جیاوازی، یان ڕێژە بۆ فێمینیستەکان

شەهلا ساڵح/ ماستەر لە زانستە سیاسییەکان دەربارەی فێمینیزم

فێمینیستەکان بە شێوەیەکی گشتی، کۆکن لەسەر ئەوەی جیاوازیی ڕەگەزی بریتییە لە جیاوازییە بایەلۆژییەکان، بەڵام ئەگەر وردتر لە بابەتەکە بڕوانین، دەبینین ڕەوتەکانی فێمینیزم هەر یەکەیان مانایەکی تریش دەدەنە پاڵ ئەم ناساندنە، کە لەگەڵ ئایدیۆلۆژییه‌کانی ئەوان دێتەوە، لەوانە جیاوازی تەنیا سروشتی نییە بەڵکوو کۆمەڵایەتی و که‌لتووری و فەرهەنگییشه‌ و، جیاوازیی ڕەگەزی بە مانای جیاوازیی ڕەهای ژن و پیاو نایه‌ت بەڵکوو جیاوازیی هەر دوو ڕەگەزە لەسەر بنەمای یەکساننەبوونیان لە هەندێ بابەتدا.

کارکردنی فێمینیستەکان لەسەر ئەم بابەتە، لەگەڵ  دوو بابەتی تردا ڕووبەڕوومان دەکاتەوە، کە ئەوانیش بریتین لەوەی ئایا فێمینیستەکان لە کار و چالاکی و هزرەکانیاندا، کار بە کام لەم پێوەرانە دەکەن؟

  • زیادکردنی ڕێژەی ژنان لەو ناوەندانەی کە پێیان وایە ئامادەیییان تێدا نییە و ژمارەیەکی کەمی ژنی لێیە، بەبێ گوێدانە خواست و ویستی گشتیی ژنان سەبارەت بەوەی کە حەزی بەشدارییان لەو بوارانەدا هەبێت.
  • کارکردن بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە بەها و جیهانبینیی ژنانە و، خوێندنەوەی دیاردە و ڕووداوەکان لە ڕوانگەیەکی ژنانەوە. ئەمانە هێندەی گرینگی بەوە دەدەن لێهاتوویی و ئەزموون و ڕەفتاری ژنانە بخەنە گەڕ، هێندە گرینگی بە زیادکردنی ڕێژەی ژنان نادەن.

کەواتە لێرەدا ڕێژە بە واتای زەقکردنەوەی جیاوازییەکانە و ڕەهاکردنی ڕەگەزیەتی و، پێوەریش بۆ ئەمە ئەندازەی ئامادەییی ڕەگەزی ژنانە لە گشت بوارەکان؛ بەپێچەوانەی جیاوازی، کە پێوەریان بریتییە لە ژنانەییبوونی جیهان بەگشت بوونێکییەوە و پشتبەستن بە ژنییەتی لەسەر بنەمای گونجاوی و سروشتیانەوە. کارکردنی فێمینیستەکان بۆ ڕێژە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتانەی کە چالاکوانان و فێمینیستەکان و هزرمەندان باوەڕیان وا بووە، ژن و پیاو دوو ڕەگەزی جیانەکراوەن و سەر بە هەمان گرووپی مرۆڤایەتین؛ کۆمەڵگە و ئایین و داب و نەریت و سیستەمی پیاوسالاری و سیستەمی سیاسی و چەندان هۆکاری تر دەستیان لە دروستکردنی ئەم جیاوازییانەدا هەیە. بۆیە ئەمانە پێیان وایە ژن و پیاو یەکسانن و، دەبێت ئەم یەکسانییەیش لە گشت بوارەکانی ماددی و مەعنەوی بەرجەستە بکرێت. ئەمە خواستی ڕێژەیە، نەک جیاوازی.

بە گەڕانەوە بۆ مێژووی دەوروبەری ساڵانی (١٥٠٠)ی زاینیی لە فەڕەنسا، بە گەڕانەوە بۆ ئەنجامدانی بەرنامەی Querelle Des Femme بە واتای پرسی ژن (The Woman Question) کە لە شێوەی زنجیرە گفتوگۆیەکی کراوە بوو، سەبارەت بە باسکردنی سروشت و دۆخی ژن و نیشاندانی وێنای ژن، بەتایبەت لە ئەدەبدا و، لە دەوری باسکردنی پەروەردە و هەڵسوکەوتی ڕەوشتی ژن دەسووڕایەوە؛ زۆربەی گفتوگۆکانیش لەسەر بنەمای شیکردنەوەکانی ئینجیلەوە بوو. لەوانە جێین ئەنگەر (Jane Anger)، لە ڕێگەی شیکردنەوەیەکی ئایینییانەوە، ژنانی بە سەرووتر لە پیاوان بینیوە؛ بە حوکمی ئەوەی خوا "ئادەم"ی لە قوڕ و، "حەوا"یشی لە گۆشت یان ئادەمەوە دروست کردووە. لێرەدا لە شەپۆلی یەکەم، پێداگیری لەسەر جیاوازی کراوە و، فێمینیستەکان لە ڕێگەی نیشاندانی جیاوازیی هەر دوو ڕەگەز، ویستوویانە بێنەوە بۆ مەیدان و، گرینگی و ڕۆڵی خۆیان بەدەست بهێننەوە. بە واتای ئەوەی فێمینیستەکانی شەپۆلی یەکەم، بە شێوەیەکی سەرەکی ئامانجیان تەنیا ئەوە نەبووە لە گشت بوارێکدا وەکیەکیی ژن و پیاو لە ڕووی ئامادەیییانه‌وه‌ هەمان ڕێژە بوونی هەبێت، بەڵکوو سەرەتا دەیانویست بەهای ژنان و گرینگییان نیشان بدەن و، خواستی بەشداری لە پرۆسە سیاسی و کۆمەڵایه‌تی و ئابووری و که‌لتوورییەکان و مافی ژنان داواکاریی سەرەکییان بوو.

لە کاتێکدا لە شەست و حەفتاکانی سەدەی بیستەم، بە هۆی دروستبوونی ڕەوتە ڕادیکاڵییەکان، فێمینیستەکان پێداگیرییان لەسەر ڕێژە کرد. بەو مانایەی کە دەبێت ڕێژەی بەشداریی ژن و پیاوان وەک یەک بێت و، پشکی ئەوان لە گشت بوارەکان وەک یەکی لێ بکرێت، بەبێ گەڕانەوە بۆ پێوەری شیاوی و گونجاوی بۆ دۆخ و سروشتی ژن. هەروەک لە زۆربەی وڵاتەکاندا لە بواری سەربازی بە شێوەیەکی یەکسان دەرفەت بە ژن و پیاو دراوە، بەڵام بە هۆی بوونی ماڵ و منداڵ و سروشتی لاشەیان، زۆرینەی ژنان نەیانتوانیوە بە پۆست و پلە باڵاکانی سەربازی بگەن. لێرەدا ئەم دۆخە پشتی بە ڕێژە بەستووە، نەوەک جیاوازی.

لە سەردەمی پۆستمۆدێرندا بە هۆی میانڕەوتربوونی ڕەوتە فێمینیستییەکان و دروستبوونی فێمینیزمی ئیسلامی، فێمینیزمی پۆستمۆدێرن و...، جۆرێک لە گەڕانەوە بەرەو جیاوازی دەستی پێ کرد؛ بە واتای ئەوەی تێڕوانین و بیرکردنەوەکان چیتر بەو شێوەیە ڕها نین کە پێیان وایە بە هیچ شێوەیەک جیاوازیی سروشتی کاریگەریی لەسەر جیاکاریی ڕەگەزی نییە، تا بە هۆیەوە داوای یەکسانیی تەواوەتی بۆ هەر دوو ڕەگەز بکەن، بەڵکوو لە ڕێگەی سروشتی ئافراندن و هەڵکەوتەی جوگرافی و که‌لتووری و ئایینییەوە ئەم یەکسانییە دابڕێژرێت و، تا ڕاددەیەک ڕێژەی وجوود و ئامادەییی ژنان لەسەر بنەمای ئەم جیاوازییانەوە بێت. بەو مانایەی ئەرک و مافەکانی ژن و پیاو لەسەر بنەمای گونجاوییان بێت. بۆ نموونە دەتوانین بڵێین لەناو شەپۆلی سێیەمدا ژنێک دەتوانێت هەم فێمینیست بێت و هەمیش کاری ماڵەوە و ئاژەڵداری بکات و منداڵ بەخێو بکات، لە هەمان کاتیشدا ژنێکی گوێڕایەڵ و هاوکار بێت بۆ مێردەکەی و، مومارەسەی ئەو مافانەیش بکات کە ئەو دەکات بە تاکێکی سەربەخۆ و ئازاد لە زۆر بوارەوە، وەک: کارکردن لە دەرەوەی ماڵ، بوونی ئابوورییەکی سەربەخۆ، سەربەستبوون لە بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی هاوسەر، بواری خوێندن، بەشداریی سیاسی، دەربڕینی بیروباوەڕی کەسی و شێوازی پۆشینی جلوبەرگ.

نموونەیەکی ترمان هەیە کە لە زۆربەی وڵاتە ئیسلامییه‌کاندا هەیە، ئەویش ژنان لەگەڵ ئەوەی لەچک (ڕەفتە)یان لەسەرە و خۆیان دادەپۆشن، بەڵام فێمینیستیشن، وەک: مالالا یوسفزای پاکستانی.

لە هەرێمی کوردستان لە دوای نەوەدەکانەوە لەگەڵ گەشەسەندنی بابەتی فێمینیزم، جۆرێک لە سەرلێشێواوی بەم قۆناغەوە دیارە؛ ئەمەیش بە هۆی بڵاوبوونەوە و گەشەسەندنی بابەتەکەیە بە شێوەیەکی ناتیۆری و نازانستییەوە. وتار و گوفتارەکان تا ڕاددەیەک سەلمێندراو نین کە ئایا لە خزمەتی ژن و دواتر مرۆڤدایە، یان تەنیا خواست و تێگەیشتنی تاکەکانە؟ ئەوەندەی فێمینیزمی کوردی بەرەو ڕادیکاڵییەت دەبردرێت، ئەوەندە بەرەو میانڕەوکردنی نابردرێت بە ئاراستەی لێکجیاکردنەوەی هەر دوو ڕەگەز و تایبەتمەندکردنی؛ بە ڕاددەیەک کە خواستی خودپەرستی و تاکژیانی لەناو تاکەکان بڵاو دەکاتەوە.

لێرەدا زیاتر خواست لەسەر ڕێژەیە نەوەک جیاوازی. بە نموونە بەزۆر دەمانەوێت لە هەندێ بواردا بەشداری بە ژنان بکەین، کە لە بنەڕەتدا خۆی حەزی لێ نییە. لە ماڵەوە بە ناوی سەربەخۆییی ماددی و کارکردن، ژن دەهێندرێتەوە دەرەوە، کەچی هیچ ئاسانکاری و هەڵبژاردەیەکی باشتری بۆ دابین نەکراوە کە دووبارە لە ماڵەوەیش خەریکی کارکردن نەبێت. ئەو ژنانەی یەک شیفت، یان دەم لە ڕۆژێکدا کار دەکەن پشووی زیاتریان هەیە و، تەندروستترن لەوانەی لە ڕۆژێکدا هەم ئیشی فەرمانگەکەیان و هەم ئیشی ماڵەکەیان دەکه‌ن.

تەنانەت لەو کاتانەیش کە دەمانەوێت ڕێژەی ژن و پیاو وەک یەکی لێ بێت، بەبێ ئامادەنەکردن و کارئاسانینه‌كردن بۆیان، بۆ وێنە لە بواری سیاسی،  چ لە پەرلەمان یان لە ئەنجومەن و لیژنەکان یاخود پۆست و پلەی بڕیاردەر و سلکی حکوومەت بێت، دەبێتە هۆی ئەوەی خاوەنی بڕیار نه‌بن و ئامادەیییەکی ڕاستەقینە و کاریگەریان نەبێت؛ ڕوخساری ئەوان ناشیرینتر دەبێت و نوێنەراتیکردنی ژنان بە ڕەنگ و دەنگێکی ژنانەوە نیشان نادات، کە دەبێت کار بكه‌ن بۆ بەگەڕخستنی سروشتی ژنانە و بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی ژنانە نواندن بە ئامانجی سوودی زیاتر و تاقیکردنەوەی ڕێگەچارەیەکی جیاوازتر بۆ هەمووان.

کەواتە وا باشترە، فێمینیستە کوردەکان کار بۆ زیادکردنی ژمارەی ژنان لە هەر بوار و ناوەندێکدا نەکەن، ئەگەر هات و پێوەری جیاوازی لەبەرچاو نەگرن، چونکە هەم ڕێژە و هەم جیاوازی، دوو شتن تەواوکەری کامڵبوونی ئامادەیی و لێهاتووییی ژنانە لە گشت بوارەکاندا؛ وا دەکات خواست و کارکردن و تێڕوانینەکانی ژنان بۆ دیاردەکان بەگوێرەی سروشتی ئەوان بێت و هەوڵقووڵاوی ناخێکی ژنانە و داواکاریی ڕاستەقینە و چێژبەخش بێت بۆ ئەوان، نەوەک لاسایییەکی کوێرانە کە بە ناوی ماف و ئازادییەوە دەرخواردی تاک دەدرێت و ئامانجی خۆشگوزەرانی و ئاسوودەییی ژنانیش وەک ئەولەوییەتی سەرەکی، وەلاوە بنرێت. لە هەمان کاتیشدا، دەبێت ئامادەییی ژنان لە گشت بوارەکان جەوهەری بێت نەوەک ڕوخسارەکی. چەندان ژنمان هەیە، ئەو شێوە ئامادەکراوەی ژنانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی لە ڕووی ڕوخسار و دەرکەوتنەوە وەردەگرێت، بەبێ ئەوەی ناوەڕۆکی بابەتەکە کە لێهاتوویی و کارزانی و بەرزیی ئاستی ڕۆشنبیری و مەعریفییە وەربگرێت و، خودی خۆی وەک کەسایەتییەکی ئاستبەرز پێ بگەیەنێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples