موەفهق عادل عومەر، دكتۆرا له سیستهمه سیاسییهكان و مامۆستا له بهشی سیستهمه سیاسییهكان و سیاسهتی گشتی-زانكۆی سهڵاحهددین
پێشەکی
دۆزی کورد لە هاوکێشە سیاسییە ناوخۆیییەکانی تورکیا، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژە پێگە و ڕۆڵیکی گرنگ و ستراتیژیی هەیە؛ تەنانەت سەقامگیریی وڵاتەکە بەندە بە دۆزینەوەى چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەو کێشەیە. لە ساڵان و قۆناغەکانی پێشوو، بە ڕێگەی جیاجیا هەندێک هەوڵ بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە دراوە، بەڵام زۆربەى ئەم هەوڵانە زیاتر بریتی بووە لە بەکارهێنانی هێز بۆ کۆتاییهێنان بە پەکەکە تا گەیشتنى ئاک پارتى بە دەسەڵات لە دواى ساڵى ٢٠٠٢. ئاک پارتى، بەتایبەت “ڕەجەب تەییب ئەردۆغان” چەند هەنگاوێکی جددیی نا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە بە شێوەیەکی ئاشتییانە، بەڵام لە کۆتایییەکانی ساڵى ٢٠١٥ ئەم هەوڵانەى ئەردۆغان کۆتاییی پێ هات و سەرلەنوێ هەڵوێستى تورکیا بەرامبەر چارەسەرکردنى کێشەکە بە ڕێگەى ئاشتییانە، گۆڕا بۆ بەکارهێنانی هێز.
بێ گومان هەندێک پێیان وابوو کەوا هەر لە سەرەتاوە ئاک پارتى و ئەردۆغان نییەتى چارەسەرکردنى کێشەکەیان نەبووە بە ڕێگەى ئاشتییەوە، بەڵکوو ئەوەى ڕووی داوە بریتی بووە لە ستراتیژییەتێکی هەڵبژاردن بۆ ڕاکێشانی دەنگی دەنگدەرى کورد. لە پاڵ ئەمە، نییەتى پەکەکەیش بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە، وەکوو ئەوەى ئەردۆغان، لە پێناو گەلی کورد نەبووە بەڵکوو ئەجێنداکەى پەکەکە پڕە لە خزمەتکردن بە بەرژەوەندییە تەسکەکانی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. هەروەها پەکەکە جگە لە خۆی هیچ هێزێکی دیکەى پێی قبووڵ نییە؛ تەنانەت ڕێگەى نەداوە و نادات لەناو خودی تورکیا کەسێک یاخود لایەنێک بۆ خزمەتکردنى دۆزی کورد و گەیاندنی پەیامەکەى بە خەڵکى تورکیا و جیهان، سەر هەڵبدات. ئەم هۆکارانە وای لێ کرد پرۆسەى ئاشتیى یەکەم لە ساڵى ٢٠١٥ بەتەواوەتی کۆتاییی پێ بێت و پێ بنرێتە قۆناغێکی پڕ لە توندوتیژی لە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا.
بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییە ستراتیژییەکان لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و هەرێمی و ناوچەکە، هەندێک لە هاوکێشەکان گۆڕانکاریی جددییان بەسەردا هات و بەتایبەت دواى ٧ی ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠٢٣ و پاش ئەو گۆڕانکارییە گرنگانەى کە لە لوبنان و سووریا ڕوویان دا، تورکیاش هەستى بە مەترسییەکان کرد و بۆ ئەوەى لە چوارچێوەى هاوکێشەکەدا بمێنێتەوە، بڕیاری دا لەسەر ئاستى ناوخۆ هەندێک چاکسازی ئەنجام بدات، بەتایبەت لە بابەتى پرۆسەى کرانەوە و ئاشتیدا.
لەم چوارچێوەیە سەرۆکی زیندانکراوى پەکەکە “عەبدوڵڵا ئۆجەلان” دواى پرۆسەیەکی دوورودرێژ لە دانوستان و سەردانیکردنى شوێنى دەستبەسەربوونی لەلایەن نوێنەرانی دەم پارتی، لە رێکەوتى ٢٧ی شوباتی ساڵى ٢٠٢٥، پەیامێکی ڕاگەیاند کە گرنگترین خاڵ تیایدا “داواکاریی چەکدانانی پەکەکە” بوو.
لە بابەتى ئەم جارەمان هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی گشتى تیشک بخەینە سەر ئەم بابەتە، بەتایبەت ئەوەی كە لەسەر ئاستى ناوخۆی تورکیایدا چ جۆرە کاردانەوەیەکی لەگەڵ خۆیدا هێنا.
هەڵوێستى لایەنە سیاسییەکانی تورکیا بەرامبەر پەیامەکەى ئۆجەلان
لایەنە سیاسییەکان لە تورکیا بە شێوەیەکی گشتى گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، کە دەبێت کۆتایی بەم شەڕ و پێکدادانە بێت کە لە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیادا ڕوو دەدات؛ چونکە هەم لە ڕووی دارایی و هەمیش لە ڕووى گیانییەوە زەرەر و زیانی زۆرى گەیاندووە. بۆیە دۆزینەوەى چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ ئەم بابەتە، لەوانەیە ببێتە هۆی چەسپاندنی سەقامگیرییەکی بێوێنە لە تورکیا.
لایەنە سیاسییەکان لە تورکیا تێڕوانین و بۆچوونی جیاوازیان هەیە بەرامبەر دۆزی کورد بەگشتى و پەیامەکەى “ئۆجەلان” بەتایبەت، بۆیە دەتوانین هەڵوێست و بۆچوونەکانی لایەنەکان بەم شێوەى خوارەوە کورت بکەینەوە:
یەکەم: هاوپەیمانیی کۆمارى (Cumhur İttifakı) کە ئاک پارتى و حزبی بزووتنەوەى نەتەوەپەرست گرنگترین و سەرەکیترین دوو لایەنی هاوپەیمانییەکەن، ئەم جارە بەیەکەوە بڕیارى دەستپێکردنى پرۆسەى ئاشتییان دا لە تورکیا. ئەوەى زۆر سەرنجڕاکێش بوو، هەڵوێستى سەرۆکی “مەهەپە”، “دەوڵەت باخچەلى” بوو، چونکە ئەم حزب و کەسایەتییە بەوە ناسراو بوون کەوا بە هیچ شێوەیەک هەڵوێستی ئەرێنی بەرامبەر بە دۆزی کورد لە تورکیا نانوێنن؛ بەڵام دەوڵەت باخچەلى لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵى ٢٠٢٤ بۆ یەکەم جار دەستپێشخەر بوو بۆ پێشنیارکردن بۆ دووبارە دەستپێکردنى قۆناغی ئاشتى لە تورکیادا. تەنانەت هەندێک لە میدیاکانی تورکیا، باخچەلییان بە ئەندازیارى قۆناغی ئاشتیی ئێستا ناوزەند کرد.
بۆیە سەرەتا پێویستە هۆکارى ئەم گۆڕانکارییە بخرێتە ڕوو کە لە هەڵوێستى باخچەلى ڕووی داوە، چونکە لە قۆناغی ڕابردوودا کە ئاک پارتى تا ساڵى ٢٠١٥ پرۆسەى ئاشتیى بەڕێوە دەبرد، باخچەلى یەکێک بوو لە دژبەرە ڕوون و بەرچاوەکان کە ڕاستەوخۆ داواى لەسێدارەدانی ئۆجەلانی دەکرد. لەم چوارچێوەیەدا ماوەیەک پێش گۆڕانکارییەکانی سووریا، گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە هەڵوێستى باخچەلى هاتە ئارا. پێشبینی دەکرێت، باخچەلى لە ڕێگەى حکوومەتى تورکیاوە، بەتایبەت لە ڕێگەى دەزگە هەواڵگرییەکانی ئەم وڵاتەوە، پێشوەختە ئاگادارى ئەو گۆڕانکارییانە کرابێت کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات؛ تەنانەت وا دیارە تورکیاش دەبێتە بەشێکی گرنگی ئەم گۆڕانکارییانە. بەڵام بۆ ئەوەى پارێزگارى لە یەکپارچەییی خاکی تورکیا بکرێت، ئەوە پێویستی بە هەنگاوی جددی و نەوعی هەیە لەسەر ئاستى ناوخۆ، کە سەرەکیترینیان “دۆزى کورد”ە. واتا گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی ئاستى هەرێمی و نێودەوڵەتى لە لایەک و بارودۆخی سیاسیی ئاک پارتى و مەهەپە (هاوپەیمانیی کۆمار) لە لایەكی ترەوە لەسەر ئاستى ناوخۆدا ڕووبەڕووى کێشەى زۆر بۆتەوە و ڕۆژ لە دواى ڕۆژ ڕێژەى دەنگەکانیان کەم دەکات. هەر بەپێی نوێترین ڕاپرسی کە لەلایەن كۆمپانیانی “ئەنكا – ئار” (Ank – Ar) حزبی كۆماریی گەل (جەهەپە) توانیویەتی ببێتە حزبی یەكەم لەسەر ئاستی توركیا و پێشبینیى دەکرێت نزیكەی (31.4%)ی كۆی گشتیی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و بە جیاوازیی نزیكەی (3.5%) لە پێش ئاك پارتی بێت. هەروەها بەپێی هەمان ڕاپرسی، پێشبینیى ئەوە کراوە کەوا ڕێژەی دەنگی ئاك پارتییش بگاتە (27.9%)ی كۆی گشتیی دەنگەكان. جگە لەمە ئەوەی تێبینی كراوە، ڕێژەی دەنگی “حزبی زەفەر”ە كە “ئومێد ئۆزداغ” سەرۆكایەتیی دەكات و ئێستا لە زینداندایە، دەگاتە (6%)ی كۆی گشتیی دەنگەكان. ئەم ڕاپرسییە پێش پەیامەكەی ئۆجەلانە. چاوەڕوان دەكرێت ڕیژەی دەنگەكان دوای پەیامەكەی ئۆجەلان گۆڕانكاریی زیاتر و بەرچاوتری بەسەردا بێت؛ بۆیە پێشبینیی دەكریت، بەتایبەت دوو لایەنی سەرەكی، گۆڕانكاری لە ڕێژەی دەنگەكانیان بێتە ئارا کە یەكەمیان “ئاک پارتی” و “مەهەپە”یە، ئەوەی تریان “دەم پارتی”یە. ئەردۆغان و ئاك پارتییش لە پێناو كاریگەریخستنە سەر دەنگی جەهەپە و هاوپەیمانەكانی كار دەكات؛ بەتایبەت دەیەوێ دەنگی كورد بۆ لای خۆی ڕابكێشێت یاخود لایەنی كەم گەرەنتیی ئەوە بكات دەم پارتییش بێتە ڕیزەكانی هاوپەیمانیی کۆمار، چونكە بۆ گۆڕانكاریی دەستوور و گەرەنتیكردنی خۆكاندیدكردنی ئەردۆغان، پێویستیی بە پاڵپشتیی دەنگی كورد هەیە.
لە هەڵبژاردنەكانی شارەوانییەكانیش ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگر هەیە، ئەویش بریتییە لەوەی كورد پاڵپشتیی كام لایەن بكات ئەوە ئەو لایەنە سەركەوتن بەدەست دەهێنێت. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەمانە سەرەكیترین خاڵن كە پاڵی بە ئاك پارتی و مەهەپە ناوە بۆ ئەوەی دووبارە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەست پێ بكەنەوە.
دووەم: جەهەپە و هاوپەیمانانی كە لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن پێك دەهێنن، ئەوانیش ڕۆڵی گرنگیان هەیە لەم پێشهاتانە و بەتایبەت بابەتی دووبارە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی. لەم چوارچێوەیەدا هەر دوای پەیامەكەی ئۆجەلان، سەرۆكی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پێگەی “ئێكس”ەوە هەڵوێست و پەیامی خۆی ڕاگەیاند. ئۆزەل لە پەیامەكەیدا جەختی لەسەر ئەم بابەتانە كرد:
- جەهەپە بە درێژاییی مێژوو لەگەڵ ئەوەدایە بووە و دەبێت كە سەرجەم كێشە و گرفتەكانی وڵات لە ڕێگە دیموكراسییەكانەوە چارەسەر بكرێن؛ لە هەمان كاتدا دژی تیرۆر بووە بە هەموو شێوەكانی؛ هەروەها ئەم هەڵوێستەى جەهەپە لە داهاتوویشدا درێژەی پێ دەدرێت و بەردەوام دەبێت.
- ئێمە وەكوو جەهەپە لەگەڵ ئەوەداین كەوا پێویستە دۆزی كورد لەژێر چەتری پەرلەمانی توركیا بە شێوەیەكی شەفاف و ڕوون و بە بەشداریی نوێنەرانی سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە چارەسەر بكرێت. هەروەها دەبێت لەم چوارچێوەیدا لەژێر چەتری بنەما دیموكراسییەكان و بنەمای دەوڵەتی یاسا و لە پێناو دەستبەركردنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی، بۆچوون و ڕەزامەندیی سەرجەم لایەنەكان لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان و بڕیندارانی شەڕی تیرۆر و هەموو ئەوانەی كە لە ئەنجامی ئەم ناكۆكییانە زیانیان پێ گەیشتووە، وەربگیرێت. ئەگەر پرۆسەكە بەم شێوەیە بەڕێوە بچێت ئەوە ئێمە هەروەك چۆن لە ڕابردوودا پاڵپشتیی خۆمان ڕاگەیاند، لەمەودوایش بە هەمان شێوە پاڵپشتیی خۆمان ڕادەگەیەنین.
جێبەجێكردنی ئەم خاڵە پێ دەچێت هەندێك قورس بێت؛ ئۆزەل هەوڵی داوە لە ڕێگەی ئەم خاڵەوە ژێرخانی خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی پرۆسەكە ئامادە بكات، ئەگەر هات و بارودۆخەكە بەباشی و لە بەرژەوەندیی ئەوان نەبوو.
- ئۆزەل جەختی لەسەر گرنگیی چەكدانانی پەكەكەی كردووە و ئاواتی خواستووە كەوا بابەتی تیرۆر لە توركیا بۆ هەتاهەتایە كۆتاییی پێ بێت؛ بەڵام دوای ئەم ڕستانە، ئۆزەل تیشك دەخاتە سەر ئەوەی كە كاروبارەكان بە هیواخواستن ئەنجام نادرێن و، دووبارە جەختی لەسەر ئەوە كردووە بۆ جێبەجێكردنی ئەم هەنگاوانە پێویستە ژینگەیەك ئامادە بكرێت و تیایدا لایەنەكان متمانە بە یەكتر بكەن. هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە دەبێت لەسەر ئەرزی واقعیشدا كاری فیعلی بكرێت.
- ئۆزەل لەم خاڵەدا دەستی بۆ بابەتێكی گرنگی ئێستای توركیا بردووە، ئەویش بریتییە لەوەی كە كێشەكانی توركیا تەنیا لە ڕیگەی ئاشتیی ناوخۆوە چارەسەر دەکرێت؛ ئاشتیی ناوخۆیش لە ڕێگەی سیستەمێكی تاكڕەوی ئەنجام نادرێت، بەڵكوو لە چوارچێوەی سیستەمێكی دیموكراسی و چەسپاندنی بنەماكانی دەوڵەتی یاسا و دادپەروەری و یەكسانییەوە دەبێت.
ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگە و پەیامێكی ڕاستەوخۆیش بۆ ئەردۆغان لەخۆ دەگرێت كە ئەویش بریتییە لەوەی كە، “ناكرێت لە لایەك باسی ئاشتیی ناوخۆ بكرێت و لە لایەكی تریش گوشار بخرێتە سەر لایەنە سیاسییەكان و نوێنەرە ڕاستەقینەكانی گەل، هەروەها وڵات بە شێوەیەكی تاكڕەوی و نادادپەروەری و نایەكسانی بەڕێوە ببردرێت. ئەگەر نییەتی ڕاستەقینەی ئاشتیی ناوخۆتان هەیە، ئەوە دەبێت ئەمە لە چوارچێوەی بنەما دیموكراسییەكان و پڕەنسیپەكانی دەوڵەتی یاساوە ئەنجام بدرێت؛ بەپێچەوانەوە ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆتان (ئەردۆغان و باخچەلی و ئۆجەلان) بۆ ماوەیەكی كورت بەكاری دەهێنن.”
كەواتا مەرجی جەهەپە بۆ پاڵپشتیكردنی پرۆسەكە لەو كاتەدا ڕوو دەدات ئەگەر بەڕاستی نییەتێكی ڕاستەقینە هەبوو بۆ پرۆسەی ئاشتی لە توركیا.
- پەیامەكەی ئۆزەل داواكارییەكیش لەخۆ دەگرێت؛ داواكارییەكە بریتییە لەوەی كە جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكان وەكوو خۆی و كۆتاییهێنان بە پێشێلكردنی ماددە دەستوورییەكان بەقەدەر ئەنجامدانی هەندێك چاكسازیی یاسایی، گرنگیی هەیە. واتا ئۆزەل لەم خاڵەدا ڕاشكاوانە ڕادەگەیەنێت: “ئەگەر دەتانەوێ پرۆسەكە سەركەوتوو بێت، سەرەتا دەبێت دەسەڵات پابەندی یاسا و دەستوور بێت و كۆتایی بەو ڕەفتارانەی بهێنێت كە نایاسایین.” ئۆزەل پێی وایە بەبێ جێبەجێكردنی ئەم داواكارییە، یاسا نوێیەكان هیچ بەهایەكیان نابێت.
- لە كۆتاییی پەیامەكەیدا، ئۆزەل پەنجەی خستۆتە سەر بابەتێكی گرنگ و، ڕاستەوخۆ بەم شێوەیە ئاماژەی پێ كردووە كە، “جەهەپە بە هیچ شێوەیەك ڕیگە بە هیچ لایەنێكی سیاسی نادات داواكارییەكانی كۆمەڵگە دەربارەی ئاشتی و دیموكراسی، بۆ بەرژەوەندیی تەسكی حزبی خۆیان بەكار بهێنن” و، ئەوان هەمیشە لەگەڵ پەیامی دامەزرێنەری حزبەكە و سیستەمی كۆماربی “مستەفا كەمال ئەتاتورك”ن كە دەڵێ “ئاشتی لە ناوخۆ و ئاشتی لە جیهان.“
بەگشتی هەڵوێستی گەورە حزبی ئۆپۆزیسیۆن كە ئێستا بەپێی دوایین ڕاپرسییەكان حزبی یەكەمی توركیایە، بە مەرج پاڵپشتیی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی ڕاگەیاندووە. بۆیە چاوەڕوان ناكرێت لە قۆناغەكانی داهاتوودا پرۆسەی ئاشتی، وا بەئاسانی و بەبێ كێشە بەردەوام بێت.
سێیەم: هەڵوێست و تێڕوانینی ڕاستەقینەی نەتەوەپەرەستەكانی توركیا خاڵێكی گرنگ و لایەنێكی یەكلاكەرەوەیە لەسەر ئاستی سیاسیی توركیادا، چونكە ئەگەر تەماشایەكی قۆناغەكانی ڕابردوو بكەین، بۆمان دەردەكەوێ كە هەڵوێستی مەهەپە و سەرۆكەكەی، دەوڵەت باخچەلی، لە زۆر كاتدا یەكلاكەرەوە بووە؛ گرنگترینیان لە كاتی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری پێشووتری توركیا “عەبدوڵڵا گوڵ” و دواتر بەشداریكردنی مەهەپە لە هاوپەیمانیی کۆمار و پاڵپشتیكردنی لە ئاك پارتی و ئەردۆغان، ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر هاوكێشەی سیاسیی ناوخۆی توركیا هەبووە. لەم چوارچێوەیەدا پێش ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەست پێ بكات، دیسان باخچەلی بە پێشنیارە گرنگەكە كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٤ ڕای گەیاند، كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر ژیانی سیاسیی ناوخۆی توركیا.
پێشنیار و دەستپێشخەرییەكەی باخچەلی بریتی بوو لەوەی كە ئەگەر پەكەكە دەیەوێ پرۆسەی ئاشتی دەست پێ بكات، ئەوە دەبێت ئۆجەلان لە پەرلەمانی توركیا و لە گرووپی دەم پارتیدا ڕابگەیەنێت کەوا كۆتایی بە ڕووبەڕووبونەوەی چەكداری هاتووە و كۆتایی بە بابەتی تیرۆر بهێنێت، ئەوكات دەتوانێ لە یاساكانی ئازادكردنی سوودمەند بێت. واتا باخچەلی دیسان كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر دەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و نانەوەی هەنگاوەكانی بنیاتنانەوەی قۆناغێكی نوێ لە توركیا.
هەر لەم چوارچێوەیەدا باخچەلى هەڵوێستى خۆی بەرامبەر پەیامەکەى ئۆجەلان ڕاگەیاند و تیایدا بەتەواوەتى پشتگیریی خۆی بۆ پرۆسەکە دووپات کردەوە و ئەم پرۆسەیەى بە دەرفەتێکی مێژوویی ناوزەد کرد و تیشکی خستە سەر مەترسییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی جیهان و ڕای گەیاند، کە ئەوان بەرپرسیارێتیی ڕووبەڕووبوونەوەى ئەم مەترسییەیان خستۆتە ئەستۆی خۆیان و ئاماژەى بەوە کرد، بۆ ئەوەى یەکپارچەییی خاکی تورکیا بپارێزرێت، ئەوە دەبێت ئەم پرۆسەیە سەر بخەن و تورکیایەکی بێ تیرۆر بنیات بنێن. هەروەها لە ڕاگەیەنراوەکەیدا باخچەلی پەیامەکەى ئۆجەلان و وەڵامی پەکەکەى بەگرنگ و مێژووی وەسف کرد و بەرامبەر ئەمەیش ڕەخنەیەکی توندی لەوانە گرتووە کە دژبەرى پرۆسەکەن و ئەوانى بە کەسانی نانیشتماپەروەر ناوزەد کرد. بۆیە دەبینین پەیامەکەى باخچەلى بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانەى کە لە دژی پرۆسەکە وەستانەوە، زۆر توند بوو. لەبەر ئەمە دەتوانین بڵێین ئەم هەڵوێستەى باخچەلى هەڵوێستێکی گرنگ و مێژوویی و کاریگەرە؛ هەر لەبەر ئەمەیشە بە باخچەلى دەوترێت “ئەندازیاری پرۆسەى ئاشتی“.
بەڵام لێرە پرسیاری ئەوەمان بۆ دروست دەبێت: “ئایا ئەم جارە باخچەلی كۆتایی بە ژیانی سیاسیی خۆی هێنا یاخود لە قۆناغەكانی داهاتوویش بەردەوام دەبێت؟” چونكە ئێستا دوو حزبی دیكە كە هەوڵ دەدەن خۆیان وەكوو نوێنەری نەتەوەپەرەستەكانی توركیا نیشان بدەن، دەركەوتوون و بەپێی دوایین ڕاپرسی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی دەنگیان زیاد دەكات، كە ئەوانەیش بریتین لە: “حزبیی باش – İYİ Parti” بە سەرۆكایەتیی موسەوت دەرویش ئۆغلو (Müsavat Dervişoğlu)؛ دەرویش ئۆغلو دوای ڕاگەیاندنی پەیامەكەی ئۆجەلان، لە 28ی شوباتی 2025 كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی بەست و بەئاشكرا و بەكورتی ڕای گەیاند: “لەژێر چەتر و بیانووی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، ئەم دەسەڵاتە كار بۆ ئەوە دەكات لە بكوژی منداڵێك كۆتری ئاشتی دروست بكا، بەڵام لە ئەسڵدا ئەم كارە بۆ ڕاكێشانی پەكەكەیە بۆ هاوپەیمانیی كۆمار. واتا با زیاتر ڕوونی بكەمەوە: ئەوەی دەگوزەرێ بریتییە لە دانوستانی سەپاندنی سیستەمی سەرۆكایەتی تا مردن (مەبەستی ئەردۆغانە؛ كاری بۆ دەكرێت تا لە ژیاندا ماوە بتوانێ خۆی كاندید بكات).” ئەمەیان دوایین هەڵوێستی “حزبی باش”ە كە بەشێكی گرنگی نەتەوەپەرستەكان لەخۆ دەگرێت؛ چاوەڕوانیش دەكرێت بەشێكی دەنگی مەهەپە بۆ ئەم حزبە بگەڕێتەوە.
ئەوەی دووەمیان حزبی زەفەر (Zafer Partisi)ە بە سەرۆكایەتیی “ئومید ئۆزداغ” كە ئێستا بەهۆی “سووكایەتیكردن” بە سەرۆككۆماری توركیا و هاندانی خەڵك بەئاشكرا بۆ ڕق و دوژمنایەتی دستبەسەر كراوە؛ یەكێكە لەو حزبە سیاسییانەی كە پێشبینی دەكرێت ڕێژەی دەنگەكانی زیاد بكات. هەروەك لە سەرەوە ئاماژەمان پێ كرد، ڕێژەی دەنگی حزبی زەفەر بەهۆی هەڵوێستەكانی لە دژی دەسەڵات و پرۆسەی ئاشتییەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەكات و چاوەڕوانیش دەكرێت ڕێژەی دەنگەكانی هەڵكشێت.
واتا بەكورتی دەتوانین بڵێین بەشێكی دیاری دەنگی مەهەپە لەوانەیە بۆ ئەم دوو حزبە بچێت؛ بەتایبەت دوای نەخۆشكەوتنی باخچەلی كە دووبارە گەڕانەوەی بۆ ژیانی سیاسی، بۆتە جێگەی مشتومڕی ئێستای توركیا. بۆیە پێشبینی دەكرێت لە هەموو ئەگەرەكاندا پێگەی مەهەپە لاوازتر بێت و ئەم هەنگاوەی باخچەلی زۆر بە گران لەسەری بكەوێت.
چوارەم: هەڵوێستی پەكەكەیش لەم بارەیەوە زۆر گرنگە، چونكە ئەوەی لە ئەرزی واقعدا جێبەجێی دەكات پەكەكەیە؛ واتا ئەرکی جێبەجێكردنی پەیامەكە دەكەوێتە ئەستۆی پەكەكە. لەم چوارچێوەیەدا پەكەكە دوای پەیامەكەی ئۆجەلان ڕاستەوخۆ ڕای گەیاند كەوا پەكەكە ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی پەیامەكەی ئۆجەلان. بەڵام ئەگەر تەماشای وردەكارییەكانی ڕاگەیاندنەكە بكەین، بۆمان دەردەكەوێت كەوا پەكەكە بە مەرجی ئازادكردنی ئۆجەلان پەیامەكە لەسەر ئەرزی واقعدا جێبەجێ دەكات. واتە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە، ئۆجەلان مەرجی ئازادکردنى داناوە بۆ ئەوەى پەکەکە چەک دابنێت، بەڵام ئەم خاڵەى بەئاشکرا نەخستۆتە پەیامەکەوە بەڵکوو لە وەڵامی پەکەکە ئەم مەرجەمان بۆ دەردەکەوێت. هۆکارى ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەوا ئاک پارتى ویستوویەتى پەیامەکەى ئۆجەلان بەبێ مەرج دەرکەوێت، بۆ ئەوەى لایەنە سیاسییەکانی دیکە گرفت بۆ بابەتەکە دروست نەکەن و وا دەرنەکەوێت کەوا ئۆجەلان بە مەرج ئەم پەیامەى بڵاو کردۆتەوە. لەم چوارچێوەیەدا نووسەرێکی ناوداری خەڵک تی ڤی (Halk Tv)، “ئیسماعیل سایماز – İsmail Saymaz” دەربارەى مەرجەکانی پەکەکە و ئۆجەلان بەرامبەر ڕاگەیاندنی پەیامی دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە، ڕای گەیاند، ئۆجەلان و پەکەکە بەرامبەر سێ مەرج پەیامەکەیان ڕاگەیاندووە؛ ئەم سێ مەرجە بریتین لەمانەى خوارەوە:
١. مەرجی یەکەم، تایبەتە بەو ناوانەى کە لە زیندانەکانی تورکیا دەستبەسەرن؛ لە سەرووی هەموویان ئۆجەلان دێت. بۆ ئەوەى کۆتایی بە پێکدادانی چەکداری بهێنرێت، مەرجە ئەوانەى لە زینداندان لە ڕێگەى دەرکردنى هەندێک یاساى تایبەتەوە ئازاد بکرێن، چونکە گەر تەماشایەکی وەڵامی پەکەکە بکەین بۆ پەیامەکەى ئۆجەلان، دەبینین مەرجی ئازادکردنى ئۆجەلانیان داناوە بۆ ئەوەى پلانەکە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و سەرکەوتووانە ئەنجام بدرێت.
٢. مەرجی دووەم، پەیوەستە بە بارودۆخی ئەوانەى لە شاخن و بەکورتی “گەریلاکان”. ئەمانە دەبێت ڕێگەیان بۆ خۆش بکرێت كە لە چوارچێوەى بنەما دیموکراسییەکاندا بەشدارى لە ژیانی سیاسی و مەدەنی بکەن و، پێویستیشە ئەم مەرجە گەرەنتى بکرێت.
٣. ئەم مەرجەیان لە هەمووان گرنگترە و، تیایدا دەبێت ڕێگە بدرێت کورد لە ڕێگەى ناسنامەکەی خۆی بتوانێ ڕێکخستنەکانی بونیاد بنێت و ڕێگەى پێ بدرێت کار و چالاکییە سیاسییەکانی لە چوارچێوەى پاراستنى ناسنامەى کورد بەڕێوە ببات. بۆیە لە لایەک دەبێت ڕێگە بە کورد بدرێت لە چوارچێوەى پاراستنى ناسنامەکەى خۆیەوە بەشداریی ژیانی سیاسی بکات لە تورکیا و، لە لایەکی دیکەیشەوە دەبێ دەسەڵاتی ئێستا واز لە دانانی “قەیووم” بهینێت بۆ ئەو شارەوانییانەى کە لەلایەن کوردوە بەڕێوە دەبردرێن و بە شێوەیەکی دیموکراسی و لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە گەیشتوونەتە ئەم پۆستانە.
بەڵام با خاڵێکی گرنگی دیکە لەبەرچاو بگرین کە ئەویش بریتییە لەوەى، پەکەکە ئەمە یەکەم جارى نییە بانگەشەى چەکدانان بکات؛ لە ساڵانی (١٩٩٥ و ١٩٩٦)یش پەکەکە چەند جارێک بۆ ماوەى کورتخایەن و درێژخایەن ڕای گەیاندووە کە چەک دادەنێت. تەنانەت لە ساڵى ١٩٩٩یش بە هەمان شێوە، ئەو کاتەى کە ئۆجەلان دەستگیر کرا، هەمان هەنگاوی نا. جگە لەمە لە ساڵى ٢٠٠٢ بەهۆی کێشە ناوخۆیییەکانی نێوان پەکەکە دیسان بڕیار درا کە پەکەکە هەڵبوەشێتەوە و چەندان ناوی دیکە تاقی کرایەوە، بەڵام دواجار ناوى ڕێکخستنەکەیان بۆ پەکەکە گۆڕى. ڕاستە لەوانەیە ئەم هەنگاوانەى پەکەکە لە ڕابردوودا لە کەشوهەوایەکی جیاوازتر ئەنجام دراوە بەڵام کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە ئایا گەرەنتیى ئەوە دەکرێت پەکەکە هەمان سیناریۆکانی ڕابردوو دووبارە نەکاتەوە؟ بۆیە ڕۆژان و قۆناغەکانی داهاتوو ئەوەمان پێ نیشان دەدەن کە ئایا پەکەکە بەتەواوەتى پابەندی ئەم بابەتە دەبێت یاخود نا. بەڵام سەرەڕاى ئەمە بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێ ناچێت تا ئەم کاتە متمانەیەکی ڕاستەقینە لە نێوان لایەنەکان دروست بووبێت، چونکە تا ئێستا لایەنەکان بەبێمتمانەیییەوە هەنگاو دەنێن.
کۆبەند
گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بێ گومان کاریگەرییان لەسەر ئاستە نێوخۆیییەکانیش هەیە و دەبێت، بەتایبەت گۆڕانکارییەکانی ناوچەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، وردتر جموجۆڵەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بۆتە هۆکار و پاڵنەرێکی گرنگ بۆ گۆڕینی هاوکێشە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەكانی ناوچەکە. ئەنقەرەش یەکێک لەو هێزە کاریگەرانەیە کە نایەوێ لە هاوکێشە نوێیەکەوە دوور بێت؛ بۆ پێکانی ئەم ئامانجەیش دەبێ لەسەر ئاستە ناوخۆیییەکەیدا سەرکەوتوو و بێکێشە بێت.
دۆزی کوردیش هەم لەبەر ئەوەى ڕەهەندی ناوخۆییی هەیە و هەمیش ڕەهەندی دەرەکیی هەیە، بۆیە ئەنقەرە ئەو پەیامەى پێ گەیشت کە ئەگەر بیەوێ لە هاوکێشەکاندا ڕۆڵ و پێگەى هەبێت ئەوە نابێت خۆی لە کێشە ناوخۆیییەکانی خۆی بێبەری بکات. دووبارە زیندووکردنى بابەتى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا، ئەم جارەیشیان ڕەهەند و هۆکارى ناوخۆیی و دەرەکیی هەبوو، بەڵام ئێستا ئەم پرسیارانەمان بۆ دروست دەبێت: ئایا ئەم پرۆسەیە تا چ ڕاددەیەک سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا متمانەى ڕاستەقینە لە نێوان لایەنەکان هەیە یاخود ئەم هەنگاوە هۆکارە سەرەکییەکەی، گوشارە نێوخۆیی و دەرەکییەکانە؟ یانیش خودی پرۆسەکە قۆناغی دەستپێکردنی لاوازکردنى تورکیایە و دواتر تێکدانی سەقامگیرییەتی؟ بێ گومان لە سەرەوە هەوڵمان دا لە ڕێگەى خستنەڕووى هەڵوێست و تێڕوانینی لایەنە جیاوازەکانەوە وەڵامی هەندێک لەم پرسیارانە بدەینەوە، بەڵام لەوانەیە پەیامەکەى نووسەرى بەناوبانگی تورکی “یلماز ئۆزدیل – Yılmaz ÖZDİL” دەربارەى ئەم بابەتە کە لە “پێگەى ئێکس”ەوە ڕای گەیاند، وەڵامێکی سەرەتاییمان پێ بدات. ئۆزدیل لە پەیامەکەیدا پرۆسەى ئاشتیی بەم شێوەیە کورت کردۆتەوە: “هەنگاوی یەکەم، کوردستانی عێراق بوو؛ لە هەنگاوی دووەمیش کوردستانی سووریا بوو؛ ئێستایش لەبەرچاوى خەڵکی تورک یانەسیبەکەیان بۆ تورکیاش ڕاکێشا.” مەبەستى ئۆزدیل لەم لێدوانە بریتییە لەوەى کە پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا ئەم جارەیان دەستپێکی دابەشکردنی تورکیایە و بەهێزکردنى پێگەى کوردە لە تورکیا و دامەزراندنی کوردستانی تورکیایە. بەڵام سەرەڕاى ئەم جۆرە بۆچوون و تێبینییانە، پێشبینیى ئەوە ناکەین لە قۆناغەکانی داهاتوودا پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا، کە ڕۆڵی ئەم سێیانەیە (ئەردۆغان–باخچەلى-ئۆجەلان) تیایدا بنەڕەتی و جەوهەرییە، ئامانجە ڕاستەقینەکەى خۆی بپێکێت، بەڵکوو زیاتر بۆ بەرژەوەندیی لایەنەکان بەکار دەهێنرێت.