موەفهق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشەكی
سووریا لە ڕووی جیۆستراتیژییەوە گرنگییەكی بەرچاوی هەیە بۆ توركیا لە بوارەكانی سیاسی و ئاسایشی و سەربازییەوە. ئەم گرنگییە زیاتر دوای دەستپێكردنی “پەكەكە” بە چالاكییە سەربازییەكانی دژی توركیا هه‌ستی پێ كرا. گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق هەر لەسەرەتاكانی دامەزراندنی كۆماری توركیاوە دەستی پێ كردووە، بەتایبەت لەسەر شاری “هەتای” كە سووریا بەردەوام بانگەشەی ئەوەی دەكرد ئەم ناوچەیە بەشێكە لە خاكی سووریا. جگە لەمە سنووری نێوان ئەم دوو وڵاتە نزیكەی 911 كیلۆمەترە. بۆیە دەبینین كێشەی دیكەی وەكوو گرفتی ئاو و تیرۆر، گرنگترین دوو بابەت بوون كە بەردەوام پەیوەندییەكانی ئەم دوو وڵاتەی گەیاندۆتە بنبەست.
چالاكییەكانی پەكەكە و ڕێكخراوی ئەسالا (سوپای نهێنیی ئەرمەنستان بۆ ڕزگارکردنی ئەرمینیا – ASALA “Armenian Secret Army for Liberation of Armenia”) لە كۆتاییی حەفتاكان و ساڵانی هەشتاكان، توركیای زۆر نیگەران كرد، چونكە یەكێك لەو وڵاتانەی كە پاڵپشتیی لەم دوو ڕێكخراوە دەكرد سووریا بوو. گرژییەكانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق لە نەوەدەكان گەیشتە لووتكە و تەنانەت هەردوو لا گەیشتنە لێواری پێكدادانی سەربازی، تا لە ساڵی 1998 سووریا لە ڕێگەی واژۆكردنی “ڕێككەوتننامەی ئەدەنە” لەگەڵ توركیا، بەتەواوەتی ڕازی بوو بە مەرجەكانی توركیا لەبارەی ڕاگرتنی یارمەتییەكانی بۆ پەكەكە. بەم شێوەیە قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لا دەستی پێ كرد؛ بەڵام لەگەڵ دەستپێكی ڕووداوەكانی بەهاری عەرەبی لە هەندێك لە وڵاتە عەرەبییەكاندا لە ساڵی 2011، پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و سووریا دیسانەوە پێی لە قۆناغێكی پر لە كێشمه‌كێش و گرژی و ناسەقامگیری نایەوە و بەهۆی تێكچوونی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی سووریا و پاڵپشتیكردنی ئەنقەرە لە هەندێك گرووپی چەكدار لە دژی ڕژێمی ئەو كاتەی ئەسەد، پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و سووریا گەیشتە بنبەست و بەتەواوەتی تێك چوو.
لە 7 و 8 ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2024 ڕژێمی ئەسەد بەتەواوەتی ڕووخا و دەسەڵات لە سووریا جگە لە ناوچەی ڕۆژاوا، بەتەواوەتی كەوتە ژێر كۆنترۆڵی “هەیئەی تەحریری شام” بە سەركردایەتیی “ئەحمەد ئەلشەرع” كە پێشتر بە “موحەمەد جۆلانی” ناسرابوو. ئەم هاوكێشە نوێیە، بێ گومان كاریگەریی هەیە لەسەر ناوچەكە و بەتایبەت لەسەر توركیا كە سنوورێكی دوورودرێژی هەیە لەگەڵ سووریا. بۆیە ئەنقەرە لە ڕووی سیاسی، ئەمنی و سەربازییەوە دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ئەم هاوكێشە نوێیە، كە لە سووریا و ناوچەكەدا هاتۆتە ئارا.
لە بابەتی ئەم جارەمان هەوڵ دەدەین تیشك بخەینە سەر داهاتووی توركیا لە سووریا لە ڕووی سیاسی و ئەمنی و سەربازییەوە.
ئامانجی سەرەکیی تورکیا لە سووریا چییە؟ تورکیا چ جۆره سووریایەکی دەوێت؟
دوای ڕووخانی ڕژێمی ئه‌سه‌د له سووریا، وڵاتانی هه‌رێمی و جیهانی له‌نزیكه‌وه و به‌چڕی چاودێریی ڕووداو و پێشهاته‌كان ده‌كه‌ن له سووریا، به‌تایبه‌ت هه‌ڵسوكه‌وتی هه‌یئه‌ی ته‌حریری شام و سه‌رۆكه‌كه‌ی (ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع). له‌سه‌ره‌تادا وه‌كوو مه‌رجی پێشوه‌خته لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك هێزی هه‌رێمییش پاڵپشتیی مه‌رجداریان بۆ ده‌سه‌ڵاته نوێیه‌كه‌ی سووریا ڕاگه‌یاند. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا توركیاش به حوكمی ئه‌وه‌ی سنوورێكی فراوانی له‌گه‌ڵ سووریا هه‌یه و هه‌ر ڕووداو و پێشهاتێك ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی ده‌بێت بۆ سه‌ر توركیا، بۆیه ئه‌نقه‌ره به‌راورد به لایه‌نه‌كانی تر زیاتر خۆی به سووریاوە سه‌رقاڵ كردووه و له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی كار بۆ ئه‌وه ده‌كات هاوكێشه و هاوسه‌نگییه نوێیه‌كه‌ی سووریا له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره نه‌بێت. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه ده‌كرێ به‌م شێوه‌ی خواره‌وه وه‌ڵامی پرسیاری “توركیا چ جۆره سووریایه‌كی ده‌وێت و ئامانجی له‌م وڵاته‌دا چییه؟” بده‌ینه‌وه:
یه‌كه‌م: به‌ر له هه‌موو شتێك توركیا له ڕووی ئه‌منییه‌وه نایه‌وێت شێوازێكی حوكمڕانی له‌ودیوی سنووری له‌گه‌ڵ سووریا بێته ئارا كه ببێته مه‌ترسیی ڕاسته‌وخۆ بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی. پێش ڕووخانی ئه‌سه‌دیش ئه‌نقه‌ره پێشنیاری ئه‌وه‌ی ده‌كرد ناوچه‌یه‌كی ئاشتی به درێژاییی 480 كیلۆمه‌تر و به قووڵیی 30 كیلۆمه‌تر دروست بكرێت به مه‌به‌ستی جێگیركردنی په‌نابه‌ره سوورییه‌كان تیایدا. به‌ڵام ئه‌م پێشنیاره له‌لایه‌ن هێزه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه قبووڵ نه‌كرا و، پێش ناچێت دوای ڕووخانی ڕژێمی ئه‌سه‌د ئه‌مه قبووڵ بكرێت. به‌ڵام ئێستا به‌ئاشكرا هه‌م به‌رپرسانی توركیا و هه‌میش ده‌سه‌ڵاتی نوێی سووریا داوا ده‌كه‌ن چه‌ك له‌ژێر چه‌تری سوپایه‌كی یه‌كگرتووی سووریا كۆ بكرێته‌وه و كۆتایی به میلیشیا چه‌كداره‌كان بهێنرێت.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌توانین بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه‌وا توركیا به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕازی نابێت “هه‌سه‌ده” كۆنترۆڵی ڕۆژاوا بكات به‌و شێوه‌یه‌ی كه ئێستا هه‌یه. بۆیه درێژه به گوشاره‌كانی ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته یه‌كلایی بكاته‌وه، چونكه بوونی چه‌كدارانی نزیك په‌كه‌كه له ڕۆژاوا به مه‌ترسی ده‌بینێت بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا هاكان فیدان ڕای گه‌یاند ئه‌گه‌ر نیگه‌رانییه‌كانی توركیا له‌م بابه‌ته به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت، ئه‌وه په‌نا ده‌به‌نه به‌ر بژارده‌ی به‌كارهێنانی هێز و ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له ڕۆژاوادا.
كه‌واتە ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌نقه‌ره له سووریا، سووریایه‌كی بێمهترسییە بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی خۆی و، بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجەیشی سه‌رجه‌م تواناكانی ده‌خاته گه‌ر.
دووه‌م: توركیا ده‌یه‌وێ له سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی پێكهێنان و بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت له سووریا به‌شدارێكی كاریگه‌ر بێت. له‌سه‌رووی هه‌موویان پێكهێنانی سوپای نوێی سووریا دێت. ئه‌نقه‌ره ده‌یه‌وێ ڕۆڵ و له كاتی نانه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی سوپادا پێگه‌ی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی سوپایه‌ك پێك نه‌هێنرێت له داهاتوودا ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی توركیا.
نه‌هێشتنی میلیشیا چه‌كداره‌كان، به‌تایبه‌ت چه‌كدارانی “یه‌په‌گه” و كۆنترۆڵكردنیان خاڵێكی جه‌وهه‌رییه بۆ ئه‌نقه‌ره، چونكه ئه‌نقه‌ره له لایه‌ك كار له‌سه‌ر نه‌هێشتن و لاوازكردنی گرووپه چه‌كداره‌كانی نزیك په‌كه‌كه ده‌كات و، له لایه‌كی دیكه‌وە نایه‌وێ ئه‌م چه‌كدارانه له سوپای نوێی توركیادا به‌شدار بن. بۆیه ئه‌گه‌ر توانرا ئه‌م چه‌كدارانه بهێنرێنه ناو سوپای سووریا، ئه‌وه له‌وانه‌یه مه‌ترسییه‌كانی بۆ ئه‌نقه‌ره زیاتر بێت؛ له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه به‌رپرسانی توركیا نایه‌نه‌وێ سیناریۆی به‌یاساییكردنی ئه‌م جۆره میلیشیایانه، وه‌كوو ئه‌وه‌ی له عێراق ڕووی دا، له سووریاش دووباره ببێته‌وه. كه‌واتە ئامانجێكی دیكه‌ی ئه‌نقه‌ره له سووریا بریتییه له‌وه‌ی كه نایه‌وێ سوپایه‌ك دروست بێت و تیایدا چه‌كدارانی “یه‌په‌گه” به‌شدار بن، چونكه ئه‌مه له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه مه‌ترسیدارتر ده‌بێت بۆ توركیا. واتە كۆنترۆڵكردنی سوپا له سووریا، له ئه‌وله‌وییه‌ته‌كانی توركیایه له سووریا.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا توركیا هه‌وڵ ده‌دات به سه‌ركردایه‌تیی ئه‌نقه‌ره و له‌ژێر چه‌تری ناتۆدا ئه‌ركی پێگه‌یاندن ومهشقپێكردنی سوپا نوێیه‌كه‌ی سووریا له ئه‌ستۆ بگرێت. بێ گومان له‌وانه‌یه ئه‌م ئامانجه سه‌خته به‌دی بهێنرێت به‌ڵام هیچ دووریش نییه ئه‌ردۆغان و تره‌مپ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ڕێك بكه‌ون.
سێیه‌م: “سه‌رله‌نوێ بنیاتنانه‌وه‌ی سووریا” قۆناغێكی گرنگ و جه‌وهه‌رییه له سووریا. دوای ڕووخانی ڕژێمی ئه‌سه‌د، هه‌وڵه‌كانی سه‌رله‌نوێ بنیاتنانه‌وه‌ی سووریا، زۆر خێراش نه‌بێت، خه‌ریكه ده‌ست پێ بكاته‌وه. بێ گومان ئه‌نقه‌ره ئامانجیه‌تی به‌چڕی و وه‌كوو وڵاتێكی كاریگه‌ر له‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌شدار بێت. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له دوایین كۆبوونه‌وه‌ی كابینه‌ی حكوومیی ساڵی 2024 كه له 23ی كانوونی یه‌كه‌مدا به سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆككۆماری توركیا، ئه‌ردۆغان، به‌ڕێوه چوو، بابه‌تی گه‌یاندنی یارمه‌تییه‌كان به سووریا له‌نێو ئه‌و بابه‌تانه بوون كه تاوتوێی له‌باره‌وه كراوه و ئه‌نقه‌ره زۆر به‌گرنگییه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌م بابه‌ته؛ چونكه ئه‌م بابه‌ته هه‌م له ڕووی ئابووری و بازرگانی و دارایییه‌وه سوودی زۆری بۆ توركیا ده‌بێت و هه‌میش له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه پێگه‌ی توركیا له سووریا ده‌گه‌یەنێته ئاستێكی به‌رزتر.
چواره‌م: ئاماده‌كارییه‌كانی ده‌ستوورێكی نوێ بۆ سووریا، بابه‌تێكی گرنگی دیكه‌یه كه توركیا ده‌یه‌وێ له‌نزیكه‌وه كاریگه‌ریی هه‌بێت له‌سه‌ری؛ بۆ نموونه دیاریكردنی ناوی وڵات كه ئه‌نقه‌ره جه‌خت له‌سه‌ر ناوه كۆنه‌كه‌ی سووریا ده‌كات كه بریتییه له “كۆماری عه‌رەبیی سووریا”؛ هه‌روه‌ها له هه‌مان كاتدا دژایه‌تیی سیسته‌می فیدڕاڵی ده‌كات و جه‌خت له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌ییی خاكی سووریا ده‌كاتەوە. ئه‌م خاڵه جه‌وهه‌رییانه گرنگترینی ئه‌و خاڵانه‌ن كه ئه‌نقه‌ره ده‌یه‌وێت له ده‌ستووری نوێی سووریا جێگیریان بكات.
له لایه‌كی دیكه ئه‌نقه‌ره هه‌وڵ ده‌دات گرووپه چه‌كداره‌كانی نزیك خۆی له سووریا بگه‌نه ده‌سه‌ڵات و، پێگه و قورساییی خۆیان تیایدا هه‌بێت. به‌م شێوه‌یه ده‌توانین بڵێین ئاماده‌كارییه‌كانی ده‌ستووری نوێی سووریا بابه‌تێكی دیكه‌یه كه توركیا به‌جددی كاری له‌باره‌وه ده‌كات.
كاریگه‌ریی ڕووخانی به‌شار ئه‌سه‌د له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسیی ناوخۆیی و پرۆسه‌ی ئاشتی و كرانه‌وه له توركیا
ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به شێوه‌یه‌كی گشتی بووه‌ته گۆڕه‌پانێكی سه‌رنجڕاكێش بۆ چه‌ندان گۆڕانكاریی خێرا و هه‌نووكه‌یی له‌سه‌ر ئاسته جیاوازه‌كاندا، به‌ڵام خاڵی بنه‌ڕه‌تی له‌م بارەیه‌وه، ڕووداوه‌كانی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2023 بوو. ئه‌م ڕووداوه به خاڵێكی وه‌رچه‌رخان داده‌نرێت له ڕووی ده‌ستپێكردنی گۆڕانكارییه‌كان له هاوكێشه سیاسی و ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئیسرائیل كاری له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی نفووز (دەستڕۆیشتوویی)ی ئێران كرد له‌ناوچه‌كه‌دا و ده‌ستی كرد به هێرشكردنه سه‌ر هێزه پرۆكسییه‌كانی تاران له فه‌له‌ستین و لوبنان و یه‌مه‌ن؛ هه‌روه‌ها دیارترین سه‌ركرده‌كانی حه‌ماس و حزبوڵڵای لوبنانی كرده ئامانج. له ده‌ره‌نجامی ئه‌م پێشهات و ڕووداوانه سووریاش پشكی گۆڕانكارییه‌كانی به‌ر كه‌وت و له كۆتاییدا ڕژێمی ئه‌سه‌د له ماوه‌ی یازده ڕۆژدا كۆتاییی پێ هات و ڕووخا.
ئه‌م ڕووداو و پێشهاتانه كاریگه‌ریی ڕاسته‌خۆیان له‌سه‌ر ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت توركیا هه‌بوو، چونكه توركیا به‌هۆی پێگه جیۆستراتیژییهكهیهوه كه‌وتۆته ناو جه‌رگه‌ی ڕووداوه‌كان. بۆیه ده‌بینین ئاك پارتی و هاوپه‌یمانانی، پێش ڕووخانی ئه‌سه‌د كه‌وتنه خۆ و بابه‌تی كرانه‌وه‌ی ناوخۆیییان خسته ڕوو.
دوای نزیكه‌ی ساڵێك له ڕووداوه‌كانی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ر و، ڕێك له 22ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2024، سه‌رۆكی پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیا (ده‌وڵه‌ت بهخچهڵی) پێشنیاره سهرهنجڕاكێشهكهی ده‌رباره‌ی ئۆجەلانه‌وه ڕاگه‌یاند، كه تیایدا پێشنیاری ئه‌وه‌ی كرد، كە ئۆجه‌لان له په‌رله‌مانی توركیا و له گرووپی دەم پارتی هه‌ڵوشانه‌وه‌ی په‌كه‌كه و كۆتاییهێنان به چالاكیی چه‌كداری ڕابگه‌یەنێت. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی توندڕه‌وترین حزبی نه‌ته‌وه‌په‌رست له توركیا خۆی له خۆیدا ئاماژه‌یه‌ك بوو بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه گرنگ و جه‌وهه‌رییانه كه پێشبینی ده‌كرێت له قۆناغه‌كانی داهاتوودا له‌ناوچه‌كه‌دا سه‌ر هه‌ڵبده‌ن.
كه‌واتە كاریگه‌ریی یه‌كه‌می ڕووخانی ئه‌سه‌د له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی توركیا، بریتییه له‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه له ئارادایه كوردانی ڕۆژاوا هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆییی ئیداری و ته‌نانه‌ت سه‌ربه‌خۆییی سیاسیی سنووردار بنێن. بۆیه ئه‌م تابلۆیه، ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی ده‌بێت بۆ سه‌ر كورد و پرۆسه‌ی كورد له توركیا؛ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی په‌كه‌كه تا ڕادده‌یه‌كی باش كۆنترۆڵی ڕۆژاوای كردووه؛ ئه‌مه‌یش به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی ده‌بێت بۆ سه‌ر توركیا. كه‌واتە هه‌ر ده‌سكه‌وتێك كورد له ڕۆژاوا به‌ده‌ستی بهێنێ، ئه‌وه ده‌بێته مایه‌ی نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا.
ئه‌وه‌ی نیمچهگهرهنتیكراوه ئەوەیە كە بارودۆخی كورد له دوای ڕووخانی ڕژێمی ئه‌سه‌د له سووریا، جیاوازتر ده‌بێت به‌راورد به بارودۆخی كورد له سووریای سه‌رده‌می ئه‌سه‌ددا. ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی گۆڕینی هاوكێشه‌كان و له‌وانه‌یه جۆره ناسهقامگیرییهك له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆییی توركیادا دروست بكات. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌بینین ئاك پارتی و هاوپه‌یمانانی ده‌ستیان به بانگه‌شه كردووه بۆ ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی نوێ له دانوستان و كرانه‌وه‌ی سیاسیی ناوخۆیی و ده‌ستپێكردنی گه‌ڕێكی نوێی دانوستان له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان. هه‌رچه‌نده پێشبینی ده‌كرێت بابه‌تی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی كرانه‌وه‌ی سیاسیی ناوخۆیی له‌لایه‌ن ئاك پارتی و هاوپه‌یمانانییه‌وه بۆ هه‌ندێك مه‌رامی سیاسیی خۆیان بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر هه‌یه ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی كه‌وا هه‌وڵه‌كانی ئاك پارتی و هاوپه‌یمانانیان بۆ پرۆسه‌ی كرانه‌وه‌ی سیاسی، زیاتر بۆ ڕاكێشانی ده‌نگی ده‌نگده‌ری كورده؛ هه‌روه‌ها ئه‌ردۆغان ئێستا پێویستیی به هه‌موار یاخود گۆڕینی ده‌ستوور هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی خۆكاندیدكردنی هه‌بێت به‌بێ كێشه بۆ قۆناغه‌كانی داهاتوو بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا؛ به‌ڵام نكۆڵی له‌وه‌یش ناكرێت كه گۆڕانكاریی بارودۆخی ناوچه‌كه، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆییی سیاسیی توركیا هه‌یه.
بوونی هه‌سه‌ده له ڕۆژاوا خاڵێكی دیكه‌یه كه ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی لەسه‌ر بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی توركیا ده‌بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌سه‌ده (زیاتر مه‌به‌ست لێره یه‌په‌گه‌یه) ڕازی نه‌بوو چه‌ك دابنێت؛ چونكه ئه‌نقه‌ره له لایه‌ك و ده‌سه‌ڵاتی نوێی سووریا له لایه‌كی دیكه، گوشار ده‌خەنه سه‌ر هه‌سه‌ده بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ك دابنێت، به‌ڵام تا ئێستا هه‌سه‌ده به‌م پێشنیارانه ڕازی نه‌بووه و سووره له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ئێستای خۆی. ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا، چه‌ندان جار ڕای گه‌یاندووه ئه‌گه‌ر یه‌په‌گه چه‌ك دانه‌نێت له سووریا، ئه‌وه ڕووبه‌ڕووی هێرشه‌كانی توركیا ده‌بێت و، ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی له چه‌كدارانی یه‌په‌گه كردووه كه خۆیان و چه‌كه‌كانیان به‌یه‌كه‌وه ده‌یانێژن!
به‌م شێوه‌یه هه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیی توركی بۆ سه‌ر خاكی سووریا، ئه‌وا تێچوو و زیانی زۆری بۆ توركیا ده‌بێت؛ هه‌روه‌ها هه‌م له ڕووی دارایی و هه‌میش له ڕووی ئه‌منی و سه‌ربازی و گیانییه‌وه ئه‌ركێكی قورسه بۆ ئه‌نقه‌ره. ئه‌مه‌یش به‌ش به حاڵی خۆی ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی ده‌بێت بۆ سه‌ر ژیانی سیاسیی ناوخۆی توركیا.
له ئه‌نجامدا ده‌توانین بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه تێچوو و به‌های ڕووخانی ئه‌سه‌د بۆ ئه‌نقه‌ره زۆر ده‌بێت ئه‌گه‌ر هه‌سه‌ده به‌پێی داواكارییه‌كانی توركیا و ده‌سه‌ڵاتی نوێی سووریا هه‌ڵسوكه‌وت نه‌كات له لایه‌ك و، ئه‌مریكاش ئه‌گه‌ر درێژه به پاڵپشتیكردنی هه‌سه‌ده بدات له لایه‌كی تر. بۆیه هه‌رچه‌نده وا ده‌رده‌كه‌وێت كه گۆڕانكارییه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیی توركیایه له سووریا- ته‌نانه‌ت ئاراسته‌یه‌ك له توركیا، ڕووخانی ئه‌سه‌د وه‌كوو سەركەوتنێك ده‌بینن، به‌ڵام له‌وانه‌یه له داهاتوودا بارودۆخ و پێشهاته‌كان له سووریا به ئاره‌زوو و ویستی ئه‌نقه‌ره نه‌بێت، به‌تایبه‌ت له ڕۆژاوا. هه‌روه‌ها وڵاتانی كه‌نداوی وه‌كوو سعوودیا و ئیماراتیش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له سووریا له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ توركیا یه‌ك نه‌گرنه‌وه و ململانێیه‌كی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له نێوان توركیا و قه‌ته‌ر له به‌ره‌یه‌ك و سعوودیا و ئیمارات له به‌ره‌ی به‌رامبه‌ر سه‌ر هه‌ڵبدات؛ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌سه‌ر ئاستێكی نزمیش بێت، تاران هه‌وڵ بدات له ڕێگه‌ی عه‌له‌وی و دروزییه‌كانه‌وه لانی كه‌م ئاسایش و سه‌قامگیریی سووریا تێك بدات.
هێزەکانی لایەنگری تورکیا لە داهاتووی سووریا ج پێگەیەکیان دەبێت؟
ئه‌نقه‌ره زۆر به‌جددی كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات هێز و چه‌كدارانی نزیك خۆی به‌شداری له پرۆسه‌ی دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی سووریا بكەن. سه‌ره‌تا هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ جێگیركردنی ئه‌م گرووپه چه‌كدارانه له‌ناو ڕیزه‌كانی سوپای نوێی سووریا چڕ كردۆته‌وه و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا گرووپه چه‌كداره نزیكه‌كانی ئه‌نقه‌ره له سووریا ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵامی داواكارییه‌كه‌ی “ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع”یان دایه‌وه و ئاماده‌ییی خۆیان بۆ به‌شداریكردن له سوپای نوێی سووریا ده‌ربڕیوه. به‌م شێوه‌یه ئه‌م چه‌كدارانه لانی كه‌م قورسایییهك له‌نێو سوپای سووریای نوێ‌دا پێك ده‌هێنن. له لایه‌كی دیكه له پاڵ لایه‌نه سه‌ربازییه‌كه‌وه، ئه‌نقه‌ره له ڕێگه‌ی گوشارهكانییهوه بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی نوێی سووریا، كار بۆ به‌شداریكردنی چه‌كداره نزیكه‌كانی له پرۆسه‌ی سیاسی له سووریا ده‌كات؛ هه‌روه‌ها هه‌ر له ئێستاوه هه‌وڵ ده‌درێت ئه‌م گرووپانه خۆیان له كاری سیاسی و حزبی ڕابهێنن و، كار ده‌كه‌ن به‌پێی هه‌لومه‌رجه نوێیه‌كان بزووتنه‌وه و حزبه سیاسییه مه‌ده‌نییه‌كان له چوارچێوه‌ی سووریای نوێ‌دا پێك بهێنن. واتە ئه‌نقه‌ره ڕژده له‌سه‌ر دامه‌زراندنی باڵی سیاسی و مه‌ده‌نیی ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه، چونكه له‌وانه‌یه له قۆناغه‌كانی داهاتوودا كاری سیاسیی حزبی له چوارچێوه‌ی سووریای دوای ئه‌سه‌د زۆر خاڵێكی گرنگ بێت.
هه‌ر له‌م نێوه‌نده‌دا سه‌رۆككۆماری توركیا، ئه‌ردۆغان، دوای كۆبوونه‌وه‌ی كابینه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی له ڕێكه‌وتی (23/12/2024) ڕای گه‌یاندبوو جێگەی خۆشحاڵییه كه ده‌بیستین ئه‌وانه‌ی له توركیا خوێندنیان ته‌واو كردووه، له سووریای نوێ‌دا پۆستی حكوومییان پێ دراوه. كه‌واتە هه‌نگاوێكی دیكه‌ی توركیا له سووریا، بریتییه له‌وه‌ی كه‌سانی نزیك خۆی یاخود ئه‌و ناوانه‌ی كه دۆستی توركیان، له ده‌سه‌ڵاته نوێیه‌كه‌ی سووریادا شوێنیان بكرێته‌وه.
به‌رامبه‌ر ئه‌مه، خاڵێكی دیكه‌ی جه‌وهه‌ری كه ئه‌نقه‌ره پێیەوە سه‌رقاڵه، ئاماده‌كارییه بۆ قۆناغه‌كانی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری نوێی سووریا. له‌م پرۆسه‌یه‌دا ئه‌نقه‌ره زۆر به‌جددی كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات، لانی كه‌م گرووپ و ناوه نزیكه‌كانی خۆی له‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌شدار بن، چونكه ده‌ستوور له داهاتووی سووریادا كاریگه‌ری و ڕۆڵی زۆر گرنگی ده‌بێت و ئه‌نقه‌ره‌ش نایه‌وێت له‌م قۆناغه‌دا هیچ قورسایی، پێگه و قسه‌ی نه‌بێت. بێ گومان ئه‌نقه‌ره ده‌یه‌وێ ئه‌م كارانه ئه‌نجام بدات، به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی لایه‌نه نێوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان بۆ بابه‌ته‌كه ڕابكێشێت؛ واتە ناڕاسته‌وخۆ و ژێربه‌ژێر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كار ده‌كات؛ به‌تایبه‌ت هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا به حوكمی ئه‌وه‌ی پێشتر سه‌رۆكی ده‌زگەی هه‌واڵگریی توركیا (میت) بوو، شاره‌زایی و په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ گرووپ و لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی سووریا هه‌یه و ته‌نانه‌ت چه‌ندان جاریش له قۆناغه‌كانی ڕابردوودا سه‌ردانی سووریای كردووه.
له ئه‌نجامدا ناتوانین به شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه لایه‌نگرانی توركیا له سووریا، پێگه‌یه‌كی زۆر زۆر كاریگه‌ریان ده‌بێت، چونكه سووریای نوێ له‌ژێر چاودێریی ئیسرائیل بنیات ده‌نرێت و، ئیسرائیلیش به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه نادات سیناریۆی هه‌ژموونی ئێران له سووریا دووباره بێته‌وه. واتا ته‌لئه‌ڤیڤ كه به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ كۆتاییی به هه‌ژموونی تاران هێنا له سووریا، بۆ ئه‌وه نه‌بوو توركیا ببێته‌وه شوێنگره‌وه‌ی ئێران، به‌ڵكوو با ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێت كه ئیسرائیل سووریایه‌كی لاواز له ڕووی سه‌ربازی و ئه‌منی و سیاسیی ده‌وێت، چونكه له‌گه‌ڵ ڕووخان و دوای ڕووخانی ڕژێمی ئه‌سه‌د له سووریا، ئیسرائیل سه‌دان هێرشی سه‌ربازیی كردۆته سه‌ر سووریا و به‌نزیكه‌یی ته‌واوی توانا سه‌ربازییه‌كانی سووریای كۆتایی پێ هێناوه. بۆیه مه‌حاڵه دیسان ڕێگه به ده‌سه‌ڵاتی نوێی سووریا بدات خۆی پڕچه‌ك بكات و سوپاكه‌ی به‌هێز بكات.
په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و ئه‌مریكا و ململانێی ئه‌نقه‌ره له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌كانی دیكه به‌ره‌و كوێ هه‌نگاو ده‌نێت؟
په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و ئه‌مریكا له لایه‌ك و ململانێی نێوان ئه‌نقه‌ره و ته‌لئه‌ڤیڤ و تاران له سووریا له لایه‌كی دیكه، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیان ده‌بێت بۆ سه‌ر پێگه‌ی توركیا له سووریای دوای به‌شار ئه‌سه‌د. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌ره‌تا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و واشنتۆن وه‌كوو دوو هێزی كاریگه‌ر له ناوچه‌كه ڕۆڵی به‌رچاوی له دیاریكردنی داهاتووی سووریا ده‌بێت.
ده‌توانین كاریگه‌ریی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و ئه‌مریكا بۆ سه‌ر سیاسه‌تی توركیا له سووریا، لەم چه‌ند خاڵه‌دا كورت بكه‌ینه‌وه:
ئه‌وی له لای دۆناڵد تره‌مپ گرنگه، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكایه و وه‌كوو “پیاوێكی كار” مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كان ده‌كات؛ بۆ نموونه پێش هه‌ر هه‌نگاوێك بیر له‌وه ده‌كاته‌وه ئه‌م هه‌نگاوه چ قازانجێكی بۆ ئه‌مریكا و پێگه‌ی ئه‌مریكا هه‌یه؟ بۆیه له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه پێشبینیی ئه‌وه ده‌كرێت ئه‌م جاره‌یان ئه‌ردۆغان مامه‌ڵه‌یه‌كی پراگماتییانه له‌گه‌ڵ تره‌مپ بكات به له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی هه‌ردوو لا، چونكه لانی كه‌م ئه‌ردۆغان خاوه‌ن ئه‌زموونێكی باشه له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مریكا. واتە له ساڵی 2003وه تا ئه‌مڕۆ ئه‌ردۆغان كاری له‌گه‌ڵ چوار سه‌رۆكی ئه‌مریكیی جیاواز كردووه كه بریتین له هه‌ر یه‌كه له: جۆرج دەبلیۆ بوش، باراك ئۆباما، دۆناڵد تره‌مپ، جۆ بایدن. ئه‌مه‌یش بێ گومان ئه‌زموونێكی باشی به‌خشیوه‌ته ئه‌ردۆغان، به‌تایبه‌ت لە نێوان ساڵانی (2016-2020) كاری له‌گه‌ڵ تره‌مپ كردووه. له‌م قۆناغه‌دا گرنگترین كێشه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و واشنتۆن بریتی بوون له: كێشه‌ی كڕینی S-400، بڕیاری كۆنگرێس ده‌رباره‌ی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌كان، كێشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای سپی، بابه‌ته‌كانی یۆنان و قوبرس، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قه‌شه برۆنسۆن بۆ ئه‌مریكا، بابه‌تی گهڕاندنەوەی گوله‌ن بۆ توركیا و داوای خه‌لق بانك، دیارترین ئه‌و بابه‌تانه بوون كه گرفتی له نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌دا دروست كردبوو. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی بارودۆخ و ژینگه‌ی هه‌رێمی و جیهانی، ئێستا زۆر جیاوازه به‌راورد به ساڵانی (2016-2020)، بۆیه پێشبینی ده‌كرێت په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كه‌ی ئه‌م دوو وڵاته ئه‌م جاره‌یشیان بێ‌گرفت نه‌بن.
گرنگترین كێشه و گرفت له‌وانه‌یه بابه‌تی مامه‌ڵه‌كردن بێت له‌گه‌ڵ “هه‌سه‌ده – په‌یه‌ده” له ڕۆژاوا؛ هه‌ردوو لا تێڕوانینیان به‌رامبه‌ر به چه‌كدارانی “په‌یه‌ده” زۆر جیاوازه. هه‌رچه‌نده ئه‌م كێشه‌یه له قۆناغی ڕابردوویش له نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا هه‌بوو، به‌ڵام نه‌مانی ئه‌سه‌د ئه‌م بابه‌ته ده‌گوازێته قۆناغێكی جیاوازتر. بۆیه پێشبینی ده‌كرێت ئه‌ردۆغان پێشنیاری ئه‌وه بكات كه توركیا ئاماده‌یه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان و، له هه‌مان كاتدا هاوكاریی ئه‌وه‌یش ده‌كات پارێزگاری بكات له‌و گرتووخانانه‌ی كه تیرۆریستانی داعش له‌خۆ ده‌گرن، چونكه گه‌وره‌ترین بیانووی ئه‌مریكا بۆ پاڵپشتیكردنی چه‌كدارانی “یه‌په‌گه” بابه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و پارێزگاریكردنه له‌و گرتووخانانەی كه تیرۆریستانی داعش له‌خۆ ده‌گرن. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه كه له‌م دوو بابه‌ته‌دا یارمه‌تی پێشكه‌ش بكات.
له لایه‌كی دیكه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و ئیسرائیل و، هه‌روه‌ها توركیا و ئێران، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیان لەسه‌ر سیاسه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر سووریا ده‌بێت؛ به‌تایبه‌ت ئیسرائیل كه ڕۆڵێكی گرنگی له ڕووخانی ڕژێمی ئه‌سه‌د هه‌بوو، پێ ناچێت ئاوا به‌ئاسانی واز له سووریا بهێنێت و ژینگه‌یه‌كی ئاوا ناله‌بار ئاماده بكات تیایدا لایه‌نێكی وه‌كوو توركیا باڵاده‌ست بێت. ستراتیژییه‌تی ئیسرائیل له سووریا بریتییه له ڕێگریكردن له دروستبوونی سووریایه‌كی به‌هێز؛ هه‌روه‌ها هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێی كرد، ته‌لئه‌ڤیڤ نایه‌وێت به هیچ شێوه‌یه‌ك سوپایه‌كی به‌هێز له سووریا بنیات بنرێت؛ جگه له‌مه با ئه‌وه‌یش له‌به‌رچاو بگرین كه دانیشتووانی ئیسرائیل به‌راورد به ساڵانی ڕابردوو زۆر زیادی كردووه و پێویستیی به فراوانبوون هه‌یه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته خاكی سووریا، به‌تایبه‌ت بهرزایییهكانی جۆلان، به‌شێكی گرنگی له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه دوای ڕووخانی ڕژێمی ئه‌سه‌د داگیر كرا. به‌م شێوه‌یه‌یش ئیسرائیل هه‌م له پێگه ستراتیژییه گرنگه‌كه‌ی جۆلان و هه‌میش له ڕووی فراونكردنی خاكی ئیسرائیله‌وه هه‌نگاوی جددیی ناوه. ئه‌م جووڵەیهی ئیسرائیل بێ گومان ئه‌نقه‌ره‌ی نیگه‌ران كردووه و هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ئه‌م جووڵانه‌ی ئیسرائیل، توركیا هاتنی سوپای ئیسرائیلی بۆ ناو خاكی سووریا له‌سه‌ر زاری سه‌رۆككۆماری توركیا “ئه‌ردۆغان”ه‌وه شه‌رمه‌زار كرد.
تارانیش هه‌رچه‌نده ئێستا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه به‌هۆی لاوازبوونی هێزە پرۆكسییه‌كانی له فه‌له‌ستین و لوبنان و یه‌مه‌ن و سووریا گورزێكی گه‌وره‌ی به‌ر كه‌وتووه، به‌ڵام ئه‌وه به مانای ئه‌وه نایەت كه هیچ ڕۆڵێكی له ناوچه‌كه‌دا، به‌تایبه‌ت له سووریا، نابێت. ڕاسته خاكی سووریا به‌ته‌واوه‌تی له كاریگه‌ریی ئێران دوور خراوه‌ته‌وه و هێزه پرۆكسییه‌كانی ئێران كشاونه‌ته‌وه، لێ ئه‌مه به واتای ئه‌وه نایەت كه تاران هیچ كاریگه‌رییه‌كی له سووریا نه‌ماوه، چونكه ڕۆژانی داهاتوو، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌توانرا سه‌قامگیری و ئاسایش به‌رپا بكرێت، ئه‌وكات دوور نییه دووباره تاران ده‌ست به جموجۆڵه‌كانی بكات له خاكی سووریا. با ئه‌وه‌یشمان له‌به‌رچاو بێت، ئێران له بابه‌تی خۆخزاندنهوه بۆ نێو وڵاتانی سووریا و تێكدانی ئاسایشی، ئه‌زموونێكی باشی هه‌یه و دووریش نییه له قۆناغه‌كانی داهاتوودا، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستێكی نزمیش بێت، سه‌قامگیری و ئاسایشی سووریا بكاته ئامانج. ئه‌م هه‌ڵویسته‌ی ئێرانیش ڕاسته‌وخۆ دژی هه‌ڵوێسته‌كانی توركیایه له سووریا؛ واتە به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوو لا ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م جیاوازییانه، ئه‌نقه‌ره زۆر گرنگی به‌وه دەدا كه ناهێڵێت به‌ئاسانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ تاران به‌ته‌واوه‌تی بپچڕێنێت.
كۆبه‌ند
سووريا له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له دیاریكردنی هاوكێشه‌كاندا پێگه و ڕۆڵێكی گرنگی هه‌یه. هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌م وڵاته‌دا، بێ گومان لێكه‌وته‌ی زۆری ده‌بێت. به حوكمی ئه‌وه‌ی توركیاش سنوورێكی دوورودریژی له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاته‌دا هه‌یه، پێشهات و ڕووداوه‌كانی سووریا كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی بۆ سه‌ر ئه‌نقه‌ره ده‌بێت.
له‌گه‌ڵ ڕووخانی ڕژێمی ئه‌سه‌د له سووریا و گه‌یشتنی هه‌یئه‌ی ته‌حریری شام بۆ ده‌سه‌ڵات به سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع، له نێوخۆی توركیا وه‌كوو سه‌ركه‌وتنێكی ستراتیژی بینرا و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا به “فه‌تحی سووریا” ناوزه‌د كرایه‌وه. ڕاسته پێ ده‌چێت توركیا له دوای ڕووخانی ئه‌سه‌د هه‌ندێك ده‌ستكه‌وتی له سووریا هه‌بێت، به‌ڵام پێ ناچێت بارودۆخه‌كه له ڕووی ستراتیژی و سیاسی و ئه‌منییه‌وه وه‌كوو ئه‌وه‌ی توركیا ئاره‌زووی ده‌كات ببێت و، به‌پێچه‌وانه‌وه سووریا له‌وانه‌یه له قۆناغه‌كانی داهاتوودا له ڕووی سیاسی و ئه‌منی و سه‌ربازییه‌وه زۆر ئاسته‌نگ و گرفت بۆ ئه‌نقه‌ره دروست بكات، به‌تایبه‌ت له ڕۆژاوا. بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت قۆناغه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تێكی یه‌كگرتوو، ئاماده‌كردنی ده‌ستوورێكی نوێ و بابه‌تی سه‌رله‌نوێ بنیاتنانه‌وه‌ی سووریا و كێشه و گرفته ناوخۆیییه‌كانی سووریا و هه‌ژموونی ئیسرائیل و ده‌ستدرێژییه‌كانی بۆ سه‌ر خاكی سووریا و ململانێی ئه‌نقه‌ره و وڵاتانی كه‌نداو، هه‌روه‌ها ستراتیژی و پلانی داهاتووی هه‌یئه‌ی ته‌حریری شام، گرنگترین ئه‌و بابه‌تانه بن كه پێشبینی ده‌كرێت ئه‌نقه‌ره له سووریای پاش ڕووخانی به‌شار ئه‌سه‌د ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه.