پێنووس

کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن: ئاشتی لە ڕێگەی دیالۆگەوە

(هەرێمی کوردستان و کۆنفرانسی جیهانیی ئاسایشی میونشن)

 

پێنووس

کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن (MSC) بۆ ماوەی سێ ڕۆژان (لە ١٤ تا ١٦ی شوباتی ٢٠٢٥)دا بەڕێوە دەچێت؛ زیاتر لە نیو سەدەیە بەردەوامە و لە پاییزی ساڵی ١٩٦٣دا دەستی بە کارەکانی کردووە و، هەمیشە سەکۆیەکی گرنگ بووە بۆ گفتوگۆی ستراتیژی لە بوارەکانی دەرەوە، بەرگری و سیاسەتی ئەمنیدا. سەرۆکی دەوڵەتان و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و فەرماندە سەربازییەکان و نوێنەری پەرلەمانەکان و ناوەندە گرنگەکانی لێکۆڵینەوەی جیهان تێیدا کۆ دەبنەوە. کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی ئەمساڵ، هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی خولی دووەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، کە لەسەر دروشمی “ئەمریکا یەکەم”، پێداگری دەکات.

بڕیارە زیاتر لە 60 سەرۆکی دەوڵەت و نزیکەی 100 وەزیری دەرەوە و بەرگری لە کۆنفرانسی ئەمساڵدا بەشداری بکەن؛ هەروەها زیاتر لە ٥٠٠ میوان بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن، کە بریتین لە کارگێڕانی باڵای کۆمپانیا جیهانییەکان و ئەکادیمیستەکان و نوێنەری ڕێکخراوە ناحکوومییەکان. کۆنفرانسەکە، کە زیاتر لە 200 بۆنە لە بەرنامەیدایە، هەروەها تێیدا باس لە قەیرانەکانی ناوچە جیاجیاکانی جیهان و پرسەکانی بەرگری و سیاسەتی دەرەوە دەکرێت. لە هەرێمی کوردستانیش بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕەسمی بانگهێشتی ئەو کۆنفرانسە کراوە و تێیدا بەشدارە.

بڕیارە لە کۆنفرانسەکەی ئەمساڵدا پرس و کێشە جیاوازەکانی وەکوو: جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئۆکراینا، پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژاوا و چین، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەرجییەکانی بەرگری، قەیرانی کەشوهەوا، وزە و ئاسایشی خۆراک و، ڕێساکانی پەیوەست بە تەکنەلۆژیا، بەتایبەتی ژیریی دەستکرد، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ئابووری، تاوتوێ بکرێن.

بەرنامەی فەرمیی کۆنفرانسەکە لە ساڵی ٢٠٢٥ زیاتر گرنگی بە کێشە و ئالنگارییەکانی ئاسایشی جیهانی دەدات، لەوانە: داهاتووی حوکمڕانیی جیهانی و فرەلایەنگەرایی، بیناسازیی داراییی جیهانی، خۆڕاگریی دیموکراسی، ئاسایشی کەشوهەوا، ئاسایشی ئەتۆمی، هەڕەشە تێکەڵەکان، داهاتووی ژیریی دەستکرد (AI)، بەتایبەتی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەندان پرسی تریش لە کۆنفرانسەکەدا دەدرێنە بەر باس. هەروەها کۆنفرانسەکە بە گفتوگۆکردن لەسەر ڕۆڵی ئەوروپا لە جیهاندا کۆتایی دێت، لەنێویاندا پرسیارەکان سەبارەت بە فراوانکردنی یەکێتیی ئەوروپا و توانای کێبڕکێی ئەوروپا.

هەروەها لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٥ی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بە پشتبەستن بەو ڕاپرسییانەی لە چەند وڵاتێک ئەنجام دراون، جەخت لەوە کراوەتەوە کە تێڕوانینی ئەرێنی بۆ تورکیا هاوتەریب لەگەڵ زیادبوونی کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکانی تورکیا، لە زیادبووندایە.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و خاتوو ئورسولا ڤۆن دێر لاين، سه‌رۆكى كۆمسيۆنى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا. کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن‌ (2025/2/14)

ڕاپۆرتی ئاسایشی میونشن 2025، بە ناونیشانی “فرەجەمسەری” لە سەروبەندی (61)ەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بڵاو کرایەوە، کە تیایدا پرسەکانی بەرگری و سیاسەتی دەرەوە تاوتوێ و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت. بۆ ئەو ڕاپۆرتە، ڕاپرسی لە سەرانسەری جیهان لە ئەڵمانیا، ئەمریکا، بریتانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، بەڕازیل، ژاپۆن، کەنەدا، هیندستان، چین و باشووری ئەفریقا ئەنجام دراوە. لە ڕاپرسییەکاندا کە زۆربەیان وڵاتانی ڕۆژاوان، ئەو وڵاتانەی کە ڕوانگەی هاووڵاتیان بە شێوەیەکی ئەرێنی بۆیان گۆڕاون، تورکیا، کۆریای باشوور، پۆڵەندا و شانشینی یەکگرتوو (بریتانیا) بوون. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە هەموو ئەو وڵاتانەی ڕاپرسییان لەسەر کراوە (جگە لە فەڕەنسا)، ژمارەی ئەو کەسانەی تورکیا بە “هاوپەیمان” دەزانن، زیاترە لەو کەسانەی کە تورکیا بە “مەترسی” دەزانن.

سێبەری ئەمریکای سەردەمی ترەمپ بەسەر کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن-٢٠٢٥

لەگەڵ دەستپێکی خولی دووەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا و درێژەدان بە دروشمی “ئەمریکا یەکەم”، زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە کە “کەشێکی جیاواز” لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی ئەمساڵدا زاڵ دەبێت، بەڵام وێ دەچێت سەرنجی سەرەکیی میدیاکان لەسەر شاندی ئەمریکی دەبێت؛ شاندێک بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جەی دی ڤانس و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕوبیۆ.

دۆناڵد ترەمپ لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندان جار بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەوروپا لە ڕووی بازرگانی و خەرجییە سەربازییەکانەوە “سوودی لە ئەمریکا وەرگرتووە.” پێشتر لە هەڵمەتەکەیدا ئەم هەڵوێستەی ئاشکرا کردبوو: “ئەگەر پشکی خۆت نەدەیت، ئێمە چیتر ناتپارێزین.” ترامپ ئاماژە بە ڕەخنەی لەمێژینەی لە وڵاتانی ئەوروپی لە ناتۆ دەکات کە وەبەرهێنانی پێویست لە بواری بەرگریدا ناکەن؛ لە کاتێکدا ئەمریکا هەمیشە گەورەترین پشکی تێچووی ئەم پەیماننامەیەی لە ئەستۆ گرتووە.

لە پەراوێزی ئەم کۆنفرانسەدا باس لە نیازی ئێستای ترەمپ دەکرێت بۆ بەرزکردنەوەی پشکی خەرجییەکانی بەرگریی هاوپەیمانان کە لانی کەم بریتییە لەسەدا ٢ی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ سەدا ٥. ئەم داواکارییە، کاردانەوەی ڕەخنەگرانەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەتی لەلایەن ئەڵمانیاوە؛ وڵاتێک کە هەوڵی داوە لانی کەم بگاتە لەسەدا ٢%، بەڵام هێشتا دوورە لەو ئامانجە. بۆچوونی بەرلین ئەوەیە کە زیادبوونی لەو شێوەیە گوشاری زیاتر دەخاتە سەر بوودجەی گشتی و بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ئەڵمانیا لەگەڵ پرسە ئابوورییەکان و هەڵبژاردنی پێشوەختەدا لەمشتومڕدایە؛ ئەوەیش دەبێتە ئالنگاریی نوێ بۆ ئەو وڵاتە.

خاڵێکی تری وەرچەرخان لە ناکۆکیی نێوان ترەمپ و ئەوروپییەکان، ڕاگەیاندنی ئامادەییی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ “کڕینی گرینلاند”؛ خاکێک کە لە ئێستادا لەژێر سەروەریی دانیمارکدایە. تەنانەت ترەمپ لە لێدوانێکی مشتومڕاویدا هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر پێویست بکات، بژاردەی دیکە، لەوانە “هێز” بۆ لکاندنی بەکار بهێنێت. هەروەها دەوترێت جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، پشتگیریی لەو بیرۆکەیە کردووە و ڕەنگە لە کۆبوونەوەی میونشندا جەخت لەسەر هەڵوێستی حکوومەتی ئەمریکا بکاتەوە.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ڕێز بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگريی ئەڵمانیا.  کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن‌ (2025/2/14)

ئاسایشی ئەوروپا و چەند پرسێکی نوێ

پرسی ئاسایشی ئەوروپا تەوەرێکی سەرەکی دەبێت بۆ قسەکردن لەسەری، بەتایبەت کە ئیستا دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپادا دەکات. وەرچەرخانی ستراتیژیی ئەمریکا بەرەو ئاسیا و پرسی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین، ئەمانە هەمووی پاڵی بە کۆنفرانسەکە ناوە کە بەخۆداچوونەوەیەک بکات بۆ زیاتر گرنگیدان بە لایەنە ئەمنییەکانی جیهان، لەوانەش: کەشوهەوا، بایۆ-دایڤێرسیتی، پرسە دیجیتاڵییەکان، تەندروستی و خۆراک.

لەمساڵدا چەند پرسێکی تازەیش بوونەتە تەوەری گرنگیپێدانی کۆنفرانسی میونشن، وەک:

گرنگیدان بە تەکنەلۆژیا سەرهەڵداوەکان (Emerging Technologies)، بەتایبەت پرسی کاریگەرییە ئەمنییەکانی کۆمپیوتەری کوانتۆم، بایۆتەکنەلۆژیا و بەسەربازیکردنی بۆشاییی ئاسمان.

پرسی وەخۆگرتنی هەمووان و بەشداریی گەنجان: ڕەنگە گرنگییەکی بەهێزتر لەسەر بەشداریکردنی دەنگە گەنجەکان و ناوچە کەم-نوێنەرایەتییەکان لە گفتوگۆکاندا هەبێت.

ئاسایشی مرۆیی: کاریگەرییە مرۆیییەکانی ململانێکان و گۆڕانی کەشوهەوا، پرسی گرنگیپێدانی کۆمەڵگەی نێودەوەڵەتی دەبێت.

پرسی ئاشتیی ڕووسیا-ئۆکراینا

پرسی جەنگی ئۆکراینا، بەشیک دەبێت لە گفتوگۆ سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە، بەتایبەت کە تڕەمپ لە هەوڵدایە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕووسیا بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە، بێ ئەوەی ئەوروپا لایەنێکی ئەو گفتوگۆیانە بێت. ئەمە بۆتە جێگەی نیگەرانیی وڵاتانی ئەوروپا کە ئایا تڕەمپ لەسەر چ بنەمایەک لەگەڵ ڕووسیا ڕێک دەکەوێت. وەستاندنی جەنگی ئۆکراینا- وەک دەستپێکردنی جەنگەکە-، ئەویش کاریگەریی دەبێت، بەتایبەت لەسەر نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا؛ هەروەها پرسی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ لەگەڵ ئەمریکا.

خاڵێکی دیکەی مشتومڕاوی ئەوەیە کە بەپێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو، جارێکی دیکە بەرپرسانی حکوومەتی ڕووسیا بانگهێشت نەکراون بۆ میونشن. هویسگن، ڕوونی کردووەتەوە کە پێشمەرجی بانگهێشتکردنی مۆسکۆ “ئامادەیی بۆ گفتوگۆ” و قبووڵکردنی بنەمای سەروەریی ئۆکرانیایە. ئاماژەی بەوەیش کرد، تا سەرۆک پووتین، دان بە حکوومەتی کیێڤ یان خودی “زێلێنسکی”دا نەنێت، گفتوگۆی ڕاستەقینە نایەتە ئاراوە. بەڵام نوێنەرانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕووسیا و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ئامادە دەبن.

لە کاتێکدا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، ئامادەبوونی خۆی لە کۆبوونەوەکەدا ڕاگەیاند، دەنگۆی پێشکەشکردنی “پلانی ئاشتیی ئەمریکی” بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا لە میونشن بڵاو بووەتەوە. پێشبینییەکان باس لەوە دەکەن کە کیس کلۆگ، نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ ئۆکرانیا، وردەکارییەکانی پلانەکە لە میونشن دەخاتە ڕوو. کریستۆف هویسگن، سەرۆکی کۆنفرانسی میونشن و ڕاوێژکاری پێشووی سیاسەتی دەرەوەی ئەنگێلا مێرکڵ و نوێنەری هەمیشەییی ئەڵمانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هیوای خواست کە کۆبوونەوەکە دەرفەتێک بۆ پێشکەوتنی دیپلۆماسی سەبارەت بە ئۆکرانیا بێنێتە ئاراوە.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ڕێز شێخ ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا ئه‌لئه‌حمه‌د ئه‌لسه‌باح سه‌رۆكوه‌زيرانى كوێت. کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن‌ (2025/2/14)

پرسی مامەڵەکردن لەگەڵ چین

پێناسەکردنی پەیوەندییەکی ئەوروپا لەگەڵ چین، چۆن دەبێت، چ وەک بلۆک و چ وەک تاک نەتەوە؟ ئایا ئەوروپا چۆن مامەڵە لەگەڵ چین بکات؟ خاڵێکی تری سەرەکیی کۆنفرانسەکە دەبێت. پەیوەندیی گەشەی ئابووری و ئاسایشی نیشتمانی، ئەمە دەکاتە باسێکی چالاکتر لەوەی پێشتر بوو؛ جا چ لە بواری تەکنەلۆژیا، بازرگانی، وزە یان ئامادەکاری بۆ پەتاکان.

پەیوەندیی نێوان چین و ڕووسیا، ٣ ساڵ دوای “هاوبەشیی بێسنوور” لە ڕیزبەندی گشتیدا دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا دابینکردنی کەرەستەی سەرەکی لەلایەن چینەوە بۆ ڕووسیا بەردەوامە. لە کاتێکدا ڕووسیا بۆ یەکەم جار بۆ ماوەی چەندان ساڵ هیچ بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی وەرنەگرتووە (ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا کەسی نەناردووە)، ئێرانیش بانگهێشت نەکراوە. پێ دەچیت ئەمە ئەو دەوڵەتە سەرکێشانە بن کە کۆنفرانسەکە ناوی ناون “revisionist – ڕیڤیژنیست” کە دژی سیستەم و بەهاکانی سەرکردایەتیی ڕۆژاوا ڕەفتار دەکەن.

تەکنەلۆژیا و ئاسایشی ئەلیکترۆنی

ئاسایشی ئەلیکترۆنی خەریکە دەبێتە تەوەرێکی سەرەکیی ئاسایش لە جیهاندا. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنفرانسی میونشن جەختکردنەوە دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی هاوکارییەکان لە ڕێگەی دانانی ستانداردی هاوبەش لە دەوری تەکنەلۆژیا و ئاسایشی ئەلیکترۆنی  لە جیهاندا؛ بە جۆرێک کە پابەندبوونێکی بەردەوام بە ژینگەیەکی دیموکراسی و متمانەپێکراو لە بواری زانیاریدا هەبێت. ڕێکخستنی تەکنەلۆژیا لە ئەوروپادا تەوەرێکی گرنگی ئەم کۆنفرانسە دەبێت، لەوانەیش: یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان و بازاڕە دیجیتاڵییەکان و تەکنەلۆژیای کوانتۆم، کە هەرسێکیان هەوڵ دەدەن فەزایەکی دیجیتاڵیی سەلامەتتر دروست بکەن و مافە بنەڕەتییەکانی بەکارهێنەر بپارێزن و دواتریش بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە.

پێگەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشندا

لە جیهانی ئێستادا پرس و مەترسییە ئاسایشییەکان به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر ئاڵۆز پێكه‌وه‌گرێدراون؛ بەتایبەت ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ چه‌قی ئه‌م گۆڕانكاری و نیگه‌رانییه‌ ئاسایشییە‌دایه‌. له‌م نێوه‌نده‌دا كورد به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ وه‌كوو ئه‌كته‌ر و بكه‌رێكی سه‌روو-نه‌ته‌وه‌یی ده‌ركه‌وتووه‌.

بۆ دیفاکتۆ-دەوڵەتی وەک هەرێمی کوردستان ئەو کۆنفڕانسانە چەندان جار گرنگترن. هەرێمی کوردستان پێویستیی بە چالاکیی دیپلۆماسی هەیە لەگەڵ دونیای دەرەوەدا، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی بڕیاربەدەست و بەهێزی ڕۆژاوا؛ چونکە فاکتەرێکی سەرەکیی مانەوەی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی، بەتایبەتیش پاڵپشتیی وڵاتانی ڕۆژاوا. نابێت لەبیرمان بچێت کە ئەم کۆنفرانسە شوێنی دیداری وڵاتە سەرەکییەکانی جیهان و بەتایبەتیش ڕۆژاوایییە.

گەرچی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن شوێنی بەیەکگەیشتنی حوکمڕانان و کارناسانە، هەروەها جێی ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە پرسە سەرەکییەکانی ئێستا و داهاتووە، بەڵام وەکوو “بازاڕی ئایدیاکان”یش سەیری دەکەن. کۆنفرانسی میونشن سەرەڕای بەرنامە و پلانی سەرەکی بۆ کاروبارە سێ ڕۆژییەکەی خۆی، بە دانیشتن و چاوپێکەوتنە پەراوێزەکانی، هەروەها بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ڕاگەیاندنە جیهانییەکانیش بەناوبانگە، کە هەم دەرفەت بۆ گەیاندنی پەیامە سەرەکییەکان دەڕەخسێنێت، هەمیش پڕە لە دەرفەت بۆ بەشداربووە ڕەسمییەکان بۆ ئەوەی “لۆبیگەری”ی تێدا بکەن.

بۆیە “کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن”، بەتایبەتی کە بە پەراوێزکانییەوە بەناوبانگە، هەر لەو ڕوانگەیەیشەوە دەرفەتێکی جیهانییە بۆ هەرێمی کوردستان وەکوو هاوکێشە و یەکەیەکی نادەوڵەتی کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی دەکات؛ هەر لەوێوە و ڕاستەوخۆ دەستی بە نوێنەری زلهێزەکان و دەوڵەتان ڕادەگات و، باس لە پرسە گرینگەکانی هەرێمی کوردستان، پەیوەندی و کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدادا دەکات و، لە پاڵ ئەوەیشدا بوار بۆ چەشنێک لۆبیگەری بۆ هەرێمی کوردستان فەراهەم دەكات، هەروەها ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پرس، بابەت و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرە پلە باڵاکانی ناوچە و جیهان باسیان لێوە دەکرێت.

لەم سۆنگەویەوە بە ئەگەری زۆر سەرۆکی هەرێمی کوردستان چاوی دەکەوێت بە نوێنەری زۆرێک لە وڵاتانی کاریگەر لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری  لە جیهاندا؛ ئەمە جگە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ کۆمپانیا چالاکەکانی جیهان کە دەکرێت هاوکار بن لە بووژانەوەی کەرتی وزە و پیشەسازی و کشتوکاڵ و تەندروستی و پەروەردە، یاخود هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە پرسە لۆجیستی و دارایییەکان و چەندان پرسی تر کە دەکرێت هەرێمی کوردستان لە ئاستی کارگێری و حوکمڕانیدا سوودیان لێ ببینێت.

کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، دەرفەتێکی جیهانییە بۆ هەرێمی کوردستان کە پرسی هاوپەیمانی و پەیوەندییەکانی لەو کۆنفرانسەدا بێنێتەوە بەر باس. بێ شک دەرفەتەکانیش بەشێکی گرینگن لە سیاسەت!

سەرچاوەکان:

https://www.dw.com/fa-ir

https://www.aa.com.tr

https://www.dw.com

https://www.aa.com.tr

image_pdfimage_print