پێنووس

پێکهاتەی مێژووییی فەرهەنگی سیاسیی کورد و ژیانی دیموکراتیک

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکان

پوختە

ئەم نووسینە بە نیگای کۆمەڵناسیی مێژوویی و تێزی فەرهەنگی سیاسی (كەلتووری سیاسی)، دەیەوێ لە چوارچێوەی تیۆریی ئاشتیی دیموکراتیکدا فەرهەنگی دەروونیی کۆمەڵگەی کوردی وەک سەرمایەیەکی مرۆیی لەگەڵ شارستانییەتی نوێی ڕۆژاوایی و ژیانی دیموکراتیکدا، بە مێتۆدی شیکردنەوەیەکی وەسفی، بەراورد بکات. ئانتۆلۆژیای لێکۆڵینەوەکە فەرهەنگی کوردی و چۆنێتیی توانای خۆگونجاندنی ئەو فەرهەنگەیه لەگەڵ دۆخی سیاسیی ئێستای جیهان. ئامانجی سەرەکی، ناسینی توانای فەرهەنگی سیاسیی کوردییە وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئاشتیی دیموکراتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا. گریمانەی پێشوەختە ئەوەیە کە فەرهەنگی سیاسیی کورد توانای هەڵگرتنی ژیانی دیموکراتیکی وەک “بەرگی براوە” (كارتی براوە) لە ناوچەکەدا هەیە.

پێشەکی

فەرهەنگی سیاسی ڕوانگەی زەینیی کۆمەڵگەیە بۆ ئاراستەدانی سیاسەت و، ڕەفتارەکانیش ڕێک دەخات. ئەو فەرهەنگە وەک سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتیی هەر کۆمەڵگەیەک بە درێژاییی مێژوو لەژێر فاکتەری جۆراوجۆردا ساز بووە و تواناگەلێکی بۆ پەرەسەندن هەیە یان بەپێچەوانەوە لەوانەیە ببێتە ئاستەنگ لە بەردەم پەرەسەندن. ئەگەر فەرهەنگی سیاسی بڕ بکات، دەتوانێ ببێتە یەکێک لە پێکهاتە بناغەیییەکان بۆ دامەزراندنی ژیانی دیموکراتیک؛ چونکە یەکێک لە بازگەکانی پەرەسەندن دروستبوونی ژیانی دیموکراتیکە. بەڵام، بەهۆی جیاوازیی فەرهەنگی سیاسی لە وڵاتاندا وێنەی دیموکراسی لە هەر شوێنێک بە جۆرێکە؛ تەنانەت هەندێکیان وێڕای هاتنی شەپۆلەکانی دیموکراسی، نەیانتوانی ببنە وڵاتی دیموکراتیک. هەندێکیشیان کەوتنە بەر سیاسەتی فەرهەنگسازیی تاکڕەهەندانەی ئایدیۆلۆژیای چەپگەرا و کۆمۆنیستییەکان و دوایییان بە شکان هات. لەو ناوەدا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەهۆی ڕێکنەکەوتنی فەرهەنگە سیاسییەکەیان لەگەڵ بەهاکانی دیموکراسی، نەیانتوانیوە ژیانی دیموکراتیک ساز بکەن. لەو ناوەدا فەرهەنگی سیاسیی کورد جێی سەرنجە.

بەو پێیەی ستراکچەری سیاسەت لە جیهاندا لە دۆخی ڕکەبەرایەتییەوە بۆ هاوڕێیەتیی زلهێزان بەرەو گۆڕان دەڕوات و پێ دەچێ گۆڕانی جیۆپۆلیتیکیی نوێ ڕوو بدەن، گرنگە وڵاتان توانای دەروونیی خۆیان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ سیاسەتی نوێی جیهان بناسن. لەو دۆخە پڕ لە گۆڕانەی سیاسەتی جیهان و هەلومەرجی تەماویی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، پرسیار ئەوەیە کە کورد چیی هەیە و دەتوانێ چی بکات بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ ستراکچەری نوێی هێز لە جیهاندا ڕێک بخات؟ وەڵامی کاتی بۆ ئەو پرسیارە ئەوەیە کە، کورد بەپێی فەرهەنگی سیاسیی ڕاستینەی خۆی دەتوانێ لەگەڵ میراتە هاوبەشەکانی جیهانیدا بسازێ و سەرنجی دونیا بۆ فەرهەنگی خۆماڵیی خۆی کە لە شارستانییەتی نوێی ڕۆژاواییشەوە نزیکە ڕابکێشێت؛ بەو مەرجەی بتوانێ بە ئامرازی سیاسەت سەرمایەی فەرهەنگیی خۆی لەگەڵ سیاسەتی جیهان بگونجێنێت. بەو ڕوانگەیەوە، لەناو کەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، کە لە دوای جەنگی سارددا ودمی لە بەهاکانی ژیانی دیموکراتیک وەرگرتووە، فەرهەنگی کورد هەڵدەسەنگێنین بۆ ئەوەی بزانین توانای دیموکراتیزەبوونی بە ئامانجی پەرەسەندن چەندەیە.

تیۆریی ئاشتيی دیموكراتيك

تیۆریی ئاشتیی دیموکراتیک (Democratic Peace Theory)، سەرەڕای هەموو ڕەخنە و نموونەی دژەیەک، یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین تیۆرییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. ئەم تیۆرییە لەسەر پایەی هزری سوودگەرایی (Utilitarianism)ی “جێرمی بێنتهام”، کە ئاماژە بە خۆشی و ناخۆشی دەکات، هەڵچنراوە و تەنانەت دەستوور و یاسای بنەڕەتییشی لەسەر ئەو تیۆرییە داناوە. بەپێی ئەو تیۆرییە سیاسەت دەبێ دەرد کەم کات و خۆشییەکان زیاد بکات. “ئیمانوێل کانت”یش بە ئیلهاموەرگرتن لەو تیۆرییە دەڵێ: “دیموکراسییەکان لەگەڵ یەكتر شەڕ ناکەن.”

ڕیشاڵەی ئەم تیۆرییە لەناو سیستەمی لیبرالیزمدایە و پێی وایە سیستەمە دیموکراتیکەکان بەهۆی ستراکچەری سیاسی و نۆڕمە هاوبەشەکان کەمتر لەگەڵ یەکتر بەشەڕ دێن. بنەماکانی ئەو تیۆرییە بریتین لە ئەنیستیتوشنی دیموکراتیک کە تێیدا دەسەڵات نوێنەرایەتیی خەڵک دەکات و بڕیارە هەستیارەکانی وەک جەنگیش لەدەست “پەرلەمان”دایە. هەروەها گرێدراوێتیی ئابووریی دوولایەنە و شەفافییەتسازی، کە تێیدا زانیارییەکان لەبارەی سیاسەتی دەوڵەت ڕوونترن، ئەو ئاشتییە پتەوتر دەکات. لەو کەشەدا نۆڕمە ئاشتیئامێزەکان دەبنە داڕێژەی سیاسەتی دەرەوە و کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارە دەبن. هەرچەندە سیستەمە دیموکراتیک و نادیموکراتیکەکانیش تووشی شەڕ دەبن، بەڵام بەپێی ئەزموون لە دووسەد ساڵی ڕابردوودا وڵاتانی دیموکراتیک لەگەڵ یەکتر نەکەوتوونەتە شەڕ. بەتایبەتی لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە زۆربەی سیستەمە دیموکراتیکەکان لەگەڵ یەکتر هاوپەیمان بوونە. (Maoz and Russett, 1993: 624-627) لەسەر ئەم تیۆرییە “مایکل دۆیل” و “برووس ڕاسێت” ئاماری مەیدانییان کۆ کردەوە. لێرەدا ئەو کۆمەڵگە و وڵاتانە توانای پیادەکردنی ئاشتیی دیموکراتیکیان هەیە کە لە بەستێنی کۆمەڵایەتی و ستراکچەری مێژووییدا فەرهەنگی سیاسی و مەدەنییان توانای هەڵگرتنی نۆڕمە دیموکراتیکەکانیان هەبێت.

فەرهەنگی سیاسی و ژیانی دیموکراتیک

لە کۆنەوە لەناو دەقە سیاسییەکانی یۆنانی و ڕۆمییاندا تاوتوێی ڕۆحیات و سروشتی نەتەوەکان، شێوازێک بووە بۆ تێگەیشتنی سیاسی. (Sariolqalam, 2008: 11) بۆ وێنە، “سوقرات” جۆراوجۆرێتیی فەرهەنگی و ڕەنگدانەوەی ئەو جیاوازییانەی لەناو سیستەمە سیاسییەکاندا دەبینی و جیاوازیی نێوان یۆنانی و نا-یۆنانیی لەناو زەینە جیاوازەکانی خەڵکی سەر بەو دوو دونیا وێکنەچووە دادەنا. (Dalton, 2000: 912) لەو سەردەمەدا لە چوارچێوەی دەروونناسیی سیاسیدا “تایبەتمەندیی نەتەوەیی” جێی سەرنجە کە مەبەست لێی کۆمەڵە تایبەتمەندی، داب و توانایەکە کە مێشک، ڕەگ و پێکهاتەی نەتەوەکان دادەڕێژێت و “فەرهەنگی سیاسی” پێک دێنێت.

لە پێناسەیەکدا، چەمکی “فەرهەنگی سیاسی” لە دیدی “گابریل ئالمۆند” (Gabriel Almond) و “سیدنی ڤێربا” (Sidney Verba)، کە بە “فەرهەنگی مەدەنی” (The Civic Culture) ناو دەبردرێت، کۆمەڵە ڕوانگە، بەها، باوەڕ و هەستی سیاسیی ئەندامانی گرووپێکە کە کاریگەرییان لەسەر ڕەفتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە. واتە، فەرهەنگی سیاسی وەک بەشێک لە فەرهەنگی کۆمەڵایەتی، دیدگەی کۆمەڵگەیەکە لە بەرامبەر سیستەمی سیاسی، نوخبەی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی. (Azghandi, 2006: 74) کەواتە بیرکردنەوەی مرۆڤ لەژێر کاریگەریی بەستێنی کۆمەڵایەتی و مێژووییدایە.

زۆر فاکتەری دیکەی وەک جوگرافیا، مێژوو، ستراکچەری سیاسی و کۆمەڵایەتی، باوەڕ، ئابووری، میدیا، پیشەسازی و دەسەڵات کاریگەرییان لەسەر فەرهەنگی سیاسی هەیە. بۆیە فەرهەنگی سیاسی شتێکی زیندووە و لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دیکە، بە شێوەیەکی هێواش دەگۆڕدرێت و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە.

یەکێک لە نموونەکانی فەرهەنگی سیاسی، کاریگەریی درێژخایەنی ئایینی پرۆتێستانیزمە لەسەر شکڵگرتنی دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکانی سەرمایەداریی مۆدێرن، پەرەسەندنی عەقڵانییەت، سیستەمی بیرۆکراتیک، تاکگەرایی و سیکۆلاریزم کە “ماکس وێبێر” بە “ئەخلاقی پرۆتێستانی و ڕۆحی سەرمایەداری” ناوی دەبات. (Weber, 2002)

لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، داب و نەریت و شێوازی ژیانی میللەتان، وەک ئاشتی، دادپەروەری و مرۆڤدۆستی، کە لەناو ئایین و فەرهەنگدا دەبینرێت، لەگەڵ میراتی هاوبەشی مرۆڤایەتی نزیکە. ئەو فەرهەنگە وەک ژێرخانی ڕەفتاری سیاسی، کاریگەریی لەسەر پەرەسەندنی سیاسی و سەقامگیریی سیستەمی دیموکراسی هەیە. بەتایبەتی ئەگەری دانانی دامەزراوەی دیموکراتیک لە هەر وڵاتێکدا لە دوای جەنگ لەژێر کاریگەریی تایبەتمەندی و میراتی نۆڕم و فەرهەنگی ئەو وڵاتەدایە. بۆیە “کارل مانهایم” ژیانی دیموکراتیک به دەرەنجامی گۆڕانگاریی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دادەنێت. (Mannheim, 1956) لە دیدی “مانهایم” دیموکراسی تەنیا دیاردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکوو دەبێ پێشینەکەی لەناو فەرهەنگی دیموکراتیکدا بدۆزینەوە. (Noah, 2022: 429)

ناسازگاریی فەرهەنگی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لەگەڵ دیموکراسی

لە دوای شەپۆلی سێیەمی دیموکراسییەوە تەنیا سیستەمی چەند وڵاتێکی جیهان بە نادیموکراتیک مانەوە کە بەشێکیان دەکەونە ناو ڕۆژهەڵاتی ناڤین و هۆکارەکەی لەناو فەرهەنگی سیاسیدا شیاوی تاوتوێیە. (Bashiriyeh, 2005: 11) فەرهەنگی سیاسیی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینیش کەتۆتە ژێر هۆکاری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی. جگە لە ناسەقامگیریی سیاسی، لە ڕابردوودا زۆربەی ئەو کۆمەڵگەیانە کۆلۆنیالیزە بوون و ئەزموونی دیکتاتۆرییشیان هەبووە. لە ڕووی ئابوورییەوە لەرزۆکیی ژێرخانی ئابووری، درزی بەرینی چینایەتی، گرێدراوێتی و هەبوونی ئابووریی ڕانتی، کاریگەریی لەسەر فەرهەنگی سیاسی هەبووە. بۆیە لەو وڵاتانەدا، بەپێچەوانەی یۆنانی کۆن، لە جیاتی ئەوەی هاووڵاتی (Citizen) گەشە بکات، ستراکچەرێکی زۆردارانەیان هەر ماوە و تێیدا خەڵک متمانەیان بە دامەزراوە دەوڵەتییەکانیان کەمە.

لەناو زۆربەی کۆمەڵگەکانی ئەو ناوچەیەدا بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەی مەدەنی، لاواز، پێنەگرتوو و دەستکردن. ئایین و ئایدیۆلۆژیا لە ناوچەکەدا ڕۆڵێکی گرنگیان لە سیاسەتدا هەیە و ئایین ڕەوایەتی دەداتە دەسەڵات کە لەگەڵ پلۆرالیزمدا ناسازگارە. هەروەها سازەی تائیفی و عەشیرەیی لەناو زۆربەی ئەو وڵاتانەدا دەبینرێت کە بۆتە هۆی ئەوەی شوناس (ناسنامە)ی نەتەوەیی ساز نەبێت. هەروەها، دستوەردانی زلهێزانیش لە ناوچەکەدا ئاسۆی ژیانی دیموکراتیکی تار کردووە. تەنانەت ئەو شێوە دیموکراسییەی کە لە هەندێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هەیە دیموکراسییەکی هەیکەلی (Aggregative Democracy) و بێناوەڕۆکە.

لەناو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا چوار نەتەوەی گەورەی کورد، فارس، عەرەب و تورک هەن کە بەهۆی جیاوازیی نەتەوەیی، ئایدیۆلۆژی و ئابووری کێشەیان لە نێواندا هەبووە؛ لەناویاندا سێ نەتەوەی عەرەب، فارس و تورک مێژوویەکی پڕ لە شەڕ و خوێناوییان لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ جیهاندا تۆمار کردووە.

عەرەب پێش هاتنی ئیسلام شەڕی قەبیلەیی و ناوچەیییان هەبووە و دوای ئیسلام تا دەگاتە سەردەمی بەعس، داعش و پەیدابوونی بوونی کەسانی وەک قەزافی و ئەسەد هەر کوشتاریان کردووە و ئەو کوشتنە تا ئێستا نەبڕاوەتەوە. بەهۆی ئەو گرفتە ستراکچەرییە “بەهاری عەرەبی”، کە بەڕواڵەت هیوای هاتنی هەوایەکی دیموکراسی بۆ ناوچەکە و وڵاتانی عەرەبیی پێوە بوو، نەیتوانی ژیانی دیموکراتیک بێنێتە ئاراوە.

بە گوێرەی ئەدەبیاتی ناوچەکە، تورک هەر لە کاتی کۆچنشینییەوە بە جەنگاوەر ناسراون و لە کۆنەوە بەردەوام خەریکی کۆنتڕۆڵی ڕێڕەوە بازرگانییەکان بوون. هیچ نەبووبێ وەک شەڕوان شەڕیان بۆ عەباسی و ئێرانییەکان کردووە. کاتێکیش دەسەڵاتیان هەبووە، جگە لە شەڕە ناوچەیییەکان، شەڕی سەلیبییەکانیانیشیان کردووە. ئەوان هەر لە پێش سەردەمی عوسمانی تا دەگاتە ئیمپراتۆریی عوسمانی، شەڕی چەند دەیە و چەند سەدەیییان لەگەڵ دونیادا هەبووە و لە ناوچەکەدا کارنامەی “ئەرمەنیقڕان”یان هەیە. تەنانەت لە سەردەمی کۆماری تورکیادا، جگە لە شەڕی ناوخۆیی، شەڕیان لەگەڵ جیرانەکانیان هەبووە و تا ئێستا لە شەڕەکانی ناوچەکەدا ڕۆڵی شەڕانگێزانەیان هەیە.

نەتەوەی فارس هەر لە چاخی کۆنەوە هێرشی داگیرکارانەیان لە ناوچەکەدا کردووە و لەگەڵ وڵاتانی دوورتریش تووشی جەنگی گەورە و درێژخایەن بوون. لە دوای هاتنی ئیسلام تا ئێستا جەنگی مەزهەبی و ئایدیۆلۆژییان نەبڕاوەتەوە. ئەوان لەو سەردەمەدا لەگەڵ عێراق تووشی گەورەترین شەڕ بوون. ئەگەرچی ئەدەبیاتی فارسی وەک بەشێک لە فەرهەنگی ئەو نەتەوەیە لە ئاشتەوایی دواوە، بەڵام مێژووە سیاسییەکەیان، که پڕە لە پەلاماردانی هیندی و گورجییان، دوورە لە ئەدەبیاتیان.

سەرنج ئەوەیە کە میللەتەکانی ئەو سێ نەتەوەیە بەهۆی دەمارگرژییەوە نەک هەر ئەو کوشتارەی دەسەڵاتدارانیان ئیدانە نەکردووە، بەڵکوو شانازییشی پێوە دەکەن. ئەمە هەمووی نیشانەی ئەوەیە کە سازی فەرهەنگەکەیان لەگەڵ سوننەتی دیموکراسیدا ناسازە.

لەو نەزمە نوێیەی جیهانیشدا بەدیموکراتیبوونی سیستەمی جیهانی لەگەڵ دیموکراتیزەسازیی دەوڵەتەکان یەکتر ناگرێتەوە. (Archibugi, 2004: 437) بەتایبەتی، “ڕۆژهەڵاتی ناڤین مەرج و بەستێنی دیموکراتیزاسیۆنی تێدا نییە.” (Posusney and Angrist, 2005: 12-14) واتە، زەمینەی مێژوویی و فەرهەنگیی ئەو وڵاتانە جیاوازە لە ستراکچەری فەرهەنگیی وڵاتانی دیموکراتیک. بەو پێوەرەی، مرۆڤی دیموکرات، کە باوەڕیان بە بەهاکانی دیموکراسی هەبێت، کۆمەڵگەی دیموکراتیک ساز دەکات، مرۆڤی دیموکراتیک، لەو کۆمەڵگەیانەدا نین و کەرخی هەر حکوومەتێکیش لەناو کۆمەڵگەکەیدایە؛ بۆیە لەو وڵاتانەدا نە ژیانی دیموکراتیک و نە سیستەمی دیموکراسی بەئاسانی دانامەزرێت.

لەگەڵ ئەوەدا، لە دوای هێرشی تیرۆریستیی یازدەی سێپتەمبەر، ئەمریکا چیتر پشتی بە دەوڵەتەکانی ناوچەکە نەبەست، چونکە گەیشتە ئەو باوەڕەی کە تیرۆریزم لە دڵی ئەو دەوڵەتانەوە هەڵدەقووڵێ. واتە، ڕۆژهەڵاتی ناڤین کە بە درێژاییی مێژوو شوێنی پێکدانانی نەتەوەکان و جەنگی مەزهەبی بووە، ئێستا بۆتە چاوگەی تیرۆریزم. بۆیە تیۆریی ئاشتیی دیموکراتیک کەوتەوە بەر سەرنجی ستراتیژیستە ئەمریکییەکان. ئەوان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە دیموکراتیزاسیۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا دەبێتە ڕێگر لە بەردەم تیرۆریزم.

بەو نیازەوە، ئەمریکا تێچوویەکی فرەی بۆ ئەفغانستان و عێراق دانا؛ بەڵام وێڕای پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان ئەو وڵاتانە نەیانتوانی ژیانی دیموکراتیک بونیاد بنێن. ئەمریکا، بە ئاراستەی بەرژەوەندییە ستراتیژیکەکانی خۆی، ئامانجی وەشاندنی تۆوی دیموکراسیی لە ناوچەکەدا هەبوو؛ بەڵام کۆمەڵگەی ئەفغانستان و عێراق توانای مێژوویی و شارستانییەتیان بۆ وەدیهاتنی ژیانی دیموکراتیک نەبوو و نەیانتوانی ستراکچەری دیموکراسی لەسەر شانی خۆیان بار بکەن. بۆیە دواجار لە ئەفغانستان حکوومەتێکی مەزهەبی هاتەوە سەر کار و عێراقیش تووشی شەڕی تائیفی بۆتەوە.

ڕاستییەکەی، لەناو زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا لەبەر نەبوونی ئەلتەرناتیڤێکی دیموکراتیک دونیا هێشتا ناچارە لەگەڵ حکوومەتە دیکتاتۆرەکان بسازێت. بۆ نموونە “محەمەد بن سەلمان” بە هاوکاریی ئەمریکا تەوەرایەتیی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی بەدەستە و بۆتە جەمسەرێکی سەرمایە؛ لە کاتێکدا دوور لە دابی دیپلۆماسی دەڵێن “خاشقچی”یان لەناو سەفارەتەکەیاندا کوشت. هەروەها “محەمەد جۆلانی” بەهۆی نەبوونی ئەلتەرناتیڤ، لە توندڕەوێکەوە بۆتە سەرۆکی وڵاتێکی وەک سووریا.

پێکهاتەی مێژووییی فەرهەنگی سیاسیی کورد

دیارە کە فەرهەنگ بە ڕۆژێك و دووان دروست نابێت، بەڵکوو دروستکراوی دوورودرێژی کۆمەڵایەتییە و فاکتەرگەلێک دروستی دەکەن. بەپێی بەراوردێکی مێژوویی، شوناسی کورد لە سێ پێستەی شارستانی پێک هاتووە؛ یەکەمیان بۆ بەر لە هاتنی ئیسلام دەگەڕێتەوە کە نەورۆز و کیانی سیاسیی وەک “دەوڵەتی ماد”ی تێدایە و لەوێدا کورد وەک گەلێکی ئاشتیخواز ناوی دەرکردووە.

دووەم لە دوای ئیسلام زۆربەی کورد خۆویستانە ئایینی ئیسلامی وەرگرتووە. بەو پێیەی نەبوونی دیموکراسی لە کۆمەڵگە موسڵمانەکان بۆ فەرهەنگ دەگەڕێتەوە (Huntington 1996: 114) کورد لەناو ڕەوتە ئیسلامییەکانیشدا هەوڵی داوە ئیسلامی بێقڕە و ناتوندڕەو هەڵبژێرێت. لە جیاتی مەزهەبە نەقڵگەراکان مەزهەبی نەرمتر و سادە و تەریقەتەکانی تەسەوف و عیرفانی، زوو هاتنە ناو کۆمەڵگەی کوردان. سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی مەزهەبەکانی ئیسلامی لەناو بەشێکی خەڵکی کورددا هەیە، بەڵام کورد خۆبەخۆ لەسەر مەزهەب لەگەڵ یەکتر شەڕیان نەکردووە. بۆیە لەو چوارچێوە ئایینییەدا کۆمەڵگەیەکی خاوێن و ڕاستگۆ بووە.

سێیەم، کورد زوو شارستانییەتی ڕۆژاواییی نوێی وەک سەمبولەکانی دیموکراسی، کۆماری، هەڵبژاردن، فرەحزبی، مافی مرۆڤ، ئازادیی ژن، پێکەوەژیان، مرۆڤدۆستی و ئازادی، وەرگرتووە. ئەگەر سەیری کوردی هەندەران بکەین دەبینین کە ئەوان دوور لە تاوانکاری، بە ڕەفتاری ئەرێنیی خۆیان بوونەتە ئاوێنەیەکی ئەخلاقیی کورد. ئەوان توانیویانە وەک هاوشاریانی یاسامەند لە وڵاتانی دیکەدا خۆیان لەگەڵ فەرهەنگەکانی دیکەدا بگونجێنن و لەدژیان ڕانەوەستن. بۆیە وەک سەرمایەیەکی فەرهەنگیی کورد لە قەڵەم دەدرێن و پێویستە کاری زیاتریان لەسەر بکرێت و پتر بدیترێن.

لەناو مێژوودا دەبینین کە کورد لانی کەم دەسەڵاتەکانی ناوچەیی وەک میرنشینی هەر هەبووە، بەڵام نەک هەر هێرشیان بۆ گەلانی دیکە نەکردووە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە هێرشی ناڕەوایان کراوەتە سەر. کاتێک دەڵێن کورد بوێرە، لە کاتی بەرگریدا چاونەترسییەکەی دەرکەوتووە. ئەگەر کورد تووشی شەڕیش بووبێ، شەڕەکەی تەنیا بۆ وەدەستهێنانی مافی سروشتیی خۆی بووە. کەواتە، هیچ فەکتێکی نەرێنی و دژەدیموکراسی لەناو فەرهەنگی کوردیدا نییە. ئەگەر کوردێکیش لەناو سیستەمێکی ئایینی یان لە چوارچێوەی ئیمپراتۆرییەکدا بەشداریی لە شەڕێکی ناڕەوادا کردبێت، ئەوا بە فەکتێکی فەرهەنگی و دەروون-سیستەمیی کوردی هەژمار ناکرێت.

لە ڕووی فەرهەنگییەوە ئاشکرایە کە میللەتی کورد هەمیشە خەڵکێکی میوانگر بووە. بۆ نموونە کاتێک یەهوودییەکان لە بابل ڕۆیشتن، پەنایان بۆ کوردستان هێنا و لەناو کورداندا ئازادیی فەرهەنگی و ئایینییان هەبوو. تەنانەت لە کردەوەی هەنووکەییشدا کورد بە بەراورد لەگەڵ ئیسرائیلدا فەرهەنگی ژیانی دیموکراتیکتری هەیە؛ هەروەها فەرهەنگی پلۆراڵ و پێکەوەژیان لەناو دڵی گوندێکی دوورەدەستدا، بەبێ دەستی حکوومەت و یاسا، دەبینرێت. هەروەها به‌پێی نووسینی ڕوژهەڵاتناسان و میژوونووسانی ناوچه‌که، ژنە کورد لەچاو ژنانی نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکەدا، بەتایبه‌تی له نێوان زاگرۆسنشیناندا، ئازادییه‌کی به‌رچاویان هه‌بووه و تەنانەت “بەشدارییان لە مەیدانی سیاسی، ئابووری و سەربازیدا کردووە.” (Bruinnessen, 2001: 95) لە نموونەیەکی دیکەدا، “سەددام”ێک کە کوردی ئەنفال و کیمیاباران کرد بە کچەکەی خۆی دەڵێ: “ئەگەر تووشی بەڵا بووی، پەنا بۆ کوردان بەرە.”

ئەگەرچی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا کەمینە نییە، بەڵام بەهۆی پارچەکردن لەناو هەر وڵاتێکی دەستکردا تاڵاوی کەمینەبوونی چێشتووە و تووشی جیاکارییەکی سیستەماتیک بووە؛ بۆیە حەزێکی پتری بۆ دیموکراسی وەک میکانیزمێکی فریادڕەس هەیە؛ بەو ڕوانگەیەوە لە گەرمەی جەنگی جیهانیی دووەمدا کورد یەکەمین نەتەوە بوو کە دەوڵەتێکی دیموکراتیکی لە مەهاباد دانا. کورد ئەگەر لە پێناو مافی ڕەوای خۆیدا خەباتیشی کردبێت، هەمیشە بۆ گفتوگۆ، کە یەکێکە لە سوننەتەکانی دیموکراسی، ئامادە بووە. لەو پێناوەدا زۆربەی ڕێبەرانی کورد لەسەر مێزی گفتوگۆ بوونەتە قوربانی. بۆ وێنە، “پێشەوا قازی” دوای ئەوەی کۆماری دیموکراتیکی بونیاد نا، ئامادەی گفتوگۆ بوو کەچی لەسێدارە درا. لە کاتێکدا “سەید جەعفەر پیشەوەری” کە لە قازی بەهێزتر بوو، گفتوگۆی نەکرد و ڕۆیشت.

هاوگریی فەرهەنگی سیاسیی کورد لەگەڵ دیموکراسی

بەو پێیەی ستراکچەر و هۆکارە مرۆیییەکان کاریگەرییان لەسەر کردەوەی تاک و کۆمەڵ لە سەردەمی مۆدێرندا هەیە، فەرهەنگ و شارستانییەتەکانی کوردی لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی شیاوی بەراوردکردنن. لێرەدا پێکگرتنی فەرهەنگی سیاسیی کورد لەگەڵ سوننەتی دیموکراسی، کارێکی کۆمەڵناسیی مێژووییی درێژمەودایە که تاوتوێی گۆڕانکاریی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە سەردەمی جیاوازدا دەکات. بە دیدێکی کۆمەڵناسیی مێژوویی و لێکۆڵینەوەی شارستانییەتی، دیارە نەتەوەی کورد خاوەنی فەرهەنگی نزیک لە سوننەتی دیموکراسی و هەڵگری پلۆرالیزمە کە بە سەرمایەیەکی مرۆیی لەو سەردەمەدا دێتە هەژمار.

کورد بەبێ ئەوەی دەوڵەتی هەبێت توانای دیموکراتیزەسازیی لە خۆی نیشان داوە و دواتریش لە ڕووی کردەوەی سیاسی و دامەزراوەی سیاسییەوە دیموکراتیک بووە. بۆ نموونە، پێش دروستبوونی حکوومەتی کوردستان، حزبی هەبووە و دوای دانانی حکوومەتیش دامەزراوەی دیموکراتیکیان دانان. بەو پێیەی “گرنگترین وانەی مێژووی دیموکراتیزاسیۆن ئەوەیە کە لابردنی ڕژێمێکی نادیموکراتیک سەخت نییە، بەڵکوو دانانی دامەزراوەی دیموکراتیک کارێکی ئەستەمە” (Huntington 1993: 125)، کورد توانیی دیکتاتۆرێکی وەک سەددام لەسەر خاکی خۆی دەربکات و حکوومەتێکی دیموکراتیکیش، هەرچەندە جارێ هەر دیموکراسییەکی ناقووڵە (Surface Democracy)،  دروست بکات.

ئەمە توخمێکە کە ڕۆژاوایییەکانیش لەناو کورددا دۆزیویانەتەوە. بۆ نموونە بیرمەند “نوام چۆمسکی” و ئەنترۆپۆلۆگی ئەمریکی “دەیڤید گرێبەر” ئاماژە بە توانای دیموکراتیزەبوونی کورد دەدەن. هەروەها “دەیڤید ڕۆمانۆ” پێی وایە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا دەتوانێ ڕۆڵی گرنگ بۆ دامەزراندنی دیموکراسی ببینێت. (Romano, 2020: 210) سەرەڕای کێماسییەکان، ئێستا کورد ئەزموونی حکوومەتێکی دیموکراتیکی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.

لەو سەردەمەدا گرنگە ئەوە بزانین که ستراکچەری دەسەڵات و بینای هێزی جیهانی، کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە لەسەر بنەمای دوو جەمسەری دەسەڵات و ڕکەبەرایەتیی زلهێزان ساز ببوو و تا دوای جەنگی ساردیش ئەو سیستەمە هەر بەردەوام بوو، بە هاتنەوەی ترامپ و بەهێزتربوونی ناسیۆنالیزم خەریکە ستراکچەری هێز لە جیهاندا لە ڕکەبەرایەتیی زلهێزانەوە دەگۆڕێت بۆ یەکگرتنی زلهێزان. ئەم ڕەوتە جگە لەوەی سیستەمی هێز لە جیهاندا دەگۆڕێت، لەوانەیە گۆڕانی جیۆپۆلیتیکییشی لێ بکەوێتەوە. دوور نییە لەو گۆڕانکارییەدا ئەو وڵاتانەی کە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی خۆیان کردۆتە قوربانیی یەکێک لە زلهێزان، تووشی شێوان بن. لە بەرامبەردا ئەو وڵاتانەی کە پێداچوونەخوازییان کردۆتە پیشە و درکیان بەوە کردووە کە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتیمانی گرێداروی توانای دەروونیی کۆمەڵگەیە، دەتوانن خۆیان لەگەڵ سیستەمی نوێی جیهانیدا بگونجێنن.

کورد لەناو نەزمی سیاسیی جیهان و لە چەند گۆڕانێکی جیۆپۆلیتیکیدا دۆخی سیاسی و جوگرافییەکەی گۆڕاوە. کەواتە، لەو گۆڕانە نوێیەی ستراکچەری هێزیش لە جیهاندا، لەوانەیە کورد بکەوێتە ناو مەیدانێکی نوێ که دەرفەت و هەڕەشەی تێدایە. بۆیە گرنگە کورد بەرژەوەندییەکانی خۆی بەپێی توانای خۆی بناسێت. یەکێک لە شێوازەکانی ئەو ناسینە، گەڕانەوەیە بۆ فەرهەنگ و هەڵسەنگاندنی تواناکان بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی کورد کە پێویستیی ڕۆژگارە. بەپێی ئەو پێویستییە، گرنگ ئەوەیە سیاسەت بۆ ئەو فەرهەنگە دابنرێت و ئەوە بزانرێت کە هەر وڵاتێک لە دوای ڕزگاربوون، ئاسایییە کە ماوەیەک لە دوادا بڕوات و نیگای ئەمنییەتیی هەبێت، بەڵام ناکرێ ئەو قۆناغە گوزەرییە هێندە درێژە بکێشێت. لەو قۆناغەدا، به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی بۆ کورد له هه‌موو شتێک گرنگتره. بۆیە گرنگه کورد بناغه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی لەسه‌ر فه‌رهه‌نگ و شارستانییه‌تی کۆن، کە لەگەڵ نیازەکانی ئێستای جیهاندا گونجاون بونیاد بنێتەوە. بۆیە حوکمڕانی لەسەر بنەمای یاسا و فەراهەمکردنی دەرفەتی بەشداری بۆ زۆرینەی خەڵک لە ژیانی ئابووری و سیاسیدا مەرجی پێویستن. بەتایبەتی ئێستا کە سەرکردایەتیی کورد پشتیوانیی خەڵکی هەیە، گرنگە ئەو دەرفەتە مێژوویییە بە مەبەستی ڕێفۆرمی ستراتیژ لە سیستەمدا بقۆزێتەوە. بەتایبەتی لەناو کورددا وێڕای فەرهەنگی دەوڵەمەندی پێشوو، نەوەی تازە بەهاکانی دیموکراسی زیاتر بۆ گرنگە. بۆیە ئەمڕۆ کە پەرەسەندن و ئاشتیی دیموکراتیک نیازی ڕۆژهەڵاتی ناڤینە، دەکرێ بەو دۆخە دیموگرافییە پڕ لە گەنجەی ئێستا، شتێکی نوێ بە مەبەستی پەرەسەندنی کوردستان ساز بکرێت. گرنگە بەو بارە فەرهەنگی و سیاسەتی نوێیەوە بەرەوپیری شارستانییەتی نوێی جیهان بڕۆین بۆ ئەوەی پایەکانی دەوڵەتێکی دیموکراتیک لەسەر بناغەی فەرهەنگی ڕەسەنی خۆمان دابنێین.

دەرەنجام

لە چوارچێوەی تیۆریی ئاشتیی دیموکراتیک، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە فەرهەنگی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا وەک سەرمایەیەکی سیاسی و بەشێک لە میراتی هاوبەشی مرۆییی جیهانی، توانای سازگاری و گونجانی لەگەڵ سیاسەتی نوێی جیهان و دامەزراندنی ژیانی دیموکراتیک و دانانی دامەزراوەی دیموکراتیکی هەیە. واتە، لە دیالێکتیکی نێوان فەرهەنگ و شارستانییەتی کوردی لەگەڵ سوننەتەکانی دیموکراسی، “سەنتێز”ێک دێتە دەرێ کە دەکرێ وەک سەرمایەیەکی مرۆیی هەژمار بکرێت و ببێتە گرنگترین و کاریگەرترین نموونەی هەژمووندەر بۆ تەواوی ناوچەکە. لێرەدا بە گوێرەی مێژوو و ستراکچەری شارستانییەتی کورد، دەردەکەوێ کە کورد بەپێچەوانەی نەتەوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، نەک هەر لە بەرامبەر پەرەسەندن و دیموکراسیدا بەرگری ناکات، بەڵکوو زۆربەی پاڕامەترەکانی ستراکچەری دیموکراتیک لەگەڵ فەکتە فەرهەنگییەکانی دێنەوە.

بەو پێیەی کە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا لەسەر بنەمای ئاشتیی دیموکراتیک و مافی نەتەوەکان دێتە دی، کورد سەرمایەیەکی فەرهەنگیی سازگاری لەناو هەناوی خۆیدا لەگەڵ ژیانی دیموکراتیکدا هەیە. بەو ئامرازە نەرمە کورد لە ناوچەکەدا کارتی براوەی بەدەستە، چونکە ئەلتەرناتیڤێکی گونجاوی پێکهێنانی ژیانی دیموکراتیکە. لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا، کە فەرهەنگی دیموکراتیک لاوازە، کورد دەتوانێ سوود لە خاڵە فەرهەنگییەکانی خۆی وەربگرێت؛ چونکە فەرهەنگی سیاسیی کورد توانای هەڵگرتنی پارامەترەکانی دیموکراسیی هەیە و دەتوانێ بە دانانی سیاسەتی دروست لەگەڵ ستراکچەری سیاسەتی جیهاندا هاوئاهەنگ بێت. بەو جۆرە ئەو پەیامە بە دونیا دەگات که دروستبوونی دەوڵەتی کوردی دەتوانێ دیموکراسی بۆ ناوچەکە بەدیاری بێنێت.

لێرەدا وەک پێشنیار بۆ دەوڵەمەندکردن و تێرکردنی بابەتەکە بە فەکتی مێژوویی لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە، پێویستە پەنێلی نوخبەکان و دانیشتنی شارەزایان بکرێت.

سەرچاوەکان

Archibugi, Daniele (2004) “Cosmopolitan Democracy and its Critics: A Review”, European Journal of International Relations, 10: 437-473.

Azghandi, alireza (2006), An Introduction to Iranian Political Sociology, Tehran: Ghomes Publishing House. (Persian)

Bashiriyeh, hosein (2005), Transition to Democracy, Tehran Negahe moaser Publishing House. (Persian)

Bruinessen, Martin Van (2001). “From Adele Khanom to Leyla Zana: women as political leaders in Kurdish history”, Women of a Non– State Nation: the Kurds. ed. Shahrzad Mojab, California: Mazda Publisher, pp. 95-112.

Dalton ،R. (2000), citizen Attitudes and political Behavior ،”comparative political studies ،vol. 33 ،n. 6/7.

David Romano and Mehmet Gurses (2014), Conflict, Democratization, and the Kurds in the Middle East: Turkey, Iran, Iraq, and Syria, Palgrave Macmillan.

Huntington, Samuel (1993), The third wave democratization in the late twentieth century, Norman: University of Oklahoma Press.

Huntington, Samuel (1996), The Clash of Civilizations and the Remaking of the World Order. New York: Simon & Schuster.

Mannheim, K. (1956), Essays on the Sociology Of culture, Fisher, Frankfurt am main.

Maoz, Zeev and Bruce Russett (1993), “Normative and Structural Causes of Democratic Peace 1946-1986”, The American Political Science Review, Vol.87, No. 3, September, pp. 624-638.

Marsha, Pripstein Posusney and Michele, Penner Angrist (2005). Authoritarianism in the Middle East: Regimes and Resistance. Lynne Rienner Publishers, Inc., USA.

Navah, Abdolreza, A Reflection on Carl Mannheim’s Theory of Cultural Democracy in “The Democratization of Culture, Critical Studies in Texts & Programs of Human Sciences, Institute for Humanities and Cultural Studies (IHCS) Monthly Journal, Vol. 22, No. 1, Spring 2022, 427-446. (Persian)

Sariolqala, Mahmud (2008), Political Culture of Iran, Tehran: Research Institute for Cultural and Social Studies. (Persian)

Weber, Max (2002). The Protestant Ethic and the Spirit of Capitalism and Other Writings. Translated by Peter Baehr & Gordon C. Wells. Penguin Books.

image_pdfimage_print