نێچیرڤان بارزانی
(وتاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی "عێراق: قەدەرێکی تراژیدی" کە ئەمڕۆ (٢٥-٩-٢٠٢١) لە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.)
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز!
به‌يانيتان باش
هەموو لایەك بە خێر بێن
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ سوپاسى ڕێكخهرانى ئه‌م كۆنفرانسه و ماندووبوونيان بكه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ خۆيان و ڕاسپارده و ئه‌نجامى باش بۆ كۆنفرانسهكهيان ده‌خوازم.
له‌وانه‌يه پێويست نه‌كات بچمه‌وه سه‌ر بارودۆخى هه‌مه‌لايه‌نه‌ى سه‌د ساڵی پێشتر كه تيايدا عيراق و ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌كه، چۆن و به چ شێوه‌يه‌كى ناسروشتى، بێ له‌به‌رچاوگرتنى خواست و مافه‌كانى گه‌لى كوردستان، دامه‌زران. ئه‌مه بۆ به‌ڕێزان پسپۆڕان و به‌شدارانى كۆنفرانسه‌كه‌تان جێده‌هێڵم.
بێگومان گه‌لى كوردستان به هه‌موو پێكهاتهكانييهوه، ئه‌وە سه‌د ساڵه زۆريان چه‌شتووه! به داخه‌وه دواى سهدهيهكيش، هێشتا گه‌لى كوردستان هه‌ر گيرۆده‌ى به‌ده‌ستهێنانى مافهكانيهتى. وه‌ك چۆن هه‌ميشه ترسى له ڕابردوو هه‌بووه، ئه‌مڕۆش هێشتا ترسى له ئێستا و له داهاتوو هه‌يه! عيراق، واتە وڵاتی پێکهاتەکان. هەر لە سەرەتای دامەزراندنیيەوە لە سێ ویلایەتی مووسڵ و بەغدا و بەسرا پێکهاتووە. ئەو سێ ویلایەتە بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافی و پێکهاتەی کولتووريیان لێک جیا بوون. کورد لە باکوور، سوننە لە ناوەڕاست و شیعە لە باشوور. لەگەڵ ئەمانەشدا چەندین پێکهاتەی دیکەی ئایینی و نه‌ته‌وه‌يى لە عێراقدا هەن. عيراق وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەئایینە.
بە بۆچوونی من کێشەی سەرەکيی عيراق وەک هەر وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەمەزهەب، بریتیيە لە کێشە لەسەر دەسەڵات. ئەوە دیاردەیەکی سروشتیيە کە لە وڵاتێکی وادا لایەنە سیاسیيەکان بۆچوون و ڕای جیاوازیان هەبێت. ئه‌وه کاتێک دەبێته گرفت کە لایەنێک بيەوێت بۆچوونی خۆی بەسەر هەموو لایەنەکانی ديكه‌دا بسه‌پێنێت، یان بۆ یەکلاکردنەوەی كێشه‌كان، پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز یان سزا ببات، ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ميشه له عيراق ڕوويداوه.
به‌ڕێزان!
هه‌ر له سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عيراق له ساڵی 1921ـه‌وه، له به‌غدا عه‌قڵيه‌تى هێز حاكم بووه كه ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و نه‌هامه‌تييه‌ى به‌سه‌ر ئەم وڵاتەدا هێنا! عيراقێكى زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند به سامانى سروشتى، ده‌وڵه‌مه‌ند به سامانى مرۆيى، ده‌وڵه‌مه‌ند به پێكهاته‌ى نه‌ته‌وه‌يى و ئايينى و فره‌كولتوورى، له پێگه‌يه‌كى جوگرافیای ستراتيژيدا، ئه‌گه‌ر ئه‌و عه‌قڵيه‌ته نه‌بوايه، ئێستا يه‌كێك له وڵاته به‌هێزه‌كانى ناوچه‌كه ده‌بوو!
سه‌د ساڵه له عيراق هه‌مان هه‌ڵه دووباره ده‌كرێته‌وه. وانه له ئه‌زموونى تاڵ و شكستى دواى شكست، له شه‌ڕى دواى شه‌ڕ و له‌و هه‌موو باج و ماڵوێرانييه وه‌رناگيرێت كه گه‌لان و پێكهاته‌كانى عيراق بنيويانه! بۆچى له كاتێكدا ئێمه له عيراق ده‌توانين ده‌وڵه‌تێكى به‌هێز و پێشكه‌وتوو بين، ده‌بينه يه‌كێك له خراپترينهكان؟! دامه‌زراوه‌كانى فه‌له‌ج ده‌بن، شاره‌كانى ده‌بنه مه‌ترسيدارترين شارى جيهان بۆ ژيان، هاووڵاتيانى هێشتا له نه‌بوونى خزمه‌تگوزاريى زۆر سه‌ره‌تايى، بێبەشن!
خه‌ڵكى عيراق شايسته‌ى ژيان و ئێستا و داهاتوويهكى زۆر باشترن! ژيانێك به‌ره به‌ره ئازار و مه‌ينه‌تييه‌كانى ڕابردوو ساڕ‌ێژ بكات، به ئومێده‌وه به‌ره‌و ئاينده هه‌نگاو بنێت. ئه‌مه به واقعبينى و به خوێندنه‌وه‌ى ڕاست و به تێگه‌يشتن و ڕوانگه‌يه‌كى تازه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عيراق ده‌كرێت. به عه‌قڵييه‌تى زۆرينه و كه‌مينه، به دروستكردنى ميليشيا، به ڕاوه‌ستاندنى دامه‌زراوه‌كان، به هه‌ژموونى تايفه‌گه‌رى، به هه‌ڕه‌شه‌ى شه‌ڕى ناوخۆيى و بير‌ى ته‌سكى سه‌رده‌ستى، بە هیچ شێوەیەك ئەمە نایەتە دی!
ده‌سه‌ڵاتداران له عيراق نابێ چيتر ئه‌سيرى ده‌ستى ڕابردوويه‌كى تاڵ بن! بۆ ئه‌وه‌ى عيراق ببێته وڵاتى هه‌مووان، ببێته وڵاتێكى سه‌قامگير و ئاوه‌دان و پێشكه‌وتوو، ببێته ئومێدى ژيان بۆ نه‌وه‌كانى ئێستا و داهاتوو، ده‌بێ هه‌موومان به جورئه‌ته‌وه دان به هه‌ڵه‌كانى ڕابردوودا بنێين و خواست و هه‌وه‌سى خۆسه‌پاندن و چه‌ندباره‌كردنه‌وه‌ى ڕابردوو، واز لێ بێنن. ئارامى و سهقامگيريى عيراق، په‌يوه‌ندى به ئارامى و سهقامگيريى ناوچه‌كه و جيهانه‌وه هه‌يه.
نموونه و ئه‌زموونه تاڵه‌كه دوێنێ يه، زۆر دوور نييه! ئه‌گه‌ر عيراق ئارام و سه‌قامگير نه‌بێت، ناوچه‌كه‌ش ئارام و سه‌قامگير نابێت! عيراق ئارام و سه‌قامگير نه‌بوو، داعش له دايك بوو! ئه‌گه‌ر هيچ نهگۆڕيت، كێشه‌كانى عيراق چاره‌سه‌ر نه‌كرێن و هه‌مان هه‌ڵه‌ى سياسى و په‌راوێزخستنى پێكهاته‌كان، هه‌مان عه‌قڵييه‌تى هێز و خۆسه‌پاندن و نه‌خوێندنه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر به‌رده‌وام بێت، بێگومان سبه‌ى داعشێكى ديكه له دايك ده‌بێت، هه‌مان چيرۆك، خراپتر دووباره ده‌بێته‌وه. ئه‌وسا ئاسايش و سهقامگيريى ناوچه‌كه و جيهانيش ده‌كه‌وێته‌وه مهترسييهوه!
كۆد و كليلى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عيراق، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه له‌گه‌ڵ به‌غدا. سه‌د ساڵه به‌غدا نايه‌وێت كێشه‌كانى گه‌لى كوردستان چاره‌سه‌ر بكات، سه‌د ساڵه عيراق نائارام و ناسه‌قامگيره! سه‌د ساڵه هه‌موو توانا و ده‌وڵه‌مه‌ندييه‌كانى عيراق، بۆ كڕينى چه‌ك و شه‌ڕ خه‌رج ده‌كرێن و جگه له ماڵوێرانى و كاره‌سات و مهينهتيى بێ بڕانه‌وه، هيچى ديكه‌ى بۆ عيراق نههاتۆتە دی!
ئه‌وه‌ى ده‌مه‌وێ بيڵێم ئه‌وه‌يه: ئارامى و سهقامگيريى هه‌ولێر و به‌غدا پێكه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. هه‌ولێر و به‌غداى سه‌قامگير، واته عيراقێكى ئارام بۆ خۆى و بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. بۆيه كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تيش ئه‌ركى له‌سه‌ره و ده‌بێ يارمه‌تيى عيراق بدات بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
به‌ڕێزان!
له عيراقى تازه‌دا، کوردستان هه‌رێمێكى فيدراڵيى دەستوورييه. هەرێمێکی فیدراڵی، واتە پێکهێنەرێکی عيراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵ. فیدرالیزم بۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستان دوو مانای هەیە: یەکەم، واته هاوبەشی لە دامهزاراوهكانى ده‌وڵه‌تدا، له دەسەڵاتی دارایی، سەربازی و سیاسيدا. دووەم واتە دابەشکردنی دەسەڵات لەڕووی جوگرافییەوە. ئه‌وه كرۆكى فیدرالیزمه کە له واقعى تازه‌ى عيراقدا دەستوور چەسپاندوویەتی.
کە دەڵێين کوردستان دوای ڕ‌ژێمى پێشوو خۆویستانە وه‌ك هه‌رێمێكى فيدراڵ بووه‌ته بەشێک لە عيراق، واتە دەبێ هاوبه‌شێكى ڕاستەقینە بێت لە دەوڵەتی فیدراڵیدا. به‌شدارێكى ڕاستەقینە لە دەسەڵاتدا بە هەموو فۆرمەکانیيەوە کە باسم کرد دەبێت هەبێت. ئەمە گه‌ره‌نتيى سه‌قامگيرى و گەرەنتیی یەکپارچەیيی عيراقی نوێیە. کەواتە چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی سەرەکی لە عێراقدا، بریتيیە لە هاوبه‌شى و بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتەکان لە دەسەڵات و لە دروستکردنی بڕیاردا.
هەر پێکهاتەیەکى عيراق ئەرکی دەکەوێتە سەرشان، بەڵام ئەرکی سەرەکيی هەموو پێکهاتەکان لە عیراقدا بریتيیە لە چەسپاندن و کارپێکردنی دەستوور. ئێمە وەک هەرێمی کوردستان، هەمووان بانگێشت دەکەین بۆ جێبه‌جێكردن و چەسپاندنی دەستوور و فیدرالیزم. ئەرک و ماف بەرانبەر یەکترن، ئەگەر دەسەڵاتی فيدراڵ له به‌غدا مافە دەستوورییەکانی هەرێمى كوردستان بدات، هەرێمى كوردستانيش ئەرکە دەستووريیەکانی خۆى بەوپەڕی باشییەوە جێبەجێ دەکات.
ئێمه، گه‌لى كوردستان و پێکهاتەکانی عێراق ڕێگایەکی دوورمان پێکەوە بڕیوە، هەوراز و نشێومان دیوە، سەختيی زۆرمان تێپەڕاندوە، لە هەمان کاتدا بۆ هەموومان ڕوون بووه‌ته‌وه کە عيراق هی هەموو پێکهاتەکانیەتی، بۆیە ناگونجێت و سه‌ركه‌وتوو نابێت تەنيا یەک پێکهاتە بیەوێت حوکمی عيراق بکات و پێکهاتەکانی ديكه پەراوێز بخات. ڕژێمەکانی ڕابردوو ئەو ڕێگەیەیان تاقیکردهوە و شکستیان هێنا، باجەکەش هەموو گەلانی عێراق دایان.
ئێستاش دواى ئه‌و هه‌موو ئه‌زموون و ڕابردووه تاڵه، پەیامی هەرێمی کوردستان لە عيراقی فیدراڵ‌دا، بریتیيە لە پەیامی ئاشتی و تەبایی و پێکەوەژیان. بانگهێشته بۆ هه‌موو هێز و لايه‌نه عيراقييه‌كان، كه هه‌موومان په‌ند له ڕابردوو وه‌رگرين و پێكه‌وه به ڕوانگه و تێگه‌يشتن و بيرێكى كراوه‌ى هاوبه‌شى تازه، له كێشه‌كانى وڵات و چاره‌سه‌رى كێشەكان بڕوانين و چارهيان بكه‌ين! ئه‌زموون سه‌لماندى كه دروشمه‌كان به ته‌نيا، هيچ كێشهيهك لەم وڵاتەدا چاره‌سه‌ر ناكه‌ن! ده‌بێ به واقعبينى و به خوێندنه‌وه‌يه‌كى ڕاست له كێشه‌كان بڕوانين و چاره‌سه‌ريان بۆ بدۆزینەوە!
په‌يامى ئێمه لە هەرێمی كوردستان بریتیيە لە کۆکردنەوی هەموو هێزەکان بۆ گرێبه‌ست و قۆناغێكى تازه لە عيراق، بۆ زیاتر خزمەتکردن و فهراههمكردنى ژیانێکی شایستە بە هاووڵاتیيان. پرۆسه‌يه‌كى چاره‌سه‌رى كه هه‌مووان تيايدا براوه بن و ئاشتی و سه‌قامگيرى له‌گه‌ڵ خۆي‌دا بهێنێت، پێویستی بە هەموومانە، بە دڵنیاییەوە کەسیش لەم پرۆسەیەدا زیاد نیيە.
له عيراقی نوێ‌دا، دەبێ دڵنيايى و متمانە هەبێت! بۆ چاره‌سه‌رى، ده‌بێ هه‌ر يه‌كێكمان هه‌نگاوێك زياتر بچينه پێشه‌وه. دڵنيايى و متمانه بنيات بنێينهوه تا هەموو پێکهاتەکان هەست بە ئارامی و ئاسووەدیی بکەن، بە زۆرینە و کەمینەوە، به کورد و عەرەبەوە، به توركمان و ئاشوورى و سريان و كلدان و ئه‌رمه‌نه‌وه، بە موسڵمان و کرستیان، به شیعە و سوننه، بە ئێزدى و کاکەیی و سابيئه و هه‌موو ئايين و نه‌ته‌وه‌كانه‌وه لە عیراقدا. متمانه، ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌گێڕێته‌وه.
به‌ڕێزان!
بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستيش هه‌ر وايه. گه‌ل و نه‌ته‌وه و ئايين و مه‌زهه‌ب و تائيفه و بيروبۆچوونى جيا له ناوچه‌كه‌دا هه‌ن، به‌ڵام جوگرافيا و مێژوويه‌كى هاوبه‌ش هه‌موومان كۆده‌كاته‌وه. مێژووى ڕابردوو بريتييه له چه‌وساندنه‌وه، داپڵۆسين، ڕه‌تكردنه‌وه، بێبه‌شكردن و به‌كارهێنانى زه‌بروزه‌نگ، ئه‌مه كرێگوێرهيهكى ئاڵۆزى دروست كردووه كه ئيتر ده‌بێ بكرێته‌وه! به‌ڵام له ئه‌نجامى ئه‌مه‌دا كێ قازانجى كرد؟ سه‌د ساڵه شه‌ڕ و ئاشووب و ئاڵۆزى، به‌رۆكى ناوچه‌كه و كۆمه‌ڵگه و گه‌لانى ناوچەكەی به‌رنه‌داوه!
ڕه‌تكردنه‌وه و ئينكارى شوناس و ناسنامه، جا چ ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌يى بێ، چ ئايينى، چ مه‌زهه‌بى، تائيفى، ڕه‌گه‌زى يان هه‌ر شوناشێك بێت، ناڕه‌زايى و كاردانه‌وه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه و سه‌ر ده‌كێشێت بۆ شه‌ڕ و ماڵوێرانى. گۆڕانكارييه‌كانى سه‌رده‌م، پێشكه‌وتنه‌كانى جيهانى تازه و بهرژهوهندييهكان، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه چاره‌سه‌رى كێشه‌كان، چيتر به ڕێگه و ئەو ميتۆدە كۆنە ناكرێت.
ده‌بێ هه‌موومان له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ڕێگه‌يه‌ك بۆ پێكه‌وه‌ژيان، يهكترقبووڵكردن، لێبورده‌يى و هاوبه‌شى بدۆزينه‌وه. به‌رژه‌وه‌ندى و سيستمى ئابوورى و ئه‌منيى هاوبه‌ش لە ناوچەكە دروست بكه‌ين كه هه‌موومان تيايدا براوه بن و پێكه‌وه به ئاشتى بژين.
پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتيانه، بناغه‌ى داهاتوويهكى گه‌شى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته. گرنگه مێژوو و ڕابردوو ته‌نيا بۆ په‌ند و وانه‌وه‌گرتن بێت و چيتر له مێژوودا نه‌ژين! با لێره، له عيراق، له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و له هه‌موو جيهان، مرۆڤايه‌تى، هه‌موومان كۆ بكاته‌وه.
له كۆتاييدا، هیوادارم ئەمڕۆ كه ئەم پسپۆرە بەڕێزانە بۆمان باسی مێژووی عێراق دەکەن، کۆمەڵێک وانەی بەسوودمان بێننەوە یاد و بتوانین سوودیان لێوەرگرین بۆ داهاتوو. داهاتوویەک كه بۆ هەموومان بێت و هه‌موومان تيايدا متمانه‌مان هه‌بێت، دڵنيایی و ئاسووده‌یی بۆ هەموولایەك بەدی بهێنێت.
سوپاستان ده‌كه‌م، هيواى كاتێكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم. زۆر سوپاسیشتان دەكەم كە پشووتان درێژ بوو، سوپاس بۆ هەموو لایەك، سوپاس بۆ ڕێكخەرانی ئەم كۆنفرانسە.
بە خێر و خۆشی..
سەرچاوە: https://presidency.gov.krd