لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین باس لە بزووتنەوەی فێمینیزم لە هەرێمی کورستاندا بکەین لە نێوان خەباتکردن بۆ ڕزگارکردنی خاکی کوردستان و بەشداربوون لە چارەسەری کێشە نەتەوەیییەکان لەگەڵ کارکردن بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و گەڕاندنەی مافە زەوتکراوەکانی ژنان لە کۆمەڵگەدا، بەتایبەت لە دوای دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (١٩٩٢). ئەم نووسینە، پشت بە ڕەخنەیەکی شیکارانە دەبەستێت سەبارهت بە پەیوەندیی نێوان هەر دوو بابەتی فێمینیزم و نەتەوە لە هەرێمی کوردستاندا.
کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕووی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ژن و ڕوانین بۆ بابەتەکانیان، بە بەراورد لەگەڵ نەتەوە هاوسێیەکانی، ئاستێکی مامناوەندیی هەیە؛ ئەوەتا لە هەندێ شوێنی هەرێمی کوردستاندا پیاوی خێزاندار نازناوی ژنەکەی هەڵدەگرێت و پێی دەناسرێنەوە، پێچەوانەی کهلتووری هەندێک لە ناوچەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، کە ژن ناوی مێردەکەی، یان ناونیشانی خێزانی مێردەکەی هەڵدەگرێت. هەروەها لە بواری کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە، ژنان لە هەرێم هاوشانی پیاوان کاریان کردووە و جیاوازییە ڕەگەزییەکان زۆر زەقکراو نین، بەتایبەت لە ناوچە گوندنشینەکاندا لە ڕووی دابەشکاریی کارەوە و، لە ئێستایشدا لە دامودەزگهکاندا ڕێژەی فەرمانبەرانی ژن بە بەراورد بە پێشوو، لە بەرزبوونەوەدایە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم کۆمەڵگەیە بێبەش نییە لە ناهەقی و پێشێلکارییەکان دەرهەق بە ژنان، چونکە ئەم هەڵسوکەوت و تێڕوانینانە سەبارەت بە ژنان، لە هەموو ناوچەیەکی هەرێم وەک یەک نییە. دواتر، ڕۆژانە ئێمە گوێمان لە سووکایەتی و بەکەمزانینی ژنان و خۆکردن بە خاوەنیان لە لایەن پیاوانەوە دەبیستین. لەوانە، بێجگە لە ناڵەباریی دۆخی ژنان لە ڕووی هاوسەرگیری و ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، پەراوێزخستنی ژنان لە لایەنی سیاسییەوە دەبیندرێت، کە ئامادەیییەکی ڕاستەقینە لە لایەن دامودەزگه سیاسییەکان و سیستەمی سیاسیی هەرێمی کوردستان- عێراق بە ژنان نەدراوە؛ ئەمە پێویستیی بە کارکردنێکی زۆرە لە لایەن چالاکوانەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ بۆ هێنانەکایەوەی کەشێکی یەکسان و ئاشتییانە بۆ هەر دوو ڕەگەز لە بواری سیاسیدا.
دۆخی سیاسیی گەلی کورد و هەرێمی کوردستان ناسەقامگیرە و، کورد نەتەوەیەکی بێدەوڵەتن و، بەردەوام مللەتی کورد ئازاری نەبوونی دەوڵەتی چەشتووە و، کەوتۆتە ناو زۆڵم و زۆردارییەکانی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و کردەوە تیرۆریستییەکان و دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ و جیهان. ژنان لێرەدا کەتوونەتە بەردەم دوو ئامانجەوە: ئامانجی باشترکردنی دۆخی ژنان و گەڕاندنەوەی مافە زەوتکراوەکانیان و، لە هەمان کاتدا کارکردن بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیریی سیاسی و چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی کە لە ئێستادا ڕووی لە هەرێم کردووە؛ لە سەرووی هەموویشیانەوە بەدەستهێنانی سەربەخۆییی خاکی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لە باشووری کوردستان کە مافێکی ڕەوای ئەم خاک و نەتەوەیە. لێرەدا فێمینیزم زیاتر بەرەو ئاراستەی نەتەوەیییەوە دەڕوات، زیاتر لەوەی بەرەو ئاراستەکانی تری فێمینیزم بڕوات.
فێمینیزمی کوردی لە دوای دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان، گەشەی زیاتری بە خۆیەوە بینیوە. هەرچەندە لە ڕووی تیۆریی فێمینیستییەوە بە شێوەیەکی هێواش گەشە دەکات، بەڵام لە لایەنی کردارییەوە خێراتر دەڕواتە پێشەوە و هەنگاو دەنێت. ناکرێت فێمینیزم و ناسیۆنالیزم وەک دوو بەرەی دژبەیەک ببیندرێن. بە حوکمی خەباتی نەتەوەییی کوردستانی باشوور بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیییە ڕەواکانیان، لە لای زۆربەی فێمینیستەکانی هەرێمی کوردستانی- عێراق ئەم ئامانجە تێکەڵ بە خواستەکانیان بووە؛ بۆیە فێمینیزم لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەییدا گەشەی کردووە. هەرچەندە دەکرێت فێمینیستەکان بابەتی نەتەوەیی (ناسیۆنالیستی)، بە بابەتێکی داڕێژراوی دەستی پیاوان بزانن، بەڵام خەباتکردنی فێمینیستەکان لە پاڵ ئازادی و مافەکانی ژنانەوە بۆ پرسی نەتەوە، کارێکی نەهیلێکراو نییە؛ هەرچەندە ڕەخنەیشیان سەبارەت بەم بابەتە هەبێت.
ئاراستەی فێمینیزمی ناسیۆنال، پێی وایە پرسی ژن بهشێکە له پرۆژهی نهتهوایهتی؛ ژنان ناتوانن مافەکانیان بەدەست بهێنن و ئازاد بن تاوەکوو هەرێمی کوردستان، نەبێت بە دەوڵەت. هەروەک نووسەر و فێمینیستی سیریلانکیی بەناوبانگی کوماری جایاواردینا ((Kumari Jayawardena لە کتێبی فێمینیزم و ناسیۆنالیزم له وڵاتانی جیهانی سێیهمدا (Feminism and Nationalism in the Third World) لە ساڵی (١٩٨٦)، باس لەوە دەکات که خهبات بۆ ئازادیی گهل، له ئازادیی ژنان گرینگتره، چونکه به ڕای جایاواردینا خهبات بۆ ئازادیی ژنان، بهشێکی ههره گرینگ و جیانهکراوەیه له خهباتی گهلان بۆ ئازادی له دژی کۆلۆنیالیزم. بۆیە، جیاکردنەوەی فێمینیزم لە ناسیۆنالیزم لە کوردستان شتێکی ئەستەمە، چونکه ناسیونالیزمی گهلی کورد تێکەڵ بە ئامانجەکانی تاکەکان بووە، کە بزووتنەوەیەکی نەتەوەپەروەریی مرۆڤدۆستانەی گشتگیرە بۆ گەیشتن بە مافە سیاسی و کارگێڕی و کهلتوورییە ڕەواکانی، نەک نەتەوەپەرستییەکی ڕەگەزپەرستانە و شۆڤینیستانەی لە جۆری ناسۆنالیزمی نەتەوە-دابەشکەر و چەوسێنەر، کە لە پێناوی باڵادەستبوونی گەلێکی دیاریکراوی زۆرینەی وڵاتێک و بەزۆرتاواندنەوەی گەلانی دیکە و زەوتکردنی ماف و ئیرادەیان. بێجگە لە ڕوانگە ناسیۆنالیستەکانی تاکەکان سەبارەت بە بابەتی ژنان، ڕێکخراوەکانی ژنانی سەر بە حزبە سیاسییەکان، بەتایبەت حزبەکانی دەسەڵاتدار، بە شێوەیەکی سەرەکی، خۆیان لەم ئاراستەیەدا دەبیننەوە.
فێمینیستە کوردەکان، زۆر جار لەبەر خاتری سهرکهوتنی پرۆژهی دەوڵهتی نهتهوەییی کوردستان، ئامادەی هاوکاری و پاشهکشهن لە کاری فێمینیستییان و، بگرە لە داوا ڕەواکانی ژنان بەگشتی. هەتاوەکوو پرسی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی هەبێت، کە بە شێوەیەکی بەرچاو بە حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە گرێدراوە، ئەوا پرسی ژنان پرسێکی سەرەکی نییە، بەڵکوو ژن، دیسان دەکرێت بە ئامرازێک لە خزمەت دەسەڵات و حزبدا. ئەوەندەی کار لەسەر زیادکردنی ژمارەی ئەندامانی حزب و دووبارەکردنەوە و بەرزکردنەوەی دروشمی حزبی و نەتەوەیی دەکرێت، ئەوەندە باس لە ڕۆڵی ڕاستەقینەی ژن و کارکردن بۆ هێنانەناوەوەی ژنان بۆ ناوەندە سیاسی و حکوومییە گرینگەکان و پێگەیاندنی ژنان ناکرێت. بە هۆی بابەتی نەتەوەیییەوە، ژنان ئەوەندەی بەتەنگ بەرەنگاربوونەوەی باری نەتەوەیی بوونەتەوە، کە بە هۆی توندوتیژیی سیاسیی ڕژێمی عێراق و وڵاتانی دابەشکەری دیکەی کوردستان و کورد، واتە وڵاتانی دراوسێ و هێزە کاریگەرەکانی ناوچەکەوە ڕووبەڕوویان ببوونەوە، ئەوەندە بەتەنگ بەدیهێنانی داواکاریی ڕەگەزی، واتە مافی ژنانەوە نەبوون. لێرەدا، ژنان لە خەمی ئەوەدابوون چۆن بتوانن بژێوی ژیانی منداڵەکانیان، یان خوشک و براکانیان پەیدا بکەن و سەلامەتی و ئاسایشی خێزانەکەیان پارێزراو بێت؛ بەبێ بیرکردنەوە لە کارکردن بۆ کۆمەڵگەیەک کە کەوتۆتە ژێر سیستەم و باوەڕێکی پیاوسالارانە و باوکسالارییەوە.
وەک دەبیندرێ، چالاکوانە ژنەکان لە نێوان دوو بابەتدان: ناسیۆنالیستی و مافی ژنان. ئەوان دەیانەوێت شێوەیەک لە چالاکی و ئامانج دروست بکەن، کە هەر دوو ڕووی کارکردن بۆ نەتەوەپەرستیی ئیجابی و، هەم کارکردن بۆ مافەکانی ژنانی هەبێت. کەواتە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی، بزووتنەوەی ژنانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و، نەیهێشتووە بکەوێتە چوارچێوەی خواستەکانی خۆی و، هەوڵەکانی لە بەرژێوەندیی ژنان و ئامانجەکانی فێمینیستیدا بەکار بهێنێت. لێرەدا بۆ ژنان هەمیشە، ئازادیی نەتەوە لەپێش ئازادیی ژنانەوە بووە؛ چونکە ئازادیی نەتەوەیییان بە گرینگتر و پێویستتر زانیوە. هەرچەندە ناسیۆنالیزم (لە دەوڵەتانی جیهانی سێیەم-تازەپێگەیشتوو)، وەک یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی بزووتنەوەی فێمینیستی دەبیندرێت، بەڵام لێرەدا خاڵێکی گرینگ هەیە کە جێگەی ئاماژەپێدانە، هەروەک شەهرەزاد مۆجابیش لە کتێبی Women Of A Non-State Nation (The Kurds) ئاماژەی پێ دەکات، کە: چوونەپاڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی لە کوردستان، ئاسانکاریی بۆ ژنان کرد تاوەکوو لە پاڵ ئەم کارەدا خۆیان ببیننەوە و، هەنگاوێکی تر بنێن لە هاتنەدەرەوەی ژنان لە ماڵ و ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی تری جیاواز لە ئەرکی دایکایەتی و بەخێوکردنی منداڵ و، بەرزڕاگرتنی ڕۆڵی ژنان لە خەبات و سیاسەتدا و، نیشاندانی گرنگیی بوونی ئەوان لەناو سیستەمی گشتیی کۆمەڵگەدا.
کەواتە لەگەڵ ئەوەی ژنان، بوونەتە قوربانیی دەستی سیاسەتی پیاوسالاری و نەتەوەپەرستیی نەتەوە سەردەستەکان و نەتەوەپەروەریی گەلانی ژێردەست، بەڵام ناسیۆنالیزمی کوردیش یەکێكە لە هۆکارەکانی بەردەم ئازادبوونی ژنان و برەودان بە بزووتنەوەی فێمینیستی؛ چونکە ئامانجی سەرەکیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەییی کوردی، ڕزگاركردنی هەموو دانیشتووانی کوردستانە لە گشت جۆرەکانی چەوساندنەوە. کەواتە فێمینیزم وەک هەموو بزووتنەوەکانی دی، لەپاڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەییی کوردی، سەری هەڵداوە.
"تشاندرا مۆهانتی" لە پێشەکیی کتێبی "ژنانی جیهانی سێیەم و سیاسەتی فێمینیزم _(Third World Women and The Politics of Feminism)" ئاماژە بەوە دەکات کە مێژووی کار و چالاکی و پەیوەندیی ژنانی جیهانی سێیەم لەگەڵ فێمینیزم کورتە و، ئیستیعمارکردنی جیهانی سێیەمیش هۆکار بووە تاوەکوو ژنان هەست بە نامۆیی و دوورەپەرێزی بکەن لەگەڵ فێمینیزم؛ چونکە ئەوان سەرقاڵی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی ببوون، نەوەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ڕەگەزی ژن. کەواتە فێمینیزمی نەتەوەیی، یان ناسیۆنالیستی، دەبێت خۆی لە مەترسییەکانی نەتەوەپەرستییەکی پیاوسالارانە لا بدات، کە دەیەوێ لەژێر پرسی نەتەوەیییەوە پرسی ژنان پشتگوێ بخات و، لە هەمان کاتدا شتێکی ڕەوایە لە پاڵ کارکردن بۆ ژنان، کار بۆ پرسی نەتەوەییش بکرێت لە لایەن فێمینیستەکانەوە.
هەرچەندە فێمینیستە ناسیۆنالیستەکان، خۆیان بەشێکن لە فیکری لیبڕاڵی، چونکە لە بنەڕەتدا خواستی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی، بڕوایەکی لیبڕاڵییە و یەکێکە لە بنەماکانی لیبڕاڵیزم، کە کڕۆکەکەی ئازادییە. وا دەردەکەوێت کەوا لایەنگرانی ئاراستەی ناسیۆنالیستی، ئێستا دەیانەوێت لە وابەستەیی بە حزبە سیاسییەکان و پرسی ناسیۆنالیزم (بۆ زانین ناسیۆنالیزم دوو لایەنی هەیە، هەروەک لە سەرەوە ڕوونم کردووەتەوە: لایەنی نێگەتیڤ، واتە نەتەوەپەرستیی گەلانی دەسەڵاتدار لە وڵاتانی سەربەخۆ و، لایەنی پۆزەتیڤ، واتە نهتەوەپەروەریی گەلانی ژێردەست و نیشتمانداگیرکراو) دەربچن و، بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار بکەن و، لەم بارەیەوە بەرەو ئاراستەی لیبڕاڵی هەنگاو بنێن.