هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی، زانکۆی بەنگۆر
پێشەکی
کۆچکردن دیاردەیەکی جیهانییە. مرۆڤەکان بە هۆکاری جۆراوجۆر کۆچ دەکەن. بە ڕاددەی ئەو کەسانەی کە کۆچ دەکەن، هۆکارەکانی کۆچکردن جیاواز و جۆراوجۆرن؛ بەڵام خاڵی هاوبەشی گشت کۆچکردنەکان گەیشتن بە جوگرافیایەکی ئارامتر و ژیانێکی خۆشترە بە بەراورد بە جوگرافیا و ژیانی پێشووی کۆچبەرەکە. کۆچکردن تەنیا لە کاتێکدا دەبێتە نائاسایی، کە هۆکارەکانی کۆچکردنەکە هۆکاری سیاسی یاخود پاکتاوی نەتەوەیی و ئایینی بێت؛ هاوشێوەی ئەو سیاسەتەی کە ئەڵمانیا لە سەردەمی نازیزم گرتییە بەر، یاخود هاوشێوەی سیاسەتەکانی سەددام حوسێن لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو لە عێراق. لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٢١، بەهۆی کێشەکانی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و بێلاڕووسیا، دەرچەیەک لە بێلاڕووسیاوە بۆ دەربازبوون بەرەو یەکێتیی ئەوروپا بۆ کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرایەوە؛ ئەمەیش بووە هۆکارێک کە شەپۆڵێکی گەشتکردن لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەوە بێلاڕووسیا دەست پێ بکات و لەوێیشەوە بەرەو ئەوروپا کۆچ بکەن.
چەمکی کۆچ لە وشەی emigration وەرگیراوە کە ڕەچەڵەکە لاتینییەکەی ئەم وشەیە، بریتییە لە Immigrare کە بە واتای "هاتن بۆ لای من" و "گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون" دێت کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٧٥٢ بەکار هێنراوە وەک ئاماژەدان بۆ کۆچی ئەو کەسانهی کە زێدی خۆیان بەجێ دێڵن و بۆ شوێنێکی تر دەڕۆن. ئەوەی کە پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت، بریتییە لەوەی کە لە ماوەی ڕابردوو پرسی کۆچبەران لەسەر هەرێمی کوردستان بەخراپی شکایەوە، کە لە ڕاستیدا ئەم کۆچکردنە و بەم ژمارەیە لە ڕابردوودا هەر هەبووە، بەڵام پێشتر لەلایەن کونسوڵگەریی ئەو وڵاتانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا نوێنەرایەتییان هەیە، ئاسانکاریی زۆر کرابوو بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە ڤیزەی وڵاتانی تر وەربگرن و هاووڵاتی بە شێوەیەکی یاسایی سەردانی ئەم وڵاتانەی دەکرد و لەوێ ئەگەر ویستبای خۆی ڕادەستی پۆلیسی وڵاتەکەی دەکرد و داوای مافی مانەوەی دەکرد، ئەگەر نا دەگەڕایەوە هەرێمی کوردستان. بەڵام لە ئێستادا پێدانی ڤیزە قورس بووە و ئەمەیش بووەتە هۆکارێک بۆ گەرمبوونی بازاڕی قاچاخچییەکان و نیشاندانی دیاردەیەک کە گوایە خەڵک لە هەرێمی کوردستان بەلێشاو کۆچ دەکەن؛ کەچی هەر لە سەرەتای دامەزرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ تا ئێستا، دیاردەی کۆچ بە قەبارەی جیاواز هەر بەردەوام بووە. ئەوەی کە تا ئێستایش لەم شەپۆلەی کۆچکردن دەبینرێت، بەپێی ئامارەکان بریتییە لە هەشت هەزار کەس، ئەویش لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا دەستیان بە کۆچکردن کردووە بەرەو بێلاڕووسیا کە زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانهی لە ڕێگەی ڤیزە و بەیاسایی بەرەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان گەشتیان کردووە، بەنیازی کۆچکردن بووه. ئەگەر ئەم ژمارەیە دابەش بکەین لەسەر ئەم ماوە زەمەنییە و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە بریتییە لە شەش ملیۆن و سێ سەد هەزار کەس، دەبینین کە قەبارەی کۆچەکە گەورە نییە، بەڵام ئەو بابەتەی کە کاریگەریی لەسەر گەورە نیشاندانی قەبارەی کۆچەکە کرد، سێ هۆکاری سەرەکی بوون: ١. کێشەکانی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و بێلاڕووسیا ٢. بەپێچەوانەی کۆچەکانی پێشوو کە زۆرتر لە وەرزی گەرمادا ئەنجام دەدران، کۆچی ئەم جارە لە وەرزی سەرمادا بوو کە دیمەنەکانی، کاریگەریی لەسەر ڕای گشتیی جیهانی دروست کرد. ٣. ڕوڵی نەرێنیی میدیا، بەتایبەتیش میدیاکانی هەرێمی کوردستان لە لەڕاددەبەدەر گەورەکردنی قەبارەی دیاردەکە. لەم گوتارەدا باس لە هۆکار و لێکەوتەکانی کۆچکردن دەکەین.
خستنەڕووی چەند زانیارییەک لەبارەی کۆچ
هەروەک ئاماژەمان پێ دا، کۆچکردن بە ڕێژەی جیاواز، دیاردەیەکی جیهانییە و هۆکارەکانیش جیاوازن. بەپێی ڕاپرسییەک بە ناوی ئاماری کۆچ (migration statistics) کە لە ٢٧/٤/٢٠٢١ بڵاو بووەتەوە و تایبەتە بە پرسی کۆچ لە بریتانیا، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە مانگی مارچی ساڵی ٢٠٢٠، نزیکەی ٧١٥ هەزار کەس بەرەو بریتانیا کۆچیان کردووە و ٤٠٣ هەزار کەسیش لە بریتانیا بەرەو دەرەوە کۆچیان کردووە. هەروەها ڕێژەی ٥٣٪ی ئەو کەسانەی کە بەشدارییان لەم ڕاپرسییەکەدا کردووە، حەز دەکەن بۆ دەرەوەی بریتانیا کۆچ بکەن. لە ئێستادا ڕێژەی ٤.٧٪ی هاووڵاتیی بەڕەگەز بریتانی، لە دەرەوەی بریتانیا دەژیت. هاوشێوەی ئەمە لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا، کە بە وڵاتێکی پێشکەوتووی پیشەسازی هەژمار دەکرێت، ساڵانە ١٨٠ هەزار کەس، ئهو وڵاته بەجێ دێڵن کە لەم ژمارەیە ڕێژەی ٧٦٪ هەڵگری بڕوانامەی زانکۆن؛ ئەم کەسانە بۆ وڵاتانی وەک سویسرا، نەمسا، ئەمریکا و بریتانیا کۆچ دەکەن. بەگشتی ٣.٤٪ی هاووڵاتیانی ئەڵمانی لە وڵاتانی تر دەژین. هاوشێوەی بریتانیا و ئەڵمانیا، لە وڵاتێکی وەک عێراقیش کۆچکردن هەیە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کۆچبەرانی عێراق، بە ناونیشانی "ئەو عێراقییانەی کە بۆ دەرەوە کۆچیان کردووە" و لە مانگی ئهپڕیلی ٢٠٢٠ بڵاو بووەتەوە، لە سلێمانی ڕێژەی ٢٣٪ی خەڵک بە ڕێژەی جیاواز لە ١٢٤ ناوچەی ئەم پارێزگایە بۆ دەرەوە کۆچیان کردووە؛ دواتر پارێزگای بەغدا دێت بە ڕێژەی ٢٢٪ و لە ١١٢ ناوچەی جیاوازی ئەم پارێزگایە و، سێیەم ڕێژەیش تایبەتە بە پارێزگای دهۆک بە ڕێژەی ١٣٪ کۆچکردن بۆ دەرەوە کە لە ٧٢ ناوچەی ئەم پارێزگایە پێک دێت و، بۆ دەرەوەی کۆچیان کردووە. ئەوەی جێگەی سەرنجدانە، دۆخی ژیان و سەقامگیریی سیاسی لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک بە بەراورد لەگەڵ پارێزگایەکی وەک دیالە و بەسڕه باشترە، کەچی ڕێژەی کۆچکردن لەم دوو پارێزگایە زۆرتره بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیالە (١٪) و بەسڕه (٤٪). بەسڕه لە ماوەی ڕابردوو گەورەترین خۆپێساندانی جەماوەریی بەخۆیەوە بینی، بەهۆی کەمیی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە و نەبوونی گاز و کارەبا؛ پارێزگای دیالەیش به دەستی داعش وێران کرا.
توێژینەوەیەکی ئاکادیمی ههیه بە ناونیشانی "تایبەتمەندییەکانی کۆچبەرانی کوردستان و هۆکاری کۆچکردنیان" کە لە ساڵی ٢٠٢٠ بڵاو بووەتەوە و تایبەتە بە شەپۆڵی کۆچی کوردستانیان لە ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥، بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و داگیرکردنی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەلایەن چەکدارانی داعشەوە. بەڵام ڕاپرسییەکە لە دوای نەمانی شەڕی داعش ئەنجام دراوە و لە ڕاپرسییەکەی ئەم توێژینەوەیەدا ٨٠٪ی بەشداربووان تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٩ ساڵە و ٨٥٪ی بەشداربووان سەڵتن. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، نزیکەی ٥٠٪ی بەشداربووان، داهاتیان لەژێر ٣٠٠ هەزار دینار لە مانگێدایە کە ئەمەیش داهاتێکی زۆر کەمە. ڕاستە کە لە ساڵی ٢٠١٨، بانکی ناوەندیی عێراق، بڕی داهاتی ١١١ هەزار دیناری مانگانەی وەک "هێڵی هەژاری" دەستنیشان کرد- واتە هەر کەسێک کە داهاتی لەم بڕە پارەیە کەمتر بێت، بە هەژار هەژمار دەکرێت- بەڵام لە ڕاستیدا ئەم داهاتە کەمە بەشی بژێوی ژیانی مانگانەی تاکەکەسێک ناکات و دەبێتە هۆکارێک بۆ کۆچکردنی گەنج بەرەو هەندەران. بەپێی هەمان توێژینەوە هەرچی سەبارەت بە کۆچە، ئامارەکانی حەزکردن بۆ کۆچ بۆ دەرەوە جیاوازە. لە پارێزگایەکی وەک سلێمانی ڕێژەی ٦٠٪ی بەشداربووان لەو بڕوایەدان ئەگەر دەرفەت بڕەخسێت، بۆ دەرەوە کۆچ دەکەن؛ لە دهۆک ڕێژەی ٣٠٪ و لە هەولێریش ٢٤٪ بەشداربووان هزر لە کۆچکردن دەکەنەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، دۆخی ژیان لە پارێزگای سلێمانی بە بەراورد لەگەڵ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک باشترە و ڕێژەی هەژارییش لەم پارێزگایە بەراورد بە پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان کەمترە؛ کەچی ڕێژەی حەزکردن بۆ کۆچ لەم پارێزگایە زۆرترە.
هۆکارەکانی کۆچی ئێستا لە کوردستان
دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە دوای شەڕی داعش، ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بووەتەوە کە هاوکات بوو لەگەڵ بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی بەغداوە؛ ئهمه سەرەڕای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، کە ئابووریی جیهانی تووشی داڕمان کرد و نرخی نەوت، کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی کوردستانە، بۆ کەمتر لە ٢٠ دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٠ دابەزی. زیاد لەمەیش لە ساڵی ٢٠١٣ تا ئێستا بەفەرمی هیچ کەسێک لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دانەمەزراوە، کەچی لەم ماوەیەدا پتر لە دوو سەد هەزار قوتابیی زانکۆ خوێندنیان تەواو کردووە و چاوەڕوانی دۆزینەوەی دەرفەتی کارکردنن؛ تەنیا ئەوە نەبێت کە لەلایەن کابینەی هەرێمی کوردستانەوە بڕیارێک دراوە کە سێ یەکەمەکانی دەرچووی زانکۆ لە ساڵانی ٢٠١٦-٢٠١٧ دابمەزرێن، لە کاتێکدا ساڵانە نزیکەی ٥٠ هەزار کەس لە زانکۆ بڕوانامە وەردەگرن. گرفتی سەرەکی ئەوەیە کە کهلتوورێک بەرهەم هاتووە کە ئەو کەسانەی بڕوانامە وەردەگرن، هەموو جۆرە کارێک ناکەن و چاوەڕێی ئیشی ئۆفیسی دەکەن؛ چونکە بەو ژینگەیە ڕاهاتوون و چاوەڕوانی دامەزراندن لە کەرتی حکوومی دەکەن.
ئەگەر سەیری گەشەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بکەین، مەترسییەکان بۆ داهاتوو زۆرتر ڕوون دەبنەوە. تا ساڵی ٢٠٢٥، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی حهوت ملیۆن کەس کە نزیکەی سێ ملیۆن کەس لەم ڕێژەیە گەنجن. بەگوێرەی پێشبینییەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٠ تا ٢٠٤٠ دانیشتووانی هەرێم ٢.٧ ملیۆن کەس زیاد دەکات و لەو ڕێژەیە ئەوانەی لەناو تەمەنی ١٥-٢٤ ساڵین، بە ڕێژەی ١٢٪ لە دەیەی یەکەم (٢٠٢٠-٢٠٣٠) زیاد دەکەن و، لە دەیەی دووەم ڕێژەکە ١٠٪ی دیکە زیاد دەبێت. تەمەنی هێزی کار (١٥-٦٤) لە دەیەی یەکەم، ٢٧٪ زیاد دەبێت و لە دەیەی دووەم دەبێتە ٢١٪.
بە واتایەکی تر، هەروەک ئاماژەمان پێ دا، هۆکارەکانی کۆچکردن فرەجۆرن. هەرچی تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات، لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە؛ بۆ نموونە ئەگەر دەڤەری کەلار و کفری وەک نموونە وەربگرین، نەبوونی خزمەتگوزارییەکان وەک پێویست، تۆپۆگرافیای ناوچەکە کە لە زەمینی ناهەموار و تهپۆلكه پێک هاتووە؛ گوندەکان بچووک و لێکپەرتن؛ هەندێ جار ڕێگهوبانەکان (خڕە)کانن (واتە ئەو ڕووبارانەی کە لە وەرزی هاوین وشک دەبن، بۆ هاتوچۆ بەکار دەهێنرێن)؛ بارانبارین وەک پێویست نییە و ئاوی ڕووبارەکان بهشی کشتوکاڵ ناكا؛ پیشەی سەرەکییش کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە، که تا ئێستایش وەک ئابووریی بژێو سەیر دەکرێت نەک ئابووریی بەرهەمهێنەر و بەپیشەسازیبوو. سەرەڕای ئەمەیش دامەزراندن لە کەرتی حکوومی بوونی نییە و کەرتی تایبەتیش لەم ناوچەیە زۆر لاوازە. هەر کەسێکیش بەرەو شاری سلێمانی بۆ کارکردن کۆچ بکات، نزیکەی پێنج سەد هەزار بۆ یەک مانگ وەردەگرێت، کە ئەمە بەشی کرێی خانوو و هاتووچۆی ناکات. بۆیە لەم جۆرە دۆخەدا هاووڵاتی هزر لە کۆچ دەکاتەوە. بەپێچەوانەوە، لە دەڤەری بادینان کۆچکردن بەشێکی بەرچاوی بۆ چاولێکەری دەگەڕێتەوە؛ بەو واتایەی کە کەم ماڵبات هەن لەم دەڤەرە کەسوکارێکیان لە دەرەوەی وڵات نەبێت. ئەم کەسانە تا هەنووکەیش کۆڵەکەی دابینکردنی پارە و داهاتن بۆ ئەم ماڵباتانە. ئەم کەسانە کە لە دەرەوەی وڵات کار دەکەن، بچووکترین دەرفەت دهقۆزنهوه تا خزم و کەسوکاریان بۆ ئەوروپا ڕاکێشن و تێچووی سەفەرەکەیشیان لە ئەستۆ دەگرن. بەڵام لە هەردوو نموونەکەدا هاوبەشییەک هەیە، ئەویش بریتییە لەوەی کە کەسی کۆچبەر بەدوای سەقامگیریی دەروونیدا دەگەڕێت، تەنانەت ئەگەر باری داراییشی باش بێت.
بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا تەنیا فاکتەرە ناخۆیییەکان هۆکاری کۆچکردن نین، بەڵکوو فاکتەرە دەرەکییەکانیش ڕۆڵ دەگێڕن. ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان لەبارهی پرسی کۆچهوه کەمتر تیشکی خراوەتە سەر، بریتییە لە کۆمەڵێک هۆکاری دەرەکی، سەرەڕای هۆکاری ناوخۆیی. بۆ نموونە، لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٠، پەرلەمانی عێراق یاسای کورتهێنانی بوودجەی دەرباز کرد، بێ ئەوەی هیچ بەشە بوودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان لەم بڕە پارەیە تەرخان بکات؛ ئەمەیش کاریگەریی لەسەر باری داراییی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دروست کرد و، بووە هۆی درەنگپێدان یاخود لێبڕینی مووچەی هاوڵاتیان. یاخود لە ساڵی ٢٠٢١، بانکی ناوەندیی عێراق نرخی بەهای دیناری عێراقیی لە هەمبەر دۆلار دابەزاند، کە ئەمە لە دەرەوەی ئیرادەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو. دابەزاندنی بەهای دینار، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستانی دروست کرد و، بووە هۆی گرانبوونی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان؛ ئەمەیش بارگرانیی لەسەر هاووڵاتی دروست کرد. سەرەڕای ئەم فاکتەرە ئابوورییە، تەنانەت لە ڕووی سیاسییشەوە دەستوەردانی وڵاتانی هەرێمی لە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بووەتە هۆکاری ناسەقامگیربوونی ئەم ناوچانە. بۆ نموونە، بەهۆی شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیا، تەنیا لە پارێزگای دهۆک ٣٧٪ی خاکی ئەم پارێزگایە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی کۆچی دانیشتووانی ئەم ناوچانە بۆ شارەکان و، کارکردن به داهاتێکی کەمتر بە بەراورد لەگەڵ دانیشتووانی ڕەسەنی شارەکە و، دروستکردنی بارگرانی لە شارەکان و نەگەیشتنی خزمەتگوزاری و سەرمایەگوزاری لەو ناوچانەی کە بە ناوچەی جەنگی و ئەمنی و ناسەقامگیر هەژمار دەکرێن. زیاد لەمەیش، لە دوای شەڕی داعش، ١،٨٥٠،٠٠٠ کەس وەک کۆچبەر و ئاوارە هاتنە ناو هەرێمی کوردستانەوە و تا ئێستایش بەشێکیان لەناو کەمپ و شارەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین و بە نرخێکی زۆر کەم کار دەکەن و بوونەتە هۆکارێک کە بۆ هێزی کاری ناوخۆ، بەتایبەتیش لە کەرتی بیناسازی و بازاڕ، کە دوو کەرتی سەرەکیی ئابووریی هەرێمی کوردستان پێک دێنن، کەمتر دەرفەتی کار بڕەخسێت؛ ئەمە سەرەڕای ئەو کرێکارانهی کە لە وڵاتانی بیانییەوە بەرەو هەرێمی کوردستان کۆچ دەکەن.
لێکەوتە ئابوورییەکانی کۆچکردن
کۆچکردن لێکەوتەی ئابووریی ئەرێنی و نەرێنیی هەیە. لێرەدا ئاماژە بە کۆمەڵێک لێکەوتەی ئابووری دەدەین. هەرچی تایبەتە بە لایەنی ئەرێنیی کۆچکردن، بریتییە لەوەی کە ئەو کەسانەی کە کۆچ دەکەن، بڕە پارەیەک بۆ خێزانەکانیان دەنێرنەوە کە زۆرتر لە چوارچێوەی دۆلاردایە؛ واتە ئەم پارەیە هاوکاریی سووڕانی دراو لە بازاڕە ناوخۆیییەکان دەکات و، جووڵە بە کەرتی بازرگانی و بازاڕکردن دەدات و یارمەتیدەری هاتنی دراوی بیانییە بۆ بازاڕەکانی ناوخۆی وڵات. بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی جیهانی کە لە ساڵی ٢٠٢٠ بڵاو کراوەتەوە، تەنیا لەو ساڵەدا بڕی ٥٨٩ ملیار دۆلار لەلایەن کۆچبەرانەوە بۆ وڵاتەکانیان هەناردە کراوەتەوە، کە لەم بڕە، ڕێژەی ٩.٨٪ وەبەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەکەوێت. ئەمە لە کاتێکدا بووە کە ساڵی ٢٠٢٠، ساڵی لووتکەی پەرەسەندنی پەتای کۆڕۆنا و لەکارکەوتنی بەشێکی زۆری کەرتە ئابوورییەکان بووە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ؛ کە لە هەندێ وڵات وەستانی کۆمەڵێک کەرت لە سێ مانگ دەربازی کردووە. جگه لەم هۆکارە گرنگەی سەرەوە، کۆچکردن دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی گوشار لەسەر حکوومەتی ناوخۆ بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و لە هەمان کاتدا دەرفەت بۆ کەسانی تر دەڕەخسێت کە بهئاسانتر کاریان لە ناوخۆی وڵاتدا دەست بکەوێت. هەندێ جار ئەو کەسانەی کە کۆچ دەکەن، دوای بەدەستهێنانی شارەزایی و سەرمایە، دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان و لە ناوخۆی وڵات سەرمایەگوزاری دەکەن و بەمەیش یارمەتیدەری گەشەی ئابووریی وڵات دەبن. بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا زۆر جار ئەو کەسانەی کە کۆچ دەکەن، خاوەن شارەزایی و سەرمایەن، کە بە کۆچکردنیان هەم سەرمایەکە بۆ دەرەوەی وڵات ڕەوانه دەکەن و هەمیش شارەزایییەکەیان. جگه لەمەیش ئەو کەسانەی کە کۆچ دەکەن، زۆرتر نەوەی گەنجی کۆمەڵگهن کە وزە و توانای کارکردنیان هەیە.
لێکەوتە سیاسییەکانی کۆچکردن
لە هەڵبژاردنەکانی ١٠/١٠/٢٠٢١ پەرلەمانی عێراق کە ڕێژەی بەشداریکردن لە هەرێمی کوردستان کەمتر لە ٤٠٪ بوو، دەرەنجامە نەرێنییەکانی کۆچکردن وەدەرکەوت. چ ئەوانەی کە کۆچیان کرد و چ ئەوانەی لە وڵاتدا ماونەتەوە، ڕێژەیەکی بەرچاویان بڕوایان بە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نەماوە؛ واتە جۆرە بێمتمانەیییەک دروست بووە کە ئەمەیش دواجار دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی مەشرووعییەت، کە بۆ بەردەوامی و مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی زۆر گرنگە. هۆکاری سەرەکیی ئەم بێمتمانەیییەیش بە پلەی یەکەم بۆ هۆکاری ئابووری دەگەڕێتەوە. بۆ نموونە، بەپێی ڕاپرسییەک کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، سەنتەری شیکار بۆ ڕاپرسی ئەنجامی داوە و ١٤٥٠ کەس لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار بوونە، نزیکەی ٩٠٪ی بەشداربووان لەو بڕوایەدان کە حکوومەت هیچ پلانێکی ئابووریی بۆ گەشەپێدانی وڵات نییە. ئەم بۆچوونە ڕاست بێ یاخود ڕاست نەبێ، گرنگ ئەوەیە کە هاووڵاتی، ئەم هەستەی هەیە، کە ئەمەیش مەترسی بۆ سەر سەقامگیریی وڵات دروست دەکات. نابێ ئەمەیش پشتگوێ بخەین کە هۆکارێکی دروستبوونی ئەم بێمتمانەیییە بۆ کارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی (چ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و چ پەرلەمانی بەغدا) و میدیای ئۆپۆزیسیۆن دەگەڕێتەوە، کە بە هەموو ڕێگەیەک کار بۆ ناشرینکردنی سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەکەن؛ ئەمەیش جۆرە بێهیوایی و بێمتمانەیییەک لەلایەن هاووڵاتی لە هەمبەر دەسەڵاتی سیاسی دروست دەکات.
یەکێکی تر لە لێکەوتە سیاسییەکانی کۆچکردن کە دەکرێ هەم خاڵیكی ئەرێنی بێت و هەمیش نەرێنی، بریتییە لەوەی کە ئەم شەپۆلەی کۆچکردن دەبێتە هۆی ئەوەی کە وڵاتانی دەرەکی، بەتایبەتیش وڵاتانی هاوپەیمان لە شەڕی دژی داعش و وڵاتانی کۆمەکبەخش بە هەرێمی کوردستان، زۆرتر چاودێریی هەرێمی کوردستان بکەن. ئەمەیش وا دەکات کە بۆ ڕێگەگرتن لەم شەپۆڵەی کۆچکردنە کە وەک مەترسییەک بۆ سەر بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتانی ئەوروپی هەژمار دەکرێت، یارمەتیی داراییی زیاتر پێشکەشی ههرێمی کوردستان بکەن و هاوکات گوشار بخهنه سهر حکوومەتی هەرێم، کە پلانەکانی چاکسازی خێراتر بکات و چاوێك بە دادپەروەری لە دابەشکردنی خزمەتگوزاری و داهاتەکان بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا بخشێنێتەوە. خودی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەوەی ناوبانگی لە جیهانی دەرەوە خراپ نەبێت، ناچارە دووبارە پێداچوونەوە بە بەرنامە ئابووری و داراییپەکانی خۆیدا بکاتەوە و سەرلەنوێ چاو بە دادپەروەری لە دابەشکردنی خزمەتگوزاری و داهاتەکاندا بخشێنێتەوە.
ڕاسپاردەکان
یەکەم، لە هەرێمی کوردستان ساڵانە ژمارەیەکی زۆری قوتابی لە زانکۆکان وەردەگیرێت؛ بۆ نموونە بەپێی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢، نزیکەی ٥٣ هەزار قوتابی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون کە دەکاتە ١٠٠٪ پێشکەشکاران. زۆربەی زانکۆ و کۆلێژەکانی هەرێمی کوردستانیش، لە بواری تیۆریدا کار دەکەن، وەک: کۆمەڵناسی، زانستە سیاسییەکان، مێژوو و چەندین بواری تری تیۆری. زۆر گرنگە لەمەو بەدوا هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر خوێندنی پیشەیی بکاتەوە و، زانکۆ بەپێی پێداویستیی بازاڕ، قوتابی وەرگرێت. ئەگەرنا بەپێچەوانەوە بارگرانی لەسەر حکوومەت، بەتایبەتیش لە ڕووی دابینکردنی هەلی کار و دامەزراندن زۆر دەبێت و خودی حکوومەتیش ئەو توانایییەی نییە کە ئەم ڕێژە بەرزە دەرچوونە لەخۆ بگرێت. سەرەڕای ئەوەی کە چونکە خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەپێی ماددەی ٣٤ی دەستووری عێراق بەخۆڕایییە، خودی دابینکردنی ئەم تێچووە بۆ زانکۆکان، بارگرانییەکی لەڕاددەبەدەر قورس لەسەر داهاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکات. کەواتە ئەوەی کە تێبینی دەکرێت، بریتییە لەوەی کە لە بری ئەوەی کە زانکۆکان یارمەتیدەر بن لە کەمکردنەوەی بێکاری و دۆزینەوەی هەلی کار، کەچی بەپێچەوانەوە، کێشەکانی کۆمەڵگهی سەبارەت بە دۆزینەوەی هەلی کار و پەروەردەکردنی کەسانی شارەزا لە ناوەندە پیشەیییەکاندا قووڵتر کردۆتهوه.
دووەم، دامەزراندنی سندووقی تایبەت بە خانەنشینی لە کەرتی تایبەت و ڕێکخستنی بەپێی یاسا. هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ بەرەو بازاڕی ئازاد و کەرتی تایبەت و لیبرالیزمی ئابووری هەنگاوی ناوە. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەبێ هەبوونی یاسایەک کە کارکردن له کەرتی تایبەت ڕێک بخات، ناکرێ جەخت لەسەر ئهم كهرته بکرێتهوه. تا هەنووکەیش لە هەرێمی کوردستان یاسایەک بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەتدا بوونی نییە کە تێیدا کەمترین هەقدەست بەپێی هەر کاتژمێرێک کارکردن، ماوەی کارکردن لە ڕۆژێکدا، پشووەکانی کەرتی تایبەت و چەندین بابەتی تر ڕێک بخات. ئەمەیش وای کردووە کە هاووڵاتیان داوای کارکردن لە کەرتی حکوومی بکەن؛ چونکە بەهۆی بوونی یاسای خانەنشینی، داهاتووی کارکردن لە کەرتی حکوومی دیارە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە کارکردن لەم کەرتە ئاسانترە و، چەندین ئیمتیازی هەیە وەک بوونی ڕۆژانی پشوو و کەمتر لە حهوت کاتژمێر دەوامکردن لە یەک ڕۆژدا. گرنگە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە هەر کەسێک بکات کە لە کەرتی تایبەت کار دەکات و لە ڕێگەی وەرگرتنی باجی داهات لەو کەسەی کە لە کەرتی تایبەت کار دەکات، گەرەنتیی پێ بدرێت کە ئەم باجە دواجار بۆ خانەنشینکردنی هەمان کەس بەکار دەهێنرێت. بەم جۆرە، خەڵک دڵنیایی لە هەمبەر کەرتی تایبەت وەردەگرێت و بارگرانییش لەسەر حکوومەت کەم دەبێتەوە. ئەمە دواجار دەبێتەوە هۆی ڕێکخستنەوەی باج و بەرزکردنەوەی داهاتی خودی حکوومەت. گشت ئەمانەیش پێویستیی بە دامەزراندنی سندووقی خانەنشینی هەیە بۆ کەرتی تایبەت.
سێیەم، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی لە بواری چاکسازی، باج و ڕسوومات و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لەسەر بنەمای باجوەرگرتن لە هاووڵاتیان گرتۆتە بەر؛ بەڵام ئەوەی کە جێگەی تێبینییە، بریتییە لەوەی کە پێویستە پەیوەندییەکی بەردەوام لە نێوان هاووڵاتی و حکوومەتدا هەبێت. واتە پێویستە حکوومەت زۆر بەڕوونی کردەوە و هەنگاوەکانی بۆ هاووڵاتی ڕوون بکاتەوە. بەم جۆرەیش، دەکرێ متمانەی هاووڵاتی بە دەسەڵاتی سیاسی بگەڕێندرێتەوە. ئەم سیاسەتە، زۆر پێویستە لە هەرێمی کوردستان بگیرێتە بەر، چونکە لە هەرێمی کوردستان ناکۆکی و ململانێی قووڵ لە نێوان حزبه سیاسییەکاندا هەیە. هەر حزبێکی سیاسییش میدیای تایبەت بە خۆی هەیە کە ڕای گشتی ئاراسته دهكات. لەم کەشەدا پێویستە حکوومەت داتاکانی بۆ هاووڵاتی بخاتە ڕوو، تا ڕێگر بێت لە بەلاڕێدابردنی هاووڵاتی. جگه لەمەیش، پێویسته بهجددی ئهم پرسیاره بكهین کە ئایا بەرزکردنەی ڕێژەی باج و ڕسوومات، هاوشانە لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان؟ بۆ نموونە، ئایا بەرزکردنهوهی پارەی ڕسوومات، بووەتە هۆکارێک بۆ خێراتر ڕاییکردنی کارەکان لە سیستەمی بیرۆکراسیدا؟ یاخود ئایا بەستنی پێوەری زیرەکی بۆ کەرتی کارەبا، بووەتە هۆکاری زۆرترپێدانی کارەبا بە هاووڵاتی، یاخود لێکەوتەکانی بەپێچەوانەوە بووە؟
چوارەم، ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان تێبینی دەکرێت، زۆربەی هەرە زۆری خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە سەنتەری شارە گەورەکانی وەک شاری هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دابین کراون. زۆربەی هەرە زۆری پرۆژەکانی وەبەرهێنانیش لە سەنتەری ئەم شارانەدا ئەنجام دراون. ئەمەیش بووەتە هۆی دروستبوونی کۆچێکی ناوخۆیی لە گوند، ناحیە و قەزاکانی هەرێمی کوردستان بەرەو شارە گەورەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی هەلی کار و، جیاوازی لە نێوان ئەم شارە گەورانە و قەزا و ناحیەکان زۆرتر بووە. واتە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان نایەکسانییەک لە دابینکردن و دابەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەدی دەکرێت کە دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆچی بهكۆمهڵ. ئەم کۆچەیش چەندین گرفتی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی لێ دەکەوێتە. گرنگە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بری ئەوەی کە گشت خزمەتگوزارییەکان لە سەنتەری شارە گەورەکاندا قەتیس بکات، خزمەتگوزارییەکان بۆ قەزا و ناحیە و گوندەکان بگوازێتەوە. تەنانەت دەکرێت بۆ نموونە، نهخۆشخانەیەکی گەورە لە گوندێک یاخود لە ناحیەیهکی دوورەدەست دروست بکرێت و بەم شێوەیەیش هەلی کار لەم دەڤەرە دابین دەکرێت و، ئهمه ڕێگە لە کۆچی خەڵک بۆ ناو سەنتەری شارەکان دەگرێت. یاخود پرۆژەکانی نیشتەجێبوون تەنانەت بۆ گوند و قەزا دوورەدەستەکانی هەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە و خودی حکوومەت بەبێ کەرتی تایبەت ئەم پرۆژانە جێبەجێ بکات.
پێنجەم، ڕێکخستنەوەی کاری میدیایی. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچکردن، ناسەقامگیر و تێكچوونی باری دەروونیی تاکە. میدیا لە هەرێمی کوردستان لە بری هۆشیارکردنەوە و پەروەردەکردنی تاک، کار لەسەر تێکدانی باری دەروونیی تاک دەکا، بەتایبەتیش ئەو میدیایانەی کە سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیین. ناکرێ بە بیانووی ئازادیی ڕادەربڕین و تەنانەت گەیاندنی ڕاستییەکان و ململانێی حزبایەتی، سەقامگیریی کۆمەڵایەتی تێک بدرێت. بەپێی تیۆرییەکانی گەشەسەندنی سیاسی، ئەرکی سەرەکیی سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی، پاراستنی سەقامگیری و نەزمی کۆمەڵایەتییە تا گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەدی بێت. ئەم بۆچوونە هەم بەسەر سیستەمە دیموکراسییهكان و هەمیش بەسەر سیستەمە نادیموکراسییەکاندا جێبەجێ دەکرێت. بۆیە لەم ڕوانگەیەوە ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە کە چاودێریی وردی گشت ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستاندا بکات. ئەم کارەیش بۆ ئەو وڵاتانەی کە تازە بەرەو دۆخی گەشەسەندن دەچن بابەتێکی ڕەوایە، تا ئەو کاتەی کە هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هاووڵاتی بە ئاستی پێویست دەگات و دامەزراوەکانی حکوومەت بەتەواوەتی جێگر دەبن.
سەرچاوەکان
House of common library, Migration Statistics, 27 April 2021, file:///C:/Users/ElectroMall/Downloads/UK%20Migration%20statistics.pdf
IOM, IRAQIS WHO HAVE MOVED ABROAD, April 2020, file:///C:/Users/ElectroMall/Downloads/202053110385_iom_dtm_Iraqis_%20moved_abroad_April_2020.pdf
موراد حەکیم، تایبەتمەندییەکانی کۆچبەرانی کوردستان و هۆکارەکانی کۆچکردنیان، کۆچی گەنجانی هەرێم بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دوای شەڕی داعش، گۆڤاری توێژەر، بەرگی ٣، ژمارە ٢، بەهاری ٢٠٢٠
بانصونا، ک، الهجرة،: ت: سعید بن الهاني، ثقافات، جامعة البحرین، ع: ٢٣، ٢٠١٠.
World bank, Remittance Flows Register Robust 7.3 Percent Growth in 2021, 17, November 2021, https://www.worldbank.org/en/news/press-release/2021/11/17/remittance-flows-register-robust-7-3-percent-growth-in-2021
شیکار ڕاپرسی، کۆچی گەنجان بۆ هەندەران، ئۆکتۆبەری ٢٠٢١.