لۆبیكاری (بەشى دووەم)

لۆبیكاری (بەشى دووەم)

          

تۆفیق ڕەحمان مەنتک، ماستەر لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

پێشەکى

لە بابەتەکانى پێشووماندا بە شێوەیەکى گشتى باسمان لە کارى لۆبى و شێوازى چالاکییان کرد، بەڵام ئەوەى کە پێویستە زیاتر بۆ خوێنەران بخرێتە ڕوو، ڕێژەى کارتێکردنى کارى گرووپە لۆبییەکانە لە سیاسەت و ستراتیژیى حکوومەتە بیانییەکان، بەتایبەتى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، چونکە پێگەى ئەمریکا وەک تاکە زلهێزى جیهان، کاریگەریى بڕیار و ستراتیژییەکان لەسەر سیستەمى جیهانى لە ڕووى بازرگانى و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وای کردووە، کە زۆرترین گرووپى لۆبى لە واشنتۆن کار بکەن  و بەرنامە و ستراتیژى بۆ حکوومەت و کۆمپانیا بیانییەکان ئامادە بکەن. تەنیا پرسیارێک کە جێگەى تێڕامانى لێکۆڵەران و تەنانەت خەڵک بەگشتییە ئه‌وه‌یه‌ کە "ئایا تا چ ڕێژەیەک کارى گرووپە لۆبییەکان کارتێکردنیان هەیە؟" ئەمەیش بە بەراوردکردنى بەو سەرمایە زۆرەى کە لە بوارى کارى لۆبیدا خەرج دەکرێت. بۆیە کارى لۆبى دوو لێکدانەوەى هەیە: یەکەمیان بۆچوونى میدیا و ڕاى گشتییه‌، کە گرووپە لۆبییەکان تەنیا دەتوانن کارى ڕاوێژکارى ئەنجام بدەن و توانایەکى زۆر سنوورداریان بۆ کارتێکردن لە سیستەمى بڕیاردان هەیە. دووەمیان بۆچوونى ئەو لایەن و کەسانەن کە کۆمپانیا لۆبییەکان بەکرێ دەگرن؛ بە تێڕوانینى ئەوان کۆمپانیا لۆبییەکان داینەمۆى سەرکەوتنن.

پرۆفسیۆر لیستەر میلبرات و هاوڕێکانى لە American School of Communication ئەوە دەخەنە ڕوو، کە گرووپە لۆبییەکان کاریگەرییەکى ئەوتۆیان لەسەر پرۆسەى بڕیاردانى بەرپرسان و یاسادانەران نییە. گرووپە لۆبییەکان وا وێنا کراون کە کارەکانیان تەنیا هەوڵێکى شەرمنانە و ئاستنزمە بۆ پەیوەندیکردن بەو بەرپرس و ئەندامانەى کۆنگرێس و سینات کە تێڕوانین و بیروبۆچوونەکەیان هەمان تێڕوانین و بیروبۆچوونى بریکارەکانیانە و، گرووپە لۆبییەکان تەنیا وەک نووسینگەیەکى خزمەتگوزارى کار دەکەن. گرووپە لۆبییەکان تەنیا ئەرکیان گواستنەوەى زانیارییە بۆ فراوانکردن و پێدانى زانیاریى زیاتر بە بڕیاربەدەستان و، لە ڕاستیدا هیچ کاریگەرییەکى ئەوتۆیان نییە و، زانیارییەکانیان زۆر جار نادروست و بە شێوەیەکى بێسه‌روبه‌ر ڕێک خراوە.

لاوازیى گرووپە لۆبییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوان کارى لۆبى ناکەن، بەڵکوو تەنیا پەیوەندى بەو بەرپرس و یاسادانەرانە دەکەن کە پێشوەختە ڕەزامەندن یاخود پشتگیرى لە پڕۆژەبڕیارەکە دەکەن، بەبێ ئەوەى هەڵوێستى خۆیان بگۆڕن. ئەم قوتابخانەیە هانى ئەوەى داوە کە زیاتر لێکۆڵینەوە لەسەر شێوازى کارى نێوخۆى گرووپە لۆبییەکان بکرێت. نیکۆلاس ئالارد لە لێکۆڵینەوەکەى دەربارەى گرووپە لۆبییەکان لە ئەمریکا کە "ئایا کارى لۆبى، کارێکى شەرەفمەندانەیە؟" ئەوە دەخاتە ڕوو کە نابێت هاووڵاتیان تەنیا سەیرى بێلایەنیى یاسادانەران و گرووپە لۆبییەکان بکەن بۆ پاراستنى بەرژەوەندیى گشتى، بەڵکوو ڕاستترین میکانیزم لە پرۆسەى سیاسیدا ئەو پێشبڕکێیەیه‌ کە کامەیان ڕاستە. هیچ گرووپێکى لۆبى نییە کە بتوانێت تەواوى زانیارییەکان یاخود سەرچاوه‌ى زانیارییەکان لە لاى خۆى گڵ بداتەوە. یاسادانەرەکان و یاریدەدەرەکانیان بۆ پڕۆژەیاسا و لێکۆڵینەوە و بڕیارەکانیان، بە هیچ شێوەیەک پشت بە تەنیا یەک سەرچاوەی زانیارى نابەستن. ئەوان جگە لە لێکۆڵینەوە و گەڕان بە دواى زانیارى لە لایەن خۆیانەوە، پشت بە زانیارییەکانی دامەزراوەکانى وەک سەنتەرى لێکۆڵینەوە و داتاى نێو کۆنگرێس دەبەستن. بۆیە کاتێک گرووپە لۆبییەکان پەیوەندى بە ئەندامانى کۆنگرێس و سینات دەکەن بۆ پێدانى زانیارى و بیروبۆچوونى بریکارەکانیان لەسەر پڕۆژەیاسا و بڕیارێک، تەنیا دەبنە یەکێک لە سەرچاوەکانى زانیارى؛ چونکە ئەندامانى کۆنگرێس پشت بە زۆر سەرچاوەى فراوانى زانیارى دەبەستن و، هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئەو یاسایەى کە دەردەچێت ڕەنگدانەوەى داواکاریى بریکارى گرووپە لۆبییەکان بێت.

ئەندامانى کۆنگرێس و سینات مافى ئەوەیان هەیە گوێ لە هەر کەسێک بگرن، بەڵام هیچ پابەندبوونێک نییە کە ئەو بیروبۆچوونانە بەجددى وەربگیرێن. هاوکات هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەى کە دەردەچێت، زۆر بەئاسانى دەتوانرێت بە هەمان ئەو پرۆسەیه‌ى کە یاساکەى پێ دەرچووە، هەموار بکرێتەوە یاخود ڕەت بکرێتەوە. سروشتى ئەو پرۆژەیاسا و بڕیارانەى لە کۆنگرێس دەدەرچێت ئەوەیە کە فرەڕەهەندن؛ واتە پەیوەندییان بە زۆر دامەزراوە و گرووپه‌وه‌ هەیە کە بەرژەوەندیى جیاوازیان هەیە؛ بۆ نموونە: یاساى بیمە و چاودێریى تەندروستى، پەیوەندیى خەڵکى ئاسایى، پزیشک و کارمەندانى تەندروستى و کۆمپانیاکانى بوارى خزمەتگوزارى و بیمەى تەندروستی و هتد. بۆیە لە کاتى بوونى گفتوگۆ لەسەر هەر پڕۆژەیاسایەکى تەندروستى، ئەوا هەموو ئه‌و لایەنانە بە شێوەى جیاجیا، کارى لۆبى ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەى بەرژەوەندیەکانیان پارێزراو بێت. باشترین نموونەیش ئەوە بوو کە لەگەڵ دەستبەکاربوونى ترامپ، هەروەک لە هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکان بەڵێنى دابوو کە یاساى چاودێریى تەندروستیى سەردەمى ئیدارەى ئۆباما هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەوە بوو کە بەڵێنەکەى خۆى بردە سه‌ر. سەرەڕاى ئەوەى کە چەندین جار لە کۆنگریس و سینات ئاستەنگى بۆ هاتە پێش، بەڵام توانیى یاساکە بگۆڕێت. تێڕوانینى بەشێکى زۆر لە دیموکراتەکان وا بوو، کە ئەم یاسایەی کە لە سەردەمى ترامپ دەرچووه‌، زیاتر لە بەرژەوەندیى کۆمپانیاکانە؛ تەنانەت سیناتۆر جۆن مەککین، کە سیناتۆرى باڵاى کۆمارییەکانه،‌ دژى بڕیارى حزبەکەى و ترامپ وەستایەوە و دەنگى بە یاساکە نەدا.    

لە لایەکى دیكەوە، بەتایبەتى دامەزراوە میدیایییەکان، لە ڕێگه‌ى ڕاپۆرتەکانیانه‌وه‌ بە شێوەیەکى بەردەوام ئەوە دەخەنە ڕوو کە گرووپە لۆبییەکان کاریگەرییان زۆرە. ڕۆژنامەنووسەکان تێبینیى ئەوەیان کردووە کە گرووپە لۆبییە پرۆفیشناڵەکان کاریگەریى زۆریان لەسەر داڕشتنى سیاسەت هەیە، بەڵام بە هۆى ئەوەى کە تێڕوانینەکانیان لە یەک گۆشەنیگا و بە یەک ئاڕاستەیە، ناتوانرێت ڕێژەى ئەو کارتێکردنە بسەلمێنرێت. هەر دوو وەزیرى بریتانى، دەیڤید کلارک و کلێر شۆرت، نیگەرانیى خۆیان دەربڕیبوو کە گرووپە لۆبییەکان خۆیان لە ڕاوێژکارە تایبەتییەکان و وەزیرەکان نزیک دەکەنەوە کە جووڵەکانیان هاوشێوەى مێروولەیەکه‌ كه‌ بە دەورى دووکەڵێکدا خول بخواتەوە. بۆیە داوایان کردبوو کە پێویستە ڕاوێژکار و وەزیرەکان پەیوەندیى ڕاستەوخۆیان لەگەڵ گرووپە لۆبییەکان نەبێت. دوازدە وەزارەت لە بریتانیا نەیانتوانیبوو بە شێوەیەکى دروست وەڵامى پرسیارەکانى پەرلەمان دەربارەى کۆبوونەوەى وەزیر و ڕاوێژکار و بەرپرسانى تر لەگەڵ گرووپە لۆبییەکان بدەنەوە؛ تەنیا ئەوە خرابووە ڕوو کە هەر کۆبوونەوەیەک ئەنجام درابێت، ئەوا لە چوارچێوەى یاسا و ڕێنمایییەکانى کارى مەدەنى و وەزارى و ڕێنمایییەکانى کارمەندانى حکوومەت بووە.

لی دراتمەن (Lee Drutman)، نووسەرى کتێبى "بزنس لە ئەمریکا ماناى لۆبیکردنە" (The Business of America is Lobbying)، لە وتارەکەیدا لە ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆست دەربارەى لۆبى دەڵێت: "بەپێى ئەو داتایانەى لەبەردەستدان، هیچ پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆ نییە لە نێوان قەبارەى ئەو سەرمایەى لە بوارى کارى لۆبیدا خەرج دەکرێت لەگەڵ ڕێژەى کارتێکردن و کاریگەرى لەسەر بڕیار و سیاسەتەکانى حکوومەت؛ بەڵام ئەوە نابێت ببێتە هۆى دروستبوونى تێگەیشتنێکى نادروست کە سەرمایە هیچ کاریگەرییەکى نییە، بەڵکوو بە هۆى سەرمایەى زۆرەوە دەتوانرێت زۆرترین کۆمپانیاى لۆبى بەکرێ بگیرێت و لەسەر زۆرترین بواردا کار بکەن. ئەوەى کە زۆر لە دەرەوەى ئەمریکا دەبینرێت و باسی دەکرێت، لۆبیى حکوومەتە بیانییەکانە، بەڵام ئەگەر سەیرى قەبارەى ئەو پارانە بکرێت کە لە بوارى لۆبیدا خەرج دەکرێت، ئەوا زیاتر ئەو گرووپ و کۆمپانیایەن کە لە ناوخۆى ئەمریکادا هەن؛ چونکە ڕێژەى زۆرى ئەو یاسا و ڕێنمایییانەى کە لە لایەن کۆنگرێس و سینات و ئیدارەوه‌ دەردەچێت، زیاتر پەیوەندارە بە نێوخۆى ئەمریکاوه‌. بۆیە کۆمپانیا لۆبییەکان جگە لە بازاڕى دەرەوەیان کە حکوومەتە بیانییەکانن، ئەوا بازاڕێکى ناوخۆییى گەورەیان هەیە کە پەیوەندیى بە بەرژەوەندیى  گرووپ و کۆمپانیا ناوخۆیییەکان هەیە؛ بەپێى ئەو ئامارانەى بەشێکى زۆر لە کۆمپانیاکان ڕێژەیەکى قازانجەکانى خۆیان بۆ بەکرێگرتنى کۆمپانیا لۆبییەکان داناوە، کە هەندێکیان لە ٣٤ دۆلار، بڕى ٢ دۆلار بۆ خەرجیی لۆبى دادەنێن.

لە مێژووى کارى کۆمپانیا لۆبییەکاندا زۆر جار گەندەڵیى زۆر گەورە ئاشکرا بووه‌، کە کۆمپانیا لۆبییەکان بە ناوى کۆنگرێسمانەکان بە ناوى پشتگیرى بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنى کۆنگرێسمانەکان پارەیان لە کۆمپانیاکان وەرگرتووە و، یەکێک لە گەورەترین ئابڕووچوونەکانى کارى لۆبى لە ئەمریکا دەنگى دایەوە،  جاک ئەبرامۆف و لۆبیى هیندییەکان لە ساڵى ٢٠٠٥ بوو، کە بڕى نزیکەى ٨٥ ملیۆن دۆلاریان لە هیندییە ئەمریکییە ڕەسەنەکان وەرگرتبوو وەک پشتگیریى دارایى بۆ کۆنگرێسمان بۆب نەیى لە کۆمارییەکان و، دوو کەسى تر کە بۆ کۆنگرێسمان تۆم دیلەى کاریان دەکرد. کۆمپانیا لۆبیکارەکە واى لە بریکارەکان گەیاندبوو کە ئەم پارەیەى کە وەرى دەگرن بۆ کۆنگرێسمانەکانە و، ئەمەیش دەبێتە گرێنتییه‌ك کە کۆنگرێس ئەو یاسایەى کە دەرى دەکات ڕێگە بە ئەمریکییە هیندییە ڕەسەنەکان بدات ئەو زەوییەى لە نزیک گازینۆیەکەیانە سوودى لێ وەربگرن، بەبێ ئەوەى هیچ ڕێگرییەکى یاسایییان بێتە بەردەم. ئەم بابەتە دواى ئەوەى کە گەیشتە ڕۆژنامەکان، بووە هۆى ئه‌وه‌ی کە لە لایەن لێژنەى تایبەتەوە لێکۆڵینەوەى لەسەر بکرێت.  لە ئابى ٢٠١٠ لێکۆڵینەوەکانى فیدراڵى کە ماوەى نزیکەى ٦ ساڵى خایاند کۆتایى هات و، کۆنگرێسمان تۆم دیلەى لە ساڵى ٢٠١١ بڕیارى دادگه‌ى بەسەردا سەپێنرا کە به‌ندکردن بوو بۆ ماوەى سێ ساڵ بە تۆمەتى وەگرتنى بەرتیل و کارى ئینقلابچێتى. ئەو کارەى کە ئەبرامۆف کردى، زیاتر بە هۆى پەیوەندیى تایبەتى خۆى بوو لەگەڵ کۆنگرێسمانە کۆمارییەکان و، کارەکانى لەو چوارچێوەیەدا خۆى دەبینێتەوە کە کۆمپانیا لۆبییەکان وا خۆیان نیشان دەدەن کە دەتوانن بەرژەوەندیى بریکارەکانیان لەنێو ئەو یاسایانەى کە لە کۆنگرێس و سینات دەردەچێت بپارێزن.

کۆبەند:

هەرچەندە هیچ لایەک لەو دوو گرووپانەى سەرەوە بە شێوەیەکى ڕەهایى ئەوە ناسەلمێنێت کە ئایا گرووپە لۆبییەکان پێویستن یاخود پێویست نین، بەڵام هەردووکیان هاوڕان کە لە هەندێک بابەت و دۆخى تایبەت، بوونى گرووپە لۆبییەکان گرنگە. هاوکات ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت بە هۆى ئەوەى کە بەپێى یاسا کارى تەواوى گرووپە لۆبییەکان لەژێر چاودێریدایە، بۆیە هەر کاتێک کەسێکى لۆبیکار یاخود کۆمپانیایەکى لۆبى، چالاکییەک، یان کارێکى بۆ حکوومەتێکى بیانى، یان گروپێک ئەنجام دا کە پێچەوانەى سیاسەت و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا بێت، ئەوا هیچ گومان لەوەدا نییە کە ڕاپێچى دادگه‌ دەکرێت. ئەمە تەنانەت خودى سەرۆکى ئەمریکا و بەرپرس و کەسە نزیکەکانى دەگرێتەوە. ڕۆبەرت مۆلەر، بەڕێوەبەرى پێشووى ئێف بى ئاى، لە مانگى مایسى ٢٠١٧ لە لایەن داواکارى گشتیى ئەمریکاوه‌ وەک سەرۆکى لێژنەى لێکۆڵینەوە لە بابەتى دەستێوەردانى ڕووسیا لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى ئەمریکا لە ساڵى ٢٠١٦ و، پەیوەندیى نێوان تیمى بانگەشەى هەڵبژاردنى ترامپ و ڕووسەکان دەستنیشان کراوە. لە کاتى ئێستادا تەنانەت ترامپ خۆى و کوڕەکەى و، بەشێک لەو کەسانەى لەگەڵى کار دەکەن لە لایەن ڕۆبەرت مۆلەره‌وه‌ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. باشترین نموونەى زیندوویش لە کاتى ئێستادا پۆل مانفۆرت، بەرپرسى هەڵمەتى بانگەشەى ترامپ لە کاتى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى ئەمریکا لە ٢٠١٦، كه‌  ئێستا به‌ تۆمەتى لۆبیکردن بۆ سەرۆکى پێشووى ئۆکراینا، ڤیکتۆر یانیکۆڤیچ و، پەیوەندى لەگەڵ لایەنە ڕووسییەکان زیندانى کراوە.

ئێمە لە کۆتاییدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ڕێژەى کارتێکردنى گرووپە لۆبییەکان لە پرۆسەى بڕیاردان و یاسادانان لە ئەمریکا، ڕێژەیەکى زۆر نزمە، بەتایبەتى ئەوەى پەیوەندیى بە سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکاوه‌ هەیە. هەروەها سەرنەکەوتنى حکوومەتە بیانییەکان لە کارى لۆبیدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى بە ڕێژەى ڕەها پشت بە کۆمپانیا لۆبییەکان دەبەستن؛ ئەمە لە کاتێکدا دەتوانن زۆر کارتى گوشارى زیرەکتر جگە لە کۆمپانیا لۆبییەکان بەکار بهێنن. هاوکات زۆربەى حکوومەتە بیانییەکان لە ڕوانگەى کاریگەرییەکانى لۆبیى ئیسڕائیلى لەسەر سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا، لە کۆمپانیا لۆبییەکان دەڕوانن، بەڵام کارى لۆبیى ئیسڕائیلى لە ئەمریکا شێوەیەکى دامەزراوەییى ستراتیژیى وەرگرتووە. لە شێوەى تۆڕێکى جاڵجاڵۆکەیى، هەموو جومگە گرنگەکانى گرتووە؛ بە گۆڕینى سەرۆکى ئەمریکا و زۆرینەى کۆمارییەکان یاخود زۆرینەى دیموکراتەکان، ڕۆڵ و پێگەیان لاواز نابێت. هەروەها لۆبیى ئیسڕائیلى لەوە دەرچووە کە کاریگەرییەکانى بە قەبارەى خەرجییەکانى پێوانە بکرێت. پێویستە حکوومەتە بیانییەکان ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە لە بیر و ستراتیژیى خۆیان لا ببەن کە بە گرتنى چەند کۆمپانیایەکى لۆبى، دەتوانن کاریگەری و کارتێکردنى فراوانیان لەسەر سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا هەبێت.

سەرچاوەکان:

  • لی دراتمەن، ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆست، ٢٠١٥.
  • ستیڤ جۆن، (The Persuaders, When Lobbyists Matter)، ٢٠٠٢.
  • نیکۆلاس ئالارد، ئایا کارى لۆبى کارێکى شەرەفمەندانەیە، ٢٠٠٨.

 

 
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples