). ئەو بانگەشەیە سەرلەنوێ لەلایەن نەتانیاهۆى سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە لە هەمان شوێن لە ئەنجومەنى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان دواى 31 ساڵ لەوەى شیمۆن پێرێز، دووبارە کرایەوە، بەڵام ئەم جارەیان بە دوو نەخشەی سیاسیی نوێوە؛ لەسەر یەکێکیان نووسرا بوو “بەرەکەت”، ئەوی تریشیان “نەفرەت”.
کەواتە ئەو پرسیارەى کە نۆرەیەتی بکرێ، ئەوەیە: ئێستا کام لەو دوو پڕۆژەیە بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کارى لەسەر دەکرێت؟ وەڵامەکە ئەوەیە: هەردووکیان. ئەوەى ئەمریکا، مەودا فراوانەکەى ستراتیژییەتى ئەمریکییە، کە لە هەناویدا ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستى نوێ دروست دەکات؛ بەڵام ئەوەى دووەمیان زیاتر پوختکردنەوەیە لە بەرژەوەندیى ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل و لەژێر چەترى ستراتیژییەتى ئەمریکا لە ناوچەکە بەرەوپێش دەبردرێت. ژمارەى دەوڵەتانی پڕۆژەکەیش لەوەى ئەمریکا جودایە: یەکەمیان نزیکەى 40 دەوڵەتە، بەڵام ئەوەى ئیسرائیل تەنیا 19 دەوڵەتە، کە لەناویاندا 17 عەرەبین؛ لەو ژمارەیە لەگەڵ 10 دەوڵەتان گرفتى نییە (مەغریب، جەزائیر، میسر، عەرەبستانی سعوودی، کوێت، قەتەر، بەحرێن، ئیمارات، عوممان و ئوردن). ئەوانەى کە ماون، بونیادی سیاسی و ئابووریی ئەوانى هەڵتەکاندووە، کە مەترسییان لەسەر ئیسرائیل نەماوە (لیبیا، تونس، سوودان، لوبنان، سووریا، عێراق و یەمەن). بەو مانایەى پڕۆژەکەى ئیسرائیل زیاتر ئاڕاستەکراوە بۆ دەوڵەتانى عەرەبی، بەتایبەت ئەوانەى کە لە سنوورى نزیکی ستراتیژییەتى ئیسرائیلن لە ناوچەکەدا. ئەمەیش ئەوە دەردەخات، کە پرۆژەکەى ئیسڕائیل بە هاوکاریى ئەمریکا، ئاکامێکی ئەرێنیی بۆ ئەو هەبووە.
تیۆریى ئاژاوەى داهێنەر، وەک ڕوانگەیەک بۆ بنیاتنانەوەى ڕۆژهەڵاتى نوێ
زۆرێک لە ڕاکان باس لەوە دەکەن، کە تیۆریى ئاژاوەى داهێنەر یان بنیاتنەر، لە ڕووى سیاسییەوە دەگەڕێتەوە بۆ بێرنارد لویس؛ گوایە ئەو لە ساڵی 1983 بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دای ناوە، بەو شێوازەى کە لە بەرژەوەندیى ئیسرائیلدایە.
تیۆریى ئاژاوەى داهێنەر، زاراوەیەکی سیاسیی یاسایییە. مەبەست لێی، هێنانەئاراى دۆخێکی سیاسیی بەئەنقەستە دواى قۆناغی ئاڵۆزی یان ئاژاوەى ڕووداوەکان، کە هەندێ کەس ئەم ئەركەیان لە ئەستۆ گرتووە، بەبێ ئاشکرابوونى ناسنامەیان، بە ئامانجى هەموارکردنەوەى کارەکان لە بەرژەوەندیی خۆیان. ئەو چەمکەیش بۆ یەکەمین جار لە بیرۆکەیەکی ئابوورییانەوە هاتووە، کە هاوشێوەى ئاژاوەى داهێنەرە، کە ناسراوە بە تێکدان یان لەناوبردنى داهێنەرانە (creative destruction) لە زانستى ئابووریدا، کە لەلایەن زاناى ئابووریناس، جۆزێف شۆمپیتێر، لە ساڵی 1942 داهێنرا. مەبەستى شۆمپیتێر بریتی بوو لە: پرۆسەیەک لە شۆڕشی پیشەسازیدا، کە بونیادی ناوەوەى ئابوورى دەگرێتەوە؛ بەوەى کە بونیادە کۆنەکە لەناو دەبردرێت و لە شوێنیدا بونیادێکی نوێی زیاتر گونجاو و کراوە دادەهێنرێت( 5 ). هەر ئەو بیرۆکەیەیش بوو کە ئەمریکا بەسەر ئەوروپاى دواى جەنگى جیهانیى دووەمدا لە ڕێگەى “پڕۆژەى مارشاڵ”ەوە بۆ ئەوروپا جێبەجێی کرد.
بنەماکانى ستراتیژییەتى تیۆریى ئاژاوەى داهێنەر یان بنیاتنەر( 6 )
- بەرپاکردنى ململانێی ئیتنی.
- بەرپاکردن و بەگەڕخستنى ململانێی دەمارگیری.
- لێدان و پەرتەوازەکردنى سەقامگیریی ئاسایش.
- تێکدانى بارودۆخى ئابوورى.
- خرۆشاندنى میدیایی؛ بە جۆرێک کە ئاژاوە بنێتەوە و پیرۆزی و بەها کۆمەڵایەتییەکان لاواز بکات.
- لەناوبردنى بنیاتى سوپاى وڵات.
ڕەگەزەکانى ئاژاوەى داهێنەرانە( 7 )
- لێکۆڵینەوە لە بنیاتى نەتەوەییی ئەو وڵاتانەى کە ئامانجن تا گۆڕانکارییان تێدا بکرێ، لە ڕووی ئایینى، کۆمەڵایەتى، ئابوورى، سیاسی و هتد.
- دیزاینکردنى چەندان کودەتاى ئاشکرا و شاراوە، بە شێوازی نوێ، نەک وەک مۆدێلە سیاسییە کۆنەکان؛ تا دەست بكەن بە تیرۆرکردنى چەندان سەرکردە و بڵاوکردنەوەى بەرتیل و ماددەى هۆشبەر و هتد.
- بەگەندەڵیکردنى پرۆسەى گەشەسەندنى وڵات؛ ئەمەیش وا لە ئابووریى وڵات دەکات، کە لە نیشتمانییەوە بگۆڕێت بۆ شوێنکەوتەی تەواوی ئەمریکا و ئیسرائیل.
- بوارنەدان بە هاوپەیمانێتییە ئابوورى، سیاسی، کۆمەڵایەتییە ناوچەیییەکان و هێشتنەوەیان بەپەرتەوازەیی.
- بنکۆڵکردنى دۆخی کەلتووریی وڵات، ئەویش لە ڕێگەى پاڵپشتیکردنى چەند ڕۆشنبیر و هونەرمەندێک و… تا ئاشووبێک لە دۆخی کەلتووری و میدیاییدا بنێنەوە و جەماوەر بەزەحمەت ڕاستى و چەوتی لە یەکترى جیا بکاتەوە.
- پەروەردەکردن و بارهێنانى چەند کەسایەتییەک بە ئەجێنداى ئەوانەى کە گۆڕانکارییەکە دەکەن و، هەوڵدان بە جێگەکردنەوەیان لە دامەزراوەکان، یان پێدانی بەرپرسیارێتی دواى تەواوبوونى قۆناغی ئاژاوە.
- هەڵنانى هەندێ بەرپرس لە هەندێ دامەزراوەى هەستیار، تا دامەزراوەکە بۆ بەرژەوەندیى خۆى ئاڕاستە بکات.
ئەو ڕەگەزانەیش بەسەر یەکێتیى سۆڤیەتى جاراندا جێبەجێ کران، تا لە ئاکامدا ڕووخاندیان.
قۆناغەکانى جێبەجێکردنى ئاژاوەى داهێنەر یان بنیاتنەر
- بەئامانجگرتنى دۆخی دۆگماییی ئەو دەوڵەتانەى کە مەبەستن گۆڕانکارییان تێدا بکرێ؛ بۆ نموونە لە ڕێگەى خۆپیشاندان، تیرۆر، ناڕەزایەتى، بەیاننامەى هەندێ ڕێکخراو و…، ئەوجا دواتر هەڵوێستوەرگرتنى ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتان لەسەر دۆخەکە.
- ئاژاوە و پێکهەڵپرژان لە نێوان لایەنەکانى ناوخۆى کۆمەڵگە و پشتگیریکردنى هەندێکیان.
- ئاڕاستەکردن و بەڕێوەبردنى ئەو ئاژاوەیەى کە دروست دەبێ، بۆ ئەوەى بگاتە ئەو قۆناغ و جێگەیەى کە بۆى دیزاین کراوە.
- دامرکاندنەوەى ئاژاوەکە بەو مەرجانەى کە دروستکەرانى ئاژاوەکە پلانیان بۆ کێشاوە و دیزاینیان کردووە، ئەویش دواى ئەوەى ئامانجەکان بەدی هاتن.
- دانانى سیستەمێکی سیاسیی دیزاینکراو و پاڵپشتیکردنى لەسەر ئاستى ناوخۆ و نێودەوڵەتى، کە لەگەڵ بەرژەوەندى و ستراتیژییەتى ئەمریکا و ئیسرائیلدا هاوتەریبە.
کەواتە تیۆرییەکە چوار مەبەستى هەیە کە بیپێکێت: یەکەم، سەرلەنوێ دابەشکردنەوەى ناوچەکە لە ڕووی جوگرافی و سیاسییەوە لەسەر بنەماى ئایینى و ئیتنی؛ بەتایبەت یەکێک لە بنەماکانى دابەشکردن، شێوازی سیستەمى فیدراڵییەتە، کە تێیدا هەرێمەکان نیمچەسەربەخۆ دەنوێنن. دووەم، لەباربردنى ڕۆڵی میلیشیاکان کە دەوڵەتەکانى خۆیانیان خستۆتە ژێر ڕکێفیانەوە. سێیەم، سەرلەنوێ گێڕانەوەى هاوسەنگیی هێز. چوارەم، کۆتاییهێنان بە هەژموونى تورکیا و ئێران؛ بەو شێوەیەى کە بە هیچ شێوەیەک نە بەرژەوەندیى ئیسرائیل بخەنە مەترسییەوە و، نە بتوانن ڕێگر بن لە بەردەم هەژموونیدا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
سێ ئامانجی ڕاستەقینە: یەکەم، سەرلەنوێ داڕشتنەوە و پۆڵێنکردنەوە و ئامادەکاریى بارودۆخی ناوچەکە لەسەر بنەماى لیبراڵییەت، تا شوێن بەهاکانى پێشوو بگرێتەوە، وەک: بەهاى ئیسلامی و نەتەوەیی. دووەم، بەرپاکردنى هەژموونى کۆمپانیا ئەمریکی و ئەوروپییەکان و زاڵبوونیان بەسەر تەواوى هاوکێشە ئابوورییەکانى ناوچەکە. سێیەم، ڕێککەوتن یان ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى دەوڵەتانى ناوچەکە لەگەڵ ئیسرائیل.
کەواتە تیۆریى ئاژاوەى بنیاتنەر، بریتییە لە حاڵەتێکی جیۆپۆلیتیکی، کە کار لەسەر هێنانەکایەى سیستەمى سیاسیی نوێ و کاریگەر و هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل دەكات، ئەویش دواى لەناوبردنى سیستەمى سیاسیی پێشوو.
ئایا تیۆریى پڕۆژەکە هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژییەتى دیزاینکراوى ئەمریکا و ئیسرائیل؟
بێرنارد لویس لە ساڵی 1983 بانگەشەى بۆ تیۆریى ئاژاوەى بنیاتنەر کرد و، لەلایەن نیوکۆنسێرڤاتیستەکانى ئەمریکاوە وەک ڕووداوێکی کاریگەرى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، پێشوازییەکى گەرمى لێ کرا.
سەددام حسێن دەوڵەتى کوێتی لە 2/8/1990 و لە ماوەى دوو ڕۆژدا داگیر کرد. ئەو وا حاڵی بوو کە ئەمریکا ڕێگر نییە، بەڵام هەر زوو دەرکەوت کە کەوتۆتە تەڵەکەوە و دەرچوونى مەحاڵە! ئەمریکا زۆر دڵخۆش بوو بەوەی کە عێراق لەو قەیرانەوە تێوە گلاوە، چونکە کارئاسانییەكی زۆری بۆ ئەمریکا کرد؛ بەوەى جارێکی دی زاڵبوونەوەى خۆى بەسەر ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەرجەستە بکاتەوە و سیستەمى نوێی جیهانی ڕابگەیەنێ. هەر بۆیە خاڵی دەستپێک بۆ داڕشتنەوەى ناوچەکە دەستی پێ کرد( 8 ). جۆرج بووشی باوک (12/6/1924 – 30/11/2018)، کە ئەودەم سەرۆکی ئەمریکا بوو، دواى قەیرانەکە پەیامی نوێی ستراتیژیى خۆی ڕاگەیاند، کە چوار بنەما بوون بۆ سیستەمى نوێی جیهانى( 9 ): بنیاتنانى سیستەمێکی ئاسایشی هاوبەش لە ناوچەکە، داماڵینی چەک لەو دەوڵەتانەى کە جێی مەترسین بۆ سەر ئیسرائیل (کە عێراق یەکێک بوو لەوانە)، کۆتاییهێنان بە ململانێی عەرەب-ئیسرائیل، بایەخدان بە گەشەسەندن و بازاڕی ئازاد و خۆشگوزەرانى لە ناوچەکە.
دواتر دواهەمین سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت لە 25/12/1991 دەستی لەکار کێشایەوە و تەواوى دەسەڵاتەکانى فیدراسیۆنی یەکێتیى سۆڤیەتی ڕادەستى بۆریس یەلتسین، سەرۆکی ڕووسیا کرد. دواى تەنیا یەک ڕۆژ بە بەیاننامەیەک بە ژمارە H-142، ئەنجومەنى باڵاى سۆڤیەت، یەکێتییەکەى هەڵوەشاندەوە و دانی بە سەربەخۆییی کۆمارەکانى ئەندامی نا و، هەر یەکەیان بوونەوە بە دەوڵەتى سەربەخۆ و ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان( 10 ). ئەمەیش وای لە سیستەمی جیهانیی نوێ کرد ببێتە تاکجەمسەرى؛ لە لایەکی ترەوە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ فەلەستینییەکان ڕێککەوتننامەى ئۆسلۆیان لە ئەیلوولی 1993 مۆر کرد. بەمەیش پرسی فەلەستین لە کێشەیەکی نێوان عەرەب-ئیسرائیلەوە، بووە کێشەیەکی ناوخۆى ئیسرائیل.
ئیسرائیل لە هەوڵی پرۆژەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بوو. هەر ئەو ساڵە شیمۆن پێرێز لە ئەنجومەنى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەشەى بۆ کرد؛ لە 11/4/1996 هێرشێکی سەربازیی لە دژى حزبوڵڵا بە ناوى “پرۆسەى هێشووى تووڕەیی” بەرپا کرد و کاولکارییەکى زۆر لە لوبنان کەوتەوە، بە بەیرووتى پایتەختیشەوە.
دواتر پڕۆژەیاساى ڕووخاندنى سەددام لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند کرا. لە کارە تیرۆریستییەکەى 11ی سێپتەمبەرى 2001، ئەمریکا دەوڵەتانى بۆ سەر دوو جەمسەرى خێر و شەڕ دابەش کرد. ئەوە بوو لە کردەیەکی سەربازیدا بە ناوى “پرۆسەى ئازادیی هەمیشەیی”، دەسەڵاتى سیاسیی لە ئەفغانستان لە 17/12/2001 ڕووخاند. دواى ئەو جەنگە هەر زۆر بەخێرایی بڕیارى جەنگ بۆ ڕووخاندنى سەددام دەرچوو. ئەوە بوو لە 1/5/2003 تەواوى عێراق لەلایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیرا.
ڕووخاندنى ڕژێمی بەعس لە عێراق بە خاڵی دەستپێک بۆ جێبەجێکردنى تیۆریى ئاژاوەى بنیاتنەر دادەنرێ، کە لە هەناویدا پرۆژەى ڕۆژهەڵاتى نوێی لەخۆ گرتبوو.ی لەو بارەیەشەوە زۆر ڕاشکاوانە، کۆندالیزا ڕایس، وەزیری دەرەوەى ئەوکاتى ئەمریکا لە دیمانەیەکی لەگەڵ واشنتۆن پۆست، لە نیسانی 2005 ڕای گەیاند: ئێستا تیۆریى ئاژاوەى بنیاتنەر، بۆتە کارە هەرە لەپێشینەکان بۆ سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا و، لە عێراقیشەوە دەست پێ دەکات بۆ تەواوى ناوچەکە.
ئایا ستراتیژییەتى ئاژاوەى بنیاتنەر بە کام قۆناغ گەیشتووە و چیی ماوە؟
دەتوانین بۆ سێ قۆناغ دابەش و هەڵسەنگاندنى بۆ بکەین (2001 – 2014):
- خاڵی دەستپێکی جێبەجێکردنى تیۆرییەکە داگیرکردنى عێراق بوو، بەڵام عێراق بووە دەوڵەتێکی شکستخواردوو بە هۆکارى توندوتیژى و مەزهەبگەرایی و تیرۆرى میلیشیاکان و شەڕی ناوخۆ لە 2006 – 2008. ئێرانیش ڕۆڵی نەرێنیی بینی و، ئەمریکاش نەیتوانی عێراق ئاوەدان بکاتەوە و هیچ پلانێکی ڕۆشنی نەبوو بۆ قوتارکردنى عێراق لە داڕووخان.
- ئێران زیاتر هەژموونى لە ناوچەکەدا هەڵکشا؛ هاوپەیمانێتیی شیعیی دروست کرد؛ لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە بەرفراوان بوو؛ لە بەستنى ڕێککەوتننامەى ئەتۆمیدا سەر کەوت؛ ئەمریکاش هیچ پلانێکی ڕۆشنی دژ بە ئێران نەبوو سەبارەت بە قاڵبدان یان گۆڕینی ڕژێم، بەڵکوو زیاتر بایەخی بە دیپلۆماسییەت دەدا. ئەوەیش تەواو لە بەرژەوەندیى ئێران کەوتەوە؛ دەستی بەسەر چوار پایتەختى ستراتیژیى ناوچەکەدا گرت و هاوکاریى بزووتنەوەى حەماسیشی دەکرد.
- ئێران لە عێراق هەژمووندارتر بوو وەک لە ئەمریکا؛ پرۆسەى هەڵبژاردنى دیموکراسییانەى هان دەدا، تا لەوێوە زۆرینەى شیعە بەڕەوایەتى فەرمانڕەوایی بکەن؛ گرژییەکانى ناو عێراقی لە ناوچە سوننییەکان و پەیوەندییەکانى حکوومەتى فیدراڵ و هەرێمی بەرەو هەڵکشان برد، تا بەتەواوى زۆرینە دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن و ئەوانى دی پەراوێز بخەن؛ دروستکردنى چەندان میلیشیا لە عێراق، لە لایەک بۆ کۆنترۆڵکردنى دۆخی سیاسیی وڵات لە بەرژەوەندیى شیعە و لە لایەکی تریشەوە وەک پشتێنەیەکی ئاسایشی بۆ ئێران؛ لە ئاکامیشدا کۆنترۆڵکردنى پرۆسەى بڕیاردروستکرن و ئابووریی عێراق بەتەواوى؛ تەنانەت هەندێ بەرپرسی ئێرانی، عێراقیان وەک ویلایەتێک لە ئێران ئەژمار دەکرد، نەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
- جەنگى عێراق و ئەفغانستان زۆر ئەمریکاى خەریک و هەراسان کردبوو؛ هیچ هاوکێشەیەکی ئەرێنیی بەدەستەوە نەدا، بێجگە لەو خاڵە ئەرێنییەى کە تیۆریى ئاژاوەى بنیاتنەر مەبەستییەتى؛ بنیاتی سیاسی و ئابوورى و کۆمەڵایەتیى ئەو وڵاتانەى هەڵتەکاند و یەکێک لە مەرجەکانى تیۆرییەکەى هێنایە دی. کەواتە لە کۆى پرۆسەکە، ئەمریکا و ئیسرائیل هەر بە براوەى یەکەم مانەوە.
هەڵسەنگاندنى دامەزراوە پەیوەندیدارەکانى ئەمریکا بۆ ئەو قۆناغە، نەرێنی بوو، هەر بۆیە دەستیان کرد بە پێداچوونەوە. دامەزراوەى کارنیگی بۆ ئاشتیى نێودەوڵەتى، کە خۆیان پڕۆژەى ڕۆژهەڵاتى گەورەیان لە ساڵی 2004 دیزاین کردبوو، هەر خۆیان لە ساڵی 2009 دەستیان پێ كرد 11)).
تەوەرەکانی پێداچوونەوەیش ئەمانە بوون:
- دەبێ ئەمریکا باشتر لەو دۆخەى کە هەیە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست تێ بگا.
- وردتر دیاریکردنى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و، چیی مەبەستە.
- پێویستە سنوورێک بۆ بڵاوبوونەوەى توندوتیژى و تیرۆر لە ناوچەکە دابنرێ، تا لە کۆنترۆڵ دەرنەچێ.
بابەتەکانى پێداچوونەوە:
- ململانێی ئیسرائیلی-فەلەستینی.
- پرسی بڵاوبوونەوەى چەکی ئەتۆمی.
- ئەجێنداى ئازادی و پرسی دیموکراسییەت، کە ڕەگەزێکی سەرەکیی پرۆژەکە بوو، سەرکەوتوو نەبوو.
- گرژییە تائیفەگەرییەکان بەرەو هەڵکشان دەچوون؛ ئەمەیش خاڵێکی ئەرێنی بوو بۆ پرۆژەکە، بەڵام دەبێ ئاڕاستە بکرێ بۆ ئەو مەبەستەى کە لە تیۆریى ئاژاوەى بنیاتنەردا هەیە.
- هاوسەنگیی هێز.
سێ کۆمەڵەی سیاسی دیاری کران کە دەبێ کاریان لەسەر بکرێ و تا یەکلایی نەکرێنەوە، ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى نوێ بوونى نابێ:
- ئێران و عێراق.
- سووریا و لوبنان.
- ئیسرائیل و فەلەستین.
دامەزراوەى کارنێگی بۆ ئاشتیى نێودەوڵەتى بۆ ئەو قۆناغە بەپێویستى دەزانێ پێداچوونەوە بکرێ، چونکە ئەمریکا ئەو پێشڤەچوونەى کە بڕیار بوو ڕوو بدا، نەبوو. هەر بۆیە دواى پێداچوونەوە چەند پێشنیارێکیان خستە ڕوو، کە دەبێ ئەمریکا ئەنجامى بدات:
- چوونەدەرەوە لە عێراق لە ڕێگەى ڕێککەوتننامەیەک لەگەڵ حکوومەتى عێراقی، کە گەرەنتیى ئەوە بکرێ عێراق ناخزێتە ناو ئاڵۆزی و ئاژاوەوە.
- دۆزینەوەى ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران و دانانى سنوورێک بۆ بڵاوبوونەوەى چەکی ناوکی.
- هەوڵدان بۆ گەیشتنە ڕێکكەوتن لە نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان؛ یەکێک لە بژاردەکانیش دوودەوڵەتى بوو.
- جارێکی تر داڕشتنەوەى هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کە دەکرێ هەندێ بکەرى سیاسیی نوێ ڕۆڵیان پێ بدرێ و، پێویستیش بە بوونى ئەمریکا نەکات بەو چڕوپڕییەى کە ئەوکات لە ناوچەکە هەیبوو.
بەریەککەوتنەکان لە سووریا سووک بکرێن. هەوڵی ئەوەیش بدرێ قەیرانی لوبنان چارەسەر بکرێ، تا جۆرێک لە هاوسەنگی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.
2014 – 7ی ئۆکتوبەر 2023
لەم قۆناغەدا چەند گۆڕانکارییەکى جەوهەرى بەدەر کەوتن:
- سەرهەڵدانى خۆپیشاندان لە شارە سوننییەکان لەسەر بنەماى مەزهەبگەرایی دژى حوکمڕانیی شیعە، کە بووە بناغەیەك بۆ هاتنى داعش.
- بەدەرکەوتنى داعش کە بووە مایەى هەڵتەکاندنى بونیادی سیاسی لە سووریا و عێراق. ئەمەیش ڕێگەى بۆ تیۆرییەکە خۆشتر کرد؛ بەوەى هاوپەیمانێتییەکى نێودەوڵەتى بۆ جێبەجێکردنى تیۆریى ئاژاوەى بنیاتنەر دروست کرا.
- یەمەن و لوبنان و عێراق و سووریا، بەتەواوى کەوتنە ژێر ڕکێفی ئێرانەوە و ململانێ ناوخۆیییەکان لەو وڵاتانە گەیشتنە ترۆپک.
- دەرکەوتنى بەهارى عەرەبی وەک جۆرێکی تر لە هەڵتەکاندنى بونیادی سیاسیی چەند دەوڵەتێک و هەڵکشانی ململانێکانى ناوخۆى ئەو وڵاتانە.
- هاتنەناوەوەى ڕووسیا بۆ هاوکێشەى سووریا.
- ڕێککەوتننامەى ئەتۆمی لە نێوان ڕۆژاوا و ئێران پەسەند کرا و، نیوەى نیمچەدوورگەى عەرەبی لەلایەن ئەمریکاوە ڕادەستی ئێران کرا.
- سەرلەنوێ هاتنەوەى ئەمریکا بۆ عێراق لە ڕێگەى هەرێمی کوردستانەوە، کە پێشتر لێی دەرچووبوو( 12 ).
- گرژى و ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا تا دەهات بەرەو هەڵکشان دەچوون؛ تا ئەو ڕاددەیەى کە گەمارۆکان توند بوونەوە و قاسم سولەیمانی کوژرا و توندوتیژییەکان گەیشتنە ئاستى وەڵامدانەوەى یەکتر.
- سەرهەڵدانی خۆپیشاندان لە شارە شیعییەکان دژى گەندەڵی و هەژموونى ئێران لە عێراق. ئەم ڕوداوەیش تەکانێکی تر جێبەجێکردنى تیۆرییەکەى بەرەوپێش برد.
- کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە ئەفغانستان و کەمکردنەوەیان لە چەندان وڵاتى تر وەک عێراق و سووریا؛ بەڵام دواتر دەرکەوت کە ئەمە زیاتر تەکتیکە و دەوڵەتانى ناوچەکە کردووە کە بەمەجبوورى و هەندێک جاریش بە بەرانبەر هێزەکانى ئەمریکایان قبووڵە، بۆ نموونە وەک سعوودیا.
7ی ئۆکتوبەری 2023 تا ئێستا
ئەم ماوەیەى کە ئێستا ئێمەى تێدا دەژین، بریتییە لە قۆناغی کۆتایی و سەرەتاى قۆناغی پێش دامرکاندنەوەى ئاژاوەى بنیاتنەر و سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. لەم قۆناغەدا ئەوەندەى تر گرژییەکان هەڵکشێنران، ڕووداوەکان زۆر بەخێرایی دەچن، توندوتیژییەکان تا دێ توندتر دەبن، ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە لێوارى بەریەککەوتنى ئیسرائیل و ئێراندا بوو، میلیشیاکانى سەر بە ئێران هەژموونیان تەواوى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى تەنی؛ هەر بۆیە ئەم قۆناغە دابەش کرا بۆ سەر سێ میحوەر:
- کۆتاییهێنان بە بەرەى سەر بە ئێران لە لوبنان و فەلەستین؛ ئەوەیش لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە کەوتە بوارى جێبەجێکردن و تەواو بووە.
- بەرەى سووریا و یەمەن. سووریا تەواو بوو، ماوەتەوە یەمەن؛ ئەویش لە ڕێیە و ئێران ناتوانێ هیچ هاوكارییەكیان بکات؛ بەرەیەکی زۆر ئاسانیشە بۆ ئیسرائیل.
- میحوەرى عێراق و ئێران؛ کە ئەمە دوا بزمار دەبێ لە تابووتى هەژموونى شیعی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەو شێوەیەى کە پێشتر هەبوو. ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانەوێ عێراق، بێ توندوتیژى بێتە ناو پڕۆژەکەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى نوێوە و هەموو پەیوەندییەکى پرۆکسیبوون بە ئێرانەوە بپچڕێنێ و، میلیشیاکانى حەشدی شەعبی نەهێڵێ. ئەمەیش لە سێ شێواز بەدەر نابێ: بە فەتوایەکی مەرجەعییەت، بە یاسایەک لە پەرلەمانەوە، ڕووخاندنى حکوومەتى عێراقی. شێوازى یەکەم و دووەم گەلێک ئەستەمە، بەڵام بۆ عەقڵییەتى پراگماتیستی شیعە مەحاڵ نییە، چونکە بە هەر شێوەیەک بووە، دەیانەوێ بمێننەوە. لەوەیش زیاتر، دەبێ هاوسەنگیی هێز بگەڕێتەوە بۆ لایەنە سیاسییەکانى عێراق، دەسەڵاتى دادوەرى بگەڕێتەوە بۆ ئەرکی تایبەتى خۆى و، نابێت بۆ سیاسەت بقۆزرێتەوە؛ چەندان مەرجی تریش بۆ عێراق کە دەبێ بەرانبەر بە ئێران بگرێتە ئەستۆ، کە نابێ بە هیچ شێوەیەک عێراق شوێنکەوتەى ئێران بێت. ئەمەیش کارێکی بۆ سەرکردایەتیى شیعەى عێراق قورس و مەحاڵە؛ هەر بۆیە عێراق لە لێوارى تێوەگلانە؛ بەو مانایەى گۆڕانکارى لە سووریا ماناى گۆڕانکاریی یەک بە دواى یەکە لە عێراق و ئێران، کە مەبەستە سەرەکییەکە تارانە. بەڵام پێ دەچێ گۆڕانکارى لە سیستەمى حوکمڕانی لە عێراق و ئێران بکرێ، نەک هاتنى دەسەڵاتێکی نوێ؛
بەڵام ئەو ئێرانەى دواى گۆڕانکارى، ئەو ئێرانە نابێ کە خاوەنى چەکی ئەتۆمی یان ڕۆکێتى دوورمەودا و مەترسی بێ بۆ سەر ئیسرائیل و دراوسێکانى و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا، وەک هەمان دەوڵەتانى ترى وەک سووریا و عێراق. - کــۆبەند
- کورد دەبێ قەناعەتى بەوە هەبێ کە گۆڕانکارى دەبێ و لەخۆڕا و هەڕەمەکی نییە.
- کورد یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکییەکانى دواى دەوڵەتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و، بکەرێکى سیاسیی ئەکیڤە.
- پەلەکردن لە یەکگرتنەوەى هێزى پێشمەرگە؛ چونکە لەو قۆناغەدا، هێز کاریگەریى زۆرى لەسەر پارسەنگی هاوکێشەکان هەیە.
- ڕێکكەوتن لەگەڵ بەغدا، لەسەر پرسی بوودجە و مووچە؛ چونکە ئەو دوو پرسە کاریگەرترینن لەسەر بژێوى هەرێم.
- پێکهێنانى حکوومەتێکی نیشتمانیى نوێ لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەماى بەرەنجامەکانى هەڵبژاردن.
( 1 ) الشرق الأوسط الكبير، تاريخ الزيارة 16/12/2024، http//:ar.wikipedia.org
( 2 ) سلام علي محمد، القوة في السياسة الخارجية الأمريكية تجاه منطقة الشرق الأوسط: إدارة الرئيس دونالد ترامب أنموذجاً، رسالة دكتورا غير منشورة، معهد العلمين للدراسات العليا، قسم العلوم السياسية، 2021، ص17-21.
( 1 ) المصدر السابق، ص24-28.
( 3 ) ویکبیدیا، برنارد لویس، تاریخ الزیارة 16/12/2024، برنارد لویس www.wikipedia.ar.org/wiki/.
( 4 ) شمعون بیریس، الشرق الاوسط الجدید، ت: محمد حلمی عبدالحافظ، ( عمان، الأهلية للنشر والتوزيع، 1994 )، ص220.
( 5 ) ویکبیدیا، الفوضى الخلاقة، تاریخ الزیارة 17/12/2024، www.wikipedia.ar.org/wiki/.
( 6 ) محمد حسب الرسول، إستراتیجیة الفوضى الخلاقة، تاریخ الزیارة 17/12/2024، www.almayadeen.net/articles/.
( 7 ) أمینة عمر، نظرية الفوضى الخلاقة، الموسوعة السياسية، تاريخ الزيارة 18/12/2024،
https://political-encyclopedia.org/dictionary/.
( 8 ) روز ماري هوليس، مكافحة الإرهاب في الشرق الأوسط: الوسائل مقابل الغايات، مجلة المستقبل العربي، العدد: 274، االسنة: 24، (بيروت، مركز دراسات الوحدة العربية، كانون الأول 2002)، ص32.
( 9 ) سردار قادر محى الدین، إدارة العلاقات الدولیة بالازمات، رسالة ماجستیر غیر منشورة، جامعة النیلیین، 2005، ص202.
( 10 ) ویکبیدیا، تفکک الاتحاد السوفیتی، تاریخ الزیارة 18/12/2024، تفکک الاتحاد السوفیتی htt://ar.wikipedia.org/wiki/.
( 12 ) رینارد منصور، كيف ساعد الأكراد في إعادة الولايات المتحدة إلى العراق، تاريخ الزيارة 19/12/2024.
http://carnegieendowment.org/research/2015/06.