د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان
پێشەکی
پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بە چەند مانگێک، هەوڵێک هەبوو لەلایەن ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو (بەتایبەت سعوودیا و ئیماڕات) کە ڕژێمی ئەسەد بگەڕێننەوە بۆ دۆخی ئاساییی خۆی؛ بۆ ئەمەیش ڕێگە درا، دیمەشق وەک میوان بەشداری لە لووتکەی کۆبوونەوەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە شاری جەددە لە سعوودیا (مایسی ٢٠٢٣) بکات، بەڵام بە مەرجێک سووریا هەندێک پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆی بەرامبەر ئێران بکات[1]. ئەمەیش زیاتر لە پێناو ئەوە بوو کە لە لایەک سووریا لە چنگی هەژموونی ئێران ڕزگار بکەن و لە لایەکی تریش لە گوشارەکانی تورکیا، لە ڕێگەی گەڕاندنەوەی بۆ باوەشی وڵاتانی عەرەبی. بەڵام ئەم هەوڵە وای کرد ئەسەد لە قەبارەی خۆی دەربچێت و بە شێوەیەک ڕەفتار بکات وەک ئەوەی مەترسی لەسەر ڕووخانی ڕژێمەکەی نەمابێت.
لە ساڵی ٢٠٢٣ تا کەوتنی ڕژێمی ئەسەد، ڕۆژ بە ڕۆژ باوەری زیاتر لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست دەبوو کە پێویستە مامەڵەیەکی نوێ لەگەڵ سووریا بکرێت و، وڵاتان هەوڵیان دەدا پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە. بەڵام پاش ئەوەی تورکیا (بەئاگاداریی قەتەر) بێهیوا بوو کە ناتوانێت لەگەڵ ئەسەددا ڕێک بکەوێت، لەناکاو دەستی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا و میلیشیاکانی نزیک لە خۆی کردەوە کە تا دەتوانن بچنە پێشەوە. ئیتر بەم شێوەیە لە هەفتەیەکدا کۆتایی بە ڕژێمی ئەسەد هات.
بۆچی وڵاتانی کەنداو ویستیان ڕژێمی ئەسەد بگەڕێننەوە دۆخی ئاسایی؟
هەرچەندە لە ساتەوەختی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە میدیا و بەرپرسانی ڕۆژاوایی بەخێرایی لە حکوومەتی ڕاگوزەری نوێی سووریا نزیک بوونەوە، بەو هیوایەی سووریای نوێ فۆڕمێکی جیاوازتر لە دەسەڵاتی ئەسەد پێشکەش بکات، بەڵام پرسەکە بۆ وڵاتانی کەنداو جیاوازترە؛ ئەوان لە ڕوانگەی ئاسایشی خۆیان و سەقامگیریی سیستەمی سیاسی و ئیسلامی سیاسی سەیری سووریای نوێ دەکەن. هەرچەندە ئەستەمە گشت ئەو بوارانە بەیەکەوە ببەسترێنەوە، بەڵام نیگەرانیی وڵاتانی کەنداو ئەوەیە کە نەبوونی ئاسایش و ڕژێمێکی بارگاویکراو بە ئایدیۆلۆژیی ئیسلامیی توندڕەو لە سووریادا، دەتوانێت ببێتە هۆی تەشەنەکردنی کێشەکان بۆ گشت ناوچەکە. وڵاتانی کەنداو ڕژێمێکیان دەوێت کە بەشێک بێت لە جیهانی عەڕەبی، نەک لە وابەستەییی ئێرانەوە ببێتە وابەستەی تورکیا؛ لە کۆتاییشدا بەشداری لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بکات و لە چوارچێوەی ماڵی عەرەبی دەرنەچێت. بە مانەیەکی تر، وڵاتانی کەنداو هیچیان دیدگەیەكیان بۆ سووریایەکی لیبڕاڵ و دیموکراسی نییە [2].
وڵاتانی کەنداو نیگەران نەبوون بە کەوتنی ڕژێمی ئەسەد، چونکە ئەسەد تەنیا مایەی سەرئێشە و درستکردنی کێشە بوو بۆ وڵاتانی کەنداو؛ بەتایبەت کە ئەسەد هاوپەیمانێکی ئایدیۆلۆژی و بەهێزی ئێران بوو. یەکێک لەو هۆکارانەی کە وای کرد وڵاتانی کەنداو-بێجگە لە قەتەڕ- هەوڵی هەستانەوەی ڕژێمی ئەسەد بدەن، ترسان بوو لە تەشەنەکردنی دۆخی توندڕەویی ئیسلامی لە سووریا؛ بە جۆرێک کە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگەکانی کەنداو هەبێت و، سووریا ببێتە مەیدانێک بۆ کێشکردنی گەنجانی کەنداو بۆ جەنگی تائیفی و جیهادی. ئەمە لە کاتی بەهاری عەرەبی بەئاشکرا دیار بوو؛ ژمارەی کەنداوییەکان لەناو ڕیزەکانی داعش و هێزەکانی نوسرە و تەحریر شام، کەم نەبوون.
ترسان لە تەشەنەکردنی هەستی تائیفی و ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی جیهادی و دینامیکە تائیفییە ناوخۆیییەکان، بەتایبەت هەڕەشەی هەردوو ڕادیکالیزمی ئیسلامیی سوننە و شیعە لە وڵاتانی کەنداو، هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتیش ئیمارات و سعوودیا، مەترسیی زۆریان هەبێت لە مانەوەی دۆخی سووریا وەک دەوڵەتێکی شکستخواردوو و تێکشکاو.
سعوودیا و ئیمارات پێشەنگ بوون لە هەوڵی کارکردن بۆ هەستاندنەوەی ڕژێمی ئەسەد؛ نەک لە دۆستایەتی بۆ ئەسەد بەڵکوو لە ترس لە مانەوەی ڕژێمەکەی بەشکستخواردوویی. بۆیە، سعوودیا بەرپرسێکی تایبەتی بۆ کاروباری سووریا دەستنیشان کرد و لە ساڵی 2024 باڵیۆزخانەی کردەوە، کەچی لە ساڵی 2012ەوە هیچ نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماسیی نەبوو لە سووریا. لە هەمان ساڵدا، ئیماراتیش یەکەم باڵیۆزی خۆی لە سووریا دەستنیشان کرد .[3]
لە ٢٠٢٤ هەر یەکە لە سعوودیا و ئیمارات سەرکردایەتیی هەوڵەکانی یەکخستنەوەی ڕژێمی ئەسەدیان دەکرد. بەشار ئەسەد لە دوو لووتکەی کۆتاییدا لە کۆمکاری وڵاتانی عەڕەبی بەشداریی کرد؛ جگە لەوەیش ئیماڕات لە ساڵی 2022 لە سەردانێکدا میوانداریی ئەسەدی کرد. ئەمەیش لە دوای ٢٠١١ یەکەم سەردانی بوو بۆ وڵاتێکی عەرەبی.
ڕەنگە هەڵبژاردنی ئەو ساتەوەختە تایبەتە لە کاتی خۆیدا بۆ ئاساییبوونەوە لەگەڵ ئەسەد، هاوکات بووبێت لەگەڵ ئەوەی کە لە هەمان کاتدا دانوستاندن هەبوو بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ڕیاز و تاران. هەرچەندە جۆرێک لە هۆشیاری هەبوو لەلایەن ئیمارات و سعوودیا کە سووریا لەوانەیە لەبەر سەرقاڵیی ڕووسیا بە جەنگی ئۆکڕاینا و گوشارەکانی سەر بەرەی مقاوەمە، بەرەو لاوازبوون بچێت و، پێ دەچێت ئەم باوەڕە لای بەشار ئەسەدیش هەبووبێت؛ بۆیە لە کۆتایییەکانی تەمەنی ڕژێمەکەیدا پەنای بردە بەر وڵاتانی کەنداو.
کاریگەریی فاکتەری تورکیا و ئیسرائیل
تورکیا ڕۆڵیکی سەرەکیی بینی لە ڕووخاندنیی ڕژێمی ئەسەد و پاڵپشتیکردنی دەستەی تەحریر شام و ئەوەی پێی دەوترێت “سوپای نیشتمانیی سووریا”. ئەو ڕۆڵە نوێیەی تورکیا لە سووریا، ئەوەیە كە پێگەی خۆی لە بەرامبەر ئێران لە شوێنەکانی دیکەی وەک قەفقازی باشوور بەهێزتر دەکات؛ بەتابیەت کە تورکیا پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ ئازەربایجان هەیە، لە کاتێکدا ئێران پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەرمینیا هەیە. ئێران ئەو ڕۆڵە نوێیەی تورکیا لە سووریا وەک گورزێک لە بەرژەوەندییەکانی ئێران تێ دەگات. تورکیاش هەست بەو نیگەرانییەی ئێران دەکات، بۆیە هەوڵ دەدات جۆرێک لە دڵنیایی بداتە ئێران کە ڕێگە نادات سووریای نوێ ببێتە مەترسی لەسەر ئێران؛ هەرچەندە ئەمە دادای ئێران نادات!
لە سەرێکی تر هێشتا ئێران کارتی ماوە لە دژی تورکیا بیجووڵێنێت، بەتایبەت کارتی پەکەکە و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە فۆبیا (ترس)ی سەرەکیی تورکیایە لە سووریا. بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکی دەزگەی میت، ئیبراهیم کاڵین، لە کۆتاییی هەفتەی ڕابردوودا (٨/٢/ ٢٠٢٥) لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران، هەروەها عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، فەرماندەی ئاسایشی ئێران کە سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییە، دیداری تایبەتیان هەبوو. دوای ئەویش وەزیری دەرەوە، هاکان فیدان، پەیوەندیی تەلەفۆنیی هەبووە لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران. پرسی پەکەکە و “تیرۆر” و دۆخی سووریا بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکان بووە[4].
بێجگە لەوەیش ئەنقەرە ناتوانێت بەتەنیا قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات لە سووریا لە ئەستۆ بگرێت. بەبێ پشتیوانیی وڵاتانی کەنداو، ئاوەدانکردنەوە و ئیدارەدانی دۆخی سیاسیی دوای ئەسەدیش بۆ تورکیا ئەستەم دەبێت. هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی کەنداو دەتوانێت هەم شەرعییەت و هەم سەرچاوە دارایییە پێویستەکان بۆ هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی سووریا دابین بکات. بۆیە تورکیا ناتوانێت بەبێ هاوکاریی وڵاتانی کەنداو ئیدارەی سووریا بدات.
لە نێوان وڵاتانی کەنداودا، ڕەنگە قەتەر زۆرترین کاریگەریی لەسەر سەرکردایەتیی نوێ لە دیمەشق هەبێت، چونکە ڕۆڵێکی ناوەندیی بینیوە لە ئاسانکاریکردنی دانوستانەکانی نێوان وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، تورکیا، ڕووسیا و ئێران لە سەروبەندی کۆڕبەندی دۆحە، کە دواجار چارەنووسی ئەسەدی دیاری کرد[5]. لە کۆبوونەوەکانی دۆحە لەگەڵ شارەزایانی ئەنجومەنی ئەتڵەسی، تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی ڕووخانی ئەسەد لە ٨ی دێسەمبەردا، کەسایەتییە باڵاکانی ئاسایشی نیشتمانیی قەتەر، دژی ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی بوون لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد. قەتەر تاکە وڵات بوو لە کەنداودا کە پێش ڕووخانی ئەسەد میوانداریی هاوپەیمانیی نیشتمانیی سووریای کرد و وەک تاکە نوێنەری شەرعیی سووریا دانی پێدا نا[6].
بە هەمان شێوەی تورکیا، ئیسرائیلیش دیسان کاریگەریی دەبێت لەسەر هەڵوێست و پێگەی وڵاتانی کەنداو لە سووریای نوێدا، بەتایبەت کە هەردووکیان هاوپەیمانی نزیکی ئەمریکان. بۆیە وڵاتانی کەنداو شتێک ناکەن لە سووریا لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بێت. ئیسرائیل ڕەنگە، ڕێبازێکی زۆر دەستوەردانگەرانە (interventionist) لە سووریا پەیڕەو بکات. لە نێوان ٨ بۆ ١١ی کانوونی دووەمدا (٢٠٢٥) ئیسرائیل زیاتر لە ٤٠٠ جار هێرشی کردۆتە سەر سووریا و چەند ناوچەیەکیشی داگیر کردووە. هێرشەکانی ئیسرائیل لانی کەم لەسەدا ٨٠ی توانا سەربازییەکانی سووریای لەناو بردووە.
بۆ بەهێزکردنی هێزی ئیسرائیل لەو ناوچەیەی کە کێبڕکێی لەسەرە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە 15ی کانوونی دووەمدا ژمارەی سەربازانی ئیسرائیلی لە بەرزایییەکانی جۆلان، دووئەوەندە زیاد کرد.
سیاسەتی ئیمارات و سعوودیا بەرامبەر دەسەڵاتی نوێی سووریا
ڕووداوی ڕووخانی ئەسەد هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد. حکوومەتەکانی کەنداو پەرۆشی دۆخی سووریا بوون. سیاسەتی قەتەر، وەک پێشتریش ئاماژەمان پێ دا، هاوتەریب بووە لەگەڵ سیاسەتەکانی پێشووی دۆحە بەرامبەر بە ڕژێمی ئەسەد و بزووتنەوە ئیسلامییەکان (بەتایبەتیش ئیخوانییەکان) لە جیهانی عەڕەبیدا. قەتەر بە جۆرێک لە جۆرەكان سیاسەتی سووریای خۆی لەگەڵ تورکیا تەریب کردووە، هەر بۆیەیش زوو هاتە سەرخەت بۆ مامەڵەکردن و پشتگیریکردن لە دەستەی تەحریر شام.
سەبارەت بە سعوودیا و ئیمارات، دوای ماوەیەکی کەم، ڕیاز سیاسەتێکی کراوەی بەرامبەر بە دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشق پەیڕەو کرد. هەرچی ئیماراتە، ئێستایش بە جۆرێک لە دوودڵییەوە مامەڵە لەگەڵ دیمەشق دەکات؛ ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ نیگەرانییە لەمێژینەکانی سەبارەت بە ئیسلامی و ئیخوانییەکان. هەردوو حکوومەت هەنگاویان ناوە بۆ وازهێنان لە سیاسەتی لەمێژینەی دژەئیسلامییەکانیان و، ئێستا هەوڵ دەدەن سووریای نوێ لە خۆیان نزیک بکەنەوە؛ نیشانەکانی ئەم سیاسەتە نوێیە لە ماوەیەکی کەمدا دەرکەوت. سعوودیا یەکەم دەسپێشخەریی کرد بۆ کۆبوونەوەیەک لە ڕیاز لە ڕێگەی بانگهێشتکردنی وەزیرانی دەرەوەی چەند وڵاتێکی عەرەبی، تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا. محەمەد بن زاید سەرۆکی ئیمارات لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ “ئەحمەد شەرع” قسەی کرد. وەزیری دەرەوەی تازە دەستنیشانکراوی سووریا، ئەسعەد شیبانی، سەردانی هەردوو شاری ڕیاز و ئەبوزەبی و، هەروەها پایتەختەکانی دیکەی کەنداوی کرد.
لە کۆبوونەوەی ساڵی ٢٠٢٥ی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس لە سویسرا، ئەلشیبانی کە ئاماژەی بە “سووریای نوێ” کرد، وتی ئیلهامەکەی لە دیدگەی سعوودیا بۆ ٢٠٣٠ وەرگرتووە. فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیا، ستایشەکەی گەڕاندەوە و ئاماژەی بە “گەشبینی کرد و ” ئەم دۆخەی وەک “دەرفەتێکی گەورە” وەسف کرد بۆ ئەوەی سووریا بە “ئاراستەیەکی ئەرێنی” بڕوات[7].
ئەم گۆڕانە خێرایە وای کرد وڵاتانی کەنداو بەناچاری دۆخی نوێی سووریا قبووڵ بکەن. بەم شێوەیە لە ١٢ی کانوونی دووەمدا (٢٠٢٥)، بەحرێن، کە ئەمساڵ سەرۆکایەتیی کۆمکاری عەرەبی دەکات، لە ڕێگەی نامەیەکەوە بۆ سەرکردایەتیی نوێ لە سووریا، پشتیوانیی خۆی بۆ سووریای نوێ دەربڕی[8]. لە 14ی کانونی یەکەمدا، لیژنەی پەیوەندیی وەزاریی عەرەبی بۆ سووریا (کە دیپلۆماتکارانی عەرەبی، ڕۆژاوا و تورکیا لەخۆ دەگرێت) لە دیداری عەقەبە پشتیوانیی وڵاتانی عەرەبیی بۆ قۆناغی گواستنەوەی سیاسیی سووریا لەژێر دەسەڵاتی کاتیی ئێستادا دەربڕی[9].
بە هەمان شێوە دوای ڕووخانی حکوومەتی ئەسەد، سعوودیاش “بەهێزترین پشتیوانی”ی بۆ گەلی سووریا دەربڕی و ستایشی ئەو ڕێوشوێنانەی کرد کە سەرکردایەتیی نوێ لە دیمەشق بۆ پاراستنی کەمینەکانی سووریا و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری دەیگرنە بەر. بێجگە لەوەیش شاندێکی سعوودی بە سەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری دادگەی شاهانەی سعوودیا، لە 22ی کانوونی دووەم لەگەڵ سەرۆکی نوێی سووریا کۆ بووەوە. تا ئاستێک باس لەوە دەکرێت کە سعوودیا دەست بە دابینکردنی نەوت بۆ دیمەشق دەکات[10].
بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، سعوودیا و ئیمارات بەوریایییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغە ڕاگوزەرەی سووریا دەکەن. ڕاستە، وڵاتانی کەنداو پێشوازی لە لاوازبوونی نفووزی ئێران لە سووریا دەکەن، بەڵام نیگەرانییەکی زۆریشیان هەیە هەم لە توانای ڕژێمی ئێستا و هەم لە دەستوەردانەکانی تورکیا و ئیسرائیل.
ڕەنگە گرنگترین بوار لە ئامانجی وڵاتانی کەنداو بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی سووریا، پارەدارکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە بێت. کەنداو لەمێژە خەریکی بنیاتنانی ئەو هەوڵەیە لە ڕێگەی پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان کە بە “دیپلۆماسیی ڕزگارکردنی کەنداو” ( Gulf Bailout Diplomacy) ناسراوە؛ واتا هاوکاریکردنی بنیاتنانەوەی ڕژێمەکان/ دەوڵەتەکان. لەم سۆنگەیەوە کەنداو ئامادەیە لە چەند بواری جیاوازەوە لە دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی سووریا وەبەرهێنان بکات[11]. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا، پێشتر ئاماژەی بەوە کردووە کە قەتەر ئامادەییی خۆی بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە سەرەکییەکاندا دەربڕیوە، لەوانە: وزە و ژێرخانی بەندەرەکان[12]. هەروەها وڵاتانی کەنداو دەستیان کردووە بە دەربڕینی ئامادەییی خۆیان بۆ پشتیوانیکردن لە گەڕانەوەی خۆبەخشانەی هاووڵاتیانی سووریا بۆ بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی زێدی خۆیان؛ بەحرێن سەرکردایەتیی ئەو جۆرە هەوڵانە دەکات، بەتایبەت دوای سەردانی سەرۆکی دەزگەی ئاسایشی ستراتیژیی بەحرێن بۆ دیمەشق[13]. بەڵام لەگەڵ ئەوەیش، وڵاتانی کەنداو ڕەچاوی کاریگەریی پێشهاتەکانی سووریا لەسەر سیاسەتی ناوخۆی خۆیان دەکەن. هەردوو وڵاتی ئیمارات و کوێت میوانداریی ژمارەیەکی بەرچاوی ڕەوەندی سووریا دەکەن. کوێت هەر زوو زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە دژی پەنابارانی سووریا لێ دا، کاتێک ڕۆژێک دوای کەوتنی ئەسەد بەشداریی ڕێپێوانە شادییەکانی کەوتنی ڕژێمی ئەسەدیان کرد[14]. وەزارەتی ناوخۆی کوێت هۆشداریی لە تۆڵەسەندنەوە لەو جۆرە کارانە دەرکرد. سعوودیا، کوێت و بەحرێن، بەڵام بەتایبەتی بەحرێن، نیگەرانی سەلامەتیی دانیشتووانی شیعەی خۆیان دەبن کە بۆ سەردانی ئایینی بۆ مزگەوتی سەیدە زەینەب و شوێنە پیرۆزەکانی دیکەی شیعە گەشت دەکەن. دوای کەوتنی ئەسەد گەشتیاری نێوان وڵاتانی کەنداو و سووریا لەو جۆرە سەردانانە زیاتر دەبێت[15].
بۆچی ئەم گۆڕانە خێرایە لە سیاسەتی وڵاتانی کەنداو ڕووی دا؟
چەند فاکتەرێک هەن، دەکرێت وەک هۆکاری سەرەکی سەیر بکرێن لە گۆڕینی خێراییی سیاسەتی وڵاتانی کەنداو لە بەرامبەر سووریای دوای ئەسەد:
یەکەم/ هەر یەکە لە ئیمارات و سعوودیا گۆڕانکارییەکانی سووریا وەک دەرفەتێک دەبینن بۆ لاوازکردنی ئێران لە ناوچەکەدا. هەرچەندە ڕیاز (لە ئایاری ٢٠٢٣) بە ناوبژیوانیی چین پەیوەندیی دیپلۆماسیی لەگەڵ تاران هەندێک ئاسایی کردۆتەوە، هەروەها هەر یەکە لە سعوودیا و ئیمارات لەگەڵ ئێران هەماهەنگ بوون بۆ خاوکردنەوەی بارگرژییەکانی یەمەن لە دژی کەنداو[16]؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، نابێت لەبیرمان بچێت کە هەر یەکە لە ڕیاز و ئەبوزەبی بەردەوام نیگەرانن لە ڕۆڵی تێکدەرانەی ئێران، لە عێراق، سووریا، لوبنان، فەلەستین و یەمەن. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو حەماس و حزبوڵڵای لاواز کردووە و بەو هۆیەوە ئێران، لەگەڵ لەدەستدانی ئەسەدی هاوپەیمانی ئێران، جۆرێک لە هیوای لای زلهێزەکانی کەنداو دروست کردووە کە بتوانن یارمەتیدەر بن بۆ دەرکردنی ئێران لە سووریا و بڕینی ڕێگەکانی نێوان عێراق و لوبنان. سعوودی و ئیماراتییەکان بەباوەشکردنەوە بۆ حکوومەتی نوێی سووریا، هیوادارن کە بۆ هەتاهەتایە ئێران نەتوانێت جارێکی تر پێ بنێتەوە سووریا. بەتایبەت کە سووریای نوێ هاتنی ئێرانییەکانی بۆ سووریا قەدەغەی کردووە[17].
دووەم/ ئەبوزەبی و ڕیاز لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی عێراق و یەمەن، وانەی بەنرخیان لە هەڵەکانی ڕابردوویان وەرگرتووە و نایانەوێت ئێستا لە سووریا دووبارەی بکەنەوە. لە عێراق؛ سعوودیا و ئیمارات دوای ڕووخانی سەددام لە ساڵی 2003 بڕیاریان دا بەشداری نەکەن، چونکە ئەوان لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی سەددامدا نەبوون، بەڵام ئەو هەڵوێستە لە ئەنجامدا لێکەوتەی خراپی هەبوو؛ بە جۆرێک کە تەنیا ئەمریکا و ئێران، عێراقی نوێیان داڕشتەوە. لە یەمەنیش بە هەمان شێوە؛ وڵاتانی کەندو و سعوودیا، سیاسەتی پشتگوێخستنی ململانێکانیان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ پەیڕەو کرد تا بزووتنەوەی حووسی کە لەلایەن ئێرانەوە پارەدار و چەکدار دەکرا، باکووری یەمەنیان گرتە دەست و دژی گرووپەکانی دیکە کەوتنە شەڕەوە.
ڕیاز و ئەبووزەبی خەریکی سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانییەکی عەرەبین بۆ لادانی حووسییەکان. ئەو دوو وڵاتە بەشدارییان لە جەنگێکدا کرد کە گەشەی کرد و بوو بە جەنگێکی خوێناوی کە لە دەرەوەی سنوورەکانی یەمەن فراوانتر بوو. سعوودیا و ئیمارات بەهۆی دوودڵیی سەرەتایییانەوە لە بەشداریکردن لە یەمەن، ناچار بوون باجێکی گەورەی سیاسی و ئەمنی بدەن. لە سووریا، وڵاتانی کەنداو لە سەرەتاوە دەیانەوێت بە دوای ڕۆڵێکی چالاکتردا بگەڕێن بە بەراورد بە ململانێ ناوچەیییەکانی ڕابردوو؛ بەتایبەت سعوودیا و ئیمارات دەیانەوێت لە قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵاتی نوێی سووریادا ڕۆڵیان هەبێت و، ئەم مەیدانە بۆ تورکیا و ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران چۆڵ نەکەن.
سێیەم/ ئێستا سووریا لەناو جەرگەی گۆڕانکارییە جیۆستراتیژییەکانی دوای جەنگی غەززە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. شوێنپێی ئیسرائیل لە دەرەوەی خاکەکەی و ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین فراوانتر بووە، لە کاتێکدا هەژموونی هەرێمیی ئێران زۆر لاواز بووە؛ ئەمەیش سندووقێکی پاندۆرا لە سیاسەت و پرسیارە مشتومڕاوییەکانی سیاسەت و سەروەری لە وڵاتانی شام، عێراق، سووریا و لوبنان دەکاتەوە. نزیکیی جوگرافیای لێڤانت لە کەنداو، پێویستی بە دیپلۆماسییەتێکی چالاکانەی سعوودیا و ئیمارات و پەیوەندی لەگەڵ پێکهاتەی نوێی دەسەڵات و کاریگەری لە لێڤانتدا هەیە؛ ئەمەیش لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە سیاسەتە فراوانخوازییەكانی ئیسرائیل و خەونە نیوعوسمانییەکانی تورکیا سەبارەت بە ڕۆڵێکی هەژموونگەرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها ڕیاز و ئەبوزەبی دەیانەوێت ئەگەری دووبارە گەڕانەوەی ئێران و بریکارەکانی وەک پاترۆن بۆ سووریا ڕەت بکەنەوە[18].
چوارەم/ پەیوەندیی سعوودیا و ئیمارات لەگەڵ سووریا لە کاتێکدایە کە هەردوو وڵات هەوڵ دەدەن ئامادەییی سیاسیی زیاتریان لە ناوچەکە هەبێت. هەردوو وڵات بەبێ دوودڵی گەیشتوونەتە ئەولەوییەت بۆ بەشداریکردن لە هەموو شانۆ ناوچەیییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا کە تایبەتمەندە بە ململانێ و ناسەقامگیری. ئەم سیاسەتە دەرەکییە لە غەززە و لوبنان و، هەروەها لە سووریاشدا ڕەنگی داوەتەوە و خەریکە ئاماژەکانی دەردەکەون. هەر یەکە لە سعوودیا و ئیمارات خەریکن لە زۆر لە پرسە ئەمنییەکانی ناوچەکەدا ڕۆڵ دەگێڕن، بەتایبەت لە سەروبەندی ئەو گورزە گەورەیەی کە بە ئێران و دۆستەکانی کەوتووە، دەرفەتێکی باشی ڕەخساندووە بۆ هەر یەکە لە ڕیاز و ئەبوزەبی کە ڕۆڵیکی جەمسەری بگێڕن؛ ئەمە بێجگە لەوەی کە هاتنی ئیدارەی ترەمپ ئەم دەرفەتە بەهێزتر دەکات. پێ دەچێت لە ناوچەکەدا ڕۆڵی گەورەتر بەو دوو وڵاتە بسپێرێت، بەتایبەت کە ئیمارات بەشێکە لە ڕێکكەوتنەکانی “ئەبراهام” کە ئەگەری هەیە ئەو بەرەیە لەو چوار ساڵەی ئیدارەی تڕەمپدا فراوانتریش بکرێت.
دەرەنجام
سووریا هێشتا ڕێگەیەکی درێژی لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئابووری. هێشتا ڕوون نییە کە ئایا حوکمڕانیی دوای ئەسەد دەتوانێت ئەم قۆناغە بەسەلامەتی تێ پەڕێنێت یان نا، بەڵام بەگشتی نییەتێکی هاوکاری و پاڵپشتی هەیە لەلایەن وڵاتانی کەنداو کە سووریا بکەوێتەوە سەرپێێ خۆی و نموونەی سووریای ئەسەد و سووریای ئیسلامی توندڕەو کۆتاییی پێ بێت. دۆخەکە پەیوەستە بەوەی ئایا چۆن گرووپێکی توندڕەو، کە پڕۆفایلێکی باشیان نییە لە حوکمڕانیی مەدەنی، دەتوانن سەرکردایەتیی قۆناغی گواستنەوەی سووریا بکەن و دەوڵەتێکی میانڕەو دابمەزرێنن کە نەبێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خەڵكی سووریا و ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکەیش.
بەکورتی، ڕێبازی پراگماتیکی وڵاتانی کەنداو بۆ سووریا جەخت لەسەر ئەولەوییەتدانیان بۆ سەقامگیری و ئاسایش دەکاتەوە. دۆخەکە بۆ قەتەر جیاوازە؛ دژایەتیی قەتەڕ بۆ ئەسەد ڕەزامەندیی حکوومەتی ئینتقالیی سووریای بەدەست هێناوە. بەڵام ئەندامەکانی تری وڵاتانی کەنداو، بێجگە لە فاکتەری ئاسایش و سەقامگیری، ڕەچاوی ڕەهەندە هەرێمییەکانی ڕژێمەکەیش دەکەن؛ بە مانایەی سووریای نوێ تا چەند خزمەتی هێزە هەرێمییەکانی وەک تورکیا و ئێران و ئیسرائیل دەکات. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆیان گرنگە ئەگەر کەنداو ئامادە بێت پارەی بووژانەوەی سووریا دابین بکات؛ ئەوا ئەم هەوڵە تەریب دەبێت لەگەڵ بەشداریکردنی دیپلۆماسیی وریادا (کە وڵاتانی کەنداو پەیڕەوەی دەکەن) بۆ ڕەخساندنی هاوسەنگی لە نێوان پشتگیریکردنی خەڵک و ڕەخساندنی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها کەمکردنەوەی توندڕەویی ئایدیۆلۆژی و تائیفی.
سەرچاوەکان
[1] Al Jazeera (19/5/2023) Assad gets warm welcome as Syria welcomed back into Arab League. Available at: https://www.aljazeera.com/news/2023/5/19/assad-gets-warm-welcome-as-syria-welcomed-back-into-arab-league.
[2] Omer Journal (1/5/ 2025) The Gulf’s approach to a new Syria: Proceed with caution and care. Available at: https://omerjournal.com/2025/01/05/the-gulfs-approach-to-a-new-syria-proceed-with-caution-and-care/.
[3] Reuters (January 30, 2024) UAE sends first ambassador to Syria since conflict. Available at: https://www.reuters.com/article/emirates-syria-ambassador/uae-sends-first-ambassador-to-syria-since-conflict-idUSKBN1ZR0ZQ.
[4] Daily Sabah (December 9, 2024) Turkish intel chief visits Iran for talks on terrorism, other topics. Available at: https://www.dailysabah.com/politics/turkish-intel-chief-visits-iran-for-talks-on-terrorism-other-topics/news>.
[5] Atlantic Council (December 9, 2024). Dispatch from Doha: Assad’s fall, Iran’s weakness, and the impact of unintended consequences. Available at: <https://www.atlanticcouncil.org/blogs/new-atlanticist/assads-fall-irans-weakness-and-the-impact-of-unintended-consequences/>.
[6] Atlantic Council (December 24, 2024) Dispatch from Doha: Assad’s fall, Iran’s weakness, and the impact of unintended consequences. Available at: https://www.atlanticcouncil.org/blogs/menasource/what-role-will-gulf-states-play-in-shaping-the-new-syria/.
[7] Carnegie Endowment for International Peace (2025) The Gulf shifts policies in response to the new Syria. Available at: https://carnegieendowment.org/research/2025/01/the-gulf-shifts-policies-in-response-to-the-new-syria?lang=en.
[8] Shaheen, K. (2025) Letter from king of Bahrain as the current head of the Arab League to Jolani/Ahmed al-Sharaa pledging to support Syria and consult with it regularly. [Twitter] Available at: https://twitter.com/kareemshaheen/status/1234567890.
[9] . Jordan Times (Dec 14,2024) Aqaba meeting underlines Arab support for Syria’s political transition, sovereignty, territorial unity*. Available at: https://www.jordantimes.com/news/local/aqaba-meeting-underlines-arab-support-syrias-political-transition-sovereignty-territorial.
[10] Arab News (December 23, 2024) Saudi Arabia. Available at: https://www.arabnews.com/node/2584000/saudi-arabia.
[11] IISS (2023) Gulf Bailout Diplomacy*. Available at: https://www.iiss.org/research-paper/2023/11/Gulf-Bailout-Diplomacy/.
[12] AA (24.12.2024) Syria’s new administration leader says Qatar to have active role in country’s development process. Available at: https://www.aa.com.tr/en/middle-east/bahraini-security-official-meets-new-syrian-administration-leader-reaffirms-support-for-transition/3436994.
[13] Anadolu Agency (29.12.2024) Bahraini security official meets new Syrian administration leader, reaffirms support for transition. Available at: https://www.aa.com.tr/en/middle-east/bahraini-security-official-meets-new-syrian-administration-leader-reaffirms-support-for-transition/3436994>>.
[14] Kuwait Times (December 9, 2024) Kuwait MoI: Strict measures against participants in festive marches. Available at: https://www.kuwaittimes.com/kuwait-moi-strict-measures-against-participants-in-festive-marches/.
[15] Omer Journal (1/5/ 2025) The Gulf’s approach to a new Syria: Proceed with caution and care. Available at: https://omerjournal.com/2025/01/05/the-gulfs-approach-to-a-new-syria-proceed-with-caution-and-care/.
[16] Reuters (March 11, 2023) Iran and Saudi Arabia agree to resume ties in talks brokered by China. Available at: https://www.reuters.com/article/iran-saudi-china/iran-and-saudi-arabia-agree-to-resume-ties-in-talks-brokered-by-china-idUSKBN2A00ZQ.
[17] Reuters (17/01/2025) Iranians and Israelis barred from entering Syria, airport source says. Available at: https://www.reuters.com/article/syria-iran-israel/iranians-and-israelis-barred-from-entering-syria-airport-source-says-idUSKBN1ZR0ZQ.
[18] Carnegie Endowment for International Peace (2025) The Gulf shifts policies in response to the new Syria. Available at: https://carnegieendowment.org/research/2025/01/the-gulf-shifts-policies-in-response-to-the-new-syria?lang=en.