پێنووس
2024

سوننە و شیعەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست: کامیان گرەو لەگەڵ ترەمپ دەبەنەوە؟

(خوێندنەوەیەک بۆ هەڕەشە و دەرفەتەکانى هاتنەسەرکارى سەرۆکی نوێی ئەمریکا)

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

هاوکێشەى سوننە و شیعە پێش ترەمپ

دابەشبوونى سوننە و شیعە بۆ سەر دوو ئاڕاستەى ئایینى و سیاسی، دیاردەیەکی نوێ نییە؛ ئەوان ساڵانێكە سەنگەرى مەزهەبی و هزرى و خوێناوییان لە یەکدی گرتووە؛ تەواوى ئەو بانگەشانەیش کە باس لە لێکنزیکبوونەوە لە یەکتر دەکەن، هەمیشە کاتی بوون و دەمارگیرییان بەرامبەر یەکدی بە درێژاییی ساڵانى پێشوو لەگەڵ جووڵەى سیاسییان هاوتەریب بووە. هەر بۆیە شیعەکان هەمیشە خۆیان لە مێژووى سیاسییاندا مەڵاس داوە تا تۆڵە لە سوننە بکەنەوە. ئەوەندەى ئەوان بەرامبەر سوننە توندوتیژ بوون، سوننەکان ئەوەندە بەرامبەریان توندوتیژ نەبوون؛ هەر بۆیە بەردەوام گوتارى سیاسیی، تێرکراو و دەمەزەردکراو بووە بە تائیفەگەرى و مەزهەبگەرایی. ئەوەیش كۆمەڵێك ڕووبەڕووبوونەوە و جەنگى پرۆکسیی لە ناوچەکە خوڵقاندووە؛ تا ئەو ئاستەى هەندێ جار گەیشتۆتە جەنگی ناوخۆ و، هەر یەک لە دەوڵەتانى ناوچەکە ئەو تائیفەیەیان کۆمەک کردووە کە درێژکراوەى هەژموونى ستراتیژییەت و سیستەمى بەهاکانى خۆى بووە. هەر دەستەیەک هاتبێتە سەر دەسەڵات، هەوڵی تۆڵەسەندنەوەى لەوى دی داوە. تا دوێنێ سوننە لە عێراق فەرمانڕەوا بوو، ئێستایش میلیشیاکانى سەر بە ئێران لە عێراق فەرمانڕەوان؛ بەردەوامیش لە عێراق لە هەوڵی پەراوێزخستنى ئەوانى ترن لە سوننە و کورد. سووریا ئەزمونێکی ترە؛ ئێستا سوننەکان دەسەڵاتیان بۆ گەڕایەوە، بەڵام عەلەوییە شیعەکانى سەر بە ئێران لە تۆڵەسەندنەوەى سوننە دەترسن. بە هەمان شێوەى سووریا، ئەزموونى وەرچەرخانى دەسەڵات لە لوبنان دووبارە بووەوە و شیعە تەواو لاواز کراوە.

کەواتە هاوکێشەى سیاسی و مەزهەبیی سوننە و شیعە پێش ترەمپ، پڕی بوو لە ئاژاوە و ململانێ؛ زەمینەیەکی هەستیار و بەجۆش هەبوو بۆ لێکترازانى زیاتر و ململانێی تائیفەگەرى؛ ململانێکان ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیان شەکەت کرد؛ وێرانکاریى زۆرتر کەوتەوە؛ جەنگەکان ڕۆژ دواى ڕۆژ پەرە دەستێنن؛ بەڵام پرسی ئاشتى و ئاوەدانکردنەوە هیچ دەرفەتێکی بۆ نەڕەخساوە، چونکە تا هەنووکە ململانێکان چارەسەرى ڕیشەیییان بۆ نەکراوە و لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوەى سیاسی نەبووە. سایتی Foreign affairs Magazine ڕۆژى 17/2/2025 لە وتارێکدا بە ناونیشانی The Fatal Flaw of the New Middle East, Gaza, Syria, and the Region’s Next Crisis، کە لەلایەن Maha Yahya نووسراوە، ئاماژە بە ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەوەى کە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و هاوکاریى مرۆیی، پێویستیی بە نزیکەى 350 بۆ 650 ملیار دۆلار هەیە؛ تەنیا غەززە 40- 50 ملیارى دەوێ بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەى.

کەوتنى ڕژێمی بەعس لە عێراق، لە بەرژەوەندیى ئێران و پڕۆژەى شیعە کەوتەوە. لە دواى 2003 هەژموونى ئێران بەرەو هەڵکشان چوو؛ هاوکێشەکە لە بەرژەوەندیى شیعە بوو؛ بەردەوام پێگەى سوننە لە عێراق، سووریا، لوبنان، یەمەن، فەلەستین و… بەرەو داڕمان و وێرانبوون دەچوو. ئێران توانیی لە کۆى 11 دەوڵەتى نیمچەدوورگەى عەرەبی، لەگەڵ کەرتی غەززە، کۆنترۆڵی بڕیارى سیاسیی چوار دەوڵەتى هەستیارى کاریگەر بکات لەو زۆنەدا: بەیروت، دیمەشق، بەغداد، سەنعا؛ کە ڕووبەرى جوگرافیاى ئەو چوار دەوڵەتە 31.6%ی کۆى ڕووبەرى دەوڵەتانى نیمچەدوورگەى عەرەبی و 10.3% کۆى ڕووبەرى هەر 22 دەوڵەتەکەى نیشتمانى عەرەبی دەکرد. لەوەیش زیاتر، ئێران لە ڕێگەى ئەو چوار دەوڵەتەوە هەژموونى بەسەر 2476کم بە درێژیی سنوورى لەسەر دەریا هەبوو؛ ئەوانیش لە هەستیارترین شوێنی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست: دەریاى سپیی ناوەڕاست، دەریاى سوور، دەریاى عەرەب، کەنداوى عەرەب. بە شێوەیەک ئەگەر سەرنج بدەى، لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە دەوڵەتانى ناوچەکەى جڵەو کردبوو. سەرەڕاى ئەوەى کە زیاتر لە 1500کم بە درێژاییی وشکانیی نێوان تاران و بەیروتى لەژێر کۆنترۆڵدا بوو، کە بەرامبەر بوو بە نزیکەى 140 خولەک لە فڕین بە فڕۆکە؛ ئەمە جگە لەوەى کە دەوڵەتێک بوو لەسەر ڕێگەى دروستکردنى چەکی ناوکی؛ چەندان هەزار چەکدارى وەلائییش پارێزگارییان لە هەژموونى دەکرد و بەرەیەکی بەرهەڵستکارى دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل بە ناوى “یەکبوونى گۆڕەپانەکان”، بنیات نابوو.

لە دواى ساڵی 2003 ئەوەندەى بەرەى شیعە لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بووە هۆکارى وێرانکاریى جوگرافیاى سوننە و پەرتەوازەکردنى، ئەوەندە زەرەرى بۆ بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل نەبوو. هەر بۆیە لەو بارەیەوە ناوەندەکانى هزر و سیاسەت لە ئەمریکا ڕەخنەى ئەوەیان لە وڵاتەکەیان گرت؛ بەوەى کە لەگەڵ ئێران هەڵوێستى توندى یەکلاکەرەوەى نەبووە.

دەگەینە ئەو بەرەنجامەى کە هاوکێشەکانى پێش ترەمپ، لە بەرژەوەندیى بەرەى شیعە بوو. ئێستایش ئەو بەرەیە لە دوو ناوەندى بڕیاردروستکردن، لوبنان و سووریا، دوور خراوەتەوە و، تەنیا لە عێراق و یەمەن ماوە، ئەویش زۆر سنووردارە و کاریگەریى جارانی نەماوە؛ بەڵام هەر بە پشتێنەیەکى ئاسایش بۆ تاران ئەژمار دەکرێن.

کەواتە بۆچی هاتنەوەى ترەمپ لە سوودى بەرەى شیعەدا نییە؟

هاتنەوەى ترەمپ دەبێتە مایەى زیاتر سنووردارکردنى هەژموونى ئێران لە ناوچەکە، پەرتکردن و پەرتەوازەکردنى هاوپەیمانیی شیعە؛ بە شێوەیەک کە سنوورى جووڵەى سیاسی و سەربازییان لە لوبنان و سووریا قەتماغە دراوە و، لە یەمەن و عێراقیش زۆر سنووردارن. ئێستا بەرەى شیعە تووشی ئاوەڕۆ و خوێنبەربوونى سیاسی و چەکدارى بووە و، تەنیا لە هەوڵی ئەوەدایە خۆى بپارێزێ تا بمێنێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەرى زۆر بوون- بەوانەى ترەمپیشەوە.

بەرەى شیعە لەسەر ئاستى گۆڕەپانی نێودەوڵەتییش وا وێنا بووە کە هەڕەشەیە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و پەنا و دەمەزەردی تیرۆر دەکات و، بەرژەوەندییەکانى وڵاتانى ڕۆژاوا و ئیسرائیل و هاوپەیمانە عەرەبەکانى ڕۆژاواى خستۆتە مەترسییەوە و لەسەر ئاستى ناوخۆش وا وێنا کراوە، كە دژەمرۆڤ و پێشێلکارى مافەکانى مرۆڤە.

کەواتە ئێستا بەرەى شیعە ئەوەندەى باس لە هەوڵەکانی مانەوەیەتى، ئەوەندە هەڵپەى فراوانکردنى هەژموونى نییە؛ ئامادەیشە لەو پێناوەدا چەندان سازش بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بکات. ئەمریکاش ئەوپەڕى گوشارەکانى دەخاتە گەڕ تا ئەو کاتەى کە ئێران: یان مەرجەکانى ئەمریکا بۆ ڕێکكەوتن پەسەند دەکات، یان لەلایەن ئیسرائیلەوە تووشی لێدان دەبێتەوە. ئەو ڕێکكەوتنەیش چەند تەوەرەیەک لەخۆ دەگرێ: دروستنەکردنى چەکی ئەتۆمی، پێشێلنەکردنى مافەکانى مرۆڤ، وازهێنان لە فراوانخوازى لە ناوچەکە و یارمەتینەدانى گرووپە وەلائییەکان، پاراستنى بەرژەوەندییەکانى ئیسرائیل و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە.

ئەدی لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەى ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپ، بەرەى شیعە چی دەکەن؟

  • هەوڵ دەدەن لە لوبنان و سووریا، سەربارى ئەوەى کە تووشی دۆڕان هاتن، لە پرۆسەى سیاسیی نوێ پاش نەکەون و خۆیان بگونجێنن؛ کە ئەمەیش دەبێتە پشتێنەیەکی سیاسی و ئەمنی بۆ شیعەى عێراق و ئێران. لە یەمەنیش لە هەوڵی مانەوەدان و هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل کەم کردۆتەوە.
  • هەوڵدان بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا لەسەر هەردوو ئاستى گۆڕەپانی عێراق و ئێران، لەو بارەیەشەوە ئامادەى چەندان سازشن بۆ ئەمریکا.
  • هەوڵدان بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەى بەرەى شیعە، دواى کەوتنى سووریا و لوبنانی شیعی؛ بەو پێیەى کە لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکان بگونجێ و پێگەى خۆیان بەهێز بکەنەوە.
  • پاراستنى پاشماوەى دەستکەوتەکان، وەک: مانەوەى حزبوڵڵا لە لوبنان و عەلەوییەکان لە سووریا؛ ئەوەى کە لە عێراق و ئێرانیش هەیە بە چارەنووسی سووریا و لوبنانى نەبەن. بەڵام کەوتنى عێراق، بە لاى شیعەوە بە سەرەتاى کۆتاییی هەژموونیان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەزانرێ.
  • هەوڵدان بۆ هەڵکشان و نانەوەى ئاژاوەی زیاتر لە تەواوى ناوچەکە، ئەویش بۆ سەقامگیرنەبوونى گۆڕانکاری و هاوکێشە نوێیەکان، بەتایبەت لە سووریا و لوبنان.

ئەى بۆچی تا ئێستا هاتنەوەى ترەمپ لە بەرژەوەندیى سوننە ئەژمار دەکرێ؟

ئەم بۆچوونە، نابێ پەلەى تێدا بکرێ؛ هێشتا لە سەرەتاى قۆناغی دەستبەکاربوونى ترەمپداین. بەڵام هەندێ ئاماژە لەو بارەیەوە لە پاشماوەى قۆناغی فەرمانڕەواییی یەکەمى ترەمپەوە هاتوون، کە زۆر لایەنگریى دەوڵەتانى سوننەى ناوچەکەى کرد دەرهەق بە ئێران؛ بەڵام ئایا ئەو ئاماژانە بەردەوام دەبن؟ تا ڕاددەیەکی باش وەڵامەکە “بەڵێ”یە، بەڵام بۆچی؟ لەبەر ئەوەى:

  • هەژموونى ئێران لاواز و هیلالی شیعی پەرتەوازە بوو.
  • خاپوورکردنى بونیادی سیاسی و سەربازیی شیعە لە لوبنان و سووریا.
  • گۆڕینی دەسەڵات و هەژموونى شیعە لەو دوو وڵاتە بە سوننە؛ ئەمەیش لە لایەک بەرەى سوننەى لە بەرامبەر ئێران بەهێز کردەوە و بەرەى بەرهەڵستکارى پرۆکسیی شیعیی سەر بە ئێرانی تەواو لاواز کرد.
  • جارێکی تر بەگەڕخستنەوەى بەرەى سوننە بۆ ستراتیژییەتى ئەمریکی؛ بەڵام ئەم جارەیان بەرژەوەندیى ئیسرائیل تەواو بەرچاو گیراوە.
  • جارێکی دی نەخشەى سیاسیی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە بەرژەوەندیى سوننە دادەڕێژرێتەوە، بەتایبەت لە سووریا و لوبنان.
  • لاوازبوونى ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ کە ئێستا خوازیارى ڕێکكەوتنە لەگەڵ ئەمریکا. ئەو هەڕەشە و گوڕەشانەى کە بەرامبەر ئەمریکا هەن، جگە لە نازکردنى پێش دانوستان و ئامادەبوون بۆ ڕێکكەوتن، هیچی دیکە نین.
  • سەرلەنوێ بەسێنتەربوونى وڵاتانى سوننە لە بەرەى ئابوورى و بازرگانى و وزە و بەرژەوەندییەکانى ڕۆژاوا؛ کە ئەمەیش وای لێ دەکات لە پێگەیەکی کاریگەردا لەسەر ئاستى سیاسەتى نێودەوڵەتى بمێنێتەوە.

بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا بەرەى سوننە چۆن دەتوانن ئەو پێشهاتە ئەرێنییە بۆ خۆیان بقۆزنەوە؟ ئەویش لە نێوەندى سێ ڕەهەندی سەرەکییەوە:

  • پاراستنى بەرژەوەندییەکانى ڕۆژاوا و پشتکردنە ڕووسیا و چین، کرانەوەیان بەڕووی سیستەمى ئابووریى ڕۆژاوا و، واڵاکردنى دەروازە و زەمینەسازی بۆ کۆمپانیا ڕۆژاوایییەکان.
  • چاکسازیی سیاسی و کرانەوەى کۆمەڵایەتى؛ ئەمەیش لە ڕێگەى پابەندبوون بە بنەماکانى لیبراڵی و دیموکراسییەت، بەبێ ئەوەى گۆڕانکارییە سیاسییەکانى ناو ئەو دەوڵەتانە گرفت بۆ بەرژەوەندییەکانى ڕۆژاوا دروست بکات.
  • چوونە ناو ڕێکكەوتننامەى ئاشتیی ئیبراهیم؛ کە ئامانج لێی ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان و ڕێکكەوتنى دەوڵەتانى عەرەبی سوننییە لەگەڵ ئیسرائیل.

پەیامی ئەمریکاش لەو بارەیەوە بۆ دەوڵەتانى سوننە ئەوەیە: یان لەگەڵ پەیڕەوی ئێمە دەڕۆن و، پەیوەندییەکانتان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە، یان دەتانگێڕینەوە بۆ خولانەوە لەناو بازنەیەکی بەتاڵدا و چارەنووستان دیار نییە و لە ئاکامیشدا سەرلەنوێ گەڕانەوەتانە بۆ خستنەناو لیستى ئەو دەوڵەتانەى کە پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن. بەپێچەوانەیشەوە ئێرانتان بۆ لاواز دەکەین و لەسەر ئاستى ئابوورى و سیاسی و سەربازی، ئیمتیازاتی زیاترتان بۆ فەراهەم دەکەین.

کەواتە مامەڵە و ڕەفتارى ترەمپ لەگەڵ بەرەى شیعە چۆن دەبێ؟

دەتوانین لەسەر دوو ئاست ئاماژەى پێ بدەین:

لەسەر ئاستى بەرەى شیعە لە دەرەوەى ئێران

  • لاواز و پەرتەوازەکردنیان؛ تا ئەو دەسەڵات و هەژموونەى پێشتر هەیانبوو، نەمێنێ.
  • داماڵینیان لە چەک؛ تا ئەو ئاستەى کە جارێکی تر نەبنە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و، ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل نەخەنە مەترسییەوە.
  • نەهێشتنیان لە دەسەڵات لە هەرسێ وڵاتى یەمەن و لوبنان و سووریا؛ بەڵام وەک حزبی سیاسیی بێچەک دەمێننەوە لەسەر ئاستى پرۆسەى سیاسیی وڵات.
  • کەمکردنەوەى هەژموونیان لە عێراق لە نێوەندى پتەوکردنى پایەکانى فیدراڵییەت؛ کە هەرێمەکان لەناویدا لە ئاراستەکردنى سیاسەتى گشتیدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن.
  • گێڕانەوەى هاوسەنگیی هێز بۆ هەر چوار وڵاتەکە: سووریا، لوبنان، عێراق، یەمەن.
  • هێشتنەوەیان وەک فاکتەرێکی هەراسانکەر دژ بە بەرەى سوننە؛ ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێ کە لە پرۆسەى سیاسیی وڵاتەکانیان دەهێڵرێنەوە، تا ململانێی سیاسیی پڕئاژاوە لەو وڵاتانە هەر بمێنێ و سەریان نەپڕژێتە سەر ئیسرائیل و بەردەوام تامەزرۆى پەیوەندی و کۆمەکى ئەمریکا بن لە پێناو مانەوەیان… بەو شێوەیە قۆناغێکی ترى ناسەقامگیریی سیاسی بە ناوى پرۆسەى دیموکراسییەوە چاوەڕوانی وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکات.

لەسەر ئاستى دەوڵەتى ئێران

  • هێشتنەوەى ئێران وەک فاکتەرێکی هەراسانکەر و مەترسیدار بۆ دەوڵەتانى سوننەى ناوچەکە؛ کەواتە ڕووخاندنى ڕژێمی سیاسیی شیعی لە ئێران بژاردەیەکی نزیک نییە، بەڵکوو ئەوەى کە لەوانەیە وەک گۆڕانکاریى سیاسی لەسەر ئاستى دەسەڵات لەو وڵاتەدا ڕوو بدات، هەموارکردنەوە و داڕشتنەوەى سەرەداوەکانى سیاسەت و دەسەڵاتە نەک گۆڕینی، بە هەمان تاموچێژى سیستەمى شیعیی جاران، بەڵام بە چاکسازیی سیاسییەوە.
  • داماڵینی لە ڕەگەزى هەڕەشەکردن دژ بە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل.
  • لاوازکردنى هەژموون و قەڵەمڕەوی لە ناوچەکەدا؛ لەسەر هەر دوو ئاستى سیاسەتى ڕاستەوخۆى خۆی و میلیشیا پرۆکسییەکانى سەر بە ئەو لە وڵاتانى ناوچەکە.
  • گێڕانەوەى هاوسەنگیی هێز بۆ ناوچەکە؛ بەوەى ئێران دەگەڕێندرێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکانى سەدەى پێشوو.
  • سیاسەتى ئەوپەڕی گوشار بۆ سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە؛ تا لە ئاکامدا لەگەڵ ئەمریکا ڕێک بکەوێ و بە مەرجەکانى ڕازی بێت… پێ دەچێ ڕێکكەوتنەکەیش سێ ڕەهەندی سەرەکیی تێدا بێ: چەکی ئەتۆمی، دابڕانی لە میلیشیا پرۆکسییەکان، چاکسازیی سیاسی لەسەر ئاستى دەسەڵاتى سیاسی.
  • هەڕەشەلێکردنى بە بەکارهێنانى هێز دەرهەقی، گەر بێت و مل بە ڕێکكەوتن نەدات.

ئەو وڵاتانەى کە لە هاتنەسەرکارى ترەمپ سوودمەندن تا هەنووکە:

تورکیا، ئیسرائیل، عەرەبستانى سعوودی، سوودان، میسر، ئیمارات، بەحرێن، مەغریب، تونس، ئوردن؛ بەڵام میحوەرى سیاسەتى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەرژەوەندییەکانى ئیسرائیل و خۆیەتى؛ زۆر ڕاشکاوانەیش ڕای گەیاندووە کە ئەوان بەتەواوى خۆیان بۆ ئیسرائیل یەکلایی کردۆتەوە و، پێویستە دەوڵەتانى ناوچەکەیش پەیوەندییان لەگەڵیدا ئاسایی بکەنەوە.

ئەگەر ئەو وڵاتانە لە هاتنەسەرکارى ترەمپ سوودمەند بن، ئەی کێ زەرەرمەندە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە، ڕێژەیییە و وەڵامەکەى ناکرێ بەیەکلاکەرەوەیی بدرێتەوە، چونکە:

  • تا هەنووکە ئەجێنداى ترەمپ ڕۆشن نییە. ئەو پەیڕەوی لە “تیۆریى پیاوی شێت” لە سیاسەتدا دەکات، کە زۆر جار پێشبینیی هەڵوێست و بڕیارەکانى ناکرێت.
  • ئەو داواکارییانەى کە لە دەوڵەتانى ناوچەکەى دەکات، نزیک دەبنەوە لە مەحاڵ و وا ئاسانیش نین، وەک: کۆچپێکردنى دانیشتووانى غەززە، دادۆشینی ئابووریى دەوڵەتانى کەنداو، سەرانەلێوەرگرتنیان، ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لە زووترین کاتدا و هتد. هەر بۆیە پێ دەچێ هەڵوێستى هەندێ لە دەوڵەتانى ناوچەکە بەرامبەر سیاسەتى ئەمریکا گۆڕانی بەسەردا بێت و ببێتە مایەى زەرەر: تورکیا، کورد، کشانەوە لە سووریا، گوشارەکانى بۆ سەر سعوودیا، یەمەن، عێراق، ئێران، میسر.

بەڵام ئەوەى کە وەک ڕاستییەک بۆ ئاییندەى سیاسیی ناوچەکە یەکلا بۆتەوە، ئەوەیە: ئاژاوە و ململانێی سیاسی و تائیفەگەرى و مەزهەبی، بەبەردەوامی دەمێنێتەوە و ئاسۆى سەقامگیری ئەوەندەیش نزیک نییە، چونکە هۆکار و ڕیشەى ململانێی سیاسی چارەسەر نەبوون. لەوەیش زیاتر، دەستێوەردانە نێودەوڵەتییەکانیش ئەوەندەى دیكە بوونەتە مایەى قووڵتربوونەوەى ململانێی سیاسی و ئاژاوە و بڵاوبوونەوەى ڕێکخراوى تیرۆریستیی زیاتر.

پەیمانی ئاشتیى ئیبراهیم؛ وەک ڕەهەندێکی سەرەکیی ستراتیژییەتى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى نوێ

پەیمانی ئاشتیى ئیبراهیم چییە؟

سەرەداوى بابەتەکە دەگەڕێتەوە بۆ حوزەیرانی ساڵی 2009؛ کاتێک سەرۆک ئۆباما سەردانی وڵاتى میسری کرد و هەر لەوێوە پەیامێکی ئاراستەى جیهانی ئیسلامی کرد، کە خۆى لە حەوت بابەتدا گرتبوو؛ یەکێک لەوانە باس لە گفتوگۆى ئایینەکان بوو. هەر بۆیە بانگەشەى ئەوەى دەکرد کە: کارى هاوبەش بکەن؛ بگەڕێنەوە بۆ سەر پرەنسیپە هاوبەشەکان لە نێوان موسڵمان و جوو و فەلە؛ لەوەیش زیاتر بابەتى لێبووردەییی نێوان شوێنکەوتووانى سێ ئایینەکە بوو، تا شوێن دووبەرەکی و توندوتیژى بگرێتەوە.

دواتر پاپاى ڤاتیکان لە ئایارى 2021 سەردانى عێراقی کرد، كە تێیدا چووە شارى ئور لە خوارووى عێراق؛ گوایە شوێنی لەدایکبوونى “پێغەمبەر ئیبراهیم”ە و، لەوێوە سەبارەت بە ڕەچەڵەکی هەرسێ ئایینەکە پەیامێکی نارد؛ بەوەى هەرسێکیان دەچنەوە سەر پێغەمبەر ئیبراهیم و، سەرچاوەکەیان یەکە. بەڵام ئەوەى کە لە هەمووان زیاتر ڕەواجی پێ دا کە ببێتە ئایینێکی هابەوبەشی نوێ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، وڵاتى ئیمارات بوو. ئەوە بوو لە سەرەتاى ساڵی 2019 بە بڕیارى فەرمانڕەواى دوبەی، محەمەد بن زاید، دامەزراوەیەکی بۆ ئەو مەبەستە بە ناوى “ماڵی خانەوادەى ئیبراهیمییەکان” دروست کرد، كە دەکاتە 18 مانگ پێش مۆرکردنى ڕێکكەوتننامەى ئاشتیى ئیبراهیم لە نێوان وڵاتى ئیمارات و ئیسرائیل.

کەواتە ڕێکكەوتننامەى ئاشتیى ئیبراهیم، بەو زنجیرە ڕێکكەوتنە ئاشتییانەى نێوان ئیسرائیل و وڵاتانى عەرەبی دەناسرێ کە بە چاودێریی ئەمریکایە. ئەو زاراوەیەیش بۆ یەکەم جار لە 13/8/2020 لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی ڕێکكەوتنى نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بەکار هات.

پەیماننامەکە بۆ کێ گرنگە؟

لە پێشەنگى ئەو دەوڵەتانەى کە بۆیان گرنگە و هەر لە پێناو ئەویشدا هاتۆتە ئاراوە، ئیسرائیلە، چونکە هەمان ئەو پەیماننامانەى پێشووى نێوان ئیسرائیلە کە لەگەڵ ئوردن و میسر گرێی داون. ئەوەى جاران ڕوانگەى سیاسیی تەواو بوون و لەسەر ئاستى دەسەڵات بوون، بەڵام ئەمەیان لەسەر ئاستى ئایینەکانە و سۆزی گەلان ڕادەکێشێ و تەنیا بە سیاسەت بارگاوى نین. هەرچەندە ئامانجەکە هەر یەکە، ئەویش ئاساییکردنەوەى پەیوەندیی دەوڵەتانى عەرەبییە لەگەڵ ئیسرائیل، کە ئاماژەیە بە بنەمایەکی ئایینی، بەوەى هەرسێ ئایینەکە ڕەچەڵەکیان یەکە، ڕێکكەوتنەکەیش لەسەر بنەمایەکی ئایینی بەستراوە، تا لەوێوە نزیکبوونەوەى سیاسی ڕوو بدات و پەیوەندییەکان ئاسایی ببنەوە. ڕێکكەوتنەکانیش وا لە ئیسرائیل دەکەن کە لە حاڵەتى بەرگرى و گوشارکردنە سەر وڵاتانى عەرەبی، بە کۆمەکی ئەمریکا، ببێتە هاوبەشێکی سیاسیی سەرەکی لە ناوچەکە، کە لەوێوە پێگەى ئاسایشی نەتەوەییی خۆى پتەوتر دەکات. لە لایەکی تریشەوە بانگەشە بۆ ئەو پرەنسیپە ئایینی و مرۆیییانە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ڕێکكەوتن، کاریگەریی ئەرێنیی هەبووە لەسەر وڵاتانى عەرەبی لە بەردەم ڕای گشتیى جیهانى، چونکە ئەلتەرناتیڤی ئەو گوتارە، تیرۆر و توندوتیژییە؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە ئیسرائیل لەو بەینەوە توانیویەتى بەرژەوەندییەکانى باشتر و ئاسانتر بە بەراورد لەگەڵ قۆناغەکانى پێشوو، بێنێتە دی.

بنەماکانى چین؟

ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان کە دەبێتە مایەى سەقامگیری و ئاشتى و خۆشگوزەرانى، دەکرێ هەموو وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست تێیدا بەشدار بن. بەستنى پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل، ئامانج تێیدا هاوکارى و پەیوەندیی ئاسایییە لەسەر ئاستى هەموو بوارەکان، کە تواناکان ئەکتیڤ دەکاتەوە. هەڕەشەکانى ناوچەکە دەتوانرێ لە ڕێگەى ڕێکكەوتن و هاوکارییەوە بڕەوێندرێنەوە نەک جەنگ. بەدیهێنانى سەقامگیریی ئاسایش لە ڕوانگەى تێگەیشتنى هاوبەش و پێکەوەژیان، هەوڵدان بۆ چەسپاندنى کەلتوورى ئاشتى، ئەویش بە پتەوکردنى گفتوگۆى نێوان ئایینەکان و کەلتوورەکان، کە لە ئاکامدا هزرى توندڕەوى لاواز دەکات، ئەمە جگە لە هەندێ ئامانجی سیاسی وەک: لاوازکردنى ئێران، ڕووبەڕووبوونەوەى قەڵەمڕەوی تورکیا، نزیکبوونەوەى ستراتیژى لەگەڵ جەزائیر و تونس، زیاترکردنى هەژموونى ئیمارات بەسەر سعوودیادا، هەندێ لە زەوییەکانى فەلەستین بخرێنە سەر ئیسرائیل وەک کەنارى خۆراوا یان غەززە، سەرەڕاى ئەوەى کە ڕێکكەوتننامەکە دەبێتە پشتێنەیەکی ئاسایشی ستراتیژى بۆ ئەمریکا دژ بە هەژموونى چین و ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەتایبەت وڵاتانى دەوڵەمەند بە وزە.

تەواوى ئەو بنەمایانە بۆ بەرژەوەندیى ئیسرائیل داڕێژراون و مەبەست لێیان بەهەژموونکردنى ئیسرائیلە بەسەر سیستەمى ئاسایشی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە.

ئایا کام دەوڵەتانەى دی دەچنە ناوى؟

دواى ئاساییبوونەوەى پەیوەندییەکانى ئیسرائیل لەگەڵ هەر یەک لە دەوڵەتانى: میسر. ئوردن، سوودان، ئیمارات، بەحرێن-مەغریب بەفەرمی هەیەتی-؛ ئەوانەى کە لە ڕێگەشن بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندى لە داهاتوودا: لوبنان، عوممان، قەتەر، تونس، جەزائیر، تا ڕاددەیەکیش باس لە سووریاى نوێ دەکرێ، ئەمە بێجگە لە دە دەوڵەتى ترى ئیسلامی کە نیازیان هەیە بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل: پاکستان، ئێندونیزیا، نەیجەر، مالی، جیبۆتی، مۆریتانیا، دوورگەکانى قەمەر، برۆناى، بەنگلادیش، مالدیف.

ئایا عەرەبستانى سعوودی دەچێتە ناو پەیماننامەکەوە؟

پێ ناچێ لەم قۆناغەیشدا عەرەبستانى سعوودی، ببێتە بەشێک لەو ڕێکكەوتننامەیە، بەڵام ڕێگر نییە، چونکە تا هەنووکە زەمینەسازیی تەواوى نییە بۆى لەسەر ئاستى ناوخۆى سعوودیا. بەڵام بۆ ئەو مەبەستە چەند گۆڕانکارییەک لەسەر ئاستى هەڵوێستى سعوودیا بەرامبەر ئیسرائیل ڕوو دەدەن، وەک: هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان بێجگە لە سیاسی، لێکنزیکبوونەوە لەسەر ئاستى مرۆیی، ئەنجامدانى گەشتى ئایینى لە قودسەوە بۆ جیددە، بازرگانیى ژێربەژێر یان ناڕاستەوخۆ، هەماهەنگی و لێکنزیکبوونەوەى هەردوو لا لەسەر ئاستى ستراتیژى و هاوکێشە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوڕاست.

ئەگەری چوونى سعوودیا بۆ ناو پەیماننامەکە، کەیە؟

دیاریکردنى کات کارێکی ئاسان نییە، چونکە هاوکێشەکان زۆر ئاڵۆزن، بەڵام هەندێ ئاماژەیش هەن:

  • دروستکردنى گوشار و نانەوەى ئاژاوە بۆ سعوودیا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل؛ کە ببنە مایەى مەترسیی ڕاستەقینە و کاریگەر لەسەر سیستەمى سیاسیی سعوودیا، لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە، تا لە ئاکامدا ناچارى ملدان ببێ بۆ ڕێکكەوتننامە.
  • هەژموونى تەواوى ئیسرائیل بەسەر ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؛ کە لە ئاکامدا سعوودیا ناچارى خۆبەدەستەوەدان دەبێ.
  • زەمینەسازی و گۆڕانکارى لەسەر ئاستى سیستەمى بەهاکان لەناو سعوودیا، بۆ ئاساییبوونەوەى دۆخی سیاسیی نوێ؛ ئێستا دەسەڵاتدارانى سعوودیا کار لەسەر ئەو حاڵەتە دەکەن.
  • ئاساییکردنەوەى پەیوەندییە ناسیاسییەکان بەتەواوى؛ کە دەبنە ڕێگەخۆشکەر بۆ ڕێکكەوتننامەى ئاشتیى ئیبراهیم.

پێدانى ئاسانکارى و ئیمتیازاتى زۆر لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە؛ بۆ نموونە ئەوانەى کە ڕێکكەوتنیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەو جۆرە هاوکارى و ئیمتیازاتانە خەنى کراون. میسر ساڵانە زیاتر لە 5-7 ملیار دۆلار هاوکارى، بۆ گرتنەخۆى دانیشتووانى غەززەیش لەو وڵاتە پەیمانى هاوکاریى زیاتر و 250 ملیار و چارەسەرکردنى گرفتى بەنداوى نەهزەى داوە لەگەڵ ئەسیوپیا؛ ئەمە بێجگە لەوەى کە لەسەر حوکم دەمێنێتەوە. ئوردنیش ساڵانە زیاتر لە 3 ملیار دۆلار هاوکاریى هەمەچەشنەى لەلایەن ئەمریکاوە پێ دەدرێت؛ سوودان لە لیستى تیرۆر هێنرایە دەرەوە؛ ئیمارات لە 2020 – 2025 نزیکەى 10 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیى لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە؛ ئەمریکاش بەڵێنى پێدانی 55 فڕۆکەى F55ی بە ئیمارات داوە و کارئاسانییشی بۆ گێڕانەوەى سێ دوورگەکەى دەکات کە لەلایەن ئێرانەوە داگیر کراون؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە ئاسانکارییەکان بۆیان، لەلایەن تەواوى دەوڵەتانى ئەوروپییەوە دەگرێتەوە.

  • کاتێک کە دەوڵەتانى ناوچەکە هەموویان ڕێکكەوتنیان لەگەڵ ئیسرائیل بەست و سعوودیا لە گۆڕەپانەکە بەتەنیا مایەوە.
image_pdfimage_print