لۆبیكاری (بەشى یەکەم)

لۆبیكاری (بەشى یەکەم)

 

تۆفیق ڕەحمان مەنتک، ماستەر لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

پێشەکى:

هەرچەندە لە بابەتى پێشووماندا ئاماژەمان پێ کرد کە لۆبیكاری، مێژوویەکى درێژى هەیە، بەتایبەتى لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، بەڵام دواى سەرکەوتنى دۆناڵد ترامپ لە دوایین هەڵبژاردنى ئەمریکا بە هۆى ئەو باکگراوندە جیاوازەى کە ناوبراو هەیبوو، کە زیاتر کەسایەتییەکى بازرگانى بوو و هیچ ڕابردوویەکى کارى سیاسیى نەبوو، جیاوازیى شێوازى سیاسەتکردن لە ئیدارەکانى پێشووتر  دەرفەتێکى زیاتری دا بە گرووپە لۆبییەکان کە بتوانن لە نزیکەوە ڕۆڵى خۆیان بگێڕن و تەنانەت بەشێکى گۆڕانکارییەکانى نێو ئیدارەى ترامپ لەسەر داواکاریى گرووپە لۆبییەکان بووە، بەتایبەتى گۆڕینى ڕێکس تیلەرسن، وەزیرى دەرەوە. لەم بابەتەى ئەم جارەماندا زیاتر جەخت دەخەینە سەر پێناسەى لۆبى و جۆر و شێوازەکانى کارى لۆبى و لۆبیكار (lobbyist)ی پرۆفیشناڵ. ئەمە تەنیا بەشى یەکەمى بابەتەکەمان دەبێت وەک دەروازەیەک بۆ پێدانى زانیارى و، بەشى دووەمى بابەتەکەمان کە لە داهاتوودا بڵاو دەکرێتە، زیاتر جەخت لەسەر ئەو پرسیارە دەکاتەوە: ئایا تا چ ڕاددەیەک گرووپە لۆبییەکان توانیویانە کارتێکردنیان لەسەر پرۆسەى بڕیاردان و گۆڕینى پێگە و هەڵوێستى وڵاتان هەبێت؛ بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیى وڵاتێک بێت دژى وڵاتێک یاخود لایەنێکى تر.

یەکەم: لۆبى چییە؟

شێوە باوەکەى وشەى لۆبى بۆ ئەو شوێنەیە کە لە هۆتێل میوانانى نێو هۆتێل و دەرەوەى هۆتێل یەکتر دەبینن، کە زۆر جار دەکرێت لە نێوان بازرگانێک و بەرپرسێکى سیاسى، یان حکوومى بێت یاخود هاووڵاتییەکى ئاسایى. لە بریتانیا لۆبى زیاتر بۆ ئەو شوێنە بەکار دەهات لە باڵەخانەى ئەنجومەنى نوێنەران کە پەرلەمانتاران و هاووڵاتیان و گرووپە جیاوازەکان، بۆ گۆڕینەوەى بیروڕا کۆبوونەوەیان ده‌كرد. لە ئەمریکا وشەى لۆبى ئاماژە بوو بۆ لۆبیى هۆتێلى ویلارد ئینتەر کۆنتینێنتاڵ کە زۆر نزیکە لە کۆشکى سپى لە واشنتۆن. کاتى خۆى ئۆلیسێس گرانت، فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان لە سەردەمى جه‌نگى ناوخۆى ئەمریکا و سەرۆکى ئەمریکا لە ماوەى نێوان ١٨٦٩ تا ١٨٧٧، دواى تەواوبوونى ئەرکى ڕۆژانەى لە کۆشکى سپى، بۆ حەسانەوەی سەردانى هۆتێل ویلاردى دەکرد. ئەمەیش دەرفەتى دابوو بەو کەسانەى کە دەیانویست خۆیان لە سەرۆکى ئەمریکا نزیک بکەنەوە بۆ بینین یان تەنیا سڵاوکردن؛ ئەوا لە لۆبیى هۆتێلەکە چاوەڕوانیان دەکرد بۆ ئەوەى لە کاتى هاتنەژوورەوەى سەرۆکى ئەمریکا سڵاوى لێ بکەن یاخود گفتوگۆى لەگەڵ بکەن.

لە ساڵى ١٨٥٣ تاوەکو ئێستا زۆربەى سەرۆکەکانى ئەمریکا لەم هۆتێلەدا خەوتوون یاخود خواردن و خواردنەوەیان هەبووە. تەنانەت مارتن لوتەر کینگ وتارە بەناوبانگەکەى (I have a dream ) لەم هۆتێلەدا نووسیوە. لە ئێستایشدا بە شێوەیەکى بەرچاو گرووپە لۆبیکارەکان لە هۆتێل ویلارد لە واشنتۆن دەبینرێن. دواى ئەوەى کە زانیمان وشەى لۆبى سەرچاوەى ماناکەى لە چییەوە هاتووە، پێناسەیەکى کورتى کارى لۆبی بۆ خوێنەران گرنگە. ئەنتۆنى ناونیس لە پێشەکیى په‌رتووكەکەیدا دەڵێت: "کارى لۆبى، واتە هەوڵێکە کە لە لایەن گرووپێکەوە دەدرێت بۆ کارتێکردن لەو کار و بەرنامانەى کە حکوومەت دەیەوێت ئەنجامى بدات."  ئامانجى گرووپە لۆبییەکان گۆڕینى بەرنامە و سیاسەتى حکوومەتە، بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیى ئەو لایەنە بێت کە گرووپە لۆبییەکە نوێنەرایەتیى دەکات. بەپێى ئامارێکى ئەم دوایییانە كه‌ لە خوارەوەدا هاتووە، تەنیا لە ساڵى ٢٠١٧ زیاتر لە ١١,٥٢٩ کەس لە واشنتۆن لە بوارى  لۆبى بە شێوە و ئاستى جیا، کار دەکەن. ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بە هۆى سیستەمى فیدراڵى، زیاتر لە ٥٠ پێناسەى جیاوازی هەیە بۆ کارى لۆبى، بەڵام هەموویان لە یەک چوارچێوەدا خۆیان دەبیننەوە، کە هەوڵێکە دەدرێت بۆ کارتێکردن لە بڕیار و کارەکانى حکوومەت بە شێوەى نووسراو یاخود لە ڕێگه‌ى ئەنجامدانى پەیوەندى و کۆبوونەوە.

دووەم: شێوازەکانى لۆبیكاری:

لۆبیكاری بۆ کارتێکردن لە بڕیار و سیاسەت و بەرنامەى هەر وڵات و حکوومەتێک بە دوو شێواز دەکرێت:

  1. شێوازى ڕاستەوخۆ: کە ئەویش لە ڕێگه‌ى شاندى فەرمى یاخود نوێنەرایەتیى فەرمیى ئەو وڵاتەیە کە بە شێوەیەکى فەرمى داواکارى و نیگەرانییەکانى خۆیان بەو وڵاتە دەگەیەنن؛ بۆ نموونە ئەمریکا کە سیاسەت و بڕیارێکى لەم شێوەیە کاریگەریى لەسەر بەرژەوەندیی پەیوەندییەکانى نێوان هەر دوو وڵات دەبێت.
  2. شێوازى ناڕاستەوخۆ: ئەویش ئەنجامدانى کارى لۆبییە (لۆبیكارییه‌) لە ڕێگه‌ى بریکارەکانەوە کە بە زۆرى لە ڕێگه‌ى کۆمپانیاکانى لۆبییەوە ئەنجام دەدرێت. ئەمە شێوازێکى زۆر باوە، بەتایبەتى لە واشنتۆن، کە بازاڕێکى گەرمى دروست کردووە بۆ ئەو کەسانەى دواى تەواوبوونى ئەرک و بەرپرسیارێتییان لە ئیدارە و کۆنگرێس، ڕوو لەم کارە بازرگانییە بکەن. لە بەرامبەردا حکوومەتە بیانییەکان و کۆمپانیا گەورەکان لە ڕێگه‌ى واژووکردنى گرێبەستى مانگانە یاخود ساڵانە ڕاوێژ بەم کۆمپانیایانە دەکەن و سوود لە تواناکانیان وەردەگرن بۆ پەیوەندیکردن بە بەرپرسانى ئیدارەى ئەمریکى یاخود ئەندامانى کۆنگرێس و سینات و ئاگادارکردنەوەیان لە بوونى هەر پڕۆژەیاسا و بڕیارێک کە کاریگەریى لەسەر بەرژەوەندییەکانى ئەم وڵات و کۆمپانیایانە هەبێت. هەروەها کارى ڕەوەندى وڵاتان و گرووپە خۆبەخشەکان شێوازى ناڕاستەوخۆى کارى لۆبییە، بەڵام بێ بەرامبەر کار دەکەن بۆ بەدەستهێنانى پشتگیرى بۆ پرسێکى دیاریکراو لە کاتێکى دیاریکراو.

