پێنووس

سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە سووریا: کاریگەری و لێکەوتەکان

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

دەسپێک

پێش ڕووخانی ئەسەد، سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا، بریتی بوو لە کارکردن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی داعش؛ وەکووتر له‌ ڕوانگه‌ی ئەمریکا‌وه‌، بەتایبەت ئیدارەی ترەمپ، سووریا پێگەیەکی گرنگی نەبوو، تا ئەو کاتەی بەخێرایی ڕژێمی ئەسەد ڕووخا و دەستەی تەحریر شام هاتنە سەر دەسەڵات. دوای ئەوە سیاسەتی ئەمریکا بریتی بوو لە چاودێریکردنی دۆخی سووریا، بەتایبەت ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ڕەفتاری ڕژێمی سووریای نوێ، کە ئایا ئیسلامیستێکی توندڕەو دەبێت، یان دەبێتە مەترسی بۆ سەر دراوسێکانی. بەڵام پاڵپشتیی تورکیا و وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت سعوودیا و قەتەڕ و ئیمارات لە “ئەحمەد شەرع”، تەواوی سیاسەتی ئەمریکای بەرامبەر سووریا و دەستەی تەحریر شام گۆڕی.

لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین شرۆڤەی سیاسەتی ئەمریکا بکەین، بەتایبەت لە ڕوانگەی نێردەی نوێی ئەمریکا بۆ سووریا، تۆم باراک، بە ڕەچاوکردنی ڕۆڵی تورکیا و ئێران و وڵاتانی کەنداو؛ هەروەها پێگەی کورد لە سووریا لەو هاوکێشەیەدا.

  • سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا: ئیدارەدانی قۆناغی گواستنەوە

ئەوەی تا ئێستا ڕوونە، ئەوەیە کە ڕۆڵی ئەمریکا لە سووریای دوای ڕژێمی ئەسەد، کەم نەبووەتەوە، بەڵکوو بەپێی ڕوانگەیەکی واقعیتر کە هاوتەریبە لەگەڵ سەرهەڵدانی دۆخێکی نوێ لە ناوچەکە، داڕێژراوەتەوە. دەتوانین بڵێین کە سیاسەتی واشنتۆن، لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی ململانێکانەوە گۆڕاوە بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە؛ لە پشتیوانیکردنی هێزە نادەوڵەتییەکانی وەک هەسەدە بۆ  هەماهەنگیی مەرجدار لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی، واتا دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع. ئەمەیش دەتوانین لە سێ پرسی سەرەکیدا تێبینی بکەین:

یەکەم: هەڵگرتنی سزاکان. سزاکان وەک ئامرازێک بوون لەدەستی واشنتۆن، بۆ جڵەوکردنی ڕژێمی پێشوووی سووریا (ئەسەد). بەڵام لە کاتی سەردانی ترەمپ بۆ کەنداو (١٣ی ئایار ٢٠٢٥)، وەک دیارییەک لە پێناو ئەو گرێبەستە گەورانەی پێشکەشی کرا، پێشکەشی وڵاتانی کەنداوی کرد؛ هەروەک لە لووتکەی ڕیازدا دەرکەوت، کە تیایدا سەرۆک تره‌مپ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی بە نەخشەیەکی ڕوونی بارودۆخی ئەمنی و سیاسییەوە گرێ دا- لە پێش هەموویان سیاسەتی سووریای نوێ بەرامبەر بە ئیسرائیل و چارەنووسی “میلیشیا بیانییەکان”. دواتریش لە کۆتاییی حوزەیرانی هەمان ساڵ (٢٠٢٥)، بەشێکی زۆری سزاکانی هەڵگرت. ئەمەیش ئەوە دەردەخات کە ئەمریکا دەیەوێت هاوکاریی سووریای نوێ بکات بۆ ئەوەی دروست بێتەوە.

دووەم: واشنتۆن تا ئێستا ڕێگر بووە کە ئیسرائیل گورزی کاریگەر لە دەسەڵاتی شەرع بدات؛ ئەمە سەرەڕای پابەندبوونی ئەمریکا بە مافی ئیسرائیل بۆ “بەرگریکردن لە خۆ”، ڕەتکردنەوەی “ناڕاستەوخۆ”ی دەربڕی بۆ فراوانکردنی بازنەی ئۆپەراسیۆنەکان بە شێوەیەک کە هەڕەشە لە سەقامگیری سیاسیی سووریا نەکات. ئەمەیش ڕەنگدانەوەی خواستی ئەمریکایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هاوپەیمانەکەی، نەک سەرپشکكردنی تەواوی ئیسرائیل.

سێیەم: وەک دەزانین ئەمریکا وەک هاوبەشێکی مەیدانی، ساڵانێکە پاڵپشتیی خۆی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەربڕیوە. بەڵام بە هۆکاری ڕێککەوتنی یەکگرتن لەگەڵ دیمەشق و، پاشان لە لووتکەی ڕیازدا، بە مەرجی ئەوەی کە حکوومەتی سووریا بەرپرسیارێتیی زیندانەکانی داعش لە ئەستۆ بگرێت، هەندێک ئاماژەی گۆڕانکاریی ستراتیژی ڕوویان داوە. ئەمەیش دەکرێت گوزارشت بێت لە ئامادەکاری بۆ وازهێنانێکی وردە وردەی ئەمریکا لە هەسەدە وەک هاوبەشێکی سیاسی و گەڕان بەدوای پرۆسەی گواستنەوەی سیاسیدا کە واشنتۆن هیواخوازە نەرمتر و ڕێکخراوتر بەڕێوە بچێت.

ئەم سێ وێستگەیە ڕۆڵێکی نوێی ئەمریکا لە سووریادا دەخەنە ڕوو: نە کشانەوەیەکی تەواو و نە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ، بەڵکوو هاوبەشییەکی ئەمنیی مەرجدارە کە تێیدا بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ سەقامگیریی دیمەشقدا یەک دەگرنەوە. ئەم هاوکێشەیە هێشتا فراژووە (fragile)، چونکە سەرکەوتنی پەیوەستە بە توانای لایەنی سووریا بۆ هاوسەنگی لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی ڕۆژاوا بەبێ سازشکردن لەسەر ئەوەی پێی دەڵێن “سەروەریی  سووریا”. لەسەرێکی تریش، پەیوەستە بە توانای واشنتۆن بۆ سنووردارکردنی داواکارییەکانی لە ڕژێمی شەرع، بەبێ ئەوەی زۆری لەسەر بکەوێت؛ لە هەمان کاتدا هاندان و ئاسانکاری بۆ ڕژێمی نوێی سووریا کە تێکەڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ببێتەوە.

ڕاستییه‌كه‌ی، لە ڕوانگەی سەرۆک ترەمپ، ئەلشەرع ئامادەیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل؛ ئەمە هەڵوێستێکی مێژوویییە بۆ هەر سەرکردەیەکی  سووریا کە پێشتر بەخەیاڵماندا نەدەهات. ئەم ڕوانگەیە کاریگەریی زۆری هەبووە  لەسەر بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر دیمەشق و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی نوێی سووریا، سەرەڕای پەیوەندیی ڕابردووی بە ئەلقاعیدە. کۆشکی سپی ڕای گەیاند کە لە کۆبوونەوەی ڕیازدا، تره‌مپ داوای لە ئەلشەرع کردووە (لەگەڵ چەند داواکارییەکی دیکەی ئەمریکادا) بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، پەیوەندی بە ڕێککەوتنەکانی “ئەبراهام”ەوە بکات کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت.

 بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەلشەرع بە ترەمپی گوتووه‌، حکوومەتی سووریا کێشەی نییە لەسەر مانەوەی دەسەڵاتی ئیسرائیل بەسەر بەرزایییەکانی جۆلان. دواتر دەزگه‌ی هەواڵی ئیسرائیلی i24 بڵاوی کردەوە، ئەلشەرع داوای لە ئیسرائیل کردووە یەک لەسەر سێی بەرزایییەکانی جۆلانی ڕادەست بکاتەوە، بەڵام مافی بەکرێدانی سێ بەشەکەی تر بدات بە ئیسرائیل بۆ ماوەی 25 ساڵ. ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ڕێگە خۆش دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە دەیان ساڵ داواکاریی سووریا بۆ خاکی جۆلان؛ هەنگاوێک کە متمانەی نێوان واشنتۆن و تەلئەڤیڤ زۆر بەهێزتر دەکات. هەروەها دووری و دژایەتیی شەرع بۆ ئێران و حزبوڵڵا و پڕۆکسییەکانی تر، فاکتەرێکی دیكه‌یه‌ کە وا دەکات ئەحمەد شەرع جێگه‌ی ڕەزامەندیی ترەمپ بێت.

فاکتەری تری ئابووری و داراییش هەن، بۆ نموونە خەمڵاندنەکانی تێچووی ئاوەدانکردنەوەی  سووریا لە نێوان ٢٥٠ بۆ ٤٠٠ ملیار دۆلاردایە، کە بڕەکەی زۆر زیاترە لە توانای هەر دەوڵەتێک کە بتوانێت بەتەنیا ئەمە بگڕیتە ئەستۆ.

  • ڕوانگەی نوێی ئەمریکا بەرامبەر هێزەکانی سووریای دیموکرات

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئەمریکا ڕۆڵی ئاسانکاریی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات  لەگەڵ تورکیا و ڕژێمی نوێی سووریادا بینیوە. دەوترێت بەرپرسانی ئەمریکا هانی “مەزڵووم عەبدی”یان داوە بچێته‌ دیمەشق، بۆ دانوستاندن لەسەر ڕێککەوتنی مانگی ئازاری 2025 لەگەڵ ئەلشەرع؛ تەنانەت بەپێی زانیارییەکان عەبدی بە فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکا بۆ پایتەختی سووریا گوازراوەتەوە.

لە مانگی ئایاردا، تۆم باراک- کە دوو ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت: هەم وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و، هه‌میش نێردەی تایبەتی بۆ سووریا- هەوڵی دا عەبدی دڵنیا بکاتەوە کە ئەمریکا هێشتا هێزەکانی سووریای دیموکرات بە هاوپەیمان دەزانێت لە شەڕی دژی داعش و، هانی داوە لەژێر نێوەندگیریی ئەمریکادا بەردەوام بێت لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەنقەرە. تەنانەت باراک بە تەلەڤزیۆنی تورکیای وتووە کە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هەسەدە “فاکتەرێکی زۆر گرنگە بۆ کۆنگرێسەکەمان”. باراک کار لەسەر یەکگرتنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات لەگەڵ ڕژێمی شەرع؛ وەک خۆی دەڵێت: “زۆر زۆر گرنگە هەسەدە ئاراستە بکرێت بەرەو یەکگرتن لەگەڵ حکوومەتێکی نوێی سووریا.”

باڕاک دەیەوێت لە هەمان کاتدا هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا کەم بکاتەوە. پلانەکە ئەوەیە ژمارەی بنکەکانی ئەمریکا لە  سووریا تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥ لە هەشت بنکە بۆ یەک بنکە کەم بکرێتەوە؛ ئەمریکا پێشتر لانی کەم لە چوار بنکە کشاوەتەوە. دیارە هەسەدە بەم کەمکردنەوەیە دڵخۆش نییە؛ مەزڵووم عەبدی هۆشداریی دا لەوەی کە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا، دەبێتە ڕێگر لە بەردەم هەڵمەتی دژە-داعش. سەرەڕای ئەوەیش، عەبدی وتی: “دیاره‌ ئەمە پلانی سوپای ئەمریکایە؛ ئێمە ماوەیەکە لەبارەیەوە دەزانین…و، لەگەڵ سوپای ئەمریکا کار دەکەین بۆ پاراستنی گوشارەکان لەسەر داعش.” هەڵبەتە ئەمە پەیامێکە بۆ هەسەدە کە ئەمریکا دەیەوێت هێزەکانیان لەگەڵ سوپای نوێی سووریا تێکەڵ ببنەوە. هەرچەندە دوور نییە بۆ ئەم مەبەستە داواکارییان لە سووریا هەبێت، بەڵام ئەو داواکارییە لە ڕاستیدا پێ ناچێت لە بەرژەوەندیی کورد بێت بەڵکوو داواکارییەکە لەوانەیە بۆ ئیسرائیل بێت؛ بەوەی، سووریا ڕەچاوی بەرژەوەندیی ئیسرائیل بکات، تا ئاستی ئەوەی دۆست بێت بۆ ئیسرائیل نەک نەیار. ئیسرائیلیش خەریکە بەو دەرەنجامە ڕازی بێت.

وەک دەزانین لە نێوان سووریا و ئیسرائیل بۆ جۆرێک لە هەماهەنگی لە باکۆی ئازەربایجان گفتوگۆ هەبووە؛ ئەمە ئەو داواکارییەیە کە ئەمریکاش لە سووریای دەوێت. بۆیە دوور نییە دواجار دۆستایەتیی ئەمریکا، هەسەدە بکاتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل. هەرچەندە ئەو گرژییانەی لە مانگی حوزەیران لە نێوان سووریا و ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕووی دا، لەوانەیە ئەو هەماهەنگی و نیمچەلێکتێگەیشتنەی هەبوو کاڵ بکاتەوە، چونکە ئیسرائیل نایەوێت هیچ هێزێکی چەکدار لە باشووری سووریا و ناوچە درووزنیشنەکان هەبێت؛ بەڵام شەرع لەگەڵ ئەم داواکارییەی ئیسرائیلدا کێشەی هەیە. ئەمە دوور نییە سیاسەتی ئیسرائیل لە ئاشتبوونەوەی خێرا لەگەڵ سووریادا بگۆڕێت؛ هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ ئەوەی ناوێت!

بۆیە هەرچۆنێک بێت، دەکرێت ئەو گرژییە تازانە زەنگێک بێت بۆ دەسەڵاتی نوێی سووریا کە مساوەمەی زیاتر بکات بۆ کورد، بۆ گەیشتن بە فۆڕمێکی تری ڕێکكەوتن، کە دەکرێت جۆرێک لە لامەرکەزی بۆ کورد دەستەبەر بکات؛ بەڵام ئەمە دواجار دەبێتە داواکاریی درووزەکان و عەلەوییەکانیش. بۆیە هەوڵێکی لەو جۆرە ئەگەر هەیشبێت، لەوانەیە تەنیا بۆ کڕینی کات بێت تا وەکوو دەسەڵاتی شەرع دەکەوێتەوە سەرپێ؛ دواتر پابەند نابێت بە هیچ جۆرێک لەو ڕێکكەوتنانە. ئەمە بێجگە لەوەی کە هەر ڕێکكەوتنێکی نێوان شەرع و کورد، پێویستیی بە ڕەزامەندیی تورکیا دەبێت؛ تورکیاش ئەستەمە ڕێگه‌ بدات.

  • قۆناغێکی تری سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست

هێشتا وێنە گەورەکەی سیاسەتی ئەمریکا، کێبڕکێی ستراتیژییە لەگەڵ چین. ڕاستە ئەمریکا پشت ناکاتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام دەیەوێ کەمترین پابەندێتیی کرداریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت. هەر بۆیە کار بۆ نەزمێکی نوێی هەرێمایەتی (new regional order) دەکات کە ئەو ناوچەیە دۆستی ئەمریکا و ڕۆژاوا بێت. ستوونەکانی ئەم نەزمەیش ئیسرائیل و تورکیا و کەنداو دای دەڕێژن. سووریا خاڵی بەیەکگەیشتن و هاوکات بەرکەوتنی ئەم ستوونانەیشە لای وڵاتانی ناوچەکە، بۆیە ئەمریکا مەبەستیەتی سووریایەک هەبێت کە ناکۆک نەبێت بە بەرژەوەندییەکانی: تورکیا، ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو. لای ئەمریکا مەبەستە سووریا سەقامگیر ببێت و، ببێتە شوێنی لێکنزیککردنەوەی ئەم سێ لایەنە و بەرژەوەندییەکانیان.  

تۆم باراك بازرگانێكی ئەمریكییە و ھاوپەیمان و دۆستێكی نزیكی ترەمپە و لەسەر ڕاسپاردەی ترەمپیش لە 14ی ئایاری 2025 بووە باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا، کە لە هەمان کاتدا نێردراوی تایبەتی واشنتۆنیشە بۆ سووریا. باراك ئێستا ڕۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان حكوومەتی دیمەشق و كورد دەگێڕێت بۆ ئەوەی لەسەر فۆرمێک لەگەڵ دیمەشق بگەنە ڕێككەوتن. ئەوەی جێگەی سەرنجە لێدوان و قسەكانی باراك زیاتر لە خزمەتی حكوومەتەكەی ئەلشەرع و توركیادایە؛ بەتایبەت كه‌ باراك لە دیدارێكدا باسی ئەوە دەكات كە سەردەمی فیدراڵیزم نەماوە و ئەو مودێلە شكستی ھێناوە. ھەروەھا باسی ئەوە دەكات كورد تەنیا یەك ڕێگەیان لەبەردەمدایە، ئەوەیش “ڕێگەی دیمەشق”ە. ئەمەیش وەك ئاماژەیەك بەوەی كە كورد جگە لە ڕێككەوتن لەگەڵ دیمەشق و ڕازیبوون بە مەرجەكانیان، ھیچ ڕێگەیەكی تریان لەبەردەمدا نییە. ھەروەھا تۆم باراك پێداگری لەسەر ئەوە دەكات، كه‌ دەبێت ڕێككەوتنەكەی 10ی ئاداری 2025ی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی جێبەجێ بكرێت. ئەمە پێ دەچێت بەشێک بێت لە ڕوانگەی ئێستای ئەمریکا بۆ  سووریا، کە بتوانێت هەرسێ هێزە هەرێمییەکەی دۆستی ئەمریکا (تورکیا-ئیسرائیل- وڵاتانی کەنداو) ڕازی بکات.

ڕوانگە و قسەكانی تۆم باراك، ھەمان بیرەوەرییەكانی “پۆل بریمەر”مان بیر دێنێتەوە، كاتێك لە سەرەتای ڕووخانی عێراق دەسەڵاتی كاتیی لە عێراق وەرگرت. بریمەر سەرەتا زۆر بەتوندی دژایەتیی سیسته‌می فیدراڵیی دەكرد و، ھەروەھا ھەوڵێكی زۆری دا بۆ ئەوەی “ھێزەكانی پێشمەرگە” ھەڵبوەشێنێتەوە. تەنانەت پۆل بریمەر باوەری بە “قەوارەی ھەرێمی كوردسان”یش نەبوو و، پێی وابوو دەبێت لە ھەموو عێراق یەك ھێز، یەك دەوڵەت و یەك دەسەڵات ھەبێت. بەڵام مکوڕیی سەرکردایەتیی کورد، بەتایبەتیش “بارزانی” و “تاڵەبانی”، توانیی ڕای بڕیمەر بگۆڕێت؛ ئەگەر سەرنجی بیرەوەرییەکانی بڕیمەر بده‌یت، بەڕوونی باسی ئەم پرسە دەکات.

بۆیە ئەمە دەکرێت بۆ دۆخی ئێستای سووریاش ڕاست بێت. ڕاستە تۆم باراك نوێنەری ئەمریکایە، بەڵام بڕیارەکانی پەیوەستن بە واقعی ئێستای سووریا؛ بەتایبەت كه‌ هێشتا دەسەڵاتی نوێی سووریا نەکەوتۆتە سەرپێ. بۆیە کورد هێشتا دەرفەتی هەیە نەیه‌تە ژێرباری بڕیارەکانی تۆم باڕاک، بەتایبەت کە کورد لە سووریا سەربەخۆییی ناوێت، بەڵکوو دەسەڵاتێکی لامەرکەزیی ئیداریی دەوێت. ئەمەیش دەکرێت مایەی سەقامگیری بێت بۆ  سووریا نەک بەپێچەوانەوە. ئەمە جگە لەوەی کورد لە کۆنگرێس دۆستی زۆری هەیە؛ کۆنگڕێس دەتوانێت بڕیارەکانی تۆم باراک ڕەت بکاتەوە. لەم سۆنگەیەوە دەکرێت ئەوەی تۆم باراک دەیەوێت جێبەجێی بکات، لە واقعی سیاسیی ئێستای سووریادا ئەستەم بێت، بەتایبەت دوای گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و سووریا لەسەر ناوچەی سوه‌یدا و باشووری  سووریا.

کاریگەریی هێزە هەرێمییەکان: تورکیا، وڵاتانی کەنداو، ئیسرائیل

دیارە مەزڵووم  عەبدی ئاگادارە کە تورکیا ئێستا بانگەشە بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی داعش دەکات لە تورکیا و، خەریکی دروستکردنی ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنە لە نێوان سووریا-ئۆردن-تورکیا لە دیمەشق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و کەمکردنەوەی پشتبەستنی واشنتۆن بە هێزەکانی سووریای دیموکرات. ئەنقەرە دەیەوێت ئەوە نیشان بدات کە هەسەدە بۆ هەڵمەتی دژی داعش، چیتر پێویست نییە و لەناوچوونەکەیشیان زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناگەیەنێت. ئەردۆغان لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە “پرۆسەی چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە” لقی  سووریاش دەگرێتەوە. بەڵام عەبدی ڕای گەیاندووە کە “ڕێکكەوتنی پەکەکە لەگەڵ حکوومەتی تورکیا پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە لە سووریا.” پێ دەچێت ئەوە پلانی تورکیا بێت بۆ چەکداماڵینی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەڵام بە فۆڕمێکی تر. کەواتا دەکرێت بڵێین تورکیا لە یەک کاتدا کار لەسەر چەکداماڵینی پەکەکە و هێزەکانی سووریا دیموکرات دەکات، بەڵام بە فۆڕمی جیاواز.  ئەردۆغان لەو ڕێگه‌یەدا توانیی خۆی بەدوور بگرێت لە بریندارکردنی هەستی کورد لە تورکیا؛ نەک ئەوە، بەڵکوو دوور نییە ئەردۆغان وەکوو “پیاوی ئاشتی”یش سەیر بکرێت. لەم سۆنگەیەوە ئەردۆغان دەیەوێت بەو میکانیزمە سوود لە دەنگی کورد ببینێت لە کاتی گۆڕینی دەستووری تورکیا، کە ئەردۆغان لە ئێستاوە کاری بۆ دەکات.

ئەم ڕوانگەیەی ئەمریکا لە کاتی سەردانی بۆ کەنداو بەڕوونی دەرکەوت، دوای کۆبوونەوەی ترەمپ لە ١٤ی ئایار لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە ڕیاز؛ کاتێک ڕای گەیاند کە ئەمریکا سزاکانی سەر دیمەشق لا دەبات. حکوومەتی ئەمریکا داوای لە سەرۆکی سووریا کرد کۆنترۆڵی ٩ هەزار زیندانیی داعش بکات کە تا ئێستایش لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان. ئەم ڕۆڵەی پاسەوانیی سیستەمی ئەو زیندانانەی کە چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان تێدا نیشتەجێ بوو، یەکێک بوو لە ئەرکە سەرەکییەکانی هێزەکانی هەسەدە- SDF؛ بەشێکی گرنگ و سەرەکی بوو لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ئەمریکا و هەسەدە. ئەوەی کە ئەمریکا ئێستا گوشار دەخاتە سەر سووریا بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەم کارە، ئاماژەیە بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ ڕژێمی نوێی سووریا، کە ئەمەیش لەسەر حسابی پاراستنی کوردەکانی سووریا دەبێت. ئاماژەیەک بۆ ئەم سیاسەتە نوێیە، هەوڵەکانی باڵیۆزی ئەمریکایە (باراک)، دوای ئەوەی لە کۆتاییی مانگی ئایاردا ئاڵای ئەمریکای بەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی باڵیۆزی ئەمریکا لە دیمەشق هەڵکرد و وتی، “دڵنیاتان دەکەمەوە کە سیاسەتی ئێستای ئەمریکا بەرامبەر سووریا، لە سیاسەتی سووریای ١٠٠ ساڵی ڕابردوو نزیک نابێت، چونکە هیچ کام لەم سیاسەتانە کاریگەرییان نەبووە.” مانای ئەم لێدوانە ڕوون نییە، بەڵام بەو پێیەی هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و هەسەدە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بەشێکی دیار بووە لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە سووریا، پێ دەچێت لێدوانەکەی باراک بۆ کوردەکانی  سووریا جێگه‌ی دڵنیایی نەبێت.

هەرچەندە گەشەکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ سووریای نوێ، خۆی دەتوانێت پێشکەوتنێکی ئەرێنی بێت، بەڵام ئەوە دواجار بەشێکی سەرەکییە لە سیاسەتی ترەمپ؛ خواستێکە بۆ ئەوەی ڕژێمی نوێی سووریا پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا دروست بکات. ئەمەیش بەشێک دەبێت لە فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی بەناو ئەبراهام کە ترەمپ لە خولی یەکەمی خۆیدا دەستی پێ کرد. پشتیوانیی ئەمریکا بۆ باڵادەستیی سەربازیی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لەژێر ڕۆشناییی جه‌نگی ئیسرائیل و ئێران، ڕەنگە بەشێک بێت لەم ستراتیژییە.

لە ڕاستیدا ئیسرائیل لەو کاتەوەی کە ئەلشەرع هاتە سەر دەسەڵات، بە هەموو جۆرێک دژایەتیی کردووە؛ بەڵام ئەم سیاسەتە خەریکە کۆتایی دێت. ڕەنگە ترەمپ و ڕاوێژکارەکانی پێیان وابێت کە ئەمریکا هێندە هێزی هەیە کە بتوانێت ئامانجی ئاساییکردنەوەی نێوان سووریا و ئیسرائیل بپێكێت. لە چاوی واشنتۆنەوە ئەگەر لەم پرۆسەیەدا کوردانی سووریا بکرێنە قوربانی، ئەوە شتێکی گەورە ڕوو نادات، چونکە ئەمە یەکەم جار نابێت کە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ کورد وابەستەیە بە ئەولەوییەتە ستراتیژییە گەورەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ستراتیژیی ئەمریکا ئەوەیە سووریا بەشێک بێت لە نزیکەکانی ئەمریکا و بەشێک نەبێت لە بەرەی ئێران؛ ئێستایش لە هەموو کات ئەو دەرفەتە لەبارترە بۆ ئەمریکا. ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دژبەریش نییە لەگەڵ سیاسەتی دۆستەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە (تورکیا، ئوردن، وڵاتانی کەنداو).

پاشەکشە سەربازییەکانی ئێران لەسەر دەستی ئیسرائیل و ئەمریکا، دەرفەتێکی بۆ تورکیا ڕەخساندووە کە ئامانجە ستراتیژییەکانی، بەتایبەتی لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی عێراق، سووریا و قەفقازی باشووردا بەدی بهێنێت. بەڵام خۆڕاگریی تاران و ئیستغلالکردنی پڕۆکسییەکانی، ڕەنگە ئاستەنگ بۆ ئەنقەرە دروست بکات.

پرۆژەی ڕێگه‌ی گەشەپێدانی عێراق بە بڕی 20 ملیار دۆلار، ڕێڕەوێکی ژێرخانی گشتگیرە؛ ئامانجی بەستنەوەی پارێزگای بەسرەی باشووری عێراقە بە تورکیاوە لە ڕێگەی 1275 کیلۆمەتر ڕێگه‌وبان و هێڵی ئاسنین. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن هەردوو وڵاتی قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییه‌وه‌ پاڵپشتی دەکرێت؛ بەڵام پێ ناچێت ئێران لە پڕۆسەیەک ڕازی بێت کە پێگەی ئابووری و سیاسیی تورکیا لە ناوچەکە باڵادەست بکات. بەڵام هەرچۆنێک بێت تورکیا هەوڵ دەدات کەلێنی هێزی ئێران لە ناوچەکە پڕ بکاتەوە- بە عێراقیشەوە. ڕەنگە ئەوەی عێراق، لە دەرگه‌ی پرۆژەی ئابووری و پرسی وزە بێت، کە بۆ هەردوو لا بەرژەوەندیی هاوبەشە.

ڕێڕەوی زەنگزور، کە تەماحێکی ستراتیژیی لەمێژینەی هاوبەشی تورکیا و ئازەربایجانه‌، خاڵێکی تری هەڵگیرسانی ڕکابەریی ئەنقەرەیە لەگەڵ تاران. ئەم کۆریدۆرە ئازەربایجان بە ناوچەی نەخچیڤان لەسەر سنووری تورکیا دەبەستێتەوە. ئەگەر ئەو ڕێڕەوە دامەزرا، ئەوا پەیوەندیی وشکانیی نێوان ئێران و ئەرمینیا دەپچڕێنێت کە ڕێڕەوێکی بازرگانیی گرنگە و تورکیا دەخاتە خاڵێکی خنکاندنی ستراتیژییەوە کە ڕێڕەوی بازرگانیی وشکانی لە تورکیاوە بۆ ئاسیای ناوەڕاست و چین کۆنتڕۆڵ دەکات. بەم هۆکارە، ئێران ترسی لە سەرهەڵدانی کەوانەیەکی تورکیا هەیە لە باکووری خۆیان. “ئەمە گەورەترین ترسی ئێرانە”.

لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان

ڕۆژی دووشەممە (٤/٧/٢٠٢٥) گیدیۆن ساعر (Gideon Sa’ar)، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕای گەیاند، “ئیسرائیل پابەندە بە فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم” و، “بەرژەوەندیی ئیسرائی لەوەدایە کە وڵاتانی وەک سووریا و لوبنان بخاتە ناو بازنەی ئاشتی و ئاساییکردنەوە.” هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە “ئیسرائیل زیاتر لە ٤٠ ساڵە بەرزایییەکانی جۆلانی لەژێردەستدایە.” لە هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتیدا، جۆلان به‌ بەشێک لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەمێنێتەوە.” ئەمە بەو مانایە دێت کە سووریا ئەگەر نەیشچێتە ناو ڕێکكەوتنەکانی ئەبراهام، بەڵام بەشێک دەبێت لەو وڵاتانەی کە دەبێت هاوکاریی ئیسرائیل بکەن. ئیسرائیل دەیەوێت بازنەی وڵاتانی دۆست زیاد بکات؛ ئەمریکاش دەیەوێت  سووریا و لوبنان ببنە بەشێک لەو بازنەیە. بەپێی چەند نەخشەیەک بێت، هەرێمی کوردستانیش لەناو ئەو بازنەیەدایە. هەر بۆیە ئەگەر هەیە کوردانی ڕۆژاوای کوردستان ببنە قوربانیی ئەو هاوکێشە هەرێمییە نوێیە.

لاوازبوونی کورد لە سووریا هەرگیز لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە بەهێزیی کورد لەوێ، وەک پاڵپشت و قووڵاییی ستڕاتیژی وایە بۆ هەرێمی کوردستان. بەتایبەت ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕوو بدات، کوردەکانی سووریا دەکرێت نزیکترین دۆستی هەرێمی کوردستان بن؛ بە جۆرێک هەرێمی کوردستان بتوانێت بۆشاییی پەکەکە پڕ بکاتەوە. لە ڕووی ئابووری و مرۆیییەوە گرنگە هەرێمی کوردستان دەروازەکانی بکاتەوە بۆ گەیشتنی هەر یارمەتییەک بۆ کوردانی سووریا؛ هەرچەندە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، لەو بارەیەوە ڕۆڵێكی گەورەی هەبووە.

لەم هاوکێشە نوێیەدا، هەرێمی کوردستانیش بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی هەیە؛ نابێت لەبەر خاتری وڵاتانی دراوسێ دەستەوەستان بوەستێت. هەرچەندە هێشتا هاوکێشەکە یەکلا نەبۆتەوە، بەڵام ئامانجی تورکیا و سووریای نوێ ئەوەیە، کە یەکەم هەنگاو ئەمریکا بکشێتەوە، ئینجا دەست بە گوشار بکەن لەسەر کەمینەکان، بەتایبەت هێزە کوردییەکان. لەم سۆنگەیەوە گرنگە هەرێمی کوردستان پشتگیری لە مافی کورد بکات لە سووریا و، هاوکاری دۆخی مرۆیی و پتەوکردنی هەستی نەتەوەیی بێت لە نێوان ڕۆژاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان، چونکە ئەمە بەتەواوی لە بەرژەوەندیی پرسی کورد و هەرێمی کوردستانە کە ئێستا سەرکردایەتیی ئەو پرسە دەکات لە ناوچەکەدا. دۆخی سیاسیی ڕۆژاوای کوردستان دەکرێت وانەیەک بێت بۆ هەرێمی کوردستان لە پشتبەستن بە هێزە دەرەکییەکان، کە هەرگیز تاسەر نابنە گەرەنتی بۆ هەرێمی کوردستان.

کورد لە ڕۆژاوای کوردستان ڕاستە دۆستی ئەمریکان، بەڵام ئەو هاوبەشییە سنووردارە. ئەمە بۆ هەرێمی کوردستانیش ڕاستە؛ ئێمە هاوبەشی ئەمریکاین بەڵام هاوبەشییەکە لەسەر چەند پرسێکە و سنووری هەیە. تا ئەو سنوورە ئەمریکا بەرگریت لێ دەکات کە پەیوەستە بە پلانەکانی ئەوان؛ لەوە زیاتر تۆ دۆست نیت بەڵکوو کێشە بۆ ئەمریکا دروست دەکەیت. ئەمە لۆژیکی هاوبەشیی سیاسییە لەگەڵ زلهێزەکان!

گوتاری نێردەی واشنتۆن بۆ سووریا (تۆم باڕاک) تا ئێستا، گوتارێکی زۆر دژەکوردە. کورد هەرگیز داوای دەوڵەت و سەربەخۆییی نەکردووە لە سووریا، کەچی ئەو بە هەمان گوتاری تورک و عەرەبی ناسیونالیست دەڵێت، “ئێمە پاڵشپتیی دابەشبوون و دەوڵەتی سەربەخۆ ناکەین بۆ کەس”؛ کە ئەمە بەلاڕێدابردنی ڕوانگەی ئەمریکا و ڕۆژاواشە لەبارەی کورد! دوای ئەو هەموو شەڕ و قوربانییە شان بە شانی شارستانییەتی ڕۆژاوا، بەڵام کورد لە سووریا ئێستا بەقەد درووزەکانیش پاڵپشتی نییە، کە ئیسرائیل ئامادەیە دەستوەردانی سەربازی بکات لە پێناو مانەوەیان؛ بەڵام ئەگەر بەیانی تورکیا یان هێزەکانی شەرع هێرش بکەنە سەر هەسەدە، ئەوە ئەمریکا ئامادە نییە هێزەکانی تورکیا یان سووریا بۆمباران بکات. ئەمە ئەو هاوکێشە جیۆپۆلۆتیکییە سەختەیە کە بەسەر دۆخی سیاسیی کورددا زاڵە.

سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا، پەیوەستە بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی سێکوچکەی: تورکیا، ئیسرائیل، وڵاتانی کەنداو؛ بەتایبەت تورکیا ڕێگرە لە بەردەوم هەر دەستکەوتێک بۆ کورد لە ڕۆژاوای کوردستان؛ ئەگینا کورد لە هەموو لایەنەکانی تر، ڕێکخراوتر، چەکدارتر، حوکمڕانتر و ڕوانگەڕوونترە لە  سووریا.

 

سەرچاوەکان:

  1. صبا عبد اللطيف (١٨/٥/٢٠٢٥) ماذا تريد أميركا من سوريا الجديدة؟ الجزیرة. https://shorturl.at/C1oNe
  2. Atlantic Council. (2024, July 10). Five questions—and expert answers—on Israel’s strikes against Syria. Atlantic Council. <<https://www.atlanticcouncil.org/blogs/new-atlanticist/five-questions-and-expert-answers-on-israels-strikes-against-syria/>>.
  3. Coalition for Regional Security (2025) <https://abrahamshield.org/en/>.
  4. Times of Israel Staff. (2024, July 14). Syria believed it had green light from US, Israel to deploy troops to Sweida. The Times of Israel. <<https://www.timesofisrael.com/syria-believed-it-had-green-light-from-us-israel-to-deploy-troops-to-sweida/>>.
  5. The White House. (2025, June). Fact sheet: President Donald J. Trump provides for the revocation of Syria sanctions. <<https://www.whitehouse.gov/fact-sheets/2025/06/fact-sheet-president-donald-j-trump-provides-for-the-revocation-of-syria-sanctions/>>.
  6. Mohammed A. Salih (June 25. 2025) Kurds and the Israel-Iran clash: New openings or old dangers? <https://thenewregion.com/posts/2575>.
  7. US Department of State (June 30, 2025) Ending the Syria Sanctions Program for the Benefit of the Syrian People. <https://www.state.gov/releases/office-of-the-spokesperson/2025/06/ending-the-syria-sanctions-program-for-the-benefit-of-the-syrian-people/>.
  8. Natacha Danon (4 July 2025) Why has US policy toward Syria shifted, and what might the future hold? <<https://syriadirect.org/why-has-us-policy-toward-syria-shifted-and-what-might-the-future-hold/ >>.
  9. Ezgi Akin (July 12, 2025)From Caucasus to Iraq: How Israel’s war hands Turkey edge over Iran <<https://www.al-monitor.com/originals/2025/07/caucasus-iraq-how-israels-war-hands-turkey-edge-over-iran >>.
  10. Sirwan Kajjo ( July 14, 2025) It Would Be a Mistake for the United States to Force the Dissolution of Syrian Kurdish Forces <<https://www.meforum.org/mef-observer/it-would-be-a-mistake-for-the-united-states-to-force-the-dissolution-of-syrian-kurdish-forces>>.
  11. Elwazer, S., & Tawfeeq, M. (2025, July 16). Airstrikes in Damascus kill at least 3, Syria says. <<https://edition.cnn.com/2025/07/16/middleeast/damascus-syria-airstrikes-intl>>.
  12. Patricia Karam (July 18, 2025) Lifting US Sanctions on Syria: A New Chapter for Damascus and Beirut? <https://arabcenterdc.org/resource/lifting-us-sanctions-on-syria-a-new-chapter-for-damascus-and-beirut/>.

image_pdfimage_print