پێنووس

ناسیۆنالیزمی درەوشاوە و حەتمییەتی ڕۆیشتن بەرەو سەروەری ڕەخنەیەک لە پارادایمی دژە – دەوڵەت لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردیدا

د. ئیبڕاهیم مەلازادە*

پێشەکی

بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان، هەر لەگەڵ دەسپێکی سەدەی بیستەم و شەپۆڵەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم و داتەپینی ئەزموونی ئیمپراتۆرییەت و دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شکستی هێناوە لە خستنەسەرڕێی بزووتنەوەیەکی ڕۆشن و خاوەن پڕه‌نسیپی زانستیی سەربەخۆخوازی. بزووتنەوەیەک هێندەی کاردانەوە و جەمسەربەندیی ئایدیۆلۆژی بووە، هێندە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی سەربەخۆخواز نەبووە. بزووتنەوەیەک بووە زۆربەی جاران وەکوو “چێشتی مجێور” لەنێوان دوو پارادایم چەقیوە: پارادایمی سەروەریی نەتەوەیی (دەوڵەتخوازی)، کە تا ئاستێک شۆڕشە کوردییەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم داوایان دەکرد و، پارادایمی ئۆتۆنۆمی یان مافی چارەی خۆنووسین، کە دوای ئەوە بزووتنەوەی سیاسیی کورد بۆ ئەوە گه‌ڕایه‌وه و به‌ره‌و دواوه‌ ڕۆیشت‌. دوای ئەوە جۆرێک لە دژەدەوڵەتخوازی لە چوارچێوەی پارادایمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و چەمکی ئینتەگرێیشن سەر هەڵدەدات، کە ئاراستەیەکی دژەدەوڵەت و خواستی خۆگونجاندنە لەناو دەوڵەتی داگیرکەردا.

لەو کورتە توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدەین لە وێستگەی کێشەی هەموو ئەو چەمکانەدا بوەستین و جەخت لەسەر پارادایمی ناسیۆنالیزمی درەوشاوە (Brightside of Nationalism) بکەینەوە، وەکوو پێویستییەکی مێژووییی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان.

کوردستان، نیشتمانێکی داگیرکراوە. ئەوە گریمانە نییە، بەڵکوو واقعێکی سەپێنراوە. ئەمە تێزێک نییە بەتەنیا کورد بانگەشەی بۆ بکات، بەڵکوو واقعێکە ژمارەیەکی زۆر بیرمەند و ئەکادیمیی کورد و غەیرەکورد شڕۆڤەیان بۆ کردووە. یەکێکیش لەوانە بیرمەندێکی تورکی وەکوو “ئیسماعیل بێشکچی”یە؛ بەر لە هەر کوردێک خاوەنی تێزێکە و، پێی وایە کوردستان نەک هەر کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتییە، “بەڵکوو بارودۆخی سیاسیی کوردستان و میللەتی کورد زۆر لە بارودۆخی کۆلۆنی خراپترە” (Beşkçi, I., 2012:32). بێشکچی لە دووتوێی کتێبەکەیدا هەوڵی داوە ئەو گریمانەیە بسەلمێنێت، کە “سیاسەتێکی کۆلۆنیالیزمی بە شێوەیەکی هاوبەش لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە (مەبەستی هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستانە) جێبەجێ ده‌كرێت، کە دەیانەوێت بەرژەوەندیی ستراتیژی بەدەست بهێنن” (Beşkçi, I., 2012:45). ئامانجیش لە درێژەدان بەو داگیرکارییە کۆلۆنیستییە، وەک ئەوەی “عەبدولڕەحمان قاسملۆ” جەختی لەسەر دەکاتەوە و دەڵێت “کوردستان کۆڵۆنییەکە، کە هێزی کاری هەرزان و فراوان، کانزای جۆراوجۆر و بەرهەمی کشتوکاڵی دابین دەکات. هەروەها، بریتییە لە گۆڕەپانێکی ڕاوکردنی تایبەت، بۆ کاڵا و بەرهەمە پیشەسازییەکانی تورکیا. حکوومەتی تورکیا سوورە لەسەر ئەوەی بە هەر نرخێک بێت دەستی بەسەردا بگرێت و بیانپارێزێت” (Ghassemlou, A.R. and Chaliand, G., 1980:82).

 ئەمەیش مانای وایە، لەپاڵ ئەوەی کە سەرکردەیەکی کوردی وەک قاسملۆش، پێی وایە کوردستان لەژێر چەپۆکی کۆلۆنیالیزمدایە، هۆکارە ئابوورییە گرنگەکانیش ڕوون دەکاتەوە، کە یەکێکن لە هۆکارە ڕاستەوخۆکانی پڕۆسەی درێژەدان بە دەستبەسەرداگرتن و بەردەوامیدانی بەکۆلۆنیکردن. ئەم ئەرگومێنتەیش نەک هەر بۆ دەوڵەتی تورک ڕاستە، بەڵکوو بۆ هەرسێ دەوڵەتەکەی دیکەی داگیرکەری “عێراق”، “ئێران” و “سووریا”ش ڕاستن.

ئامانجی سەرەکییش لە خستنەڕووی دۆخی خاک و خەڵکی کوردستان، بەرچاوڕوونییە بۆ هاووڵاتیانی کورد، کە کوردستان کۆلۆنییە بە مانای نیشتمانێکی دەستبەسەرداگیراو؛ داگیرکەر دەیەوێت هەم خاکەکەی بخاتە خزمەتی نەتەوەی خۆی، هەمیش خەڵکەکەی بە پاساو و خەڵەتاندنی جیاوازەوە، بکات بە بەشێک لە نەتەوەی خۆی. بەم پێیه‌، ئامانج لە توێژینەوەکە، هەوڵدانێکە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ناسیۆنالیزمی کوردی، ناسیۆنالیزمێکی دروەشاوە و ڕزگارکەرە، نەک وێرانکەر؛ بەو مانایەی کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوی کۆلۆنیزەکراوە و، بەبێ بزووتنەوەیەکی نەتەوەییی تۆکمە و ڕزگارکەر، ناتوانێت قۆناغی داگیرکاری بەجێ بهێڵێت.

بەشی یەکەم: ناسیۆنالیزمی درەوشاوە (Bright Nationalism)؟

لەپێناو ئاڕاستەیەکی بەرگری و ڕزگارکەر، پێویستمان بە دابڕانێکی ڕادیکاڵ هەیە لە ناسیۆنالیزمی تاریک (Dark Nationalism)؛ ناسیۆنالیزمێک، کە زۆرێک لە ڕژێمە داگیرکەر و چەوسێنەرەکان بەکاریان هێناوە. بۆیە، بەلامەوە گرنگ بوو بۆ یەکەم جار دەستەواژەی “ناسیۆنالیزمی درەوشاوە” بەکار بهێنم، کە پێشتر بەکار نەهاتووە- بێجگە لە “یووڤال نووح هەراری”، كه‌ لە وتارێکیدا دەستەواژەی “دیوە درەوشاوەکانی ناسیۆنالیزم”ی بەکار هێناوە (HARARI, 2019). لێرەدا هەوڵ دەدەم هەردوو ئاڕاستەکە بەکورتی لەباریەک هەڵوەشێنین و شرۆڤەیان بکەین.

لەو نووسینەمدا دەستەواژەی ناسیۆنالیزمی درەوشاوە لەسەر پێناسەی هانس کۆن (Hans Kohn)، دادەمەزرێنم. هانس کە لە شاری پراگ (پایتەختی کۆماری چیک) لەدایک بووە و یەکێکە لە بیرمەندە گەورەکانی بواری ناسیۆنالیزم، سەبارەت بە ڕەگ و ڕیشەکانی ناسیۆنالیزم دەڵێت: “ناسیۆنالیزم دۆخێکی زەینییە، کە تێیدا تاک باڵاترین وەفاداریی خۆی بە شایستەی دەوڵەت/ نەتەوە دەزانێت” (Kohn, H., 1965:9). ئەو پێمان دەڵێت ناسیۆنالیزم بەر لە هەموو شتێک دۆخێکی زەینییە؛ هەستکردنە بە ژێبەندی (ئینتیما) بۆ “سەروەریی نەتەوە”، چونکە هانس ژێبەندییەکەی بەستۆتەوە بە “دەوڵەت-نەتەوە”، نەک بەتەنیا بە نەتەوە؛ هیچ نەتەوەیەکیش لە دۆخی داگیرکاریدا، نابێت بە خاوەنی سەروەریی خۆی، ئەگەر خاوەنی دەوڵەتی خۆی نەبێت. ئەم ڕوانگەیە بۆ نەتەوەی کورد وەکوو نان و ئاو وایە، بۆ ئەوەی لەژێردەستەییی داگیرکەر ڕزگاری بێت.

هەموو ئەو نەتەوانەیش کە بەپێی سیسته‌مێکی فیدڕاڵی لەپاڵ دەوڵەتێکی دیکەدا ماونەتەوە، ژیانیان مسۆگەر و هەموو ئازادییەکیشیان هەبێت، هێشتا خەون بە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانەوە دەبینن؛ لەوانەیش: هەرێمەکانی سکۆتلاند و باکووری ئێرلاند کە بەشێکن لە شانشینی یەکگرتووی بریتانیا. هەرێمی کەتەلۆنیا و باسک، بەشێکن لە دەوڵەتی ئیسپانیا و خاوەنی پەرلەمانی خۆجێیین؛ هەروەها هەرێمی کۆبێک لە کەنەدا، یەکێکە لە گرنگترین و ناسراوترین نموونە دیموکراسییەکانی جیهان. زۆربەی ئەوانە جارێک یان زیاتر ڕاپرسییان بۆ سەربەخۆیی کردووە و ئامادەیشن دووبارەی بکەنەوە، بەڵام بە هۆکاری جیاواز سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناوە. یەکێکیش لە هۆکارە هەرە مەترسیدارەکان “گۆڕانی دیموگرافی”ی ئەو هەرێمانەیە؛ بە مانای ئەوەی، مەرج نییە دەوڵەتەکە خاوەنی سیسته‌مێکی دیموکراسی بێت، بەڵکوو لەپاڵ سیسته‌می دیموکراسییش، دەکرێت پەیتا پەیتا هەرێمەکە لە ڕووی دیموگرافییەوە بگۆڕێت.

زۆر مۆدێلی جیاوازی ناسیۆنالیزم هەن؛ تەنانەت هاووڵاتیانی ئەو دەوڵەتانەیش کە لە دۆخێکی سەروەریی سەقامگیردا دەژین، لەپێناو کۆمەڵێک ئامانجی جیا یەکێک لە جۆرەکانی ناسیۆنالیزم دەوڕووژێنن و لەسەر ئەو بنەمایەیش خەڵك لە دەوری خۆیان کۆ دەکەنەوە. لە چوارچێوەی دەستەواژەی ناسیۆنالیزمی درەوشاوەدا، بەتایبەتیش لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، ناسیۆنالیزمی لیبڕاڵ (Liberal Nationalism) و ناسیۆنالیزمی مەدەنی (Civic Nationalism) لەلایەن چەند بیرمەندێکەوە پەرەیان پێ دراوە. ناسیۆنالیزمی لیبڕاڵ (Liberal Nationalism) بریتییە لەو ئاڕاستە فیکرییەی کە پێی وایە نەتەوە و هەستی نەتەوەیی نەک بەتەنیا دژ بە بەهاکانی لیبڕاڵیزم (وەک مافی تاک، ئازادی و دیموکراسی) نین، بەڵکوو دەکرێت پێکەوە بگونجێن. هەروەکوو “دێڤید میللەر” جەختی لەوە کردۆتەوە، کە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، مەرجێکی پێویستە بۆ دروستکردنی متمانە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە دەوڵەتە دیموکراسییەکاندا. لێرەدا دەتوانین بڵێین “ناسیۆنالیزمی درەوشاوە” خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانەی خوارەوەیە:

یەکەم: ناسیۆنالیزمی درەوشاوە نەک هەر هێرشبەر و فراوانخواز نییە، بەڵکوو بەرگریکار و ڕزگاریخوازە. پارێزگاریکردن لە بوون، زمان، خاک و سەربەخۆییی نەتەوە، لە پێشەوەی ئەرکەکانی دادەنێت. بۆیە دێڤید میللەر پێی وایە “لیبڕاڵیزم بۆ مانەوە و بەردەوامیی خۆی، پێویستیی بە نەتەوەیە. هیچ کۆمەڵگەیەکی لیبڕاڵ نییە کە بنەماکەی نەتەوەسازی نەبێت” (Miller, D. and Gustavsson, G., 2020:20). لەسەر ئەم بنەمایەیش، دەوڵەت و نەتەوەسازی مەرجێکی بنەڕەتین بۆ پارێزگاریکردن لە بەها گشتییەکانی وەکوو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە و بەو بەها و نۆڕمانەی کە دەوڵەت پارێزگارییان لێ دەکات.

دووەم: “ناسیۆنالیزمی درەوشاوە” لە ئاستی “نەتەوە و دیموکراسی”دا نەک هەر دژبەیەک نین، بەڵکوو دەوڵەتی نەتەوەییی مەدەنی، تاکە زامنی پاراستنی مافی تاکەکان و کەمینەکانە. لەسەر ئەو بنەمایەیش دێڤید میللەر دەڵێت “دیموکراسی ناتوانێت گەشە بکات، یان تەنانەت ئەگەری مانەوەیشی هەبێت، ئەگەر هاووڵاتیان خاوەنی ناسنامەیەکی نەتەوەییی هاوبەش نەبن، کە یەکیان بخات و متمانەی پێویست دروست بکات بۆ ئەوەی ڕێگە بە دامەزراوە دیموکراییسەکان بدات کار بکەن” (Miller, D. and Gustavsson, G., 2020:20). بۆ ئەمەیش کوردستان بەرزترین و جوانترین ناسنامەی هاوبەشی هاووڵاتیانی کورد و هەموو ئەوانەیشه‌ کە دانیشتووی کوردستانن، لە چوارچێوەی دەستوورێکی مۆدێرندا.

سێیەم: “ناسیۆنالیزمی درەوشاوە”، جیاوازە لە هەر جۆرە ناسیۆنالیزمێک کە جیاکاری دەخاتە نێوان مرۆڤەکان و ئاڕاستەیەکی دیکتاتۆرییانەی هەیە؛ کە “ئیان مەکوێرتە” (Iain Macwhirter)، لە وەسفی ڕاستڕەوە توندەکان، ناوی ناوە “ناسیۆنالیزمی تاریک” (MACWHIRTER, 2016). ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە، کە لەلایەن دەسەڵاتە داگیرکەرەکانەوە پێڕەویی لێ دەکرێت و ڕوانگەیەکی شۆڤینیزم و داگیرکاریی هەیە، ئاڕاستەیەکی فاشیزمانە و سەرکوتکردنی هەیە بۆ نەتەوەکانی دیکە. بۆیە “ناسیۆنالیزمی درەوشاوە” مافێکی ڕەوایە بۆ بەرگریلەخۆكردن و بەدەستهێنانی سەربەخۆییی نەتەوەیی. لێرەدا تێزە بەهێزەکە لە ڕوانگەی میللەرەوە ئەوەیە، کە لیبڕاڵیزم بۆ بەردەوامیی خۆی، پێویستیی بە نەتەوە هەیە: هیچ کۆمەڵگەیەکی لیبڕاڵ نییە بنەماکەی لەسەر نەتەوەسازی بینا نەکرابێت (Miller, D. and Gustavsson, G., 2020:20).

بەم جۆرە، نەتەوەیەک کە هێشتا لە قۆناغی بەدەستهێنانی سەربەخۆییدایە، پێویستیی بە بەرگری لەخۆکردنە، لە ڕێی باوەڕێکی ئازادیخوازانە بۆ تاکەکانی و بۆ گەیشتن بە سەربەخۆییی نەتەوەیی؛ ئەم ئاڕاستەیەیش بەتەنیا لە ڕێی ناسیۆنالیزمی درەوشاوەوه‌ دەبێت؛ ناسیۆنالیزمێک کە سنوورەکانی خێڵ و شار تێ دەپەڕێنێت و ئەو دەمارگیرییە خێڵەکییەی کە لەناو خێڵدا زاڵە، دەیپەڕێنێتەوە بۆ نەتەوە، بۆ مۆبیلیزەکردنی لەپێناو یەکێتیی نەتەوەیی و گەیشتن بە ئامانجی سەربەخۆیی.

بەشی دووەم: ڕەخنە لە پارادایمی دژەدەوڵەت

ئەوەی کە لە تێزی نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکدا دەیخوێنینەوە، هەردوو دەستەواژەکە ئاڕاستەیەکی دژەدەوڵەتییانەیان هەیە و دەوڵەت بە سەرچاوەی زوڵم دەزانێت. هەردوو دەستەواژەکە لەلایەن “عەبدوڵڵا ئۆجەلان”ەوە پەرەیان پێ دراوە و بنەماکەیان دەگەڕێتەوە بۆ تێزەکانی فەلسەفەی موڕای بۆکچین (Murray Bookchin)، کە باس لە “شارەوانیی ئازادیخواز” (Libertarian Municipalism) و ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی دەکات. بۆکچین باس لە کۆمەڵگەی ڕزگاربوو لە دەوڵەت و هیرارکییەکەی دەکات و بە هیچ جۆرێک باس لە نەتەوە بەو مانایە ناکات، بەتایبەتیش نەتەوە بێدەوڵەتەکان. کەواتە هەردوو دەستەواژەکە پارادایمێکی نوێی سیاسی و فیکریی ئۆجەلانن، وەکوو جێگرەوە بۆ دەوڵەت-نەتەوە (Nation-State) پەرەی پێ داون بۆ جێبەجێکردنی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی (Öcalan, 2010:181).

کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک چییە؟

ئەو دەستەواژەیە بریتییە لە سیسته‌می بەڕێوەبردن؛ ڕەهەندێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی وردی هەیە بەپێچەوانەی ناوەندگەراییی دەوڵەت. لەو سیسته‌مەدا دەسەڵات لە دەستی “کۆمۆنەکان، ئەنجومەنی گەڕەکەکان و شارەوانییەکاندا” دەبێت؛ واتە دەسەڵات لە خوارەوە بەرەو سەرەوە بەرز دەبێتەوە، لە چوارچێوەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک بەڕێوە دەچێت، نەک دەسەڵاتەکە لە سەرەوە شۆڕ بکرێتەوە بۆ خوارەوە و لە ناوەندەوە بسەپێنرێت، وەک هەموو ئەو مۆدێلانەی ئێستا هەن. لەسەر ئەو بنەمایەیش ئەو ڕوانگە فەلسەفییە پێی وایە کێشەی نەتەوەکان بە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی چارەسەر نابێت. ئەرگومێنتەکەیش ئەوەیە کە دەوڵەت-نەتەوە بە سروشتی خۆی ناوەندگەرایە و، مۆنۆپۆلی توندوتیژی دەکات؛ بۆیە وەکوو “ماکس ڤێبەر” دەڵێت، شەرعییەتی بەکارهێنانی توندوتیژی لەدەست خۆیدا دەهێڵێتەوە (Gerth and Mills, 2014:8)، زۆردارە و ناتوانێت دیموکراسییەت پیادە بکات. بنەما سەرەکییەکانی ئەو سیسته‌مە سیاسییەیش، بریتین لە “ئازادیی ژنان” کە ناوی نراوە “ژنۆلۆژی”، “پاراستنی ژینگە” (ئیکۆلۆژی) و “فرەفەرهەنگی”، وەک ئەوەی پێشڕەو محەمەد ناوی ناوە “بەگەردیلەکردنی نەتەوە” (Muhemmed, 2026)؛ واتە داڕشتنەوەی نەتەوە لەسەر بنەمای یەکە که‌لتووری، زمانەوانی، ئایینی، مەزهەبی و ناوچەیییەکان (Öcalan, A., 2010).

لێرەدا پرسیارە سەره‌کییەکە ئەوەیە كه‌، ئایا فەلسەفەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جۆرێک نییە لە یۆتۆپیا، بەتایبەتیش ئەو لایەنەی کە پێشنیاری کردووە لە هەموو ڕوویه‌کەوە لایەنە لاوازەکەیە؟ لێرەدا ئەوەی کە ڕۆشنە بۆ هەموومان، ناهاوسەنگییەکی ڕەها لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە باکووردا هەیە؛ بەو مانایەی گفتوگۆکان هێندەی یەکلایەنە و ناهاوسەنگن، هێندە ڕەهەندێکی دادوەرانەیان نییە و نایەکسانییەکی ڕەهای هێز هەیە. ئەوەی لەبەرچاوی ئێمەدا ڕوونە بەپێی دۆکیومێنتە ڕەسمییەکان، ئەوەیە کە پڕۆژەی دەوڵەت “تورکیایەکی بێتیرۆرە”، نەک چارەسەرێکی دیموکراسییانەی پرسی کورد. لەو هەلومەرجەدا، ئایا دەوڵەتی تورکیا ئامادەیە بچێتە ژێر باری ئایدیۆلۆژیای کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک؟ ئایا نەتەوەی تورک ئامادەیە دابەزێتە ئاستی وەها پڕۆسەیەک و لەو غروورەی خۆی دابەزێت؟ بەپێی هەموو ئەو داتایانەی لە بەردەستی ئێمەدا هەن، هەرگیز دەوڵەتی تورک و خەڵکی تورکیش ئامادە نین لەو سام و شکۆیەی خۆیان دابەزن بۆ داواکارییە ئایدیۆلۆژییەکەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، کە داوای خۆبەڕێوەبەرێتیی جەماوەری دەکات لە خوارەوە بۆ سەرەوە. خاوەنەکەیشی نەک هەر بەتەنیا لایەنە لاوازەکەیە، بەڵکوو سەرکردەیەکی دیلی بندەستی خۆیان، خستوویەتییە ڕۆژەڤەوە. هەروەها ئەو هێزەی کە پابەندی ئەو ئایدیۆلۆژیایەیە، لە دەڤەرێکی دیاریکراوی وەکوو قەندیل چڕ بۆتەوە و هیچ هەڕەشەیەکی وجوودیی لەسەر دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتەکانی دیکەی داگیرکەری وەکوو ئێران، عێراق درست نەکردووە، کە خاوەنی سوپا، دەزگه‌ی هەواڵگریی زەبەلاح و پێشکەوتوون و، بە خاوەنی بوودجەی زەبەلاح و سەروەریی یاسایی لە جیهاندا ناسراون؛ بەتایبەتیش دەوڵەتی تورکیا یەکێکە لە ئەندامە بەهێزەکانی گەورەترین ڕێکخراوی جیهانی کە “هاوپەیمانیی ئەتڵەسی” (ناتۆ)یه‌. ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دەوڵەتە تاکڕەهەندە نەتەوەیییانە بە وەها مۆدێلێکی نادەوڵەتی، نزیکترە لە خەیاڵ تا واقع.

لە هەمان کاتیشدا، ئەوەی کە لە ڕێی ڕێبەری “حزبی مەهەپە (دەوڵەتی قووڵ)”ی هاوپەیمانی “حزبی ئاکەپەی دەسەڵاتدار”ه‌وه، دەوڵەتی‌ هێناوەتە ناو گفتوگۆ، ترسێکە لەو ئاڵۆزییانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێدا تێپەڕ دەبێت. بەو مانایەی ئەو پڕۆسەیە لەپێناو چاوی ڕەشی کورد، یان ئایدیۆلۆژیای کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، دادپەروەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی یان داواکارییەکانی یەکێتیی ئەورووپا نییە لە دەوڵەت، بەڵکوو دۆخێکی یەکلایەنەی تایبەتە بە ئێستا و ئاییندەی دەوڵەتی تورکیا (YILDIRIM, 2025). لەسەر بنەمای هەموو ئەو وردەکارییانەیشەوە، ئەوەی دەگوزەرێت لە خزمەتی دەسەڵاتی ڕەهای توغیانی دەوڵەتی تورکیا و تاکڕەهەندیی نەتەوەی تورکە. جیهانی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای دەوڵەت-نەتەوە دروست بووە و، بە هەردوو چاودێرەکەی ڤاتیکان و فەڵەستین ژمارەیان دەگاتە 195 دەوڵەت. نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بەتەنیا مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەکاندا دەکەن.

بەشی سێیەم: دەوڵەت و پۆست-دەوڵەت

لەسەر بنەمای ئەو خاڵانەی سەرەوە، دەتوانین بپرسین كه‌ ئایا دەستبەرداربوونی کورد لە دەوڵەت، مانای خۆبەدەستەوەدانە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، ڕاستەوخۆ دەمانخاتە ناو دووڕیانی ناسیۆنالیزمی درەوشاوە (ڕیالیزمی سیاسی)، کە دەوڵەت-نەتەوە بە چارەسەر دەزانێت، بەپێچەوانەی دیدگه‌ی پۆست-دەوڵەت، کە لەسەر بنەمای “بەگەردیلەکردنی نەتەوە” بینا کراوە. لێرەدا پرسی سەروەری چۆن بۆ نەتەوەیەکی وەکوو تورک ڕاست و گونجاوە، بۆ کورد دەیان قات ڕاست و گونجاوترە. لەسەر ئەو بنەما و چوارچێوەیەیشدا “تۆماس هۆبز” لە لیڤیاسان (Leviathan)دا، باس لە ترس و پارێزگاریلەخۆکردندا دەکات. لێرەدا پاڵنەرە سەرەکییەکەی مرۆڤ لە ڕوانگەی هۆبزەوە، بۆ دروستکردنی دەوڵەت ترسە لە لەناوچوون، یاخود بوونی دەوڵەت پێویستە بۆ مانەوە (Hobbes, 1996). دەوڵەتی تورکیاش لەو ڕووەوە، هەرگیز ئامادە نییە خۆپەرستیی خۆی هەڵوەشێنێتەوە و دابەزێت بۆ “بەگەردیلەکردنی” کۆمەڵگەی خۆی لەپێناو چاوی ڕەشی نەتەوەی کورد (YEĞEN, 2016). لە ڕیالیزمی سیاسییشدا ئامانجی یەکەم و کۆتاییی هەموو دەوڵەتێک، پاراستنی بوون و بەرژەوەندیی خۆیەتی لە ڕێگەی هێزەوە. بۆیە دەڵێت “نەتەوە پێویستیی بە دەوڵەت هەیە. کەواتە یەک نەتەوە، یەک دەوڵەت، بنەمای سیاسیی ناسیۆنالیزمە؛ دەوڵەت-نەتەوەیش ئایدیاڵییەکەیەتی” (Morgenthau, 2006:93).

لەسەر هەموو ئەو بنەمایانەیشەوە “پاراستنی کەسایەتیی نەتەوەیی، بە شێوەیەکی تایبەتتر، گەشەپێدانی تواناکانی داهێنەری، باڵاترین ئەرکی نەتەوەن. بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکەیش، نەتەوە پێویستیی بە هێز هەیە، کە لەبەرامبەر دەوڵەت-نەتەوەکانی دیکەدا بیپارێزێت و هانی گەشەسەندنی خۆی بدات” (Morgenthau, 2006:93). بەو مانایە و لەو چوارچێوە فەلسەفییە سیاسییەیشدا، ئەوەی بەڕێز ئۆجەلان لە پڕۆژە فیکرییەکەی خۆیدا دەیخاتە ڕوو، مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئاییندەی بونیادی نەتەوەییی کورد، لە ناوچەیەکدا کە پڕیەتی لە نادادپەروەری و، بەتەنیا دەوڵەت دەتوانێت پارێزگاری لە بوون، کەڕامەت و مافەکانی هەر نەتەوەیەک بکات. مێژووی سەد ساڵەی ڕابردووش (بە هەموو فۆرمەکانی جینۆسایدەوە)، سەلماندوویەتی بەبێ هێزێکی سەربازی و قەوارەیەکی یاسایی لە چوارچێوەی بەها و نۆڕمە نێودەوڵەتییەکاندا، کورد هەمیشە لەبەردەم دوو بژاردەدایە: یان قبووڵکردنی ژێردەستەیی، یان لەناوچوون و هەڵوەشانەوە. بۆیە ئەگەر بە شێوەیەکی لۆژیکییانە تەماشای هاوکێشە ناوچەیییەکان بکەین، پڕۆژەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک (بەگەردیلەکردنی نەتەوە)، بۆ دەوڵەت و نەتەوەی تورک مەترسییەکی ڕاستەقینەیە و، ڕاستەوخۆ دەیخاتە بەردەم بەگەردیلەکردن و هەڵوەشانەوە. لەسەر ئه‌م بنەما لۆژیکییەیشەوە نەتەوەی تورک، بەقەد داوە موویه‌کیش ئامادە نابێت لە سەروەریی خۆی دابەزێت.

لێرەدا ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ پرسی دانوستان و هاوسەنگیی هێز و، ئەو پڕۆژەیەی ئێستا بە “تورکیای بێتیرۆر” ناسێنراوە و، ده‌یخه‌ینه‌ بەر ڕەخنەوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین نزیکترین مۆدێلی دانوستان لەوەی ئێستا لە تورکیا دەگوزەرێت، کامەیانە.

بەپێی لێکچوون و جیاکاریی نەتەوەیی و سیاسەتی “ئاپارتاید” کە لە تورکیا دەگوزەرێت، نزیکترینیان مۆدێلی باکووری ئەفریقایە؛ ئەگەر چاوپۆشی لەو تایبەتمەندییانە بکەین کە کورد هەیەتی، بەوەی کە نیشتمانەکەی جیاوازە و داگیر کراوە.  ڕێککەوتنی نێوان “نێلسۆن ماندێلا” وەک سەرکردەی ئەنجومەنی نەتەوەییی ئەفریقا (ANC) و دەوڵەتی ئاپارتایدی ئەفریقای باشوور بە سەرۆکایەتیی “ف. دە کلێرک” (F.W. de Klerk)، لە سەرەتای نەوەدەکاندا، یەکێکە لە گرنگترین ئەو مۆدێلانەی دانوستان و چارەسەری پرسە سیاسییەکان لە مێژووی ناوچەکەدا (Sparks, 1995). دانوستانەکان لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی درێژخایەنەوە لە 1993 دەستی پێ کرد، لەسەر کۆمەڵێک بنەما، کە لەو کورتە نووسینەدا دەرفەتی باسکردنی بنەماکان نابێت.

لێردا ئەوەی گرنگە باسی بکەین ئه‌وه‌یه‌ كه‌، لە کاتێکدا لە ئەفریقای باشوور دەوڵەت ناچار بوو دان بە مافەکانی ئەوی دیکەدا بنێت، چونکە ماندێلا و حزبەکەی دەوڵەتیان بەچۆکدا هێنا، بەڵام لە دۆخی تورکیادا، دەوڵەت لەسەر بنەمای ڕیاڵیزمێکی توند و ئاسایش و یەکلایەنە لەژێر هەڕەشەی سەربازی و ئەمنیدا کار دەکات؛ لەسەر ئەو بنەمایەیشەوە هەر گفتوگۆیەک دەسکاریی چەمکی دەوڵەت بکات کە بریتییە لە “یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە و یەک سوپا”، وەک هەڕەشەیەکی بوونگەرایی (Existential Threat) تەماشا دەکرێت. دەرەنجامەکەیش تورکیای بێتیرۆر و پۆلێنکردنی یاسایییە، کە دەوڵەت بە هیچ جۆرێک وەکوو لایەنێکی یەکسان لەگەڵ بزووتنەوەی کورد لە تورکیادا مامەڵە ناکات، بەڵکوو چەکدانانی بێمەرج و ناساندنی دۆخەکەیە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی “تیرۆردا”. کەواتە لێردا دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بزووتنەوەی سیاسیی کورد ملکەچی هەمان ئەو فۆڕمەی دەوڵەت بێت کە ئۆجەلان لە ڕووی تیۆرییەوە ڕەتی کردۆتەوە. واتە ئەوەی بۆ تورک حەڵاڵە، بە هەموو جۆرێک بۆ کورد حەڕامە.

پرسە جەوهەرییەکە ئەوەیە كه‌، کاتێک مۆدێلی نادەوڵەتی (Non-statist) دەکەوێتە بەرامبەر دەوڵەتێکی نەتەوەییی بەهێز و ڕیاڵیستی وەکوو تورکیا، لە ڕووی کردەیییەوە تووشی بنبەست دەبێت، چونکە دەوڵەت سازش لەسەر سەروەریی خۆی ناکات. لێرەدا ئێمە لەبەرامبەر دژبەیەکبوونێکی ڕادیکاڵی توندداین. دژبەیەکبوونێکە، دژەدەوڵەت لەبەرامبەر دەوڵەتێکی ڕادیکاڵدا؛ چۆن بتوانین لە هاوکێشەکە تێ بگەین؟ چۆن بتوانین لەوە تێ بگەین داخۆ پلان و پڕۆژەی دەستەمۆکردنی دەوڵەتی تورکیا چییە، بۆ دابەزین لە سەروەریی نەتەوەییی تورک و بەگەردیلەکردنی خۆی، بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک؟

لێرەدا زۆرێک لە زاناکانی وەکوو ئەلێکس دی واڵ (Alex de Waal) و مایکل گونتە (Michael Gunter) ڕەخنەی توندیان لەو مۆدێلە گرتووە و پێیان وایە لەگەڵ واقعی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکەدا تووشی پارادۆکسی جێبەجێکردن (Implementation Paradox) دەبێتەوە. لە واقعدا دروشمی “نەتەوەی دیموکراتیک”، لە ناوچەیەکدا کە هەژموونی دوو دەوڵەتی وەکوو تورکیا و ئێرانی بەسەردا زاڵە و، باوەڕیان بە هیچ جۆرە دیموکراسی و ئۆتۆنۆمییەک نییە، پیاده‌ ناكرێت. لە کۆتاییدا ئەو جۆرە پڕۆژەیە دەبێتە هۆکارێک بۆ خۆڕادەستکردنی سیاسی و پاشەکشەیەکی گەورە بە پرسی کورد و زیاتر دوورکەوتنەوە لە پرسی سەروەری و هەر جۆرە سەربەخۆیییەک. ئەزموونی ململانێی نێوان نەتەوەکان ئەوەی سەلماندووە بەبێ بوونی سوپا و سنوورێکی فەرمی و دانپێدانانی نێودەوڵەتی، هەر ئەزموونێکی لەو جۆرەی کە بانگەشەی بۆ دەکرێت، دەکەوێتە بەر هەڕەشەی بەردەوامی ستەم و سڕینەوە و پاکتاوی که‌لتووری، ئەگەر پاکتاوی جەستەییشی لێ نەکەوێتەوە.

بەشی چوارەم: کوردستان وەک کۆڵۆنییەکی هەرێمی

یەکێک لە پرسە هەرە نیگەرانکەرەکان، لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، کوردستان دابەش کرا و، کرا بە بەشێک لە هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی تورکیا، ئێران، ئێراق و سووریا. ئەمەیش مانای وایە پرسەکە کرا بە پرسێکی لاوەکی؛ لە پرسی نیشتمانێکەوە گۆڕدرا بۆ پرسی تاکەکەس و کەمینەیەک لەناو سنووری دەوڵەتێکی نەتەوەییی خاوەن سەروەریدا. کوردستان وەکوو نیشتمان لە هەموو هەژمار و هاوکێشەیەکی نێودەوڵەتیدا خرایە دەرەوە. ئه‌وه‌ی ڕاستییش بێت، لە ڕووی مێژوویی و واقعی دیموگرافی و جوگرافییشەوە، کوردستان هه‌ر چوار پارچەی، بەزۆر لەیەک دابڕێنراوه‌ و داگیرکراوه‌ و دابەش کراوه‌ بەسەر چوار دەوڵەتی تاکڕەهەندی نەتەوەییی جیاواز لە کورد، کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییە ستەمکارەکانی وەک “لۆزان” و “سایکس پیکۆ” لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمه‌وه‌ وەکوو دەستکەوتی جەنگ پارچەپارچە کراوە.

هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکە، لە مێژووی ئەو سەد ساڵەی ڕابردوودا، ئەگەر لەسەر هیچ پرسێک هاوڕا و کۆک نەبووبن، لەسەر پرسی کورد و درێژەدان بە داگیرکاریی خۆیان، کۆک بوون و هەمیشە وەکوو “کێشەی ئاسایشی ناوخۆیی”ی دەوڵەت-نەتەوەییی خۆیان و “بەڕەنگاربوونەوەی تیرۆر” مامەڵەیان لەگەڵ خواست و خەونەکانی کورددا کردووە، لەپێناو دروستکردنی پاساو و پەڕاوێزخستنی هەمیشەییی کورد. بەڵام لە ڕاستیدا، وەک ئەوەی کە ئیسماعیل بێشکچی و عەبدولڕەحمان قاسملۆش جەختیان لەسەر کردۆتەوە، کوردستان لە دۆخێکی داگیرکاری/کۆلۆنیالیستیی بەردەوامدایە. نەتەوەیەک لەسەر ئەو خاکە دابەشکراوەدا دەژیت کە خاوەنی خاک، زمان، که‌لتوور و ناسنامەی سەربەخۆی خۆیەتی، لە چرکەساتێکی مێژووییی زاڵمانەدا کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتێکی زۆرەملێی سیسته‌می سیاسیی بێگانە؛ ئامانجی ئەو سیسته‌مە سیاسییە بێگانانەیش، سڕینەوە و تاواندنەوەی که‌لتوور و زمان و هەموو تایبەتمەندییەکانی نەتەوەی کورده‌.

بۆیە ئەوەی لەم سەد ساڵەی ڕابردوودا نەتەوەی کورد پێیدا تێپەڕ بووە، بە هەموو پێوەرە مرۆیی و بەها و نۆڕمە نێودەوڵەتییەکان، ئەوەی گوزەراوە و تا هەنووکەیش دەگوزەرێت، تەنیا و تەنیا دەتوانین ناوی بنێین داگیرکاری و بەکۆلۆنیزەکردن. لەو دۆخە داگیرکارییەیشدا کورد هەرگیز وەکوو هاووڵاتییەکی خاوەن مافە بنەڕتییەکانی خۆی لەناو ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەدا مامەڵەی هاووڵاتیبوونی لەگەڵدا نەکراوە؛ وێڕای ئەوەیش کە هیچ یه‌ک لەو دەوڵەتانەیش چوارچێوەیەکی دیموکراسی و مۆدێرنیان نەبووە.

کەواتە ئەم ڕەهەندە کۆلۆنیالیستییە، پێویستیی بە تێگەیشتنێکی ڕیاڵیستانە هەیە، کە تێیدا دابەشبوونی جوگرافیا و داگیرکردنی سامانی سروشتی و مرۆیی و پرۆسەی گۆڕینی دیموگرافیا و کۆچپێکردنی بەزۆری و دەستبەسەرخاکداگرتن، وەک کۆمەڵە فاکتەرێکی بنەڕەتی، ڕۆڵیان هەبووە لە دروستبوونی تەنگژەکان و درێژەدان بە داگیرکاری.

ئەوەی لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بە واقع و تا ئەمڕۆش لەسەر بنەمای ئەو واقعە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بریتییه‌ له‌ دەوڵەت-نەتەوە، کە سیسته‌مێکی جیهانیی ستانداردە لەژێر چه‌تری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا. لە ڕوانگەی تیۆرییە باوەکانه‌وه‌، بەتایبەتیش تیۆریی ڕیالیزمی سیاسی و سیسته‌می دەوڵەتی مۆدێرنەوە، لە دوای ڕێککەوتنی وێستڤالیا (1648)، تا ئەمڕۆ، ئەم سیسته‌مە حوکمڕانیی دونیا دەکات و لەسەر ئاستی دونیا دانی پێدا نراوە و خاوەن سەروەری و شکۆی خۆیەتی. لە چوارچێوەی ئەو سیسته‌مە سیاسییە نێودەوڵەتییە بێسەروبەرە (Anarchic International System)دا، تا ئێستا هیچ میکانیزمێکی یاسایی یان ئەخلاقیی باڵا دیاری نەکراوە، کە بتوانێت پارێزگاری لە گرووپ و نەتەوە بێدەوڵەتەکان بکات (Bull, 2012:80)- بێجگە لە هەندێک بڕگەی یاساییی بەشێک لە یاسا نێودەوڵەتییەکان، کە هەرگیز نەبوونەتە فریادڕەسی نەتەوە هەڕەشەلێکراوەکان.

لەو چوارچێوە فشۆڵە نێودەوڵەتییەیشدا، بێدەوڵەتی بە مانای “پەراوێزخستنی یاسایی و بێسەروەریی ڕەها”یە و هیچ بنەمایەکی مسۆگەر لەگۆڕێدا نییە بۆ پارێزگاریکردن لە نەتەوە بێدەوڵەتەکان. مێژووی سەدەی بیستەم و چارەگی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمیش، گەواهیدەرن بۆ ئەوەی کە نەتەوە بێدەوڵەتەکان هەمیشە لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیی ڕیشەکێشکردن، کۆمەڵکوژی و جینۆساید و پڕۆسەی تواندنەوەی نەتەوەییدان، لە جۆری پرۆسەی تەعریب لە عێراق و سووریا، پرۆسەی بەتورککردن بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تورکیا و پرۆسەی تواندنەوە لە بۆتەی بەفارسکردندا لەناو ئێران. هۆکارەکەیش، ئەگەر نەتەوەیەک خاوەن دەوڵەتی خۆی نەبێت، دەسەڵاتە تاک-نەتەوە و ستەمکارە داگیرکەرەکان، بەبێ هیچ میکانیزمێکی نێودەوڵەتی و بەرگریکاری، دەتوانن بە شێوەیەکی بەرفراوان پێڕەوی لە سیاسەتی سڕینەوەی که‌لتووری و فیزیکی بکەن. لە یاسای نێودەوڵەتیدا مافەکانی کەمینەکان هەمیشە لەژێر سێبەری “سەروەریی نەتەوەییی ناوخۆییی دەوڵەتدا” کەم تا زۆرێک دیاری کراوە؛ بەڵام لە دەوڵەتێکی وەکوو تورکیادا، کورد بە کەمینەیش هەژمار نەکراوە، بەڵکوو وەکوو “تورکی چیا” و “مرۆڤی ماڵینه‌بوو”، لەلایەن دەوڵەتەوە مامەڵەی له‌گه‌ڵ کراوە.

لە سایەی ئەو دۆخە ناسەقامگیرەی بێدەوڵەتییشدا، کە نەتەوەکان هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچوون و سڕینەوەدا بوون، بێدەوڵەتی هەمیشە ناسەقامگیری و تاوان و ماڵوێرانیی بەدوای خۆیدا هێناوە. نەتەوە بێدەوڵەتەکان هەر لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، فریای خۆیان کەوتن. لە بابەتێکی دیکەی جیاوازدا شڕۆڤە بۆ هەموو نموونەکان دەکەین.

پوختەی کۆتایی

لە کۆتاییدا، دەتوانین بەئاسانی ئەوە دووپات بکەینەوە كه‌، ئەگەر لە ڕووی فەلسەفییەوە بژاردەی پۆست-دەوڵەتی سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام لە ڕووی ڕیاڵیزمی سیاسی و مێژوویییەوە نەتەوەی بێدەوڵەت بەبێ قەوارەیەکی سیاسی، هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەی تواندنەوە و لەناوچوونی فیزیکیدا دەمێنێتەوە. لە باشترین حاڵەتدا وەکوو “هاووڵاتیی پلە دوو” مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بەتایبەتیش لە دۆخی دواکەوتووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

________________________________

*ئیبراهیم مەلازادە، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە  کۆمەڵناسی، زانکۆی برونێل لەندەن. تایبەتمەند لە بواری جینۆساید و بونیاتنانی دەوڵەت/ نەتەوە. بەڕێوەبەری ناوەندی جینۆساید، جێندەر و توێژینەوەی کۆمەڵایەتی، زانکۆی سۆران. هاوڕێی دامەزراوەی نۆربێرت ئەلیاس، ئەمستەردام.

سه‌رچاوه‌كان:

A Selected Chronology of Events in the South African Peace Process, 2002. [online] Available at: https://journals.co.za/doi/pdf/10.10520/EJC111572 [Accessed 1 October 2026].

Beşkçi, I., 2012. Kurdistan Kolonîyekî Nêw Dewletî (Kurdistan is an international colony). Translated by Heme Rešîd. Erbil: Sardam Publishing House (reprinted 2022, Sulaimani).

Bull, H., 2012. The anarchical society: A study of order in world

Fraser, G., 1984. PQ: René Lévesque and the Parti Québécois in Power. Toronto: MacMillan.

Ghassemlou, A.R. and Chaliand, G., 1980. People without a country: the Kurds and Kurdistan. (No Title).

Gerth, H.H. and Mills, C.W. eds., 2014. From Max Weber: essays in sociology. Routledge.

Guibernau, M., 2014. Belonging: Solidarity and Division in Modern Societies. Cambridge: Polity Press

HARARI, Y.N., 2019. The Bright Side of Nationalism. Lecture/Video hosted by Central European University (CEU). Available from: https://www.youtube.com/watch?v=v1xXF4RjC9A [Accessed 5 October 2026].

Hobbes, T., 1996. Leviathan. Edited by R. Tuck. Cambridge: Cambridge University Press.

Kamal, S., 2024. Guhertina demografî li Herêma Kurdistanê. Saziya Vîzyonê bo Lêkolînên Strategî.

Keating, M., 2001. Plurinational Democracy: Stateless Nations in a Post-Sovereignty Era. Oxford: Oxford University Press.

Kohn, H., 1965. Nationalism: Its Meaning and History. Rev. ed. D. Van Nostrand.

Leith, M.S. and Sim, D. eds., 2017. The Scottish Independence Referendum: Nationalism, Ethnicity and Everyday Lives. Cham: Palgrave Macmillan.

MACWHIRTER, I., 2016. The far right is on the rise and its weapon is dark nationalism. The Herald, 13 November. Available from: https://www.heraldscotland.com/opinion/14884341.iain-macwhirter-far-right-rise-weapon-dark-nationalism/ [Accessed 5 October 2026].

McRoberts, K., 1997. Misconceiving Canada: The Struggle for National Unity. Don Mills: Oxford University Press.

Miller, D. and Gustavsson, G., 2020. The coherence of liberal nationalism. Liberal Nationalism and Its Critics, pp.23-37.

Morgenthau, H.J., 2006. Politics Among Nations: The Struggle for Power and Peace. 7th ed. New York: McGraw-Hill.

Muhemmed, P., 2026. Dialektîk û stratejiyên bagerdîleyîkirina neteweya Kurd bi mînak. Haremnews. [online] Available at: https://haremnews.com/wtar-detail.aspx?Jimare=11232 [Accessed 3 October 2026].

Öcalan, A., 2010. Manifestoya Şaristaniyeta Demokratîk, Pertuka Sêhem. Sosyolojiya Azadiyê. Porsgrunn: Çapxana Renc. Berêveberiya Gišti Ya Kitêbxaneya Gištî.

South African History Online, 2011. Convention for a Democratic South Africa (CODESA). [online] Available at: https://sahistory.org.za/article/convention-democratic-south-africa-codesa [Accessed 1 October 2026].

Sparks, A., 1995. Tomorrow Is Another Country: The Inside Story of South Africa’s Negotiated Revolution. London: Heinemann.

Shakya, T., 1999. The Dragon in the Land of Snows: A History of Modern Tibet Since 1947. New York: Columbia University Press.

YEĞEN, M., 2016. “Turkish Nationalism and the Kurdish Question”. Ethnic and Racial Studies, 39(2), pp. 119-135.

YILDIRIM, A.K., 2025. Turkey’s Strategy in the Kurdish Peace Process. Baker Institute for Public Policy. Available from: https://www.bakerinstitute.org/research/turkeys-strategy-kurdish-peace-process [Accessed 5 October 2026]

image_pdfimage_print

زیاد کردنی کۆمێنت