ڕۆڵی دیموکراسی لە پەروەردە و ڕاهێناندا

دیموکراسی، کە بە حکوومەتی خەڵک بۆ خەڵک پێناسە کراوە، یەکەم جار لە یۆنانی کەونارا دروست بووە. سەرەتای جموجووڵی دیموکراسییە نوێیەکان لە ئاڵوگۆڕەکانی سەدەی حەڤدەیەمی ئینگلستان، بەتایبەت شۆڕشە مەزنەکەی ١٦٦٨ەوە دەستیان پێ کرد. بیرمەندانی وەکوو "مه‌کیاڤێللی" تا "ئارسۆم"، "لۆتێر"، "کاڵڤین" و تەنانەت "کۆپرنیک"، کە نامیلکەی "شۆڕشەکانی جیهانی سه‌رووسروشتی"ی نووسی و وێناکانی جیهانی "سروشتی"ی تێک دا، هەروەها "بۆیی سی" کە ساڵی ١٥٤٩ پرسیاری "بۆچی خەڵک ملکەچی دەکەن"ی هێنایە گۆڕێ، هەموویان ڕێخۆشکەری دیموکراسیی نوێن.

لە سەدەی هەژدەیەمدا، لە لایەکەوە بە هۆی "مۆنتسکیو" و "ڕۆسۆ"وە ڕەوتی فکرە سیاسییەکان چوونە قۆناغێکی نوێوە و، لە لایەکی دیکەیشەوە ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دوو شۆڕشی مەزن و گرینگی وەک سەربەخۆییی ئەمریکا و شۆڕشی مەزنی فەڕەنسایان لێ کەوتەوە و هەردووکیان کاریگەرییەکی زۆر قووڵیان لەسەر وەدیهاتنی هزری دیموکراسی هەبوو. "نەبوونی خۆشباوەڕی سەبارەت بە ئیمکانی جێگیربوونی سیستەمێکی ئازادی" لە فکری مۆنتسکیو و ڕۆسۆدا، وەکوو باوکان و بناغەدانەرانی دیموکراسیی نوێ، شایانی وردبوونەوەیە. ئەو بارودۆخەی مۆنتسکیو لە کتێبی "ڕۆحی یاساكان/Spirit of the Law''دا لە باری جوگرافی و پاناییی وڵات و ڕێژەی سامانەوە بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی باسی دەکات، لە دەوڵەتشارەکانی یۆناندا نەبێ، لە هیچ شوێنێکی دیکە بەدی ناکرێت.

ڕۆسۆ جیا لە بارودۆخی ژینگەیی، کە لەگەڵ شارستانییه‌تی ئێستادا نامۆیە، کاریگەریی دابونەریتەکان بە قورسایییەکی زۆر کارتێکەر و سەنگین مەزندە دەکات، کە ڕێگه‌ لە هەموو جۆرە گۆڕانکارییەک دەگرێت. وێڕای ئەوەیش لە "گرێبەستی کۆمەڵایەتی"دا دەنووسێت: "ئەگەر بمانەوێ بابەتەکە بەقووڵی تاووتوێ بکەین، دیموکراسییەکی ڕاستەقینە، نە قەت هەبووە و نە قەتیش دەبێت. ئەمە دژی سروشتە، کە دەستەیەکی زۆر حکوومەت بکەن و دەستەیەکی کەمیش حکوومەتیان بەسەردا بکرێت."  

دیموکراسی و پەروەردە

لە کۆمەڵگه‌ی مۆدێرنیستیدا پەرەپێدان و مانەوەی پەروەردە و ڕاهێنانی دیموکراسییانە پێویستی بە پەروەردەکردنی مرۆڤی هۆشیار، شارەزا، خۆڕاگر و پێشکەوتوو هەیە، کە زۆر ئازادانە بیر بکاتەوە. تا مرۆڤ دەستی بە ڕەفتار و خدەی مرۆڤانە ڕانەگات، پەروەردە و ڕاهێنانی ئازاد و داهێنەر دەستەبەر نابێت. جۆن دیوی، پسپۆڕی پەروەردە، کۆمەڵناس و فەیلەسووفی پراگماتیستی ئەمریکی (١٨٥٩ــ ١٩٥٢)، پێی وایه‌‌ کە مرۆڤ دیموکراسیی قبووڵ کرد، واتە دەتوانێت قازانج و زیانی خۆی بزانێت و، بۆ زانینیش هەمیشە پێویستی بە ڕێنوێن و ڕێبەر نییە. بە ڕای دیوی، جیاکردنەوەی تاک لە کۆمەڵگه‌، تەنیا لە ڕێی درۆیەکی زەینییەوە مومکین دەبێت. دیوی پێی وایە، پەروەردە ڕەوتێکی کۆمەڵایەتییە؛ ئەگەر ئەو کۆمەڵگه‌یەی کە منداڵ تێیدا دەژی، سیستەمێکی دیموکراسیی هەیە و لەو سیستەمەدا تاک مافی بڕیار و هەڵبژاردنی هەیە، دەبێ ئەو ئازادی و هەڵبژاردنە لە قوتابخانەوە تاقی بکاتەوە و فێری ببێت. دیموکراسی بەبێ پەروەردەیەکی مەدەنی، خۆی دۆخی ستەمکاری دەڕەخسێنێت و دەرەنجام شارستانییه‌ت و دیموکراسی لە بناغەوە دەگۆڕێت و دەبێتە دژی خۆی. لە لایەکی تریشەوە، ئەو مامۆستایانەی کە خۆیان دیدێکی زانستی و خدەیەکی مرۆڤانە و دیموکراسییانەیان نییە، وەک شت، یان وەک کۆمەڵە ماددەیەکی تایبەت دەڕواننە قوتابییەکانیان و، پێیان وایە كه‌ دەبێ لە چوارچێوەی فکر و ڕوانینی ئەواندا بیچم بگرن؛ کە ئەمە خۆی نموونەی پەروەردەی سەرکوتکەرانە و فاشیستییە.

دیموکراسی بە ڕێزگرتن لە تاکی مرۆڤ واتای ڕاستەقینەی خۆی دەنوێنێت؛ تاک تەنیا بەم جۆرە پەروەردەیەوە دەتوانێ لە کۆمەڵگه‌ی کراوەدا بژی. پەروەردە ڕێخۆشکەری وەدیهاتنی شارستانییه‌ت و گەشەی دیموکراسیی ڕاستەقینەیە. ئەمە شتێکی ڕوون و ئاشکرایە، کە دروستبوونی دیموکراسی لەنێو کۆمەڵگه‌دا بە شێوەیەکی کتوپڕ و بەبێ پچڕانەوە شتێکی نامومکینە و باسی شتی وا زۆر جار لە لایەن کەسانی تینووی دەسەڵاتەوە تەنیا بۆ سوودوەرگرتنی سیاسی دێتە ئاراوە. بۆ گەیشتن بە دیموکراسی، دەبێ گۆڕانی بنچینەیی لەنێو زەین و بەرچاوی کۆمەڵگە بکرێت. پەروەردەی ئازادانە پێویستی بە مرۆڤی ئازادیخواز و بوێر و پەروەردەکراو هەیە و، ئەوەیش ئەرکی سیستەمی پەروەردە و ڕاهێنانە، کە پێداویستییەکانی خەڵک و بوارە پێویستەکانی دابین بکات. لە ڕێی پێداگری لەسەر تواناکانی مرۆڤ و فێرکردنی فەرهەنگی هاوکاری و گرینگیدان بە گەشەی بەهرە مرۆیییەکان لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکاندا، دەرفەتی پێویست بۆ مانەوە و پەرەپێدانی دیموکراسی دابین دەبێت. برەودان بە دیموکراسی دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و وەسەرڕێکەوتنی پەروەردە و ڕاهێنانی دیموکراتیک، کە ئەمەیش دەبێتە هۆی پەرەسەندنی فەرهەنگی دیموکراسی و هزر و ڕەفتاری مەدەنی لە کۆمەڵگه‌دا و، ئەندامانی کۆمەڵگه بە شێوەیەکی سەربەخۆ بیر دەکەنەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و، دەستی گرووپێکی هەلپەرست لە قۆرخکردنی دەرفەتەکان دەبڕنەوە.

