(ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی/ Electronic media، چرکهنامه یان ڕاگەیاندنی ئاسمانی)
قەرەنی قادری
شۆڕشی دیجیتاڵی، لهدایکبوونی “ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی”ی بهدوادا هات. ئینترنێت بۆتە مهیدانی کێبرکێ و توانایی له کاری ڕاگهیاندندا. ئاشکرایە کە گشت لایەنەکانی ژیان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئینترنێتەوە، بەڵام باس لەو بوارانە، نە ئامانجی ئەم وتارەیە و نە لە توانایشیدایە.
ئینترنێت (دەسەڵاتی پێنجەم)؛ کهرهسهیهکه که له بواری جیهاندا ڕێگە به هاووڵاتیان دهدات تا بەهۆی چهند کۆمپیوتەر، مۆبایل یان کەرەسەکانی تری پەیوەندیگرتنەوە، له یهک کات و لە نێوان خۆیاندا پهیوهندی چێ بکهن. هەر بۆ جەختکردنەوە؛ پەیوەندی بریتییە لە “پرۆسەی دەستاودەستکردنی زانیاری لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و لە نێوان دوو یان چەند کەس و تەنانەت نێوان گرووپیش مانا دەدات.” بۆیە گرینگە و دەبێ لەو ڕەوتەدا سێ هاوکێشە (پەیامنێر، پەیام و پەیاموەرگر) دەوریان هەبێت.
دیارە لە جیهانی دیجیتاڵیدا، حەز، چەشن و تایبەتمەندییەکی تر بۆ کۆکردنەوەی هاووڵاتیان دەور دەگێڕێت، کە لە هیی ڕابردوو ناچێت. حەز و پێویستییەکانیش گۆڕانیان بەسەردا هاتووە.
ئینترنێت ڕایهڵهیهکی پهیوهندییه و ئهو دهرفهتهی بۆ هاووڵاتیان خوڵقاندووه، تا پێکهوه ئاڵوگۆڕی بیروڕا، نووسین، وێنه، دهنگ و دەستاودەستکردنی زانیاری بکەن. هاوکاتیش پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش وەکوو پێشوو نەماون و، چەشنێکی تر لە پەیوەندی (پەیوەندیی ئەلیکترۆنی) لە نێوان مرۆڤەکاندا چێ بووە.
جاران درێژیی کات و جوگرافیا دەوری سەرەکیی لە پەیوەندییەکاندا هەبوو، بەڵام بەهۆی ئینترنێتەوە کات زۆر چڕ کراوەتەوە و جوگرافیای ناوچەییش دەوری نەماوە. گشتی ئەمانەیش بە ڕێگەی “بەدیجیتاڵ” (Digital) یاخود بهژمارهکردنی وشه، وێنه و دهنگ و بهڕێکردنی بەهۆی ئینیترنێتهوه بەڕێوە دەچن. واتە ههر شتێک که بتوانرێت بهژماره بکرێت.
شۆڕشی ئەلیکترۆنی (دیجیتاڵی) “بەیار”ی کەرەسەکانی کلاسیکی کێڵاوە و جیهانێکی تری لە ڕاگەیاندن بەڕووی هاووڵاتیاندا کردۆتەوە، هەروەها کۆتاییی بە ڕاگەیاندنی تاکلایەنە هێنا، کە لەودا هاووڵاتی تەنیا زانیاری و دەنگوباسی وەردەگرت؛ بەڵام ئێستا ڕاگەیاندنەکان دوولایەنەن، کە هاووڵاتیان هەم زانیاری وەردەگرن و هەمیش لە هەمان کەرەسەدا زانیاری و ڕاوبۆچوونی خۆیانی تێدا بڵاو دەکەنەوە. ئەو ئاڵوگۆڕە، زاراوەی “هاووڵاتیی پەیامنێر”یشی خستە ناو ئەدەبیاتی زانستە مرۆڤییەکانەوە. پچڕانی هێڵی ئینترنێت، مرۆڤ لە جیهانی دەوروبەری خۆی دادەبڕێنێت. وا بیر بکەوە، ئەگەر بۆ چەند ڕۆژێک ئینترنێتت نەبێت، دەبێ چی ڕوو بدات؟ کە ئەمەیان پەیوەندیی بە داهاتووەوە هەیە، بەڵام با کەمێک بۆ دواوە بگەڕێینەوە بۆ سەردەمە ناخۆشەکەی “پەتای کۆڕۆنا”، کە گشتمان بەهۆی پەتاکەوە خانەنشین کرابووین و بەشێکی بەرچاویش لە ماڵەوە و بە ڕێگەی ئینترنێتەوە کارەکانمان ڕادەپەڕاند؛ ئەگەر ئەوکات بۆ چەندان ڕۆژ یان حەوتوو ئینترنێتمان نەبا، چیمان دەکرد و چیمان بەسەر دەهات؟
لەو جیهانە ناڕێک و پانوبەرینەدا، شوێن نەماوە کە ئینترنێت خۆی تێ نەکردبێت؛ بە واتایەکی تر، کار بەئەلیکترۆنی کراوە و پێویستییەکانی “کار”یش هەر بە ڕێگەی ئینترنێتەوە دابین دەبێت!
دەبێ و پێویستە ئاماژە بەوەیش بدرێت، کە ئینترنێت بەشێکی سەرەکی و جیانەکراوەیە لە ئازادیی ڕادەربڕین، تەنانەت خێراییی ئینترنێتیش هەر لەو خانەیەدا جێگەی دەبێتەوە؛ هەروەها “خاوی”ی هێڵی ئینترنێتیش کارتێکەریی نەرێنیی لەسەر وەدەستخستن و دەستاودەستکردنی زانیاریدا هەیە.
ئەگەر جاران، ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن، گۆڤار و کتێب بەشێک بوون لە کەرەسە کۆنەکانی ڕاگەیاندن، بەڵام بەهۆی شۆڕشی دیجیتاڵییەوە، ئەو کەرەسانە لە خانەی کلاسیکییەوە بۆ خانەی کەرەسەی نوێی ڕاگەیاندن گوازراونەتەوە و گشتیان بەئەلیکترۆنی کراون.
تایبهتمهندییهکانی ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی
ـ خێرایی و هاوکات له گهیاندنی پەیامدا بۆ کۆمەڵانی بەرفراوانی هاووڵاتیان (گرووپی مەبەست).
ـ ڕاگهیاندنی فرهئەرك (فرەوەزیفە)؛ وێنه، دهنگ و پیت له یهک کاتدا بڵاو دهکاتهوه. ئهمهیش دهرفهت به “خوێنهر، بینهر و بیسەر” دهدات، که له یهک کاتدا پیت، وێنه و دهنگی ههبێت و سێ هەستی مرۆڤ (بیستن، گوێگرتن و بینین) پێکەوە کار بکەن.
ـ بهئهرشیفکردنی بابهتهکان (پیت، وێنه و دهنگ). جاران بۆ گەڕان بە دوای زانیاریدا، دەبا مرۆڤ مەودایەکی جوگرافیاییی بڕیبا، هەروەها کاتی بۆ تەرخان کردبا کە سەردانی شوێنی چاپەمەنییەکانی بکردبایە تا زانیاریی پێویستی وەرگرتبایە؛ بەڵام ئێستا لە چرکەیەدا و بەبێ ئەوەی جێگۆڕکێی جوگرافیایی بکەیت، دەستت بە زانیاریی پێویست ڕادەگات. لێرەدا بەپێچەوانەی ڕابردوو، کاتێکی زۆر بۆ هاووڵاتی دەگەڕێتەوە.
ـ ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی بەسهر کات و شوێندا زاڵ بووه. لە چرکەیەكدا و هاوکات، زانیاری بە چوارقوڕنەی جیهان دەگات. زەمان لەو چەشنە ڕاگەیاندنانەدا چڕ بۆتەوە و پرۆسەی “كامڵبوون” لە ئاڵۆزەوە بۆ سادە لەمێژە دەستی پێ کردووە.
ـ ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی، فرەهێڵ و فرەچەشن؛ واتە خوێنهر چی دهخوازێت، دهتوانێت خۆی بابهت ههڵبژێرێت و بەدەستی بێنێت. فرەچەشنی لە بابەت (لە ئاستێکی گەلێک زۆر)دا، تایبەتمەندیی ڕۆژانەی میدیای ئەلیکترۆنییە. دەڵێن: “بە دوای هەرچیدا بگەڕێیت، دەستت دەکەوێت.” جیهانێک پڕە لە زانیاری؛ بێ شک زانیارییش سەرچاوەی دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویییە.
Hyperlinks (پەیوەندیی زیندوو)؛ بهپێچهوانهی ئامرازی نهریتی (چاپهمهنی، ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن)، ڕۆژنامهی ئەلیکترۆنی ئهو دیارده نوێیهی لهگهڵ خۆیدا هێنا که هاوکات بابهت یان ههواڵێک بڵاو دهکاتهوه، لینک (پهیوهندیی زیندوو) لهگهڵ ماڵپهڕی تر یان لهگهڵ بابهتی تردا چێ دەکات. دانانی لینک لەناو بابهتێک کۆتایی به خوێندنهوهی نهریتیی دهنگوباس و زانیاری دێنێت، که تاکهێڵی بوو، بهڵام له قۆناغی دیجیتاڵیدا، بەهۆی بوونی لینک یان چهندان لینک، قۆناغی خوێندنهوهی فرەهێڵی دهست پێ دهکات. واته له یهک کاتدا کۆمەڵێک بابهت له چهندان سهرچاوهی جیاواز و بیروڕای جیاوازەوە، به خوێنهر دهدات.
– بهزاندنی سنووری جوگرافیای نهتهوهیی؛ پهیوهندیی جوگرافیایی، هی ڕاگهیاندنی نهریتی بوو. ڕۆژنامه، گۆڤار، ڕادیۆ، تهلهڤزیۆنی ناوچهیی واته خۆجێیی، ڕیشهیان له سنووری جوگرافیایهکی ناوچهییدا بوو، بهڵام ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی (ئینترنێت، سەتەلایت و…) بهتهواوهتی سنووری جوگرافیای نهتهوهیییان بهزاندوووە. لهو قۆناغهدا پهیوهندیی جوگرافیایی، جیهانییه. هەر بەو پێیەیش بەشێکی زۆر لە پێکدادانەکان لە مەیدانی میدیاییدا، بۆ ئاسمان گوازراونەتەوە. جاران بۆ بەرگرتن بە زانیاری، سنووری خاکیی وڵاتەکانیان بەرزەفت دەکرد و سوپایان لێ مۆڵ دەدا؛ ئێستا سنووری ئاسمانی ئەو دەورە دەگێڕێت. ئەگەر جاروبار باس لە فیدرالیزم لەسەر بنەمای جوگرافیای نەتەوەیی دەکرێت، لەوانەیە لە داهاتوویشدا فیدرالیزمی ئاسمانییش بێتە ناو پرسە سیاسییەکانەوە، وەک چۆن هێزە سیاسییەکان کاروباری سیاسی، ئابووری و ئیداریی ناوچەیەکی جوگرافیایی بەڕێوە دەبەن و دەسەڵاتیان بەسەردا دەشکێت، پێویستە ئەو دەسەڵاتە، ئاسمانی ئەو جوگرافیا نەتەوەیییەیش بگرێتەوە.
ڕاگەیاندنی فرەزمانە؛ ئەگەر جاران کەرەسەکانی ڕاگەیاندن لە سنوورێکی دیاریکراو و جوگرافیایەکی تایبەت بە یەک زمان دەردەچوو، ئێستا بەپێی ئەوە سنووری نەتەوەیی بەزێنراوە، سنووری تاکزمانەیشی بەزاندووە و بەشێکی زۆر لە ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنیی دوو یان چەندزمانە و، هەر بەو پێیە لە جوگرافیای ناوچەیی و نێونەتەوەییدا چالاکن؛ کە ئەمەیش لە تایبەتمەندی و پێداویستییەکانی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتیی نوێن. پێویستە ئاماژە بەو خاڵە گرینگەیش بدرێت، کە کۆی ئەو پرۆسەیەیش بە ڕێگەی هاوکێشەی مرۆڤی، واتە کارمهندانی ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی (کرێکارانی یهخهزێڕین) بەڕێوە دەچێت.
هەر بۆ وەبیرهێناوە؛ لە ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی (دیجیتاڵی)دا، سانسۆر (مقەستکردنی بابەت) زەحمەتە، هەر بەو پێیەیش خۆشاردنەوە لەناو شەپۆلەکانی جیهانی ئەلیکترۆنیدا ئاسانە و کەس یان کەسەکان دەتوانن بە چەند ناوەوە تێیدا چالاک بن. بۆیە لە جیهانی لەڕاددەبەدەر ئاڵۆزی دیجیتاڵیدا و بۆ ئەوەی بەلاڕێدا نەبرێین، “خوێندەواریی میدیایی” (Media literacy) یەکێکە لە مەرجە گرینگەکانی تێگەیشتن لە هەواڵ و چەشنەکانی ڕاگەیاندن!
خوێندەواری لێرەدا مەبەست واتا کلاسییەکەی خوێندەواری کە کەسێک بتوانێت بنووسێت و بخوێنێتەوە، نییە، بەڵکوو ئەمەیان تێکەڵ بە پرسی میدیا (ڕاگەیاندن) کراوە و پەیوەندی بە چۆنتیی وەرگرتن و تێگەیشن لە هەواڵ و کەرەسەکانی ڕاگەیاندن دەکات.
کەرەسەکانی ڕاگەیاندن یان راگەیاندنی ئەلیکترۆنی (دیجیتاڵی)، تەنیا خاوەنی ئەو لایەنە نییە کە باسی لێوە کرا، بەڵکوو دەکرێت بە شێوەیەکی نەرێنییش ئەو کەرەسانە بەگەڕ بکەون و جڤاک بهاڕن، جا چ بەهۆی هاوکێشەی ناوخۆیییەوە بێت یان دەرەکی؛ لەوانە وەڕێخستنی جەنگی دەروونی.
ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، هەم هێزی هەیە و هەمیش دەسەڵات، بەڵام وەکوو قڕژاڵ بە دوو سەر دەڕوات. بۆیە دەتوانێت بە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی دروست و پێویست لە گشت بوارەکاندا یارمەتیی بەدیموکراتیکردنی جڤاک بدات و چاودێریی کاروبارەکانی حکوومەت و دامەزراوەکانی بکات و ڕای هاووڵاتیانیش بۆ حوکمڕانان بگوازێتەوە و بەرگری و پەرە بە ئازادیی ڕادەربڕین و دەستاودەستکردنی زانیاری بدات، هەروەها کێشە و پرسەکانی جڤاکیش بە ڕێگەی گفتوگۆوە و لە کۆڵانێکی عەقڵانییەوە دەرباز بکات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەتوانێت تەکووزی جڤاک تێک بدات و نائارامی و ئاژاوە بنێتەوە؛ بەڵام لە هەردوو دۆخدا ئەوە سیاسەتی میدیایییە کە کەرەسەکانی ڕاگەیاندن بە کام ئاڕاستەدا دەبێ ئەسپی خۆیان لینگ بدەن و دەور و کارتێکەرییان لە جڤاکدا هەبێت.