د. پەرویز ڕەحیم قادر– دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان/ دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی
هاتنەسەرکاری “دۆناڵد ترەمپ” لێکدانەوە و پێشبینییەکانی زۆربەی سەکردە و دەوڵەتانی جیهانی ڕووبەڕووی کێشەی گەورە کردۆتەوە. لەم نێوەندەیشدا کۆماری ئیسلامی بەهۆی سروشتی سیستەمە سیاسییەکەی و، هەروەها هاوکێشەکانی ئەم دوایییەی ناوچەکە لە پاش ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ و بەتایبەتی هاتنەسەرکاری ترەمپ بۆ جاری دووەم، تووشی دڵەڕاوکێیی ئاسایشی بۆتەوە. لە لایەک بەهۆی ناڕەزاییەتییەکانی ڕابردوو و سەرکوتکردنیان، لە ڕووی ڕەوایەتیی ناوخۆیییەوە ئاڵنگاریی گەورەی لەبەردەمدایە و لە لایەکی دیکەیشەوە لە ڕووی ئابووری و دارایییەوە لەوپەڕی لاوازی و لەرزۆکیی خۆیدایە و، بەپێی دوایین ئامار لە ڕۆژنامەیەکی ئێرانی زیاتر لە ٢٧% لە ئێرانییەکان ڕۆژانە کەمتر لە ٢ دۆلار داهاتیان هەیە و ٦.٥% لە ئێرانییەکان خواردنی پێویستیان دەست ناکەوێت و ڕووبەڕووی کەمیی خۆراک بوونەتەوە؛ تەنانەت ستراتیژیی بەرگریی سەربازی و ئاسایشی لە ناوچەکەدا بەهۆی ئیسرائیلەوە و لەدەستدانی کۆڵەکەکانی هێزی خۆی، بەتایبەتی پرۆکسییەکانی لە ناوچەکەدا، داڕماوە و ناتوانێت وەکوو پێشووتر متمانەی ئاسایشیی پێ بدات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕێکەوتی (٤-٢-٢٠٢٥) ترەمپ بڕیاری “ئەوپەڕی گوشار”ی دژ بە ئێران واژۆ کرد و لە هەمان کاتدا ئەگەری وتووێژ لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێرانی ڕاگەیاند. ترەمپ وتی: مەحاڵە ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. ئاماژەی بەوەیش کردووە، لە کاتی واژۆکردنی فەرمانەکەدا دوودڵ بووە و بە “شتێکی زۆر قورس” وەسفی کردووە. سەرۆککۆماری ئەمریکا سەبارەت بەوە وتی: هیوادارم ناچار نەبین لەم بڕیارە کەڵک وەرگرین و ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بەدی بهێنرێت. دەیشڵێت: ئێمە مافی ئەوەمان هەیە ڕێگری لە ئێران بکەین نەوت بە وڵاتانی دیکە بفرۆشێت و ئەگەر ئێران هەوڵی کوشتنی من بدات، ئەوا لەناوی دەبەین. جێگەی ئاماژەیە کە ئەم بڕیارە بە یاداشتنامەی سەرۆکایەتی (Memorandum) دەناسرێت[1].
هەموو ئەمانەیش وای کردووە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵی خۆیان بدەن کە بکەونە دانوستان و تەنانەت لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە پرسی ئەتۆمیی ئێران ڕێککەوتن بکەن؛ چونکە گرنگترین هۆکار و پاڵنەر ئەوەیە دەستەبژێری دەسەڵاتدار بەگشتی و خودی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، ئایەتوڵڵا خامنەیی، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە چیتر وەکوو خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی، ناتوانن لە بەرامبەر ترمپ و ئیدارەی نوێیەکەی خۆڕاگری بکەن.
ئەم نووسینە بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان و داینامیزمی نوێی هێز لە ناوچەکەدا، تاوتوێی هۆکار و پاڵنەرەکانی گۆڕانی ڕوانگەی ئێران لە هەمبەر ئیدارەی نوێی ئەمریکا و ئاڵنگارییەکانی دەکات.
یەکەم: جیاوازیی ترەمپی ٢٠٢٥ و ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا
هەموو وڵاتانی جیهان و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەم جارە ترەمپ و هەڕەشەکانی بەجددی وەردەگرن، چونکە دۆناڵد ترەمپ بەئاشکرا لە چەندان بۆنەدا ڕای گەیاندووە کە ڕێگە نادات ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی؛ لەبەر ئەوەی بەپێی ڕاپۆرتەکان ئێران زیاتر لە 121.5 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60%ی بەرهەم هێناوە. لە کاتێکدا رێژەی پیتاندنی 90% پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام کاریگەریی ئەم سنووربەزاندن و چالاکییانە ئەوەیە کە بە وتەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، ئێران ئێستا دەتوانێت تەنیا لە ماوەی یەک یان دوو هەفتەدا یۆرانیۆمی پێویست بۆ چەک (WGU) بەرهەم بهێنێت کە بتوانێت یەک بۆمبی ئەتۆمی (یان حەوت بۆمب لە مانگێکدا) دروست بکات. بە واتایەکی تر ئێران دەتوانێت ماددەی پێویست بەرهەم بهێنێت کە بۆمبێک دروست بکات پێش ئەوەی پشکنەرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاگادار ببنەوە. بەم پێیەش ئێران لە لێوار (threshold)ی ئەتۆمیبووندایە.
لە لایەکی دیکەیشەوە، یەکێک لە مەترسی و دڵەڕاوکێکانی ئێران ئەوەیە کە توندڕەوترین کەسانی دژبەری ئێران و لایەنگری ئیسرائیل، ئیدارەی ترەمپ، بەتایبەتی لە وەزارەتی دەرەوە لە خولی دووەمدا پێک دێنن کە لە ڕابردوودا بەئاشکرا ڕایان گەیاندووە کە دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و بەتوندییش لایەنگری لە ئیسرائیل دەکەن. بۆیە ئێرانییەکان ئەو ڕاستییە دەزانن کە بۆ پووچەڵکردنەوەی مەترسییەکانی ئەم تیمەی ترەمپ، دەبێت کار لەسەر خودی دۆناڵد ترەمپ و حەزی ناوبراو بە ڕێککەوتن و دوورکەوتنەوە لە جەنگ بکەن. هەرچەندە ئەوەیش دەزانن کە بارودۆخەکە بەتەواوی گۆڕاوە و ئێستا وەکوو ڕابردوو لە پێگەیەکی بەهێزدا نین و “رووسیا” و “چین“یش سەرەڕای ڕێککەوتنی ستراتیژییان لەگەڵ ئێران، بەپارێز و هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ترەمپ دەکەن و ئێران دەبێت بۆ ئەوە پشت بە خۆی و نێوەندگیرە ناوچەیییەکان ببەستێت.
دووەم: یەکبوونی هەڵوێستی ئەوروپییەکان و ئەمریکا سەبارەت بە ئێران
ئاماژەکان و لێدوانەکان دەری دەخەن کە دەسەڵاتدارانی ئێران گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە ئەم خولەی ترەمپ، پێ ناچێت چیتر کۆماری ئیسلامی بتوانێت وەکوو خولی یەکەم بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان ئەوروپییەکان و ترەمپ بەردەوام بێت و لانی کەم ئەوروپییەکان سەبارەت بە سیاسەتی ئەمریکا لە هەمبەر ئێران و دۆسیەی لە دژی ترەمپ بوەستن. تەنانەت تاوەکوو ١٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٥ دەرفەت بۆ سێ وڵاتی ئەوروپی هەیە کە میکانیزمی ماشە (snapback) چالاک بکەن و هەموو ئابڵووقە و سزاکان لە چوارچێوەی بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش بگەڕێتەوە[2]. بۆیە ئێرانییەکان نایانەوێت جارێکی دیکە بکەونەوە ناو ئەم سزایانە و ئەمەیش بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا دەکرێت.
سێیەم: مەترسیی ئێران بۆ ئەوروپییەکان پاش هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا
لەم خولەدا خودی ئەوروپییەکان زیاتر لە ئەمریکا هەست بە مەترسییەکانی ئێران و بەهێزبوونی دەکەن، چونکە ئەم جارە فاکتەری جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا هاتۆتە ناو هاوکێشەکانەوە و ئێران بە یارمەتیدانی ڕووسیا لە ڕووی دابینکردنی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و مووشەک لە جەنگی ئۆکراینا، بۆتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا. هەروەها فاکتەری جوگرافی و نزیکیی ئێران لە وڵاتانی ئەوروپا هۆکارێکی دیکەیە کە وا دەکات ئەوروپییەکان لە هەمبەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران هەستیارتر بن، بەتایبەتی پاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ و هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل؛ چونکە ئەوە نیشانی دا کە بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران ئەگەر لەگەڵ بەرنامە ئەتۆمییەکەی یەک بگرێتەوە، ئەوە بەدڵنیایییەوە دەبێتە جددیترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی سەربازیی ئەوروپییەکان و لەوانەیشە ڕووسیا لە کاتی پێویست ئەوە لە دژی ئەوروپییەکان لە هەر جەنگێک لە نێوان ئەوروپا و ڕووسیادا لە داهاتوودا بەکار بێنێت. هەروەها چالاکییەکانی ئێران لەناو خاکی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لەم دوایییەدا هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی ناوخۆییی ئەو وڵاتانە دروست کردووە و شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی لە هەمبەر ئەو چالاکییە تێکدەرانەدا دروست کردووە. جگە لەوانەیش کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار دەکرێت کە لە ڕێگەی گرووپە تاوانکارییەکان بەرنامەکانی خۆی لەناو خاکی وڵاتانی ئەوروپی پەرە پێ دەدات و بەردەوامیشە لە بارمتەگرتنی هاووڵاتیانی ئەوروپی وەکوو کارتێکی گوشار بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی یاخود ئازادکردنی ئەندامانی سەر بە دامەزراوەکانی هەواڵگری و سەربازیی خۆی کە لە ئەوروپا و ئەمریکا دەستبەسەر دەبن و، بەشدارن لە شکاندنی ئابڵووقە و سازاکان و، هەروەها گواستنەوەی تەکنەلۆژیای قەدەغەکراو بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانی ئێران.
چوارەم: لێکەوتەکانی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل
ڕووداوەکانی پاش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ و لێکەوتەکانی، بەتەواوی کۆماری ئیسلامیی شۆک کردووە و وای کردووە کە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی بگەنە ئەو بڕوایەی کە ئاڵوگۆڕەکان لە ناوچەکە و هاوسەنگیی هێز لە ئێستادا بە هیچ شێوەیەک لە قازانجی ئەواندا نییە. هەر بۆیە ڕێگریکردن لەوەی کە زیاتر لەوەیش لە ناوچەکەدا نفووزیان بەهۆی پێکدادان و جەنگی بەنوێنەرایەتی (Proxy war)ەوە لاواز بێت، بۆتە ئەرکی سەرەکییان، چونکە حزبوڵڵای لوبنان وەکوو گرنگترین سامان و داراییی ستراتیژیی بەرگری و سەربازیی ئێران کە لە هەمان کاتدا گەورەترین، بەهێزترین و ڕێکخراوترینیشیان بوو، لە ئێستادا بە شێوەیەک لاواز بووە کە ناتوانێت خۆی بپارێزێت، ج جای ئەوەی کە ببێتە قەڵغانێک بۆ بەرگری لە خودی کۆماری ئیسلامی. ئەوە جگە لەوەی کە گەورەترین مەترسیی نزیکی ئیسرائیل کە حەماس بووە، بە شێوەیەکی بەرچاو تێک شکێنراوە و لانی کەم لە ڕووی سەربازییەوە ناکاریگەر بووە و بۆتە گرووپێکی بچووکی چەکدار و، لە هەمان کاتیشدا لەوانەیە بۆ ماوەیەکی نادیار و درێژ چیتر کۆماری ئیسلامی نەتوانێت هیچ گرووپێکی چەکداری دیکەی کاریگەر لە دژی ئیسرائیل بخاتە گەڕ و تەیاریان بکات، چونکە هەم دۆخی ناوچەکە گۆڕاوە و هەمیش خودی کۆماری ئیسلامی ئەو توانا ئابووری و سەربازی و هەواڵگرییەی پێش ٧ی ئۆکتۆبەری بۆ کۆ ناکرێتەوە.
پێنجەم: لاوازبوونی بەرەی موقاوەمە و ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا
لە ڕووی هاوسەنگی و داینامیکی هێز لە ناوچەکەدا کۆماری ئیسلامی لە پاشەکشەدایە و هەر ئەمەیش مەترسیی وجوودیی بۆ کۆماری ئیسلامی دروست کردووە، چونکە ستراتیژیی ڕێگریکردن (Deterrence)ی کۆماری ئیسلامی کە لەسەر بنەمای جەنگی بەنوێنەرایەتی (asymmetric warfare) و ناوچە خۆڵەمێشییەکان بووە (Gray Zone Warfare) بەتەواوی لاواز بووە و ئێستا ئاستی مەترسی لەسەر حەشدی شەعبی و حووسییەکانی یەمەن بە ڕاددەیەک بەرزە کە بەتەواوی لە هاوکێشەکاندا ناکاریگەری کردوون. هەروەها یەکێک لە گەورەترین شکستەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بوو لە سووریا، چونکە جگە لەوەی کە ئەو ڕژێمە لە ئێرانەوە نزیک بوو، لە هەمان کاتیشدا پچڕاندنی ئەوەیش کە بە “هیلالی شیعی” یان ئاڵقەی پێکەوەبەستنەوەی “بەرەی موقاوەمە” دەناسرا، بوو، بە مەبەستی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی و، هەروەها هاتوچۆی ئازادانەی چەکدارانی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران و، هەروەها ئەندامانی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی؛ ئەوە جگە لەوەی کە ئێرانی بەناڕاستەوخۆ دەگەیاندە سنوورەکانی ئیسرائیل، بەبێی ئەوەی کە ئیسرائیلییەکان دەستیان بە کۆماری ئیسلامی ڕابگات.
لە لایەکی دیکەیشەوە، ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ستراتیژیی پێکەوەبەستنەوەی بەرەکانی جەنگ (unity of the arenas) یاخود یەکگرتوویی و یەکێتیی گۆڕەپانەکان (اتحاد میدان ها)ی پووچەڵ کردەوە کە گەورەترین ستراتیژیی سەربازیی ئێران بووە لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا، کە وای دەکرد وڵاتانی ناوچەکە- بە ئیسرائیلیشەوە- بەردەوام هەست بە مەترسی بکەن و لە بەرامبەریشدا ئێرانییەکان هەست بە باڵادەستی و پارێزراویی خۆیان بکەن. جگە لەوەیش، ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە لایەک نیشانی دا کە کۆماری ئیسلامی تا چ ڕاددەیەک لاواز بووە کە نەیتوانی بەرگری لە کۆنترین و سەرەکیترین هاوپەیمانی لە ناوچەکەدا بکات و لە لایەکی دیکەیشەوە ترسی خستە ناو پرۆکسییەکانی دیکەی ئێران کە لە پاش حەماس و حزبوڵڵای لوبنان و، هەروەها ڕژێمی ئەسەد، ئەوان دەکرێنە ئامانج و کۆماری ئیسلامییش ناتوانێت هیچ کاردانەوەیەکی جددی و کاریگەری بۆ پاراستنیان هەبێت. هەرچەندە و لە ڕاستیدا ئەو گرووپانە بۆ ئەوە دروست کرابوون کە ئاسایشی ئێران بپارێزن و ببنە بەشێکی سەرەکی لە سیاسەتی ڕێگریکردن (deterrence strategy)ی ئێران لە ناوچەکەدا، نەک بەپێچەوانەوە کە ئێران بۆ بەرگریکردن و پاراستنیان، ئاسایش و مانەوەی خۆی بخاتە مەترسییەوە و بچێتە جەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکاوە، لە کاتێکدا ئەو گرووپانە بۆیە دروست بوون کە ڕێگە لەوە بگرن کە ئێران بەڕاستەوخۆ بچێتە هیچ جەنگێکەوە و لە هەمان کاتیشدا، ئێران پارێزراو بێت و ئامانجەکانی بێنێتە دی.
هەر بۆیە ئەم ڕووداوانە نەك هەر لە ئاستی پرۆکسییەکانی ئێران بەڵکوو لەسەر ئاستی ناوخۆییش لە لای لایەنگرانی توندڕەوی کۆماری ئیسلامی وای کردووە کە ناڕەزایەتی دەرببرن یاخود لانی کەم دوودڵ بن لە دروشم و سیاسەت و ستراتیژی و ئامانج و تواناکانی کۆماری ئیسلامی و، هەر ئەمەیش وا دەکات کە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی ڕێبەری باڵای ئێران، ئایەتوڵڵا خامنەیی، بەردەوام پێداگری بکەن کە شکستیان نەخواردووە و لە غەززە سەرکەوتوو بوونە و حزبوڵڵا چۆکی بە ئیسرائیل داوە و بەرەی موقاوەمە وەکوو ڕابردوو بەهێزە و لە سووریا دیسانەوە موقاوەمە دەست پێ دەکاتەوە و ئەم دۆخەی سووریا کاتییە. بۆیە داڕمانی تواناکانی پرۆکسییەکانی ئێران بەگشتی و ڕووخانی ئەسەد بەتایبەتی، کاریگەریی گەورەی نەرێنیی لەسەر هەبوو، لە ڕووی ڕۆحییەتی بەرگریی لایەنگرانی ناخۆیی و دەرەکی و ڕەوایەتیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییشەوە.
شەشەم: دۆخی نالەباری ناوخۆیی و باری ئابووریی ئێران
لە ڕووی ئابووری و دارایییەوە کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی زۆر نالەباردایە، چونکە درێژەکێشانی ئابڵووقە و سزاکانی سەر ئێران، بەتایبەتی لە پاش دەرچوونی ترەمپ لە 8-5-2018، لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی JCPOA-هەرچەندە هەندێ جار ئیدارەی بایدن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، چاوپۆشیی لە فرۆشتنی نەوت کردووە و پارەی بۆ ئازاد کردووە-، وای کردووە کە لە ئاستی ناوخۆیی ناڕەزایەتییەکان پەرە بسێنێت و ئەگەری تەقینەوەی جەماوەری، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بەهێزتر بووە؛ ئەوە جگە لەوەی کە تواناکانی ئێرانی لاواز کردووە کە بتوانێت بەدواداچوون بۆ سیاسەتە سەربازی و مووشەکی و ئەتۆمییەکانی بکات. بەڵام ئەوەی کە زیاتریش ئێرانییەکانی نیگەران کردووە، ئەوەیە کە ترەمپ سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری خۆی (Maximum pressure campaign) بۆ ناچارکردنی ئێران بە ڕێککەوتن و خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی و لە هەموو بوارەکاندا بەسەر ئێراندا بسەپێنێت. ئەوەیش ئەو خاڵەیە کە هەم لە ئاستی ناوخۆیی و هەمیش لە ئاستی دەرەکیدا هەڕەشەی جددی لە خودی سیستەمەکە سیاسییەکەی کۆماری ئیسلامی دەکات. چونکە لەم حاڵەتەدا داینامیکی هاوسەنگیی هێزی ناوچەیی لە پاش ٧ی ئۆکتۆبەر و ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەکان و گوشارە دەرەکییەکان پێکەوە دەتوانن بە شێوەیەک کاریگەر بن و کۆماری ئیسلامی لاواز و لەرزۆک بکەن کە سیاسەتمەدارانی ئەمریکی و ئیسرائیلی بگەنە ئەو بڕوایەی کە کاتی ئەوەیە سیستەمەکە بە کەمترین تێچوو بڕووخێنن.
هەر ئەمەیش وا دەکات کە ئێرانییەکان دانوستان بەجددی وەربگرن بە مەبەستی دوورخستنەوەی ترەمپ لە ئیسرائیلییەکان لە لایەک و، هەروەها لادانی سزا و ئابڵووقەکان و، لەمەیش گرنگتر ڕێگریکردن لە ترەمپە کە جارێکی دیکە بەهێزەوە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لە ڕێگەی ئابڵووقە و سزاکانەوە بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، چونکە ئەم جارە ئەوروپییەکانیش دژی ترەمپ ناوەستنەوە و بەتەواوی ئێران لەرزۆک دەکات و، ئێران ناتوانێت بەرگەی ئەم سیاسەتەی ترەمپ بگرێت.
لە هەموو ئەمانەیش گرنگتر، ئێرانییەکان پێیان وایە کە هەرچەندە ترەمپ جەنگی ناوێت و، دەیەوێت کێشەکان لەگەڵ ئێران چارەسەر بکات و ئەو دەستکەوتە بە ناوی خۆی تۆمار بکات، بەڵام ئەم جارە ترەمپ سڵ لەوە ناکاتەوە کە یارمەتیی ئیسرائیلیش بدات هێرشی سەربازی بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران یاخود بەهاوبەشی ئەم هێرشە بکەن ئەگەر ئێران ڕازی نەبێت پرسە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر بکات؛ چونکە یەکێک لە بنەماکانی دۆکترینی ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوەیدا بریتییە لە “ئاشتیی زۆرەملێ” (Bullying Peace)؛ بەم واتایە كە ئەمریكا ئاشتی و ئاسایش لە ڕێگەی بەهێزبوون و هێزی سەربازییهوه، بەبێ بەكارهێنانی، دەستەبەر دەكات. هەر بۆیە ترەمپ زۆر گرنگی بە ڕێككەوتن و هاوپەیمانێتییهكان و تەنانەت ڕۆڵی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان نادات؛ بەتایبەتی کە ئەم جارە ترەمپ رەزامەندیی لەسەر پێدانی بۆمبی سەنگەرشکێن (2,000-pound bombs) داوە کە دەکرێت بۆ لێدان لە بنکە و دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران، کەڵکی لێ وەربگیریت.
هەفتەم: مەترسیی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران
جگە لەوەی کە لە ئاستی دەرەکیدا داینامیکی هێزی هەرێمایەتی لە زیانی ئێران گۆڕاوە، لە ئاستی بەرگریی ناوخۆییش لە پاش دوایین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە ڕێکەوتی ٢٦-١٠-٢٠٢٤ بە زیاتر لە 100 فڕۆکە و درۆن و هێرشکردنە سەر زیاتر لە ٢٠ ئامانجی ستراتیژی، ئەوە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران بە ڕاددەیەک لاواز بووە کە ئیسرائیلییەکان بەئاسانی دەستیان بە بنکە و ناوەندە هەستیارە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران ڕادەگات. هەر ئەمەیش وای کردووە کە کۆماری ئیسلامی هەست بە تێکچوونی هاوسەنگیی هێز بکات و لە ڕێگەی دانوستانەوە لەگەڵ ئەمریکا، هەوڵ بدات کە ڕێگری لەم هێرشە بکات؛ چونکە هەم توانای بەرگریی ئاسمانیی لاواز بووە و هەمیش ناتوانێت لە سەردەمی ترەمپ وەکوو پێشووتر هێرش بکاتەوە سەر ئیسرائیل و تەنانەت هەر ئەم فاکتەرەیش وای کردووە کە ئێرانییەکانن سەرەڕای پروپاگەندەی زۆر و بەڵێنی تۆڵەکردنەوە هێرش نەکەنە سەر ئیسرائیل و، سەرەڕای داواکاریی لایەنگرە توندڕەوەکانیان بەڵێنی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی “الوعد الصادق-٣” پشتگوێ بخەن، چونکە ئێران ترسی لە هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەری هەیە کە بە تەڵەی ستراتیژی (strategy trap) یاخود بە پیلان و تەڵەی نەتانیاهۆی دەزانێت.
کۆبەند
هەرچەندە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووری و سیاسی و سەربازی و ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی و، هەروەها بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی ترمپ، دەیەوێت دانوستان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بکات و بگاتە ڕێککەوتنێک هەم مەترسییەکان بڕەوێنێتەوە و هەمیش ئابڵووقە و سزاکانی سەر ئێران نەگەڕێتەوە و تەنانەت خۆی لە دووبارەبوونەوەی سزا توندەکان و سەپاندنی لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەوپەری گوشاری ترەمپ ڕزگار بکات، بەڵام بەربەست و ئاڵنگارییەکانی بەردەم ڕێککەوتنەکە زۆر زیاترە لە ئەگەری ڕێککەوتن، چونکە تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ سیاسەتی ناڕوونی بەئەنقەست (deliberate ambiguity) یاخود تەنانەت ناڕوونی ستراتیژی (Strategic ambiguity)ی لە هەمبەر ئێران پەیڕەو کردووە. ئەمەیش بەو مانایەیە کە ئاستی بارگرژییەکان بە ڕاددەیەک بەرز دەکاتەوە كە ئێران تا لێواری پێکدادان ببات و لە هەمان کاتیشدا ئەمریکا بەهۆی ئەم ناڕوونییە ستراتیژییەوە لە جەنگ دوور بکەوێتەوە، چونکە ئەمە لە لای ئەکتەری لاواز دڵەڕاوکێی وجوودی و ئاسایشی دروست دەکات. بۆیە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام لە دڵەڕاوکێدا دەژیت، چونکە نازانێت ئەمریکا ڕازی دەبێت بە ڕێککەوتن یاخود پلانی هێرشی سەربازیی هەیە.
بەم پێیەیش گرنگترین ئاڵنگارییەکانی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بریتین لە:
١- هاتنەسەرکاری ستافی توندڕەوی ئیدارەی ترەمپ کە بەگشتی دژی هەر جۆرە چالاکییەکی ئەتۆمیی ئێرانن، نەک تەنیا سنووردارکردنی وەکوو سەردەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما.
٢- مەترسیی ئێران لە گوشاری نەتانیاهۆ لەسەر ئیدارەی ترەمپ بۆ ڕێکنەکەوتن لەگەڵ ئێران و دروستکردنی کاریگەری لەسەر ناوەندەکانی بڕیار لە ئەمریکا و تەنانەت دەستپێشخەریی ئیسرائیل بۆ هێرشی سەربازی؛ چونکە لەم چوارچێوەیەدا، دۆناڵد ترەمپ لە هەفتەی یەکەمی گەڕانەوە بۆ کۆشکی سپی ڕای گەیاند، ئەگەر بتوانرێت کێشەی ئەتۆمیی ئێران بەبێ هێرشی ئیسرائیل چارەسەر بکرێت، باش دەبێت.
٣- ستراتیژیی ترەمپ سەبارەت بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کە وەکوو سەردەمی ئۆباما و بایدن لەسەر بردنەوە-بردنەوە نییە، بەڵکوو تەنیا بردنەوە-دۆڕان پاڵنەری سەرەکییە. بەم پێیەیش ئێران ترسی لەوە هەیە کە ئابڵووقە و سزاکان بە مەبەستی ناچارکردنی ئێران بگەڕێتەوە، بەڵام هەر ئەم سزایانە وا بکات ناڕەزایەتیی جەماوەری دروست ببێت و کار نەگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا.
٤- زیادکردن و ئاوێتەکردنی پرسە مووشەکی و ناوچەیییەکانی ئێران لەگەڵ دانوستانە ئەتۆمییەکان؛ بەڵام ئێران نایەوێت بە هیچ شێوەیەک ئەمە ڕوو بدات.
٥- سەرقاڵیی چین و ڕووسیا لە هەمبەر ئەمریکا و، هەروەها هەڵوێستی توندی ئەوروپییەکان لە دژی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران.
٦- نزیکبوونەوەی ١٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٥ و کۆتاییهاتنی بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش.
٧- ڕازیکردنی توندڕەوەکانی ئێران کە پێشووتر دژی ئەو ڕێککەوتنە و تەنانەت دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بوونە.
٨- دانوستان لەگەڵ کەسێک کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بکوژی قاسم سولەیمانی ناساندوویەتی و تەنانەت دادگەی ئێران دۆسیەی تیرۆری لەسەر ترەمپ کردەوە.
٩- لاوازیی دۆخی هەرێمایەتیی ئێران و نەبوونی کارتی گوشار لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل وەکوو ساڵی ٢٠١٥ و پێشووتر.
١٠- ناڕوونیی ستراتیژیی ترەمپ لە هەمبەر ئێران بەگشتی و چۆنێتیی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەتایبەتی؛ بۆ نموونە:
حسێن سەفدەری، جێگری وەزیری ئیتڵاعات، بەشێک لەو پێشهاتانەی ئاشکرا کرد و وتی: ئەمریکا سێ مەرجی بۆ دانوستان داناوە: “یان کۆماری ئیسلامی بەتەواوی پاشەکشە دەکات، یان دەڕووخێت، یان چاوەڕێی چارەنووسێکی هاوشێوەی بەشار ئەسەد دەکات لە سووریا”. بریکاری وەزیری ئیتڵاعات هەروەها ڕای گەیاندووە، “لە ئێستادا، کاتی دانوستان نییە و کەس نایەوێت دانوستان بکات”، چونکە بە گوتەی ئەو، “مەبەستی ئەمریکییەکان لە دانوستان، ڕێککەوتنێک نییە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنە، بەڵکوو بە دوای ئەوەدا دەگەڕێن گوشار و ترس دروست بکەن.”
لە کۆتاییدا ئەگەر ئێران نەتوانێت لەگەڵ ئەمریکا بگاتە ڕێککەوتن و داواکارییەکانی ئەمریکا وەڵام بداتەوە، ئەو کاتە پێ دەچێت ئەمریکا ستراتیژیی پێسپاردن (Delegation strategy) لە هەمبەر ئێران بگرێتە بەر و ڕێگە بدات ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و پشتگیریی بکات و، لە هەمان کاتیشدا ستراتیژیی ئەوپەڕی گوشار لە هەمبەر ئێران بگرێتە بەر و ئەمەیش بە شێوەیەکی گشتی ویستراوی ئیسرائیلە و کۆی هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و نەزمی نوێ لە ناوچەکەدا دێنێتە ئاراوە کە ئامانجی ئیسرائیلە. لە هەمان کاتیشدا ئەمریکا پرۆسەی ئاشتیی ئیسرائیل و سعوودیا و دەوڵەتانی دیکەی ئیسلامی دەکاتە کاری لەپێشینەی ئیدارەکەی لە ناوچەکەدا.
لە بەرامبەریشدا، یەکێک لە سیناریۆ بەهێزەکان ئەوەیە سوپای پاسداران بە فەرمانی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، ئایەتوڵڵا خامنەیی، وەکوو لە دوایین ڕاپۆرتە نێودەڵەتییەکاندا هاتووە بەنهێنی هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بدات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا وەزارەتی دەرەوە و بەرپرسانی حکوومی بە دوای دانوستانەوە بن بۆ ئەوەی کات بکڕن و خۆیان لە هێرش و ئابڵووقە و سزاکان دەرباز بکەن. هۆکاری سەرەکیی ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆماری ئیسلامی متمانەی بە ترەمپ نییە و لە هەمان کاتیشدا پاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ لە ناوچەکەدا و لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل، بە ڕاددەیەک لاواز بووە کە جگە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، هیچ ئامرازێکی بۆ ڕاستکردنەوەی هاوسەنگیی هێز و سیاسەتی ڕێگریکردن (Deterrence)ی نییە و ئەمە بە دوایین ئامراز دەزانێت بۆ گەرەنتیکردنی مانەوە و بەردەوامیی خۆی. لەم حاڵەتەیشدا هاوکێشە سەربازی، سیاسی و ئاسایشییەکانی ناوچەکە بەتەواوەتی دەگۆڕێت و هەموو ئەگەرەکانی ڕووخاندن و جەنگ دێنێتەوە سەر مێزی بڕیاری ئەمریکا و ئیسرائیل؛ چونکە پێ دەچێت بڕیاروەرگرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پەیڕەوکردنی ڕاستەقینەی سیاسەتی ڕێککەوتن و دانوستان لەگەڵ ترەمپ، ڕەوایەتی لەدەست دەدەن و ئەگەریش ڕێککەوتن و دانوستان نەکەن، ئەوە ڕووبەڕووی گوشار و سزا و لەوانەیە هێرشی سەربازی ببنەوە. بۆیە دوو سیاسەتی پێچەوانەی گرتۆتە بەر: بەئاشکرا و لە ڕووی دیپلۆماسییەوە هەوڵدان بۆ دانوستان و ڕێککەوتن و، بەنهێنی هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
[1] – سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت سێ بەڵگەنامە واژۆ بکات بۆ پابەندکردنی دامەزراوە جێبەجێکارەکان و دەزگەکانی جێبەجێکردنی هەندێک لە فەرمانەکانی: ١-فەرمانی جێبەجێکردن، ٢-بەیاننامە و ٣-یاداشتنامەی جێبەجێکردن. فەرمانی جێبەجێکردن هێزی یاساییی هەیە ئەگەر دەقەکەی لەسەر بنەمای دەسەڵاتی سەرۆکایەتی بێت و لە تۆماری فیدراڵیدا تۆمار کرابێت، بەڵام یاداشتێکی سەرۆکایەتی تۆمار ناکرێت و لە تۆماری فیدراڵیدا بڵاو ناکرێتەوە، هەروەها دەقەکەی لەسەر بنەمای دەسەڵاتی سەرۆکایەتی نییە و تەنیا بۆ پێدانی رێنماییی بەڕێوەبردنە لە دامەزراوە جێبەجێکارەکاندا. بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا کە لە میدیاکانەوە وەرگیراون، یاداشتەکەی ترەمپ دەسەڵات بە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەدات بۆ سەپاندنی سزای زیادە و میکانیزمی جێبەجێکردن بۆ سەپاندنی گوشار و بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکارییەکان سەبارەت بە سزاکانی ئێستای دژی ئێران. تیمی ترەمپ مەزەندەی کردووە کە سزا نوێیەکانی سەر ئێران دەتوانێت هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بە بڕی ٥٠٠ بۆ ٧٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم بکاتەوە.
[2] – بەپێی بڕگەی ٣٦ و ٣٧ی JCPOA، هەر یەک لە لایەنەکانی ڕێککەوتنەکەی ساڵى ٢٠١٥ دەتوانن سکاڵا لە کۆمیسیۆنی هاوبەش بکەن و ئەم کۆمیسیۆنەیش پازدە ڕۆژی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە؛ کێشە چارەسەرنەکراوەکان ڕەوانەی وەزیرەکانی دەرەوە دەکرێن، کە پازدە ڕۆژی دیکەیان لەبەردەمدایە. پاشان کۆمیسیۆنی هاوبەش پێنج ڕۆژی دیکەی لەبەردەمدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. ئەگەر دوای ئەم پرۆسەیە ٣٥ ڕۆژییە، لایەنی سکاڵاکار هێشتا ڕازی نەبوو، دەتوانێت بابەتەکە وەکوو پێشێلکارییەکی بەرچاوی ڕێککەوتنەکە ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایش بکات، کە دەبێت لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا دەنگ لەسەر بڕیارنامەیەک بدات بۆ بەردەوامبوون لە ڕاگرتنی سزاکان – بڕیارێک کە لایەنی سکاڵاکار دەتوانێت ڤیتۆی بکات (جگە لە ئەڵمانیا کە ئەندامی هەمیشەییی ئەنجومەنی ئاسایش نییە) و، بەم شێوەیە سزاکان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. هاوپێچی یەکەمی JCPOA میکانیزمێکی ناوازەی بۆ ئاژانس دیاری کردووە بۆ ئەوەی لە ماوەی ٢٤ ڕۆژدا لە ڕێگەی کۆمیسیۆنی هاوبەشەوە بتوانێت دەستڕاگەیشتن بە شوێنە گوماناوییەکان بکات و بەپێی ئەو میکانیزمە، ئەنجامی هاوکارینەکردنی ئێران چالاککردنی میکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت. ئەم دوو مەرجە کە لە JCPOAدا باس کراون، پێیان دەوترێت میکانیزمی ماشە (Trigger Mechanism) یان گەڕانەوەی سزاکان (Snapback). لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، پرۆسەی سناپباک کاتێک دەست پێ دەکات کە “دەوڵەتێکی بەشداربووی JCPOA” – وەک لە UNSCR 2231دا پێناسە کراوە- ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پرسێک ئاگادار دەکاتەوە کە “جێبەجێنەکردنی بەرچاوی بەڵێننامەکان بەپێی JCPOA”ە. ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارێک لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا پەسەند دەکات بۆ سکاڵاکە و، هەموو بڕگەکانی UNSCR 1696 (2006)، 1737 (2006)، 1747 (2007)، 1803 (2008)، 1835 ((2008 و 1929 (2010) کە بە بڕیاری UNSCR 2231 کۆتاییی پێ هاتبوو، دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم پرۆسەیە پێی دەوترێت “سناپباک” چونکە هەموو سنووردارکردنەکانی پێشوو لەسەر ئێران دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.