ڕاهێنانی دیموکراتیک ئەو بوارە بۆ خەڵک دەڕەخسێنێت کە لە یەکتری تێ بگەن و لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیدا پێکەوە بژین، چونکە پەروەردە فاکتەرێکیشە بۆ فێرکردنی زانست و، دەتوانێ یارمەتیدەر بێت بۆ پەرەپێدانی ئاشتی و بەجیهانیکردنی ئاشتی و، بەو کارەی خۆی دەتوانێ دیموکراسی وەدی بێنێت. کۆمەڵگه‌ی دیموکراتیک سیستەمێکی پەروەردەییی دیموکراتیکی دەوێ. قوتابخانە، خۆی نموونەیەکی بچووکە لە کۆمەڵگە؛ دەتوانێت یاسا و بەرنامەی ته‌واو دیموکراتیکی هەبێت. قوتابخانە وەکوو سیستەمی پەروەردە و ڕاهێنان، دەتوانێت هەموو کردارە واقعییەکانی کۆمەڵگەی تێدا هەبێت؛ بەو مەرجەی بەرنامەی پەروەردە و ڕاهێنان، شێوازەکانی وانەگوتنەوە و نموونەکانی بەڕێوەبردنی قوتابخانە کەشێکی دیموکراتیکی هەبێت.

قوتابخانە دەتوانێت هاووڵاتیی دیموکرات بۆ کۆمەڵگەی دواڕۆژ پەروەردە بکات. دیموکراسییش دەتوانێت پەروەردە و ڕاهێنانی نوێ لەژێر گوشار و چوارچێوەی شوێن و کات دەرباز بکات و پاناییی خۆی بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی جیهانی بەرین بکاتەوە. دیموکراسی دەتوانێت خێزگە و پێکهاتە و پێگەی پەروەردە و ڕاهێنان لە سیستەمێکی داخراو و چەقبەستوو دەرباز بکات و، بیکاتە سیستەمێکی ڕێکخراوەیی و زیندوو و کراوە و خۆگونجێن. ماکسین گرین، نووسەر، چالاکی کۆمەڵایەتی، مامۆستا و فەیلەسووفی ئەمریکیی بواری پەروەردە و ڕاهێنان پێی وایە، لە سیستەمێکی دیموکراتیدا ئەرکی پەروەردە و ڕاهێنان ئەوەیە لاوان ئامادە بکات تاکوو ببنە ئەندامێکی کۆمەڵگە و بەشدارییەکی چالاکیان لە کۆمەڵگەدا هەبێت. بەکورتی، دیموکراسی هەمیشە بۆ گەیشتن بە ئازادی هەوڵی داوە و ئامانجی پەروەردەیش لە کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا ئەوە بووە، کە پەروەردە و ئازادی لە کۆمەڵگەی ئازاددا گەشە بکات، چونکە بەبێ تاکی ئازاد، کۆمەڵگەی ئازادیش مومکین نابێت.

پەروەردەکردنی مرۆڤی دیموکراتیک

ئامانجی پەروەردە و ڕاهێنان لە دنیای مۆدێڕندا، پەروەردەکردنی مرۆڤی دیموکراتیکە. لەم سەردەمەدا وڵاتە پێشکەوتووەکان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە سیستەمی پەروەردە و ڕاهێنانی خۆیان لە ئاستێکی بەربڵاو و گشتگیردا لە ناوەندەوە بۆ هەرێمەکان، یان پارێزگه‌کانیان گۆڕیوە. هەر پارێزگه‌، یان هەرێمێک بەپێی بارودۆخی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و هەرێمیی خۆی، ئازادە لە دانانای پلانی پەروەردە و ڕاهێنانی ناوچەکەی خۆی. هەروەها ئێستا سیستەمی خوێندنگەکانیان لە سیستەمی مامۆستاتەوەر، یان بابەتتەوەرەوە کردووە بە سیستەمی قوتابیتەوەر. لەو جۆرە سیستەمەدا دەسەڵاتی مامۆستا لە پۆلدا دابەش دەکرێت، واتە مامۆستا ئەرکی خۆی بەسەر قوتابییەکاندا دابەش دەکات و قوتابییەکان لە ڕاهێنان و فێرکردنی خۆیاندا بەشدار دەبن و، مامۆستا لە بری ئەوەی لە ڕێی گوتنەوەی وانەوە کۆمەڵێک زانیاری بەسەر قوتابیاندا ببارێنێت، بە خولقاندنی پرسیار قوتابیان سەرقاڵی فێربوون دەکات و، هەوڵ دەدات یاریدەی قوتابییان بدات تا بە دوای شێوازی دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارەکانیاندا بگەڕێن و بە هاوکاریی یەکتر وەڵامی پرسیارەکان بدۆزنەوە.

ئەگەر قوتابی، خۆی خەریکی خۆڕاهێنان و خۆفێرکردن بێت، ئەو شتەی کە فێری دەبێت، ئەنجامی زیاتری لێ دەکەوێتەوە و دەوامیشی زیاتر دەبێت، چونکە خۆی شتەکە ئه‌زموون ده‌كات و بەرهەمی ئەزموون و چالاکیی خۆی بە چاو دەبینێت. جگە لەوەیش، دابەشکردنی دەسەڵات لە پۆل و قوتابخانەدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە قوتابی، پلۆرالیزم و ژیان لە کۆمەڵگەیەکی بچووکی فرەدەنگدا ئه‌زموون بكا. ئەوەیش دەبێتە هۆی ئەوەی دواڕۆژ لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بە شێوەیەکی ئاسایی ڕێز لە فرەیی و جیاوازییەکان بگرێت. سوودێکی دیکەی قوتابخانەی قوتابیتەوەر ئەوەیە کە قوتابیان فێری گوتنی وشەی "نا" و پرسیاری "بۆچی؟" دەبن، چونکە مامۆستا بە خستنەڕووی پرسیار، لە بری پێدانی زانیاری، قوتابییەکان ناچار دەکات خۆیان بە دوای وەدەستهێنانی زانیاری و دۆزینەوەی وەڵامی ژیربێژانه‌ بۆ پرسیارەکانیاندا بگەڕێن. هەروەها ئەگەر مامۆستا دەرفەت بە قوتابی بدات، ئەگەر بۆچوونی مامۆستاکەی قبووڵ نەبوو، پێی بڵێ "نا"، دەبێتە خدەیەک بۆ قوتابی، کە دواتر چووە نێو کۆمەڵگەوە، بۆ بڕیاردان لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا فریوی هەڵسوکەوتە پۆپۆلیستییەکان نەخوات و بە پێوەری ژیرانە و ژیربێژانە بەڵێنەکانیان هەڵسەنگێنێت و شی بکاتەوە و، لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیدا بەئاسانی خۆی بەدەست کەلکەلە نەرێنییەکانی گرووپ، یان ڕەفتارە نەشیاوە کۆمەڵایەتییەکانەوە نەدات.

سوودی سێیەمی سیستەمی پەروەردە و ڕاهێنانی قوتابیتەوەر، هێز و توانای بیری ڕەخنەگرانەیە؛ واتە قوتابی بە هەڵسوکەوت لەگەڵ ژینگەی فێرگە و هاوڕێکانی خۆی بێجگە لەوەی دەرفەتی هەیە هەڵە و کەموکوڕییەکانی هاوڕێکانی بخاتە بەرباس، ڕادێت لەسەر ئەوەی کە ڕەخنەی هاوڕێ و مامۆستاکانیشی لە ڕەفتارەکانی خۆی بپەژرێنێت. کەواتە بۆ پەروەردەکردنی مرۆڤی دیموکرات، ژینگەیەکی قوتابیتەوەر، زۆر پێویستە. لەو ژینگەیەدا قوتابی بەرپرسیارێتی وەئەستۆ دەگرێت و بەو هۆیەیشەوە هەست بە بەرپرسیارێتییەکی زیاتر سەبارەت بە ژینگە و کۆمەڵگەکەی دەکات و؛ مرۆڤێکی بەو جۆرە پەروەردە کرابێت، ڕێز لە یاساکان دەگرێت، نەک بە هۆی ترسەوە، بگرە بە هۆی هەستی بەرپرسیارێتییەوە، چونکە دەیەوێت لە کۆمەڵگەیەکی تەکووزدا بژی. لە قوتابخانەی قوتابیتەوەردا قوتابی ڕادێت لەگەڵ ئەوەی بیرۆکەی نوێ بێنێتە ئاراوە و، لە بەرامبەر گۆڕانی بوارە جیاجیاکاندا نەک کاردانەوەی نەرێنیی نەبێت، بەڵکە خۆیشی بەردەوام خەریکی ئەزموونی نوێ دەبێت. هەروەها قوتابی بوێر و بەرپرسیار و داهێنەر و چالاک دەبێت و، لە دەبڕینی فکری نوێ و تەنانەت هەڵەکردن ناترسێت، چونکە قوتابی هەڵە بکات و چالاک بێت، زۆر باشترە لەوەی کە چالاک نەبێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples