پێنووس
2024

چەکدانانی پەکەکە و هەڵوێستی تورکیا

موەفه‌ق عادل عومەر، دكتۆرا له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و مامۆستا له ‌به‌شی سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

پێشەکی

تورکیا نزیکەى نیو سەدەیە ڕووبەڕووی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەبێتەوە. لەم ماوەیەدا زیانی زۆری ماددی و گیانییان بەرکەوتووە؛ تەنانەت بابەتى ڕووبەڕووبوونەوەى پەکەکە بۆتە بنەما و توخمێکی گرنگی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا و، لە ماوەى ڕابردوودا دەیان ملیار دۆلاری ئەمریکیی بۆ تەرخان کراوە بۆ ئەوەى لەناو ببردرێت و کۆتاییی پی بهێنرێت. بەڵام بەپێی هەلومەرج، پەکەکە توانیویەتی خۆی بگونجێنێت و لە هەر قۆناغێکدا بە شێوەیەکی جیاوازتر دەرکەوتووە و پەیوەندییەکی بەرفراونیشی لەگەڵ وڵاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا داناوە.

لەگەڵ گەیشتنى ئاک پارتى بۆ دەسەڵات لە تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٢وە، هەوڵ دراوە دۆزی کورد لەژێر ناوی “پرۆسەى چارەسەرى ئاشتی” چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەم هەوڵانە شکستیان هێنا. بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت پاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر، هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەستی کرد بە گۆڕان و، گرنگترین هەنگاویش لاوازبوونی ئێران و هێزە پرۆکسییەکانیەتى لە ناوچەکەدا. جەنگی ١٢ ڕۆژەى ئیسرائیل و ئێرانیش ناوچەکەى بۆ قۆناغێکی جیاوازتر گواستەوە. ڕووخانی بەشار ئەسەد و لاوازبوونی حزبوڵڵا لە لوبنان، ژینگەیەکی ئەمنی و سیاسی و سەربازی و ئابووریی نوێی لە ناوچەکەدا دروست کرد. لەم چوارچێوەیەدا “دەوڵەت باخچەلی” لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵى ٢٠٢٤ دەستپێشخەرییەکی گرنگی کرد بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنەکان لەگەڵ پەکەکە. ئەم دەستپێشخەرییەى باخچەلی لەلایەن “ئەردۆغان”ەوە پشتگیریی لێ کرا و ڕۆژى هەینی ڕێکەوتی (١١/٧/٢٠٢٥) لەگەڵ دەستپێکردنی دانانی چەک لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە و سووتاندنی چەکەکانیان، مشتومڕێکی فراوان لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتیدا دەستی پێ کرد. ئەم مشتومڕە زیاتر لەسەر ئەوە بوو كه،‌ ئایا ئەم جارەیان ئەم هەنگاوانە هیچ ئەنجامێکی ڕاستەقینە و واقعیی لێ دەکەوێتەوە یاخود ئەمە تەنیا بۆ کاتکوشتن و بەرژەوەندیی چەند کەسێکی سیاسییە؟ لە وتارى ئەم جارەمان هەوڵ دەدەین دیوە ڕاستەقینەکەى ئەم هەنگاوانە بخەینە ڕوو و بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا بگەڕێین كه‌ ئایا دواى ئەم قۆناغە، چەکدانانی پەکەکە چ کاریگەرییەکی دەبێت بۆ سەر ژیانی سیاسیی تورکیا؟

  ئایا چەکدانانی پەکەکە گشتگیر دەبێت و هەموو چەکەکان دادەنرێت؟

پێش هەموو شتێک، پێویستە وەڵامێکی لۆژیکی و ڕاست و دروست بۆ ئەم پرسیارە بدۆزینەوە: ئایا چەکدانانی پەکەکە گشتگیر دەبێت؟ پەکەکە ئامادەیە هەموو چەکەکانی دابنێت؟ هەر لە بنەڕەتدا ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای متمانەى هەردوو لا بنیات نراوە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە جەوهەری و بنەڕەتییانە، دەکرێ ئەم خاڵانانەى خوارەوە بخەینە ڕوو:

یەکەم: هیچ کاتێک پەکەکە هەموو هێلکەکانی ناخاتە ناو یەک سەبەتەوه‌. ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە ڕەنگە بۆ هەندێک دەستکەوت و بەرژەوەندیی کاتی بۆ قۆناغی ئێستا، هەندێک هەنگاوی ئاوا بنێت کە وا وێنا بکرێت پەکەکە وەڵامی بانگەوازەکەى ئۆجەلانی داوەته‌وه‌ و لەم بابەتەدا ڕاستگۆیە؛ بەڵام ئەگەر تەماشایەکی ڕابردووی پەکەکە بکەین، لە ساڵانى نێوان ٢٠١٣ – ٢٠١٥ بۆمان دەردەکەوێت یەکێک لە خاڵەکانی ناکۆکی کە بووە هۆی کۆتاییهێنان بە پرۆسەى ئاشتى لەو سەردەمەدا، ئەوە بوو کە پەکەکە بەوە تۆمەتبار دەکرا بە درێژاییی پرۆسەى ئاشتی، خەریکی کۆکردنه‌وه‌ و کۆگه‌کردنی چەک و تەقەمەنی بووە. بۆیە ئەم جارەیش ئەگەرى ئەوە لە ئارادایە کە هەمان سیناریۆی جاری پێشوو دووبارە بێتەوە، بەڵام لەوانەیە ئەم جارەیان لەژێر ناوی دیکە بێت لە جیاتی پەکەکە.  

دووەم: هۆکارەکانی هەنگاونان بەرەو ئەم پرۆسەیە، لەلای هەردوو لا تا ڕاددەیەک جیاوازن، چونکە ئەگەر تەماشایەکی لایەنی دەسەڵات بکەین، دەبینین ئەردۆغان لەگەڵ هاوپەیمانە نزیکەکەى، کە دەوڵەت باخچەلییە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەپێی ڕاپرسییە یەک لە دوای یەکەکان، ڕێژەى دەنگەکانیان ڕوو لە کەمبوونەوە دەکات و ئەردۆغان گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی، کە ئاک پارتى و مەهەپە به‌ته‌نیا ناتوانن زۆرینەى دەنگی دەنگدەران بەدەست بهێنن. لەپاڵ ئەمەیش ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە کە ئەویش بریتییە لەوەى دەنگی دەنگدەرى کورد لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا یەکلاکەرەوەیە، بۆیە بە هەر بەهایەک بێت، دەبێ ئەردۆغان و هاوپەیمانەکەى، کە باخچەلییە، به‌یه‌كه‌وه‌ “پارتى یەکسانی و دیموکراسیی گەلان – دەم پارتی” ڕازی بکەن بۆ ئەوەى پێكه‌وه‌ بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن یاخود لانی کەم وا بکات دەم پارتى بەرامبەر جەهەپە کاندیدەکانی خۆی بخاتە ڕوو. ئەگەر ئەردۆغان لەمەدا سەرکەوتوو بێت، ئەوە زیانێکی گەوره‌ بە ئۆپۆزیسیۆن دەگەیه‌نێت و بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر دەکات.

لە لایەکی دیکە، ئۆجەلان چەند ساڵە دەستبەسەرە و لە پێناو ئازادکردنی و، وێناکردنی ناوەکەى وەک قارەمان و سەرکردەیەکی کاریگەری کورد لەسەر ئاستى شەقامی کوردی لە تورکیا، بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی باڵاى کورد لە تورکیا، کار دەکات؛ واتا ئامانجە سەرەکییەکەى ئۆجەلان بەرژەوەندیی باڵاى کورد نییە بەڵکوو کار بۆ ئەوە دەکات خودی “ئۆجەلان” کاریگەریی خۆی بخاتە ڕوو و خۆی بە کەسایەتییەکی کاریگەر و نیشتمانی لە شەقامی کوردی و تورکی و جیهان دەربخات. واتا بەهۆی ئەوەى ئامانجی لایەنەکان جیاوازن، بۆیە پێشبینی دەکرێت چەند هەنگاوێکی سه‌مبولێک بنرێت لە ڕووی چەکدانانی پەکەکە و، هەردوو لا تا ڕاددەیەک سوود لەم کارانە ببینن ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت.

سێیەم: کێشەیەکی گەورە لەم قۆناغەدا هەیە، ئەویش نەبوونی متمانەیە لە نێوان هەردوو لا. بەڕاستى ئەم گرفتە ئاوا بەئاسانی چارەسەر ناکرێت و ئەگەر ئەم متمانەیە لەسەر بنەمایەکی تەندروست بنیات نەنرێت، ئەوە مەحاڵە بابەتى چەکدانانی پەکەکە تا سەر بێت و کێشەکانی پێ چارەسەر بکرێت. ڕووداوەکانی پێشوو و هەوڵەکانی ساڵانى ڕابردوو لەژێر ناونیشانی “پرۆسەى چارەسەری”، ئەزموونێکی شکستخواردوویان نمایش کردووە و ئەمەیش بنەمایەکی زۆر خراپی بۆ ئەم بابەتە دروست کردووە. متمانە پێش هەموو هەنگاوێک گرنگە؛ لە ئەگەری نەبوونیشی، ئەنجامێکی ئەرێنیی لێ ناکەوێته‌وه‌ و، چاوەڕوان ناکرێت لە کەشوهەوایەکی دوور لە متمانە پرۆسەى چەکدانانی پەکەکە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. ئەمەى ئێستا وەکوو بۆمبێکی توقیتکراو وایە؛ لە هەر کات و ساتێکدا وەکوو ساڵى ٢٠١٥ ئامادەیە بۆ تەقینەوە و دووبارە سەرهه‌ڵدان و دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵانەى سەرەوە، مەحاڵە بتوانین بڵێین چەکدانانی پەکەکە گشتگیر دەبێت؛ لەوانەیە ناوی پەکەکە کۆتاییی پێ بێت بەڵام لەژێر ناوى جیاواز پارێزگارى لە چەکەکان دەکرێت. تەنانەت ئەوەى ئێستا ڕوو دەدات لە نمایشکردن زیاتر نییە، چونکە ئەگەر تەماشایەکی ئەو چەکانە بکەین کە سووتێنران، زۆربەیان کۆن بوون و لەوانەیە بۆ بەکارهێنانی ئێستا شیاو نەبێت.

پاش ئەم چەکدانانە چی ڕوو دەدات؟

پرۆسەى دانوستاندنەکانی ئەم جارەیان بە تەوقەیەکی باخچەلی لەگەڵ بەرپرسانی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا دەستی پێ کرد، دواتر بە بانگەوازەکەى باخچه‌لى بۆ ئۆجەلان بۆ ئەوەى بێتە پەرلەمان و بڕیارى چەکدانان بدات و، پاشان لەم نێوەندەدا چەندان چاوپێکەوتن و سەردان ئەنجام درا لە نێوان نوێنەرانی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان و ئەردۆغان و لایەنە سیاسییەکانی دیکەى تورکیا؛ تا لە ڕێکەوتی ١١ى تەممووزى ٢٠٢٥ پرۆسەکە لە سلێمانی گەیشتە قۆناغی دانانی چەک لەلایەن چەکدارانی پەکەکە و سووتاندنی. ئەم ڕێوڕەسمە لە ئەسڵدا ڕێوڕەسمێکی سه‌مبولیک بوو، کە تیایدا 30 گەریلای پەکەکە بەشدار بوون. ئێستا دواى ئەم قۆناغە پرسیاری ئەوە دروست بووە: پاش ئەم هەنگاوە چیی دیكه‌ هەیە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە هەوڵ دەدەین بە لەبەرچاوگرتنی لێدوانەکانی بەرپرسانی دەم پارتی و ئۆجەلان و ئەردۆغان ئەم خاڵانەى خوارەوە بخەینە ڕوو:

یەکەم: سەرەتا بەرپرسانی دەم پارتی بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنه‌وه‌ کە پێویستە حکوومەتی تورکیا (ئەردۆغان و هاوپەیمانانی) جددی بن لەم پرۆسەیەدا، بۆ ئەوەى بگەنە ئەنجامێکی ڕاستەقینە. بەگشتى دەم پارتى هەر لە سەرەتای پرۆسەکە زیاتر جەخت لەسەر چوار خاڵ دەکات کە یەکەمیان بریتییە لە بارودۆخی ئۆجەلان. دەم پارتی پێی وایە ناکرێ لە کەشوهەوایەکی ئاوادا ئۆجەلان دەستبەسەر بێت و لە زینداندا بێت.

جگە لەمە دەم پارتی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی نوێی دیموکراسی (Demokratik Yeni Bir Toplumsal Sözleşme)ی دەوێت. ئەمەیش خاڵێکی گرنگە کە تەنیا بە دەرکردنی چەند یاسایەکی لاوەکی بەدی نایه‌ت بەڵکوو پێویستیی بە پارێزگاریکردنی مافە دیموکراسی و سیاسییەکانی کورد هەیە لە چوارچێوەی دەقە دەستوورییەکاندا. بۆیە ئەم خاڵە یەکێکە لە داواکارییە جەوهەرییەکانی دەم پارتی، چونکە بەبێ دەستەبەرکردنى ئەم خاڵە، زۆر زەحمەتە پرۆسەکە سەر کەوێت.

خاڵی سێیەم بریتییە لە ژیانێکی دادپەروەرانە لە وڵاتێکی هاوبەشدا (Ortak Yaşamda Eşit Yaşam)؛ واتا دەبێ لە تورکیا سەرجەم پێکهاتە و نەتەوەکان بەبێ جیاوازی، خاوەنی هەمان ماف و بەرپرسیارێتی بن و، نابێت جیاوازی بکرێت لە نێوان تورک و کورد و عەرەب و ئەرمەنی و سریانی و عەلەوی و هتد.

خاڵی چوارەمی دەم پارتی بریتییە لەوەى کە دەبێت تورکیا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا لە جیاتی سیاسەتەکانی شەڕ و توندوتیژی، سیاسەتی دیالۆگ و ئاشتی پەیڕەو بکات (Türkiye’nin Ortadoğu’da Savaş Yerine Diyalog ve Barış Politikaları Benimsemesi). ئەم خاڵە لە ڕووی سیاسەتی دەرەوە و ستراتیژییەتى تورکیا بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەدا زۆر گرنگە؛ بەتایبەت عێراق و سووریا و ئێران کە ژمارەیەکی بەرچاو کوردى تێدایە. ئەم چوار بابەتە لەلایەن دەم پارتییەوە خراوەتە ڕوو و، کاریش دەکات تا ئاستێکی باش جێبەجێان بکات؛ بەڵام پرسیارێکی گرنگمان بۆ دروست دەبێت کە ئەویش بریتییە لەوەی كه‌ “ئایا ئەردۆغان و باخچەلی تا چەند ڕاستگۆ و سوورن لەسەر جێبەجێکردنی ئەم داواکارییانە؟” چونکە جێبەجێکردنی ئەم داواکارییانە ئاوا ئاسان نین.

دووەم: پەیامە ڤیدیۆیییەکەى ئۆجەلان کە نزیکەى حەوت خولەک بوو تا ڕاددەیەک هەم کورتکراوەى ئەوانەى کە ئەنجامدراوانی لەخۆ گرتبوو و هەمیش تا ڕاددەیەک نەخەشەڕێگه‌یەکی خستبووە ڕوو. بێ گومان چەکدانانی پەکەکە، نابێت تەنیا بەوەى سلێمانی کۆتاییی پێ بێت؛ چاوەرێی دەکرێت پرۆسەکە فراوانتر بێت. بەڵام هەڵوێستى ئەردۆغان و باخچەلی بەرامبەر ئەم هەنگاوانە لەوانەیە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەکە هەبێت، چونکە پەکەکە و ئۆجەلانیش دەیانەوێ لانی کەم هەندێک دەستکەوتیان هەبێت لە ئەنجامی چەکدانان و سووتاندنی چەکەکان.

لەم چوارچێوەیەدا پەیامەکەى ئۆجەلان لە ڕووی هەنگاوەکانی قۆناغی داهاتوودا ئەمانەى لەخۆ گرتبوو:

١. ئۆجەلان لە پەیامە ڤیدیۆیییەکەیدا ئاماژەى بەم خاڵە گرنگە کردووە: “تەڤگەرى پەکەکە و ستراتیژیی شەڕی ڕزگاریخوازانەى نەتەوەیی کە لەسەری بنیات نرابوو، کۆتاییی پێ هاتووە؛ هەبوونی کورد دانی پێدا نراوە، بۆیە ئامانجە سەرەکییەکەى دەستەبەر بووە.” ئەم پەیامە بە واتای وازهێنانی ئۆجەلان و پەکەکەیە لە ئامانجی کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو و دیموکراتیک. ئەم ئامانجە، بەتایبەت لە ساڵى ١٩٧٠ لە ڕێگەى مانیفێستێک بە ناوی “ڕێبازی شۆڕشی کوردستان” ڕاگەیه‌نرابوو. بەم شێوەیە لەگەڵ ئەم ڕاگەیاندنە، دیارە ئۆجەلان- ئەگەر بە شێوەیەکی کاتییش بێت- بۆ قۆناغی ئێستادا وازى لەم ئامانجەى هێناوە.

٢. دواى خۆهەڵوەشاندنه‌وه‌ی پەکەکە، ئۆجەلان لە سەرەتای قسەکانی لە گرتە ڤیدیۆیییەکەدا بەگشتى پێناسەیەکی نوێ بۆ پەکەکە دەکات، ئەویش لە ڕێگەى ئاماژەکردن بە بیر و هزری کۆمۆنیستی؛ کاتێک پەکەکە بە “تەڤگەرى دۆستایەتیی کۆموونالیست” ناوزەد دەکات. سەرەڕاى ئەوەى هزری کۆمۆنیستی لەلای ئۆجەلان هەر هەبووە، بەڵام ئەوەى ئێستا بە مانای ئەوە دێت کە لەجیاتی لایەنە نەتەوەیییەکە، زیاتر چڕ بۆتەوە سەر لایەنی ئەوەى کە کورد گەلێکی کۆموونالیستی بێت؛ ئەمەیش لەوانەیە لە داهاتوودا کاریگەریى نەرێنیی لەسەر ئۆجەلان و پەکەکە هەبێت. لەم قسانەى ئۆجەلان بۆمان دەردەکەوێت کە له‌ قۆناغەکانی داهاتوودا جەخت لەسەر شێوەیەکی چەپڕەویى نەتەوەییی لاواز دەکرێت کە لەوانەیە پرۆسەکە بریتی بێت لە چەند هەنگاوێکی یاسایی لەسەر ئاستی تورکیا، لەپاڵ چەند هەنگاوی سەرەتایی، وەکوو ئازادکردنی مەرجدار بۆ ئۆجەلان و هەندێک دەستگیرکراوی پەکەکە.

٣. ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا چەند جارێک ئاماژەى بە پەرلەمانی تورکیا کرد، کە تیایدا جەختی لەسەر دەستپێکردنی هەنگاوەکان کرد لەژێر چەترى پەرلەمان و بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان. هەروەها ئۆجەلان باسی پێکهێنانی کۆمیسیۆن (لیژنە)یه‌كی کرد لەسەر بنەمایەکی یاسایی لە پەرلەمانی تورکیا، بە مەبەستی هەنگاونان بەرەو چاکسازییە یاسایییه‌كان و تەنانەت گرتنه‌بەرى ڕێوشوێنەکانی ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ، کە ئەم پێشهاتانە لەخۆ بگرێت. هەرچەندە ئۆجەلان ڕاستەوخۆ باسی نووسینی دەستوورێکی نوێ ناکات بەڵام داواکارییەکانی تەنیا بە دەرکردنی چەند یاسایەک جێبەجێ ناکرێن. ئەمەیش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە قۆناغەکانی داهاتوو، دەبێت پەرلەمان لە ڕێگەى کۆمیسیۆنێکی تایبەت بەم بابەتەوه‌ دەست بە کار و چالاکییەکانی بکات؛ واتا چوارچێوە یاسایی و دەستوورییەکە بۆ پرۆسەى داننان بە ماف و ئازادییەکانی کورد لە تورکیا، ئامادە بکات.

٤. لەوانەیە قۆناغەکانی داهاتوو، بریتی بێت له‌ هەوڵەکانی ئازادکردنی ئۆجەلان و دەرکردنی یاسایەک، کە لێبووردنی تایبەت لەخۆ بگرێت، بۆ ئەو کەسانەى کە بەهۆی ئەندامبوون لە پەکەکە یاخود هەر کردەوەیەک دەستگیر کرابن کە دژی سوپا و دەوڵەتی تورکیا ئەنجام درابێت لە چوارچێوەى چالاکییەکانی پەکەکە لە دژی تورکیا لە قۆناغەکانی ڕابردوودا؛ چونکە ئۆجەلان بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا باسی لە بابەتی ئازادکردنیشی کرد و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆیش ئاماژەى بەوە کرد کە دەبێت ئازاد بکرێت. بەڵام ئەم قسەیەی بە شێوەیەکی فەلسەفی کرد و پەیامە شاراوەکەى خۆی لەبارەى گرنگیی ئازادکردنی، گەیاندە ڕای گشتی و لایەنە سیاسییەکان. هەروەها لە ناوەڕۆکی پەیامە ڤیدیۆیییەکەیدا باسی لەوەیش کرد کە تا ئێستا ئەوەى ڕووی داوە، بە ڕاوێژکردن بووە لەگەڵ “خۆی” و، ڕای گەیاند لە کاتی دانوستاندنەکاندا هیچ گوشارێکی لەسەر نەبووە. سەرجەم ئەم خاڵانە ئەوەمان پێ دەڵێن کە لە قۆناغەکانی داهاتوودا ئازادکردنی ئۆجەلان و، بوونی ئۆجەلان بە فاکتەرێکی سەرەکیی پرۆسەکە، زەقتر دەبێت و زیاتر کاری لەسەر دەکرێت.

سێیەم: سەرۆککۆمارى تورکیا، ئەردۆغانیش دوای ڕێوڕەسمی سووتاندنی چەک لەلایەن گەریلاکانی پەکەکە لە سلێمانی، وتارێكی بە بۆنەى کۆبوونەوەى هەڵسەنگاندن و ڕاوێژکاریی فراوانی ئاک پارتی پێشکەش کرد. بەڵام پێش هەموو شتێک با تیشک بخەینە سەر ئەمە کە ئەردۆغان و باخچەلی ناوى ئەم پرۆژەیان ناوە تورکیایەکی بێ تیرۆر (Terörsüz Bir Türkiye Projesi)؛ واتا بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بە پرۆسەى ئاشتی ناکات. بۆیە دەبینین ئەردۆغان لە وتارەکەیدا زیاتر جەختی لەسەر ئەوە کرد کەوا ئەوەى ئێستا هاتۆتە ئارا، لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر بووە. ئەمەیش خۆی لە خۆیدا پەیامێکی جەرگبڕە بۆ ئەوانەى بانگەشەى ئەوە دەکەن کە ئەم پرۆسەیە، پرۆسەى ئاشتییە. لەم چوارچێوەیەدا چاوەڕوان دەکرێت لە قۆناغەکانی داهاتوویشدا ئەردۆغان و باخچەلی و دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی تورکیا هەر بە هەمان ناوەکەى ئێستا- تورکیایەکی بێ تیرۆر- بەردەوام بن.

لە لایەکی دیکە وتارەکەى ئەردۆغان ئاماژەى بە پێكه‌وه‌کارکردنی ئاک پارتی و مەهەپە و دەم پارتی کرد. ئەمەیش ئاوا خوێندنەوەى بۆ کرا کەوا ئەردۆغان توانیی دەم پارتی بۆ خۆی ڕابکێشێت بە بیانووی دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی لە نێوان تورکیا و پەکەکە و ئۆجەلان، چونکە ئەردۆغان هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ ئەوە چڕ کردۆتەوە کە دەیەوێت دیسان خۆی کاندید بکاته‌وه‌ و سەر کەوێ و ئەمەیش باش دەزانێت ئەگەر دەنگی دەنگدەرى کوردی لەگەڵدا نەبێت، ئەوە ناتوانێ سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە دەبێتەوە.

 بۆیە بە هەر شێوەیەک بێت ئەردۆغان لەگەڵ هاوپەیمانە سەرسەختەکەى، باخچەلی، بەیەکەوە کار دەکەن ڕێگه‌ یاسایی و دەستووری و سیاسییەکان بەکار بهێنن بۆ ئەوەى لە قۆناغی داهاتوودا سەرکەوتنی خۆیان مسۆگەر بکەن، چونکە ئەردۆغان و باخچەلی ئەوە زۆر باش دەزانن و پێشبینیی ئەوە دەکەن کە لە ئەگەرى سەرنەکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبنه‌وه‌ و ئاوا بەئاسانی وازیان لێ ناهێنرێت. جا بۆیە دوای ئەم قۆناغە پێشبینی دەکرێت ئەردۆغان زیاتر لەسەر ئەوە کار بکات دەستوور یان هەموار بکات یاخود دەستوورێکی نوێ ئامادە بکات، چونکە ئێستا کەشوهەوایەکی ئاواى ڕەخساندووە کە بە ئەگەرێکی زۆر، دەم پارتییش پاڵپشتی لەم هەنگاوەى ئەردۆغان و باخچەلی دەکات؛ هەروەها بە ڕاکێشانی دەم پارتى بۆ هاوپەیمانێتیی کۆمار (Cumhur İttifakı) لە هەڵبژارنی گشتی و شارەوانییەکان و سەرۆکایەتیى کۆماریش، هاوکێشەى دەنگەکان لە بەرژەوەندیی خۆیان دەگۆڕن.

لە لایەکی دیکەوه‌ ئەردۆغان لە سەروبەندی وتارەکەى، ئاماژەى بە هاوپەیمانیی تورک و عەرەب و کورد کرد؛ ئەمەیش بۆ یەکەم جارە ئەردۆغان باسی شتێكی له‌م جۆره‌ دەکات. پێ دەچێت ئەم پەیامەى ئەردۆغان زیاتر بۆ وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بێت، چونکە پەیامەکە بۆنی هەژموونگەراییی عوسمانییەکانی لێ ده‌هات. ئەم خاڵەیش لە قۆناغەکانی داهاتوودا کاریگەرییه‌‌كی زۆری دەبێت لەسەر پرۆسەى تورکیایەکی بێ تیرۆر بە وتەى ئەردۆغان و، پرۆسەى ئاشتى بە وتەى دەم پارتی.

  ڕای گشتی و ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا چی دەڵێت؟

دۆزی کورد لە تورکیا لە سەرجەم قۆناغەکاندا هەستیار و گرنگە، بۆیە لایەنە سیاسییەکان ناتوانن ڕاستەوخۆ و بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا هەڵوێستی خۆیان لەباره‌یەوە ڕابگەیه‌نن؛ تەنانەت ئەو پرۆسەی ئێستا کە لە تورکیا دەستی پێ کردووە، وردەکارییەکانی، ناوەڕۆکەکەی، هەنگاوەکانی بە شێوەیەکی فەرمی ڕانەگەیه‌نراوە؛ تەنانەت-هەروەک لە سەرەوەیش ئاماژەمان پێ کرد- هەر لایەنێک ناوێکی جیاوازی لە پرۆسەکە ناوە. بۆیە ئۆپۆزیسیۆنیش بەحەزەرەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکات. بێ گومان ئەم قسەیە بۆ گەورە حزبی ئۆپۆزیسیۆن، جەهەپە، ڕاستە، بەڵام بۆ حزبێکی وەکوو “حزبی باش” هیچ نیگەرانییەکى نییە لە دژایەتیکردنی پرۆسەکە. بەڵام خاڵێکی گرنگ هەیە ئەویش بریتییە لەوەى کە هەموو لایەنەکان لەسەر کۆتاییهێنان بە بابەتى تیرۆر کۆکن؛ هەر لایەنێک کە پرسیاری ئەم پرۆسەیەی لێ دەکرێت، یەکەم وەڵامی ئەوەیە کە ئەوان لەگەڵ کۆتاییهێنانن بە تیرۆر. بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی گشتى تەماشایەکی ڕیژەى ڕەزامەندی لەسەر ئاستى ڕای گشتى بکەین لە تورکیا دەربارەى پرۆسەى “تورکیایەکی بێ تیرۆر”، ئەوە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵى ٢٠٢٤دا کە باخچه‌لى لە پەرلەمانی تورکیا تەوقەى لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەکانی دەم پارتی کرد، ڕێژەى پاڵپشتیکردن لە پرۆسەکە لە دەوربەرى (٣٠%) بوو؛ ئەمە دەتوانین بڵێین خاڵی دەسپێک بوو. پاشان لە سەرەتاکانی ساڵى ٢٠٢٥ کە بابەتەکە زیاتر خرایە بەردەم خەڵک، ڕێژەى پاڵپشتیکردنی خەڵک بۆ پرۆسەکە به‌پێی ڕاپرسییە گشتییەکان دەوربەرى (٥٠%) بوو. هەر لەم چوارچێوەدا پێش ڕێوڕەسمی چەکدانانە سه‌مبولییەکەى پەکەکە لە سلێمانی، پاڵپشتیی خەڵک بەپێی ڕاپرسییەکان لە نێوان (٦٠%) و (٧٠%)دا بوو؛ هەرچەندە ڕێکەوتەکەى ڕانەگەیه‌نرا. هەروەها جێگری سەرۆکی ئاک پارتی ئەفکان ئالا (Afkan Ala) ڕای گەیاند، کەوا پاڵپشتی خەڵک بۆ “پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر” گەیشتۆتە ڕێژەى “٧٥.٩%”، هەرچەندە ئەم بەرپرسەی ئاک پارتی ئاماژەى بە ڕێککەوتی ئەنجامدانی ڕاپرسییەکەى نەدا، بەڵام پێشبینی دەکرێت ڕاپرسییەکە لە دوای ڕێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە کرابێت، واتە دوای ١١ى تەمووز.

ئەم پاڵپشتی و پشتگیرییەى خەڵک لە ساڵانى ٢٠١٢ و ٢٠١٣یش گەیشتبووە ئاستى (٧٥%)،  بەڵام خاڵێکی زۆر جەوهەری و گرنگ هەیە لەم باره‌یەوە، ئەویش بریتییە لەوەى کە ئەم ڕاپرسییانە بەگشتى پرسیاری ئەوەى ئاراستەى بەشداربووان کردووە: “ئایا پاڵپشتى و پشتگیری لە پرۆسەى تورکیایەکی بێ تیرۆر دەکەی؟”، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە وردەکارییەکان بکرێت؛ کە پرسیارەکان لە چوارچێوەى ئەو سیاسەتانەى کە لەوانەیە بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکە بگیرێتە بەر، ئاراسته‌ ده‌كرێت، بۆ نموونە کە پرسیاری ئەوەیان ئاراستە دەکرێت كه‌ “ئایا لە چوارچێوەى ئەم پرۆسەیە، لێبووردنی گشتى دەربکرێت؟”، ئەوکات ڕێژەى پاڵپشتى بۆ (٢٠%) دادەبەزێت. لە کاتی گۆڕینی پرسیارەکەیش بەم شێوەیە: “ئایا ئەوانەى لە زینداندا دەستبەسەرن، ئازاد بکرێن؟”، ڕێژەکە دەگاتە (٢٥%). بۆیە ئەوەى گرنگە بۆ قۆناغەکانی داهاتوو، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا ئاک پارتى و مەهەپە (ئەردۆغان و باخچەلی) چ هەنگاوێک دەنێن؟ چونکە هەنگاوەکانی داهاتووی ئەم دوو سەرکردەیە کاریگەریى ڕاستەوخۆی دەبێت بۆ سەر پاڵپشتیی خەڵک بۆ پرۆسەکە و ئاراستەکردنی ڕای گشتى بۆ هەنگاوە ئەرێنییەکان.

لەبەر ئەمە لە قۆناغی داهاتوو گرنگترین هەنگاو بریتییە لە پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک کە بڕیارە لەسەر ئاستى پەرلەمانی تورکیا بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان پێک بهێنرێت. واتا ڕێژەى پاڵپشتیى خەڵک و پشتگیریی ڕای گشتى بۆ بابەتەکە، بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە کە یەکەمیان بریتییە لەوه‌ی: “کام لایەنی سیاسی بەشداری لە کۆمیسیۆنەکە دەکات؟” کە پێشبینی دەکرێت ناوەکەى بەم شێوەیە بێت: “كۆمیسیۆنی یەکڕیزی و تەباییی نیشتمانی – Milli Birlik ve Beraberlik Komisyonu”؛ چونکە بەتایبەت ئۆجەلان ئەم جارەیان جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە پرۆسەکە لەژێر چەتری پەرلەماندا بەڕێوە بچێت و زۆریش بەلایەوە گرنگە، كه‌ جەهەپە بەشدار بێت لە پرۆسەکە، چونکە بەشداریکردنى جەهەپە لە پرۆسەکەدا لە ڕووی ئاراستەکردنی ڕای گشتیی تورکیاوە بە شێوەیەکی ئەرێنی لە بەرژەوەندیی پرۆسەکە، زۆر گرنگە. خاڵى دووەم: “ئەو هەنگاوانە چین کە پێویستە كۆمیسیۆنه‌كه‌ بیهاوێژێت؟”؛ بێ گومان کار و دەسەڵاتى كۆمیسیۆنه‌كه‌یش لە ڕووی ئاراستەکردنی ڕای گشتییه‌وه‌ لەسەر ئاستی تورکیادا زۆر گرنگە.

سەبارەت بە هەڵوێستى جەهەپە کە بەپێی دوایین ڕاپرسییەکان یەکەم حزبە لەسەر ئاستى تورکیا، تا ئێستا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و یەکلاکەرەوە دیار نییە و، جۆرە ناڕوونییەک هەیە لە هەڵوێست و لێدوانی سەرۆکەکەى و بەرپرسە باڵاکانی. سەرەتا دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ئەم هەڵمەتەى ئەردۆغان و باخچه‌لى سەبارەت بە پرۆسەى تورکیایەکی بێ تیرۆر و دەستپێکردنی دانوستاندنەکان لەگەڵ پەکەکە و ئۆجەلان، زیاتر هەنگاوێک بوو بەرەو خۆنزیککردنەوە لە دەنگدەری کورد لە تورکیا، چونکە ئەردۆغان و باخچه‌لى گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، کە به‌ته‌نیا-ته‌نیا ئه‌و دوو حزبه‌- ناتوانن ئەو دەنگە بەدەست بهێنن کە پارێزگارى لە مانەوەیان بکات لە دەسەڵات. لەپاڵ ئەمەیش کێشەى “دووباره‌ خۆکاندیدکردنه‌وه‌ی ئەردۆغان” لە ڕووە یاسایییەکەوە سەری هەڵداوەتەوە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم دوو کێشەیە، ڕاکێشانی دەنگی دەنگدەرى کورد بۆ خۆیان و ڕازیکردنی دەم پارتى بە بیانووی دەستپێکردنی دانوستاندنەکان و کارکردن بۆ پێشکەشکردنى هەندێک سازش و تەنازولات وەکوو بڵاوکردنەوەى پەیامە ڤیدیۆیییەى ئۆجەلان و هاوڕێ دەستبەسەرەکانی و… و، خۆنیشاندانی وەک فریادڕەس بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە تورکیا، ئەردۆغان و باخچەلی دەیانەوێ لە ژیانی سیاسیی تورکیادا بۆ قۆناغەکانی داهاتوو، درێژە بە هەژموونی خۆیان بدەن؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى بە گرتنەبەری ئەم هەنگاوانە کاریگەریى گۆڕانکارییە هەرێمی و نیودەوڵەتییەکانیش تا ڕاددەیەک لە تورکیا کەم دەکرێته‌وه‌. بۆیە جەهەپە تا ئێستا نەیتوانیوە بوێرانە هەڵوێستى خۆی ڕابگەیه‌نێت، چونکە ترسی لەدەستدانی دەنگدەرى کوردی هەیە لە لایەک و، ترسی دابەزینی ڕێژەى دەنگەکانیشی هەیە لەسەر ئاستى تورکیادا لە لایەکی دیکەوه‌؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هەر هەنگاوێکی هەڵە لەوانەیە باجەکەى زۆر قورس بێت بۆ سەر جەهەپە کە لە ئێستادا توانیویەتى خۆی بگەیه‌نێتە ئاستێکی بەرز و کاریگەر.

لە لایەکی دیکەوه‌ ئەردۆغان دەیەوێ لەم قۆناغەدا جەهەپە ناچار بکات هەنگاوی هەڵە بنێت و لەم چوارچێوەیەدا سەرقاڵی کردووە بە دەستبەسەرکردنی ئەو سەرۆکشارەوانییانەى کە جەهەپەن، لەسەروویان ئەکرەم ئیمامئۆغلو، کە لە هەمان کاتیشدا کاندیدی سەرۆککۆمارى جەهەپەیە. لەبەر ئەم هۆکارانەیە جەهەپە پێش ڕاگەیاندنی هەڵویستى کۆتاییی خۆی دەربارەى پرۆسەکە، لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر بابەتى ڕێزگرتن لە بنەماکانی دیموکراسی دەکاته‌وه‌ لەپاڵ پرۆسەى تورکیایەکی بێ تیرۆر؛ چونکە جەهەپە ئەمەى بەئاشکرا ڕای گەیاندووە کە بەبێ پته‌وکردنی بنەماکانی دیموکراسی و وازنەهێنانی ئەردۆغان لە دەستگیرکردنی ڕکابەره‌كانی، ئەوا پرۆسەکە سەرکەوتوو نابێت.  

جەهەپە بۆ ئەوەى بەرچاوی زیاتر ڕوون بێتەوە، بڕیاری داوە چەند ڕاپرسییەکى تایبەت ئەنجام بدات و ئاگاداری بۆچوونی خەڵک بێت بەرامبەر بە پرۆسەى تورکیایەکی بێ تیرۆری ئەردۆغان و باخچەلی و پرۆسەى ئاشتیی دەم پارتی و پەکەکەی ئۆجەلان. وا پلانی بۆ داڕێژراوە کە ئەم ڕاپرسییانە تا ڕێکەوتی ٢١ى تەممووز تەواو بن و بۆچوونێکی گشتى دەربارەى بابەتەکە بخرێتە بەر مەکتەبی سیاسیی جەهەپە بۆ ئەوەى هەڵوێستى خۆی ڕوونتر و ئاشکراتر ڕابگەیه‌نێت.

لە لایەکی دیکە، حزبی باش (İYİ Parti) بەئاشکرا لەسەر زاری سەرۆکەکەی، موساواد دەرویشئۆغلو (Müsavat Dervişoğlu) لە دوایین لێدوانیدا کە لە چوارچێوەى کەمپینی “نەخێر بۆ پرۆسەی خیانەتی دووەم – 2.İhanet Sürecine Hayır”، پرۆسەى تورکیایەی بێ تیرۆری بەم شێوەیە ناوزەد کرد: “لەو سیناریۆیەی کە لەودیوی ئۆقیانووسەکانەوە کە لەلایەن بارۆنەکانەوە نووسراوە؛ بێش تەپە، بالگات، ئیمراڵی و قەندیل ڕۆڵی ئەکتەری سەرەکی لە فیلمی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستی گەورەدا دەگێڕن.” دەرویشئۆغلو لێرە مەبەستى لە ئەردۆغان و باخچەلی و پەکەکە و ئۆجەلانە، کە تۆمەتباریان دەکات بە جێبەجێکردنى پرۆژە و پیلانی دوژمنانی تورکیا و، بوون بە ئامرازێک بۆ چەسپاندنى بنەماکانی پرۆژەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە.

بەگشتى تورکیایەکی بێ تیرۆر دەستەواژەیەکی گرنگ و سەرنجڕاکێشە کە سەرجەم هاووڵاتیانی تورکیا پێیان باشە جێبەجێ بکرێت، بەڵام خاڵە هەرە گرنگەکە ئەوەیە: تا چ ئاستێک حکوومەتى تورکیا تەنازول بۆ پەکەکە و چەکدارانی پەکەکە و دەم پارتی دەکات؟ ئەمە دیارترین خاڵە کە لایەنەکانی نیگەران کردووە. ئەردۆغان و باخچەلییش چەندان جار جەختیان لەسەر ئەوە کردۆته‌وه‌ کە ئەم پرۆسەیە بەبێ هیچ تەنازولێک ئەنجام دراوە و دەدرێت. بەڵام ڕاستییەکانی ناو گۆڕەپان پێچەوانەى ئەم لێدوانانەى سەلماندووە، چونکە لێدوانەکانی بەرپرسانی دەم پارتی و ئۆجەلان و بەرپرسانی پەکەکە ئاماژەى زۆریان تێدایە کە بەرامبەر هەندێک دەستکەوت ئەم هەنگاوانە دەنێن و، تاکە گەرەنتیی ئەم جارەیش پەرلەمانی تورکیایە؛ی کە ئەمەیش شەرعیەت و چوارچێوەیەکی یاسایی دەبەخشێتە پرۆسەکە. بەڵام سەرەڕاى گشت ئەم پێشهاتانە، گومان و نیگەرانییەکی قووڵیش هەیە کە ئەم پرۆسەیە زیاتر لەوە دەچێت لەجیاتی خزمەتکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی تورکیا و دۆزی کورد، خزمەت بە بەرژەوەندییە کەسییەکانی سەرکردە بەشدارەکانی ئەم پرۆسەیە دەکات.

کۆبەند

تورکیا لە ساڵى ١٩٨٥ه‌وە تا ئێستا ١١ جار بە شێوەیەکی جددی هەوڵی ئەوەى داوە هاوشێوەى ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بکات و، لە هەموویشیاندا چاوەڕوانییەکان زۆر لە ئاستێکی بەرزدا بوون؛ بەڵام ئەوانەى کە ڕوویان دا وەڵامی چاوەڕوانییەکان نەبوون. سەرەڕاى ئەوەى ئەم جارەیان پەرلەمانی تورکیا دواى هەنگاوەکان دەخزێنرێتە ناو پرۆسەکە- چونکە لە سەرجەم هەوڵەکانی پێشوو سەرەتا یاساکان دەردەکران ئێنجا هەوڵ دەدرا پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت-، بەڵام پرۆسەى ئەم جارەیان لەلایەن باخچەلییەوە دەست پێ کرا و ئەردۆغانیش پاڵپشتیی لێ کرد و ڕۆڵی پەرلەمانیش دوای چەند هەنگاوێکی پرۆسەکە دەست پێ دەکات. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگریشمان هەیە کە ئەویش بریتییە لەوەى پەکەکە لە ساڵى ٢٠١٣وە کار بۆ ئەوە دەکات بەشە ستراتیژی و گرنگەکەى خۆی بۆ سووریا بگوازێتەوە لەژێر ناوەکانی پەیەدە/ یەپەگە و هێزەکانی دیموکراتی سووریا؛ بۆیە بەشێکی گرنگی پەکەکە لەژێر ناوی جیاواز لە سووریا جێگیر کراوەته‌وه‌. کەواتا پەکەکە تەنیا ناوى گۆڕیوە و هێڵی ستراتیژیی دواوەى خۆی پته‌و کردووە و بەردەوام پلانی B و Cى هەیە.

 سەرجەم ئەم پێشهاتانەى تورکیا، ناکرێ بەبێ خوێندنەوەى ڕووداوەکانی ناوچەکە تەماشای بکەین، بۆ نموونە باڵوێزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەى تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، تۆم باراک (Tom Barrack) پێش ئەوەى کار بۆ لێکنزیککردنەوەى ئەحمەد ئەلشەرع و مەزڵووم عەبدی بکات، سەردانی لوبنانی کرد بە مەبەستى جێبەجێکردنى پلانی چەکدانانی حزبوڵڵا. هەرچەندە باراک لەم ئەرکەیدا سەرکەوتوو نەبوو لە لوبنان، بەڵام ئەوە نیشاندەرى بوونی ئیرادەیەکی جددییە بۆ چەککردنی حزبوڵڵاى لوبنانی کە ئیسرائیلیش جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکات. سەرجەم ئەم پێشهاتانە ئەوەمان بۆ دەردەخات کەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کار بۆ دووبارە دیزاینکردنه‌وه‌ی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاست دەکات کە تیایدا ئیسرائیل باڵادەست بێت؛ بەڵام ئەمریکا پێی وایە گەورەترین بەربەست ئێستا لە بەردەم ئەم پرۆژەیە، “ئێران”ە. لەبەر ئەم هۆکارە، کار بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییه‌ک دەکات لە نێوان تورک و کورد و عەرەب؛ هەر ڕێکیش ئەردۆغان لە دوایین وتاریدا ئاماژەى بەم هاوپەیمانێتییه‌ کرد، کە تیایدا باسی پرۆسەى تورکیایەکی بێ تیرۆری کرد.

لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین، ئەوەى ئێستا دەگوزەرێ بریتییە لەوەى کە ئەمریکا لەژێر دروشمی ئاشتی، جەنگ بەرپا دەکا (ئاشتى لە ڕێگەى هێزەوە) و لەژێر ناوی چەکدانانەوە، چەکەکان بۆ بەرەکانی تر دەگوازێتەوە. ئەوەیش كه‌ ئێستا لەگەڵ پەکەکە ڕوو دەدات، لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیه‌یە.

image_pdfimage_print