گرینگیی پەروەردە و ڕاهێنان لە قۆناغی بنەڕەتیدا

پێشەکی

پەروەردە تەنیا مافی سەرەکی و بنەڕەتیی مرۆڤ نییە، بەڵکوو بەشێکی سەرەکییە بۆ پەرەسەندن و پێشکەوتنی بواری ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەر وڵاتێک و، ئەگەر بە شێوەیەکی شیاو بەرنامەی بۆ دابڕێژرێت کاریگەرییەکی باشی لەسەر دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و بەرهەمی ئابووریی وڵات دەبێت. گۆڕانکاری لە هەر وڵاتێکدا، دەبێ سەرەتا لە پەروەردەوە دەست پێ بکات، چونکە مرۆڤ بەپێی شێوازی پەروەردەکردنەکەی، بە شێوەیەکی سروشتی دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی هەموو فاکتەرەکانی دیکە، لەبەر ئەوەی کە لە کۆمەڵگەی پێشکەوتوودا مرۆڤ فاکتەری سەرەکییە. وڵاتە پێشکەوتووەکانی وەکوو ژاپۆن و ئەمریکا و ئوسترالیا، دوای تاقیکردنەوەی کۆمەڵێک ئەزموون بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکارییەکی بنچینەییی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە وڵاتەکەیاندا، سەرەتا لە پەروه‌ردەوە دەستیان پێ کرد. بە بۆچوونی جۆن دیوی (١٩٥٢ـ ١٨٥٩)، فەیله‌سووف و مامۆستای ئەمریکی، لە په‌رتووكی "دیموکراسی و پەروەردە و ڕاهێنان"دا دەڵێت: "ئامانجی پەروەردە و ڕاهێنان، بەدیهێنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە و، کۆمەڵگەی دیموکراتیکیش پێشگیری لە ناکۆکی و جیاکارییە چینایەتی و ئایینی و نەتەوەیی و ڕەگەزییەکان دەکات." ئەو فەیلەسووف و مامۆستایەی پەروەردە دەڵێت: "پەروەردە بە مانای داڕشتنەوە و ڕێکخستنەوەی ئەزموونەکانە، کە قووڵایی و واتادارییەکەیان زیاتر دەکات و پەرە بە هێزی بزوێنەری ڕەوتی ئەزموون دەدات."  

چڕبوونەوە لەسەر پەروەردەی بنەڕەتی لە ژاپۆن

قۆناغی بنەڕەتی لە سیستەمی پەروەردە و ڕاهێنانی هەموو وڵاتێکدا، هەم لە باری ژمارەی مامۆستایان و قوتابیان و، هەمیش لە باری چۆنێتیی کارتێکەریی ئەم قۆناغە لەسەر پێشڤەچوون و سەرکەوتنی خوێندنی قوتابی لە سەرلەبەری ژیان و سەردەمی خوێندنیدا، کاریگەرە. قۆناغی بنەڕەتی، یەکێکە لە گرینگترین و بنچینەییترین قۆناغەکانی خوێندن و، هیچ کام لە قۆناغەکانی دیکەی خوێندن تا ئەو ڕاددەیە کاریگەر و گرینگ نین. ئەگەر قوتابی لەو قۆناغەی خوێندندا تووشی شکست بێت، یان سەرکەوتوو نەبێت، لە هەموو قۆناغەکانی دیکەی خوێندندا تووشی کێشە دەبێت. بۆیە وڵاتانی پێشکەوتوو هەموو هەوڵ و کۆششی خۆیان بۆ باشترکردنی پەروەردە و ڕاهێنانی قوتابیان لەو قۆناغەدا خستووەتە گەڕ.

لەنێو وڵاتانی دنیادا ژاپۆن یەکێکە لە سەرکەوتووترین و پێشکەوتووترین وڵاتان لە بواری پەروەردە و ڕاهێناندا. بەڵام ئاخۆ ڕیشەی ئەو سەرکەوتنەی ژاپۆن لە چیدایە؟ مامۆستایانی قوتابخانە بنەڕەتییەکانی ژاپۆن لە نێوان ئامانجەکانی پەروەردە و ڕاهێنانی ئەو قۆناغەدا زیاتر لە پێشکەوتنی خوێندنی قوتابییان و پەرەپێدانی لێهاتوویییە تایبەتەکانیان، گرینگی بە گەشەی سۆزداری و کۆمەڵایەتی و باوەڕبەخۆییی قوتابییەکان دەدەن. ئەوان ژینگەیەک دروست دەکەن کە لەسەر بنەمای پێوەندیی مرۆڤانە و پێوەندیی سۆزداری و هاوسۆزی و کاری گرووپ و پێکەوەکارکردن و هەڵسوکەوتی هاوبەش و هەستی ئینتمادان بە شوێن داڕێژرابێت.

بنەماکانی پەروەردە و ڕاهێنانی قۆناغی بنەڕەتی لە ژاپۆن، زیاتر پێداگری لەسەر سەرنجڕاکێشیی قوتابخانە بنەڕەتییەکان و گرینگیدانی زۆر بە گەشەی کەسایەتیی منداڵ و پێشکەشکردنی بابەتی شیاو بۆ قوتابی دەکەن. بەرنامە دەرسییەکانی قۆناغی بنەڕەتی لە ژاپۆن، دوو تایبەتمەندیی گرینگیان هەیە: یەکەم، زۆر چڕوپڕ و بەهێزن؛ دووەمیش، کورت و بەسوودن و، پێداگری لەسەر گەشەی هەمەلایەنەی منداڵ دەکەن.

پەروەردە و ڕاهێنانی ژاپۆن

توێژینەوە بەرواردکارییەکان نیشاندەری ئەوەن، کە چۆنێتیی پەروەردە و ڕاهێنان لە ژاپۆن زۆر بەرزە. ڤێرزا ڤێگڵ، مامۆستای زانستگەی هارڤارد، لە توێژینەوەیەکی خۆیدا بەو ئەنجامە گەیشت کە ئەو منداڵە ژاپۆنییانەی خوێندنی گشتیی خۆیان لە قوتابخانەی شارەکانی ئەمریکا تەواو کردووە، کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ ژاپۆن، لە وانەی زانستە سروشتییەکان و بیرکاریدا ئاستی شارەزایییان ساڵێک تا دوو ساڵ نزمترە لەو هاوتەمەنانەی خۆیان، کە لە ژاپۆن خوێندوویانە. توێژینەوەکانی دیکە ئەوە دەسەلمێنن کە ژاپۆنییەکان بە بەروارد لەگەڵ خەڵکی وڵاتە پیشەسازییەکانی دیکەدا کەمتر یاسا پێشێل دەکەن. ئەوەیش دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە پەروەردە و ڕاهێنانی قوتابخانە بنەڕەتییەکانی ئەو وڵاتە لە ڕاهێنانی کۆمەڵایەتی و ڕەوشت و لێهاتوویییەکانی ژیانی منداڵدا سەرکەوتوو بوون.

لە بواری فاکتەرە کاریگەرەکان لەسەر گەشەی تێگەیشتنی منداڵان لە بیرکاری و زانستدا، منداڵانی ژاپۆنی لە وەرگرتنی چەمکەکاندا، زیرەکترن لە هاوتەمەنەکانی خۆیان لە وڵاتانی دیکە و، بەپێی ئەزموونە جۆراوجۆرەکان و سەردانی ڕێکوپێک و بەردەوامی پۆلەکانی قۆناغی بنەڕەتی لە لایەن شارەزایانەوە، داهێنەریی منداڵانی ژاپۆنی، بۆ ڕاهێنەرە بیانییەکان زۆر سەرسووڕهێنەر و جێی تێڕامان بووە. لەگەڵ ئەوەیشدا زۆربەی توێژەران، پەروەردە و ڕاهێنانی بنەڕەتیی ژاپۆن لە بواری خوێندن و هونەر و مووزیك و توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە سەرکەوتووتر دەزانن. بەڕاستی دەبێ نهێنیی ئەم سەرکەوتوویییە لە چیدا بێت؟ تۆ بڵێی بە هۆی درێژبوونی ماوەی ساڵی خوێندن، یان کارامەیی و شیاویی بەرنامەی وانەکانیانەوە بێت؟ یان بە هۆی گرینگیدانی خێزانەکان بە پەروەردە و ڕاهێنانی منداڵەکانیانەوە، یان بە هۆی گرینگیدانی دەوڵەت بە مامۆستای قوتابخانەکانەوە بێت؟ ئاخۆ هیچ پێوەندییەکی بە فەرهەنگی پەروەردە و شێوازە بەکارهێنراوەکان لە پەروەردە و ڕاهێنانی قوتابخانەکانەوە هەیە؟ یان دەگەڕێتەوە سەر شێوازی ڕاهێنانی پیشەییی مامۆستاکان، یان هۆکاری تر؟

ستانداردی ڕووبەری قوتابخانەکانی ژاپۆن

ڕووبەری پۆلێکی ئاسایی لە ژاپۆن ٧٤ مەترە. ڕووبەری قوتابخانەیەکی ٦ پۆلی ١٠ هەزار مەتری سێجایە و ڕووبەری قوتابخانەیەکی ١٢ پۆلیش ١٦ هەزار مەتری دووجایە. هەموو قوتابخانە بنەڕەتییەکانی ژاپۆن ژووری پاکوخاوێنی و ژووری بەرهەمهێنان و ژووری مووزیك و هۆڵی نانخواردن و هۆڵی وەرزش و مەلەوانگەی سەرداپۆشراو و زەوییەکی چیمەن و سەوزەڵانییان هەیە. پێداویستیی پێویستی بەشی دیدەنی و بیستنی، وەکوو تەلەڤزیۆن و ڤیدیۆ و... هی تریشیان تێدا هەیە.

ساڵی خوێندن لە ژاپۆن

ساڵی خوێندن لە ژاپۆن ٢٤٠ ڕۆژە. قوتابیی قۆناغی بنەڕەتی، لە ٨ی بەیانییەوە هەتا ٤ی ئێوارە لە قوتابخانە دەبێت. هەفتەی ٤٤ كاتژمێر لە قوتابخانەیە، کە لەو ٤٤ كاتژمێره‌ تەنیا ٢٢ كاتژمێڕی لە پۆلی وانەخوێندندا دەبێت. لە قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا زۆر گرینگی بە یاری و کاری دەست و مووزیك و ماڵداری و چێشتلێنان و بەرگدووری و پاکوخاوێنی دەدرێت، کە یەک لەسەر سێی کاتەکەیانی بۆ تەرخان دەکرێت. قوتابخانە بنەڕەتییەکانی ژاپۆن بەرنامەیەکیان هەیە بە ناوی "بەرەو کار"، کە بەپێی ئەو بەرنامەیە، قوتابی هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە بە شێوەی پیشەیی (پرۆفیشناڵ) فێری کشتوکاڵ و پیشەسازی دەکرێت، بە کردەوەش ئەوەی کە لەو بوارانەدا فێری دەبێت، ئەنجامی دەدات، واتە لەگەڵ فێربوون، کاریش دەکات. بێجگە لەوەش، لە قوتابخانەکانی ژاپۆندا، قوتابییەکان دەبێ پاکوخاوێنیی قوتابخانەکە بپارێزن و هەر خۆیشیان خاوێنی دەکەنەوە و خۆیشیان چێشت لێ دەنێن و هەموو قوتابخانەکانی ژاپۆن نانی نیوەڕۆ بە قوتابی و مامۆستاکان دەدەن، هەر قوتابییەکانیش پاش نانخواردن قاپەکانی نانخواردنەکەیان دەشۆن و دەموددانیان بە فڵچە و هەویری ددان دەشۆن. بۆ شووشتنی ددان، تەنیا یەک پەرداخی بچووک ئاو بەکار دێنن. هەموو ڕۆژێک بەر لە ڕۆیشتنەوە، تەواوی قوتابخانەکە خاوێن دەکەنەوە. لە قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا دروستکردنی ژینگەیەکی شاد و سەرنجڕاکێش و دۆستانە و خۆش، زۆر لە فێرکردنی بابەتە زانستییەکان زیاتر گرینگیی پێ دەدرێت؛ بە بۆچوونی ئەوان قوتابییەکان زیاتر لەبەر دیتن و یاریکردن لەگەڵ هاوڕێکانیان دێن بۆ قوتابخانە، تاکوو فێربوونی زانستەکان. بەڵام وەک دروشمێکی بەناوبانگی ژاپۆنی دەڵێت: "هەموو کەسێک، لە هەموو جێیەک و لە هەموو کاتێکدا، دەبێ فێر ببێت"؛ لەو کەشە دڵگرەی قوتابخانەدا منداڵی ژاپۆنی هەم فێری فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و کار دەبێت و، هەمیش زانستەکان دەخوێنێت.

ژاپۆن و سەرچاوە سروشتییەکان

ژاپۆن هیچ سەرچاویەکی سروشتیی وەکوو نەوت و گازی نییە و، لە سەدا ٦٧ی زەوییەکانی چیا و دارستانە و، لە سەدا ١٥ی زەوییەکانی بۆ کشتوکاڵ دەبێت. نهێنیی سەرکەوتن و پێشکەوتنی ژاپۆن لە گرینگیدان بە هێزی مرۆڤی و شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو هێزەدایە. ژاپۆنییەکان دەڵێن: "لە جەنگی جیهانیی دووەمدا هەموو شتێکمان لەدەست دا، بەڵام مامۆستامان هەر مابوو."

پەروەردەی بنەڕەتی لە کوردستان

قۆناغی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان، بەپێچەوانەی زۆربەی وڵاتان و بەتایبەت وڵاتانی پێشکەوتوو لەو بوارەدا، بە کەمتەرخەمییەوە سەیری دەکرێت و، قوتابی هەم لە قوتابخانە و هەم لە ماڵەوە، زۆر کەم بایەخی پێ دەدرێت؛ ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەم قۆناغە هەستیارە، قۆناغی داڕێژرانی کەسایەتی و مەیینی ڕوانگەی منداڵە بۆ تەواوی ژیانی. منداڵ، ئەو سامانەی کە وەکو بەحری بێبن وایە، لە کوردستان وەپشتگوێ خراوە و، هەر لە یەکەم ڕۆژی قوتابخانەوە ڕوو لە ژینگەیەکی شپرزە و بێبەرنامە و ناڕێکوپێک دەکات، بێجگە لەوەی کە ژینگەی ماڵەوەیشی جێی تێبینییه‌.

قوتابخانە بنەڕەتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەر لە سەرەتاوە بە نەبوونی کتێب و نەبوون و کەمیی مامۆستای تایبەت بە هێندێک لە وانەکان و ژینگەیەکی شپرزە و شپڕێو و بەردەوام هەوڵ بۆ بێدەنگکردن و بریندارکردنی هەستەکانی منداڵان دەست پێ دەکەن، کە ئەم حاڵەتانە وا لە قوتابی دەکەن هەست بە بێبایەخیی قوتابخانە بکات و هەر لە سەرەتاوە بە جۆرێک فێری بێبەرنامەیی و، هاوکات سەرکوتکرانیش ببێت و بەرە بەرە لە قوتابخانە بێزار ببێت، یان ئینتیمایەکی ئەوتۆی پێ نەدات و، ئەم دیاردەیەیش پەل بهاوێتە نێو ڕوانگەیەوە سەبارەت بە سەرلەبەری ژیانە کۆمەڵاتییەکەی. مامۆستاکان زۆربەیان لەو وانەیەدا پسپۆڕ نین کە دەیڵێنەوە و، زۆر کەمن ئەو مامۆستایانەی بێجگە لە گوتنەوەی وانەکە گرینگی بە باری دەروونی و کەسایەتیی کۆمەڵایەتیی قوتابی بدەن و لەو بوارەدا بەتوانا بن.

هاندان و ڕێنماییکردنی قوتابی بۆ فێربوون و سووربوون لەسەر تێگەیشتن، جێی خۆی داوەته‌ لەبەرکردنی کۆمەڵێک پێناسە و خاڵ و، لەوەیش خراپتر، دیاریکردنی هێندێک شوێنی تایبەت لە لایەن مامۆستاکانەوە بۆ ئەوەی قوتابی لەبەریان بکات بۆ تاقیکردنەوەکان؛ وەک ئەوەی بەشی هەرە زۆری ئەو کتێبانە هەر لەزیادی نووسرابێتن و هیچ کەڵکێکیان بۆ قوتابی نەبێت. ئەو شێوازە نادروست و ماڵوێرانکەرە، ئەو تەمەنەی منداڵ، کە وەک بەحری بێبن وایە دەکاتە بڵقی سەر ئاو و جەماوەرێکی ناتێگەیشتوو و ترساو و کۆمەڵگەیەکی بڕوابەخۆنەبوو دروست دەکات. بەفیڕۆدان و ئیسڕافکردنی هەموو شتێک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هێندە ئاسایی بووە، کە بەفیڕۆدانی مرۆڤیشی گرتووەتەوە؛ ئەو گەنجینە مرۆڤییەی کە وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ ئامادەکردنەکەی، هەموو سیاسەت و پلان و پێداویستییەک ده‌خه‌نه‌ گەڕ.

لەبارنەبوونی بارودۆخی قوتابخانە و نەبوونی مامۆستای پسپۆڕ و گرینگینەدان بە کەسایەتی و لێهاتوویییە تایبەتەکانی قوتابیان، قوتابیی لە خوێندن و خوێندنەوە و فێربوون و قوتابخانە دڵسارد و نائومێد کردووە و زۆربەی هەرە زۆری قوتابیان هەر لە ڕووی عادەت و بۆ لەسەرشان لادانی ئەرکێک دەچنەوە قوتابخانە و، کۆمەڵێک بابەت بە نابەدڵی و بەبێ تێگەیشتن لەبەر دەکەن و، دوای تاقیکردنەوە، تەنانەت هێندێکیان بەر لە تاقیکردنەوەیش، هیچیان لەبیر نامێنێت. کتێبەکانی قۆناغی بنەڕەتی لە کوردستان، بابەتی زۆر بەهێز و باشیان تێدایە، بەڵام لەبەر سێ هۆکار بەپێی پێویست سوودیان لێ وەرناگیرێت: یەکەم، زۆربوونی بابەتەکان، کە لە ماوەی کۆرسی خوێندندا زۆر جار مامۆستا فریا ناکەوێت بەوردی هەموو بابەتەکان شی بکاتەوە و، دەرفەتی فێربوون و بیرکردنەوە بە قوتابی نادات.

ئاخر قوتابی کاتێک دەتوانێت داهێنەر بێت و بابەتەکان بەجوانی شی بکاتەوە، کە کاتی پێویستی بەدەستەوە بێت. دووەم، زۆربوونی بۆنە و ڕۆژەکانی پشوو هۆکارێکی گرینگە لە دوورکەوتنەوەی قوتابی لە دەرس و ڕاهێنان و نەبوونی کاتی پێویست بۆ گوتنەوەی ورد و چڕی وانەکان لە لایەن مامۆستاوە. سێیەم و گرینگترین و سەرەکیتیرین هۆکار، وەرگێڕانی زۆر نادروست و خراپی کتێبە زانستییەکانە بۆ سەر زمانی کوردی، چونکە وەرگێڕانی ئەو کتێبانە بە کەسانی پسپۆڕی زمانی ئەو بوارە زانستییە تایبەتانە نەسپێردراوە، یان لە لایەن کەسانی زمانەوان و شارەزا و پسپۆڕەوە پێداچوونەوەی بۆ نەکراوە. هەر هەمان بابەت، کە بە زمانی سەرەکی بە قوتابی دەگوترێتەوە، لە یەکەم خوێندنەوەدا شتێکی لێ هەڵدەکڕێنێت و تا ڕاددەیەکی باش لێی تێ دەگات، بەڵام کە دەگاتە سەر وەرگێڕانە کوردییەکەی، قوتابی مەگەر بە پەنابردنە بەر لەبەرکردن، دەنا هیچ شتێکی ئەوتۆی لێ وەرناگرێت و فێر نابێت. کە ئەو مەسەلەیە باس دەکرێت، زۆر جار کەسانی ناشارەزا، زمانی کوردی بە هۆکاری ئەو کێماسییانە لە قەڵەم دەدەن، لە کاتێکدا کە بە گوتەی شارەزایان و زمانناسان، زمانی کوردی بە هۆی فرەییی شێوەزارەکانییەوە زۆر بەهێزە و توانای زاراوەسازی و وشەسازیی هەیە؛ بە مەرجێک خزمەتی بکرێت و کەڵک لە کەسانی شارەزا و زمانزان وەربگیرێت، دەتوانرێت وەکوو هەموو زمانە دەوڵەمەندەکانی دیکەی وڵاتان کاری پێ بکرێت و کەڵکی لێ وەربگیرێت و بکرێتە زمانی زانست. بە گوتەی پرۆفیسۆرێکی بواری پەروەردەی بنەڕەتی لە ئەمریکا ''هەر منداڵێک هەتا تەمەنی ١٢ ساڵی، بە زمانی دایکیی خۆی بخوێنێت و بنووسێت و پەروەردە بکرێت، کاریگەریی لەسەر ناسنامه‌ و کەسایەتی و باوەڕبەخۆبوونی ئەو منداڵە دەبێت بۆ تەواوی ژیانی.''

دەرەنجام:

بەپێی بەراوردکارییەکانی پانتا و ڕێژەی دانیشتووانی وڵاتانی پێشکەوتوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئیمکاناتی پێویست بۆ دابینکردن و هەڵسووڕاندنی پەروەردەیەکی باشتر و دەوڵەمەندتر دابین بکات، تاکوو پەروەردە و ڕاهێنانێکی دەوڵەمەند و بەهێز بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو دروست بکات و، وڵاتەکەمان بگاتە ئاستێک کە هەم لەباری مرۆڤایەتی و هەم لەباری زانستییەوە، شان لە شانی وڵاتانی پێشکەوتوو بدات. زۆرێک لە فاکتەرە پێویستەکان بۆ دروستکردنی پەروەردەیەکی دروست و دەوڵەمەند و خزمەت بە گەشەی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا هەن و، بۆ بەکارهێنانیان، تەنیا پێویستە سیاسەت و پلانێکی پەروەردەییی دروست دابڕێژرێت و جێبەجێ بکرێت. دانانی بینای کەسایەتیی مرۆڤی کورد لەسەر بناغەی باوەڕبەخۆبوون و ئازادیی بەکارهێنانی تواناکانی لە قۆناغی بنەڕەتیی خوێندنەوە، وا دەکات کە لە قۆناغەکانی دواتردا بە مێشک و هۆشێکی کراوەوە ڕوو لە فێربوونی زانست و داهێنان بکات. هەروەها گرینگیدان بە زمانی کوردی و بنبڕکردنی هەڵە زمانەوانییەکانی کتێبەکانی وانەخوێندن بە زمانی دایکی، هۆکارێکی سەداسەد کاریگەرە لەسەر په‌روه‌رده‌كردنی نەوەیەک بۆ داهاتووی گەلەکەمان، کە ببێتە نموونەی پێشکەوتوویی و داهێنەری لە دنیای پێشکەوتوودا.  

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples