پێنووس
2024

ئایا سووریای دوای ئەسەد دەبێتە خاڵی بەریەککەوتنی تورکیا و ئیسرائیل؟

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

دەسپێک

ئیسرائیل هەرچەندە لە سووریا شەڕەکەی بردۆتەوە، بەڵام هێشتا جەنگەکەی نەبردۆتەوە؛ نەک هەر ئەوە بەڵکوو خودی سەرکردە سیاسی و سەربازییە ئیسرائیلییەکان ترسی ئەوەیان هەیە، ئەوەی لە سووریای دوای ئەسەد دروست دەبێت زۆر مەترسیدارتر بێت لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل لە سووریای کاتی ئەسەد. 

ڕاستییەکەی هۆکارێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی داڕێژەرانی سیاسەتی ئیسرائیل نیگەران بن، چونکە لە سووریای دوای ئەسەد هیچ شتێک سەقامگیر نییە؛ تەنیا ئەوەی تا ئێستا ڕوونە، هەژموونی ئێران گۆڕاوە بە هەژموونی تورکیا، بەڵام تورکیا ئێستا لە سووریا زۆر لە ئێرانی سەردەمی ئەسەد بەهێزترە. تورکیا بەئاشکرا بنکەی سەربازی لە سووریا دروست دەکات؛ دەیەوێت سووریایەک دروست بکاتەوە وەک ئەوەی خۆی دەیەوێت. لایەنە نێودەوڵەتییەکانی تریش خەریکە واز لە سووریا دێنن بۆ تورکیا. ئەمە نیگەرانیی زۆری ئیسرائیلی لێ کەوتۆتەوە، کە لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین بەتێروتەسەلی شرۆڤەی بکەین.

ئایا ئیسرائیل دەتوانێت نەخشەی سیاسیی ناوچەكە بگۆڕێت؟

لە زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەو هێزانەی دەتوانن سیستەمی جیهانی یان هەرێمی بگۆڕن، یان زلهێزن (super powers)، یانیش هێزی گەورەن (great powers)، یان ئەوەتا هێزی هەرێمین (regional powers). ئیسرائیل لە پلەی سێیەمە؛ واتا هێزێکی هەرێمییە بەڵام هێزە هەرێمییەکانیش لە ئاست و کاریگەریدا جیاوازییان هەیە. وەک دەزانین ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی نزیکدا چەند هێزێکی هەرێمیمان هەیە: تورکیا، ئێران، سعوودیا. ڕاستە پێشتر سووریا و میسر و عێراقیش هێزی هەرێمی بوون بەڵام ئێستا ئەم سێ هێزە هیچیان لە ئاستی هێزە هەرێمییەکاندا نەماون.

مارک هێلێر (, 2011‌Heller) کە لە توێژینەوەکانیدا بەوردی کاری لەسەر هێزە هەرێمییەکان کردووە، بەتایبەتیش ئیسرائیل، دەڵێت: “ئیسرائیل سەرەڕای ئەوەی هێزێکی سەرنجڕاکێشە، هێزی ڕێگرتنی (block) هەیە، بەڵام هێزی داڕشتنی سیستەمێکی هەرێمیی نییە. ڕاستە ئیسرائیل توانای پاراستنی ئاسایشی خۆی لە بەرامبەر هەڕەشەکانیدا هەیە، بەڵام ئیسرائیل هێزێکی ناوچەیی نییە کە توانای بەڕێوەبردنی نەزمی ناوچەییی هەبێت. ئیسرائیل دەتوانێت ڕێگری لە سەرهەڵدانی هێزێکی تر بکات کە بتوانێت زیانی گەورەی پێ بگەیەنێت، بەڵام لە بونیادی هێزدا (power) چەند خەسڵەتێکی کەمە، وەک هێزی نەرم یان زیرەک.”

لویس فاوست (فاوست ٢٠١١: ١٦٣)، کە یەکێکە لە توێژەرە بەتواناکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، باس لەوە دەکات کە هاوسەنگیی هێزە ناوچەیییەکان لە دە ساڵی ڕابردوودا گۆڕاوە. هێز و هەژموونی ئەمریکا لەکەمیی داوە و، وڵاتە عەرەبییەکان لە ڕابردوودا هێزێکی لاواز بوون. “بەهاری عەرەبی” ئەو لاوازییەی زیاتر دەرخست؛ بووە هۆی قەیرانی قووڵ لە چەند وڵاتێک. بەپێی پێوەرەکانی فاوست، وڵاتێک دەتوانێت سەرکردایەتیی هێزێکی هەرێمی بکات یان سیستەمێکی هەرێمیی نوێ دابڕێژێت ئەگەر: تێکەڵەی هێزی ڕەق و نەرم بەکار بهێنێت؛ بتوانێت دامەزراوە هەرێمییەکان پەرە پێ بدات؛ خزمەتگوزاریی گشتی دابین بکات؛ ئەجێندای ناوچەیی دیاری بکات؛ دەسپێشخەریی هەرێمیی هەبێت  و هەندێک جاریش بەشدار بێت لە کۆمەکی هەرێمی.

بەپێی ئەم پێوەرانە بێت، زۆرێک لە هێزە هەرێمییەکان بەتەواوی هێزی هەرێمی نین، تەنانەت ئەو هێزانەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا هێزی هەرێمین: تورکیا، عەرەبستانی سعوودی و ئێران، لە ڕەگەزی سەرکردایەتیدا سنووردارن. بەڵام فاوست دەڵێت ئیسرائیل لە هەندێک ڕوانگەدا سەرەڕای ئەوەی کە نەیتوانیوە نەزمێکی ناوچەیی دروست بکات یان دامەزراوەی ناوچەیی پەرە پێ بدات بەڵام “هێزێکی گەورەی ناوچەیییە”. ئەو هۆکارانەی کە وا دەکات وڵاتێک ببێتە هێزێکی ناوچەیی، هێشتا بەتەواوی ڕوون نییە. بەڵام  “هێزی ئابووری” گرنگییەکی زۆری هەیە. مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم لە ئەدەبیاتی زانستە سیاسییەکاندا تا ئێستا ڕوانگەی جیاواز هەیە لەبارەی پێگەی ئیسرائیل، کە دەتوانم لە دوو ئاستدا کۆی بکەمەوە: یەکەم، وای دەبینێت کە ئیسرائیل وڵاتێکی بچووکە بە ژمارەی دانیشتووانێکی کەم، بەڵام بەهێزترینە لە ناوچەکەدا لە ڕووی ئابووری و سەربازییە. دووەم، دەڵێ، ئیسرائیل کاریگەرییەکی سنوورداری هەیە و ناتوانێت بەتەواوی ببێتە هێزێکی هەرێمی.  ئەوەی هێزی زۆرتری داوە بە پێگەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا ئەوەیە کە، ئیسرائیل پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە و هاوپەیمانێکی ستراتیژییە؛ هەروەها بەشدارێکی گرنگی ئابوورییە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان.

بۆ نموونە، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٢ ئیسرائیل بە ئامانجی لەناوبردنی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین هێرشی کردە سەر لوبنان. لەوەیش زیاتر، ویستی حکوومەتێکی میانڕەو بە سەرکردایەتیی مەسیحییەکان لە بەیرووت دابمەزرێنێت و هێزەکانی سووریا لە وڵاتەکە دەربکات. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت لە هەرسێ ئامانجەکەدا شکستی هێنا. دوای پێنج ساڵ، ڕاپەڕینی یەکەمی فەڵەستین، لە غەززە سەری هەڵدا و کەناری ڕۆژاوایشی گرتەوە. ئەمە دەکرێت بۆ ئێستایش وانەیەک بێت، چونکە ئێستایش فەڵەستینییەکان وەک جاران لە ڕەتکردنەوەی داگیرکاریی ئیسرائیلدا هەروەک جارانن.

لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین، ڕاستە ئیسرائیل زۆربەی نەیارەکانی لە ئێستادا تێک شکاون، بەڵام هێشتایش هەر هەڕەشەی لەسەرە. بێجگە لەوە ئیسرائیل هاوپەیمانی هەرێمییشی نییە لە ناوچەکەدا؛ هێزێکی تەنیایە و، زیاتر پشت بە ‌هێزی ئەمریکا و ئەوروپا دەبەستێت. هەڵبەتە ئێستا هێزی ئیسرائیل لە هەموو قۆناغەکانی پێشتر زیاترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش ئەستەمە یاخود ناتوانێت نەزمێکی نوێی هەرێمی دروست بکات و بیپارێزێت. ئەمە ڕەنگە بۆ هەردوو هێزە هەرێمییەکەی تریش، واتا سعوودیا و تورکیا، ڕاست بێت.

پێشتر ئێران توانای زۆری هەبوو لە سەپاندنی سیستەمێکی هەرێمیدا، بەڵام ئێستا ئەو توانایەی لەدەست داوە. بۆیە ئەو ڕوانگەیەی دەڵێت ئیسرائیل دەیەوێت نەخشەی ناوچەکە بگۆڕێت، کەموکوڕیی زۆری هەیە، چونکە ئیسرائیل ناتوانێت ئەم نەخشەیە بەبێ هەردوو هێزە هەرێمییەکەی تر (تورکیا و سعوودیا) بگۆڕێت. ڕاستە ئیسرائیل هێزێکی هەرێمییە بەڵام توانای گۆڕین و سەپاندنی نەخشەیەکی نوێی هەرێمیی، سنووردارە. بە زمانی ڕۆبێرت کاپێل (Robert Kappel بڵێم: ئیسرائیل هێزێکی نیمچەهەرێمییە (Partial regional power).  

ستراتیژیی ئیسرائیل بۆ سووریای دوای ئەسەد چییە؟

بوونی بۆشاییی دەسەڵات دوای ڕووخانی ئەسەد وای لە ئیسرائیل کرد کە ڕوانگەی ئەمنیی خۆی لە سووریا دووبارە ڕێک بخاتەوە. ئێستا ئیسرائیل بە شێوەیەکی کاریگەر قەڵەمڕەوی سەربازیی خۆی لە باشووری سووریا فراوان کردووە؛ ناوچەیەکی قەڵغانی (buffer zone) لە بەرزایییەکانی جۆلان دروست کردووە بە مەبەستی دوورخستنەوەی هێزە چەکدارەکانی سووریا لە سنووری ئیسرائیل. فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە مانگی شوبات و ئادار، لە سەرانسەری سووریا دەیان هێرشیان كردووە و، کۆگەکانی چەک، شوێنی ڕادار و، پاشماوەی پێکهاتەی سەربازیی ڕژێمی ئەسەدیان کردونەتە ئامانج. واتا ئیسرائیل نایەوێت ئەو دەسەڵاتەی ئێستا توانای سەربازیی بەهێز بێت. بە مانایەکی تر ئیسرائیل متمانەی بە دەسەڵاتی نوێی سووریا نییە. ئیسرائیلییەکان هێشتا گومانیان لە حکوومەتی نوێی کاتیی سووریا لەژێر سەرۆکایەتیی “ئەحمەد شەرع” هەیە. هێشتا وێنە کۆنەکەی، وەک سەرکردەیەکی ئەلقاعیدە لە خەیاڵی ئیسرائیل ئاوا نەبووە. “ئیسرائیل نیگەرانە لە شەرع و پەیوەندییە ئیسلامییەکانی و، دەترسێت کە بەهێزبوونی دەسەڵاتەکەی ببێتە هۆی ئەوەی کە ئیسرائیل پێی دەڵێت “مەترسی لە سەرهەڵدانی دەسەڵاتێکی جیهادی لە سنووری باکوور”.

هەرچەندە دەستەی تەحریر شام ئەسەدیان لە دیمەشق لا برد، بەڵام ئیسرائیل سەیری ڕژێمی نوێ دەکات وەک ڕژێمێکی ئایدیۆلۆژیی ڕادیکاڵی ئیسلامی. جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، شارێن هاسکێل، بەم دوایییە دەسەڵاتی شەرعی وەک “گرووپێکی تیرۆریستیی جیهادیی ئیسلامی کە دیمەشقی بەزۆر گرتووە و لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێت” وەسف کرد. هاسکێل هۆشداریی دا کە ئیسرائیل کار دەکات بۆ ڕێگرتن لە دەرکەوتنی قەڵایەکی ئیسلامیی دوژمن لە نزیک سنوورەکانی. بە پشتبەستن بەو ڕوانگەیەی کە شرۆڤەکارانی ئیسرائیل بە “دوکتۆرینی دوای ئەسەد” ناوی دەبەن، پێ دەچێت ئیسرائیل سووریایەکی پارچەپارچەکراوی لاوازی پێ باشتر بێت، نەک سووریایەکی یەکگرتوو لەژێر دەسەڵاتێکی ئیسلامیدا کە بە ئەگەری زۆر دۆست نابێت بۆ ئیسرائیل؛ بەپێچەوانەی تورکیا کە پشتگیری لە سووریایەکی بەهێز و ناوەندی و سەقامگیر دەکات. ئەمەیش وای کردووە بەرکەوتن لە سیاسەتی دوو هێزی هەرێمی (تورکیا و سووریا) کە سووریا وەک وڵاتێکی کاریگەر لەسەر ئاسایشی خۆیان دەبینن دروست بکات.

تورکیا؛ لە دۆستەوە بۆ دوژمن

تورکیا نەک تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە بەڵکوو لە ڕووی سەربازییشەوە دەیەوێت کۆنتڕۆڵی سووریا بکات. ئەنقەرە ئێستا دەستی کردووە بە دانانی بنکەی سەربازی لە شوێنە سەرەکییەکانی سووریا. بە گوێرەی چەند ڕاپۆرتێک، تورکیا بەنیازە چەندان بنکە بە کەڵکوەرگرتن لە ژێرخانی فڕۆکەخانەکانی سووریا، بەتایبەتی لە ناوچەی پاڵمیرا، لەوانەیش فڕۆکەخانەی پاڵمیرا و بنکەی ئاسمانیی T4 دابمەزرێنێت. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژیی فراوانتری تورکیا بۆ زیادکردنی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و زەمینییەکانی لە سووریا. ڕاستییەكەی، تورکیا خەریکە بەقووڵی دەچێتە ناو جومگەکانی بنیاتنانەوەی دەسەڵاتی نوێی سووریا؛ تورکیا دەستی کردووە بە نۆژەنکردنەوە و کارپێکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق. جگە لەوەیش پشتیوانیی تورکیا بۆ سوپای نیشتمانیی سووریا و گرووپەکانی دیکە کە لەژێر فەرماندەییی ئەودا لە باکووری سووریا کار دەکەن، بە شێوەیەکی بەرفراوان تەشەنەی کردووە.

کەواتە، ئایا تورکیا وەک دوژمنی داهاتووی ئیسرائیل لە ڕیزبەندیدایە؟ مەرج نییە بگاتە ئەو ئاستە، بەڵام ئەمە دەوەستێتە سەر مانەوەی ئەردۆغان لە دەسەڵات. سۆنەر کاگاپتای لە ئینستیتیۆتی واشنتۆن ئەمە بە “قۆناغی سێیەم”ی سیاسەتی تورکیا ناو دەبات؛ ئەو سەردەمەی کە تورکیا پشت دەکاتە جیهان و تەنیا عاشقی خۆیەتی. ڕاپۆرتەکانی ئه م دوایییه ئاشکرایان کردووه که تورکیا هێز و کەرەستەی سەربازیی له بنکەی ئاسمانیی سەربازیی مێناغ له باکووری سووریا جێگیر کردووه. ئەم بنکەیە نزیکەی ٣٥ کیلۆمەتر لە باکووری شاری حەلەب و تەنیا ١٣ کیلۆمەتر لە باشووری سنووری تورکیا دوورە. بەپێی زانیارییەکان بنکەکە بە سیستەمی ڕاداری نوێ و یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی و کەرەستەی سەربازیی دیکە پەرە پێ دراوە. ئەم فراوانکردنە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای چاودێری و کۆنترۆڵکردنی ئاسمانیی سووریایە بەڵام لە ڕاستیدا لەژێر سەرپەشتیی تورکیادایە.

کەواتە دەتوانین بڵێین، تەنانەت ئەو ڕێکكەوتنەی ئەحمەد شەرع لەگەڵ هێزە کوردییەکانی سووریای دیموکرات کردی، گومانی ئەوەی لێ دەکرێت لە پێناو کپکردنەوەی دەنگی کورد بێت لە دژی دەسەڵاتی نوێی سووریا، بە ئامانجی ئەوەی دەرفەتێک بداتە دەسەڵاتی شەرع تا خۆی بەهێز دەکات و جۆرێک لە شەرعییەتی ناوخۆ و نێودەوڵەتی پەیدا دەکات. لە سەرێکی تریشدا ئەو ڕێکكەوتنە دەرفەتی کارتی کوردەکانی لەدەست ئیسرائیل دەرهێنا کە لەمەودوا دژی تورکیا و سووریای نوێ بەکاری بهێنێت. بە واتایەکی تر، ئەم ڕێکكەوتنە دەکرێت تاکتیکێکی کاتی بێت؛ هەرکات دەستی حکوومەتی شەرع کرایەوە، ئەوکات دەست دەکات بە کۆنترۆڵکردنی ناوچە کوردییەکان. ڕاگەیاندنی دەستووری نوێی سووریا، دەکرێت یەکێک بێت لە ئاماژە سەرەتایییەکانی ئەم مەبەستەی تورکیا و ئەحمەد شەرع بەرامبەر کورد و کەمینەکانی تریش لە سووریا.

ئامانجی تورکیا دووڕەهەندییە: یەکەم، تورکیا هەوڵ دەدات بۆ ڕێگرتن لە هەر بزووتنەوەیەکی خۆسەری کوردی لە سووریا. لە ڕێگەی ناچارکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و تێکەڵکردنیان لەگەڵ فەرماندەییی ناوەندی لە دیمەشق  (کە تورکیا سەرپەرشتیی داڕشتنی کردووە)، ئەردۆغان هیوادارە ناوچە نیمچەسەربەخۆکەی کورد کە لەژێر پاراستنی ئەمریکا لە باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریا دروست بوون لەناو ببات. بەرپرسە تورکییەکان “زیاتر لەوە نیگەرانن کە ئیسرائیل پشتگیریی داوای سەربەخۆیی (جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی)ی کورد و درووزی و عەلەوییەکان دەکات” لە سووریا؛ چونکە ئەم جۆرە خۆسەرییە مەترسی بۆ ئامانجی درێژخایەنی تورکیا، واتا یەکگرتووییی سووریا دروست دەکات. 

دووەم، تورکیا بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی سەربازیی خۆی، سوود لە هاوپەیمانی نوێی دیمەشق وەردەگرێت. لە ساڵی ٢٠١٦وە، تورکیا بنکەی سەربازیی لە باکووری سووریا هەیە و پشتگیریی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریای کردووە. ئێستا، قەڵەمڕەوی تورکیا زیاتر بۆ باشوور و ڕۆژهەڵات فراوان دەبێت.

بە گوێرەی سەرچاوە سووری و ئیسرائیلییەکان، ئەنقەرە لە گفتوگۆی پێشکەوتوودایە لەگەڵ دیمەشق بۆ سەرپەرشتیکردنی کۆنتڕۆڵی یەکەی سەربازی لە ناوچەی پاڵمیرا – لە بەرامبەر پەیمانی پشتگیریی ئابووری و سەربازیی تورکیا بۆ حکوومەتی نوێی سووریا. هەرچەندە بەرپرسە تورکەکان  ناردنی سەربازیان ڕەت کردۆتەوە، بەڵام ئیسرائیل وای نابینێت؛ ئیسرائیل وای دەبینێت کە تورکیا لە ڕووی سەربازی و ئایدیۆلۆژییەوە دەیەوێت دەسەڵاتێکی سوننیی ئیخوانی لە سووریا دروست بکات، ئیبراهیم کاڵین، مانگێک دوای کەوتنی سووریا، یەکەم بەرپرسی بیانی بوو سەردانی سووریای کرد و لە مزگەوتی ئەمەوی نوێژی لەگەڵ دەستەی تەحریر شام کرد. ئەمە دەکرێت ئاماژەیەک بێت، کە تورکیا لە سەرێک زیانی لێ دەکات، لە سەرێکی تریش قازانج، کە وا دەکات وڵاتانی سوننە و کەنداو پشتگیریی ئەجێندای تورکیا بکەن.

ئەگەری بەریەکكەوتنی تورکیا و ئیسرائیل لە سووریا

لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، ئیسرائیل و تورکیا هێشتا پەیوەندییەکی فەرمییان هەیە، بەڵام زمان و وتارەکانیان لەسەر سووریا ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبێت. لە دوای بەهاری عەرەبی تا ڕووخانی بەشار ئەسەد، ڕاپۆرتە ئەمنی سەربازییەکانی هەردوولا بە نهێنی یەکترییان وەک ڕکابەر و سەرئێشە دەبینی، بەڵام ئەم ڕکابەرییە نەگەیشتبووە ئەوەی کە یەکتر وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆیان ببینن، ئێستا بەئاشکرا لێدوان و هۆشداری لەسەر تەشەنەکردنی ناکۆکی لەلایەن بەرپرس و شرۆڤەکارانی هەردوولا دەدرێت؛ بە جۆرێک وەک شارەزای سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە پەیمانگەی بروکینگز، ئەسلی ئایدینتاشباس دەڵێت: “سووریا بووەتە مەیدانی شەڕی نێوان تورکیا و ئیسرائیل، کە بەڕوونی یەکتری وەک ڕکابەری ناوچەیی دەبینن.” ئەمە پەرەسەندنێکی مەترسیدارە، چونکە لەسەر زۆربەی شتەکان ئێستا ململانێ هەیە لە نێوان هێزەکانی سووریای تورکیا  لە لایەک و ئیسرائیلیش لە لایەکی تر.

ئەم بارودۆخە ڕێگەخۆشکەرە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەردوو لا لە داهاتوودا. بەنزیکی، هەموو بوارەکانی داهاتووی سووریا – هەر لە پرسی کورد و عەلەوییەکان، تا ڕۆڵی ئێران، تا کۆنتڕۆڵی سەرچاوە سروشتییەکان – بووەتە شوێنی ڕکابەریی نێوان ئەنقەرە و ئورشەلیم.

لای تورکیا، دانپێدانانێکی ڕاستەقینە هەیە کە بە ئەگەری زۆر ڕووبەڕووبوونەوەیەک دەبێت. تورکیا بێ گوێدانە ئیسرائیل، ڕۆژ بە ڕۆژ پێگە سەربازییەکانی لە سووریا بەهێز دەکات. ئەگەر هەردوو هێز بەردەوام بن لەسەر ئەم ڕێگەیە، لەوانەیە سەر بکێشێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە؛ ئینجا چ ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی دەستەی تەحریر شام و سوپای نیشتمانیی سووریا. میدیای تورکی لەم دوایییانەدا، باس لەوە دەکەن کە ئەنقەرە ناتوانێت بەئاسانی دەستبەرداری کاریگەریی خۆی  بێت لە سووریا؛ تەنانەت ئەگەر مەترسیی ئەوەیش هەبێت کە ئەمە ئیسرائیل تووڕە بکات – چونکە ئەردۆغان سووریای دوای ئەسەد وەک دەروازەیەک دەبینێت بۆ فراوانکردنی هەژموونی هەرێمیی تورکیا. تا ئەو ئاستەی، ئەردۆغان لە هەفتەی ڕابردوودا لە پەیامێکدا کە بەگشتی وەک ئاماژەیەک بوو بۆ ئیسرائیل، بەڕوونی وتی: “ئەوانەی کە هەوڵ دەدەن بۆ دابەشکردنی ڕەگەزی و ئایینی لە سووریا بە سوودوەرگرتن لە ناجێگیریی دۆخی ئێستا… ئامانجەکانیان بەدەست ناهێنن.” لە ئاستی فەرمییش بەرپرسانی تورکیا، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بەوەی چەک دەبەخشێت یان هانی گرووپە “جوداخوازەکان” دەدات (کورد، درووزی، تەنانەت عەلەوی) بۆ لاوازکردنی دیمەشق.

لە هەمان کاتدا لەلایەن ئیسرائیل، قسەکردن لەسەر “ڕووبەڕووبوونەوەی حەتمی” لەگەڵ تورکیا، زیاتر لە بازنە ئەمنییەکان دەبیسترێت. لە کۆبوونەوەیەکی بەرزی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سووریا لە سەرەتای مانگی ئادار، سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیلی دەڵیت: “ڕێگرتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە سووریا ئەستەمە، بەهۆی هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ سنووردارکردنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە.”

لیژنەی ناگڵ: ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات

زانیارییەکان دەری دەخەن کە بازنەی کابینە سەرەکییەکەی نەتانیاهۆ، خەریکی دیاریکردنی پلانی جێگرەوەن (بەدیل). کەناڵی ١٢ی هەواڵ (Channel 12 News)ی ئیسرائیلی دەڵێت کە ڕاوێژکارەکانی سەرۆکوەزیران هەوڵیان داوە میدیای ئیسرائیلی بە ڕاهێنان لەسەر ئەوە قایل بکەن کە “ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تورکیا لەسەر خاکی سووریا، شتێک نییە ڕێگەی لێ بگیرێت.” ئەمە لەوانەیە وەک ڕێگەیەک بێت بۆ ئامادەکردنی ڕای گشتی. هەڵبەتە ئیسرائیل مەرج نییە ڕاستەوخۆ هێزە تورکییەکان بکاتە ئامانج، بەڵام ئەو هێزانە دەکاتە ئامانج کە تورکیا ئامادەی کردوون و ڕاهێنانیان پێ دەکات، بە ئامانجی دووبارە دروستکردنەوەی سوپای سووریا.

لە سەرەتای مانگی ئازاردا، باڵیۆزخانەی تورکیا لە دیمەشق، لە ڕێگەی هاوپێچی سەربازی (ملحق عسکری)، “لیوا عەقید حسێن گۆز”، دانی نا بە بوونی هاوپەیمانیی سەربازی لەگەڵ سووریا و جەختی لە “هاوکاریی سەربازیی نێوان هەردوو لا کردەوە. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە ئەلجەزیرە نێت لە سەرچاوەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریاوە دەستی کەوتووە، پێشبینی دەکرێت بنکەی سەربازیی هاوبەش لە نێوان سوپای تورکیا و سووریا لە چەند ناوچەیەکی سووریا دابمەزرێن؛ دیارترینیان فڕۆکەخانەکانی مێناغ، دێرەزۆر، تی ٤ و پاڵمیرایە. ئەو شوێنانە بۆ ئۆپەراسیۆنی مەشق و ڕاهێنان و پەرەپێدان بۆ هێزەکانی سووریا دیاری دەکرێن؛ ئەمەیش بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو لا. ئەمە ئەوە دەردەخات کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دوایییەی ئیسرائیل لە سووریا، هۆشدارییەکی پێشوەختە بن لە دژی ئەم جۆرە هەنگاوانەی تورکیا. سەرچاوە سەربازییەکان لە دیمەشق، بەدوور ناگرن کە شوێنە سەربازییە هاوبەشەکان لەگەڵ تورکیادا جێگیرکردنی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) لەخۆ بگرێت، وەک ئەوەی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی لیبیا لە ڕۆژاوای وڵاتەکەدا دەیکات.

بێجگە لەوەیش لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەنقەرە هەوڵ دەدات سوپای نوێی سووریا بخاتە ناو هاوپەیمانییەکی ناوچەییی چوارقۆڵییەوە کە سووریا و ئوردن و عێراقیش لەخۆ دەگرێت. پێشبینی دەکرێت ئەم هاوپەیمانییە تایبەت بێت بە شەڕی دژی داعش؛ هاوتەریب لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە خواستی ئیدارەی ئەمریکا بۆ کشانەوەی لە سووریا.

لە هەفتەی دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ ڕاهێنانی سەربازی بە ئیدارەی نوێی سووریا ڕاگەیاند، ئەگەر بیەوێت. لە ٢٠ی ئازاردا سوپای تورکیا کاروانێکی سەربازیی ڕەوانەی فڕۆکەخانەی مێناغ لە باکووری شاری حەلەب کرد. پێشبینی دەکرێت ئەم فڕۆکەخانەیە ببێتە یەکەم بنکەی هاوبەشی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق؛ تا ئەو ئاستەی لە مانگی کانوونی دووەمدا، کۆمیتەیەکی نهێنیی تایبەت بە حکوومەتی ئیسرائیل بە ناوی کۆمیتە/لیژنەی ناگل (Nagel Committee Report) ئاگادارییەکی ڕوون و ئاشکرای دا لەسەر هاوپەیمانیی تورکیا و سووریا. ڕاپۆرتی لیژنەکە کە ١٣٠ لاپەڕە بوو، (تەنیا بەشێکی بڵاو کرایەوە)، داوای لە نەتانیاهۆ کرد کە خۆی بۆ جەنگێکی شاراوە لەگەڵ تورکیا لە سووریا ئامادە بکات. ڕاپۆرتەکە باسی لەوە دەکرد کە ڕژێمێکی پشتگیریکراو لەلایەن تورکیاوە لە دیمەشق دادەمەزرێت كە “مەترسییەکی نوێ بۆ ئاسایشی ئیسرائیل دروست دەکات؛ لەوانەیە مەترسییەکەی لە مەترسیی “ئێران”یش زیاتر بێت کە ئیسرائیلی بۆ چەندان ساڵ سەرقاڵ کرد.”  کۆمیتەکە لە کۆتاییدا ڕای گەیاند کە ئیسرائیل پێویستیی خێرای بە بەهێزکردنی ئاستی سەربازی لە باکوور و دروستکردنی لێکتێگەیشتن لەگەڵ هێزەکانی وەک ڕووسیا هەیە بۆ ڕێگرتن لەو هەوڵەی تورکیا. ڕاپۆرتی لیژنەکە سەبارەت بە بوودجەی بەرگری و ئەمنیی ئیسرائیل، ئاماژە بەوە دەکات کە ئیسرائیل دەبێت خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکیا ئامادە بکات. هۆشدارییش دەدات لەوەی کە تەماحەکانی تورکیا بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری و میراتی عوسمانییەکان، دوور نییە ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، کە ئەگەری هەیە بەرەو ململانێ پەرە بستێنێت.

بەپێی ئەو بڕگانەی لە ڕۆژنامەکانی ئیسرائیلدا بڵاو کراونەتەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: “هەڕەشەی سووریا دەتوانێت گەشە بکات و ببێتە پرسێکی مەترسیدارتر لە هەڕەشەی ئێران.” راپۆرتەکە هۆشداری دەدات لەوەی کە هێزەکانی سەر بە تورکیا دەتوانن وەک هێزی پڕۆکسی مامەڵە بکەن؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی پەرەپێدانی ناسەقامگیریی ناوچەکە، بەتایبەتیش بۆ ئاسایشی ئیسرائیل. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هۆشداری دراوە لە دەرکەوتنی مەترسییەکانی هێزێکی توندڕەوی جیهادیی سوننە لە سنووری ئوردن، کە ڕەنگە ببێتە هۆکاری هاندان و سەرهەڵدانی گرووپە چەکدارەکان لە شانشینی ئوردن، کە زۆر جار تێ دەکۆشن بۆ ئاڵۆزکردنی نائارامییەکانی فەڵەستین. هەڵبەتە تێکچوونی ئاسایشی ئوردن دواجار دەبێتە مەترسی بۆ ئیسرائیل.

بێجگە لەو پرسانەی ئاماژەمان پێ دان، لیژنەکە پێشنیاری زیادکردنی بوودجەی ساڵانەی بەرگریی ئیسرائیلی كردووە تا ١٥ ملیار نیس (NIS)  بە درێژاییی ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو، بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی کە هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل (IDF) کەلوپەلی پێویستی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی تورکیا و، هەروەها هەڕەشەکانی دیکەی ناوچەکەیش هەیە.

لیژنەی ناگل دەڵیت: دەبێت ئاستی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ 70% بەرز بکرێتەوە؛ هی بەرگرییش بە ڕێژەی 30%. بۆ بەدیهێنانی ئەمە و دابینکردنی پێداویستییە گەورەکانی دەستبەجێی بەردەوامی IDF، ناگل پێشنیاری زیادکردنی نۆ ملیار شیکلی کرد بۆ بوودجەی ساڵی 2025 و هێشتنەوەی ئەم زیادەیە تا نزیکەی ساڵی 2030.

سەرەڕای پەیوەندییە باشەکانی پێشووی ئیسرائیل و ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا پێشنیاری ئەوە کراوە کە ئیسرائیل ستراتیژێک پەیڕەو بکات کە بتوانێت بەتەنیا بەرگری لە خۆی بکات بەبێ هیچ هاوکارییەکی دەرەکی. بەم پێیە لیژنەکە پێشنیاری کردووە کە ئیسرائیل دەست بکات بە بنیاتنانی هێز و چەکی پێویست بۆ ئەوەی بتوانێت هێرش بکاتە سەر ئێران و بەتەنیا بەرگەی جەنگێک لەگەڵ تورکیا بگرێت؛ واتا بەرزکردنەوەی توانای بەرپەرچدانەوەی سوپای ئیسرائیل و ئامادەکردنی بۆ هێرشی لەناکاو.

نەتانیاهۆ دوای پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتەکە باسی لەوە کرد: “ئێمە شاهیدی گۆڕانکاریی بنەڕەتین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئێران هەمیشە گەورەترین مەترسی بووە بۆ سەر ئێمە، بەڵام هێزی نوێ دێنە ناو گۆڕەپانەکە؛ دەبێت ئامادە بین بۆ پێشهاتە چاوەڕواننەکراوەکان. ئەم ڕاپۆرتە نەخشەڕێگەیەکمان بۆ دابین دەکات بۆ داهاتووی ئیسرائیل”.

شایەنی باسە، ڕاپۆرتی ئەم لیژنەیە کاریگەری و ڕەنگدانەوەی زۆری هەڵوێست و سیاسەتی ئێستای “ڕەجەب تەییب ئەردۆغان”ە لە ناوچەکەدا، کە ئێستا نوخبەی سیاسی و سەربازیی ئیسرائیل بە دوژمنایەتی و مەترسی دەبینن بۆ بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی دەوڵەتی عیبری لە ناوچەکەدا. لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە، تورکیا خەریکە دەچێتە حساباتی هەڵسەنگاندنی “درێژخایەنی” ئیسرائیلییەوە؛ بەو پێیەی پێشتر و بەردەوام، تەلئەبیب بە لۆژیکی سوودی کورتخایەن (منطق المنافع قصيرة الأمد) مامەڵەی لەگەڵ تورکیادا کردووە؛ لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە کە تورکیا تاکە وڵاتی موسڵمانە کە بۆ ماوەی زیاتر لە ٧٠ ساڵە پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەبێ بوونی کێشەی ئایینی یان هەستی نەتەوەیی. پێ دەچێت – بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەکە – ئەم سەردەمەی بیرکردنەوەی ئیسرائیل کە ڕوانگەی کورتخایەنی هەبوو بەرامبەر تورکیا، بە نەمانی ڕژێمی ئەسەد بەرەو کۆتایی بچێت. ڕاپۆرتەکە وای دەبینێت کە لەوەتەی ئەردۆغان هاتووە، تورکیا چیتر وەک ئەو هاوپەیمانەی جاران نەماوە؛ بەتایبەت کاتێک بە لۆژیکی بەرژەوەندیی “درێژخایەن” سەیری تورکیا بکەین، دەبینین تورکیا وەک هەڕەشەیەک وایە کە هیچی کەمتر نییە لە هەڕەشەی ئێران.

لێکەوتە هەرێمی و نێوەدەوڵەتییەکان

بارگرژی و ڕکابەریی ئیسرائیل و تورکیا لە سووریا، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت. جیاواز لە شەڕە نهێنییەکانی پێشووی ئیسرائیل لە سووریا دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی، ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە دوو وڵاتی بەهێز لەخۆ دەگرێت کە هاوپەیمانی ڕۆژاوان؛ لە هەمان کاتدا سەرئێشە بۆ ناتۆ و ئەمریکاش دروست دەکات. تورکیا ئەندامی ناتۆیە. ناکۆکی لەگەڵ ئیسرائیل، کە لە ناتۆ نییە بەڵام هاوپەیمانی گەورەترین هێزی ناتۆیە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانە، ئەمە واشنتۆن دەخاتە دۆخێکی ئاڵۆز. تا ئێستا، ئەمریکییەکان بەوریایی هەڵسوکەوتیان كردووە؛ پشتگیریی مافەکانی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن و هێرشکردن بۆ سەر “ئامانجە تیرۆریستییەکان” لە سووریا دەکەن، بەڵام خۆیان نەکردۆتە تەرەف لە گرژییەکانی هەردوو لا.

دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان دەترسن کە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا دواجار ئارامییە ڕێژەیییەکەی ئێستای سووریا تێک بدات و سەر بکێشێت بۆ قەیرانێکی هەرێمیی فراوانتر؛ چونکە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر خاکی سووریا، دووەم هێزی گەورەی ناتۆ (تورکیا) دەخاتە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەهێزترین هێزی سەربازیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئیسرائیل). بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژاوا لە پشت دەرگە داخراوەکانەوە، کار دەکەن بۆ ڕێگرتن لە پێکدادانی سەربازی؛ هەرچەندە هەندێکیان لە پشتگیری، دابەش بوون بەسەر ئەو دوو هێزە. بۆ نموونە، فەرەنسا و یۆنان بەناڕاستەوخۆ پشتگیری لە مامەڵەی توندی ئیسرائیل لە بەرامبەر تورکیا دەکەن، لە کاتێکدا هەندێک وڵاتی تری ناتۆ (وەک ئەڵمانیا) ئامۆژگاریی کەمکردنەوەی بارگرژییەکان دەکەن.

ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە دەکرێت کاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی وڵاتانی ناتۆش هەبێت. وەک بەرپرسێکی ناتۆ دەڵێت: “ئەم قەیرانە نوێیە دەبێتە کێشەیەکی سیاسیی ئاڵۆز بۆ ناتۆ: دوو هاوپەیمانی گرنگمان لەگەڵ یەکتردا ناکۆکن.” هەرچەندە تا ئێستا، ناتۆ وەک دامەزراوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە کێشەی سووریا بەشدار نەبووە، بەڵام هاوپەیمانییەکە بەچاودێرییەوە سەیری ڕووداوەکان دەکات.

لە ئاستی وڵاتانی عەرەبییش، شەڕ لەگەڵ تورکیا، دەکرێت نزیکبوونەوەی نوێی ئیسرائیل لەگەڵ هەندێک وڵاتی زۆرینەی موسڵمان تێک بدات. بەپێچەوانەوە، دەکرێت هەماهەنگیی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکانی وەک میسر، ئیمارات و، عەرەبستانی سعوودی بەهێز بکات کە جۆرێک لە ناکۆکییان هەیە لەگەڵ تورکیا. بەتایبەتی ڕووسیا – کە تا ساڵی پار سەرەکیترین هێزی بیانی بوو لە سووریا –، بەڵام ئێستا لەناو هاوکێشەکەدا نییە، بەڵام دەکرێت دووبارە خۆی وەک نێوەندێکی جێگیرکەر دەربخات؛ بەتایبەت کە ئیسرائیل داواکارییەکی وای لە ڕووسیا کردووە کە بنکە سەربازییەکانیان لە سووریا بهێڵنەوە، چونکە لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا، ئیسرائیل ناچارە خۆی بێتە ناو گۆڕەپانی سووریا؛ کە ئەمەیش تێچووی سەربازی و سیاسی و ئابووریی زۆری دەبێت بۆ وڵاتێکی بچووکی وەک ئیسرائیل و، ناتوانێت لە چەندان بەرەدا شەڕ بکات. تا ئەو ئاستەی، ئیسرائیل پشتگیری لە مانەوەی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا دەکات لە سووریا. ئەمە نیشانەی گۆڕانکارییەکی دیارە. ئیسرائیل بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیا هاوڕایە لەسەر سووریا و، تەنانەت باکی بە گەڕانەوەی سنوورداری ئێرانیش نییە لە سووریا؛ تا ئەو ڕاددەیەی کە دەسەڵاتی تورکیا سنووردار بکات.

ڕۆڵی ئەمریکا چی دەبێت؟

شایەنی باسە تا ئێستا ئەمریکا وەک پێویست خۆی لە کێشەکانی تورکیا و ئیسرائیل لە سووریا هەڵنەقورتاندووە. تورکیا دەیزانی، سەرەتا پێویستە پرسی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ ئەمریکا یەکلا بکاتەوە  بۆ ئەوەی بپرژێتە سەر کێشەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، هەر بۆیەیش ڕازی بوو بە ڕێکكەوتنی شەرع و هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە زیاتر لە چاوپۆشییەکی کاتی دەچێت، تا چارەسەری پرسی کورد لە سووریا. دوا بە دوای گفتوگۆی ئەم دوایییەی نێوان ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ و، سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئەمریکا، خەریکە نەخشەی سیاسەتی نوێی واشنتۆن بەرامبەر بە سووریا ڕوونتر دەبێتەوە، لەوانەیش: چارەسەرکردنی پرسەکانی وەک SDF و PKK، هەروەها بێدەنگیی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر ئەنقەرە.

تورکیا دەیەوێت باوەر بە ئەمریکا بێنێت کە سەقامگیریی سووریا پەیوەستە بە کشانەوەی ئیسرائیل لە خاکی سووریا؛ هەروەها کۆدەنگییەکی تورکیا-ئەمریکی دەتوانێت هاوکێشەی ناوچەکە بگۆڕێت. بەڵام، ئیسرائیل هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پەرەسەندنی سەربازی و میدیایییەوە ئاستەنگ لە بەردەم ئەم نزیکبوونەوەیە دروست بکات؛ لەنێویاندا دزەپێکردنی زانیاریی هەواڵگری سەبارەت بە بوونی تورکیا لە سووریا. سەردانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ واشنتۆن، بۆ تاوتوێکردنی سزاکان و پرسەکانی سووریا و غەززە، وەک ئامادەکارییەکە بۆ کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان ئەردۆغان و ترەمپ. ئیسرائیل چانسی باشی هەیە کە دۆستی زۆری هەیە لە ئیدارەی نوێی ئەمریکادا، بەڵام سەبارەت بە ترەمپ، سووریا هیچ گرنگییەکی وای نییە تا ئامادە بێت شەڕی لەسەر بکات.

کۆتایی

سووریای دوای ئەسەد، ئەوەندەی دەرفەت بوو بۆ ئیسرائیل، ئەوەندەیش هەڕەشەیە لە ئێستادا، چونکە بە هیچ پێوەرێک ئیسرائیل دڵنیا نییە لەوەی سووریای ئەحمەد شەرع دوژمنی ئاییندەی ئیسرائیل نابێت، یان پشتگیریی فەڵەستین و دژایەتیی ئیسرائیل ناکات. ستراتیژیی ئیسرائیل ئەوەیە سووریا لاواز و دابەش بێت بەسەر جۆرێک لە نامەرکەزی، یان فیدرالیزم؛ بە جۆرێک کە دەسەڵاتی ناوەند لەو ئاستە نەبێت هەڕەشە بۆ ئیسرائیل دروست بکات؛ بۆ جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژییە ئیسرائیل پشت بە ئیدارەی نوێی ترەمپ و پێکهاتەکانی تری سووریا، بەتایبەتیش کورد و درووز و عەلەوییەکان، دەبەستێت. ئەم ستراتیژییەی ئیسرائیل تەواو دژی بەرژەوەندییەکانی تورکیایە.

هەرچی ئەردۆغانە دەیەوێت سووریا وەک ناوچەیەکی کاریگەر ( sphere of influence)ی خۆی بۆ فراوانکردنی هێزی هەرێمیی تورکیا بەکار بهێنێت. بۆ ئەمەیش کار دەکات بۆ ئەوەی کارتەکانی دەست ئیسرائیل بکوژێت؛ واتا پاڵپشتیی ئەمریکا و کەمینەکانی سووریا و ئەگەری گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ سووریا. ئەردۆغان لە هەرسێ ئاستدا کار دەکات، بەتایبەت لە ڕێگەی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی هەرێمیی جێگرەوە بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، کە هێزەکانی سووریای دیموکرات، كە سەری ڕمی ئەو هاپەیمانییەن، کۆتاییی پێ بهێنێت. ئەمانە هەمووی ئەگەری بەریەکەوتنی تورکیا و ئیسرائیل خێراتر دەکەن، ئەگەر ئەمریکا و ئەوروپا چارەسەرێک بۆ دڵنیاییدان بە ئیسرائیل نەدۆزنەوە.

بە پشتبەستن بەو شرۆڤەیە، هێشتا پرسی سووریای دوای ئەسەد لە مەترسی و قەیرانێکی تری هەرێمی ڕزگاری نەبووە. تورکیا و دەسەڵاتی نوێی سووریا دەیانەوێت بەخێرایی شەرعییەتێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ دەسەڵاتی نوێی سووریا دروست بکەن، بەڵام ئەمە بەربەستی زۆری لەبەردەمدایە و، چارەسەرێکی ئاڵۆزی پێویستە بۆ ئەوەی سووریای نوێ دروست بکرێتەوە.

 

سەرچاوەکان:

 

  1. Fawcett, L. (2011). ‘Regional Leadership? Understanding Power and Transformation in the Middle East’. In N. Godehardt & D. Nabers (Eds.), Regional Powers and Regional Orders (pp. 155–172). Routledge.
  2. Kappel, R. (2015). ‘Israel: The Partial Regional Power in the Middle East’. In: Godehardt, N. and Nabers, D. (eds.) Regional Powers and Regional Orders. Palgrave Macmillan, pp. 145–161. Available at: https://link.springer.com/chapter/10.1057/9781137484758_8 [Accessed 29 Mar. 2025].
  3. Kappel, R. (2011). On the Economics of Regional Powers: Theory and Empirical Results. GIGA Working Paper No. 145. German Institute of Global and Area Studies (GIGA). Available at: https://www.files.ethz.ch/isn/121210/wp145_kappel.pdf. [Accessed 29 Mar. 2025].
  4. CNN, 2024. (September 29, 2024) Israel’s War with Lebanon: History and Consequences. Available at: https://edition.cnn.com/2024/09/29/middleeast/israel-war-lebanon-history-consequences-wedeman-intl/index.html [Accessed 29 Mar. 2025].
  5. The Kyiv Independent, (March 1, 2025). Israel Wants the US to Keep Syria Weak by Allowing Russian Bases, Sources Say. Available at: https://kyivindependent.com/israel-wants-us-to-keep-syria-weak-by-allowing-russian-bases-sources-tell-reuters/ [Accessed 29 Mar. 2025].
  6. ATS, (March 10, 2025). The Nagel Committee Report: Evolving Israel’s Defense Strategy. Available at: https://ats.org/our-impact/the-nagel-committee-report-evolving-israels-defense-strategy/ [Accessed 29 Mar. 2025].
  7. Associated Press (AP), (March 15, 2025). Turkey and Israel: Rising Tensions in Syria. Available at: https://apnews.com/article/turkey-israel-rising-tensions-syria-1e9f9e9d27517162a6559b1313bcb4e6 [Accessed 29 Mar. 2025].
  8. Medya News, (March 24, 2025). Israel and Turkey on Collision Course in Syria after Palmyra Airstrikes. Available at: https://medyanews.net/israel-and-turkey-on-collision-course-in-syria-after-palmyra-airstrikes/ [Accessed 29 Mar. 2025].
  9. TurkPress, (March 25, 2025). Turkey’s Growing Influence in the Region. Available at: https://www.turkpress.co/node/105028 [Accessed 29 Mar. 2025].
  10. Moment Magazine, (March 26 2025). Turkey: An Emerging Enemy of Israel? Available at: https://momentmag.com/turkey-emerging-enemy-israel/ [Accessed 29 Mar. 2025].
  11. MSN News, (March 26, 2025). Israel and Turkey May Attack Each Other Due to This Country – It’s Not Lebanon or Gaza. Available at: https://www.msn.com/en-in/news/world/israel-and-turkey-may-attack-each-other-due-to-this-country-its-not-lebanon-or-gaza-the-name-is/ar-AA1BFFDL [Accessed 29 Mar. 2025].
  12. TurkPress, (March 26, 2025). Turkey’s Expanding Role in Syria and Its Regional Implications. Available at: https://www.turkpress.co/node/105040 [Accessed 29 Mar. 2025].
  13. JNS, (March 27 2025). Turkey’s Expansionism in Syria Creates New Challenges for Israel. Available at: https://www.jns.org/turkeys-expansionism-in-syria-creates-new-challenges-for-israel/ [Accessed 29 Mar. 2025].
image_pdfimage_print