سێیەم: ئەو گرووپانەى لۆبیكاری دەکەن:

  1. کۆمپانیا بازرگانییەکان: کارى سەرەکیى کۆمپانیاکان بەدەستهێنانى سەرمایە و داهاتە و، بەشێکى زۆری پڕۆژەکانیان پشت بە سیاسەت و ڕێنمایییەکانى حکوومەت دەبەستێت؛ بۆیە بەردەوام هەوڵ دەدەن کاریگەرییان لەسەر بڕیار و سیاسەتەکانى حکوومەت هەبێت. بەشێکى زۆرى کۆمپانیا گەورەکانى وەک سیتى گرووپ، ئێکسۆن مۆبیل، مایکرۆسۆفت و وۆڵ مارت و ئەوانى تر، بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى کۆمپانیاکەیان سوود لە گرووپە لۆبییەکان وەردەگرن.
  2. کۆمەڵە و ژوورە بازرگانییەکان: یەکێتیى ژوورە بازرگانییەکانى ئەمریکا کە نوێنەرایەتیى زیاتر لە ٣ ملیۆن بازرگان و کۆمپانیا دەکات و، هەروەها کۆمەڵەى نیشتمانیى بەرهەمهێنەران و کۆمەڵەى هێڵە ئاسنینەکانى ئەمریکا و کۆمەڵەى بەرهەمهێنەرانى ئیلینیۆس و گرووپەکانى ترى هاوشێوە؛ کە ئەمانە هەموویان وەکوو گرووپێکى ڕێکخراو بە شێوەیەکى بەردەوام گوشار دەخەنە سەر حکوومەت. هەندێک لە کۆمپانیاکان سەرەڕاى ئەوەى هەوڵ دەدەن لە ڕێگه‌ى ژوور و کۆمەڵە بازرگانییەکان بەرژەوەندییەکانیان بپارێزرێت، ئەوا لە هەمان کاتدا کۆمپانیاى لۆبى بەکرێ دەگرن، ئەگەر هات و هەستیان کرد پڕۆژەیاسایەک یاخود بڕیار و ڕێنمایییەکى حکوومەت ڕاستەوخۆ کاریگەریى لەسەر بەرژەوەندییەکانیان دەبێت؛ ئەمەیش بە پێى قەبارە و سەرمایەى کۆمپانیاکە دەگۆڕێت.
  3. گرووپى هاووڵاتیان: ئەمە زیاتر  ئەو گرووپانە دەگرێتەوە کە یەک ئامانج و بەرژەوەندییان هەیە و، هەر کەسێک کە هەمان ئامانج و بەرژەوەندیى هەبێت دەتوانێت ببێتە ئەندام لەم گرووپانە وەک: کۆمەڵەى خانەنشینانى ئەمریکى کە زیاتر لە ٣٥ ملیۆن ئەندامیان هەیە و داهاتى کۆمەڵەکەیان لە ساڵى ٢٠٠٥ زیاتر لە ٧ ملیۆن دۆلار بوو؛ کۆمەڵەى نیشتمانیى چەکداران (National Rifle Association) کە نوێنەرایەتیى ئەو کەسانە دەکات کە دژى هەر بڕیار و پڕۆژەیاسایەکن کە ببێتە هۆى قەدەغەکردن یاخود لێسەندنەوەى مافى هەڵگرتنى چەک لە لایەن هاووڵاتیانى ئەمریکى. ئێمە زۆر تێبینیى ئەوەمان کردووە کە سەرەڕاى ئەو هەموو ڕووداوە ناخۆشانەى کە لە ئەمریکا لە ئەنجامى تەقەکردنەوە ڕووی داوە، بەتایبەتى کوشتنى قوتابیان بە شێوەى هەڕەمەکى، بە هۆى پێگە و کاریگەریى ئەم کۆمەڵەیەوە ئیدارە و کۆنگرێسى ئەمریکا تاوەکوو ئێستا نەیتوانیوە بڕیارێک بۆ قەدەغەکردن یاخود ڕێگەگرتن لە هەڵگرتنى چەک لە لایەن هاووڵاتیانەوە دەربکات. کۆمەڵە و گرووپى زۆرتر هەن کە لە لایەن هاووڵاتیانەوە دروست کراون لەسەر پرسەکانى وەک: تەندروستى، مافى لەباربردنى منداڵ، ژینگە، هاوڕەگەزبازى و مافەکانى ئافرەت.
  4. دامەزراوە حکوومییەکان: زۆر جار دامەزراوەیەکى حکوومەت لۆبى دەکات بۆ ئەوەى یاسایەک یاخود بڕیارێک کە حکوومەتى ئەمریکا دەیدات، دژى وڵاتێکى دیاریکراو نەبێت. ئەمە بەتایبەتى ئەو کاتانە ڕوو دەدات کە ویلایەتێک بە هۆى پەیوەندیى بازرگانى و پیشەسازى لەگەڵ وڵاتێک، پشتگیریى ئەوە ناکات کە ئەمریکا ڕسووماتى گومرگى لەسەر کەلوپەلى ئەو وڵاتە زیاد بکات؛ باشترین نموونەیش دوایین بڕیارى سەرۆکى ئەمریکا لەسەر زیادکردنى باج لەسەر هاوردەکردنى ستیل و ئەلەمنیۆم بەرامبەر ژمارەیەک وڵات کە لە نێوانیاندا کەنەداى گرته‌وە، کە هەندێک ویلایەت و دامەزراوەى حکوومى بە هۆى پەیوەندیى بازرگانى و پیشەسازییان لەگەڵ کەنەدا داواى هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارەیان دەکرد.
  5. لۆبیى دامەزراوە هزرییەکان: لۆبیی دامەزراوە هزرییەکان لە ڕێگه‌ى ئەنجامدانى لێکۆڵێنەوە و کۆنفرانسه‌وه‌، کە بە شێوەیەک دیزاین دەکرێت کە دەرەنجامەکانى کاریگەریى لەسەر بڕیار و یاسا و ڕێنمایییەکانى حکوومەت و کۆنگرێس هەبێت. دامەزراوە هزرییەکان زۆر جار لە کاتى بوونى پڕۆژەیاسایەک لە کۆنگرێس یاخود پڕۆژەیەکى ئیدارەى ئەمریکى، لێکۆڵەر و توێژەران ڕاده‌سپێرن بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوەى زانستى و ئەکادیمى بۆ خستنەڕووى لایەنە ئەرێنى و نەرێنییەکانى ئەو پڕۆژەیە و ئاگادارکردنەوەى ڕاى گشتى ئامادە بکەن، کە زۆر جار لە ڕووى پشتگیرى یاخود ڕەتکردنەوەى پڕۆژەکەوه‌ دەنگدانەوەیەکى باشى دەبێت.
  6. لۆبیى کەنیسە: زۆربەى کەنیسەکانى ئەمریکا لەسەر بنەماى پەیڕەوى ئایینییان کۆمەڵە و ڕێکخراوى ئایینیى سەربەخۆیان هەیە وەک: کۆمەڵەى قەشەکانى کاتۆلیک و...، کە زیاتر لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان گوشار دەخەنە سەر حکوومەت و کۆنگرێس. کەنیسە ڕۆڵێکى گرنگى لە بوارى لۆبیکردن هەیە و، کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانى حکوومەت هەیە؛  ئەویش لە ڕێگه‌ى دروستکردنى چەندین ڕێکخراو و دامەزراوەى جیاواز لە بوارى کارى خۆبەخشى و خێرخوازى و بڵاوکردنەوەى ڕۆشنبیرى و ئایین. پاڵێوڕاوانى سەرۆکایەتیى ئەمریکا و کاندیدانى کۆنگرێس و سینات بە شێوەیەکى بەرچاو بۆ بەدەستهێنانى دەنگ و پشتگیرى، پشت بە دامەزراوەکانى کەنیسە دەبەستن.
  7. لۆبیى لایەنەکانى دەرەوەى ئەمریکا: زۆربەى وڵاتانى جیهان و کۆمپانیا مەزنەکانى دەرەوەى ئەمریکا لە ڕێگه‌ى بەکرێگرتنى کۆمپانیا لۆبییەکانه‌وه‌، کار دەکەن بۆ کاریگه‌ریدانان لە بڕیار و سیاسەتى ئەمریکا. سەرەڕاى ئەوەى کە زۆربەى ئەو وڵاتانە باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتیى دیپلۆماسییان لە واشنتۆن هەیە بەڵام بە هۆى ئەوەى کە لۆبیكاری بە شێوەیەک له‌ شێوه‌كان شێوازێکى بازرگانیى وەرگرتووە و کۆمپانیاکانى بوارى لۆبى لە ئەندامانى پێشووى ئیدارە و کۆنگرێس و باڵیۆز و ڕاوێژکاران پێک هاتوون، بە هۆى ئەزموون و پەیوەندیى کەسى و تایبەتییان دەتوانن بە شێوەیەکى ئاسانتر لە باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکان پەیام و داواکارییەکان بگەیەنن.

چوارەم: لۆبیكار (lobbyist)ی پرۆفیشناڵ کێیە و کێ بەکرێیان دەگرێت؟

زۆربەى ئەو کەسانەى کە لۆبیكاری دەکەن ئەزموونیان لە کارى سیاسى و حکومڕانى هەیە، کە بە شێوەیەکى گشتى پێک دێن له‌: بەرپرسانى پێشوو لە وەزیر، ئەندامانى  کۆنگرێس، باڵیۆز و ڕاوێژکار کە شارەزایەکى تەواویان لە چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ستراتیژ و سیاسەت و یاساکاندا هەیە، کە کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکان و بەرژەوەندییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەى وڵات هه‌یه‌. هاوکات پارێزەر و شارەزایانى یاسایى ڕێژەیەکى بەرچاو لە ئەندامانى گرووپە لۆبییەکان پێک دەهێنن. هەروەها ئەندامانى گرووپە لۆبییەکان وەک توێژێکى ئەرستۆکراتى هەژمار دەکرێن کە پەیوەندییەکى باشیان لەگەڵ کەسایەتییە سیاسى و حکوومى و بازرگانە بەهێزەکاندا هەیە.

زۆر کۆمپانیا لۆبییەکان وەک کۆمپانیاى بوارى ڕاوێژکارى تۆمار کراون بۆ پێشکەشکردنى ڕاوێژ و دانانى بەرنامەى ستراتیژى بۆ بریکارەکانیان یاخود بە نوێنەرایەتیى بریکارەکانیان پەیوەندى بە دامه‌زراوه‌ حكوومییه‌كان و یاسازانانه‌وه‌ بکەن. ئەو لایەنانەى کە پەیوەندى بە کۆمپانیا لۆبییە ڕاوێژکارییەکانه‌وه‌ دەکەن و گرێبەستیان لەگەڵ واژوو دەکەن، زیاتر حکوومەت، کۆمپانیاکان، کەسایەتى و حزب و لایەنە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستن. سروشتى گرێبەستەکان گرێبەستى مانگانە و ساڵانەیە، یاخود بۆ کار و پڕۆژەیەکى تایبەت داواى پشتگیرى لە کۆمپانیا لۆبییەکە دەکرێت. بۆ نموونە لە کاتى بوونى پرۆژەیاسایەک لە کۆنگرێس دەربارەى باج یاخود سنووردارکردنى بوارێکى بازرگانى، یان هەر بابەتێکى پەیوەندیدار بە پشتگیریى دارایى و لیستى تیرۆر، ئەوا کۆمپانیا یاخود وڵاتێکى دیاریکراو داوا لە یەک کۆمپانیا، یان چەند کۆمپانیایەک دەکات بۆ ئەوەى لەو بوارەدا هاوکارى بکەن.  

دەرەنجام:

کارى لۆبى لۆبیكاری لە کاتى ئێستادا زیاتر شێوە بازرگانییەکەى باوە، کە کۆمپانیا لۆبییەکان کارەکانیان چوارچێوەیەکى وای وەرگرتووە و بە شێوەیەک بانگەشەى بۆ دەکەن کە لە ڕێگه‌ى خزمەتگوزارییەکانى ئەوانەوە، دەکرێت ئامانج و بەرژەوەندیى کۆمپانیا و حکوومەتەکان بپارێزرێت و، لەسەر بنەماى تۆڕى پەیوەندییەکانیان تواناى ئەوەیان هەیە ئەو ئەرکەى پێیان دەسپێردرێت دەرەنجامەکەى بەدەست بهێنن. هەروەها هاوشێوەی هەر کۆمپانیایەکى تر بازرگانى بە خستنەڕووى باکگراوندى ئەو کەسانەى لە کۆمپانیاکەیان کار دەکەن، وەک بەرپرسان و باڵیۆزانى پێشوو، کە قوڕسایییەکى وایان هەیە دەتوانن کاریگەرى لەسەر بڕیار و پڕۆژە و سیاسەتەکانى کۆنگرێس و ئیدارە دروست بکەن کە لە بەرژەوەندیى بریکارەکانیان بێت. ڕێژە و ئاستى کاریگەریى کۆمپانیا لۆبییەکان بە بەراوردکردنى بەو سەرمایەى کە پێیان دەدرێت، لە بەشى دووەمى بابەتەکەمان لە داهاتوودا دەیخەینە ڕوو.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples