بەرایی
زۆر جار دەبیستین، زمانی کوردی دوچاری تەنگژەیە؛ دیارە ئەو تەنگژەیە لە تەنگژەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژووییی گەلی کورد جودا نییە، بگرە پێوەندییەکی نەپساوەی پێوەی هەیە. زمانی کوردی، بە هۆی مێژووی سیاسی و دۆخی جیۆپۆلیتیکیی سەرزەمینی ئاخێوەرانییەوە، کە هەتا ئێستایش بەشی هەرە زۆری داگیر کراوە، هێشتا هەر زمانێکی سروشتییە؛ واتە زمانی کۆمەڵگەیەکی پایەداری نیشتەجێی ژینگەیەکی جوگرافیاییی تایبەتە، کە خاوەنی مێژوو، بیرەوەریی مێژوویی، دنیای فەرهەنگی و ژیانی ماددی و واتاییی خۆیەتی. زمانی سروشتی، کە لە ناخی ژیانێکی نەتەوەیییەوە سەر هەڵدەدات، خاوەنی پێکهاتەیەکی بڕگەیی، وشەیی و ڕێزمانیی تایبەت بە خۆیەتی و، ئەم تایبەتمەندییەیش لە زمانانی دیکەی جودا دەکاتەوە. بەڵام ئەوەی کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی تەنگژە، یان دروستبوونی تەنگژە لە زمانی کوردیی ئەمڕۆدا، ئەوەیە کە دەبێ ئەم زمانە سروشتییە وهڵامدهری کۆمەڵێک پێداویستیی مرۆڤی ئەمڕۆی کورد لە کۆمەڵێک بواردا بێت، کە لە ناخی نەریت و مێژووی ڕابردووی خۆی و گەلەکەیەوە هەڵنەقووڵیون، بگرە دەرهاوێشتەی پێوەندییە نوێیهکانییەتی لەگەڵ دنیای پێشکەوتووی ڕۆژاوا و شارستانییهته مۆدێرنەکەی. ئێمە دەزانین دنیای ڕۆژاوا گرینگە و، گرینگییەكهیشی لەبەر ئەوەیە کە لە بواری زانستی (سروشتی و مرۆڤی)، تەکنەلۆژی، سیاسەت، ئابووری و دامەزراوە کۆمەڵایەتییهكان و ڕەوتاری مرۆڤیدا دەستی بە کۆمەڵێک پێشکەوتنی مەزن ڕاگەیشتووە و، سەرلەبەری ئەو شتانەیش پێویستییان بە زمان هەیە، بۆ ئەوەی واتا و زاراوە و شێوەی دەربڕینی تایبەتیان بۆ دابین بکات.
ڕیشەناسیی زمانی کوردی، وەکوو یەکێک لە کۆنترین زمانە زیندووەکانی دنیا
زمانناسان لەمەڕ ڕیشەی زمانی کوردییەوە، لەسەر ئەوە ساغ بوونەتەوە کە ڕێشەی زمانی کوردی دەچێتەوە سەر بنجی زمانە هیند و ئەوروپایییەکان؛ لە یەکێک لە دوایین توێژینەوە زمانناسانەکاندا، کە لە گۆڤاری زانستیی ''ساینس''دا(١) بڵاو بووەتەوە، توێژەرانی نیۆزلهندی بە سەرپەرشتیی دکتۆر ئەتیکنسۆن(٢) ڕایان گەیاندووە، تەمەنی زمانە هیند و ئەوروپایییەکان نزیک دەبێتەوە لە هەشت تا نۆ هەزار و پێنج سەد ساڵ و، خێزگەی سەرهەڵدانیشیان ئەو ناوچەیەیە کە ئێستا پێی دەگوترێت تورکیا ـــ واتە باکووری کوردستان. لە توێژینەوەکەدا زمانی تورکی وەکوو زمانێکی کۆچەر، کە ئاخێوەرەکانی نزیکەی ٤٠٠ ساڵ لەمەوپێش لەو ناوچەیە گیرساونەتەوە، باسی لێوە کراوە و، گوتراوە تورکی، سەر بە خێزانی زمانە هیند و ئەوروپایییەکان نییە و خێزگەکەیشی ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاستە. بەپێی ئەم توێژینەوەیە، خێزگەی زمانەکانی سەر بە خێزانی زمانە هیند و ئەوروپایییەکان کوردستانە و، دیارە زمانی کوردییش وەکوو زمانێکی سەر بە خێزانی زمانە هیند و ئەوروپایییەکان، یەکێک لە کۆنترین زمانە زیندووەکانی مرۆڤە. بەڵام ئەم زمانە کۆن و بەتەمەنە، لە هەمبەر چەمک و واتا نوێیهکانی ژیانی ئاخێوەرانیدا دوچاری تەنگژەیە. "میشڵ ماڵهێرب" لە کتێبی ''زمانەیلی خەڵکی دنیا''دا(٣) نووسیویەتی: هیچ کام لە زمانە زیندووەکانی ئێستای دنیا، لە زمانانی دیکە بەرزتر و کاکڵدارتر نییە. واتە جوداوازیی نێوان زمانە زیندووەکانی دنیا، پێوەندیی بە توانای زمانەکان لە باری چۆنیهتیی زمانەوە نییە، بگرە پێوەندیی بە ڕێژەی دەسەڵاتی سیاسی، فەرهەنگی و ئابووریی ئاخێوەرانی زمانەکەوە هەیە.
زمانی کوردی، وەکوو زمانێکی دەرەوەی جوگرافیای پەیدابوونی مۆدێرنیتێ
مۆدێرنیتێ (modernity) ناوی شێوەیەکی نوێی ژیان و ڕەوتاری مرۆڤانەیە، کە لە فۆڕمی لۆژیکێکی زانستی، ڕێکخستنێکی تەکنیکی و پیشەسازیدا وێڕای شێوەیەکی تازەی دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بە فەرهەنگێکی شیاوی ئەو دامەزراوانەوە، پەیدا بووە. ئەم شێوە نوێیە، وێڕای سەرلەبەری ئەو گۆڕانە قووڵانەی وەسەر دنیای ژیان و ڕەوتاری مرۆڤانە هاتووە، شێوەیەکی نوێیشی لە تێگەیشتنی زمان و هەڵسوکەوت لەگەڵ زمان وەدی هێناوە، کە بۆ پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژی و لێکەوتەکانیان و، کاراییی سهرجهم دامەزراوە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگییە مۆدێرنەکان، وەک گیان بۆ جەستەی زیندوو، پێویستە. بەم هۆیەوە، تێگەیشتنی ڕاست و قووڵ لە مۆدێرنیتێ و دەستڕاگەیشتن بە قووڵاییی دەستکەوتەکانی، بەبێ تێگەیشتن لەو کارەی لەسەر زمانەکەی کراوە، مومکین نییە.
دنیای مۆدێرن، دنیایەکی کراوەیە. دنیایەکە سەرلەبەری چوارچێوەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و هەموو شتێک سەرلەنوێ هەڵدەسەنگێنێتەوە. دنیایەکی نوێیە، کە بایەخێکی بێبڕانەوە بە نوێیەتی دەبەخشێت. دنیای پێشکەوتنە و، بۆ پێشڤەچوونیش سنوور ناناسێت. بەڵام بۆ پێشڤەچوون، پێویستیی بە لۆژیکی زانستی هەیە و، بۆ لۆژیکە زانستییەکەیش پێویستیی بە زمانێکی کارای شیاوی ئەو لۆژیکە هەیە. هەم پێویستیی بە ناسین و لۆژیکی زمان هەیە، وەکوو کۆنتێکستێک (context) لە ئۆبژەکانی (Objects) ناسین و، هەمیش بەپێی ناسینی زمان، پێویستیی بە کارایییە ئامڕازییەکەی زمان، وەکوو ئامڕازێکی پەرەستێن تا نەبڕانەوە هەیە. واتە دنیای مۆدێرن پێویستیی بە زمانێکی کراوە هەیە.
مۆدێرنیتێ، وەکوو نۆڕمێکی نوێی هزر و ژیان، مۆدێرنخوازی (modernization)ی بە دوای خۆیدا هێناوە، کە پێکهاتە و دامەزراوە و نۆڕم و بایەخە مۆدێرنەکانی لە بری شێوە نەریتییەکەیان باو کردووە. مۆدێرنیتێ لە دیدگهی مێژوویییەوە دەرهاوێشتەی مێژووی کۆن و پێچەڵپێچی ئەوروپای ڕۆژاوایە؛ لە مێژووی کەونارای یۆنانی ـــ ڕۆمییەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاستی مەسیحییەتی و، لەوێڕا بۆ سەردەمانی ڕێنیسانس، کە گۆڕانی زۆر قووڵی لە دنیابینیی مرۆڤدا وەدی هێناوە و، لەوێیشڕا بۆ دەورانی تژی لە شەپۆلی مەزنی ئایینی و فەلسەفی و زانستی، کە شۆڕشی پیشەسازیی لێ کەوتووەتەوە، وێڕای کارتێکەرییە قووڵەکەی لەسەر شێوەی ژیانی مرۆڤ.
گواستنەوەی هزر و ڕەوتاری پێچەڵپێچ، شەپۆلاوی و تژی لە لێکدژیی مۆدێنیتێی ئەوروپا بۆ جیهانە نەریتییهكان، کارێکی خۆبەدەستەوەنەدەرە، چونکە گشت بنەما هزری و ماددییەکانیان تێک دەشێوێنێت و دەیانخاتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام مۆدێرنخوازی (modernization)، کە بەرهەمی مۆدێرنیتێیە، دیاردەیەکی دنیاداگر یان جیهانگیرە، کە لە ناخی هەمەگیرۆیی (universality) مۆدێرنیتێیەوە هەڵدەقووڵێت. واتە گۆڕینی شێوە و ڕوخساری زەوی بە تەکنەلۆژی و دامەزراندنی دامەزراوەگەلی ئابووری، سیاسی و فەرهەنگیی شیاوی شێوەی مۆدێرنی ژیان، بەپێی تەکنەلۆژی و ئابووریی مۆدێرن. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا سەرلەبەری مرۆڤایەتی، تەنانەت ئەوانەی کە زۆریش لە بەربهرییهت و سەرەتاییبوون دوور نەکەوتوونەتەوە، لە سۆنگەی ئەو ئیمکاناتی پێوەندییەوەی کە مۆدێرنخوازی بۆ سەرلەبەری گۆی زەوی دابینی کردووە، خوازیاری بەهرەمەندبوون لەو ئاسایش و نیعمەتانەن کە ئەو شێوە ژیانە دروستی کردووە.
یەکێک لە لایەنە هەرە بنچینهیییەکانی مۆدێرنیتێ، زمانەکەیەتی. زمانە پێشەنگەکانی مۆدێرنیتێ، وێڕای ڕەوتەکەی گەشەیان کردووە و، ئاسۆی سەرلەبەری لایەنەکانی ژیانی مرۆڤانەیان لە بەردەمی ئیمکانیاتی نوێ و نوێتردا کردووەتەوە و، خۆیشیان کردووە بە زمانەیلێکی کراوە. بەم شێوەیە، سەرلەبەری دانیشتووانی گۆی زەوی، بە پڕۆژە مۆدێرنخوازییەکانی خۆیانەوە، چ لە دیدگهی پێکهاتەی تەکنیکی و ئابووری و، چ لە دیدی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەوە، دوای وڵاتانی پێشەنگی زانست و تەکنەلۆژیی مۆدێرن و بەدیهێنەری شێوەی ڕەوتار و پێوەندییەکانی مرۆڤی مۆدێرن دەکەون و، لاساییی ئەوان دەکەنەوە. لە بەستێنی زمانیشدا، بیانەوێ و نەیانەوەی لەگەڵ وەرگرتنی مۆدێرنخوازی، خۆیان دهدهنه دهست کۆمەڵێک گۆڕانی قووڵی وشەیی و واتایی و، تەنانەت بڕگەییشەوە لە زمانەکانیاندا.
پێویستیی گواستنەوەی زانستە تەکنهلۆژییەکان، شارنشینیی مۆدێرن، پێویستیی پەروەردە و ڕاهێنانی گشتی بۆ ڕاهێنانی هێزی مرۆییی شارەزا بۆ کارە تەکنیکی و ئیدارییهكان، دامەزراندنی دامەرزاوەگەلی ئیداری، خزمەتگوزاری، دادوەری، سەربازی، هونەری، وەرزشی و سەرلەبەری ئەو شتانە، زمانی شیاوی کارایییەکەی خۆیان دەخوازن. ئەم خوازیارییە بەشێکی زۆری زمانەکانی دنیای ناچار کردووە بە خۆیان بچارێن، دەنا بەرەو لەنێوچوونی بردوون. ئەو بەخۆچارانە، تاکوو خوو بە ژیانی مۆدێرنەوە دەگرێت، زۆری پێ دەچێت و، دەورانێکی دوورودرێژی پڕ لە هەڵڵا و هەنگەمە و تەنگژەی بەدوادا دێت.(٤)
کۆماری کوردستان؛ یەکەم دەرفەتی زمانی کوردی لە بەرەگەی مۆدێرنخوازیدا
لە کۆتاییی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، لەنێو وڵاتانی ناسراو بە جیهانی سێیەم و، بەتایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەلێک ڕاپەڕێن و شۆڕش و هەنگەمەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی چێ بوون. واتە تەنگژەی پەڕینەوە لە دنیا داخراوهكانهوه بەرەو دنیای کراوەی مۆدێرن، کە دواتر لە چەمکی گلۆبالیزەیشن (globalization)دا چڕ بووەوە. هەر لەو سەروبەندەدا لە بەشێکی کەمی خاکی کوردستاندا دەرفەت بۆ کۆمەڵێک ڕووناکبیر و سیاسەتمەداری کورد ڕهخسا و، توانییان دەسەڵاتێکی سیاسیی خۆماڵی بە ناونیشانێکی مۆدێرنەوە، کە کۆماری بوو و، هەتا ئەو کاتەیش لە ناوچەکەدا کەموێنە بوو، دروست بکەن. کۆماری کوردستان، زمانی کوردیی وەکوو زمانی فهرمیی حکوومەت و پەروەردە و ڕاهێنان ناساند. ئەو زمانە کوردییەی کە کۆماری کوردستان لەکاری هێنا، یەکێک لە شێوەزارەکانی زمانی کوردی بوو، کە لە سەردەمی میرانی بابانەوە ببوو بە زمانی نووسین، بەتایبەت نووسینی شیعر.
نەتەوەی کورد، یەکێکه لەو نەتەوانەی کە پاش پەژراندنی ئایینی ئیسلام، بەبێ ئەوەی خاوەنی دەوڵەتی بەهێزی خۆی بێت، زمانەکەی خۆی پاراستووە و، نەبووە بە عەرەب. بەڵام ئەو شێوەزارە کوردییەی کە لە سەردەمی میرانی بابانەوە، ببوو بە زمانی نووسینی کوردی و، لە ڕاستیدا جێی شێوەزارەکانی کەلهوڕی و هەورامی و کرمانجیی ژوورووی گرتبووەوە، کە پێشتر شاعیرانی وەکوو "مەلای جزیری" و "ئەحمەدی خانی" و "مەولەویی تاوەگۆزی" و "خانای قوبادی" شیعریان پێ نووسیبوون، خۆی لە بەکارهێنانی وشە و چەمک و زاراوەگەلی عەرەبی، تەنانەت لە فۆڕمی شیعری عەرەبییش، کە فۆڕمی عەرووزییە، نەپاراستبوو بەتایبەت کە نێوەرۆک و بنەباسی زۆربەی شیعرەکانیش بابەتی سۆفیگەریی ئیسلامی و ئەڤین و دڵداری بوون. بەڵام لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا هەمان شێوەزار مشتوماڵ درا و، بە لەکارهێنانی زمان بۆ دەربڕینی چەمک و بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانی و سەربازی و کارگێڕییهکان، گۆڕانێکی بەرچاو بەسەر ئەو شێوەزارەی زمانی کوردیدا هات.
هەرچەنده نە تەمەنی کورتی کۆماری کوردستان پێڕاگەیشت و، نە هێشتا بەرهەمەکانی مۆدێرنیتێ، بەتایبەت لە بواری زانست و تەکنەلۆژییەوە، بە شێوەیەکی ئەوتۆ هاتبوونە نێو ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردەوە، بەڵام زمانی کوردی، توانیی بەپێی داخوازیی ئەو سەردەمە دەرگهی خۆی لەسەر چەمک و واتا سیاسی و کۆمەڵایەتییە باوەکانی ئەو سەردەمە بکاتەوە و مەودای دیدی جیهانبینیی مرۆڤی کورد بەرفراوانتر بکات. ڕاستییهكهی، کۆماری کوردستان ڕێیەکی وەهای خستە بەردەمی مرۆڤی کوردەوە، کە دوای ڕووخانی کۆماریش دەستبەرداری مافەکانی خۆی، بەتایبەتی مافە زمانییەکانی نەبێت. بۆیە لەگەڵ گەشەکردنی شۆڕشی کورد لە باشووری کوردستان و وەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی لە ساڵی ١٩٧٠دا و چەسپاندنی مافی خوێندن بە زمانی دایکی لەو بەشەی کوردستاندا و، دواتر پێکهاتنی ''کۆڕی زانیاریی کورد'' لە بەغدا، زمانی کوردی زیاتر کەوتە بەر ئەزموونی خوێندنەوەی مۆدێرن و، لە لایەن بەشی پەروەردەی کوردی و ''کۆڕی زانیاری''یەوە کۆمەڵێک هەوڵی ڕیشەیی و پێویست خرانە گەڕ بۆ گونجاندنی زمانی کوردی لەگەڵ بواری وەکوو کارگێڕی و ئیداری و، چەمکە مۆدێرنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژیربێژی و تاکوو ڕاددەیەک فەلسەفی و هزرییەکانیش. هەر لە سەردەمی ئەو هەوڵانەی ڕووناکبیران و نووسەران و، بەتایبەت وەرگێڕانی زمانی کوردییەوە، باسی کۆمەڵێک تەنگژە هاتە گۆڕێ، کە لەسەر ڕێی ئەزموونە نوێخوازییەکانی زمانی کوردیدا قوت بوونەوە.
حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان؛ بەرەنگاربوونەوەی ڕژدی زمانی کوردی لە هەمبەر مۆدێرنخوازیدا
نزیکەی چل و پێنج ساڵ دوای جوانەمەرگبوونی کۆمار، لە باشووری کوردستان جارێکی دیکە دەرفەتی سەربەخۆیی و دروستبوونی حکوومەتی کوردستان بۆ گەلی کورد ڕەخسایەوە. لە ماوەی ئەو چل و پێنج ساڵەدا سەرباری گەلێک ئازار و مەینەتی و قەڵاچۆکران و ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژکرانی گەلی کورد، کۆمەڵێک گۆڕانی قووڵ و بەرچاویش بەسەر پێکهاتە ماددی و واتایییەکانی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کورددا هاتبوون، کە ئەو گۆڕانانە زمانی کوردیشی نەبواردبوو. ڕێی گواستنەوە فەرهەنگییەکانی کورد لە سەرتاپای دنیابینی و بایەخ و نۆڕمەکانی دنیای نەریتییەوە بەرەو دنیای نوێ، پڕ بووە لە کەندولەندی سینەکێش و پڕئازار.
دووەمین کیانی سیاسیی کورد، یان بە واتایەکی ڕوونتر، دووەمین ئەزموونی سەربەخۆییی کورد لە ساڵی ١٩٩١ەوە هەتا ئێستایش، واتە نزیکەی چارەگە سەدەیەکە بەردەوامە و، بەپێی توانای خۆی هەوڵی باشیشی داوە بۆ دامەزراندنی دامەزراوەگەلی مۆدێرنی حکوومەت و ئاوەدانکردنەوەی وڵات بە بەکارهێنانی سەرچاوەكانی سەرمایە و تەکنەلۆژیی مۆدێرن.
یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکانی ئەو کیانە سیاسییەی لە باشووری کوردستان پەیدا بوو، چەسپاندنی دەستوورێکی فیدراڵی، وەکوو سیستهمی دەوڵەتداری لە عێراقدا بوو؛ لەوەیش گرینگتر بەفهرمیناساندنی زمانی کوردی، وەکوو دووەمین زمانی فهرمیی عێراق و، یەکەمین زمانی فهرمیی هەرێمی باشووری کوردستان.
بەفهرمیناسینی زمانی کوردی لە لایەن دەستووری عێراقەوە، ئەو ئەرکەی خستووەتە سەرشانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری سیاسیی هەرێمی باشووری کوردستان، کە سیاسەتێکی زمانی لە پەرلەمانی هەرێمدا پەسند بکات. کەچی هەتا ئێستا و لانی کەم نزیکەی دە ساڵ دوای پەسندکرانی دەستووری فیدراڵیی عێراق، سیستەمە سەربەخۆکەی کورد ئەو کارە گرینگەی نەکردووە، کە لە "نانی شەوێ پێویستترە" و، ئەمەیش گرینگترین هۆکاری سەرهەڵدانی تەنگژەیە لەسەر ڕێی زمانی کوردیدا.
حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان، لە سەردەمی لێشاوی گلۆبالیزەیشن و دنیاداگریی مۆدێرنخوازیدا دامەزرا. بەتایبەت بەشێکی بەرچاوی مرۆڤی کورد، کە لە سەردەمی ستەمەکانی ڕژێمی داگیرکەری بەعسدا ئاوارەی وڵاتانی ڕۆژاوا ببوون، لە وڵاتانی خێزگەی مۆدێرنیتێوە بە هۆشێکی مۆدێرنخوازەوە گەڕابوونەوە. سەرباری ئەوانە، کیانە سیاسییە تازە دامەزراوەکەی کورد، کە زمانی کارگێڕی و ئیداری و سەربازیی لە هەر دوو ئەزموونە ناکامەکەی کۆماری کوردستان و ئۆتۆنۆمییەکەی ساڵی ١٩٧٠وە بۆ مابووەوە، پێویستیی بە زمان لە بوارە جیاجیاکانی پەروەردە و ڕاهێنان و خوێندنی باڵا، ڕاگەیاندن و، بەتایبەت زانست و تەکنەلۆژیی مۆدێرندا هەبوو؛ کە دەبوو لەو بوارەدا پلانی زمانیی هەبێت و پڕۆژەی ڕێکخراو بخاتە گەڕ. کەچی تاکە پڕۆژەی ڕیکخراوی حکوومەت لەو بوارەدا بووژاندنەوەی کۆڕی زانیاریی کورد بە ناوی ''ئاکادیمیای زمانی کوردی'' بووە، کە ئەویش هەتا ئێستا، لە شێوەی دەزگهیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبدا کاری کردووە و، بێجگە لە پێشنیارکردنی نامیلکەیەک لەمەڕ ڕێنووسی کوردییەوە بە پیتی ئارامی، کارێکی ئەوتۆ، یان پلان و پڕۆژەیەکی ئەوتۆی لەمەڕ زمانی کوردییەوە نەبووە، یان گوشاری نەخستووەتە سەر حکوومەت کە هەوڵ بۆ داڕشتنی سیاسەتێکی زمانی بدات.
وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمەڕ بەشی زانستیی خوێندنەوە بەبێ پشتبەستن بە سیاسەتێکی زمانیی پەسندکراو، بڕیاریان داوە زانستەکان بە زمانی غەیرەکوردی، بەتایبەت بە زمانی ئینگلیزی بخوێندرێت و، باشترین قوتابخانە زانستییەکانی هەرێم لە باری چۆنیهتی (جۆری)یەوە، ئەو قوتابخانانەن کە کتێبە زانستییەکانیان بە زمانی ئینگلیزییە. بەشێک لە وڵاتان، بۆ نموونە وڵاتی پێشکەوتووی ژاپۆن، پەژراندوویانە کە بە هۆی لێشاو و خێراییی هاتنەئارای چەمک و زاراوە زانستی و تەکنەلۆژییەكانهوە، بەبێ ئەوەی زاراوەسازی بۆ ئەو چەمکانە بکرێت، وەکوو خۆیان لە زمانە داهێنەرەکەیانەوە وەربگیرێن و، لە زمانی ژاپۆنیدا جێگیر و پێناسە بکرێن؛ بەڵام کورد هەتا ئێستا لەو بوارەیشدا پلانێکی دیاری نییە.
