پێنووس
2024

ئاسۆی جەنگی هایبریدی ئیسرائیل و ئێران

د. پەرویز ڕەحیم قادر– دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان/ دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی

ناڕوونی و ئاڵۆزی و فرەڕەهەندی، گرنگترین تایبەتمەندیی مۆدێرنترین شێوەی جەنگن. جه‌نگێک کە لە جیهاندا بە Hybrid warfare ناو دەبردرێت کە بریتییە لە جەنگی ئاوێتە و تێکەڵاو. چەند ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕاپۆرتێکی وردی سەبارەت بە “ئۆپەراسیۆنی نارنیا” (Operation Narnia) بڵاو کردەوە و باسی لەوە کرد، کە چۆن تەلئەبیب ساڵانێکە پلانی هێرشی فرەلایەنەی بۆ سەر ئێران داناوه‌. ڕۆژنامە لە ڕاپۆرتەکەدا کە بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتن لەگەڵ ١٨ بەرپرسی ئەمنیی ئێستا و پێشووی ئیسرائیل و ئەمریکا نووسیویەتی کە، پلاندانان بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بیستەم؛ کاتێک هەواڵگریی ئیسرائیل بۆ یەکەم جار ئەو جموجۆڵ و چالاکییانەیان دەستنیشان کرد کە هەوڵی کۆماری ئیسلامی بوو بۆ بنیاتنانی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی. لەو کاتەدا هەواڵگریی ئیسرائیل دەستی کرد بە دامەزراندنی تۆڕێکی بەرفراوان لە سیخوڕ لەناوخۆی ئێران بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێکی تێکدەرانە، کە بریتی بوو له‌ دوو تەقینەوە لە یەکێک لە شوێنە سەرەکییەکانی پیتاندن و، تیرۆرکردنی بەشێک لە زانایانی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی. ڕۆژنامەی تایمز (thetimes) لە ٢٨-٦-٢٠٢٥ بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکان ڕای گەیاندووە کە مۆساد ساڵانێکە دزەی کردووەتە ناو خاکی ئێرانەوە و خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری بووە لەسەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و، ڕەنگە ئەم چالاکییە هێشتا بەردەوام بێت. سیخوڕەکانی ئیسرائیل نەخشەی “دامەزراوەی نەتەنز”یان ئامادە کرد و دزەیان کردە ناو فەرماندەییی سوپای پاسداران.

ڕۆژنامەی تایمز نووسیویەتی، سیخوڕەکانی ئیسرائیل چوونەتە ناو دڵی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران و، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ژێرخانی بەرهەمهێنانی چەک لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە زۆر لەوە فراوانترە کە پێشتر بیری لێ دەکرایەوە. هەروەها ڕاپۆرتەکە لەسەر بنەمای بەڵگەنامە هەواڵگرییەکانە کە ئیسرائیل بە هاوپەیمانانی ڕۆژاوایی، لەوانەش ئەمریکا و بریتانیا، پێشکەشی کردووە. بەڵگەنامەکان بەرنامە نهێنییە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا دەکەن: “ئێران بەنیازی ئەوە بووە ساڵانە تا هەزار مووشەک بەرهەم بهێنێت، بە ئامانجی کۆتاییی کۆکردنەوەی نزیکەی ٨ هەزار مووشەک”. بەپێی ڕاپۆرتی تایمز، بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی کە کۆ کراونەتەوە، مۆساد گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە توانای تەکنەلۆژی و زانیاریی تەکنیکی و دەستڕاگەیشتن بە پێکهاتە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی “بەخێرایی و زۆر زیاتر لە توانای شوێنە گەورەکانی وەک فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان” پەرەی پێ دراوە.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت: دوا بە دوای هێرشەکانی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئیسرائیل نزیکەی دوو ساڵە هەڵمەتێکی لەناوبردنی حەماس و لاوازکردنی توندی حزبوڵڵای بەڕێوە بردووە. پاشان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی سووریای ڕژێمی “بەشار ئەسەد”یان ڕووخاند و، هەر ئەمەیش ڕێگەی خۆش کرد بۆ ئەوەی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بەبێ بەربەست لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا بفڕن. لەم ماوەیەدا تۆڕە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل لەناوخۆی ئێراندا تا ڕاددەیەک فراوانتر بوون کە توانییان بەدواداچوون بۆ جووڵەی سەرکردە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی بکەن و بنکەی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) لەناوخۆی ئێراندا دابمەزرێنن کە توانییان ڕۆڵێکی سەرەکی لە لەکارخستنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە کاتی هێرشێکدا بگێڕن.

هەروەها لەم ماوەیەدا، لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، سوپای ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی لە ١٢٠ بەرپرسی هەواڵگری و هێزی ئاسمانی بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی بڕیار بدەن “کێ” و “چی” لە کاتی شەڕدا دەبێت بکرێتە ئامانج. تا کۆتاییی ئەو کۆبوونەوەیە، لیستی زیاتر لە ٢٥٠ ئامانج داڕێژرابوو، لەوانە: زانایانی ئەتۆمی و مووشەکی و سەربازی کە ئیسرائیلییەکان دەیانویست بیانکوژن، هەروەها دامەزراوە و شوێنە ئەتۆمییەکان و شوێنەکانی بەرهەمهێنان و هەڵدانی مووشەکی کۆماری ئیسلامی و پاشان بەرپرسانی پلەبەرزی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

لە لایەکی دیکەوە پێش هێرشەکەی ١٣ی مانگ، بەرپرسانی ئیسرائیل ئەو هەواڵانەیان بۆ میدیاکان دزە پێ دەکرد کە ئاماژەیان بە ناکۆکیی نێوان “نه‌تانیاهۆ” و “دۆناڵد ترەمپ”، سەرۆکی ئەمریکا، لەسەر هێرشی سەر ئێران دەکرد. هەواڵە بەناو “دزەپێکراوەکان” وردەکاریی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان نه‌تانیاهۆ و تره‌مپ، چوار ڕۆژ پێش ئۆپەراسیۆنەکەیان لەخۆ گرتبوو، کە تیایدا ترەمپ بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، دەیەوێت درێژە بە دیپلۆماسی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بدات. تەنیا پێش هێرشەکە، ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئەمریکا و ئێران “زۆر لە ڕێککەوتنێک نزیک بوونەتەوە” و نایەوێت ئیسرائیلییەکان “دەستوەردان بکەن”. کاربەدەستێکی ئەمنیی ئاگادار لەو بابەتە ڕای گەیاندووە کە، بنەمای ئەم فێڵە لەسەر ئەو بیرۆکەیە بووە کە لە مێشکی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیدا ئەوە بچەسپێنن کە ئیسرائیل بەبێ مۆڵەت و بەشداریی ئەمریکا هێرش ناکات.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، بەشی سەرەکی لە پلانی کۆتایی، نەهێشتنی یەکجارەکیی سەرکردایەتیی سەربازیی کۆماری ئیسلامی بوو کە بە “هاوسەرگیریی سوور” ناسرا. ئەمەیش دەبوو ڕێگری لە هەر جۆرە تۆڵەسەندنەوەیەکی دەستبەجێ بکرێت و دەرفەتی بۆ فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنەکانی ئیسرائیل دەڕەخساند بۆ لەناوبردنی مووشەکهاوێژەکان؛ بەمەیش وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی دوا کەوت و تەنانەت پاشانیش لاواز و کەم بووەوە.

پاش ئاگربەستەکە، بە گوێرەی شیکاری داتا سەربازییەکانی ئیسرائیل، ئێران لە کاتی جه‌نگەکەدا 631 مووشەکی ئاراستە کردووە و 500یان گەیشتووەتە ئیسرائیل. لەو ژمارەیەیش 243 مووشەک بەر ناوچە چۆڵەکان کەوتووە و پێویستیان بە دەستێوەردانی بەرگری نەبووە. بەگشتی ٣٦ مووشەک بەر ناوچەی نیشتەجێبوون کەوتووە و ٢٢١ مووشەکیش ڕێگرییان لێ کراوە. ئەمەیش ڕێژەی سەرکەوتنی لەسەدا ٨٦ بە سیستەمی بەرگریی سوپای ئیسرائیل دەدات. وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت: نیوەی شەوی ١٣ی حوزەیران، فەرماندەکانی ئیسرائیل لە بنکەیه‌کدا لەژێر بارەگای هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆ بوونەتەوە و سەیری فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلیان کردووە کە بەسەر تاراندا دەسووڕانەوە لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ناوی لێ نراوە “هاوسەرگیریی سوور” (Red Wedding). چەند کاتژمێرێک دواتر، چەندان کیلۆمەتر لە دوورەوە، فەرماندە باڵاکانی سەربازیی کۆماری ئیسلامی کوژران؛ کە دیمەنێکی بەناوبانگی فیلمی “Game of Throne” بیر دەخاتەوە. ئاوێتەیەک لە فاکتەرەکانی هەواڵگریی ورد و لێهاتووییی سەربازیی ئیسرائیل، کە وای کرد هێرشەکە خەڵکی لە سەرانسەری جیهان سەرسام بکات. بەڵام ئەوە تاکە سەرکەوتنی هەڵمەتە ١٢ ڕۆژەکەی ئیسرائیل نەبوو؛ بەشێکی دیکەی سەرەکیی ئەو هێرشە سەرەتایییە کە لە ئەنجامدا لە یەک کاتدا نۆ لە زانایانی باڵای ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی لە ماڵەکانیاندا کوژران، تەنانەت لەلایەن پلاندانەرانی کۆماری ئیسرائیلیشەوە پێشبینی نەدەکرا. هێرشەکە ناوی لێ نرا “ئۆپەراسیۆنی نارنیا”، کە ئیلهامەکەی لە زنجیرە درامای “C.S. Lewis series” وەرگیرابوو.

باردودۆخی ئێران و ئیسرائیل: قۆناغی پاش ئاگربەست

ماڵپەڕێکی پسپۆڕی و تایبەتمەندی بواری جەنگ و سەربازی بە ناوی The War Zone لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوه، سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشی سەربازیی زیاتر بۆ سەر ئێران ئاماده دەکات. بەپێی ماڵپەڕەکە، پلانی جێبەجێکردنی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بریتییە لە کڕینی فڕۆکەی سووتەمەنیی زیاتر و پاراستنی باڵادەستیی ئاسمانی بەسەر ئێراندا. یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هۆشداریی دا لەوەی کە ئۆپەراسیۆنی ١٢ ڕۆژە، کە بە “ڕاسانی شێرەکان” (Rising Lion) ناسراوە، تەنیا سەرەتا و پێشەکییەکە بۆ سیاسەتی نوێی ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران. کاتز لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “X” ڕای گەیاند، ئامانجی ئەم پلانە پاراستنی باڵادەستیی ئاسمانیی ئیسرائیل و ڕێگریکردنە لە پێشکەوتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و بەرهەمهێنانی مووشەکی؛ هەروەها بەرپەرچدانەوەی پشتیوانیی تارانه‌ بۆ ئەو گرووپانەی کە بە وتەی ئەو “چالاکیی تیرۆریستی دژی ئیسرائیل” ئەنجام دەدەن. بەڵام ڕۆژنامەی تێلێگراف (telegraph) باسی بوونی بنکەیەکی ئەتۆمیی دیکەی لە نزیک نەته‌نز کردووە، کە ڕۆژنامەکە نووسیویەتی قووڵتر لە بنکە ئەتۆمییەکانی دیکەی ئێران لەژێر چیاکەدا دروست کراوە و زیاتر پارێزراوە و، ڕەنگە یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە پلەی بەرز (٦٠%) بۆی گوازرابێتەوە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز (nytimes) لە ڕاپۆرتێکدا توانای ئێرانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێش و دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و کاریگەریی ئەم هێرشانەی تاوتوێ کردووە:

١- شارەزاییی زانستی و ئەندازیاری لە بواری تەکنەلۆژیای ئەتۆمی: لەوانەیە زیانێکی زۆری پێ گەیشتبێت.

پێش هێرشەکان: زانایانی ئێران لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا شارەزاییی زانستی و ئەندازیاریی بەرچاویان لە بواری تەکنەلۆژیای ئەتۆمیدا پەرە پێ داوە.

دوای هێرشەکان: بە گوێرەی ئاماری ئیسرائیل، لانی کەم ١٤ زانای باڵای ئەتۆمیی ئێران لە هێرشەکانی ١٢ ڕۆژەدا کوژراون. بەڵام هێشتا كۆمه‌ڵێك زانای تر، کە زانیاریی هاوشێوەیان هەیە، لە ئێراندا هه‌ن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی تیرۆرکردنی پێشووی زانایان، پێشبینی دەکرێت ئەم گرووپە بتوانن بە تێپەڕبوونی کات پڕۆژەکان بەرەو پێشەوە ببەن.

٢- دەرهێنانی کانزای یۆرانیۆم: بێ زیان ماوەتەوە

پێش هێرشەکان: ئێران دوو کانگه‌ی یۆرانیۆمی چالاکی لەناوەڕاستی وڵاتدا هەیە. ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا ڕاپۆرتی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی نەداوە، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە یەدەگی کانگه‌ی “ناریگان” ئەگەری زۆرە بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر لە ٥٠ چەکی ئەتۆمی بەس بێت.

دوای هێرشەکان: کانگه یۆرانیۆمەکانی ئێران نەکرانە ئامانج.

٣- دامەزراوەی گۆڕینی یۆرانیۆم بۆ غاز: ڕەنگە لەناو چووبێت

پێش هێرشەکان: دامەزراوەی ئیسفەهان تاکە دامەزراوەی ناسراو بوو بۆ گۆڕینی یۆرانیۆمی سروشتی بۆ گازی هێگزافلۆرایدی یۆرانیۆم.

دوای هێرشەکان: بە گوێرەی زانیارییەکان، هێرشە مووشەکییەکانی ئەمریکا زیانی زۆری بە دامەزراوەکە گەیاندووە؛ ڕەنگە ئێران توانای گۆڕینی یۆرانیۆم بۆ گازی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم، لەدەست دابێت. بەم پێیە دووبارە دروستکردنەوەی دامەزراوەکە ڕه‌نگه‌ چەند ساڵێک بخایەنێت.

٤- دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆم: زیانیان پێ گەیشتووە، بەڵام هێشتا ڕاددەی نەزانراوە

پێش هێرشەکان: پیتاندن قورسترین قۆناغی دروستکردنی بۆمبە و بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم تا ئاستی پێویستی پیتاندنی، پێویستی بە هەزاران “سەنتەرفیوژ”ی خێرا هەیە. ئەم سەنتەرفیوژانە پرۆسەی چڕکردنەوەی گازی یۆرانیۆم ئەنجام دەدەن. دامەزراوەکانی نەتەنز و فۆردۆ زیاتر لە ١٨ هەزار سەنتەرفیوژیان هەبووە، کە زۆربەیان لەژێر زەویدا بوون.

دوای هێرشەکان: پێ دەچێت ئیسرائیل هەموو سەنتەرفیوژەکانی لە نەتەنز لەناو بردبێت. ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، هەروەها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌، سەنتەرفیوژەکانی دامەزراوەی فۆردۆ لە قووڵاییی ژێر زەوین و، پێ دەچێت دوای هێرشەکەی ئەمریکا “ناچالاک بن”. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتوویه‌تی، ئەو پێگەیە “وێران کراوە”؛ بەڵام هەڵسەنگاندنەکانی دیکە پارێزگارانەتر بوون. هەروەها ئیسرائیل کارگەکانی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوژی لەناو بردووە. بەڵام ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە شوێنی پیتاندنی نهێنیی هەیە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ پشتگیریکردنیان. هەروەها سەنتەرفیوژی پێشکەوتووی لە شوێنە پەرشوبڵاوەکاندا داناوە، کە ڕەنگە لە داهاتوودا لە دوو دامەزراوەی ژێرزەمینی کە لە قۆناغی دروستکردندان جێگیری بکات ئەگەر چارەسەرێکی دیپلۆماسی یان سەربازی نەدۆزرێتەوە. ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕای گەیاندووە، سەرەڕای ئەو زیانە زۆرانەی بەهۆی هێرشەکانی ئەم دوایییەی ئەمریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران کەوتووە، ئەو دامەزراوانە بەتەواوی لەناو نەچوون و، ئێران هێشتا توانای تەکنیکیی هەیە بۆ ئەوەی لە ماوەی “چەند مانگێکدا” بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەست پێ بکاتەوە.

٥- کۆگه‌کانی یۆرانیۆمی پیتێنراو: ڕەنگە هێشتا بوونیان هەبێت

پێش هێرشەکان: بەپێی خەمڵاندنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ئێران زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە کە چڕییەکەی نزیکە لەوەی کە بۆ بۆمبی ئەتۆمی پێویستە. دوایین جار پشکنەرەکان هەفتەیەک پێش هێرشەکانی ئیسرائیل ئەو یۆرانیۆمە کۆگه‌کراوانەیان بینیوە. لەو کاتەدا کۆگه‌کان لە دامەزراوەی ئەتۆمیی ئیسفەهان لەناو بەرمیلە بچووکەکاندا هەڵگیراون کە دەتوانرا لەناو سندووقی ١٠ ئۆتۆمبێلدا جێیان ببێتەوە. ئەم ڕێژە یۆرانیۆمە ئەگەر بە چڕییەکی زیاتر بپیتێنرێت، ئەوا به‌شی بەرهەمهێنانی ٩ یان ١٠ بۆمبی ئەتۆمی ده‌كه‌ن.

دوای هێرشەکان: بەپێی ڕاپۆرتێکی نهێنیی ئەمریکا، ئێران پێش هێرشەکان کۆگه‌کانی یۆرانیۆمی خۆی بۆ شوێنێکی دیکە گواستەوە. کۆشکی سپی پێداگری دەکات- بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتە ڕوو- کە کۆگه‌کان لەناو چوون. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و دەزگه‌ هەواڵگرییەکانی ئەوروپا پێیان وایە کە ئێران کۆگه‌کانی یۆرانیۆمی خۆی لەناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتەدا هەڵدەگرێت. گەورەترین نیگەرانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە یۆرانیۆمی پیتێنراوی (60%)ە، چونکە کاتێکی تا ڕاددەیەک كه‌می دەوێت بۆ گۆڕینی بۆ (90%)؛ ئەو چڕبوونەوەیەی کە بۆ چەکی ئەتۆمی پێویستە. بەڵام ئەم پرۆسەیە پێویستی بە بەکارهێنانی سەنتەرفیوژی شاراوە و کارپێکراو هەیە.

 ڕۆژنامەی “سان“ی بریتانی نووسیویەتی، سەرەڕای ئەگەری زیانێکی گەورە لە ئاسماندا، ڕەنگە ئێران ماددە ئەتۆمییە هەستیارەکانی خۆی بۆ ناوچەیەکی شاخاوی بە ناوی “کلنگ” (Pickaxe) گواستبێتەوە. شوێنەکە دەکەوێتە دووریی ١٤٥ کم لە دامەزراوەکانی فۆردۆ و لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بەنهێنی فراوان کراوە و تا ئێستایش لە قۆناغی دروستکردندایە. پێ دەچێت دامەزراوە ژێرزەمینییەکەی کلنگ، قووڵاییی ١٠٠ مەتر بێت و لە وێنەکانی مانگی دەستکردیش دەردەکەون کە تونێلەکان بۆ ناو شاخەکە هەڵکەنراون. شارەزایان ئەو شوێنەیان بە یەکێک لە پارێزراوترین شوێنەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران وەسف کردووە؛ هەروەها شوێنێک کە دەتوانێت بەرگەی بۆمبەکانی ئەمریکا بگرێت کە سەنگەردەشکێنن.

٦- دامەزراوەکانی گۆڕینی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ کانزا: ڕەنگە لەناو چووبێت

پێش هێرشەکان: ئەم هەنگاوە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی زۆر گرنگە و، ئێران دامەزراوەیەکی ناسراوی هەبوو بۆ گۆڕینی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ کانزا.

دوای هێرشەکان: ئیسرائیل ئەو دامەزراوەیەی تێک شکاند، کە دەکەوێتە دامەزراوەی ئیسفەهان. بەبێ ئەم توانایە، دروستکردنی بۆمب مەحاڵ دەبوو. بەڵام شارەزایان هۆشدارییان داوە کە ئێران لە ماوەی ڕابردوودا کانزای یۆرانیۆمی لە شوێنەکانی دیکە بەرهەم هێناوە و لەوانەیە شوێنی نهێنیی دیکەی هەبێت.

٧- توانای دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی: لەوانەیە زیانێکی زۆری پێ گەیشتبێت

پێش هێرشەکان: بۆ دروستکردنی چەکێکی ئەتۆمیی مۆدێرن، ئێران پێویستیی بەوە دەبێت بتوانێت پێکهاتە سەرەکییەکانی وەک سیستەمی فیوز بە قەبارەیەکی بچووک بەرهەم بهێنێت کە لەناو سەری مووشەکی گەورەدا جێی ببێتەوە. تا ئێستا دیار نییە ئێران ئەم توانایەی هەیە یان نا، بەڵام شارەزایان پێیان وایە پێشکەوتنی بەدەست هێناوە و تاقیکردنەوەی لەسەر ئامێری تەقەمەنی ئەنجام داوە. دەزگه هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ساڵی ڕابردوو ڕایان گەیاند کە ئێران کار لەسەر ڕێوشوێنێکی “خێراتر و سەرەتاییتر” دەکات بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

دوای هێرشەکان: ئیسرائیل چەند باڵەخانەیەکی پەیوەندیدار بە سیستەمی تەقەمەنی و فیوز لە دامەزراوەی “سنجریان” تێک شکاند؛ بەڵام ڕەنگە ئێران دامەزراوەی دیکەی هاوشێوەی هەبێت.

٨- هەڵدان و گەیاندنی چەکی ئەتۆمی: هێشتا دەکرێت

پێش هێرشەکان: ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمیی هەبووایە، دەیتوانی تاقی بکاتەوە، هەروەک چۆن کۆریای باکوور هەیبووە؛ پیۆنگ یانگ بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٦دا ئەو کارەی کرد. زۆر ڕێگە هەیە بۆ هاوێشتن و هەڵدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئەگەر بتەوێت بۆ ئامانجێکی دوورمەوداتر ئاراستە بکرێت، پێویستە بتوانیت ئەو چەکە بخەیتە ناو سەری مووشەکییەوە (كڵاوه‌ی مووشه‌كی). ئێران پێش هێرشەکان هەزاران مووشەکی هەبووە کە بەشێکی زۆریان توانای گەیاندنی چەکی ئەتۆمییان هەبووە.

دوای هێرشەکان: ئیسرائیل دەڵێت سەدان مووشەکهاوێژی ئێرانی لەناو بردووە، بەڵام بەدوور نازانرێت توانای هەڵدانی ئێران بەتەواوی لەناو چووبێت. پێ دەچێت هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بەشێک لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان لەناو بردبێت یان تێکیان دابێت و توانای ئێرانی بۆ بەرهەمهێنانی خێرای سووتەمەنیی ئەتۆمی یان گۆڕینی بۆ چەک کەم کردبێتەوە. بەڵام هێشتا تەواوی زیانەکان جێگەی مشتومڕن.

ڕاپۆرتێکی سەرەتاییی نهێنیی ئەمریکی کە لە کەناڵی CNN بڵاو کرایەوە، باس لەوە دەکات کە هێرشەکان بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان تەنیا چەند مانگێک دوا خستووە. بەڵام دۆناڵد ترەمپ ئەو هەڵسەنگاندنەی ڕەت کردووەتەوە. هەروەها بەڕێوەبەری CIA ڕای گەیاندووە کە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ساڵانێک لە وادەی خۆی دوا کەوتووە. نادڵنیایییەکە بە بەڵگەی دامەزراوە نهێنییەکان کە لە هێرشەکاندا زیانیان پێ نەگەیشتووە و ڕەنگە ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی هەوڵە ئەتۆمییەکانی بەکاری بهێنێت، زیاتر دەبێت. هەروەها پێ دەچێت ئێران بەشێک لە کۆگه‌کانی یۆرانیۆمی پیتێنراو و سه‌نته‌رفیوژەکانی پاراستبێت کە هێشتا دانەنراون. بەم پێیە، لە کاتێکدا ڕەنگە هێرشەکان بەربەستی تەکنیکییان دروست کردبێت، بەڵام پێ دەچێت ڕێگری لە ئێران نەکات لە گەیشتن بە هەندێک لە ئامانجەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی. تەنانەت ئەگەر ئێران لە دروستکردنی چەکێکی بچووک شکست بهێنێت، بەڵام تاقیکردنەوەیەکی سادە دەتوانێت بەس بێت بۆ ڕاگرتنی ئەو وڵاتانەی کە ڕەنگە بیر لە هێرشکردن بۆ سەر ئێران بکەنەوە.

بۆچی ئاگربەست؟ دانوستانی دووبارە و دیپلۆماسی؟

کۆماری ئیسلامی چەندان مووشەکی ئاراستەی بنکەی ئەلعودەید (العدید) کرد. سەرجەم مووشەکەکان بەسەرکەوتوویی ڕێگرییان لێ کرا و هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە. وا دیارە تاران بەنیازی ئەوە بووە لەم ڕێگەیەوە وەڵامدانەوەی وێرانکەری ئەمریکا ڕابگرێت، هەر بۆیە هێرشەکەی بە ئاگاداری و هەماهەنگیی قەتەر و ئەمریکا ئەنجام دا، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی مرۆییی لێ بکەوێتەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە هێرشەکەی کۆماری ئیسلامیی بە “بێبایەخ” ناو بردبوو، لێدوانێکی چاوەڕواننەکراوی دا و خواستی خۆی بۆ ئاشتی دەربڕی و وتی: “پیرۆزه‌ لە جیهان، کاتی ئاشتی هات!” پاشان دانوستانی چڕوپڕ و نهێنی لە نێوان واشنتۆن، تاران، تەلئەبیب و دۆحە ئەنجام درا و ئاگربەستی لێ کەوتەوە. پێ دەچێت دیپلۆماتکار و تەنانەت بەرپرسانی باڵای سەربازی گەیشتبنە ئەو بڕوایەی کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەری خستووە کە کردەی سەربازی، سەرەڕای هێزی وێرانکەر و تۆقێنەری، دەتوانێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەنیا بۆ ماوەیەک دوا بخات، بەڵام دەرکەوت ناتوانێت بەتەواوی لەناوی نەبات. جگە لەوەیش لەوانەیە ئەم هێرشانە کۆماری ئیسلامی بەرەو پەرەپێدانی نهێنیی بەرنامەی ئەتۆمی پاڵ پێوه‌ بنێت و بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات. لە لایەکی دیکەیشەوە، ترەمپ نایەوێت بچێتە ناو جەنگێکی هەلایەنە و گشتگیر لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، چونکە ئەمە بەپێچەوانەی دروشمی “America First”ە کە ترەمپ وەکوو گوتاری سەرەکیی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و دۆکترینی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی خۆی دەستنیشانی کردووە. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت دۆناڵد ترەمپ بەئەنقەست بڕیاری دا ئۆپەراسیۆنی Midnight Hammer تەنیا بە سەرباز و کەرەستەی ئەمریکی ئەنجام بدات، بەبێ هاوکاریی هاوپەیمانەکانی وەک بریتانیا، چونکە ویستی ئەوە پیشانی لایەنگرانی بدات کە باوەڕیان بە دروشمەکانی “America First” و “Make America Great Again” هەیە و بەزۆری دژی دەستێوەردانی سەربازین لە دەرەوەی وڵات. بۆیە ترەمپ لەم ڕێگەیەوە ئەو پەیامەی دایە لایەنگرەکانی، کە ئەم بڕیارە بەتەواوی لە بەرژەوەندیی نەتەوەییی ئەمریکا بووە و بۆیە تەنیا ئەمریکا ئەنجامی داوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەمریکا هەر ١٢٥ فڕۆکەی جەنگی کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدار بوون، دابین کرد؛ هەموو مووشەکەکانی کرووز و هەموو کەشتییە جەنگییەکانی بەشداربوو ئەمریکی بوون. ئەمەیش بە بڕیارێکی هۆشیارانەی ترەمپ بۆ نیشاندانی سەربەخۆیی و دەسەڵاتی ئەمریکا دادەنرێت.

لە لایەکی دیکەیشەوە، چەند ڕۆژنامە و کەناڵی بەناوبانگی ڕۆژاوایی، وەکوو نیۆیۆرک تایمز و ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە کە ناوی نەهێنراوە ڕای گەیاندووە، ئیسرائیل ڕووبەڕووی کەمیی مووشەکی ڕێگریکەری Arrow بووەتەوە؛ ئەمەیش پرسێک بوو کە نیگەرانیی جددیی لەبارەی توانای ئیسرائیل بۆ بەرەنگاربوونەوەی مووشەکی بالیستیکی دوورمەودای ئێران دروست کردووە. هەروەها سەرەڕای ڕاگەیاندنی “سەرکەوتنی گەورە” لەلایەن ئیسرائیلەوە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئێران بە مووشەکی بالیستیکی هایپەرسۆنیک و درۆنی خۆکوژ، بەڵام تۆمارکردنی ڕۆژانەی وێرانکارییەکان و دیمەنی هەندێک تەقینەوە لەناو خاکی ئیسرائیل و، هەروەها پشتڕاستکردنەوەی ناڕاستەوخۆی ئەوەی کە هەندێک مووشەک بەرگریی ئاسمانییان تێ پەڕاندووە، بۆشاییی لە یەکێک لە پێشکەوتووترین سیستەمەکانی بەرگریی جیهاندا ئاشکرا کردووە، کە ناوی Iron Domeە.

بە شێوەیەکی گشتی، ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە ئاسمانی خۆی، پشت بە سیسته‌مێکی بەرگریی یەکخراو و فرەچین دەبەستێت کە لە سێ بەشی سەرەکی پێک دێت:

 ١- گومەزی ئاسنین  (Iron Dome): بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکی مه‌وداكورت (4 بۆ 70 کم).

٢- قەڵغانی داود(David’s Sling) : بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مووشەکی بالیستیی مەودامامناوەند و مووشەکی کرووز (40 بۆ 300 کم).

3- سیستەمی ئارۆ(Arrow System) : بۆ بەرگریکردن لە مووشەکی بالیستیی مەودادوور (تاوەکوو 2,400 کم).

سیستەمی ئارۆ لەلایەن کۆمپانیای ئیسڕائیل ئایرۆسپەیس ئیندستریز (IAI) پەرەی پێ دراوە و بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە مووشەکییە دوورمەوداکان، لەوانه‌ مووشەکی بالیستیک، داڕێژراوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بە لەبەرچاوگرتنی شەپۆلی هەڵدانی مووشەکی ئێران، ڕۆڵی ئەم سیستەمە لە ڕۆڵی گومەزی ئاسنین زیاتر بەرچاو کەوتووە. بەڵام ڕاستییه‌كه‌ی، سەرەڕای پەرەسەندنی ئەم سیستەمە و تەیارکردنی بە ڕاداری پێشکەوتوو بۆ شوێنپێهەڵگرتن و دیاریکردنی مووشەکەکان و ڕێگریکردنیان لە ئاسماندا، بەڵام بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکه‌ بالیستیکییە خێرایانە (وەکوو: فاتح و قیام و خوڕه‌مشه‌هر و…) دروست نەکراوە کە لە بۆشایی دەردەچن؛ چونکە بەخێراییی زیاتر لە ١٢ هێندەی خێراییی دەنگ هەڵدەدرێن و بە بەرزییەکی زۆر لە دەرەوەی بۆشایی دێنە خوارەوە و ئامانجەکانیان دەپێکنن و، هەروەها کاتی گەیشتنیان زۆر کورتە (نزیکەی ١٢ خولەک) و لەمەیش گرنگتر ئەوەیە کە بەهۆی توانای مانۆڕکردنی بەرزخیان بە ئاراستە و ڕێڕەوێکی نا-هێڵی بەرەو ئامانجەکانیکان دەچن و، هەر ئەمەیش وا دەکات پێشبینیکردنیان قورس بێت.

هەر بۆیە ئەم تایبەتمەندییانە کاریگەریی سیستەمەکانی وەک Iron Dome سنووردار دەکەن، بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ سیستەمی بەرگریی ئاستبەرزی دیکەی وەک Arrow و Patriot یەک نەخرێن. لە لایەکی تریشەوە، فاکتەری یەکلاکەرەوە بۆ دزەکردن و چوونە ناو قەڵغانی بەرگریی ئیسرائیل، تەنیا پەرەپێدانی مووشەکیی ئێران نەبوو، بەڵکوو ئەو تاکتیکە سەربازییەیش بوو کە تاران بەکاری هێنا. ئێرانییەکان بە شەپۆلێک هێرش (salvos) هاوکات لەگەڵ هەڵدانی ژمارەیەکی زۆر لە مووشەک و درۆن، گوشارێکی زۆریان دەخستە سەر سیستەمی بەرگری و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئیسرائیل و، بە چەندان ئامانجەوە سەقاڵیان دەکرد؛ بۆ نموونە: تێکەڵکردنی مووشەکی خێرا لەگەڵ درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان)، سەرقاڵکردنی بێوێنەی دروست کرد و سەرنج و سەرچاوەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلی لە چەندان بەرەدا بڵاو دەکردەوە. بەپێی زانیارییەکان هەموو سیستەمێکی بەرگری، سنووری خۆی هەیە و گومەزی ئاسنینیش لەوە بێبەری نییە. یەکێک لەو سنووردارییانە، کۆگه‌کردنی مووشەکی ڕێگریکەرە. هەر پاترییەکی سیستەمی بەرگریی مووشەکی، دەتوانێت ٦٠ مووشەکی ڕێگری لەخۆ بگرێت و ئیسرائیل تەنیا نزیکەی ١٠ پاتریی ئەم سیستەمەی هەیە. ئەمەیش بەو مانایەیە کە تەنیا دەتوانێت لە هەر کاتێکدا مامەڵە لەگەڵ ژمارەیەکی سنووردار لە هەڕەشەکان بکات. کەواتە، کاتێک دەیان مووشەک بە یەکجار هەڵدەدرێن، سیستەمی بەرگری لە ڕێگریکردندا دوا دەکەوێت. ئەمەیش وای کرد کە ئەو پەیامە بگاتە ئیسرائیل کە درێژەپێدانی جەنگ-سەرەڕای سەرکەوتنە سەرەتایییەکان و، هەروەها باڵادەستیی هەواڵگری و تەکنەلۆژیای ئیسرائیل- دەتوانێت زیانی زۆری ماددی و گیانی بۆ سەر ئیسرائیل دروست بکات و ژێرخانە دارایی و ئابووری و تەنانەت سەربازییەکانی بکاتە ئامانج و هەر ئەمەیش بە درێژەکێشانی کات، دەبووە خاڵی لاوازی ئیسرائیل بەگشتی و نەتانیاهۆ بەتایبەتی و، تەنانەت ده‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی کە سەرکەوتنەکانی نەتانیاهۆ ببن بە شکست؛ لە کاتێکدا نەتانیاهۆ لە ناوخۆی ئیسرائیلدا لەپاش هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ و ناڕەزایەتییەکان لە ناڕوونیی داهاتوو و نەوەستانی جەنگی غەززە و چارەنووسی بارمتە ئیسرائیلییەکان، هەروەها ململانێ و ناکۆکیی سیاسیی حزبەکان، لە بارودۆخێکی لەرزۆکی سیاسیدایە.

هەرچەندە لە کۆتا ڕۆژەکانی جەنگ، توانای مووشەکیی ئێران لە ڕووی قەبارە و چەندایەتییەوە لاوازتر و کەمتر ببووەوە، بەڵام لە ڕووی چۆنایەتییەوە ئاستێکی بەرزتری هەبوو. هەر ئەمەیش لەپاڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوە مەدەنییەکان لە ناوخۆی ئێران لە قازانجی کۆماری ئیسلامیدا دەبوو و، دەرفەتی دەدایە بەرپرسان و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کە بتوانن خۆیان ڕێک بخەنەوە و بە پاڵپشتیی جەماوەری، ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببنەوە. بەم پێیەش کات لە زیانی ئیسرائیل بوو، ئەگەر نەیتوانیبایە وەکوو ڕۆژەکانی یەکەم، ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە کاریگەرەکان و دامەزراوە مووشەکییەکان لەناو ببات یان تەنانەت نەیەوێت یاخود نەتوانێت ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بکاتە ئامانج. هەر ئەمەیش وا دەکات کە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە بەرزبوونەوەی زیانی مرۆییی سڤیل لە قازانجی ئێرانییەکان و لە زیانی ئیسرائیل بێت؛ ئەوە جگە لە گوشارە ناوخۆیییەکانی ئەمریکا-بەتایبەتی دیموکراتەکان- لەسەر ترەمپ و، بەم پێیەیش گواستنەوەی ئەم گوشارە بۆ سەر نەتانیاهۆ لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە. هەروەها خاڵێکی زۆر ورد هەیە کە نزیکبوونەوەی بۆنە مەزهەبییەکانی شیعەکان (عاشوورا) وای دەکرد کە لایەنگری و هەستێکی مەزهەبییش تەنانەت لەناو ڕەخنەگرانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی لە دژی ئیسرائیل دروست ببێت و، ئەمەیش بە زیانی ئیسرائیل دەشکایەوە.

جگە لەمانەیش، پێ دەچێت ئیسرائیل دەیەوێت بە لاوازکردنی سیستەمی سیاسی لە ڕێگەی کوشتنی فەرماندە سەربازییە باڵاکان و لەناوبردنی بنکە و دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکان و، هەروەها ناچارکردنی ئێران بە قبووڵکردنی ئاگربەست و پاشان ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی، وا بکات کە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران پەرە بسێنێت و بەرەو ڕووخانی سیستەم  بڕوات و، تەنانەت ئەگەر سیستەمەکە نەڕووخێنێت وا دەکات کە ئێران ڕازی بێت بە پاشەکشەکردن لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و لاوازبوون لە ئاستی هەرێمایەتی لە ڕێگەی دوورکەوتنەوە لە پاڵپشتیی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران کە پێش ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، بە ستراتیژیی ئاڵقەی ئاگر (Ring of Fire) لە دەوری ئیسرائیل دروستی کردبوو. چونکە پێشبینییەکانی ئیسرائیل بۆ ڕووخانی سیستەم لەپاش لێدانی بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و کوشتنی فەرماندە باڵاکانی وەکوو خۆی ورد نەبوو؛ هەرچەندە ئەمە کاتییە و لە کاتی جەنگدا پێشبینیکردنی ڕەفتاری کۆمەڵگە ئەستەمە و کۆماری ئیسلامییش توانیی بەسەر ئەو مەترسییەدا زاڵ بێت بە ڕێگەی بەرجەرستەکردنەوەی گوتاری دەستدرێژی بۆ سەر وڵات و پەرەپێدان بە هەستی نەتەوەییی ئێرانییەکان و نیشتمانپەروەری و وەلاوەنانی ناکۆکی و ڕەخنە و ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەکان بۆ کاتی پاش جەنگ. بۆیە پێ دەچێت لە ئێستادا ئیسرائیلییەکان پاش سەرکەوتنە ڕێژەیییەکان لە بواری هەواڵگری و سەربازی و ئاسایشی، بەتایبەتی چاوەڕێی لێکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئەم هێرشانە بن.

کۆبەند

هەرچەندە ئامانجی سەرەکیی هەڵمەتەکانی ئیسرائیل لە ١٢ ڕۆژدا، لەناوبردنی دامەزراوەکانی پیتاندنی ئەتۆمی و پەرەپێدانی ئەتۆمیی ئێران و، هەروەها بەرهەمهێنان و هەڵدانی موشەک بوو، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر فۆردۆ و ئەسفەهان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نەتەنز، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی ئێران. هەروەها هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هەزاران دامەزراوەی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوژ و دامەزراوەی دیکەی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی پێکهاتەکانی بۆمبی ئەتۆمیی کردووەتە ئامانج. هەروەها تیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمی، هەوڵەکانی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی وەپاش خستووە. بەگشتی زیاتر لە نیوەی مووشەکهاوێژەکانی ئێران و سەدان مووشەکی بالیستیک لەم هێرشانەدا لەناو چوون. هەروەها زیاتر لە ٨٠ لەسەدی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران کراوەتە ئامانج و لەناو براون. بەڵام ئێران توانیی لەم جەنگە ١٢ ڕۆژییەدا بونیادی سیستەمە سیاسییەکەی و، هەروەها ڕێبەرانی سیاسی و پێکهاتە سەربازییەکەی خۆی بپارێزێت و، ئەمەیش بە سەرکەوتن بۆ کۆماری ئیسلامی دادەنرێت. بۆیە ئەگەر شرۆڤە بۆ ئەم جەنگە بریتی بێت لە وه‌ڵامدانەوەی ئەو پرسیارە کە “ئایا ئێران شکستی خواردەوە؟” وڵامەکەی “نەخێرە”، چونکە تاوەکوو ئێستا چارەنووسی ٤٠٨ کیلۆگرام یۆرانیۆم بە ڕێژەی پێتاندنی سەروو ٦٠% و، هەروەها بنکە نهێنییەکانی (وەکوو: کلنگ) نادیارە، چونکە کاربەدەستانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەر لە هێرشی سەر فۆردۆ، یۆرانیۆمی پیتێنراویان لەو شوێنە لا بردووە. به‌پێی وێنەی مانگە دەستکردەکان کاروانێکی بارهەڵگرەکان لە دەرەوەی فۆردۆ لە ڕۆژانی پێش هێرشی فڕۆکە بۆمبڕێژکراوەکانی ئەمریکیدا ڕیز ببوون. هەروەها بەشێک لە دامەزراوە و بنکە مووشەکییەکانی ئێران توانای هەڵدانی مووشەکیان بۆ سەر ئیسرائیل ماوە. جگە لەمانەیش ئێران توانیی بە بەرزکردنەوەی مەترسیی سەرهەڵدانی نەتەوەکانی ئێران لەسەر یەکپارچەییی خاکی ئێران، وەکوو: کورد و بەلوچ و…، یەکگرتوویییەکی کاتی دروست بکات و، هەروەها نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا و خاوەن ڕەوایەتیی سەرتاسەری و ڕاستەقینەی خاوەن نفووز، وەکوو جێگرەوەیەک بۆ سیستەمی سیاسیی ئێستا و لانی کەم قۆناغی گواستنەوە، لە ناوخۆ و و لە دەرەوەی ئێران، بە زیانی ئیسرائیل شکایەوە. لە لایەکی دیکەیشەوە،  دوودڵی و نیگەرانیی ترەمپ لە تێوەگلان لە جەنگ و کوژرانی سەربازە ئەمریکییەکان و گوشارەکان لەسەر ئاستی ناوخۆییی ئەمریکا، لە قازانجی ئێران شکایەوە.

ڕاستییه‌كه‌ی، ئیسرائیل جگە لە ئامانجە ئەتۆمی و مووشەکییەکان، بەم ئۆپەراسیۆنە هەوڵی دا بەشێک لە زیانە هەواڵگرییەکانی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٣ی حەماس قەرەبوو بکاتەوە. هەروەها خاڵێکی زۆر گرنگ ئەوەیە کە بە لێوردبوونەوە لە کوژراوەکانی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، دەردەکەوێت کە بەشێک لە فەرماندە باڵاکانی بەشدار لە ڕێکخستن و لۆجیستیک و ئۆپەراسیۆنی بەرەی موقاوەمە لە ناوچەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج کە ئەمەیش ئاسایشی ئیسرائیل دەستەبەر دەکات. بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئێستا سەرنجی ئەوروپییەکان چۆتە سەر مەترسییەکانی توانا مووشەکی و بالیستییەکانی ئێران و، ئەمەیش هەڕه‌شەی ڕاستەوخۆیە لە وڵاتانی ئەوروپی و بەناڕاستەوخۆش لە ڕێگەی پێدانی مووشەک بە ڕووسیا و تەنانەت ئامادەکاری بۆ بەرهەمهێنانی کڵاوەی ئەتۆمی و هەڵدانیان لە ڕێگەی ئەم مووشەکانەوه‌ وڵاتانی ئەوروپییان گەیاندۆتە ئەو بڕوایەی کە پێویستە مەترسییە سەربازییەکانی ئێران بڕەوێنرێتەوە و؛ هەر بۆیە فرێدریش مێرتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە پەراوێزی “لووتکەی گرووپی حەوت” لە کەنەدا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ZDFی ئەڵمانی، زمانێکی توندی بەکار هێنا و ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتی حکوومەتی ئێران گرت و وتی: ئێمەیش بەهۆی ئەم ڕژێمەوە زیانمان پێ گەیشتووە. ڕژێمی مەلاکان بە ڕێکخستنی هێرش و کوشتن و سەربڕین، لەگەڵ حزبوڵڵا و حەماس، مردن و ماڵوێرانیی بۆ جیهان هێناوە. ڕاوێژکاری ئەڵمانیا وتی: تەنیا دەتوانم بڵێم: ئەوپەڕی ڕێزم هەیە کە سوپای ئیسرائیل، سەرکردایەتیی سیاسیی ئیسرائیل، بوێریی ئەوەی هەبووە ئەم کارە بکات. مێرتز هەروەها ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامیی پەسەند کرد و هێرشەکانی بە “کارێکی پیس” (Drecksarbeit) ناو برد کە ڕۆژاوا و هاوپەیمانەکانی نەیانکرد، بەڵام ئیسرائیل سەرەڕای دەرەنجام و سەختییەکانی، ئامادە بوو بیکات. بۆیە لەم قۆناغەدا پێ دەچێت ئیسرائیل لە لایەک چاوەڕێی سەرهەڵدانی شۆڕشی ناوخۆیی و لە لایەکی دیکەیشەوە ئاشکرابوونی بنکە و دامەزراوەی نهێنیی پیتاندنی یۆرانیۆم بە پلەی بەرز و هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و لەوەیش گرنگتر، شکستی دانوستاندنەکانی ئەتۆمیی نێوان ئەمریکا و ئێران و، هەروەها ئێران و ئەوروپییەکان و گەڕانەوەی سزا و ئابڵووقە ئابوورییەکانی سەر ئێران بەپێی بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش تاوەکوو ١٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٥ بەپێی میکانیزمی SNAPBACK لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ دەکات.

لە ڕاستیدا، هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەم ئاگربەستە، کاتییە و بەهۆی ئەو فاکتەرانەی سەرەوە ئەگەری پێکدادان و هێرشی دووبارەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ئارادایە؛ هەرچەندە تا ئەو کاتە ئیسرائیل لە پەیڕەوکردن و ئاوێتەکردنی هەردوو ستراتیژیی بەرگریی سەربازی یاخود دۆکترینی Mabam و Octopus Doctrine بەردەوام دەبێت، تاوەکوو نەزمی نوێ (New Order )ی هەرێمایەتی- کە نەتانیاهۆ بانگەشەی بۆ دەکات- لە کۆمەڵەی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێتە دی. ئێرانیش هەوڵ دەدات لە هەردوو بواری “مه‌یدان” و “دیپلماسی”دا خۆی ڕێک بخاتەوە، چونکە هەردوو لایەن دەزانن کە جەنگی ئەم جارە بە ئەگەرێکی بەرزەوە یەکلاکەرەوە دەبێت و چارەنووسی ئێران و تەنانەت سیستەمی هەرێمایەتیی ناوچەکە دیاری دەکات. هەرچەندە تاوەکوو ئێستا، سیاسەتی ناوچەییی ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە ئێران لەسەر دوو ستراتیژی و ڕوانگە و ڕێبازی جیاواز، ناکۆکن. ئێرانی خوازراو، لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە، ئێرانێکی لاوازه‌ لە ڕووی سەربازییه‌وه‌ و، پارچەپارچەیه‌ لە ڕووی سیاسییەوه‌. بەڵام بۆ ئەمریکا- بەتایبەتی لە چوارچێوەی کێبڕکێ لەگەڵ چین و ڕووسیا و، هەروەها دەستەبه‌رکردنی نەزمی کەنداو و کۆنترۆڵکردن و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئابووری و بازرگانی و بەتایبەتی وزە- ئێرانێکی یەکگرتوو، بەڵام کۆنترۆڵکراو و ئاساییکراوە. لەم نێوەندەیشدا چارەنووس و داهاتووی سیستەمە سیاسییەکە و ئاراستەی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی و لەوانەیش گرنگتر، پرسی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی و جێگرەوەکانی، کاریگەریی بەرچاو و تەنانەت یەکلاییکەرەوەی لەسەر سیناریۆکانی داهاتوو هەیە.

image_pdfimage_print