لەنێو توخمە سەرەكییەكانی پێكهێنانی نەتەوەدا، زمان یەكێكە لە توخمە هەرە گرینگەكان. ئەگەرچی ئەم فاكتەرە، ڕەنگە لە وڵات و میللەتێكەوە بۆ وڵات و میللەتێكی دیكە جیاواز بێ، بەڵام لە هیچ حاڵەتێكدا گرینگییەكەی خۆی لەدەست نادا و وەك توخمێكی سەرەكی پەراوێز ناخرێ. بۆ پێناسەكردنی نەتەوە، كۆمەڵێك توخمی وەك خاكی هاوبەش، مێژووی هاوبەش، كهلتووری هاوبەش و زمانی هاوبەشیان كردووەتە بنەما. لە هەندێ پێناسەی دیكەدا یادەوەریی هاوبەشیش هەیە كە ئەم یادەوەرییە بەشێكە لە مێژوو، بەڵام ڕەنگە میللەتێك مێژووی هاوبەشی نەبێ، یان هەموو قۆناغ و بڕگەكانی مێژووی پێكەوە نەبووبێ، كەچی خاڵێكی هاوبەشی یادەوەریی هەیە كە پێكەوە كۆیان دەكاتەوە.
بۆ میللەتێكی لێكدابڕاوی پەرتەوازەی وەك كورد، كە بەسەر چوار دەوڵەتی ناوچەكەدا دابەش كراوە و، نەیانهێشتووە قۆناغە مێژوویییەكان پێكەوە پەیوەست بن و لە پێنج سەد ساڵی ڕابردوودا، واتە لە دوای چاڵدێرانەوە، ئەو دابڕانەیان جار بە جار قووڵتر كردووەتەوە، وردەوردە كهلتووری بەشە جیاجیاكانی كوردستان لێك دوور كەوتووەتەوە و هەر بەشەی كوردستان كەوتووەتە ژێر هێژموونیی كهلتووری ئەو نەتەوە باڵادەستەی بەسەریدا زاڵ بووە و داگیری كردووە و چەوساندوویەتەوە و هەوڵی تواندنەوە و لەناوبردنی داوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا لەنێو ئەو كهلتوورە ئاسمیلەكراوەیشدا هێشتا كۆمەڵێك خاڵی هاوبەشی زۆر بەهێز هەن كە پێكمانەوە گرێ دەداتەوە. بەو حاڵەیشەوە ئێمەی كورد، دەبێ كهلتوور وەك توخمێكی سەرەكی لە پێناسەكانی میللەت بەلاوە بنێین، یان هەر نەبێ مخابن لەو سۆنگەیەوە كە باسم كرد، كهلتوورەكەمان شێوێنراوە و ناتوانین وەك خاڵی هاوبەشی هەر چوار پارچەكە، یان لانی كەم دوو پارچە زۆر پشتی پێ ببەستین. ئەگەرچی لە كهلتووردا بەشی ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان خاڵە هاوبەشەكانیان زۆر زۆر و پتەوترن لەچاو بەشەكانی دیكە.
با بێینەوە سەر خاك
هیچ كوردێك گومانی لە یەكبوونی خاكی كوردستانی گەورە نییە. هەموو كوردێكی نیشتمانپەروەر و چاوكراوە بە باوەڕەوە دەڵێ: كوردستان یەك خاكە و بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش كراوە، بەبێ ئەوەی پرس بە میللەتەكەمان بكرێ. ئیتر ئەمە نە خەیاڵی شاعیرانەیە و نە وەهمی خەیاڵگەرانە، بەڵكوو واقعێكە و هەموومان دەیزانین، بەڵام مەسەلەی سەریەكخستنەوەی ئەم خاكە لەتلەتكراوە، باسێكی دیكەیە و لێرەدا دەرفەتی ئەوەمان نییە لێی ورد بینەوە و خۆی پێویستیی بە كۆمەڵێك وتار و كتێبی بابەتییانەیە...
كەوابوو ئەم میللەتە یەكێك لە توخمە بنەڕەتی و زۆر سەرەكییەكانی خۆی هەیە، كە ئەویش خاك و نیشتمانێكە بە ناوی كوردستان. هەر ئەو خاك و نیشتمانەی لە خەیاڵ و عیشق و شیعر و نووسینەكانماندا پێناسەی دەكەینەوە و سنوورە جوگرافییەكانیمان لێوە دیارە و، سەدەیەكە لە پێناو ڕزگاركردنیدا خەبات دەكەین و، هیچ پارچەیەكی كوردستان نییە دەریایەك خوێنی لە پێناویدا دانەنابێ.
مێژوو
مێژووی هاوبەشیش توخمێكی گرینگی دیكەی نەتەوەبوونمانە؛ ئەو توخمەی كە دەكرێ پاش مەسەلەی خاك، زۆری لەسەر پێداگر بین. ئاخر میللەتی وا هەیە، لەنێو توخمەكانی پێكهێنانی نەتەوەدا نە زمانیان هاوبەشە و نە كهلتووریان، بەڵكوو تەنیا خاك و مێژوویەكی هاوبەشیان هەیە. نموونەی ئەو وڵاتانە "سویسرا"یە، كە چوار زمانی ئەڵمانی و فەڕەنسی و ئیتاڵی و ڕۆمانش (Romansh) لەو وڵاتەدا قسەی پێ دەكرێ و، هاووڵاتییەكی سویسری دەبێ بەسەر هەر چوار زمانەكەدا، یان ههر نهبێ بەسەر دوو زمانیاندا زاڵ بێ. لەگەڵ ئەوەیشدا كهلتووری سویسرا كهلتوورێكی یەكدەست نییە بەڵكوو پێك هاتووە لە كۆمەڵێك كهلتوور و، تا ئێستا كۆمەڵناسان نەیانتوانیوە پێناسەیەكی هاوبەش و یەكگرتووانە لە كهلتووری ئەو وڵاتە بخەنە ڕوو. كەوابوو میللەتی سویسرا دوو توخمی سەرەكیی پێناسە و پێكهاتنی نەتەوەی نییە، بەڵام نەتەوەیەكە و ئەندامی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و یۆنسكۆیە. بۆ؟ چونكە خەڵكی ئەم وڵاتە لەسەر دوو توخمی دیكە ڕێك كەوتوون و پاڵیان بەو دوو توخمەی دیكەوە داوە ئەویش: "مێژووی هاوبەش (یان هەر نەبێ یادەوەریی هاوبەشی مێژوویی) و خاكی هاوبەش"؛ ئیدی هەموو تاكێكی نێو سویسرا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بە كام یەك لەو چوار زمانە قسە دەكا، بەڵام بڕوای بەوەیە ئەم چوارچێوە جوگرافییە، خاكی خۆیەتی و ئەو مێژووەیش مێژووی خۆیەتی. ئیتر ئەڵمانیزمانێكی سویسری، خۆی بە خەڵكی فرانكفۆرت نازانێ. ئەوە لە داهاتووی كوردستاندا كە بووینە دەوڵەت، بۆ ئێمەیش دەلوێ، چونكە ئێمەیش لە دەوڵەتی كوردستاندا بە ڕەچاوكردنی یەكسانی و دادپەروەری، كارێكی وەها دەكەین هیچ توركمان و عەرەب و فارس و ئازەرییەكی ناو دەوڵەتی كوردستان، خۆی بە بێگانە نەزانێ بەڵكوو خاك و مێژووی پێكەوەبوونمان بكاتە پێوەری هاونیشتمانیبوون؛ ئەگەرچی بۆ دروستكردنی ئەم عەقڵییەت و بیركردنەوەیە، كاتێكی زۆری دەوێ.
یادەوەریی هاوبەشی مێژوویی
یادەوەریی هاوبەشی مێژوویی، بە خوێندنەوەی خۆم بریتییە لە خاڵێكی وەرچەرخانی مێژوویی، یان وێستگەیەكی مێژوو كە تێیدا میللەتێك، یان دانیشتووانی نێو چوارچێوەیەكی جوگرافی، پێكەوە تۆماری دەكەن و وەك شانازییەكی مێژوویی دەیكەنە بەردی بناغەی خەون و هیواكانیان.
لە مێژووی كورددا ئەگەرچی هەمیشە بەشەكانی كوردستان هەمیشە پشتیوانی شۆڕش و ڕاپەڕینی بەشەكانی دیكەی كوردستان بوون، بەڵام دەگمەن وا هەبووە شۆڕشێك لە بەشێكی كوردستان هەڵاییسابێ و هەر چوار پارچەكە وێكڕا تێیدا بەشدار بووبێتن. هەڵبەت پێوەندیی نێوان شەهید "سمایل ئاغای سمكۆ" و "شێخ مەحموودی حەفید" و پشتیوانیی بەشێك لە خەڵكی باشوور و ڕۆژهەڵات لە شۆڕشی "شێخ سەعید" و شۆڕشە مەزنەكەی ئاگری داغ، هەموویان دەكرێ وەك یادەوەرییەكی هاوبەشی مێژوویی باسیان بكرێ و شانازییان پێوە بكەین، بەڵام لووتكەی ئەم یادەوەرییە هاوبەشەمان، دامەزرانی "كۆماری كوردستان"ە لە "مەهاباد" كە تێیدا "پێشەوا قازی" دەبێتە سەرۆككۆماری كوردستان و لە بەشە جیاجیاكانی كوردستانیش خەڵكێكی بەرچاو تێیدا بەشدار دەبن؛ كە بەشدارییە هەرە بەرچاوەكەیان هاتنی "بارزانییەكان" و پشتیوانیی پاڵەوانانە و بەوەج و بەرچاوی ئەوانە لە كۆمارەكەی خۆیان. ئاخر بە وردبوونەوە لە بەرگرییەكەی پێشەوا قازی، زۆر شتمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. وەختێك یەكێك لە خاڵەكانی تۆمەتباركردنی پێشەوا دەخوێنرێتەوە و پێی دەڵێن تۆ هێزی دەرەكیت هێناوەتەوە نێو وڵاتی ئێرانەوە، بە شایەتیی ئەو ئەفسەرە فارسەی كە یەكێك بووە لە ئەندامانی دادگه سەحرایییەكە، پێشەوا قازی دەڵێ: "من نە ڕووسەكانم هێناوەتە نێو ئێرانەوە و نە ئینگلیز و ئەمریكایش. ئێوە باسی كام هێزی دەرەكی دەكەن؟"
ئەوانیش دەڵێن: "بارزانییەكان..."
پێشەوا لە وەڵامدا دەڵێ: "بارزانییەكان بیانی و بێگانە نین. ئەوان هاوزمان و خوشك و برای ئێمە و خاوەنی ئەم خاكەن. ئێرە ماڵی خۆیانە و ئەوان لە باوەشێكی دایكیانەوە هاتوونەتە باوەشەكەی دیكەی..."
لێرەوە، كۆمار دەبێتە یادەوەریی هاوبەشی مێژووی میللەتێك. بەتایبەتیتر، بە دیزاینی ئاڵای كوردستان و دانانی سروودی "ئەی ڕەقیب" وەك سروودی نەتەوەیی و نیشتمانیی كورد كە ئێستایش لە هەر چوار پارچەی كوردستان، بووەتە هەوێنی بەرخودان و خەبات، ئەو یادەوەرییە مێژوویییە پتەوتر دەبێت؛ كە بەدڵنیایییەوە ئەگەر كۆماری كوردستانمان نەبوایە، ئەو دەستكەوتانەی ئێستا كورد هەیەتی، لەوانەبوو چل ساڵی دیكەیش پێیان نەگات. چونكە لەوێوە كورد خەونی دەوڵەتشار و دەوڵەت-نەتەوەی بۆ دروست بوو. ئیتر لەو ساتەوەختەوە كە كۆمارەكەی دەڕووخێ، بەتین و گوڕتر لە جاران هەوڵی وەدیهێنانەوەی ئەو خەونە دەدات و لە پێناو دامەزراندنەوەی كۆمارێكی مەزنتردا لە خوێن و قوربانیدا نەپرینگاوەتەوە و، شۆڕشگێڕی كورد بەدەم خوێندنەوەی سروودی ئەی ڕەقیبەوە چووەتە پای سێدارە. كەوابوو كۆماری كوردستان خاڵێكی بەهێزی ئێمەیە كە وەك یادەوەریی هاوبەشی مێژوویی پێی لەسەر دادەگرینەوە كە دەتوانین بیكەینە بنەمای یەكبوون و یەكهەڵوێستیمان لە پێناو پێناسەكردنی نەتەوەدا؛ چونكە ئیتر ئەم پارامێترە لە خوێندنەوە و تیۆرییەكانی پێناسەكردنی نەتەوەدا تاریف كراوە.
زمان
زمانی كوردی، یەكێكی دیكەیە لە توخمە بنەڕەتییەكان. بەڵام نابێ بپرینگێینەوە لەوەی كە بڵێین زمانی كوردی كۆڵەكەی نەتەوەكەیە. تەنانەت هەبوونی خاك و مێژوو و كهلتووری هاوبەشیشمان بەبێ هەبوونی زمان، نەیاندەتوانی ببنە پێناسەی كوردبوونمان. ئێمە ئەگەر زمانەكەمان نەمێنێ و بە زمانێكی دیكە قسە بكەین، بەڵام خاك و كهلتوور و مێژوویەكی هاوبەشیشمان هەبێ، ڕەنگە بە خۆمان بڵێین نەتەوە، بەڵام ئیتر نەتەوەیەك دەبین جیا لە كورد. نەتەوەیەك دەبین لەسەر ناسنامەی ئەو زمانەی كە پێی دەئاخڤین، جا هەر زمانێكی دیكە بێت. بۆ؟ چونكە كورد بە نیشتمانەكەیشییەوە لەو نەتەوانەیە كە هەم خۆی و هەم نیشتمانەكەیشی بە زمانەكەی پێناسە كراوە. ئێستا ئەمریكا بە ئینگلیزی قسە دەكەن و كەنەدایش چەند زمانێكی جیاجیای تێدایە، ئەگەرچی ئینگلیزی زمانی زاڵ و سەرەكییە بەڵام هاوشانی ئەو، زمانی فەڕەنسیش قسەی پێ دەكرێ. كەچی خەڵكی كەنەدا بە زمانەكەیان پێناسە ناكرێن و ناوی وڵاتەكەیشیان لەسەر زمانەكەیان نییە. ناوی ئێران هیچ پێوەندییەكی بە زمانی خەڵكی نێو چوارچێوەی ئێرانەوە نییە و ئەوان بۆ پێناسەی میللەتبوونی خۆیان پاڵ بە زمانی هاوبەشەوە نادەن، بەڵكوو دەگەڕێنەوە بۆ خاكی هاوبەش و مێژووی هاوبەش و كهلتووری هاوبەش. سویسرایش كە پێشتر باسمان كرد هەروەتر. بەڵام ناوی كورد و كوردستان بە زمانەكەوە بەستراوەتەوە. با نموونەیەكی دیكە بێنینەوە:
فەڵەستینییەكان كە بوونە موسڵمان و لە سێبەری ئیسلامدا وازیان لە زمانی عیبری هێنا، ئێستا ناسنامەیەكی دیكەیان هەیە. ئیتر ئێستا ئێمە ئەوان وەك بەشێك لە نەتەوەی عەرەب دەناسین. قیبتییەكانی میسریش كە پاش موسڵمانبوونیان وازیان لە ڕابردووەكەی خۆیان هێنا، ئێستا وەك بەشێك لە نەتەوەی عەرەب دەناسرێن، چونكە پێناسە نەتەوەیییەكەیان بەپێی ئەو زمانە دەكرێ كە قسەی پێ دەكەن...
كوردیش، بێت و زمانەكەی نەمێنێ، ئیتر هەر زمانێكی دیكە وەرگرێ، ئیتر ناتوانێ بە خۆی بڵێ كورد و، كەسیش وای پێ ناڵێت، بەڵكوو بەو زمانە پێناسەی دەكەن كە قسەی پێ دەكات. هەر بۆیە كورد لەگەڵ دۆڕاندنی زمانەكەی، یان توانەوەی زمانەكەی، پێش هەموو شتێك پێناسەی نەتەوەبوونەكەی و بەدوای ئەویشدا ناوی وڵاتەكەیشی دەگۆڕدرێ. چونكە كوردستان، واتە ئەو وڵاتەی كوردی تێدا دەژی. دەی كە تۆ وێكڕا وازت لە زمانەكەت هێنا، یان وازیان پێ هێنایت، ئیتر دەبێ پێناسەیەكی دیكە بۆ وڵاتەكەیشت بدۆزیتەوە. لێرەوە، سیحری مێژووەكەشت بەتاڵ دەبێتەوە و دەبێ بگەڕێیتەوە خاڵی سیفر. كە تۆ وازت لە زمان و لە ناوی خاك و وڵاتەكەت هێنا، ئیتر ناتوانی شانازی بە شۆڕشی شێخ سەعید و ئاگری داغ و سمكۆ و كۆماری كوردستان و باقیی شۆڕش و خەباتەكانی دیكەتەوە بكەیت.
هەر بۆیەیش داگیركەرانی كوردستان، لە "ڕەزاخان"ەوە تا "خومەینی" و لە "ئەتاتۆرك"ەوە تا "سەددام" و بنەماڵەی "ئەسەد"، هەموو هەوڵیان ئەوە بووە ئەم زمانە بتوێننەوە و جگە لەوەی دنیایەك سەرمایەگوزارییان لەسەر كرد، هیچ توندوتیژی و شێوازێكی كوشتاریش نەما پەنای بۆ نەبەن، بەڵام وەك دەبینین پاش سەدەیەك هەوڵی تواندنەوەی زمانی كوردی، خەونەكانیان هەر پووچەڵ بووەتەوە.
دەرەنجام:
كورد ئێستا سێ توخم و فاكتەری زۆر بەهێزی بۆ پێناسەكردنی نەتەوەبوونی خۆی هەیە: یەكەم: خاكێكە كە پێی دەگوترێ كوردستان و سنوورە جوگرافییەكەی، سەرەڕای هەموو شێواندن و گۆڕینێكی دیموگرافیی دیارە. دووەم: زمان؛ ئەو زمانەی سەدەیەكە لە لایەك داگیركەران هەموو توانا و ئیمكانیاتی خۆیانیان بۆ تواندنەوەی بەكار هێنا، چونكە دەیانزانی تەنیا بە تواندنەوەی زمان دەتوانن ببنە خاوەنی ئەو خاكەی ناوی كوردستانە، بەڵام لە سایەی پاڵەوانێتیی پێشمەرگە و خۆڕاگریی میللەت و قەڵەمی نووسەر و شاعیر و ڕووناكبیرە ئازادیخوازەكانمانەوە، هەر پارێزراوە. سێیەم: خاڵی هاوبەشی مێژووییمان، كە كۆماری كوردستانە و ئەوە ئێستایش بەرەو دامەزرانی كۆماری دیكە دەچین و، ئیتر ئەم جارە لەبری خاڵێكی هاوبەشی مێژوویی، دوو خاڵی هاوبەش كۆمان دەكاتەوە؛ بەو جیاوازییەوە ئەم كۆمارە نوێیهمان، لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاڵاكەی دەشەكێتەوە و تاكی كورد ئیتر وەك ئەكتەر و كەسایەتییەكی سەربەخۆ و بە پێناسەی خۆیەوە دەچێتە نێو گەلانی دنیا و، چیدیكە بە ناوی عێراقی و ئێرانی و عەرەب و تورك ناومان ناهێنن و لە هەر جێیەك گوتمان كوردین و خەڵكی كوردستان، ناڵێن كوردستان كوێیە...