ڕەجەب تەییب ئەردۆغان/ سەرۆککۆماری تورکیا
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر
دۆناڵد ترامپ بانگەشەیەکی ڕاستی کرد بۆ کشانەوەی لە سووریا. هەرچەند کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەبێت بەوریایییەوە پلانی بۆ دابنرێت و بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە ڕاستەقینەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گەلی سووریا جێبەجێ بکرێت. تورکیا کە دووەم گەورەترین سوپای نێو "ناتۆ"یە، تاکە وڵاتە کە بە هێزەکەیەوە پابەندە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیار و ئەرکە.
ساڵی ٢٠١٦ تورکیا یەکەم وڵات بوو کە هێزەکانی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە سووریا جووڵاند و بڵاوە پێ کرد. هێزەکانی ئێمە بوون ڕێگرییان لە گرووپە تێرۆریستییەکان کرد لە گەیشتنیان بە سنوورەکانی ناتۆ و، توانا و پلانەکانیانی لە جێبەجێکردنی هێرشە تیرۆریستییەکانیان بۆ سەر تورکیا و ئەوروپا تێک شکاند.
پێچەوانەی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانان لە ڕەقە و مووسڵ کە زیاتر هێرشی ئاسمانی بوون و کەمترین قوربانیی مەدەنییشی لێ کەوتەوە، هێزەکانی تورکیا و جەنگاوەرانی سوپای سووریای ئازاد دەرگه بە دەرگه بە دوای ڕیشەکێشکردنی یاخیبووەکان بوون لە ئەلباب کە ئەوکات قەڵا و پەناگەی داعش بوو.
ڕێگه و دیدی ئێمە خراپ نەبوو لە هەمبەر ژێرخانی سەرەکیی شارەکە، چونکە ژیانی ئاساییمان بۆ شارەکە گەڕاندەوە. ئەمڕۆ، منداڵان گەڕاونەتەوە قوتابخانەکانیان، نەخۆشخانەکان کە لە لایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، چارەسەری نەخۆشەکان دەکەن، پرۆژەی بازرگانیی نوێ دەرفەتی کاری ڕەخساندووە و ئابووریی شارەکەی بووژاندۆتەوە. ئەم دۆخ و ژینگە جێگیرە، تاکە چارەسەر و دەرمانی تیرۆریزمە.
تورکیا پابەندە بە لەناوبردنی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی تر لە سووریا، چونکە خەڵکی تورکیا زۆر بەباشی ئاشنای هەڕەشەکانی توندوتیژی و پەڕگیرین. لە ساڵی ٢٠٠٣دا، کاتێک بووم بە سەرۆکوەزیران، هەڕەشەکان بەهاوبەشیی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە، ببوونە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان لە تورکیا.
لە ئێستادا، ئەوەی کە پێی دەگوترێت دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسلامی، هاووڵاتیانی ئێمەی کردۆتە ئامانج، بەڵام شێوازی ژیانی ئێمە و دیدی میانڕەوانەی ئێمە، هەڵقووڵاوی شارستانییەتەکەمانە. چەند ساڵێک لەمەوبەر، گرووپە تیرۆریستییەکان بە منیان دەگوت "شەیتانی زۆردار و غەدار"، بەڵام ئێمە شەڕەفی ئەوەمان بەرکەوت کە پێشوازی لە هەزاران مەسیحی و ئێزیدی بکەین کە بە هۆی هاتنی تیرۆریستانەوە بۆ سووریا و عێراق، وەک پەنابەر لە تورکیان.
دووبارە دەیڵێمەوە کە هیچ سەرکەوتنێک لە بەردەم تیرۆریستاندا نییە؛ تورکیا بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی هەر شتێک کە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی خۆی و خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێویست بێت. لە ڕووی سەربازییەوە داعش لە سووریا تێک شکاوە. ئێمە هێشتا نیگەرانین لەوەی کە هەندێک هێزی دەرەوە ڕەنگە پاشماوەی ڕێکخراوەکان/داعش بکات بە پاساوێک بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریا.
سەرکەوتنی سەربازی بەسەر داعشدا هەنگاوی یەکەمە. عێراق وەک وانەیەک کە گرووپە تیرۆریستییەکانی لێ لەدایک بووە، سەرکەوتنێکی ئەوتۆی لە بەرامبەر گرووپە تیرۆریستییەکان بەدەست نەهێناوە و کەمتەرخەم بووە، چونکە هەمیشە کێشە دەخوڵقێنن و دواتر بە دوای چارەسەردا دەگەڕێن. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش ئەمڕۆ ناتوانێت هەڵەکانی پێشووی دووبارە بکاتەوە.
تورکیا بۆ نەهێشتنی هۆکارەکانی ڕەگی توندڕەوی، پێشنیاری ستڕاتیژێکی گشتگیر دەکات. ئێمە دەمانەوێت دڵنیا بین کە هاووڵاتیان هەست بە دابڕان و دوورکەوتنەوە لەگەڵ حکوومەتدا ناکەن و کار بۆ ئەوە دەکەین کە گرووپە تیرۆریستییەکانیش کار لەسەر گلەیی و ناڕەزایەتییەکانی گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگە نەکەن بۆ کردەی تیرۆریستی و، دڵنیا بین لەوەی کە خەڵک بەگشتی ئومێد و هیوا لەسەر داهاتوویەکی سەقامگیر بونیاد بنێن.
یەکەم هەنگاو، دەبێت دروستکردنی هێزێک بێت لە هەموو بەشەکانی سووریا بۆ سەقامگیربوونی سووریا. تەنیا هێزێکی پڵوڕاڵ و هەمەچەشن دەتوانێت خزمەت بە هەموو هاووڵاتیانی سووریا بکات و ڕێکخستن و یاسا بۆ سەرجەم بەشە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دابڕێژێت. هەر لەم گۆشەیەوە، پێم خۆشە بڵێم کە ئێمە هیچ مشتومڕێکمان لەگەڵ کوردانی سووریادا نییە.
لە ساتەوەختی جەنگدا، بەشێکی زۆری گەنجانی سووریا هیچ بژاردەیەکیان نەبوو جگە لە چوونە ڕیزەکانی پەیەدە و یەپەگە/ لقی سووریای پەکەکە، کە هەم تورکیا و هەمیش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی دادەنێن [مەبەست پەکەکەیە]. بەگوێرەی ڕێکخراوی هیومەن ڕایتس وۆچ، یەپەگە بە هۆی بەسەربازکردنی منداڵانەوە یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە.
دوا بە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا، ئێمە لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی وردەوە کار بۆ یەکگرتنەوەی منداڵانی سەرباز بە خێزانەکانیان دەکەین و کار دەکەین بۆ جێکردنەوەی هەموو ئەو سەربازانەی کە هیچ پەیوەندییەکیان بە هێز و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە نییە، لەناو ئەو هێزە نوێیە بۆ سەقامگیری کە بڕیارە پێک بهێنرێت.
دڵنیابوون لە نوێنەرایەتییەکی سیاسیی ڕاستەقینە کە نوێنەرایەتیی هەموو گرووپەکان بکات، کارێکی لەپێشینەی ئێمەیە. لەژێر چاودێریی تورکیادا، ناوچەکانی سووریا کە لەژێر دەسەڵاتی یەپەگە یان دەوڵەتی بەناو ئیسلامیدان، لە لایەن ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکانی خەڵکەوە بەڕێوە دەبرێن. ئەوانەیشی کە هیچ پەیوەندی و تێکەولێکەیەکیان بە گرووپە تیرۆریستییەکانەوە نییە، دەتوانن لە حکوومەتە خۆجێیەکاندا نوێنەرایەتیی پێکهاتە و گرووپەکانیان بکەن.
ئەنجومەنە خۆجێیەکان لە بەشی زۆری ناوچە کوردییەکانی باکووری سووریا، دەبێت لە نوێنەرانی پێکهاتە کوردییەکان پێک بێن و هاوکات، دەبێت دڵنیایش بین لەوەی کە پێکهاتەکانی تریش نوێنەریان هەبێت تا نوێنەرایەتیی سیاسییان بکات. بەرپرسانی تورکیایش کە خاوەن ئەزموونێکی زۆرن، دەتوانن لە سێکتەرەکانی شارەوانی، پەروەردە، چاودێریی تەندروستی و خزمەتگوزاریی فریاکەوتن ڕاوێژیان پێ بدەن.
تورکیا دەخوازێت لە کاتی کردەکانمان، هاوکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەکانی هەبێت. ئێمە لە نزیکەوە لە کۆبوونەوەکانی جنێڤ و ئاستانە بەشدار بووینە و، ئەمەیش بەشێکی پڕۆسەی کارکردن و چارەسەرکردنەکەیە لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا. ئێمە لەسەر بنەمای ئەم هاوبەشییە کارەکانمان لە سووریا ئەنجام دەدەین.
ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو لایەنەکان پەیوەندی بەو هێزەوە بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو تیرۆرەی کە لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامییهوه بڵاو بۆتەوە، کە دوژمنی ئیسلام و موسڵمانانە لە جیهاندا و دوژمنی پارێزگاریکردنە لە یەکپارچەییی خاکی سووریا. تورکیا لەم چرکە ساتە مێژوویییەدا بەخۆبەخشی ئەم ئەرکە لە ئەستۆ دەگرێت و چاوەڕێی ئەوەیش دەکەین کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتیمان بکات.
سەرچاوە