پێنووس
2024

هاوکێشە سیاسییەکانى عێراق دواى ڕاگەیاندنى جەنگى تاران-تەلئەڤیڤ

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

دواى یەک دەرزەن ڕۆژ لە جەنگ

دواى چەندان هەڕەشەوگوڕەشەى بەردەوامى ئێران و ئیسرائیل لە ماوەى چل و پێنج ساڵدا، کە ئێران بەردەوام هەڕەشەى سڕینەوەى دەوڵەتى جوولەکەى دەکرد لەسەر نەخشەى سیاسیی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەژمارکردنى تەواوى دانیشتووانى ئیسرائیل وەک کۆمەڵگەیەکی سەربازی، بەوەى لاى سەرانی تاران هیچ جیاوازییەک لە نێوان سەربازێک و کەسێکی ترى مەدەنیى جوولەکەدا ناکات، ئەوە بوو ئەگەر بۆ مایەکیش بووبێت کار لەکار ترازا و لە بەرەبەیانی ڕۆژى هەینى (ڕێکەوتى 13/6/2025) تەلئەڤیڤ هێرشی زۆر توندى کردە سەر تاران و، چەندان بنگەى ئەتۆمی و سەربازی و هەواڵگرى و بارەگا كرانه‌ ئامانج و، كۆمه‌ڵێك سەرکردە و زاناى ئەتۆمیی ئەو وڵاتەیش تیرۆر كران. ئیدی لەو ساتەوەختەوە تەڵەزمەکانى ئەگەرى ڕوودانى جەنگى نێوان ئەو دوو دەوڵەتە، شکا و یەکلایی بووەوە و بوو بە دیفاکتۆ؛ نەک ئەوەیش، بەڵکوو مەترسیی تەشەنەکردنى ئەو جەنگە بۆ جەنگێکى هەرێمیی لێ کەوتەوە.

گەرچی دواى یەک دەرزەن ڕۆژ لە جەنگ، بە گوشارى ئەمریکا و بەهۆى ماندوبوونى هەردوو لا و کەمبوونەوەى عەمبارى چەکیان، ئاگربەست ڕاگەیه‌نرا، بەڵام ئەگەر سەرنج لە گوتارى سیاسیی توندى هەردوو لا بدرێ، دەگەینە ئەو بەرەنجامەى کە هێشتا جەنگ تەواو نەبووە. دەشێ هەر ساتێک بێت، وەک جارى پێشوو، ئیسرائیل هێرش بکاتەوە سەر ئێران، چونکە ئەو ئامانجانەى کە دیاریی کردبوون، هێشتا بەتەواوى نەپێکراون- دیارە یەکێک لەو ئامانجانە “ئەتۆم” بوو. کەواتە ئیسرائیل بەدواى بەدیهێنانى ئەنجامەوەیه‌ نەک تەنیا پێکانى چەند ئامانجێک؛ ئەو بابەتەیش پەیوەندیی بە ئەجێنداى ئیسرائیل و ئەمریکاوە هەیە بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کە تێیدا ئیسرائیل باڵادەستە. بەڵام ئەو دەرفەتەى کە بۆ ئیسرائیل هاتۆتە پێش، هەرگیز نکوڵیی لێ ناکا و دەیقۆزێتەوە؛ تا ئەو قۆناغەى ئەوەى کە لە ئێرانی دەوێ، وازی لێ ناهێنێ، ئەگەرچی لە ڕێگەى دانوستاندنەکانیشەوە بێت. هەر بۆیە دەوڵەتى ئێسرائیل ئەو دەرفەتە بە مێژوویی دەزانێ.

ئەمریکا و ئێران پێش جەنگەکە لە دانوستاندنی ناڕاستەوخۆدا بوون؛ پێگەى ئێران لەوەى ئێستاى تۆکمەتر و بەهێزتر بوو، ئەمریکا مەبەستى بوو ئێران بە پاکێجەکەى ئەو ڕازی بووایە، بەڵام پێشدەستیى ئیسرائیل بۆ هێرش، ئەو جووڵە دیپلۆماسییەى وەستاند. بڕیارە هەفتەیەک دواى ئاگربەست دانوستاندنەکان دەست پێ بکەنەوە، بەڵام ڕوخسارى دانوستاندنەکانى ئەم جارە ئەوەندەى کە لە جووڵەیەکی تەواوکەرى جەنگ و هاوکێشەکانى جەنگ دەچن، ئەوەەندە دیپلۆماسی نین. هەر بۆیە سیناریۆکانى دانوستاندن ئەوەیە كه‌ ئێران له‌ کاتێکی کەمدا و، بە زۆربەى مەرجەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل ڕازی ببێت. هەرچەندە تا ئێستا نە ئەجێندا، نە کاتى دانوستاندن دیاری نەکراوە، بەڵام هەرگیز دانوستاندنێک ڕوو نادات بەبێ بوونى مەرجەکانى ئیسرائیل.

 لە لایەکی تریشەوە ئەوە ڕوون بۆتەوە کە ئەجێنداى دانوستاندنى نێوان ئەمریکا و ئێران تەنیا لەبارەى ئەتۆمەوە نییە، بەڵکوو لەو سنوور و چوارچێوەیە بەدەرە. ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکانیش ئەوەیان پشتڕاست کردۆتەوە کە دانوستاندنەکان لەسەر ئاشتییەکی گشتگیر لەگەڵ ئێران بۆ ناوچەکە دەکرێ. بەو پێیە لەقاڵبدانی سیاسیی دەوڵەتى ئێران بەڕێوەیە. ئەمەیش ئەوە ناگەیەنێ کە بەرنامەیەکی ڕۆشن و یەکلاکەرەوە هەیە بۆ ڕووخاندنى ڕژێمی سیاسی لە ئێران لەلایەن ئەمریکا و دەوڵەتانى ئەوروپییەوە، بەڵکوو ئەوەى کە لەسەرى کۆکن تەنیا پرۆسەى لەقاڵبدان و لاوازکردنى دەسەڵاتى سیاسیی ئێرانە لە ناوخۆدا. بەڵام لە ئەگەرى سەرنەکەوتنى دانوستاندنەکانى دواى جەنگ، ئەگەرە هەستیار و مەترسیدارەکان لەوانە بهێنرێنە بەرباس و لێکۆڵینەوە.

دەکرێ بپرسین: ئەگەر دانوستاندنەکە لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەئاکام گەیشت، ئایا لێکەوتەکانى بۆ سەر عێراق چی دەبن؟ بۆ ئەو بابەتە دەکرێ پوختەى هەندێکیان بکەین:

  • دۆسیەى دانوستاندن لەگەڵ ئێران، تەنیا لەسەر ئاستى چەکی ئەتۆمی نییە. ئەگەر وەک سەردەمی ئۆباما بووایە، دەمێک بوو بە کەمترین مافەکانى لە چەکی ئەتۆم بەرانبەر مانەوەى ڕژێمی ئێستا و هەندێک بوارى هەژموونى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست سازشی کردبوو و ڕێک کەوتبوو، بەڵام پرۆسەکە بریتییە لە چەند دۆسیەیه‌ک لە یەک پرۆسە و پاکێچی دانوستاندندا، کە هەژموون و مانەوەى ڕژێمی حوکمڕانی لە ئێران دەخاتە مەترسییەوە.
  • ئەگەرچی هەژموونى ئێران بەسەر عێراقەوە لاواز بکرێ، بەڵام کاریگەریى خۆى هەر دەمێنێ، چونکە پەیوەستە بە پرۆژەى ڕەوتى شیعە لە ناوچەکە.
  • ئێران وەک کارەکتەرى ململانێ لە بەرانبەر دەوڵەتانى کەنداو و تورکیا هەر دەهێڵدرێتەوە.
  • ڕەوتى حوکمڕانی لە عێراق، هەر لەژێر هەژموونى شیعەدا دەمێنێتەوە؛ کە ئێران دەتوانێ بەناڕاستەوخۆیی ئاراستەى بکات و پشتیوانی بێ. ئەو ئاراستەکردنەیش زیاتر لە نێوه‌ندى مەرجەعییەت و پرۆسەى دیموکراسی و هەڵبژاردنەوە دەبن، کە ئەوانەیش لە پایە بنەڕەتییەکانى ڕەوتى سیاسیی عێراقن.
  • ڕێکكەوتنى ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ڕەچاوکردنى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل، عێراقیش دێنێتە هەمان بازنەوە؛ ئەوکات هەژموونى ئەمریکا لە عێراق زیاتر دەبێت.
  • ڕێکكەوتنەکە لەسەر ئاستى سیاسی و ئابوورى، سازشی تەواوى تێدایە بۆ ئەمریکا لە عێراق؛ بۆ نموونە: هه‌موو ئەو گرووپانەى حەشد بە ڕووکارى چەکدارى نامێنن، پارەدارکردنیان لەلایەن حکوومەتى عێراقییەوە بەو شێوازەى ئێستایان نامێنێ، گۆڕەپانی ئابوورییش دەدرێ بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان و، عێراق لەوەى ئێستا زیاتر لە ڕووسیا و چین دوور دەخرێتەوە؛ بەدووریش نازانرێ عێراق لەگەڵ ئیسرائیل جۆرێک لە ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى بۆ بێتە ئاراوە.
  • عێراق چیتر نابێتە ناوەندێکی پشتگیریی سیاسی و دارایی و چەکدارى و ڕێکخستنى میلیشیایی بۆ سووریا و لوبنان و یەمەن.
  • لەم حاڵەتەدا قۆناغێکی هەستیار بۆ هەرێمی کوردستان دێتە ئاراوە؛ بەوەى ئەگەر بایەخ و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا کەوتنە بەغدا، سۆزی ئەمریکا و پشتیوانییەکانى بۆ هەرێم کەم دەبێتەوە.

بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەى ئەگەر دانوستاندنەکە بەئاکام نەگەیشت؟ چی بەسەر عێراق دێت؟

  • گوشار و داواکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق زۆر دەبن؛ ئاکامى خراپیشیان بۆ سەر ڕەوشی وڵات دەبێت.
  • ململانێى نێوان کورد و سوننە و شیعە، لەوەى ئێستا توندتر دەبێ.
  • ئەگەرى دواخستنى پرۆسەى هەڵبژاردن زۆر جددی دەبێ.
  • ئەگەرى لێکترازانى یەکڕیزیی شیعە، به‌تایبەت چوارچێوەى هەماهەنگی، برەوى زیاتر دەبێ. لە بەرانبەردا کەمێک خاوبوونەوە لە ڕیزەکانى ناو لایەنە کوردییەکان و سوننییەکانیش دەکەوێتەوە، ئەویش بەهۆى گوشارەکانى ئێران لە پێناو ئەکتیڤکردنەوەى بەرەکانى پشتیوانیی خۆى.
  • داڕمانى ڕەوشی سیاسی و ئاسایش و ئابووریى عێراق؛ لەو نێوەندەیشدا هەر لایەنەو خۆى بۆ گۆڕانکارییەک لە عێراق ئامادە دەکات.
  • لەم حاڵەتەدا پێگەى هەرێمى کوردستان بەهێزتر دەبێ؛ بەوەى پێگە و پشتیوانییەکانى ئەمریکاى زیاتر دەست دەکەوێ. بەڵام ئەگەر لەلایەن ئەمریکاوە دەسەڵاتى سیاسی لە ئێران گۆڕا یان ڕێککەوتنى بە مەرجەکانى ئەمریکا ئەنجام دا؛ ئەوکات دەسەڵاتى سیاسییش لە عێراق تەواوکەرى ئەو ڕێککەوتنە دەبێ کە لەگەڵ ئێران کراوە. ئەمەیش هەژموونى تەواوى ئەمریکا بەسەر ئێران و عیراق یەلایی دەبێتەوە، ئەوکات پشتبەستنى ئەمریکا بە هەرێم کەم دەبێتەوە، بەڵام دەستگرتن بە دەستوور و جێبەجێکردنى سیستەمى فیدراڵی بۆ تەواوى عیراق، پێگەى هەرێم بە کەمترین زەرەر لە هاوکێشەکەدەردەچێ.

هاوکێشەکان لە عێراق تا دێ ئاڵۆزتر دەبن

ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە: هیچ هەڵکشانێک لە چارەسەرى هاوکێشە سیاسییەکانى عێراق بەرەوپێش نەچووە، لایەنەکان تا دێت لێکدی دوور دەکەونەوە، ململانێکانى هەڵبژاردن هەر لە ئێستاوە دەستیان پێ کردووە و، ململانێکە هەر لە نێوان ڕکابەرە کۆنەکانە. ئێستا لە عێراق 343 حزبى سیاسی مۆڵەتیان هەیە، 60 حزبى تریش لە سەروبەندى دروستبوونن، بەڵام جارێ مۆڵەتیان پێ نەدراوە. لەو ژمارەیە تەنیا 118 حزب بەشداریى پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى ساڵی 2025 دەکەن؛ واتە تەنیا 34%، کە دەکاتە یەک لەسەر سێ.

قەیرانەکانى ناو چوارچێوەى هەماهەنگی قووڵتر بوونەتەوە؛ ئێران لە هەوڵدایە ئەو قەیرانانە نەگەنە لێکترازان. یەکێک لە ئامانجەکانى سەردانەکەى “قائانی”یش بۆ عێراق پێش جەنگى دوازدە ڕۆژەکە، هەر بۆ ئەو مەبەستە بوو؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە ڕەوتێکی گشتى لەناو لایەنە پرۆکسییەکانى سەر بە ئێران سەری هەڵداوە، بەردەوام پرسیارى ئەوە دەکات کە: شێوازی کارکردن بەو فۆرمەى ئێستا گونجاو نییە. لەناو حزبى دەعوە، دواى جیابوونەوەى عەبادی و سوودانی، خەریکە ئاڕاستەیەکی تریش سەر هەڵدەدا و لە سیاسەتەکانى مالیکی ناڕازین. چوارچێوەى هەماهەنگی زۆر مەبەستیەتى هەڵبژاردن لەمساڵدا بە هەمان فۆرمی جاران بکرێت، چونکە چوار ساڵی تر شەرعییەتى حوکمڕانیی بۆ نوێ دەبێتەوە، به‌تایبەت گرووپە وەلائییەکانى سەر بە ئێران.

چوارچێوەى هەماهەنگی خۆى بە خاوەنى حکوومەت دەزانێ، نەک سوودانی. لە کۆى 23 وەزارەت، 12 وەزارەتى بەدەستە، واتە پەنجا كۆ یەک. بەمەیش تەواوى بڕیارى حوکمڕانی بەدەستى خۆیەتى. بەڵام لەگەڵ سەرۆکوەزیرانەکەى تەبا نەماوە؛ ئەو سەرۆکوەزیرانەى کە  سەردەمێک سیمبولی کۆکردنەوەى شیعە بوو لە دەسەڵات. ئەو دۆسیانەى کە هەماهەنگی لەگەڵ سوودانیدا له‌سه‌ریان ناکۆکە ئەمانەن:

  • پەیوەندییەکانى لەگەڵ حکوومەتى هەرێم، به‌تایبەت “پارتى دیموکراتى کوردستان”؛ هەر بۆیە لە ڕێگەى وەزارەتى نەوت و دارایییەوە بەردەوام لە هەوڵی تێکدانیدایە. بەڵام گوشارەکانى ئەمریکا و هاوکێشە نوێیەکان ئەو دەرفەتەى پێ نەداون؛ تەنیا ئەوەندە نەبێ کە گێچەڵەکانى مووچە تا دێت ئاڵۆزتر دەبن، کە تاکە کارتى گوشاریانە دژ بە حکوومەتى هەرێم.
  • پەیوەندییەکانى دەرەوەى عێراق لەگەڵ دەوڵەتانى ناوچەکە و دونیا، به‌تایبەتیش ئەمریکا، بەرەو کرانەوە دەچێ. ئەمەیش لاى هەماهەنگی، پشتکردنە له‌ ئێران، به‌تایبەت لە بوارى کۆمپانیا ئەمریکییەکان و ڕێوشوێنە دارایییەکان، کە هەموویان لە هەژموونى ئێران لە عێراق کەم دەکەنەوە. هەوڵەکانى سوودانییش بۆ بەستنى “لووتکەى کۆمکارى وڵاتانى عەرەبی”، هەر لەو سۆنگەیەوە بوو، بەڵام ئێران توانیى هەرەسی پێ بێنێ؛ تەنانەت واى لە عێراق کرد نەتوانێ تەنیا لە بوارى پڕۆتۆکۆڵەکەیشییه‌وه‌ سەرکەوتوو بێ، ئەمە چ جاى ئەجێنداکە. بەیاننامەکەیشی هەر لە بەرژەوەندیى ئێران کەوتەوە، گەرچی وڵاتانى کاریگەرى عەرەبی هەر بەشدارییان لە لووتکەکەدا نەکرد.
  • کرانەوەى عێراق لەگەڵ تورکیا، ئێرانی نیگەران کردووە. چوارچێوەى هەماهەنگییش بەردەوام گرفت بۆ پرۆسەى لێکنزیکبوونەوەکە دەنێتەوە؛ مەترسیی ئەوەیان هەیە له‌ نێوه‌ندی پرۆسەى هەڵبژاردنەوە هەمان سیناریۆى سووریا لە عێراق دووبارە ببێتەوە، به‌تایبەتتریش دواى بڕیارى خۆهەڵوەشاندنەوەى چەکدارییانەى “پارتى کرێکارانى کوردستان”ی تورکیا، کە بووە مایەى ئەوەى عێراق هیچ کارتێکی گوشارى ئەوتۆى بەرانبەر بە تورکیا لەچنگدا نەماوە.
  • سوودانی مەبەستیەتى پەیوەندییەکانى لەگەڵ سووریا ئاسایی بکاتەوە، بەڵام چوارچێوەى هەماهەنگی ڕێگرە؛ تەنانەت دەنگۆى ئەوەیش هەیە، کە چەندان سەرکردە و ئەندامى حزبی بەعسى سووریا لەناو ڕیزەکانى حەشدی شیعی جێیان کرابێتەوە و داڵدە درابن. لە بەدواداچوونێکی چەند دەزگه‌یەکی بریتانی بۆ چەندان پێگەیەکى ئه‌له‌کترۆنی کە دژ بە حکوومەتى نوێی سووریا چالاکن، بۆیان دەرکەوتووە کە (60%)ی ئەو پێگە ئه‌له‌کترۆنییانە لە عێراق و لوبنان و ئێران و یەمەنەوە ئاڕاستە و بەڕێوە دەبردرێن. باشترین نموونەیش لەو بارەیەوە ڕێگرى بوو لەلایەن چوارچێوەى هەماهەنگییەوە لە بەشداریکردنى سەرۆکی سووریا لە لووتکەى کۆمکارى عەرەبی لە بەغدا.
  • تا ئێستایش دۆسیەى چارەنووسی شێوازی کارکردنى ڕەوتەکانى حەشدى شیعی لە عیراقدا یەکلایی نەبۆتەوە. سوودانی کار لەسەر نەمانیان دەکات بەو شێوە چەکدارییەى کە ئێستا تێیدان، بەڵام سەبارەت بە ئەوان هێڵی سوورە. ئەمەیش بونیادی دەسەڵاتى سیاسیی عیراقی بە میلیتاری هێشتۆتەوە. لە پارسەنگی دانوستانەکەى ئێران و ئەمریکا، ئەو دۆسیەیە میلیشیاکان بەرەو گۆڕین دەبا لە واقعی میلیشیایییەوە بەرەو بوون بەتەنیا بە حزبێکی سیاسی، کە تواناى کاریگەرییان لەسەر حکوومەت کەم دەبێتەوە و ناتوانن پرۆسەى بڕیار دروستکردن لە عیراق بەو شێوەیەى ئێستا ئاراستە بکەن؛ چونکە ئەوە داوایەکی ئەمریکایە لە حکوومەتى عیراقی کە نابێ حەشدى شەعبی بەو شێوەى ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا بمێننەوە، سەربارى ئەوەى ئەمریکا لە دانوستان لەگەڵ ئێران بگەنەئاکام یان نا.

لە لایەکی تریشەوە مەرجەعی شیعەکانى عێراق، بەڕێز سیستانی، لە هەرسێ پەیامەکەیدا ئەوەى دووپات کردەوە کە ئەو جه‌نگەى لە ئارادایە، نابێ عێراق تێوە بگلێ؛ بەڵام دوور نییە پریشکیشی بەر بکەوێ. جەختى لەسەر ئەوەیش کردەوە کە دەبێ چەک تەنیا بەدەستى حکوومەتەوە بێت؛ ئەمەیش بە ئاماژەیەکى پشتیوانی دادەنرێ بۆ ڕەوتى سیاسیی سوودانی و، ڕێگری و له‌مپه‌رێکیشە بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ نایانه‌وێ پرۆژەیاساى حەشدی شیعی، کە ئێستا لە پەرلەمانە، په‌سه‌ند بكرێت و تێ په‌ڕێنرێت. بەڵام ئایا ئەوەندەى کە حەشدی شیعی، بەڕێز “خامنه‌یی”، ڕێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران، بە مەرجەعی خۆى دەزانێت، هەمان هەڵوێستى بۆ بەڕێز سیستانى هەیە؟

  • لە دۆسیەى هەڵبژاردن، هەوڵی ئەوە دەدرێ کە هەڵوێست بەرانبەر سوودانی هەبێت. ئەگەر سوودانی لە ڕێڕەوى سیاسەتى چوارچێوەى هەماهەنگی دەرچوو، ئەوا چەند هەنگاوێک دەگرنە بەر، بەوەى: قایلکردنى “سەدر” بەوەى کە نەگەڕێتەوە بۆ پرۆسەى هەڵبژاردن و ئەو کارەیش کرا، چونکە لە سوودی هەماهەنگی نییە؛ هەروەها ڕێگریکردن بە دروستکردنى هاوپەیمانیى نێوان پارێزگارى بەسرە و واست و کەربەلا لەگەڵ سوودانی و ئاشوبنانەوە لە نێوانیان؛ ئەو ئامانجەیشیان پێکا. ئێستا هاوپەیمانێتییەکەى سوودانی هەردوو پارێزگارەکەى واست و بەسرەى تێدا نییە، ئایا دواتر دەبنە هاوپەیمانی سوودانی؟ ئەوە دیار نییە. بژاردەى کۆتاییش دابەزینی سوودانییە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى داهاتوو بەتەنیا. لەو حاڵەتەیشدا سوودانی گوشارى زۆرى دەکەوێتە سەر و کاریگەریى کەم دەبێتەوە و چانسی بۆ بوونەوە بە سەرۆکوەزیران لاواز دەبێ، یان بە سازش و ڕێکكەوتن لەگەڵ ئەو هێزانە دەبێ، کە لەناو چوارچێوەى هەماهەنگى دەمێننەوە، چونکە سوودانی هەرگیز ناتوانێ لە بازنەى هەژموونى شیعە و نەمانى پەیوەندی لەگەڵ ئێران قوتارى ببێ.

بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا تاچەند هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەو ژینگە سیاسییە ناسەقامگیرییەى ئێستادا قابیلی ئەنجامدانە؟ ئەمە ئەو مۆتەکەیەیە کە چوارچێوەى هەماهەنگی مەبەستیەتى چارەسەرى بکا، بەڵام چۆن؟ میکانیزمەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی چین؟

لەو بارەیەوە دەتوانین ئاماژەکان پوخت بکەینەوە:

  • چوارچێوەى هەماهەنگی تەواوى ڕێوشوێنەکانى هەڵبژاردنى بە خواستى خۆى داناوە: وادەکەى، یاساکەى، نەخشەى سیاسی، پەیوەندییە سیاسییەکان، بەڕێوەبردنى قەیرانەکانى وڵات، بە ئاڕاستەیەک کە زۆرینەى ئەندامانى پەرلەمان لە خۆى بن؛ بەڵام ئایا تەواوى ئەو بابەتانە بە خواستى ئەو بەڕێوە دەچن؟
  • چوارچێوەى هەماهەنگی لە ڕێگەى “قائانی”یەوە سەرکەوتوو بوو لەوەى کە “سەدر” نەیەتەوە ناو پرۆسەى هەڵبژاردن؛ کە ئەمەیش تا ڕاددەیەکی باش مسۆگەربوونی زۆرینە بۆ شیعە و ئەجێنداى حوکمڕانیی شیعەى لە عێراق پاراستووە. ئەوەى کە سەدر لە دژى هێزە شیعییەکان دەیکا و دەیڵێ و بانگەشەى بۆ دەکا، لە “سیناریۆیەکی شیعییانە” زیاتر هیچی دی نییە و، ناکرێ تەماى لەسەر بگیرێ.
  • چوارچێوەى هەماهەنگی سەرکەوتوو بوو لەوەى کە نەیهێشت سوودانی هاوپەیمانێتییەکى پتەو و بەهێز لەسەر ئاستى زەمینەى شیعی لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق دروست بکات؛ ئەو هاوپەیمانێتییەیش بریتی بوو لە سوودانی و هەردوو پارێزگارى بەسرەو واست و کەربەلا. بەڵام سوودانی توانیى تەنیا پارێزگارى کەربەلا “نوسەیف ئەلخیتابی” بۆ لاى خۆى ڕابکێشێ؛ تا ئێستایش هەڵوێستى دوو پارێزگارەکەى بەسرەو واست دیار نییە، کە وەک خۆیان دەمێننەوە یان دەچنە پاڵ چوارچێوەى هەماهەنگی یان سوودانی؟ بەڵام ئەوەندە هەیە کە تازە وەک هاوپەیمانێتییەکى هەڵبژاردن ناتوانن ئەو کارە بکەن، مەگەر دواتر لە پەرلەمان بۆ فراکسیۆنی گەورەترین. بەڵام ئەو دوو پارێزگارە لەگەڵ چوارچێوەى هەماهەنگى تەبا نین و، دوور نییە ئاڕاستەى هاوکێشەکان کاریگەرییان هەبێت بۆ ڕووکردنە لاى سوودانی. بەڵام لە کۆتاییدا سوودانی لە 20/5/2025 هاوپەیمانێتییەکەى خۆى ڕاگەیاند بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى داهاتوو، ئەویش لە 7 لایەنى سیاسی پێک هاتووە، کە زۆربەیان پێشتر لەگەڵ حەشدی شەعبی بوون و ئێستا لێی جیا بوونەتەوە؛ لەسەرووی هەمووشیانەوە فالح فەیاز و ئەحمەد ئەلئەسەدی، ئەمە بێجگە لەوەى کە لەناویاندا “ئەیاد عەلاوی”یش هەیە.

چوارچێوەى هەماهەنگى مەبەستیەتى پرۆسەى سیاسی بەو ئاڕاستەیەدا پەک بخات کە لە بەرژەوەندیى خۆی بکەوێتەوە، میکانیزمەکانیشی ئەمانەن:

  • هەوڵدان بۆ دروستنەبوونى هیچ هاوپەیمانێتییەکى سیاسیی شیعی بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کۆتاییی ساڵی 2025.
  • تێپەڕاندنى یاساى حەشدی شەعبی لە پەرلەمانى عێراق، تا شەرعییەتى خۆى بۆ چوار ساڵی ئاییندە نوێ بکاتەوە؛ کە ئەمەیش جێی نیگەرانیى سوودانی و سوننە و کورد و خودی ئەمریکاشە. بەڵام ئەو هەوڵەى چوارچێوەى هەماهەنگى لەو بارەیەوە هەر بەردەوامە و سوورن لەسەرى، چونکە بە هۆکارى مانەوەى خۆیانی دەزانن.
  • گۆڕین و ئاڕاستەکردنى یاساى هەڵبژاردن، بەو شێوەیەى کە سەرکەوتنى خۆیان مسۆگەر بکەن.
  • مانەوەى قەیران و ئاڵنگارییەکانى وڵات بەو شێوەیەى کە هەن؛ تا بکرێنە گوشار بۆ سەر سوودانی، وەک: هەڵکشانی ڕکابەریى ئەمریکا و ئێران و، لێی سوودمەند بوون، پرۆسەى هەڵبژاردن ئەگەر بکرێ، دەبێ لە بەرژەوەندیى ئەوان بکەوێـتەوە ئەگەر نا هەوڵی دواخستنى دەدەن، هەروەها قەیرانی ئابوورى، قەیرانی خزمەتگوزارى، سوودمەندبوون لە هاوکێشە هەڵکشاوەکانى ناوچەکە.
  • پەسەندنەکردنى بوودجەى ساڵی 2025 کە ئەم لێکەوتانەى دەبن: نەناردنى خشتەکانى بوودجە بۆ پەرلەمان تا حکوومەت سیسته‌مى خەرجکردنى پەک بکەوێ و نەتوانێ لەسەر پرۆژەکانى بەردەوام بێ، دروستکردنى گرفتى نەبوونى نەختینە، پەکخستنى وەبەرهێنان و گەشەسەندن، نەبوونى بوودجە بۆ حکوومەت، نەناردنى مووچە بۆ هەرێمی کوردستان، سوودوەرنەگرتنى سوودانی لە بوودجەى ساڵی 2025 تا وەک سامانێکی سیاسی بۆ پروپاگەندەى هەڵبژاردن بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردن بەکارى نەهێنێت.
  • پەکخستنى دادگه‌ى باڵاى فیدراڵی، به‌تایبەت دواى ئەوەى نەخشەى سیاسیی هەڵبژاردنى داهاتوویان بۆ ڕوون بووەوە، وەک هەڵوێستى سوودانی بە ڕاگەیاندنى لیستەکەى کە ناوى “ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندن”ە، ئەویش لە ڕێگەى دەستلەکارکێشانەوەى بەکۆمەڵی 9 ئەندامى دادگه‌کە، بە دوو ئەندامە کوردەکەیشەوە، کە ئێستا هەردوو ئەندامەکە لاى “یەکێتیى نیشتمانی”یە، چونکە پێشتر ئەندامەکەى پارتى دیموکراتى کوردستان وازهێنانى خۆى ڕاگەیاند. بەو شێوەیەیش کارى دادگه‌کە پەک خرا و ناتوانێ هیچ کێشەیەک یەکلایی بکاتەوە.

لێکەوتەکانى پەکخستنى دادگه‌یش ئەمانەن:

  • دروستبوونى قەیرانی دەسەڵات لە عێراق؛ چونکە پەرلەمان نیمچەشەلەل بووە و تەنانەت ئەندامەکانى خۆیشی پێ کۆ ناکرێتەوە، تەنیا ئەوانە نەبێ کە سەر بە پرۆکسییەکانى ئێرانن؛ دادگه‌ى باڵاى فیدراڵییشی هاتە سەر. کەواتە لە سێ دەسەڵاتەکە، تەنیا دەسەڵاتى جێبەجێکردن ماوە، ئەویش کە چوارچێوەی هەماهەنگی کۆنترۆڵی کردووە، بەتایبەتتر: مالیکی، قەیس خەزعەلی، هادی عامری.
  • پەکخستنى تەواوى ماددەى 92ى دەستوور.
  • پەسەندنەکردنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن. کەواتە ئەگەر دادگه‌ بەو شێوەیە بمێنێتەوە، دەبێتە هۆکارى دواخستنى هەڵبژاردن.
  • دروستبوونى بۆشاییی دەستوورى؛ بەوەى کە دەسەڵاتى تایبەتمەندى پەسەندکردنى بەدەستووریبوونى پرۆژەیاساکان پەک خراوە. ئەمەیش عێراق لەبەردەم دوو ڕێگەدا دەبینێتەوە: پەسەندکردنى پرۆژەیاساکانى پەرلەمان بەبێ ئەوەى بناسێنرێن کە دەستوورین یان نا؛ ئەمەیش لە بەرژەوەندیى حەشدی شەعبییە. دووەمیش ئەوەیە کە پەرلەمان تا دواى هەڵبژاردن کۆبوونەوە نەکات و هیچ پرۆژەیاسایەک پەسەند نەکرێ، به‌تایبەت بوودجە، کە ئێستا عێراقی خستۆتە قەیرانێکی ئابوورییەوە.
  • ئەگەر دوو دەسەڵاتەکە پەک خران، ئەو کاتە حکوومەت دەبێتە کاربەڕێکەر و پێگەى سوودانییش یان تا ئەوپەڕی لاواز دەبێ، یان دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەگەر هەڵبژاردنیش دوا بخرێ، ئەوا دەبێتە مایەى کەوتنى سوودانی و ڕاگەیاندنى حکوومەتى ڕاگوزەر بە سەرۆکایەتیى یەکێک لە سەرانی چوارچێوەى هەماهەنگی، کە مالیکی بەربژێرترینیانە. ئەمەیش بە کودەتایەکی ناڕاستەوخۆ بەسەر سوودانی و کورد و سوننە دادەنرێ، بەڵام بارودۆخى عێراق بەرەو هەڵدێرێکی خراپ دەچێت.
  • تێکدانى پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و سوودانی؛ ئەویش لە ڕێگەى وەزارەتى دارایییەوە، بە ڕاگرتنى مووچە و کۆسپنانەوە بۆ جێبەجێکردنى ئەو ڕێکكەوتننامانەى کە پێشتر لەگەڵ سەرۆکوەزیران کراون و کێشەکانى یەکلا کردوونەتەوە، بەڵام گرفتە گەورەکە ئەوەیە: لە ساتی ڕوودانى گرفت لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتى فیدراڵی، کام دەسەڵاتە گرفتەکانیان یەکلایی دەکاتەوە، لە کاتێکدا دادگه‌ى فیدراڵی پەک خراوە؟ تاکە ڕێگە “ڕێکكەوتنى سیاسییە، ئەویش لەگەڵ خودی چوارچێوەى هەماهەنگی، کە تەواو گوشارى خستۆتە سەر پارتى دیموکراتى کوردستان، ئەویش لە پێناو لاوازکردنى و پەکخستنى هەرێمی کوردستان. باشترین نموونەیش بڕینی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمە بۆ تەواوى مانگەکانى ساڵی 2025، کە ئەمەیش وەک جاڕدانى جەنگ وایە دژ بە هەرێمی کوردستان و دووبەرەکینانەوە و جینۆسایدکردنى، یاخود تەسلیمبوونە بە ئەجێنداى چوارچێوەى هەماهەنگی، کە یەکێک لە ڕەگەزەکانى: نەمانى هەرێمە بەو شێوەیەى ئێستاى.
  • نەمانى دادگه‌ى باڵاى فیدراڵی لەوانەیە هەوڵێک بێت بۆ نەهێشتنى مامەڵەى فیدراڵییانە لەگەڵ هەرێم؛ چونکە دادگه‌ى باڵاى فیدراڵی بنەمایەکی سەرەکیی دەوڵەتى فیدراڵییە کە لە دەستوورى عێراقیدا ئاماژەى پێ دراوە.

هەرێمی کوردستان دەبێ چی بکا؟

  • هەوڵدان بۆ پاراستنى یەکڕیزی و پێکهێنانى حکوومەت.
  • هەوڵدان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و قۆستنەوەى تەواوى کەناڵەکانى گوشار و پەیوەندی بۆ ئەو مەبەستە.
  • دەرککردن بەوەى کە عێراق قوتارى نەبووە لە هاوکێشەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؛ یان بە گۆڕانکارى لە دەسەڵاتى سیاسی و دوورخستنەوەى لە هەژموونى ئێران، یان لە حاڵەتى سەرهەڵدانەوەى جه‌نگ لە ناوچەکە، عێراق دەبێتە بەشێک لەو جەنگە.
  • هەوڵی جددی بدرێت بۆ دابینکردنى مووچە؛ چونکە دابینکردنی بژێوی، دەبێ ئەولەوییەتى کارى حکوومەتى هەرێم بێت، ئەویش بە ڕێکكەوتن لەگەڵ بەغدا یان هەر ڕێگەچارەیەکی تر.
  • هەوڵدان بۆ تەمیزکردنەوەى بڕیارى دادگه‌ى پاریس، به‌تایبەت لە مافی هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم. ئەمەیش پێگەى حکوومەتى هەرێم زۆر پتەو دەکات، بە بیانووى بارودۆخى نالەبارى بژێوی دانیشتووانى هەرێم؛ ئەویش تەنیا لەقەدەر پێداویستییەکانى خۆى، نەک بە مەبەستى بازرگانى، بەڵکوو بە ڕێژى 14% لە بوودجەى عێراق، چونکە لەلایەن بەغداوە خەرج ناکرێت، به‌تایبەت لە دواى ئەوەى گرێبەستەکانی غازى دوو کۆمپانیا ئەمریکییەکەیشی هاتۆتە سەر. ئەمەیش هەوڵ و ماندووبوونێکى زۆری دەوێ.
  • پارتى دیموکراتى کوردستان نابێت بچێتە گەمەیەکی سیاسییەوە کە هەڵکشانى گوشارەکان لەسەر سوودانی زیاد دەکەن، چونکە ئه‌لتەرناتیڤى سوودانی “حکوومەتى ڕاگوزەر”ە، کە لە بەرژەوەندیى هەرێم نییە؛ لە حکوومەتى نوێدا (ڕاگوزه‌ر) پارتى وەلا دەنرێت و دۆستە کوردەکانى سەر بە خۆیان ئەو بۆشایییە پڕ دەکەنەوە!
  • خۆئامادەکردن بۆ پێشهاتەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە هەموو لایەکەوە؛ چونکە هێشتا هاوکێشەکان نە تەواو بوون و نە یەکلا بوونەتەوە، بەڵکوو دەرفەتێک هەیە. ئەوەیش پێویستیى بە لێکۆڵینەوەى زیاتر هەیە لەلایەن پسپۆران و دامەزراوە تایبەتمەندەکانى هەرێم.
  • لێکۆڵینەوە لە مەترسییەکان بۆ سەر ئاییندەى هەرێم لە هەموو ڕوویەکەوە. لێره‌دا ناتوانین بپڕژێینه‌ سه‌ر ئه‌مه‌، بەڵام هه‌رچی زووه‌، دەبێت ئه‌م كاره‌ بە هەماهەنگیی پسپۆران و دامەزراوە هەمەجۆرەکانى حکوومەت، بکرێت، چونکە قۆستنەوەى کات کارێکی ستراتیژییە.
  • جووڵەى دیپلۆماسیی هاوسەنگ و پێویست.
  • پێویسته‌ لێکۆڵینەوەى زیاتر لەسەر چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ حکوومەتى ئەمریکاى نوێ بکرێت، چونکە ئەوە بابەتێکى ئاڵۆزە. لە شەش مانگی ڕابردوودا و جەنگى ئیسرائیل و ئێران، چەند ئاماژەیەکی جددی سەبارەت بە چۆنێتیی مامەڵەکردن دەر کەوتن.
  • بەهێزترین خاڵی مانەوەى حکوومەتى هەرێم، دەستگرتنە بە دەستوور و فیدراڵییەت. لەو بارەیەوە پێویسته‌ هەرێم قەناعەت بە سوننەکانیش بکات کە ئەوە تاکە چارەیە بۆ مانەوەیان و پاراستنى پێگەیان؛ بە هەمان شێوەیش گەیاندنى ئەو پەیامە به‌ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى پێویستە و، دەبێتە پشتێنەیەکى ئاسایشی بۆ داهاتووى هەرێم و عێراقێکی فیدراڵی دیموکرات.
  • دانانى بەرنامەیەکی دروست بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان لە ساتى ڕوودانى هەر پێشهاتێک لە عێراق، به‌تایبەت دواى هەڵگیرسانەوەى جەنگ.

image_pdfimage_print