ڕێبازى يۆتۆپييانه‌ى يه‌كێتيى‌ ئه‌وروپا له‌ به‌رانبه‌ر ئێراندا

كۆلۆنێل دكتۆر ڕافاييل گى. بۆشنيك-چين و ليتوانت كۆلۆنێل دكتۆر دانى شوهام

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

پوخته‌: به‌زه‌حمه‌ت مرۆڤ، له‌ هه‌ڵوێستى ئه‌وروپا به‌رانبه‌ر به‌ ئێران، به‌تايبه‌تى ده‌رهه‌ق به‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى نيوكلياريى 2015 (JCPOA) و پرسه‌ باليستيكييه‌ هاوپێوه‌نده‌كان، حاڵى ده‌بێ. ئاخر EU، حه‌زى لێيه‌ ئالينگارى ئه‌مريكا بێته‌وه‌ كه‌ له‌ مانگى ئاياردا له‌ JCPOAى كشايه‌وه ‌و سزاگه‌لێكى توندى به‌سه‌ر تاراندا سه‌پانده‌وه‌. ئه‌و حه‌زه‌ى ئه‌وروپا، تاكه‌ هۆيه‌كى سه‌ره‌كيى ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى ئه‌وروپا له‌ به‌رانبه‌ر ئێراندا نييه‌، به‌ڵكه‌ زێتر ڕێى تێده‌چێ، ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپى‌ مليان بۆ كه‌مپينێكى په‌ره‌سه‌ندووى مه‌چه‌كبادان دابێ كه‌ ڕژێمى ئێرانى به ‌ئامانجى پاراستنى JCPOA و قووڵكردنه‌وه‌ى درز و كه‌لێنى نێوان هاوپه‌يمان و هاوبه‌شه‌كانى ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌رى ئه‌تله‌نتيك به‌ڕێوه‌ى ده‌با.

له‌ 7ى ئابدا، فيدريكا مۆگيرينى، نوێنه‌رى پايه‌به‌رزى يه‌كێتيى ئه‌وروپا (EU) بۆ كاروبارى ده‌ره‌كى و سياسه‌تى ئاسايش، گوتى: ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ين كه‌ ئێران له‌ناو JCPOAدا بمێنێته‌وه ‌و، سوود له‌و سووده‌ ئابوورييانه‌ وه‌ربگرێ كه‌ ئه‌م ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ بۆ خه‌ڵكى ئێرانيان ده‌هێنێ، چونكه‌ ئێمه‌ پێمان وايه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ به‌ قازانجى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى ئاسايشى، نه‌ك هه‌ر ناوچه‌ى ئێمه‌يه‌، به‌ڵكه‌ به‌ قازانجى ته‌واوى جيهانيشه‌. ئه‌گه‌ر به‌شێك له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان بۆ پێشگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى چه‌كى نوكليارى، جێبه‌جێ بكرێ و دانى پێدا بنرێ، ده‌بێ ئه‌و به‌شه‌ى ڕێككه‌وتننامه‌‌ بپارێزرێ. ئێمه‌ هانى كۆمپانيا بچووك و مامناوه‌ندييه‌كان ده‌ده‌ين، به‌تايبه‌تى كه‌ بازرگانى له‌گه‌ڵ ئێران و له‌ناو ئێراندا په‌ره ‌پێ بده‌ن، وه‌ك به‌شێ له‌و پلانه‌ى كه‌ به ‌لاى ئێمه‌وه‌، ئه‌وله‌وييه‌تێكى ته‌ناهى (ئه‌منى)ی هه‌يه‌.

ئه‌مه‌ له‌ڕووڕاوه‌ستانێكى به‌ئاشكراى سياسه‌تى سه‌رۆك "دۆناڵد ترامپ"ه‌ له‌باره‌ى ڕێككه‌وتننامه‌ نوكليارييه‌ى ئێران‌ و، سووربوونى هه‌ر سێ وڵاتى ئه‌وروپى (فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانيا و بريتانيا) بۆ هێشتنه‌وه‌ى JCPOAى نيشان ده‌دا.

حكوومه‌ته‌كانی EU به‌ڵێنيان داوه‌ كه‌ JCPOAى به‌زيندوويى بهێڵنه‌وه‌ و، "تاران"يش ڕازی بووه‌ كه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵاكانى ئه‌و وڵاتانه‌ بهێڵێته‌وه‌- به‌و مه‌رجه‌ى كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ گه‌ره‌نتیى كرده‌یی [عه‌مه‌لی] به‌ ئێران بده‌ن كه‌ بكارێ ئه‌و سووده‌ ئابوورييانه‌ى له‌و ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ ده‌ستى ده‌كه‌وێ‌، بۆ خۆى بچنێته‌وه‌، سه‌ربارى كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا و سه‌پاندنه‌وه‌ى سزاكان به‌سه‌ر ئێراندا.

ڕابه‌رى باڵاى ئێرانى، ئايه‌توڵڵا خامنه‌يى، ئه‌مه‌ى ڕوون كردۆته‌وه‌ كه‌ "JCPOA، ئامرازه‌، نه‌ك ئامانج؛ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بگه‌ينه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ نه‌ته‌وه‌ييیه‌كانى ئێمه‌ ناكا، ئێمه‌ وازى لێ ده‌هێنين." سه‌رۆككۆمارى ئێرانيش، حه‌سه‌ن ڕۆحانى، داواى له‌ هاوشانه‌ فه‌ڕه‌نسيیه‌كه‌ى كردووه‌ و له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌یش كه‌ واژووى JCPOAيان كردووه‌،  خێراتر و به‌ شێوازێكى زۆر شه‌فافتر بۆ پاراستنى ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ كار بكه‌ن. به‌ هه‌ر حاڵ، فه‌رمانده‌ى "سوپاى پاسداران"يش، موحه‌مه‌د عه‌لى جه‌عفه‌رى، له‌باره‌ى كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا له‌ ڕێككه‌وتننامه‌كه‌‌، پيرۆزبايى له‌ مييله‌ته‌كه‌ى خۆى ده‌كا و وه‌ك "شتێكى باوه‌ڕپێنه‌كراو، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌و كشانه‌وه‌يه‌ى ئه‌مريكایش" باس له‌ JCPOA ده‌كات.

تاران  بۆ  پابه‌ندبوون به‌ JCPOA  كۆمه‌ڵى مه‌رجى تايبه‌تى داناوه‌: EU پابه‌ند بێ به‌ بازرگانيى نه‌وت له‌گه‌ڵ ئێراندا و گه‌ره‌نتیى ئه‌وه‌یش بدا كه‌ ئێران چه‌ندى بوێ، نه‌وت له‌ بازاڕى جيهانيدا بفرۆشێ؛ EU ڕێوشوێنى كرده‌یی بۆ بازدان به‌سه‌ر سيسته‌مى دارايیى ئه‌مريكى بدۆزێته‌وه‌ و ڕاسته‌وخۆ له‌ باتى نه‌وتى ئێرانى، يۆرۆ به‌ بانكى ناوه‌نديى ئێران بدات، EU وه‌به‌رهێنانى زێتر له ‌ناوخۆى ئێراندا بكا؛ EU هه‌رێ بدا و واز له‌ وتووێژ و دانوستانى نوێ له‌باره‌ى به‌رنامه‌ى مووشه‌كه‌ باليستيكييه‌كانى ئێران و چالاكييه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، بهێنێ.

گرنگترين كارڕايیى‌ EU بۆ ئالينگاريى ئه‌مريكا، بريتى بووه‌ له‌ بڕيارى پێكهێنانى ميكانيزمێك بۆ پاره‌دان‌ له‌ برى كاڵاى هێنراو له‌ ئێران به‌ "نه‌وت"يشه‌وه‌، يان له ‌برى كاڵاى نێردراو بۆ ئێران. ئه‌م بڕياره‌، پاش زنجيره‌يه‌ك دانوستاندن دراوه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستێكى به‌رز له‌ باره‌گاكانى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و له‌ پشت ده‌رگه‌ داخراوه‌كانه‌وه‌، به‌ڕێوه‌ چوون. ئه‌و به‌ياننامه‌ فه‌رمييه‌ هاوبه‌شه‌ى كه‌ له‌مباره‌وه‌ له‌ 24ى ئه‌يلوولدا ده‌رچووه‌، به‌ئاشكرا ده‌ڵێ: "به ‌له‌به‌رچاوگرتنى پێويستيى به‌په‌له‌ و وه‌ديهێنانى ئه‌نجامگه‌لێكى كۆنكرێت، به‌شداربووان، پێشوازييان له‌ پێشنيارگه‌لێكى كرده‌یی كرد بۆ پاراستن و به‌ره‌وپێشبردنى كه‌ناڵه‌كانى پاره‌دان، نه‌خاسمه‌ ده‌ستپێشخه‌ريى دامه‌زراندنى وه‌سايتێك بۆ مه‌به‌ستگه‌لێكى تايبه‌ت (SPV) كه‌ ئاسانكارى بۆ پاره‌دان له ‌برى كاڵا نێردراوه‌كانى ئێران به‌ نه‌وتيشه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌، بكات."

ئه‌م كارڕاييیه‌، سه‌ربارى بڕياره‌كه‌ى EU بۆ كاراكردنى "بڕيارنامه‌ى بلۆككردن" (سه‌ره‌تا له‌ 22ى نۆڤه‌مبه‌رى 1996ه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ په‌سندكردن) كه‌ ئامانج لێى پاراستنى بازرگانى و تێكه‌ولێكه‌ و سه‌وداى EU بووه‌ له‌ كاريگه‌رى و كاركردى هه‌ر جێبه‌جێكردنێكى یاسا كه‌ وڵاتێكى سێيه‌م په‌سندى كردبێ. چاوه‌ڕوان ده‌كرێ  كۆميسيۆنى ئه‌وروپى، ئه‌م بڕيارنامه‌يه‌ به‌ جۆرێ هه‌موار بكاته‌وه‌ كه‌ ڕێوشوێنه‌ نوێيه‌كانى ئه‌مريكایش بگرێته‌وه‌. له‌ ڕاستيدا، ئه‌و هه‌مواره‌ له‌ بازرگانى و سه‌وداى EU ده‌خوازێ، كه‌ سه‌ر بۆ سزاكانى ئه‌مريكا نه‌هێننه‌ به‌رێ و گوێيان پێ نه‌ده‌ن.

به ‌لاى ئێرانه‌وه‌، پشتيوانيى به‌رده‌وامیى EU له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى نيوكليارى- له ‌ته‌ك ڕووسيا و چين و به‌م دوايیيه‌یش هيندستان- نيشانه‌ى جه‌ختكردنه‌وه‌يه‌ له‌سه‌ر ڕه‌وايیى ڕێككه‌وتننامه‌ى نوكليارى و له‌سه‌ر ناساندنى ئێران وه‌ك شه‌ريكێكى به‌رپرسيار و باوه‌رپێكراو. تا ئه‌و ده‌مه‌ى EU قه‌ناعه‌تى هه‌بێ كه‌ تاران به‌ڵێن و ئيلتيزاماته‌كانى خۆى جێبه‌جێ ده‌كا، ئه‌وا مافى ئێران له‌ به‌ديهێنانى به‌رنامه‌ى مه‌ده‌نيى نوكليارى خۆى- به‌پيتاندنى يۆرانيۆميشه‌وه‌- پارێزراو و ده‌سته‌به‌ركراوه‌ و گۆڕانى نيزام [ڕژێمى ئێران] له‌ به‌رنامه‌ى كارى نێوده‌وڵه‌تيدا نييه‌. ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تى بۆ وزه‌ى ئه‌تۆمى (IAEA) چه‌ند جارێكه‌ پشتڕاستى ده‌كاته‌وه‌ (دواجار له‌ 30ى ئابدا) كه‌ ئێران به‌ڵێن و ئيلتيزاماته‌كانى خۆى به‌گوێره‌ى JCPOA جێبه‌جێ ده‌كا و ڕێگه‌ى به‌ IAEA داوه‌ هه‌موو ئه‌و سايت و جێيانه‌ بپشكنێ كه‌ ويستوويه‌ سه‌ريان لێ بدا.

EU پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داناگرێ كه‌ ده‌بێ پشكێنه‌رانى نوكلياريى UN بگه‌نه‌ هه‌موو سايته‌كان، به‌ دامه‌زراوه‌ نيزامييه‌ نا-نوكليارييه‌كانى ئێرانيشه‌وه‌ وه‌ك كاربگێڕيى ئه‌مريكا داواى ده‌كا. ئه‌م جياوازييه‌ بايه‌خێكى گه‌وره‌ى هه‌يه‌، چونكه‌ ئێران پێش قۆناخى JCPOA، چه‌ندين ئۆپه‌راسيۆنى نهێنيى جياوازى له‌ بوارى نوكلياريدا جێبه‌جێ كردووه‌؛ ئه‌وه‌ بێ له‌ جياوازييه‌كان له‌باره‌ى پرسه‌ بالستيكييه‌كانه‌وه‌.

هه‌ڵويستى EU ده‌رهه‌ق به‌ ئێران، به‌شێكى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مێژووى پرشنگدارى ئێرانى تا هاتنه‌سه‌ركارى ئايه‌توڵڵاكان و سوپاى پاسداران؛ به‌شێكى ديكه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ‌ جياوازینه‌كردن له‌ نێوان ڕژێمى ده‌مارگيرى ئێرانى و خه‌ڵكى به‌ڕێز و شكۆى ئێرانى؛ يان بۆ‌ ده‌موچاو و بچمى خاپێنه‌رانه‌ى كه‌سايه‌تييه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى ڕژێم؛ يان بۆ‌ حيسابات و تێكه‌ولێكه‌ى‌ ئابوورى. ترسان له‌ هێزى ئێرانيش له‌وانه‌يه ‌كه‌ ڕۆڵێكى له‌و هه‌ڵوێسته‌ى EUدا هه‌بێ.

داخوا ئه‌وروپا درك به‌ سروشتى ڕاسته‌قينه‌ى تاران ناكا، يان ئه‌وه‌تا باشى تێ ده‌گا و ساده‌ و ڕه‌وان نايه‌وێ به‌ره‌وڕووى تاران ببێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر له‌ بارى جيۆپۆلیتيكييه‌وه‌ قسان بكه‌ين، ئه‌م ڕێبازه‌ى يه‌كێتيى ئه‌وروپا ده‌رهه‌ق به‌ ئێران، ناژيرانه‌يه‌. ئاراسته ‌و سه‌متى ستراتيژيى كۆمارى ئيسلامى به‌ته‌واوى خويا و دياره‌: ڕووسيا، چين، كۆرياى باكوور و سوورياى ئه‌سه‌د.

وێناكردنێكى زيندووى ڕووى هاوبه‌شى به‌رنامه‌ى نوكليارى و باليستيكيى ئێرانى و كۆرياى باكوور-كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ڕێبازى تارانه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ر دوو بازنه‌ى نوكليارى و باليستيكى- له‌ سه‌ردانى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى كۆرياى باكوور، ڕى يۆنگ هو،  بۆ پايته‌ختى ئێران له‌ 7ى ئابدا، قسه‌ى لێ كراوه‌. هه‌ر دوو وڵات ڕووبه‌ڕووى ئالينگاريى هاوشێوه‌ له ‌لايه‌ن ئه‌مريكاوه‌ بوونه‌ته‌وه‌، به‌تايبه‌تى دوا به‌ دواى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكى كۆرياى باكوور، كيم جۆنگ ئۆن و، سه‌رۆكى ئه‌مريكا، ترامپ. له‌وانه‌يه‌ سه‌ردانى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى كۆريا بۆ تاران، هه‌وڵدانێك بێ بۆ به‌نهێنى پاراستن و گواستنه‌وه‌ى "مه‌وجوودات"ى سه‌ره‌كيى نوكليارى و باليستيكيى كۆرياى باكوور بۆ ئێران.

ئه‌و مه‌وجووداته‌ى- سه‌ربارى چه‌كوچۆڵى ئۆپه‌راسيۆنى-‌ له‌ كۆرياى باكووردا هه‌ن و نياز وايه‌ له‌ناو ببرێن، يان  له‌باريه‌ك ده‌ربهێندرێن، له‌وانه‌يه‌ بگوازرێنه‌وه ئێران‌؛ جا چ به‌ "تجميع"كراوى بێ يان پارچه‌ پارچه‌. ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌ ئێران به‌گه‌رمى پێشوازيى لێ ده‌كرێ. پيۆنگ يانگ له‌وانه‌يه‌ پلان و نه‌خشه‌ى هه‌بێ بۆ گواستنه‌وه‌ى چه‌كوچۆڵ، مه‌وجووداتى ته‌كنه‌لۆژى و خه‌ڵكى لێهاتوو و شاره‌زاى خۆى بۆ ئێران؛ بێ ئه‌وه‌ى باس له‌ بوونيان بكا، يان له‌ناويان ببا، يان له‌باريه‌كيان بێنێته‌ ده‌ر يان وازيان لێ بهێنێ. نه‌بوونى سنوورى هاوبه‌ش له‌ نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا [كۆرياى باكوور و ئێران] گواستنه‌وه‌ى ئه‌و شتانه‌ له‌ كۆرياوه‌ بۆ ئێران، ئاڵۆزى و خه‌تەريشى تێدايه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌كرێ هه‌ر دوو وڵات ئه‌وپه‌ڕى تواناى خۆيان بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌م كۆسپ و ته‌گه‌ره‌يه‌دا، به‌خت بكه‌ن.

ئه‌م دوو پرۆسه‌يه‌ به ‌شێوه‌يه‌كى هاوته‌ريب ڕوو ده‌ده‌ن: 1) ئالينگاريى EU بۆ كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا له‌ JCPOA و به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ر جۆره‌ سه‌پاندنه‌وه‌يه‌كى سزاكان به‌سه‌ر ئێراندا (قۆناغى دووه‌مى ئه‌و سزايانه‌ له‌ ده‌سپێكى نۆڤه‌مبه‌ردا كارا ده‌كرێن)؛ 2) پێوه‌نديى چڕوپڕى EU له‌گه‌ڵ ئێراندا به‌و مه‌به‌سته‌ى كه‌ تاران، بێ ڕه‌چاوكردنى سياسه‌تى ئه‌مريكا،  پابه‌ندى JCPOA بمێنێته‌وه‌.

له‌وه‌ته‌ى سه‌رۆك ترامپ هاتووه‌ته‌‌ سه‌ر كار و سه‌رده‌مى ئۆباما پێچراوه‌ته‌‌وه‌، درز و كه‌لێنێك له‌ پێوه‌ندييه‌كانى نێوان وڵاتانى ناتۆ په‌يدا بووه‌. ئه‌مه‌یش به‌ئاشكرا له‌ ڕه‌خنه‌ى توندى EU له‌ ستراتيژيى يه‌كلايه‌نه‌ى ترامپدا له‌ چه‌ندين بوارى نێوده‌وڵه‌تيدا ده‌بيندرێ. ده‌وڵه‌ته‌ پێشڕه‌وه‌كانى ناو EU له‌ ستايلى ناديپلۆماتيكانه‌ و زبر و دڕى ترامپ هه‌تره‌شيان چووه ‌و له‌ ڕوانگه‌ى ئاوێزه‌ى ڕاستكردنه‌وه‌ى سياسيدا، بانگه‌شه‌ بۆ به‌ها ليبراڵييه‌كان ده‌كه‌ن. له‌ ڕوانگه‌ى ئه‌وانه‌وه‌، ترامپيزم به‌رجه‌سته‌ى خه‌ته‌رێكى جددى و گرنگ بۆ سه‌ر ديموكراسییه‌تييه‌كانى ڕۆژاوا ده‌كا. وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانيا، هيكۆ ماس، به‌م دوايیيه‌ داواى له‌ ئه‌وروپییه‌كان كرد له‌ به‌رانبه‌ر سياسه‌تى ترامپ: (هه‌وه‌ڵ جار ئه‌مريكا)، ئه‌وان ئايدياى ئه‌وروپايه‌كى يه‌كگرتوو په‌سند بكه‌ن.

ڕێك له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵويسته‌دا‌، EU له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دايه‌ وه‌ك ڕێكخراوێكى سه‌روه‌ر، تواناى بڕياردانى سه‌ربه‌خۆى هه‌بێ. له‌مباره‌وه‌، سه‌رۆكى گرووپى ليبراڵ له‌ په‌رله‌مانى ئه‌وروپا، گاى ورشوفستات، سه‌رۆكوه‌زيرى پێشووى به‌لژيك ده‌ڵێ: "ئێمه‌ وه‌كوو ئه‌وروپييه‌كان، سه‌ربه‌خۆ له‌ ئه‌مريكا،  ده‌بێ سياسه‌تى ده‌ره‌كیى خۆمان به‌هێز بكه‌ين تا بكارين پێوه‌ندييه‌كانى خۆمان له‌گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى گه‌وره‌دا، دابڕێژين." جێگه‌ى سه‌رسووڕمان نييه‌، ئه‌و پيله‌كه‌ تونده‌ى له‌باره‌ى JCPOAه‌وه‌ ده‌كرێ، يه‌كێكه‌ له‌ ململانێيه‌ هه‌ره‌ تونده‌ ديپلۆماتيكه‌كانى نێوان ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌رى ئه‌تله‌نتيك.

كارێكى ڕواڵه‌تى و ده‌به‌نگانه‌يه‌ ئه‌گه‌ر پێمان وابێ، به‌رژه‌وه‌نده‌ ئابوورييه‌كانى هاوپێوه‌ند به‌ وه‌به‌رهێنانى زۆروزه‌به‌ندى ئه‌وروپى له‌ ئێراندا، له ‌ته‌ك چاوه‌ڕوانييه‌كانى ئایينده‌ بۆ زێتر‌ به‌شداريى EU له‌ په‌ره‌پێدانى ژێرخانى پيشه‌سازيى ئێران، تاكه‌ شرۆڤه‌ن بۆ پێداگيريى EU له‌سه‌ر پاراستنى JCPOA وه‌ك ميكانيزمێك كه‌ له‌ ڕێگه‌يه‌وه‌ سروشتى ئاشتيخوازانه‌ى به‌رنامه‌ى نوكلياریى ئێرانى پێ ده‌سته‌به‌ر بكرێ.

له‌ ڕاستيدا، هه‌ر سێ وڵاتى ئه‌وروپى (فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانيا و بريتانيا) به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هه‌مواركردنه‌وه‌ى JCPOAدا بوون تا ڕێگه‌ له‌ كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا له‌و ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ بگرن. ته‌نانه‌ت فه‌ڕه‌نسا ده‌سته‌واژه‌ى JCPOA-2ى به‌كار هێنا بۆ تيشكخستنه‌ سه‌ر كه‌موكوڕييه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى ڕێككه‌وتننامه‌ ئه‌سڵييه‌كه‌، به‌تايبه‌تى كه‌ JCPOA باسى له‌ به‌رنامه‌ى مووشه‌كى باليستيكى نه‌كردووه‌. سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن له‌ شوباتدا گوتى: "پێويسته‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر مووشه‌كه‌ باليستيكييه‌كان، ئێران بخه‌ينه‌ ژێر چاوه‌دێرييه‌وه‌. ئه‌و چاودێرييه‌، بۆ ته‌ناهى و ئاسايشى ناوچه‌كه‌‌ كارێكى پێويسته‌ و بۆ ئه‌مه‌یش پێويستمان به‌ سزا و كۆنترۆڵێكى گونجاو و له‌بار هه‌يه‌‌."

له‌ 22ى كانوونى دووه‌مدا، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ڕه‌نسا، جان ئيف لى دريان، گوتى ئێران بڕيارنامه‌ى 2231 (2015)ى ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان پێشێل ده‌كا، كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و بڕيارنامه‌يه‌ بۆ پشتيوانيكردن له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى نوكلياريى 5+1 په‌سند كراوه‌. لى دريان گوتى: وڵاتانى ئه‌وروپى ئه‌و ده‌رفه‌ته‌يان هه‌يه‌ كه‌ پێداگرى له‌سه‌ر به‌رفه‌رمانبوونى ئێران به‌ بڕيارنامه‌ى 2231 بكه‌ن. چونكه‌ ئه‌و بڕيارنامه‌يه‌يه‌ ڕێگه‌ى ده‌ستڕاگه‌يشتن به‌ مووشه‌كى باليستيكى لێ ده‌گرێ، له‌ كاتيكدا ئێران ڕێز له‌و بڕيارنامه‌يه‌ ناگرێ. ئه‌م وشانه‌ به‌ به‌راورد به‌ بڕيارى 1929 (2010)ى ئه‌نجومه‌نى ئاسايش له‌با‌ره‌ى ڕێگه‌گرتن له‌ تاقيكردنه‌وه‌ى مووشه‌كى، كه‌متر كۆتوبه‌نديان تێدايه‌. له‌ بڕيارنامه‌ى 1929دا ده‌ڵێ، ئێران نابێ هيچ چالاكى و كارێك بكا كه‌ پێوه‌نديى به‌ مووشه‌كگه‌لێكى باليستيكييه‌وه‌ هه‌بێ كه‌ تواناى هه‌ڵگرتنى كڵاوه‌ى نوكليارييان هه‌بێ.

له‌ كاتێكدا مۆگيرينى گوتى كه‌ تاقيكردنه‌وه‌ مووشه‌كييه‌كانى ئێران به‌ پێشێلكردنى ده‌ق و بنه‌ماكانى JCPOA حيساب ناكرێ، ده‌زگه‌ى هه‌واڵگريى ئه‌ڵمانى له‌ مانگى ئاياردا گوتى ئێران له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى خۆى بۆ به‌ده‌ستهێنانى ته‌كنه‌لۆژیى نوكليارى و مووشه‌كى به‌رده‌وامه‌ و ئه‌وه‌یش پێشێلكردنى ڕێككه‌وتننامه‌ى نوكليارييه‌.

وته‌بێژێكى حكوومه‌تى ئێرانى جه‌ختى كرده‌وه‌ كه‌ "تاران، بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا، پێشنيازى فه‌ڕه‌نسا بۆ كردنه‌وه‌ى وتوويژ له‌باره‌ى پرۆگرامى باليستێكييه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ وتووێژى وه‌ها، پێشێلى ژێرخانى نه‌ته‌وه‌يى و به‌رگريى ئێران ده‌كا؛ له‌وما ده‌رگه‌ بۆ ئه‌م پێشنيازه‌ نافه‌رمييه‌ى فه‌ڕه‌نسا داخراوه‌."

له‌ حوزه‌يران، ڕابه‌رى باڵاى ئێران، ئايه‌توڵڵا خامنه‌يى، داواى له‌ سوپاى پاسداران كرد كه‌ په‌ره‌ به‌ به‌رنامه‌ى مووشه‌كيى ئێران بدات و له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كيدا له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانى سوپا، به ‌قسه‌ى وێبسايتى فه‌رميى خۆى، پێى گوتوون "چه‌ندى له‌ تواناتاندايه‌، كار له‌سه‌ر مووشه‌كان بكه‌ن و سه‌ير كه‌ن دوژمن چه‌ند له‌ پرۆگرامى مووشه‌كيى ئێران هۆشياره‌؛ له‌وما ده‌بێ بزانن كه‌ كاركردن له‌سه‌ر مووشه‌كان، زۆر گرنگه‌."

ئێران لووتبه‌رزانه‌ پێشنيازه‌كه‌ى EUى ڕه‌ت كرده‌وه‌ و چه‌ندين تاقيكردنه‌وه‌ى زيندووى مووشه‌كى باليستيكى كرد و به‌ئاشكرا "مووشه‌كى خوڕه‌مشه‌هر"ى نيشان دا كه‌ تا 2000 كيلۆمه‌تر (1243 ميل) ده‌ڕوا و ده‌توانێ  له‌ مه‌وداى 1800 كيلۆمه‌تردا، چه‌ند وه‌سايتێكى نيشانشكێنى سه‌ربه‌خۆ (MIRV) هه‌ڵبگرێ. وه‌ك ده‌زانرێ ئێران چه‌ندين مووشه‌كى مه‌وداهاوشێوه‌ى هه‌يه‌، وه‌ك شه‌هاب-3 كه‌ به ‌تايپ و شێوه‌ى كۆرياى باكوور بنيات نراوه و كار ده‌كا‌، لێ پرۆگرامى مووشه‌كه‌ باليستيكييه‌كانى ئێران زۆر له‌وه‌ دوورتريش ده‌ڕۆن.

سه‌ختگر و توندڕۆيه‌كانى ئێران- به‌تايبه‌تى له‌ناو سوپاى پاسداراندا- به‌ئانقه‌ست جبه‌خانه‌ى مووشه‌كه‌ باليستيكييه‌ درێژمه‌وداكان وه‌ك ئامرازێكى ديپلۆماتيى شه‌ڕانى به‌كار ده‌هێنن بۆ گه‌ياندنى په‌يامێك به‌ ئه‌ندامانى  EU و پێش هه‌موويشيان به‌ فه‌ڕه‌نسا: "ته‌س- واته‌ پاشه‌كشه‌ بكه‌ن."

هه‌ڵدانى شه‌ش مووشه‌كى باليستيكى له ‌لايه‌ن سوپاى پاسدارانه‌وه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى سووريا و به ‌ئاراسته‌ى بنكه ‌و پێگه‌كانى داعش، مووشه‌كى زولفه‌قار و قيام بوون، كه‌ مه‌ودايان 750 كيلۆمه‌تر و 800 كيلۆمه‌تر بووه‌. ئه‌مه‌ په‌يامێك بوو نه‌ك هه‌ر بۆ ئه‌مريكا، ئيسڕائيل و عه‌ره‌بستانى سعوودى، به‌ڵكه‌ پامێكيش بووه‌ بۆ EU. دياره‌ ڕێككه‌وت نييه‌ كه‌ به‌كارهێنانى ئۆپه‌راسيۆنانه‌ى ئه‌و مووشه‌كه‌ دوورمه‌ودایانه‌، دواى مانگێك له‌ پاش هۆشدارييه‌كه‌ى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ڕه‌نسا، لى دريان (31ى ئاب) بووه‌ كه‌ گوتى: ناكرێ خۆمان له‌ وتووێژ له‌باره‌ى پرۆگرامى مووشه‌كى باليستيكى و ڕۆڵى ئێران له‌ كێشه ‌و بێشه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا لا بده‌ين.

ئێران ده‌يه‌وێ به‌م جۆره‌ شێواز و كاركردنه‌ى، نيشانى بدا كه‌ 1) بێ ڕارايى، سل له ‌به‌كارهێنانى چه‌كى ستراتيژيك بۆ مه‌به‌ستگه‌لێكى تاكتيكى ناكاته‌وه‌ و 2) ئێسته‌ تواناى پێويستى ته‌كنه‌لۆژى و ئۆپه‌راسيۆنى هه‌يه‌ بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ نيشانه‌ و ئارمانجه‌كان له‌ ئه‌وروپا.

ئێران ئه‌وه‌ جارى يه‌كه‌مى نييه‌ كه‌ كارى له‌مبابه‌ته‌ بكا و مووشه‌كى باليستيكى، پاش ئه‌و هۆشدارييه‌ى فه‌ڕه‌نسا، هه‌ڵدابێ. به‌ڵكه‌ له‌ 18ى حوزه‌يراندا، شه‌ش مووشه‌كى باليستيكى ئاراسته‌ى هێزه‌كانى داعش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى سووريا كردن. ئه‌و مووشه‌كانه‌ كه‌ مووشه‌كى زولفه‌قار بوون و مه‌ودايان 750 كيلۆمه‌تر بووه‌ (جۆرێكى پێشكه‌وتووى فه‌تح-110ه‌يه‌ كه‌ زێتر بڕ ده‌كا و ده‌توانێ زه‌خيره‌ و كڵاوه‌ى شه‌ڕ هه‌ڵبگرێ).. ئه‌م ڕووداوه‌ زه‌قه‌، ماوه‌يه‌كى كورت دواى وتووێژى شاندێكى پايه‌به‌رزى EU له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانى پله‌ باڵاى ئێرانى ڕووی دا (كه‌ به‌ بۆنه‌ى له‌سه‌رته‌خت دانيشتنه‌وه‌ى ڕۆحانى هاتبوونه‌ تاران). ئه‌و شانده‌ ئه‌وروپييه‌، پێگيرانه‌ ئامۆژگاریى ئێرانى كردبوو كه‌ واز له‌ به‌رنامه‌ى مووشه‌كى باليستيكى خۆى بهێنێ.

له‌ ڕووداوێكى ديكه‌‌ى 9ى نۆڤه‌مبه‌رى 2017دا، ياخيبووه‌ حووسييه‌كانى يه‌مه‌ن، چه‌ند كاتژمێرێكى كه‌م پاش ئه‌وه‌ى سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا، ماكرۆن، ڕيازى جێ هێشتووه‌ و به‌ره‌و دوبه‌ى كه‌وتووه‌ته‌ ڕێ، مووشه‌كيكى باليستيكى به‌ره‌و ڕياز هه‌ڵدا. لێ به‌رگريى ئاسمانيى سعووديا، توانى سه‌ركه‌وتووانه‌ ڕێ له‌و مووشه‌كه‌ بگرێ. ماكرۆن له‌سه‌ر ئه‌و هێرشه‌، گازانده‌ى له‌ تاران كرد و گوتى: ئه‌وه‌ مووشه‌كێكى ئێرانى بووه‌ و "نيگه‌رانييه‌كى ئێكجار زۆر له‌ناو دراوسێيه‌ عه‌ره‌به‌كاندا له ‌ناوچه‌ى كه‌نداوى فارسى ده‌رهه‌ق به‌ هه‌ڵدانى مووشه‌كى ئێران هه‌يه و، پێويست ده‌كا ئێمه‌ له‌باره‌ى مووشه‌كه‌ باليستيكييه‌كانى ئێرانه‌وه‌ ده‌ست به‌ دانوستاندن و وتووێژ بكه‌ين." ‌

له‌وانه‌يه‌ ئێرانييه‌كان ده‌ستاوێژ و ڕێوشو‌ێنى ديكه‌یشيان بۆ ئيقناعپێكردنى EU به‌كار هێنابێ تا له‌به‌ر پرۆگرامى مووشه‌كى باليستيكى، واز له‌ بيرۆكه‌ى سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ر ئێراندا بهێنێ. له‌ 29ى ئادارى 2018دا، به‌گوێره‌ى هه‌واڵه‌كان‌ له‌ كۆبووه‌نه‌وه‌يه‌كى داخراوى ئيتاڵيا، ئیسپانيا و نه‌مسادا، باس له‌ پلانێك كراوه‌  بۆ سڕكردنى مه‌وجوودات و ڕێگه‌گرتن له هاتوچۆى‌ 15 كه‌س و كۆمپانيا و گرووپى ئێرانى كه‌ سه‌روكارێكيان له‌گه‌ڵ ‌پرۆگرامى مووشه‌كى باليستيكيى تاران و تێوه‌گلانى ئێرانه‌وه‌ هه‌يه‌ له‌ جه‌نگى ئه‌هلیى سووريا‌. به‌گوێره‌ى بنه‌ماكانى EU، ناكرێ بڕيارێكى له‌مبابه‌ته‌ به‌بێ ڕاى ئه‌ندامه‌كانى ديكه‌ى ئه‌و يه‌كێتييه‌، بدرێ.

ئامرازێكى نه‌ريتئاسا كه‌ له‌به‌رده‌ستى ئێراندا هه‌يه ‌و له‌وانه‌يه‌ تاران‌ به‌كارى هێنابێ بۆ هێنانه‌دیى ئامانجى بێ ده‌ستبه‌خۆداشۆڕكردنه‌وه‌ى EU، بريتييه‌ له‌ كاراكردنه‌وه‌ى شانه‌ نووستوه‌كانى خۆى له‌ ئه‌وروپا. هه‌وڵێكى تيرۆريستیى سه‌رنه‌گرتوو له‌ حوزه‌يرانى 2018 له‌ پاريس، به‌فه‌رمى درايه‌ پاڵ وه‌زاره‌تى ئيتيلاعاتى ئێرانه‌وه‌. هه‌ر سێ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ و ناوخۆ و ئابوورى له‌ 2ى ئۆكتۆبه‌ردا گوتيان: كارى مه‌ترسيدارى له‌مبابه‌ته له‌سه‌ر خاكى ئێمه‌‌، هه‌رگيز به‌بێ وه‌ڵام نامێنێته‌وه‌... فه‌ڕه‌نسا لێبڕاویى خۆى نيشان دا كه‌ دژى هه‌موو شێوه‌كانى تيرۆر، نه‌خاسمه‌ له‌سه‌ر خاكى خۆى، ده‌جه‌نگێ.

فه‌ڕه‌نسا، ديپلۆماتى ئێرانى، ئه‌سه‌دوڵڵا ئه‌سعه‌دى و پياوێكى ديكه‌ى ناو سه‌عيد هاشمى موقه‌ده‌م، بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ خسته‌ ژێر بارى سڕكردنى هه‌بووه‌كانيانه‌وه‌ [موجودات يان أصول- Assets:  به‌و پاره ‌و پووڵ و سه‌رچاوه دارايى ‌و داهاته‌ ئابوورييانه‌ ده‌گوترێ كه‌ دامه‌زراوه ‌و كۆمپانيايه‌كى بازرگانى يان بیزنسمانێك هه‌يه‌تى، واته‌: پاره‌ و پوڵ و پشكى بازرگانى و به‌هاى مه‌عنه‌ویيش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ كۆگا و شوێنێكى بازرگانى له‌ ماوه‌ى كاركردنى خۆيدا په‌يداى كردووه‌]‌. ئه‌سعه‌دى و پێنج كه‌سى ديكه‌ له ‌لايه‌ن پۆليسى ئه‌وروپييه‌وه‌ گيران و، حكوومه‌تى فه‌ڕه‌نسا گوتى مه‌وجووداتى وه‌زاره‌تى ئاسايش و ئيتلاعاتى ئێرانى سڕ كردووه‌.

جۆن بۆلتۆن، ڕاوێژكارى سه‌رۆك ترامپ بۆ ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى، له‌ 4ى ئۆكتۆبه‌ردا گوتى: ئومێدم وايه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌، سه‌رانسه‌رى ئه‌وروپا له‌ سروشتى ئه‌و ڕژێمه،‌ كه‌ چ هه‌ڕه‌شه‌يه‌ك پێك ده‌هێنێ، به‌ئاگا بهێنێته‌وه‌. كاربه‌ده‌ستێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێ: له‌به‌ر ڕۆشنايسى ئه‌و په‌لاماره‌ سه‌رنه‌كه‌وتووه‌ى ئێران له‌ ئه‌وروپادا، له‌ هه‌موو شتێ گرنگتر ئه‌وه‌يه‌ كه‌ هاوپه‌يمانه‌ ئه‌وروپييه‌كانى ئێمه ‌و هه‌موو وڵاتان بێنه‌ ته‌ك ئێمه‌ له‌ لێپێچينه‌وه‌ى ئێران له‌سه‌ر ئه‌و كار و ڕه‌فتاره‌ خه‌ته‌ر و خراپانه‌ى و، گوشارى زێترى ئابوورى بخه‌نه‌ سه‌ر ئێران تا له‌و كاره‌ خراپانه‌ى دوور كه‌وێته‌وه‌...

له‌وانه‌يه‌، تێكچوونى پێوه‌ندييه‌كانى نێوان پاريس و تاران شوێنه‌وارێكى درێژخايه‌ن به‌ سه‌ر ئێران جێ بهێڵێ، له‌ كاتێكدا سه‌رۆككۆمار حه‌سه‌ن ڕۆحانى، چاوى له‌وه‌يه‌ پايته‌خته‌كانى ئه‌وروپا، پاش كشانه‌وه‌كه‌ى ئه‌مريكا له‌ JCPOA، ڕێككه‌وتننامه‌ نوكلياريه‌كه‌ بپارێزن. ئاخیره‌‌كه‌ى، EUيش‌، وێڕاى ڕێبازه‌ يۆتۆپياكه‌ى ده‌رهه‌ق به‌ ئێران، وه‌ك مۆگيرينى ده‌ری بڕيوه‌، ڕووى ڕاسته‌قينه‌ى ئێرانى بۆ ده‌رده‌كه‌وێ.

ده‌وڵه‌تانی EU ڕووبه‌ڕووى كه‌مپينێكى پێشكه‌وتووى مه‌چه‌كبادان ده‌بنه‌وه‌ كه‌ ڕژێمى ئێرانى به‌ ئامانجى پاراستنى JCPOA  و قووڵكردنه‌وه‌ى درز و كه‌لێنى نێوان ئه‌ندامه‌كانى ناتۆ، به‌ڕێوه‌ى ده‌با. هه‌مان شت به‌سه‌ر بوارى مووشه‌كى باليستيكيدا جێبه‌جێ ده‌بێ. به‌پێچه‌وانه‌ى دانايیى ساده ‌و ساكارانه‌ى ئه‌وروپى، زه‌رده‌خه‌نه‌ى سه‌رۆك ڕۆحانى، خاپینه‌رانه‌يه‌. بڕياربه‌ده‌ستى ڕاسته‌قينه‌ له‌ ڕژێمى ئێرانيدا، ڕابه‌رى باڵا خامنه‌يى و سوپاى پاسدارانه‌ كه‌ له‌ژێر فه‌رمانده‌يیى ڕاسته‌وخۆى  خامنه‌يیدايه‌. كاتى هاتووه‌ سروشتى ڕاسته‌قينه‌ى توخمه‌ حوكمڕانه‌كانى ئێران، نياز و مه‌رام و مانا و مه‌غزاى ڕه‌فتار و‌ كار و كرده‌كانيان، بناسرێن.

 

سەرچاوە:

https://besacenter.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples