پێنووس

جوگرافیای سیاسی لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمدا

نووسینی: کریستۆفەر فیلیپس

وەرگێرانی:  پێنووس

وا چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەم لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە، لە کاتێکدا سیمای سیاسەتی جیهانی گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و بەتەواوی دوور دەکەوێتەوە لەو دۆخەی کە گەلانی جیهان لە گۆڕەپانەکاندا پێشوازییان لە هەزارەی نوێ کرد.

بۆ زۆر کەس، بەتایبەتی لە ڕۆژاوا، ساڵی ٢٠٠٠ لووتکەی گەشبینی بوو بە دیموکراسیی لیبڕاڵ، پێش ئەوەی ئەو متمانەیە لەژێر کاریگەریی شۆکە گەورەکانی وەک هێرشەکانی ١١ی سێپته‌مبەری ٢٠٠١، قەیرانی داراییی جیهانی و هەڵکشانی پۆپۆلیزمی ڕاستڕەودا، بهەژێت. بەڵام لە ڕوانگەی ئەوانی دیکەوە، بەتایبەتی لە بەشێک لە باشووری جیهان، بیست و پێنج ساڵی ڕابردوو گۆڕانکارییەکی هەڵگرتبوو کە جێی ڕەزامەندی بوو، چونکە تەرازووی هێزە نێودەوڵەتییەکان لەو هەژموونە ڕۆژاوایییەی کە بەدوای جەنگی سارددا هاتبوو، نەهێشت.

بەڵام جیهان بەڕاستی تا چەند گۆڕاوە؟ بە بەراوردکردن، چارەکە سەدەکانی پێشوو گۆڕانکاریی قووڵتر و ڕیشەییتریان بەخۆوە بینیوە. ماوەی نێوان ١٩٧٥ و ٢٠٠٠ شایەدی هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، کەوتنی کۆمۆنیزم وەک ئایدیۆلۆژیا و، دەرکەوتنی جیهانێکی تاکجەمسەر بە ڕابەرایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و سیستەمی سەرمایەداریی دیموکراسیی لیبڕاڵ بوو. چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمیش، واتە نێوان ١٩٠٠ و ١٩٢٥، بە هەمان شێوە گۆڕانکاریی بونیادیی گەورەی هەڵگرتبوو؛ جەنگی جیهانیی یەکەم سەردەمی جەنگە گشتگیرەکانی دەست پێ کرد و دەوڵەتی نەتەوەییی نوێی لەسەر پاشماوە و داروپه‌ردووی ئیمپراتۆرییەتەکانی ئەڵمانیا، ڕووسیا، نەمسا-هەنگاریا و عوسمانی دروست کرد، هەروەها جیهان بۆ یەکەم جار شایه‌دی ئه‌وه‌ بوو كه‌ کۆمۆنیزم به‌ ده‌سه‌ڵات بگات.

“ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا بەهێزترین دەوڵەتە، بەڵام چیتر بێڕکابەر نییە. ئابووریی چین ئێستا نزیکەی دوو لەسەر سێی ئابووریی ئەمریکایە و لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتە نزیکەی سێ چارەکی ئابووریی ئەمریکا”.

لە بەرامبەردا، وا دەردەکەوێت گۆڕانکارییەکانی نێوان ٢٠٠٠ و ٢٠٢٥ وردتر و پلەبەپلەتر بن؛ زیاتر لە چارەکە سەدە “ئارامەکان” دەچن وەک ماوەی نێوان ١٩٥٠ و ١٩٧٥. هەرچەندە گۆڕانکاریی بەرچاو ڕوویان داوە، بەڵام چاودێرێک لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە بێت، جیهانی ٢٠٢٥ تا ڕاددەیەکی زۆر بە ئاشنا دەبینێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەم وتارە باس لە هەندێک لە دیارترین ئەو گۆڕانکارییانە دەکات کە ئەم قۆناغەیان جیا کردووەتەوە.

لە تاکجەمسەرییەوە بۆ فرەجەمسەری

ڕەنگە دیارترین گۆڕانکاری لە سەرەتای هەزارەوە (مطلع الألفية)، کۆتاییهاتنی سەردەمی تاکجەمسەری و دەرکەوتنی جیهانێکی فرەجەمسەر بێت. دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، ویلایەتە یەکگرتووەکان چێژی لەوە وەرگرت کە چارڵز کرۆتهامەر بە “ساتەوەختی تاکجەمسەری” وەسفی کرد، کە تێیدا تاکە زلهێز بوو بێ هیچ ڕکابەرێک. تا ساڵی ٢٠٠٠، واشنتۆن خاوەنی گەورەترین ئابووریی جیهان بوو، کە دوو هێندەی قەبارەی نزیکترین ڕکابەری (ژاپۆن) دەبوو، لە کاتێکدا سێ ئابوورییەکەی دوای ئەو، هەموویان لە هاوپەیمانەکانی بوون: ئەڵمانیا، بریتانیا و فەڕەنسا.

ئەم باڵادەستییە ئابووری و سەربازییە، هانی سەرۆکە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکای دا کە هەوڵی داڕشتنەوەی سیستەمی نێودەوڵەتی بدەن، جا چ لە ڕێگەی “سیستەمی جیهانیی نوێ”ی جۆرج بۆشی باوک، یان “کۆدەنگیی واشنتۆن” لە سەردەمی بیڵ کلینتۆن، یان “جەنگ دژی تیرۆر” کە جۆرج بۆشی کوڕ ڕای گەیاند. سەرەڕای جیاوازیی ئەنجامەکان، نەبوونی هێزێکی ڕکابەر بە قەبارەی یەکێتیی سۆڤیەت، وای کرد هەژموونی ئەمریکا نیمچەڕەها بێت.

بەڵام ئەمڕۆ وێنەکە تەواو جیاوازە. ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا بەهێزترین دەوڵەتە، بەڵام چیتر بێڕکابەر نییە. ئابووریی چین ئێستا نزیکەی دوو لەسەر سێی ئابووریی ئەمریکایە و لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتە نزیکەی سێ چارەکی ئابووریی ئەمریکا. بە سەرکەوتنی هیندستان بۆ لیستی پێنج گەورەترین ئابووریی جیهان و هاتنی ڕووسیا بۆ ناو دە وڵاتە یەکەمەکە، باڵادەستیی ئابووریی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە بەراورد بە سەرەتای هەزارە پاشەکشەی کردووە.

ڕاستە واشنتۆن هێشتا زیاتر لە کۆی خەرجیی ١٤ وڵات پێکەوە پارە لە سوپاکەیدا خەرج دەکات، بەڵام ئەم باڵادەستییە چیتر وەرناگێڕدرێت بۆ هەمان هەژموونی جیهانی کە لە ساڵی ٢٠٠٠دا هەیبوو. بۆیە شرۆڤەکاران کۆکن لەسەر ئەوەی سیستەمی نێودەوڵەتی لە ٢٠٢٥دا بووەتە فرەجەمسەر و پەڕەی ساتەوەختی تاکجەمسەری داخراوە.

پووتین دەستبەرداری دیموکراسییە تازەپێگەیشتووەکەی نەوەدەکانی دوای یەکێتیی سۆڤیەت بوو، لە بەرژەوەندیی سیستەمێکی ستەمکار کە لەسەر کەسایەتیی خۆی بونیاد نراوە و گەندەڵی تێیدا بەربڵاوە.

ئەمەیش تا ڕاددەیەکی زۆر پەیوەستە بە گۆڕانی ڕۆڵی جیهانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان. داگیرکردنی ئەفغانستان و عێراق لە نێوان ٢٠٠١ و ٢٠٠٣، پاشان قەیرانی داراییی جیهانی لە ٢٠٠٨، وێستگەی یەکلاکەرەوە بوون. قەیرانەکە ئابووریی ئەمریکای لاواز کرد لە بەرژەوەندیی چین، هەروەها گومانی دروست کرد دەربارەی سوودی خەرجیی زەبەلاح بۆ سەرکێشییە دەرەکییەکان. هەروەها داگیرکاریی درێژخایەن و بێبەرهەمی عێراق و ئەفغانستان سنوورداربوونی توانای هێزی سەربازیی ئەمریکای دەرخست لە بەدەستهێنانی ئەو گۆڕانکارییانەی سەرکردەکانی دەیانویست؛ بێجگە لەوەیش بەشدار بوو لە پاڵنانی ڕای گشتی بۆ دژایەتیکردنی دەستێوەردانی دەرەکی. لەو کاتەوە، سەرۆکەکان ناچار بوون دەنگدەران دڵنیا بکەنەوە بە بەڵێنی وەک “نەبوونی سەرباز لەسەر زەوی” – no boots on the ground؛ ئەمەیش توانای واشنتۆنی لە بەکارهێنانی باڵادەستییە سەربازییەکەی سنووردار کرد. ڕەتکردنەوەی ناردنی هێزی ئەمریکی لەلایەن “دۆناڵد ترەمپ”ەوە بۆ بەشداریکردن لە هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی لە غەززە، نموونەیەکی ڕوونی ئەم ئاراستەیەیە.

فاکتەری دووەم کە فرەجەمسەریی بەهێز کرد، گۆڕانی پێگەی چینە. لە ساڵی ٢٠٠٠، پایتەختە ڕۆژاوایییەکان هێشتا بڕوایان بە “هەڵکشانی ئاشتییانەی چین” هەبوو؛ واتە تێکەڵبوونی زیاتری چین لە ئابووریی جیهانیدا لە کۆتاییدا دەیکاتە خاوەنی دیموکراسیی لیبڕاڵی ڕۆژاوایی و، دەیگۆڕێت بۆ هاوبەش نەک ڕکابەر. بەڵام ئەوە ڕووی نەدا. “پارتی کۆمۆنیستی چین” هێشتا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە بێ هیچ ئاماژەیەک بۆ گۆڕان بەرەو دیموکراسی.

لە دوای هاتنەسەرکاری “شی جینپینگ” لە ٢٠١٢، “پەکین” لە فەلسەفەی “دنگ شیاو پینگ” کە لەسەر “کەم دەرکەوتن” بونیاد نرابوو، دوور کەوتەوە و ناسیۆنالیزمێکی چینیی توندتر و پێکدادەرانەی گرتە بەر. دەستپێشخەریی “پشتێنە و ڕێگە”، هەڵکشانی هەڕەشەکان دژی تایوان و، فراوانخوازیی سەربازی لە دەریای باشووری چین، هەمووی بەڵگەن بۆ ئەم گۆڕانکارییە، کە چینی خستووەتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە لەگەڵ ڕۆژاوا.

بە هەوڵدانی بۆ دروستکردنی تۆڕێک لە هاوپەیمانان و دەرھێنانی وڵاتان لە خولگەی ئەمریکا، پەکین ئێستا وەک ڕکابەری یەکەمی واشنتۆن هەژمار دەکرێت؛ بە شێوەیەک کە بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر پێشبینی نەدەکرا. سەیر نییە کە هەندێک چاودێر لەم گرژییەدا سیمای “جەنگێکی ساردی نوێ” دەبینن.

بەڵام چین تەنیا ڕکابەری ئەمریکا نییە، تەنیا هێزی جیهانیش نییە کە بەشداریی لە چەسپاندنی فرەجەمسەریدا کردبێت. ڕووسیاش بە هەمان شێوە لە پێگەیەکی تەواو جیاوازدایە. لە سەرەتای هەزارەی نوێدا، بۆریس یەڵتسن، سەرۆکی ڕووسیا، دەستی لەکار کێشایەوە و “ڤلادیمێر پووتین”ی سەرۆکوەزیرانی وەک سەرۆکی بەوەکالەت دەستنیشان کرد.

کەم کەس پێشبینیی ئەوەیان دەکرد ئەم پیاوە تا ئەمڕۆ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ئاراستەکانی ڕووسیا لە ناوخۆ و دەرەوەدا ئەنجام بدات. پووتین دەستبەرداری دیموکراسییە تازەپێگەیشتووەکەی نەوەدەکانی دوای یەکێتیی سۆڤیەت بوو، لە بەرژەوەندیی سیستەمێکی ستەمکار کە لەسەر کەسایەتیی خۆی بونیاد نراوە و گەندەڵی تێیدا بەربڵاوە. ڕاستە ئەمە جۆرێک لە سەقامگیریی ئابووریی بە ڕووسیا بەخشی، بەڵام هاوکات بوو لەگەڵ توندکردنەوەی چنگی ئەمنی لە ناوخۆ و فراوانخوازیی سەربازی لە دەرەوە. بەسە بیرمان بێت کە هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەتی بە “گەورەترین کارەساتی جیۆپۆلیتیکی سەدە” وەسف کرد بۆ ئەوەی لە دیدگه‌کەی تێ بگەین کە هەوڵی زیندووکردنەوەی هێزی جیهانیی مۆسکۆ دەدات؛ بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی ئامرازی سەربازییەوە. لە ٢٠٠٨ “جۆرجیا”ی داگیر کرد، دواتر “کریمیا”ی خستە سەر خاکەکەی و هێزی ناردە “دۆنباس” لە ٢٠١٤، لە ٢٠١٥ دەستێوەردانی لە سووریا کرد و، لە ٢٠٢٢ “ئۆکراینا”ی داگیر کرد، جگە لە بەشداریی سنووردار لە لیبیا، سوودان و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست.

هەرچەندە هێزی سەربازیی ڕووسیا ناگاتە هێزی ئەمریکا، بەڵام ئەم چالاکییە سەربازییە بە شێوەیەکی بەرچاو ئەو سیستەمە تاکجەمسەرییەی لاواز کرد کە واشنتۆن دوای جەنگی سارد سەرکردایەتیی دەکرد.

ئەگەر چین و ڕووسیا دیارترین ئەو هێزانە بن کە سینگیان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانیان ده‌رپه‌ڕاندووه‌، ئەوا گۆڕانکاری بەرەو فرەجەمسەری خێراتر بووە بەهۆی دەرکەوتنی “هێزە مامناوەندەکان”، بەتایبەتی لە دەرەوەی ڕۆژاوا. بەڕازیل، هیندستان و باشووری ئەفریقا پەیوەندییان بە ڕووسیا و چینەوە کرد بۆ پێکهێنانی گرووپی “بریکس” لە نێوان ٢٠٠٩ و ٢٠١٠، کە بلۆکێکە خۆی وەک گرووپێکی ناڕۆژاوایی دەناسێنێت کە بازاڕە تازەپێگەیشتووەکان لەخۆ دەگرێت و ئامادەییی باشووری جیهان بەهێز دەکات، وەک جێگرەوەیەک بۆ گرووپی هەشت و دواتر حەوت (G7) کە ئەمریکا تێیدا باڵادەست بوو.

بە فراوانبوونی “بریکس” لە ٢٠٢٤ بۆ لەخۆگرتنی سێ وڵاتی هاوپەیمانی واشنتۆن (ئیمارات، میسر، ئەسیوپیا) لەگەڵ ئێران و، بانگهێشتکردنی سعوودیا و تورکیا، قەبارەی گۆڕانکارییەکە لە ژینگەی نێودەوڵەتیدا لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە بەڕوونی دەرکەوت. لە کاتێکدا ئەمریکا لە سەرەتای سەدە، تاکە زلهێز بوو و ڕۆژاوا کۆنترۆڵی دامەزراوەکانی وەک بانکی جیهانی و سندووقی دراوی دەکرد، هێزە مامناوەندەکان لە ٢٠٢٥ چیتر هەست بە ناچاری ناکەن بۆ لایەنگریی تەواو بۆ واشنتۆن، بەڵکوو هاوپەیمانییەکانیان بەپێی بەرژەوەندییەکانیان لە هەر دۆسیەیەکدا جیاواز هەڵدەبژێرن.

لە جیهانگەراییی لیبڕاڵەوە بۆ پۆپۆلیزمی نەتەوەیی

دووەم گۆڕانکاریی دیاری فکری و ئایدیۆلۆژی بریتی بوو لە: پاشەکشەی لیبڕالیزمی بەجیهانیبوو (Globalized Liberalism) و هەڵکشانی پۆپۆلیزمی نەتەوەیی. لە کۆتاییی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، لیبڕاڵەکان ئاهەنگیان دەگێڕا بۆ دەیەیەک کە دەستکەوتەکانی بەچەسپاو دەهاتنە بەرچاو، چونکە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات کە لە میراتی کۆمۆنیزم دەرچووبوون، دیموکراسیی لیبڕاڵ و ئابووریی بازاڕی جیهانییان گرتە بەر. هاوتەریب لەگەڵ ئەمە، لە حەفتاکانەوە شەپۆلی دوورکەوتنەوە لە ڕژێمە دەسەڵاتخوازە داخراوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەمریکای لاتین و ئەفریقا دەستی پێ کردبوو، کە هەستێکی گشتیی گەشبینیی لەگەڵ سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم دروست کرد.

وا دەهاتە بەرچاو، پێشبینییەکەی “فرانسیس فۆکۆیاما” خەریکە دێتە دی، کاتێک وای دەبینی کە سەرمایەداریی دیموکراسیی لیبڕاڵ باشترین فۆڕمی حوکمڕانییە و هەموو وڵاتان لە کۆتاییدا دەیگرنە بەر. بەڵام ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەی “فریدەم هاوس” ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ڕەوتە لە ٢٠٠٥ گەیشتە لووتکە و لەو کاتەوە ساڵ لە دوای ساڵ پاشەکشەی کردووە. وڵاتانی دیموکراسیی تازەپێگەیشتوو بەرەو پراکتیزەی دەسەڵاتخوازانە (authoritarian) خلیسکان و، دیموکراسییە ڕیشەداکوتاوەکانیش سەرکردەی پۆپۆلیستیان هەڵبژارد کە ئازادییە چەسپاوەکانیان لەق کرد و دامەزراوە دیموکراسییەکانیان لاواز کرد. ئەمەیش هاوکات بوو لەگەڵ هەڵکشانی شەپۆلی دژە-جیهانگەرایی، کە لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپدا دەرکەوت؛ کاتێک دیوارێکی لە باجی گومرگی دروست کرد و تەحه‌ددای عەقیدەی بازرگانیی ئازادی کرد کە بۆ دەیان ساڵ کۆڵەکەی سیاسەتی ڕۆژاوا بوو.

هەرچەندە لیبڕالیزم دوای ٢٠٠٥ دەستی بە پاشەکشە کردبوو، بەڵام قەیرانی داراییی جیهانی لە ٢٠٠٨ پرۆسەکەی خێراتر کرد. لە ڕۆژاوا، قەیرانەکە کاریگەریی دوولایەنەی هەبوو. یەکەم: متمانەی دەنگدەرانی بەو “کۆدەنگییە لیبڕاڵە” هەژاند کە دوای جەنگی سارد باڵادەست بوو. پێش ٢٠٠٨، حزبە گەورەکانی ڕۆژاوا بەرگرییان لەوە دەکرد کە سیاسەتی نیولیبڕاڵ و “ئابووریی شۆڕبوونەوە” (واتە گواستنەوەی ئەو ئیمتیازانەی دەوڵەمەندەکان بەدەستی دەهێنن بۆ سوودی گشتیی کۆمەڵگە) و جیهانگەرایی، بە سوودی هەمووان دەشکێتەوە.

سەیر نەبوو کە گۆردۆن براون، وەزیری دارایی و دواتر سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، لە ساڵی ١٩٩٩ بەمتمانەوە ڕابگەیەنێت کە “ڕۆژانی بووژانەوە و پووکانەوە (Boom and bust) کۆتایییان هات.” بەڵام قەیرانەکە بێبنەماییی ئەم بانگەشەیەی دەرخست و وای کرد بەشێکی زۆر متمانە بە لیبڕالیزمی ئابووری و ئەو حزبانە لەدەست بدەن کە هەڵگری بوون؛ ئەمەیش زۆر کەسی ناچار کرد ڕوو لە حزبە پۆپۆلیستەکان بکەن کە ڕۆژگارێک پەراوێزخراو بوون. دووەم: ئابوورییە ڕۆژاوایییەکان چەندان ساڵیان پێ چوو تا لە شۆکی قەیرانەکە و پڕۆسەی ڕزگارکردنی بانکەکان چاک ببنەوە؛ ئەمەیش دەرگه‌ی بۆ پۆپۆلیستەکان کردەوە تا چارەسەری سادە بۆ کێشە ئاڵۆزەکان پێشکەش بکەن. هەندێک لە دەنگدەران ڕوویان لە پۆپۆلیستە چەپەکان کرد کە دەوڵەمەندەکانیان بە هۆکاری قەیرانەکە دەزانی، بەڵام زۆربەیان ڕوویان لە ڕاستڕەوەکان کرد و بیانی و کۆچبەرانیان بە هۆکاری قەیرانی وڵاتەکانیان دانا. ئەمەیش بەشدار بوو لە دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا (Brexit) لە ٢٠١٦ و، هەڵکشانی پۆپۆلیستەکان لە هۆڵەندا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا و پۆرتوگال، تا گەیشتە هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ لە ٢٠١٦ و دووبارە هەڵبژاردنەوەی لە ٢٠٢٤.

لە دەرەوەی ڕۆژاواش، قەیرانەکە بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی چاو بە دیدگه‌کەی فۆکۆیامادا بخشێنرێتەوە. ئەو وڵاتانەی دەیانویست لاساییی مۆدێلی ئەمریکی و ڕۆژاوایی بکەنەوە، بۆیان دەرکەوت واقعەکە مەرج نییە وەک ئەوە بێت کە بۆیان وێنا کرابوو. هاوکات چین مۆدێلێکی دیکەی بۆ گەشەپێدان پێشکەش کرد کە لەسەر “سەرمایەداریی دەسەڵاتخواز” بە ڕابەرایەتیی دەوڵەت بونیاد نراوە، بەپێچەوانەی نیولیبڕالیزمی ڕۆژاوا و “کۆدەنگیی واشنتۆن”. ڤلادیمێر پووتینیش بەدیلێکی بۆ دیموکراسیی لیبڕاڵ خستە ڕوو کە بریتی بوو لە “ستەمکاریی هەڵبژێردراو- الاستبداد المنتخب”، لە کاتێکدا ژمارەیەک سەرکردەی پۆپۆلیست دەسەڵاتیان لە ناوخۆدا توندتر کرد، وەک: ڤیکتۆر ئۆربان لە هەنگاریا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لە تورکیا، بنیامین نه‌تانیاهۆ لە ئیسرائیل و نارێندرا مۆدی لە هیندستان.

هەرچەندە لیبڕالیزم، لە ڕەهەندە سیاسی و ئابوورییەکەیدا هێشتا ون نەبووە، بەڵام ئەو باڵادەستییەی لەدەست داوە کە لە سەرەتای هەزارەدا هەیبوو. لە کاتێکدا ئەمڕۆ ئەمریکا، چین و ڕووسیا لەژێر سایەی سەرکردە پۆپۆلیستە نەتەوەیییەکاندان کە خوازیاری دەستێوەردانی زیاتری دەوڵەتن لە بازرگانی و سنووردارکردنی زیاتری جیهانگەرایی، ساڵی ٢٠٢٥ زۆر دوور دیارە لەو خەونە لیبڕاڵییەی کە فۆکۆیاما دەربارەی کۆتاییی مێژوو بانگەشەی بۆ دەکرد.

لە دەستێوەردانی لیبڕاڵەوە بۆ کێبڕکێی زلهێزەکان

دەتوانین بڵێین، سروشتی ململانێی جیهانی لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە گۆڕانکاریی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. لە سەرەتای ئەم قۆناغەدا، دیمەنەکە بە مۆرکی دەستێوەردانە لیبڕاڵەکان بە ڕابەرایەتیی ڕۆژاوا دەناسرایەوە. سەرەڕای بەردەوامیی جەنگ لە ناوچە جیاوازەکان، نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بە هەوڵی چڕی ئەمریکا و سەرکردە ڕۆژاوایییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ درێژخایەنەکان ناسرابوو، وەک: ئیرلەندای باکوور و ململانێی عەرەب-ئیسرائیل (ئەگەرچی سەرکەوتن لە یەکەمیاندا ڕوونتر بوو).

کاتێک جەنگی نوێ هەڵدەگیرسا، سەرکردە ڕۆژاوایییەکان لە پێشەنگی هەوڵەکانی نێوەندگیری بوون و، کاتێک کەمتەرخەم دەردەکەوتن ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبوونەوە، وەک ئەوەی لە ڕواندا و بۆسنە ڕووی دا. ئەم سیاقە وای لە سەرکردەیەکی وەک “تۆنی بلێر” کرد لە وتارە بەناوبانگەکەیدا لە شیکاگۆ (١٩٩٩) جەخت بکاتەوە کە دەستێوەردانی سەربازی پاساو هەڵدەگرێت بۆ پاراستنی گەلانی چەوساوە؛ بە ئاماژەکردن بە ئۆپەراسیۆنەکانی “ناتۆ” لە کۆسۆڤۆ. ئەم دیدگه‌یە دواتر بووە بنەمای دەستێوەردانە سەربازییەکانی ڕۆژاوا، دیارترینیان داگیرکردنی عێراق لە ٢٠٠٣ و دەستێوەردان لە لیبیا لە ٢٠١١. لە ٢٠٠٥، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بنەمای “بەرپرسیارێتیی پاراستن”ی پەسەند کرد کە ڕێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات دەسەڵاتی دەستێوەردان بدات بە مەبەستی مرۆیی.

بەڵام ئەم بیرۆکانە ئەمڕۆ زۆر دوورن لە واقعی ٢٠٢٥. متمانە بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نزمترین ئاستدایە. لە سەردەمی هەژموونی ئەمریکادا، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان جۆرێک لە سەردەمی زێڕینیان بەخۆوە بینی، چونکە سەرکردایەتیی واشنتۆن کۆدەنگییەکی فراوانی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا هەبوو. ژمارەی ئەو بڕیارانەی مافی ڤیتۆیان تێدا بەکار هات لە نەوەدەکاندا تەنیا هەشت بڕیار بوو (دووان بۆ هەر یەک لە ڕووسیا و چین، چوار بۆ ئەمریکا). بەڵام لە دەیەی یەکەمی هەزارەدا ژمارەکە بۆ ١٤ بەرز  بووەوە و، لە دەیەی دووەمدا بۆ ٢٢ و، لە دەیەی سێیەمدا گەیشتووەتە ٢٠، لەگەڵ هەڵکشانی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان مۆسکۆ، پەکین و واشنتۆن. بەم جۆرە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەکۆیەک بۆ بەڕێوەبردنی ململانێ جیهانییەکانەوە، گۆڕا بۆ گۆڕەپانی ململانێی زلهێزەکان کە دووبارە سیمای سیاسەتی نێودەوڵەتییان داڕشتەوە.

ئەم گۆڕانکارییە ڕەنگدانەوەی لەسەر سروشتی ململانێکان هەبووە. دەستێوەردانەکان هێشتا ڕوو دەدەن، بەڵام پاساوەکانیان زیاتر بەرژەوەندیی نیشتمانییە نەک پاڵنەری مرۆیی، وەک ئەوەی بەردەوامیی نەهامەتییەکانی غەززە لە ٢٠٢٣ەوە دەری دەخات. بۆ نموونە ئەمریکا خۆی لە دەستێوەردان لە سووریا پاراست بۆ پاراستنی چالاکوانانی مەدەنی سەرەڕای گوشاری هاوپەیمانانی، بەڵام لە ٢٠١٤ دەستێوەردانی کرد کاتێک داعش بەرژەوەندییە هەرێمییەکانی خستە مەترسییەوە. ڕووسیاش هێزی ناردە سووریا بۆ بەهێزکردنی نفووزی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک بە پاڵنەری مرۆیی. هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ئێستا وەک دەرفەتێک بۆ گەمارۆدانی ڕکابەرەکانیان سەیری جەنگە ناوخۆیییەکان دەکه‌ن، نەک وەک کارەساتێکی مرۆیی کە پێویستە ڕابگیرێت.

لە هەمان کاتدا، دوای کەمبوونەوەی جەنگی نێوان دەوڵەتان لە نەوەدەکان و دەیەی یەکەمی هەزارە، ئەم ململانێیانە لە ساڵانی دواییدا گەڕانەوە پێشەنگی دیمەنەکە: لە جەنگی ئۆکراینا دژی ڕووسیا، بۆ پێکدادانەکانی هیندستان و پاکستان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەرەسەندووی ئیسرائیل و ئێران، تا دەگاتە سەرکەوتنی ئازەربایجان بەسەر ئەرمینیا. بەم جۆرە جەنگە تەقلیدییەکانی نێوان دەوڵەتان، هێندەی جەنگە ناوخۆیییەکان باو بوونەتەوە؛ کە ئەمە لە ساڵی ٢٠٠٠دا بەو شێوەیە نەبوو.

سەرچاوە: گۆڤاری “المجلة”؛ بابەتەکە بەردەستە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە:

<https://www.majalla.com>

image_pdfimage_print