لە دوای کۆماری کوردستانەوە، نووسەر و توێژەر و وەرگێڕی کورد لە بوارگەلی جیاجیادا، هەوڵی داوە بەشێک لە میراتی مۆدێرنخوازیی جیهانی، وهرگێڕدراونهته سەر زمانی کوردی. زۆربەی هەرە زۆری ئەو هەوڵانەی لە پێناو وشەسازی و زاراوەسازی و دۆزینەوەی شێوەی دەربڕینی چەمکە نوێیەکانی لێشاوی مۆدێرنخوازیدا دراون، بێجگە لەو کۆمەڵە زاراوەیەی کە بەپێی داخوازیی سەردەم، کۆڕی زانیاریی کورد لە بەغدا دای ڕشتوون، باقیی هەوڵەکان، تاکەکەسی بوونە و، وەرگێڕ یان پسپۆڕی بوارە جۆربەجۆرەکان بەپێی توانای کەسیی خۆیان، پێویستییە زمانییەکەی خۆیان لە باری وشەسازی و زاراوەسازییەوە دابین کردووە. کە ئەم هەوڵە تاکەکەسییانە گەلێک وشە و زاراوەی لێکجودای لەمەڕ چەمکەکانەوە لێ کەتووەتەوە و، خوێنەر تووشی سەرلێشێوای دەکەن و، لەوەیش خراپتر، بەشێک لەو وشەسازی و زاراوەسازییانە هەڵەن؛ نە لەسەر پێوانەی زمانی کوردی کراون و، نە ئەو کەسەی زاراوەسازییەکەیشی کردووە، پسپۆڕی بوارەکە بووە. ئەمە سەرباری ئەوەی کە لە ماوەی تەمەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، پێویستیی وەرگێڕانی چەمک و دەقە مۆدێرنەکان، بووەتە هۆی دامەزرانی گەلێک دەزگهی چاپ و پەخشی کتێب، کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ چەشنە مەترسییەکی وهرگێڕانی هەڵە، بەلێشاو کتێبی وهرگێڕدراو دەخەنە بازاڕەوە و هیچ دەزگهیەکی چاودێریش نییە، کە بەر بەو مەترسییە بگرێت.
ئەنجام
ڕاستییەکەی، زمانی کوردی لە هەمبەر لێشاوی مۆدێرنخوازیدا دوچاری تەنگژەیە و، ئەو تەنگژەیەیش بە لای کەسێکەوە زۆر ڕوون و دیارە و دەزانێت ئەم زمانە لە بەرەگەی چ مەترسی و تەنگژەیەکدایە، کە بەڕژدی و کەلکەلەی پێویستی زمانزانی و زمانناسییەوە سەروکاری لەگەڵ ئەم زمانە و وشەمایە و وشەدانەکەیدا هەبێت و، هەوڵ بدات دەقێکی ڕژد لە هەر بوارێکی پێوەندیدار بە کار و هەوڵی هزری و کردەکیی مۆدێرنەوە بنووسێت، یان لە زمانێک لە زمانەکانی مۆدێرنیتێوە وهری بگێڕێت. بەڵام ئاخۆ لە ئاستێکی نەتەوەییدا هەستمان بەو مەترسی و تەنگژەیە کردووە؟ یان دەسەڵاتی کوردی لە خۆی پرسیوە چۆنی درک بکات؟ یان قەت بیری لە چارهکردنی ئەو تەنگژەیە کردووەتەوە؟
پەڕاوێز و سەرچاوەکان:
1. http://science.sciencemag.org/content/suppl/2012/08/22/337.6097.957.DC1/Bouckaert.SM.pdf
2 . D. Atkinson
3 . میشل مالرب، زبانهای مردم جهان، ترجمەی عفت ملانظر، شرکت انتشارات علمی فرهنگی، تهران، ایران، ١٣٨٦.
٤. داریوش آشوری، زبان باز، پژوهشی دربارەی زبان و مدرنیت، نشر مرکز، تهران، ایران ١٣٨٧، چاپ دوم. ص ٨٩.
|