پێنووس
2024

پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق لەپاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠٢٥ی عێراق

موەفه‌ق عادل عومەر، دكتۆرا له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و مامۆستا له ‌به‌شی سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

پێشەکی

ئارامی و سەقامگیریی عێراق لە دامەزراندنییەوە تا ئێستا، کاریگەریى ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر سەقامگیریی هەرێمی و تەنانەت ئەم کاریگەرییە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتییش هەستى پێ دەکرێت و دەبینرێت. بۆیە هەر ڕووداوێکی سیاسی لە عێراق لە نزیکەوە لەلایەن هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانەوە چاودێری دەکرێت.

لەم چوارچێوەیەدا پرۆسەى هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێراق، یەکێکە لەو فاکتەرانەی کە جووڵێنەرى ئەم كاریگەرییەیه‌. سەرەڕاى بوونی دەیان تێبینی لەسەر پرۆسەى سیاسیی عێراق و بەتایبەت ڕاددەى پابەندبوونی لایەنە سیاسییەکان بە بنەما دیموکراسییەکان و دەقەکانی دەستووری ساڵى ٢٠٠٥، بەڵام هەڵبژاردنەکان ئەگەر بەسستییش بێت کاریگەریى بەرچاوی هەبووە و دەبێت لە پرۆسەى سیاسیی عێراق، چونکە سەرەتا لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر کاندیده‌كانی سەرۆکوەزیران بەتەواوەتی بە ئارەزووی لایەنە سیاسییە شیعەکان و تاران دیارى دەکران، بەڵام لە “مستەفا کازمی” و “سوودانی”یەوە، دەبینین کە ئەم دوو کاندیدە سەرەڕاى دیاریکردنیان لەلایەن هێزە شیعەکانی عێراق، بەتەواوەتی بە حەز و ئارەزووی خۆیان نەبووە بەڵکوو لە ئەنجامی گوشارەکانی واشنتۆن و خۆپیشاندانەکانی تشرینەوە بوو؛ چونکە ئەم هێزانە ناچار کران کە لەسەر ناوێکی پەسەندکراو لەلایەن واشنتۆنەوە ڕێک بکەون. بۆیە ئەم کێشەزایە تا ئێستا درێژەى هەیە و دواى هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥یش چاوەکان خراونەتە سەر ئەو ناوەى کە پێکهێنانی کابینەى حکوومه‌تی داهاتووی عێراقی پێ دەسپێردرێت.

ئەنقەرەش یەکێک لەو هێزە هەرێمییانەیه‌ کە بەنیگەرانییەوە چاودێریی پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق دەکات، چونکە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دواى حەوتی ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠٢٣، گۆڕانکاریی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. هێڵی سوورى ئەنقەرە پاراستنى یەکپارچەییی خاکی عێراقە و، لەپاڵ ئەمەیش دەیەوێ هاوکێشەیەکی ئەوها لە بەغدا بێتە ئاراوه‌ بەرژەوەندییە سیاسی، ئابووری، بازرگانییەکانی پارێزراو بێت. هەروەها تورکیا ئارەزوومەندە کە باڵادەستییەکەى لە کەرتی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایییان پێ نەیەت.

هەوڵ دەدەین لە بابەتى ئەم جارەمان ئەوە بخەینە ڕوو کە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمی ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق، چ کاریگەرییەکى بۆ سەر تورکیا دەبێت و، دواى ئەم هەڵبژاردنە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە – بەغدا دەگاتە چ ئاستێک و ئەم پەیوەندییە نوێیە چۆن کار ده‌كاته‌ سەر هەرێمی کوردستان.

ئایا ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی ئەنقەرە و بەغدا دەبێت؟

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گۆڕاوە و بەگشتى هەر قۆناغێک دواى ئەم ڕێکەوتە، تایبەتمەندیی خۆی هەبووە. قۆناغی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر و یەکەم هەڵبژاردن دواى حەوتی ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠٢٣، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵى ٢٠٢٥ ئەنجام درا، بێ گومان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و دەیبێت، چونکە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراقی، ئەم جارە لە کەشوهەوایەکی جیاوازتر بەڕێوە چوو. گرنگترین تایبەتمەندیشی ئەوەیە تاران- کە هێزێکی یەکلاییکەرەوەیە لە عێراق- ئەم جارەیان لەسەر ئاستى ناوچەکەدا بەراورد بە قۆناغەکانی ڕابردوو زۆر لاواز بووە؛ بۆیە دەبینین نایەوێ تاکە قەڵای، کە عێراقە، لەدەست بدات.

ئەمەیش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بەغدا ئەم جارەیان دەبێتە کارتی مان و نەمان بۆ تاران لەسەر ئاستى ناوچەکەدا. ئەم بارودۆخەیش ئەوەمان بۆ دەخاتە ڕوو کە ڕکەبەرانی ئێران لە عێراق بە ڕێگه‌ جیاوازەکانەوە هەوڵ دەدەن ئەم لاوازییەى تاران لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکار بهێنن. لەم چوارچێوەدا ئەنقەرە کە ڕکابەرێکی سەرسەختى ئێرانە لە عێراق، ئامادەکارییەکی باشی کردووە بۆ ئەوەى ئەم جارەیان بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات.

ئایا ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە کاریگەریى لەسەر پەیوەندیی ئەنقەرە و بەغدا دەبێت؟

دەکرێ ئەم خاڵانەى خوارەوە بخەینە ڕوو:

١. هاوکێشە سیاسییە ناوخۆیییەکانی عێراق، بێ گومان کاریگەریى هەیە لەسەر ئەم پەیوەندییە؛ بەتایبەت دواى هەڵبژاردنەکان ئەم هاوکێشانە سەرلەنوێ بونیاد دەنرێن و هەندێک هێز و ناوى نوێ بەدەردەکەون. سەرەڕاى ئەوەى هێزە شیعییەکان لە عێراقی دوای ٢٠٠٣وە کۆنترۆڵی بارودۆخە سیاسییەکەى عێراقیان کردووە بەڵام لە دواى هەر هەڵبژاردنێک هەندێک ناوى نوێ بەدەردەکەون، بەتایبەت سەرکردەکانی دواى ٢٠٠٣ گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و کەسایەتیی تر و گەنجتر کاریگەرتر دەبن.

لەپاڵ ئەمە، بەشدارینەکردنی هێزێکی کاریگەرى شیعی وەکوو “ڕەوتی سەدر” لە هەڵبژاردنەکان، کاریگەریى ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر دروستبوونی نەخشەى سیاسی لە بەغدا دواى هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بۆ نموونە هێزێکی وەکوو “عەسائیبی ئەهلى هەق” کە باڵی سیاسیی ئەم ڕەوتە لەژێر ناوى “کوتلەى سادیقوون” بە سەرکردایەتیى “قەیس خه‌زعەلی” لە هەڵبژاردنی ئەم جارە بەشدار بوو و توانیى (٢٧) کورسی بەدەست بهێنێت. هەروەها “هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” بە سەرۆکایەتیی “محه‌مەد شیاع سوودانی”یش لایەنێکی دیکەى براوەکانی ئەم هەڵبژاردنە بوو و (٤٦) کورسیی لە ئەنجومەنى نوێنەران بەدەست هێنا.

ئەم تابلۆیە ئەوەمان پێ نیشان دەدات کە پێ ناچێت نەخشەى سیاسیی ناوخۆی عێراق لە ڕەوشە کلاسیکییەکەى خۆی دەربازی بێت. بۆیە ئەمەیش کاریگەریى ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەى عێراق. کەواته‌ بە ئەگەرێکی زۆر، دیسان چوارچێوەى هەماهەنگیی شیعی ئەگەر کاندیدێکێش بە ئارەزووی خۆی دیاری نەکات و ناچار بکرێت لەسەر کاندیدێک ڕیک بکەوێت، ئەوە هەوڵ دەدات لە چوارچێوە گشتییەکەى بۆچوون و هزری چوارچێوەى هەماهەنگیی شیعە دەرنەچێت؛ بۆ نموونە چوارچێوەى هەماهەنگی ئەوەندە نیگەرانە دەربارەى دیاریکردنی کاندیدێک بۆ ئەم پۆستە، تەنانەت دەنگۆی ئەوەیش بڵاو بووەوە کەوا شەش مەرجی پێشوەختەى بۆ کاندیدەکە داناوە وەکوو ئەوەى کە: کاندیدەکە نابێت هیچ حزبێکی سیاسی دروست بکات، پێشتر نابێ پۆستی سەربازیی هەبووبێت، هەروەها نابێت پۆستی ئەمنییشی وەرگرتبێت، جگە لەمە نابێت پێشتر پۆستی دادوەریی هەبووبێت؛ لە هەمووان گرنگتر، نابێت جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کاندید بکاته‌وه‌ و، دەسەڵاتى دووبارە کاندیدکردنیشی بۆ خولى دووەم دەدرێتە چوارچێوەى هەماهەنگی. تاوتوێکردنی ئەم پرسانە، خۆی لە خۆیدا ترسی لایەنە شیعەکانمان بۆ دەردەخات لە کاندیدی ئەم جارەى کابینەى حکوومەت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.

لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین هاوکێشەى سیاسیی ناوخۆی عێراق، گۆڕانکارییەکی ڕیشەییی بەخۆیەوە نەبینیوە. ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوە پەیوەندییەکانی عێراق-تورکیا لە دواى پێکهێنانی کابینەى داهاتووی حکوومەتى عێراق گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەخۆیەوە نابینێت و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی تاران لە کاتی داڕشتنى پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا درێژەى پێ دەدرێت.

٢. شەرعییەتی سیاسی، ڕۆڵێکی جەوهەرى دەگێڕێت لە دیاریکردنی چۆنێتیی مامەڵەکردنی عێراق لەگەڵ تورکیا. ئەو حکوومەتەى کە پشت بە شەرعییەتێکی هەڵبژاردنی پەسەندکراو دەبەستێت، مەیلى بۆ ئەوە هەیە ناکۆکییەکان لەگەڵ ئەنقەرە بە شێوەیەکی گفتوگۆئامێز بەڕێوە ببات و جیاکارى لە نێوان ناکۆکییە سیاسییەکان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکاندا بکات. بەڵام ئەو حکوومەتانەى کە بەدەست لاوازیی شەرعییەتەوە دەناڵێنن، زیاتر ئامادەن پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا لە ململانێی ناوخۆییدا بەکار بهێنن؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی گەورەکردنی دۆسیە جێناکۆکەکان.

ئەوەى کە ئێستا لە عێراقدا هەیە، سەرەڕاى ئەوەی لە ڕێگەى هەڵبژاردنەکانەوە حکوومەتەکە پێک دەهێنرێت، بەڵام بەهۆی بەشدارینەکردنی هێزێکی فراوان و کاریگەرى وەکوو ڕەوتی سەدر، لەوانەیە هەندێک لە شەرعییەتی حکوومەتەکە کەم بکاتەوە و لاوازی بکات. بۆیە پێشبینی دەکرێت کەوا پەیوەندییەکانی نێوانی عێراق و تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو لەسەر ئاستە ناوخۆیییەکەدا بەکار بهێنرێت.

ئەم ڕاستییە تا ڕاددەیەکی بەرچاو بۆ هەرێمی کوردستانیش ڕاستە، چونکە زۆر جار دەبینین کە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر-ئەنقەرە بۆتە کەرەستەیەکی باش بۆ ڕەخنەگرتن لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و، تەنانەت هەندێک لە بەشداربووانی حکوومەتیش بە هەمان شێوە ئەم خاڵەیان بەکار هێناوە.

بۆیە پێشبینی دەکرێت پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتە لەسەر ئاستى ناوخۆ وەکوو کارتێکی گوشار لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەکار بهێنرێت و، لەوانەیە ئەمەیش کاریگەرییەکی نەرێنیی هەبێت بۆ سەر پەیوەندییەکانی هەردوو لا.  

٣.سەقامگیریی سیاسی، هەردەم وەکوو فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە تەماشا دەکرێت. ئەگەر سه‌یرێكی هەڵوێست و دیدگه‌ى تورکیا بکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە ئەو هێزانەى لە هەڵبژاردنەکاندا سەر دەکەون، گرنگترین فاکتەر نین لە دیدگه‌ى ئەنقەرەوە، بەڵکوو ئەوەى بۆ تورکیا گرنگە، ئاستى ئەو سەقامگیرییە سیاسییەیە کە ئەنجامەکان بەرهەمی دەهێنن. واته‌ تورکیا پێی باشترە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتێکی بەهێزدا بکات کە توانای جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەبێت، تەنانەت ئەگەر هەڵوێستى ڕەخنەگرانەیشی هەبێت؛ نەک مامەڵە لەگەڵ حکوومەتێکی لاواز و پەرشوبڵاو بکات کە نەتوانێت کۆنتڕۆڵی دۆخی ناوخۆى عێراق بکات. چونکە هەر کاتێک هەڵبژاردنەکان یارمەتیدەر بن لە دروستکردنی سەقامگیرییەکی ڕێژەیی، ئەوا بە شێوەیەکی ئەرێنی لەسەر هاوکاریی دوولایەنە ڕەنگ دەداتەوە. بۆ نموونە بە بیانووی پاراستنی یەکپارچەیی و سەقامگیریی ناوخۆی عێراق، تورکیا لە ١٦ی ئۆکتۆبەر ئامادە بوو لەگەڵ تاران و بەغدا یەکهەڵوێست بێت و تەنانەت کەرکووک- کە ئەنقەرە بانگەشەى ئەوە دەکات هێڵی سووری تورکیایە- ڕادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی بکات.

٤.سەرەڕاى ئەو خاڵانەى کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێیان کرد، کاریگەریی هەڵبژاردنەکان سنووردار دەمێنێتەوە، چونکە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا لەسەر کۆمەڵێک پێویستیى ڕەها وەستاون کە ناکرێت پشتگوێ بخرێن و فەرامۆش بكرێن، وەکوو: پشبەستنی بازرگانیی دوولایەنە، دۆسیەى ئاوە سنووربەزێنەکان، تێکەڵبوونی ئەمنی لە سنوورەکانی باکوور.

بۆیە ئەم پێداویستییانە دەبنە هۆی ئەوەى پەیوەندییەکان بەردەوام بن؛ بێ گوێدانە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن. ئەوەى کە هەڵبژاردنەکان کاریگەرییان لەسەر دەبێت، شێوازی بەڕێوەبردن و ئاستی گوتار و لێدوانەکانە.

لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠٢٥ کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا دەبێت لە ڕووی میکانیزمەکانەوە نەک لە ڕووی ئاراستە گشتییەکانییەوە، چونکە هاوکارییەکان بەهێز دەکات کاتێک حکوومەتێکی سەقامگیر و خاوەن شەرعییەت بەرهەم دەهێنێت و، بەربەستى بۆ دروست دەکات کاتێک دەبێتە هۆی دابەشبوونی سیاسی و لاوازی لە دەرکردنی بڕیاردا.

بەم شێوەیە، هەڵبژاردن وەک فاکتەرێکی ڕێکخەری پەیوەندییەکان دەردەکەوێت نەک دیاریکەری ڕێرەوەکەى، چونکە زیاتر چۆنێتیی کارلێککردن لەگەڵ تورکیا ڕێک دەخات نەک پێناسەکردنەوەى سروشتى پەیوەندییەکە.

لە ئێستادا سەرەکیترین بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە عێراق چین کە گۆڕانیان بەسەردا نایەت؟

توركيا وەکوو ئەکتەرێکی هەرێمیی کاریگەر لە ناوچەکەدا، چەندان بەرژەوەندیی سەرەکیی هەیە کە دەتوانین بڵێین نەگۆڕن. لەم چوارچێوەیەدا گرنگیترینیان دەکرێ بەم شێوەى خوارەوە بێت:

١.ئاسايشی نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەى پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)

تورکیا “هەرێمی کوردستان” وەک قووڵایییەکی ستراتیژیی خۆی دەبینێت کە دەبێت کۆنتڕوڵ بکرێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سنووره‌کانی. ئەنقەرە، بوونی پەکەکە لە ناوچەکانی وەکوو قەندیل و شەنگال و مەخموور بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا دەبینێت. هەر بۆیە، تورکیا بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ ئەم ناوچانە، بە مەبەستى گوشارکردن لەسەر حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەى هەماهەنگیی ڕێکارە ئەمنییەکان خێراتر بکات؛ هەروەها ئەنقەرە ئامرازە دیپلۆماسییەکانیش بەکار دەهێنێت بۆ جەختکردنەوە لەسەر هاوکاری لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆردا.

بۆیە دەبینین ئاسایشی نەتەوەیی، بەرژەوەندییەکی وجوودیی جێگیرە و کاریگەریى گۆڕانکارییەکانی هەڵبژاردن یان گۆڕینی حکوومەتەکانی لەسەر نییە، چونکە ئەنقەرە وای دەبینێ کە هەر کشانەوەیەک لە پرۆسەى کۆنتڕۆڵی ئەمنی لەسەر سنوورەکان، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی هەڕەشە بۆ ناوخۆی تورکیا. ئەمەیش بەردەوامیی ڕێککەوتننامەى هەماهەنگیی ئەمنی و ناردنی هێزی تورکی یان تیمە هەواڵگرییەکان بۆ ناوچە ستراتیژییەکانی عێراق ڕوون دەکاتەوە.

٢. پاراستنی یەکپارچەییی عێراق و سەلامەتیی خاکەکەى

تورکیا بەردەوام بە گوتار و بەکردەوە جەخت لەسەر یەکپارچەییی خاکی عێراق دەکات و ئەمەیش یەکێکە لە له‌پێشینەکانی سیاسەتى دەرەوەى تورکیا. بۆیە دژی هەر پڕۆژەیەکی جیابوونەوە و دابەشکردنی خاکی عێراقە، جا ئەمە چ لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە بێت یان لەسەر بنەمایەکی مەزهەبی بێت لەلایەن هەر هێزێکی دیکەى عێراق؛ چونکە هەر هەڵوەشانەوەیەک دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دابەشکارییە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان لە ناوچەکەدا، هەروەها ئەمە ڕاستەوخۆ کاریگەریى دەبێت لەناو سنوورەکانی تورکیا، بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکاندا. جگە لەمە هەر دابەشبوونێک لە عێراق بەپێی بۆچوونی ئەنقەرە، دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایییەک، کە بە ئەگەرێکی زۆره‌وه‌ هێزە ناوچەیییە نەیارەکانی تورکیا سوودی لێ وەردەگرن.

لەم چوارچێوەیەدا یەکپارچەییی عێراق بەرژەوەندییەکی ستراتیژیی جێگیرە، چونکە ڕاستەوخۆ بە ئاسایشی ناوچەیی و ناوخۆییی تورکیاوە بەستراوەتەوە. بۆیە دەبینین تورکیا کار دەکات بۆ پاراستنی یەکپارچەییی عێراق لە ڕێگەى پشتگیریکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، پڕۆژەکانی ژێرخان و هاوکاریی ئەمنی، نەک تەنیا لە ڕێگەى گوشاری سیاسییەوە.

٣. هەردوو ڕووبارى دیجلە و فورات لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرن و بە سووريادا بەرەو عێراق دێن. بۆیە ئاو وەک توخمێکی هێزی ستراتیژی سەیر دەکرێت، نەک تەنیا دۆسەیەکی تەکنیکی یان ژینگەیی. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە تورکیا سوورە لەسەر: بەڕێوەبردنی ڕێرەوی ئاو بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ئابووری و کشتوکاڵییەکانی خۆی بکات، هەروەها واژۆکردنی ڕێککەوتننامە لەگەڵ عێراق بۆ ڕێکخستنی بەکارهێنانی ئاو-چونکە تورکیا پێی وایە عێراق لە بەکارهێنانی ئاودا ئیسرافێکی زۆر دەکات و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لەم بوارەدا بەکار ناهێنێت. بۆیە دەبینین ئاو لەم حاڵەتەدا سەرچاوەیەکی سیادی و کلیلێکە بۆ هەژموونی ناوچەیی. ئەنقەرە وەکوو ئامرازێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی دەیبینێت، چ لە بوارى ئابووری و چ لە بواری ئەمنی بێت. هەروەها جەخت لەسەر هاوکاریی تەکنیکی دەکاتەوە بۆ ئەوەى عێراق بە چارەسەرەکانی تورکیاوە ببەستێتەوە لە بری پەنابردن بۆ گرژیی سیاسی.

٤. تورکیا لەگەڵ عێراق بەرژەوەندیی ئابووری و بازرگانیی فراوانی هەیە کە بریتییە لە بازرگانیی دوولایەنە. لەم چوارچێوەیەدا عێراق بازاڕێکی سەرەکییە بۆ هەناردەى تورکیا. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی تورکیا قەبارەى بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا بۆ ساڵى ٢٠٢٤ گەیشتۆتە (٢٠ ) ملیار دۆلاری ئەمریکی، بەپێی لێدوانێکی وەزیری بازرگانیی تورکیا (پ.د.عومەر بولات)، قەبارەى بازرگانیی نێوان تورکیا – عێراق بۆ نۆ مانگی یەکەمى ساڵى ٢٠٢٥ گەیشتۆتە (١٢) ملیار دۆلاری ئەمریکی و لە كورتمه‌ودادا ئامانجیانە ئەم بڕە بگەیه‌ننە (٢٠) ملیار دۆلار و بۆ دوورمه‌وداش ئارەزووی گەیاندنی ئەم بڕەیان بۆ (٣٠) ملیار دۆلاری ئەمریکی هەیە.

بۆیە دەتوانین بانگەشەى ئەوە بکەین کە ئەم بەرژەوەندییانە کاتی نین، بەڵکوو ستراتیژی و درێژخایەنن، چونکە هەژموونێکی ئابووریی جێگیر بە تورکیا دەبەخشن و پێویستیى بەکارهێنانی هێزی سەربازی یان هەڕەشەی سیاسی کەم دەکەنەوە. ئابووری لێرەدا وەک ئامرازێکی “هێزی نەرم” بۆ کۆنتڕۆڵکردنی عێراق و هێشتنەوەى گفتوگۆ دادەنرێت؛ تەنانەت ئەمە لە کاتی گرژییە سیاسییەکانیشدا ڕاستە.

٥. تورکیا بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات کە ڕێگری بکات لە هەر لایەنێکی ناوچەیی، بەتایبەت ئێران یان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەکوو ئەمریکا، کە بەتەواوی بەسەر عێراقدا باڵادەست بن. ئامانجیشی لەم خاڵە بەپێی دیدگه‌ی خۆی، بریتییە لە: “پاراستنی عێراق وەک دەوڵەتێکی فرەلایەن لە بڕیارە ناوچەیییەکاندا”، “دروستکردنی کاریگەرى لەسەر سیاسەتەکانی عێراق، بە جۆرێک کە بەرژەوەندییەکانی پارێزراو بن”، هەروەها “بەهێزکردنی تۆڕێکی هاوپەیمانیی نەرم لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی عێراق“.

 بۆیە ئەم ڕەهەندە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکات کە ئەنقەرە وەک فاکتەرێکی هاوسەنگیی ستراتیژی مامەڵە لەگەڵ عێراق دەکات، نەک تەنیا وەک دەوڵەتێکی دراوسێ. هەر جووڵەیەکی هەڵبژاردنی ناوخۆییش ناتوانێت ئەم بەرژەوەندییە بنەڕەتییانە لەناو بەرێت و هیچ حیسابێکی بۆ نەکات؛ بەڵام ڕەنگە شێوازی جێبەجێکردن یان ئامرازەکانی بگۆڕێت. بۆ نموونە، سەرەڕاى ئەوەى ئەنقەرە، بەتایبەت ئەردۆغان، ناڕەزایەتیی توندی دەڕبری لە دژی کودەتاکەى میسر کە لە ئەنجامدا “عەبدولفەتاح سیسی” بووە سەرۆککۆماری میسر، بەڵام لە دوا قۆناغدا ئەنقەرە و ئەردۆغان ناچار بوون کە پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ سیسی و قاهیرە ئاسایی بکەنه‌وه‌. ئەمەیش بەڵگەی ئەوەیە کە پەیوەندییەکان زیاتر لە نێوان دامەزراوە فەرمییەکان و وڵاته‌كاندان نەک کەسایەتی و حزبەکان.

لە ئەنجامدا دەگەینە ئەم ڕاستییەی، کە بەرژەوەندییە جێگیرەکانی تورکیا لە عێراق، بریتین لە: بەرژەوەندیی ئەمنی، ئاوی، جیۆپۆلیتیکی، سیاسی و دامەزراوەیی. ئەمانەیش لە بنەڕەتدا پێکهاتەیین؛ واته‌ کاریگەریی هەڵبژاردنەکانی عێراقیان زۆر لەسەر نییە، بەڵکوو تەنیا ئامرازەکانی بەڕێوەبردن و میکانیزمەکان دیاری دەکەن. بۆ نموونە ئەگەر حکوومەتێکی سەقامگیر لە عێراق پێک هێنرا، ئەوە هاوکاری و هەماهەنگیی ڕێکوپێکتری لێ دەکەوێتەوە؛ بەپێچەوانەوە گەر حکوومەتێکی لاواز پێک هێنرا، ئەوە بەردەوامیی گوشارەکانی تورکیا لە بواری ئابووری و ئەمنیی لێ دەکەوێتەوە.

بەم شێوەیە، ئەم بەرژەوەندییانە ئەوە نیشان دەدەن کە تورکیا وەک فەزایەکی ستراتیژیی درێژخایەن مامەڵە لەگەڵ عێراق دەکات، کە تێیدا سیاسه‌تە جێبەجێکارییەکان لەگەڵ واقعی هەڵبژاردن دەگونجێنن، بەڵام ئامانجە بنەڕەتییەکان بەجێگیری دەمێننەوە و ناگۆڕدرێن.

ئایا نەخشەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی، تورکیا نیگەران دەکات؟

سەرەڕاى ئەوەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێی داوە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان تا ڕاددەیەک کاریگەریى دەبێت بۆ سەر پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هۆکارەکانی نیگەرانیی ئەنقەرە دەربارەى قۆناغی داهاتووی عێراق، خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێته‌وه‌:

یەکەم: مەترسیی سەرەکیی ئەنقەرە لە دواى هەڵبژاردنەکانی عێراق، تایبەتمەندی و جۆرى حکوومەتی داهاتووی عێراقە، چونکە شێوازی جێبەجێکردنی عێراق بۆ پابەندییە ئەمنییەکانی و، ئاستی هاوکاریکردنی بەغدا لەگەڵ ئەنقەرە لەم بوارەدا، سەرەکیترین مەترسیی ئەنقەرەیە. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تورکیا پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق و دواى ئەویش، لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق درێژەى بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆی داوە.

دووەم: سەرەڕاى ئەو کێشانەى کە لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە هەبووە، بەڵام بەتایبەت لە ساڵانی ڕابردوودا هاوکاری و هەماهەنگیی ئەمنی هەبووە لەگەڵ یەکتر و، چەندان یاداشتى لێکتێگەیشتنی سەربازی و ئەمنیی دووقۆڵی دژی مەترسییە هاوبەشه‌كان واژۆ کراون. بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە دواى هەڵبژاردنەکان لەوانەیە ببێتە هۆی پاڵپشتیکردنی ئەم هەماهەنگییە و هاریکاریکردنی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، ئەگەر هات و حکوومەتێکی میانڕەو لە عێراق پێک هێنرا. بەڵام بەپێچەوانەوە لە ئەگەرى پێکهێنانی حکوومەتێکی توندڕەو، ئەوە ئاستى هەماهەنگییە ئەمنییەکە و بوراەکانی تریش دادەبەزێت.

سێیەم: ئاو، پرسێکی ستراتیژیى هەستیارە لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا، هەروەک لە سەرەوەیش ئاماژەمان پێی کرد. لەم چواچێوەیەدا هەردوو لا ڕێک کەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەندێک پرۆژەى هاوبەش لە کەرتی ئاو، کە ئەمەیش پێشڤەچوونێکی گرنگە لە پەیوەندییە دوولایەنەکاندا.

بۆیە مشتومڕێکی ناوخۆیی سەبارەت بەم ڕێککەوتنانە هەیە، بەو پێیەى ڕەنگە دەستکاریى سەروەریى ئاوی عێراق بکەن و، ئەگەرى هەیە لە ڕووی سیاسییەوە لەناو پەرلەمانی تازە هەڵبژێردراوی عێراق دواى هەڵبژاردنەکان ڕەنگ بداتەوە، لە ڕێگەى ناڕەزایەتییە پەرلەمانییەکان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژى ئەم لێکتێگەیشتنانەوە.

ئەم پێشڤەچوونەى کەرتی ئاو لە نێوان هەردوو لا لە ڕوانگەى تورکیاوە ئاستى هەستیاریی ستراتیژی بەرز دەکاتەوە، بەڵام بە مانای هەڕەشەیەکی وجوودی، واتا مەترسیی لەناوچوونی و نەمانی بەرژەوەندییەکانی تورکیا نایه‌ت، بەڵکوو پێویستیى بە هەنگاو و مامەڵەى دیپلۆماسیی ژیرانە هەیە دواى هەڵبژاردنەکان و، ئەمەیش بابەتێکی گرنگە کە دەبێ ئەنقەرە کارى جددیی بۆ بکات.

چوارەم: ڕێککەوتنە ئابوورییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، وەک گرێبەستەکانی وزە یان نەوت بەرامبەر بە پرۆژەکانی ئاو (Oil for Water)، جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕەهەندی ئابووری لە پێگەى ستراتیژیى خۆیدا بەردەوام دەبێت، سەرەڕاى مشتومڕەکان لەسەر وردەکارى و میکانیزمەکانی. هەرچەندە لە ڕووى ئابوورییەوە، هەڵبژاردنەکان نابنە بەربەست و ڕێگر لەبەردەم بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی تورکیا لە عێراق، بەڵام ئەنجامەکان دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر خێراییی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان؛ بۆ نموونە تورکیا، بەتایبەت لە چەند ساڵى ڕابردوودا، جەخت لە جێبەجێکردنى پرۆژەى گەشەپێدان دەکاته‌وه‌، بەڵام شێواز و جۆرى ئەو حکوومەتەکەى کە لە بەغدا پێک دەهێنرێت، ئایا تاچەند پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنى ئەم پرۆژە ستراتیژییە لە عێراق؟ چونکە دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە تاران هەندێک تێبینی و نیگەرانیی هەیە سەبارەت بەم پرۆژەیە. جگە لەمە وڵاتانی وەکوو میسر و کوێتیش بە هەمان شێوە دژی ئەم پرۆژەیەن. بۆیە حکوومەتى داهاتووی عێراق دواى هەڵبژاردنەکان لە ڕووی ئەم بابەتەوە بۆ ئەنقەرە زۆر گرنگە.

تورکیا ج جۆرە کابینە یاخود حکوومەتێکی لە عێراق دەوێت؟

تورکیا لە لای گرنگ نییە “کێ لە هەڵبژاردنەکان سەر دەکەوێ؟” بەڵکوو ئەوەى نیگەرانی دەکات و گرنگە بۆی، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ “کێ دواى هەڵبژاردنەکان دەوڵەتی عێراق بەڕێوە دەبات؟”، واته‌ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥ى عێراق، گۆڕاوێکی سیاسی نییە بۆ تورکیا بەڵکوو میکانیزمێکە بۆ دروستکردنی شێوازێکی نوێی حوكمڕانی و، ئەم شێوازەیش دەبێتە سەرچاوەى نیگەرانییەکان یاخود دڵنیایی.

بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەنقەرە حکوومەتێکی وەزیفی (کارگێڕی)ی بەهێزى دەوێ نەک حکوومەتێکی بنیادنراو لەسەر بنەماى ئایدیۆلۆژى. واته‌ تورکیا هەوڵ دەدات ڕێگری لە پێکهێنانی حکوومەتیکی لایەنگری ئایدیۆلۆژی بکات. بە واتایەکی دیکە، هەوڵ دەدات حکوومەتێک پێک بهێنرێت کە لە ڕووی سیاسییەوە لە ئەنقەرە نزیک بێت. بۆیە ئامانجە ستراتیژییەکەى تورکیا بۆ پێکهێنانی حکوومەتى داهاتووی عێراق، بریتییە لە سێ تایبەتمەندیی وەزیفی (کارگێڕی):

أ. ئامانجی، حکوومەتێکە کە لە ڕووی ئەمنییەوە توانای کۆنتڕۆڵکردنی هەبێت، کە خاوەن بڕیارێکی سەروەریی ڕوون بێت و توانای کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی هەبێت و ڕێگرى بکات لەوەى بۆشایییەکی ئەمنی لەم ناوچانە دروست بێت. چونکە بەردەوام بەرپرسانی تورکیا ئەمە بەڕاشکاوانە ڕادەگەیه‌نن کە چەندان جار داوایان لە حکوومەتى عێراق کردووە کە سنوورەکانی لەگەڵ تورکیا کۆنترۆڵ بکات و ئەو هەڕەشە ئەمنییانەى کە لە سنوورەکانەوە بۆ تورکیا دروست دەبێت بنبڕی بکات؛ بەڵام تا ئێستا، بەتایبەت لە دواى ٢٠٠٣ هیچ حکوومەتێکی عێراق نەیتوانیوە ئەم ئەرکە به‌جێ بگه‌یه‌نێت.

ب. حکوومەتێکی دەوێ کە تواناى بڕیاردان و جێبەجێکردنی هەبێت. حکوومەتێک بێت تەوافوقیی بەهێز نەک کابینەیەکی لاواز کە لە ڕووى پاڵپشتیی پەرلەمانەوە بۆ حکوومەتەکە پەککەوتوو بێت. هەروەها ئەنقەرە ئامانجیەتی حکوومەتەکەى داهاتووی عێراق خاوەنی بەردەوامییەکی دامەزراوەیی بێت کە لەگەڵ هەر قەیرانێکی سیاسییدا گۆڕانکاریی بەسەردا نەیەت.

جـ.. خاڵێکی گرنگ کە ئەنقەرە بۆ حکوومەتی داهاتووی عێراق کارى جددیی لەسەر دەکات، بریتییە لەوەى کە نایەوێت حکوومەتە داهاتووەکەى عێراق بەتەواوی بکەوێتە ژێر هەژموونی یەک لایەنی هەرێمی. واته‌ پێویستە حکوومەتەکەى داهاتوو دوژمنایەتیی تورکیا نەکات و، تەنیا لەلایەن وڵاتێکی هەرێمیی ڕکابەرەوە ئاڕاستە نەکرێت (کە زیاتر لێرە مەبەستەکە “ئێران”ە)؛ هەروەها زۆر گرنگە بۆ ئەنقەره‌، ئەو حکوومەتە نوێیە هاوسەنگی لە سیاسەتی دەرەوەیدا بپارێزێت و تەرەفگیرییەکی زەق و کوێرانە بۆ هیچ لایەک ڕانەگەیه‌نێت.

هەرێمی کوردستان لە کوێی بەرژەوەندی و پەیوەندییەکانی بەغدا و ئەنقەرەدایە؟

هەرێمی کوردستان لایەنێکی گرنگ و خاوەن پێگەیەکی ستراتیژییە لە عێراق. ئەم پێگەیەى هەرێم لە پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیاش دەبینرێت. بۆیە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥ى عێراقیش جەختیان لەم ڕاستییە کرده‌وە، چونکە ئەنجامەکان ئەوەیان دووپات کرده‌وە کە گرنگیی پێگەى هەرێمی کوردستان درێژەى دەبێت و بەردەوامە؛ بەتایبەت ئەنجامە کۆتایییەکان ئەوەیان نیشان دا کە هیچ یەك لە لایەنە سیاسییەكان نەیان توانیوە زۆرینەی ڕەهای دەنگەكان بە دەست بهێنن، بۆیە بۆ بەردەوامبوون پێویستى بە سازان هەیە لە نێوان پێکهاتەکان؛ ئەمەیش هەرێمی کوردستانی وەک فاکتەرێکی سیاسیی پێویست لە حکوومەتەکەى داهاتووی بەغدا چەسپاندووە، هەروەها وەکوو کەناڵێکی هاوسەنگییش لە پەیوەندییە هەرێمییەکاندا تەماشای هەرێمی کوردستان دەکرێت. بۆیە دەتوانین بڵێین کە تورکیا لە دواى هەڵبژاردنەکانیش هەولێر وەک فاکتەرێكی گرنگی سەقامگیریی ڕێژەیی دەبینێت.

لەپاڵ ئەمە، تورکیا لە ڕووى ڕەهەندە ئەمنییەکەیەوە هەرێمی کوردستان وەک ناوچەى بەڕێوەبردنی مەترسییەکان دەبینێ، چونکە پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان – تورکیا جێگیرە. ئەمەیش وا دەخوازێت کە ئەنقەرە، هەرێم وەک فاکتەرێکی گرنگ و ستراتیژی ببینێت، چونکە هەروەک لە سەرەوەیش ئاماژەمان پێ دا، بەغدا ناتوانێ ئەم ناوچە سنوورییانە کۆنترۆڵ بکات. بۆیە دەتوانین بڵێین کە هەرێم کێشەى ئەمنیی نییە بۆ تورکیا بەڵکوو ئامرازێکی گەمارۆدان و کۆنتڕۆڵکردنی کێشە ئەمنییەکەیە.

ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش ئەم هاوکێشەیەی نەگۆڕی بەڵکوو گرنگیی هەرێمی لەژێر سایەی سستیی دەركردنی بڕیار لەسەر ئاستی حكوومەتی ناوەندیی عێراقی، زیاد كرد، هەروەها ئەنقەرەى زیاتر پشتئەستوور کرد بە هەولێر.

لە لایەکی دیکەوه‌، هەرێم ڕۆڵ و پێگەیەکی گرنگی هەیە لە گواستنەوەى نەوت و بازرگانیدا، چونکە هەرێم ڕێڕەوێکی ئابوورییە لە نێوان عێراق و تورکیا. هەرچەندە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربارەى نەوت چارەسەر نەبوون بەڵام ڕۆڵی کردەییی هەرێم هەڵنەوەشاوەتەوە و، تورکیا دواى هەڵبژاردنی ٢٠٢٥، وەک “واقعێکی ئابووریی هەبوو” مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات، نەک وەک مەترسییەک بۆ سەر سەروەریی ئەنقەرە.

لە لایەکی دیکەیشه‌وه‌ تورکیا، هەرێم وەکوو هاوبەشێكی سیاسیی پراگماتیک دەبینێت نەک پڕۆژەیەکی سیاسیی جێگرەوەى دەوڵەتی عێراق. لە ئەنجامدا دەکرێت پێگەى هەرێم لە هاوکێشە سێقۆڵییەکەدا (بەغدا – ئەنقەرە – هەولێر) دواى هەڵبژاردن بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە: لە ڕووی ئەمنییەوە تورکیا، هەرێم وەک ناوچەى بەڕێوەبردنی هەڕەشە دەبینێ، نەک سەرچاوەى هەڕەشە، هەروەها وەکوو هاوبەشێکی جێبەجێکار نەک بڕیاردەرى سەروەرى (واتا هەرێم بۆ ئەنقەرە جێگرەوەى بەغدا نییە و پێشبینییش دەکرێت هیچ کاتێک جێگرەوەى بەغدا نەبێت بۆ تورکیا)، جگە لەمە، لە ڕووی هەرێمییەوە، هەرێم بۆ ئەنقەرە وەکوو فاکتەرى سەقامگیریی ڕێژه‌یی لە ژینگەیەکی پڕ لە جووڵە و پێشهاتدایە و پەیوەندییەکانیشی لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکانیدایە.

لەپاڵ ئەمە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، بەتایبەت ئەگەر ئەنقەرە گوشار بخاتە سەر لایەنە سوننەکانی نزیک خۆی بۆ ئەوەى لە هەندێک دۆسیەدا بەیەکەوە کار بکەن لە چوارچێوەى بەرژەوەندیی هاوبەشی هەرسێ لایەن؛ چونکە هه‌م لەسەر ئاستی حکوومەت و هەم لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەغدا پێویستیى بە پاڵپشتیی هەرێم و پارتییە؛ بەتایبەت لە دۆسیە سەروەرییەکانی وەکوو نەوت و ئاسایش و ئاو، ڕۆڵێکێ گرنگیان دەبێ، سەرەڕاى ئەوەى ڕۆڵی هەرێم لە ڕووی خێراتركردنی جێبەجێكردنی بڕیار و ڕێككەوتنەكان بەهێزتر دەبێت، بەڵام ناگۆڕێت بۆ فاکتەرێکی سەربەخۆ لە سیاسەتى دەرەوەدا.

لە ئەنجامدا دەگەینە ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دەتوانێ پارێزگارى لە پێگە جیوسیاسی و ستراتیژییەکەى خۆی بکات لە چوارچێوەى بەرژەوەندی و پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا؛ تەنانەت ئەگەر هەولێر نەبێتە بکەرێکی یەکلاکەرەوەیش، ئەوە توانای ئاراستەکردنی ئەم پەیوەندییانەى تا ڕاددەیەک دەبێت، بەڵام بە مەرجی ئەوەى لەسەر ئاستى ناوخۆدا یەکهەڵوێستى و یەکگوتاری بەدی بکرێت.

 ئەوەى ئێستا دەگوزەرێت بریتییە لەوەى کە سەرەڕاى ناکۆکی و ململانێ ناوخۆیییەکانی نێوان لایەنە شیعییەکان، بەڵام توانیویانە خۆیان لەژێر چەترى چوارچێوەى هەماهەنگی کۆ بکەنەوە و تا ڕاددەیەک یەکهەڵوێست بن. لایەنە سوننەکانیش بە هەمان شێوە؛ ئەوانیش توانیویانە “ئەنجومەنى نیشتمانیی سیاسی” ڕابگەیه‌نن کە لایەنە سیاسییە سوننەکان لەخۆ دەگرێت. تەنیا لایەن کە بەبێ هاوپەیمانییەکی هاوشێوەى شیعە و سوننە ماوە، کوردە. ئەمەیش بێ گومان کاریگەریى نەرێنیی دەبێت بۆ سەر پێگە و هەڵوێست و هێزى کورد لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق.

ئێران و تورکیا لەسەر چی لە عێراق ڕکابەریی یەکتری دەکەن؟ ئەمە چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر حكوومەتی داهاووی عێراق؟

تورکیا و ئێران هەر بە درێژاییی مێژوو ڕکابەرى یەکترن و ئەمە لە سەردەمی “سەفەوییەکان” و “عوسمانییەکان”ەوە دەستی پێ كردووە و ئێستایش بەردەوامە. سەرەڕاى ئەوەى ململانێکان لەسەر بنەمایەکی مەزهەبی بووە، بەڵام لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و بازرگانی و جیوستراتیژییەکانەوە، هۆکارەکانی ئەم ململانێیە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و لەپاڵ ململانێی مەزهەبییەوە فاکتەر و هۆکارى دیکەى نوێی دەرکەوتوون.

هەر لە ٢٠٠٣وە و لەدواى ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق، عێراق بووە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ ململانێی بەرژەوەندییەکانی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. لەم چوارچێوەیەدا، بەتایبەت لەدواى ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر، هەندێک گۆڕانکاری لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕووی دا و پێشهاتەکانیش بەرەو ئەو ئاراستەیە بوون کە نفووز و هێزە پرۆکسییەکانی ئێران لە هەر یەک لە سووریا و لوبنان و یەمەن زۆر لاواز کران و تەنانەت لە وڵاتێکی وەکوو سووریا بەتەواوەتی کۆتایییان پێ هات. بۆیە تاکە بەرە کە لەژێر کۆنترۆڵی ئێران ماوە، عێراقە و، تاران نایەوێ بەغداش بە دەردی سووریا و لوبنان بچێت و نفووزی لێرەیش کۆتاییی پێ بێت.

پێشبینی دەکرێت لە ئەگەرى هەر هێرشێکی دیکەى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران ئەم جارەیان لە ڕێگەى هێزە پرۆکسییەکانییەوە لە عێراق وەڵامی هەبێت، چونکە پێشبینییەکان بەو ئاراستەن کە ئەگەر ئەم جارە هێرش بکرێتە سەر ئێران، لەوانەیە هێرشەکە یەکلاییکەرەوە بێت و بەتەواوەتی تاران لە ناوچەکە و خودی ئێرانیش کۆتاییی پێ بێت. لەبەر ئەم هۆکارانەیە تاران لە عێراق کەوتۆتە ململانێیەکی توند لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە واشنتۆن بەجددی ئەم جارە جەخت لەسەر چەکداماڵینی هێزە پرۆکسییەکانی ئێران دەکات لە عێراق و، لە هەمان کاتیشدا کار بۆ دیاریکردنی کەسایەتییەک دەکات بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی وەزیرانی عێراق؛ لایەنی کەم ئەگەر نزیکیش نەبێت لە واشنتۆن، دژایەتینەکردنی بۆ ئەمریکا گەرەنتی بکات.

لەژێر ڕۆشناییی ئەم پێشهاتانە، تورکیاش زۆر لەنزیکەوە چاودێریی بارودۆخە تازەکە دەکات و هێمای ئەوەى پێ گەیشتووە کەوا گۆڕانکارییەکان درەنگ بێت یان زوو، عێراقیش دەگرێتەوە. ئەنقەرە لە دواى سووریا- کە لەوێ تووشی کێشەیەکی گەورە بووە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد کە کێشەکە بریتییە لەوەى ئیسرائیل وەکوو هێزێکی کاریگەر لە سووریا سەری هەڵداوە و تەلئەبیب تا ئێستا توانیویەتی ڕێگرى لە ئەنقەرە بکات بگاتە ئامانجەکانی لە سووریا- نایەوێت ڕووبەڕووی هەمان سیناریۆ ببێتەوە لە عێراق.

بێ گومان لە عێراق سیستەمی سیاسی یاخود گۆڕانکارییەکان ئەگەر ڕووش بدەن وەکوو ئەوەى سووریا نابێت، بەڵکوو ئەوەى چاوەڕێ دەکرێت لە عێراق، لاوازبوونی هێزە پرۆکسییەکانی تارانە. لەم حاڵەتەدا ئەنقەرە نایەوێ ئەو بەرژەوەندییانەى کە لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ كردن، لەدەست بدات و بکەوێتە دەرەوەى هاوکێشە سیاسییە نوێیەکانی عێراق.

لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین بڵێین کە ڕکەبەرایەتییەکەى ئەنقەرە و تاران لە عێراق، لەسەر سروشتی نفووز و ئامرازەکانیەتی. چونکە ئێران پشت بە نفووزی سیاسی و ئەمنیی قووڵ دەبەستێت، کە پشتئەستوورە بە حزبە سیاسییە شیعەکان و هێزە پرۆکسییەکانی و تۆڕێکی ئابووریی نافەرمیی فراوان. ئەمەیش لە ڕووی بونیادگەرییەوە ئامادەبوونێکی بەهێزى ئێران دەستەبەر دەکات لەنێو قووڵاییی دەوڵەت لە عێراق.

بەرامبەر ئەمە تورکیا زیاتر نفووزێکی پراگماتیکیی نەرمى هەیە کە پشت بە بازرگانی، وەبەرهێنان و وزە و هەماهەنگیی ئەمنیی سنووردار دەبەستێت، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها هەردوو لا ناکۆکن لەسەر شێوازی دڵخوازی دەوڵەتی عێراق: ئێران زیاتر کار بۆ ئەوە دەکات دەوڵەتێکی تا ڕاددەیەک لاواز بەڵام دۆست بنیاد بنرێت، کە ڕێگە بە هەژموونێکی نافەرمیی تاران بدات؛ بەرامبەر ئەمە تورکیا دەوڵەتێکی مەرکەزیی پێ باشترە کە توانای بڕیاردان و، کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و واژۆکردنی ڕێککەوتنە ستراتیژییە درێژخایەنەکانی هەبێت.

کۆبەند

تورکیا و ئێران کە دوو وڵاتی هەرێمیی بەرچاوی ناوچەکەن، لەم ڕۆژانەدا ڕووبەڕووی گرفتی زۆر جددی دەبنەوە. ئێران لە دواى لاوازکردنی هێزە پرۆکسییەکانی لە لوبنان و سووریا بەتایبەت و، بەگشتیشی لە ناوچەکەدا، هەروەها دواى هێرشەکەى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بە ڕێژەیەکی بەرچاو لاواز بووە بەراورد بە قۆناغی پێش ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر.

بەرامبەر ئەمە تورکیاش ئێستا لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دراوە و ناتوانێت وەکوو قۆناغەکانی پێشوو جووڵە بکات. بۆ نموونە لە لایەک پەیوەندییەکانی ئەنقەرە – مۆسکۆ گەیشتۆتە ئاستێکی زۆر خراپ، چونکە ڕووسیا پێی وایە ئەنقەرە خەریکە زیاتر لە ئەمریکا نزیک دەبیێتەوە. هەروەها لە ماوەى ڕابردوو درۆنەکانی مۆسکۆ گەیشتنە ئەنقەرەى پایتەختی تورکیا. لە هەمان کاتدا چەند کەشتییەکی تورکی لەلایەن ڕووسیاوە کرانە ئامانج.

هەر له‌گه‌ڵ گۆشەگیرکردنی تورکیا لە ناوچەکەدا، جووڵەیەکی لەناکاو لە نێوان ئیسرائیل و قوبرس و یۆنانەوە دەستی پێ كرد و هاوپەیمانییەک لەم سێ وڵاتە لە دژی تورکیا ڕاگەیه‌نرا و لە دووتوێی چاوپێکەوتنەکانی نێوان بەرپرسە باڵاکانى ئەم سێ وڵاتە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل “بنیامین نه‌تانیاهۆ” بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیامێکی هەڕەشەئامێزی بۆ تورکیا نارد و ڕای گەیاند: “خەیاڵی ئەوان خاوە کە بیر لە زیندووکردنەوەى ئیمپڕاتۆرییەت دەکەنەوە و، لە منی وەرگرن کە شتی وا هەرگیز ڕوو نادات.” ئەم لێدوانەى نه‌تانیاهۆ هەڕەشەیەکی جددییە بۆ تورکیا کە تیایدا پەیامی فەرمیی ئیسرائیل گەیه‌نرایە تورکیا.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەى The Jerusalem Post لە بابەتێکدا کە لە ڕێکەوتی (٢٢/١٢/٢٠٢٥) بە ناونیشانیهەشتەمین و مەترسیدارترین بەرە: چۆن تورکیا لە هاوپەیمانەوە بوو بە هەڕەشەیەکی ستراتیژى”  (The Eighth, Most Dangerous Front: How Turkey Went From Ally to Strategic Threat) بڵاوی كردۆتەوە و، ڕووبەڕووبوونەوەى ئیسرائیل و تورکیا بە هەشتەمین و مەترسیدارترین بەرەى ڕووبەڕووبوونەوە ناوزەد دەکات کە ئیسرائیل ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، چونکە بەپێی بەرپرسانی ئیسرائیل، تەلئەبیب لە حەوت بەرەى جیاواز مەترسیی لەسەرە و ڕووبەڕووی هەموو ئەم بەرانە دەبێتەوە. بەم پێیە بێت ژمارەى بەرەکان زیادی کردووە و مەترسیدارترین و هەشتەمین بەرەى بۆ کراوەتەوە.

 لە لایەکی دیکە، سەرەڕاى هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ ئەوەى سوپای تورکیا بنێرێتە غەززە بەڵام ئەم داواکارییەى تورکیا ڕەت کرایەوە و ڕێگەى پێ نەدرا. لە سووریاش بارودۆخی تورکیا باش نییە چونکە ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو نفووزی خۆی تێدا زیاد کردووە.

لە ئەنجامی ئەم پێشهاتانە، پێشبینی دەکرێت کە هەر یەک لە ئەنقەرە و تاران دواى قۆناغی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق، هەوڵەکانی خۆیان لەم وڵاتە چڕ بکەنەوە بۆ ئەوەى نفووز و پێگەى خۆیانی تێدا بچەسپێنن. بۆیە هەردوو لا لەژێر گوشارێکی زۆرى هەرێمی و نێودەوڵەتیدان؛ سەرەڕاى ئەمەیش نایانەوێ لە عێراقیش نفووزیان کەم بێتەوە و یاخود بەتەواوەتى کۆتایییان پێ بێت.

هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە پێشبینیی ئەوە دەکرێت ئەگەر تورکیا و ئێران بە شێوەیەکی گشتى ڕووبەڕووی یەکیش ببنەوە، نایگەیه‌ننە ئاستى پێکدادان، بەڵکوو کار دەكەن بۆ دەستەبەرکردنى بەرژەوەندیی دووقۆڵیی هەردوو لا لە عێراق. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا لە ئەگەرى هەر هێرشێکی دیکەى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و، ئەم هێرشە گەر لاوازبوونی ئیرانی لێ بکەوێتەوە لە عێراق، ئەو کاتەیش وەکوو ئەوەى لە سووریا ڕووی دا، ڕێگە بە ئەنقەرە نادرێت نفووزی خۆی لە ئاستێکی دیاریکراو، زیاتر و فراوانتر بکات؛ چونکە ئیسرائیل، ئێران بۆ ئەوە لاواز ناکات ئەنقەرە ببێتە شوێنگرەوەى تاران.

image_pdfimage_print