"کورد لەو وڵاتانەدا، نابێ جیا بکرێتەوە، بەڵکوو پێویستە جێیان بکرێتەوە"*

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 

بەیانیتان باش جەنابى سەرۆککۆمارى عیراقى فیدراڵ بەڕێز د. بەرهەم ساڵح!

ئامادەبووانى بەڕێز، بەیانیتان باش!

هەموو لایەکتان بە خێر بێن!

خۆشحاڵم کە ئەم بەیانییە، بابەتێکى زۆر گرنگ (ئاشتى و ئاسايش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست) هەموومانی لەم ديداره‌دا کۆ كردۆتەوە، هەموولایەكتان بەخێر بێن. پێشەكی دەمەوێ زۆر سوپاسى زانكۆى ئه‌مريكيى كوردستان له‌ دهۆك و ڕێكخه‌رانى ئه‌م ديداره‌ بكه‌م بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌م بابه‌ته‌ گرنگە و هيواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ دەخوازم و هیوادارم ئەم كۆنفرانسە ئەنجامێكی باش بەدەستەوە بهێنێ و پێم وایە كە بابەتێكی زۆر زۆر گرنگە كە ئەم بابەتە لە هەرێمی كوردستان و لە هەولێر و لە عیراق باسی لەسەر بكەین.

هەروەها ئەمڕۆ 16ى نۆڤەمبەر، ڕێکەوتى ڕۆژى جیهانیى لێبوردەییيه‌. لەم بۆنەیەدا هیوادارم بە دانایى و کارى هاوبەش و پێکەوەیى، لە نـاوچـەکـە و لە تەواوى جیهان، هەموومان پێکەوە بتوانین کولتوورى لێبوردەیى، پێكه‌وه‌ژيان و یەکترقبووڵکردن فراوانتر بکەین و لە سایەیدا ئارامى و سەقامگیریى زیاتر بۆ مرۆڤایەتى لە هەموو جیهان بەدەست بێت. ئاشتى و پاراستنى ئاسايش و سه‌قامگيرى، پێداویستیى هەرە لەپێشى ئێستا و داهاتووى ناوچەی ئێمەیە، ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەتایبەتی و جیهان بەگشتی. لەم قۆناغە هەستیار و ڕاگوزەرەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، بردنەوەى ئاشتى و پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرى، تەحەدییەکى زۆر گەورە و بەرپرسیاریەتیى هاوبەشە بۆ هەموو ئەو وڵاتانە و ئەو گەلانەی كە لە ناوچەكەدا دەژین.

چۆن ئاشتی بپارێزین و چۆن براوە بین؟

بەڕێزان!

بە پێناسە و مانایەکى سەرەتایى: ئاشتی، واتە نەبوونی جەنگ و کوشتار، نەبوونى تیرۆر و توندوتیژى، واتە هەبوونی تەبایی و پێکەوەژیان. بەڵام ئاسایش مانایەكی فراوانتری هەیە لە نەبوونی جەنگ. ئاسایش هەموو لایەنەکانی ژیان دەگرێتەوە. ئاسایشی ئابووری، ئاسایشی خۆراک، ئاسایشى ئاو، ئاسایشى وزە، ئاسایشی کۆمەڵایەتى و ئاسایشى ژیان. زۆر لەو بوارانەش دەکرێ ببنە هۆکارى لێکگەیشتن و هاریکاریى هاوبەش لەنێوان وڵاتاندا، بۆ نموونە هەردوو بوارى ئاو و وزە لەنێوان عیراق، ئێران، تورکیا و سووریادا. ئەوەی لێرەدا دەمەوێ باسی بکەم، ئاسایشە بە مانا فراوانەکەی. دەکرێ ئەگەر شەڕیش نەبێت کۆمەڵێک هۆکار ببن بە هەڕەشە و خەڵک بخەنە ترس و دڵەڕاوکێوە. ئەگەر دۆخی ئێستا وەرگرین بە نموونە، ڤایرۆسی كۆرۆنا و پەتای كۆڤید 19 و لێكەوتەكانی دوای ئەوە لە هەموو بوارەكاندا.

هەر وڵاتێک کە لە شەڕ ڕزگاری دەبێت، بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت:

یەکەم: کۆتاییهێنان به‌ جەنگ و پاراستنی ئاشتییە.

دووەم: بنیاتنانەوەی متمانەیە، بە جۆرێک لایەنەکان نیازپاکی بەرانبەر یەکتر پیشان بدەن.

سێیەم: بنەبڕکردنی هۆکارەکانی شەڕ و نەگەڕانەوەیە بۆ دۆخی جەنگ.

عیراق ئێستا لە قۆناغی دوای جەنگ و زامنکردنی ئاشتیدایە، هەر بۆیەش هەنگاوی یەکەم بریتییە لە کۆتاییهێنان و بنەبڕکردنی هۆکارەکانی ناسەقامگیری و پاراستنی ئاشتی. ئێمە لە عیراق لە قۆناغی یەکەمداین، واتە جەنگێکی نەخوازراومان دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئه‌نجام داوە. له‌سه‌ر زه‌وى شتێك به‌ ناوى خه‌لافه‌تى ئیسلامیی داعش نه‌ما، بەڵام هێشتا ئەرکێکی زۆرمان لەسەر شانە و ڕێگایەکی دوورمان لەپێشە بۆ چەسپاندنی ئاساییش، بەتایبەتى چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفتانەی کە بواریان بۆ سەرهەڵدان و بەهێزبوونه‌وه‌ی داعش لەم ناوچەیە ڕەخساند. لەم قۆناغەدا بە هاوکاریی دۆستان لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، توانیمان لەڕووی سەربازییەوە بەسەر داعشدا سەرکەوین.

لەسەر ئاستی ناخۆ، بە پشتیوانیی پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانی عیراق، لەسەر ئاستی ناوچەیی، بە هاوکاریی وڵاتانی دراوسێ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، سەرکەوتین. ئەم سەرکەوتنە، پەیامێكمان دەداتێ، ئەویش ئەوەیە کە دەستەبەرکردنی ئاسایش، پێویستی بە کارى هاوبەش و هاوکاریی هەمووانە و لە چەسپاندنی ئاشتیدا هەموومان سوودمەند و براوە دەبین. ئەو پەیامەشمان دەداتێ: کە پێکهاتەیەکى سه‌ره‌كى لە وڵاتێكدا له‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردن هاوبه‌ش نه‌بێت، دەتوانێ سەربکێشێ بۆ دروستکردنی ئاژاوەیەک کە لەسەر ئاستی ناوخۆیى و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هەڕەشە لە ئاسایشی هەموومان دەکات.

بەڕێزان!

سیستمى ئاسایش، یان مەنزوومەى ئەمنی و سەقامگیرى لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێکەوە پەیوەست و گرێدراوە. با وەک بیرهێنانەوەیەک، ئەم نموونەیە باس بكەین: زنجیرەیەک خۆپیشاندان لە سووریا ڕوویان دا کە لە سەرەتاوە گوێیان بۆ نەگیرا و بە هەند وەریان نەگرت، دوای چەند مانگێک، ئەو وڵاتەیان تووشی ناسەقامگیری کرد، سەرەنجام سەری کێشا بۆ شەڕى ناوخۆ، بەڵام ئەم شەڕە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر عیراقیش دروست کرد. ناوەڕاست و ڕۆژئاواى عیراق کە بە دەست کەمیی خزمەتگوزارییەوە گیرۆدە بوون، زەمینەیەکى لەبارى دروست كرد بۆ دزەکردنی داعش بۆ ناو خاکی عیراق. داعش دووریی نێوان خەڵک و حکوومەت و نیگەرانی و ناڕەزاییی خەڵکی قۆستەوە و پانتایيیەکی زۆری لە خاکی عیراق داگیر کرد، ئەوەش بووە هەڕەشە بۆ سەر هەموو پێکهاتەکانی عیراق. بووە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بووە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ئەورووپا و کۆی سیستەمی نێودەوڵەتی.

ئەگەر سەرنج بدەین، ناسەقامگیری لە سووریا کاریگەری هەیە لەسەر دۆخی ئاسایشی تورکیا، ناسەقامگیری لە تورکیا و ڕاوەستانى پرۆسەی ئاشتی، کاریگەری هەیە لەسەر دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی ناوچەکە. ئەگەر تەماشایەکی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین و سەرنجی هەریەک لە یەمەن، لوبنان، سووریا، سوودان، جەزائیر، توونس و لیبیا بدەین، بە ڕوونی دوو ڕاستیمان بۆ دەردەكەوێت:

یەکەم: هەڕەشەکان لە دەرەوەی وڵاتەکەوە نەهاتوون. هەڕەشەکان دەرەکی نین!

دووەم: ئەوەی کە بۆتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەریەک لەو وڵاتانە، وڵاتێکی دیکە نیيە، بەڵکو پێکهاتەیەک، یاخود لایەنێک لەناو خودی وڵاتەکەدایە.

ئەگەر تەماشای وڵاتانی ئێران، عیراق، سووریا و تورکیاش سەبارەت بە پرسى کورد بکەین، دووبارە ئەمە پرسێکى ناوخۆییی هەریەک لەو وڵاتانەیە. پێویستە هەریەک لەو وڵاتانە لە چوارچێوەی سنوورى خۆیدا چارەسەركردنی كێشەكە بە گرنگییەوە وەرگرێت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

ئاماده‌بووانى بەڕێز!

کورد لەو وڵاتانەدا، نابێ جیا بکرێتەوە، بەڵکوو پێویستە جێیان بکرێتەوە. بەپێی سەنگی خۆی، هاوبەشى و بەشداری پێ بکرێت و بواری پێ بدرێت لە دروستکردنی بڕیاردا، هاوبەش و بەشدار بێت. نەتەوەکانی کورد و فارس، عەرەب و تورک، پێش ئەم دەوڵەتانەی ئێستا (لە تەمەنیاندا كە یەك سەدە دەگوزەرێت) هەر هەبوون، پێکەوە مێژوو و جوگرافیاى هاوبەشیان هەیە، بەدڵنیاییشەوە ئەم نەتەوانە وەک دراوسێ پێکەوە دەمێننەوە. بۆیە جگە لەیەکترقبووڵکردن و پێکەوەهەڵکردن، بژاردەیەکی دیکەمان نییە.

جەنگ و کوشتار و زمانی هێز، هەرچەند درێژە بکێشێت، لە کۆتاییدا هه‌ر دەبێ دەست بە دانوستان و گفتوگۆ بکرێتەوە. هەوڵی یەکترسڕینەوە، هەرچەند توند بێت و درێژە بکێشێت، لە کۆتاییدا هەر دەبێ یەکترى بخوێنینەوە و ئەو ڕاستییە بهێنینەوە بیری خۆمان کە کەسمان بڕیارمان نەداوە لێرە بڕۆین، کەسمان ناتوێینەوە. بۆیە، پێکەوەژیان لە چوارچێوەى یەک دەوڵەت لە یەک ناوچەدا، لەسەر بنەمای هاوبەش، تەنها ڕێگەی چارەسەرمانە.

ئێستاش کە نەتەوەکانی فارس و تورک و عەرەب لەم ناوچەیە خاوەن دەوڵەتن، ئەرکی ئەوانە مافی کورد و پێکهاتەکانى دیکە لە چوارچێوەی دەوڵەتەکانی خۆیاندا بدەن. مافی کولتووری، مافی سیاسی و مافی کۆمەڵایەتی.

سەبارەت بە دۆخی عیراقیش، ئێستا لە ساتەوەختی دوای هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانى عیراقداین. ئەم هەڵبژاردنە شەش مانگ پێش وادەی خۆی کرا، هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو، ئەوەش داواكاريی خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ بوو. لێرەدا دەبێ هەڵوەستەیەک بکەین و تەماشایەکی عیراقی پێش داعش و عیراقی دوای داعش بکەین و ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین:

ـ ئایا ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش، بنەبڕ کراون؟!

وەڵامەکەى زۆر ئاسانە:

ـ نەخێر!

هەڵبژاردنی پێشوەختە، داواکاریی خۆپیشانده‌ران بوو! چه‌ندين داواکاریی ديكه‌ش هه‌ن وه‌ك باشترکردنى بژێوى ژیان و خزمەتگوزارى و ڕەخساندنى دەرفەتى کار، بنەبڕکردنی گەندەڵی، دەستپێکردنی چاکسازی و ڕەخساندنی بەشدارییەکی کارا لە حکوومەت! زۆرێك لەمانە دەبێ وڵام بدرێنەوە. ئێستا کاتێکی گونجاوە کە جارێکی دی ئاوڕێکی جددی لە داوای ڕەوای خەڵک بدرێتەوە، هەر ئەمەش زامنی ئاسایش و پارێزەری ئاشتی و سەقامگیرییە لە وڵاتەكەماندا. لەسەر ئاستی عیراق، ئاسایش و سەقامگیرى کاتێک بەرقەرار دەبێت کە هەموو پێکهاتەکان هاوبەشى و بەشدارییەکی ڕاستەقینەیان هەبێت لە دروستکردنی بڕیاردا. ئاشتی کاتێک دەپارێزرێت کە حکوومەتی فیدراڵ بە جددی کار لەسەر داواكارییەكانی هاووڵاتییانی عیراق بکات، سیاسەتی هاوبه‌شى و بەشداریپێکردن، په‌ره‌ پێ بدات.

وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم بۆ کرد، ئێمە لە عیراقی دوای داعشداین و لەڕووی سەربازییەوە سەرکەوتنمان بە دەست هێناوە، بەڵام دوو قۆناغی دیكەمان لەپێشە: قۆناغی دروستکردنەوەی متمانە و قۆناغی بووژاندنەوە و خزمەتگوزاری. گەڕاندنەوەی متمانە بە هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عیراقدا دەبێت، بەتایبەتیش سێ پێکهاتەی کورد و سوننە و شیعە کە ئەمانە جوگرافیای سیاسیيان هەیە، لەگەڵ ڕەچاوکردنى ماف و ڕۆڵ و پێگەى هەموو ئەو پێكهاتانەی دیكە كە لە عیراق دەژین.

بۆ نموونە: بە هاوبەشی ئیدارەدانی ناوچەکانى ماددەى 140ى دەستوور لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عیراق بۆ ڕێگرتن لە تەشەنکردنەوە و خۆڕێکخستنەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان زەروورەتێكی ئێستایییە، ئەمەش بە سپاردنی یەك شت دەبێت، بە سپاردنی متمانە دەبێت بەیەكەوە. لایەنێک دەبێ سەرەتا متمانە بسپێرێت. ئێمە وەک هەرێمی کوردستان ئەو داوایە دەکەین و ئامادەییى ئەوەمان هەیە دەسپێشخەر بین لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا. هەنگاوی دوای ئەوەش، بریتییە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و وەڵامگۆیی بۆ داواکارییەکانی خەڵکی ئەو ناوچانە و بووژاندنەوە و گەڕاندنەوەی ژیان بۆیان. ئەمە دەبێ ئەولەویەتی کاری کابینەی داهاتووى حکوومەتى فیدراڵیی عیراق بێت. ئاواره‌كان دەبێ بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان و ئاسايش و سه‌قامگيرى و ژيان و كه‌رامه‌تيان دەبێت پارێزراو بێت.

بە کورتى عیراق کاتێک ئارام و سەقامگیر دەبێت و عیراقییەکان کاتێک بە ئاشتی دەتوانن بژین کە ناسنامەیەکى کۆکەرەوەى گشتگیر لەسەر بنەماى هاووڵاتیبوون و مافە دەستوورییەکانی هەموو پێكهاتەكان و بۆ هەموو نەتەوە و ئایینیەکان هەبێت. هەمووان بە دڵخوازى، بە وڵات و جوگرافیایەکەوە ببەستێتەوە و وابەستەیى و ئینتيمایان بـۆ هـەبێت کە پێى دەگوترێت عیراق. بۆ ئەمەش لە عیراق هەموو توانایەکى مرۆیى، ماددی، سروشتى و بنەماى دەستوورییەكان وەک نەخشەڕێگەیەک هەمانە! تەنیا دانایى، ئیرادە و بڕیارى سیاسیمان پێویستە بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئامانجە.

بەڕێزان!

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێ سەردەکەوێت و كێ براوە دەبێت؟ ئەوانەی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەدا سەردەکەون و براوە دەبن، سێ پۆلن:

یەکەم: ئەوانە براوە دەبن کە لێناگەڕێن شەڕێکی نەخوازراو بەرۆکیان بگرێت و هەمیشە وەڵامگۆی داواکاریی هاووڵاتییانی خۆیان دەبن.

دووەم: ئەوانە براوە دەبن، کۆتایی بە شەڕێکی نەخوازراو ده‌هێنن کە بەرۆکی گرتووە. بڕیاری پێکەوەژیان و ئاشتەوایى و لێبوردەیى دەدەن و لەگەڵ ئاشتیدا خۆشگوزەرانى و پێشکەوتنی وڵاتەكەیان و مللەتەكەیان دەمێننەوە.

سێیەم: ئەوانە براوە دەبن کە لە شەڕێکی نەخوازراو دەرباز بوون و ڕێگە نادەن جارێکی دی بگەڕێنەوە دۆخی جەنگ. دەیانەوێ داهاتوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیانی خۆیان دابین بكەن.

با هەموومان لە عیراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەوڵ بدەین و کار بۆ ئەو بردنەوەیە بكەین. لە ئاشتیدا هەموومان براوەین، چونکە ئاشتی لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكماندایە. ئاشتى، ئێستا و داهاتووى وڵاتان و گەلانى ناوچەکە دەپارێزێت و زەمینەى پێشکەوتنى زیاتر بۆ هەموولایەك دەڕەخسێنێت.

هەر لێرەشدا دووپاتى دەکەینەوە کە ئێمە لە هەرێمى کوردستانی عیراق هەمیشە هۆکار و ده‌سپێشخەرى ئاشتى دەبین و هۆكار و فاكتەری سەرەكیی سەقامگیری دەمێنینەوە لەم ناوچەیەدا. چ لە عیراق، چ لە ناوچەکە، هەرچییەک لەپێناو بەدیهاتنى ئاشتیدا، ئاشتییەکى گشتگیر بۆ هەمووان پێكەوە ئامادەین و ئامادەین لەگەڵ هەموولایەك بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركە. وێڕاى هەموو سەختى و تەحەدییەکانیش، کۆڵ نادەین و بە ئومێدەوە لە هەرێمی كوردستانەوە ڕوومان لە ئایندەیەكی باشترە بۆ عیراق و ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دووبارە هەمووتان بە خێر بێن بۆ ئەم كۆنفرانسە.

ڕۆژێكی خۆش و سوپاسی هەموولایەكتان دەكەم كە بەشدار بوون بەتایبەتی ئەو میوانانەی كە لە دەرەوە تەشریفیان هێناوە، هەموولایەكیان زۆر بەخێربێن بەسەر چاو و سوپاسی برای خۆشەویستم كاك عەممار دەكەم كە بۆ ئەم مەراسیمە لە بەغداوە تەشریفی هێناوە بەخێر بێت سەرچاوان و هەموولایەكتان بە خێر و خۆشی و زۆر سوپاس.

 

 

تێبینی:

  • نێچیرڤانی بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەم وتارەی ئەمڕۆ سێشەممە (16/11/2021) لە "كۆڕبەندی ئاشتى و ئاسايش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست"دا پێشکەش کرد كە، لەلایەن زانكۆی ئەمریكیی كوردستانەوە لە دهۆك ڕێكخرابوو.
  • ناونیشانی وتارەکە لە لایەن ماڵپەڕی "پێنووس"ەوە دیاری کراوە.
  • سەرچاوەی بابەتەکە:

https://presidency.gov.krd/

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples