عەلى ئەسغەر فەریدى
وەرگێڕانى لە فارسییەوە: تەحسین تەها
باسى دابەشبوونى عێراق بۆ سێ وڵاتى شیعە لە باشوور، سوننە لە ناوەند و کورد لە باکوور باسێکى نوێ نییە. مەسعوود بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ڕاشکاوانە سەبارەت بە ئەنجامدانى ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییى کوردستان قسە دەکات. هەندێ میدیاى هەرێمیش لە زارى بەرپرسەکانیانەوە هەواڵى ئەوەیان داوە کە زیاتر لە 32 وڵاتى ئەورووپایى پشتیوانی لە سەربەخۆییى کوردستان دەکەن. ئیسڕائیل بەشێوەیەکى ئاشکرا پشتگیریى خۆى بۆ سەربەخۆییى کوردستان ڕاگەیاندووە. دواى شیمۆن پێرێز و نێتانیاهۆ، ئایلێت شاکید، وەزیرى دادى ئیسڕائیل دوایین بەرپرسى ئیسڕائیلى بوو کە گوتى وڵاتەکەى بەشێوەیەکى جددى داکۆکى لە دروستبوونى دەوڵەت و وڵاتێکى سەربەخۆى کورد دەکات.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان، کە لە هەمان کاتدا سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە، کە گرنگترین ڕێکخراوە سیاسییەکەشیەتى، پێى وا نییە کە ئەنجامەکانى ڕیفراندۆم بەنیسبەت سەربەخۆییى کوردستان ئیلزامێک دروست بکەن (واتە مەرج نییە ریفراندۆم بەماناى ڕاگەیاندنى سەربەخۆیى بێت- وەرگێڕ). هەرچەندە هەرێم لەگەڵ کێشە ئابوورییەکان و پێدانى مووچەى فەرمانبەرانى لەکاتى خۆیدا، ڕووبەڕووى هەندێ تەنگوچەڵەمە بووەتەوە، بەڵام ڕەنگە ئێستا گونجاوترین کات بێت بۆ پێکهێنانى وڵاتى سەربەخۆى کوردستان. لەبارى ناوخۆیییەوە دەکرێ بڵێین کە عێراق بەکردەوە دابەش بووە.
حەمەى حاجى مەحموود، سکرتێرى گشتیى حزبى سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، پارساڵ لە کۆنفرانسێکدا لە سلێمانى سەبارەت بە عێراق گوتبووى: "عێراق تەنیا لە ئاسمانەوە یەکپارچەیە و لە زەویدا بەکردەوە دابەش بووە."
سوپاى عێراق بە سەرنجدان لە کردەوەکانى لە شەڕى دژ بە داعش، زۆر لە هێزى پێشمەرگەى کوردستان لاوازترە، تەقینەوەى ڕۆژانە لە بەغدا و شوێنەکانى ترى ژێر دەسەڵاتى حکوومەتى ناوەندى، نیشانەى لاوازى و بێتواناییى هێزە ئەمنیییەکانى ئەو وڵاتەیە، لەکاتێکدا ئەم هەوڵە تیرۆریستییانە لە هەرێمى کوردستاندا لە پەنجەى دەست تێناپەڕن. بەپێچەوانەى جاران کە ڕاى گشتى، سیاسەتمەداران و کەسایەتییە ئایینییەکان، قسەکردن لەسەر دابەشبوونى عێراقیان بە گوناهێکى نەبەخشراو دەزانى، ئێستاکە ئەم تابۆیە تاڕادەیەک شکاوە و تەنانەت هەندێ لە پەرلەمانتاران و سیاسییەکانى عێراق، جیابوونەوەى کورد لە عێراق، ئەگەر بێت و داواى کۆمەڵگەى کوردستان بێت، بە شتێکى ڕەوا و پەسەندى دەزانن.
پەیوەندییەکانى هەرێم لەگەڵ دەوروبەر
حاڵى حازر، لەڕووى هەڵومەرجى ناوچەیى و جیهانییەوە، ڕاگەیاندنى سەربەخۆییى کوردستان باشترین شەنسى هەیە. لە ڕابردوودا ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا وێڕاى هەموو ناکۆکییەک لە بوارەکانى دیکەدا، لەسەر پرسى کورد، هاوڕا و هاوپەیمان بوون و وڵاتانى دیکەى ناوچەکەش لەبەرخاترى پەیوەندى و دۆستایەتى لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا، لە نەیارە سەرسەختەکانى سەربەخۆییى کوردستان بوون. بەڵام ئێستا بەهۆى شەڕى ناوخۆیى و هێرشى داعش بۆ سەر عێراق و سووریا، ئەم دوو وڵاتە بەکردەوە هێزێکیان نییە بۆ بەرهەڵستى و دژایەتی و، ڕەنگە دژایەتییەکەیان لە هەڵوێستوەرگرتنێکى سیاسیدا کورت بکرێتەوە.
تورکیا جگە لەوەى لە شارە کوردنشینەکانیدا کێشەى زۆرى لەگەڵ کورددا هەیە، دواى تێکچوونى پەیوەندییەکانى لەگەڵ مۆسکۆ، بەهۆى خستەخوارەوەى سۆخۆ 24 و گەمارۆکانى ڕووسیاوە، زیاتر لە جاران پێویستیى بە نەوت و گازى هەرێمى کوردستان هەیە. تورکیا جگە لەوەى لە گواستنەوەى نەوتى خاوى هەرێمى کوردستان بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگەى بەندەرى جەیهانەوە قازانج دەکات، بەدواى ئەوەدایە کە لە ڕێگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە، پارتى کرێکارانى کوردستانیش کۆنترۆڵ بکات.
ئێران هەر لە سەرەتاى پێکهێنانى هەرێمى کوردستاندا لەدژى وەستایەوە و هاشمى ڕەفسەنجانى لە سەردەمى سەرۆککۆمارییەکەیدا بە ئاشکرا گوتبووى " ڕێگە نادەین ئیسڕائیلێکى دیکە بە بن گوێمانەوە دابمەزرێت"، کەچى بەر لە تورکیا، کونسولخانەى لە هەولێر و سلێمانى کردەوە.
پێشوازییە گەرموگوڕ و فەرمییەکەى پاشاى عەرەبستانى سعوودى لە مەسعوود بارزانى لەم سەفەرەى دواییدا بۆ ئەم وڵاتە، شک و گومانى ئەوەى ڕەواندەوە کە گوایە وڵاتە عەرەبەکانى ناوچەکە دژى سەربەخۆییى کوردن لە عێراقدا. هەندێ ڕاپۆرتى پشتڕاستنەکراوە، گوزارشت لە هاوکاریى داراییى سعوودیە دەکەن بۆ لێدانى خەندەق بە درێژاییى سنوورى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ناوچە عەرەبنشینەکاندا.
هێرشى داعش بۆ سەر هەرێم
مەسعوود بارزانى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "ئەلحەیات"، کەمڕەنگکردنەوەى باسى ڕیفراندۆم و سەربەخۆییى کوردستانى وەک یەکێ لە هۆیەکانى هێرشى داعش بۆ سەر هەرێمى کوردستان ناو برد کە بە گوتەى ئەو، قۆناغێکى پێشکەوتووى بڕیبوو. بەڵام ئەم هێرشە، سەرەڕاى ئەو زەرەر و زیانە ماددى و مەعنەوییانەى بەدواى خۆیدا هێناى، ئەم باشییەى هەبوو کە سەرجەم ناوچە جێناکۆکەکان لەگەڵ حکوومەتى عێراق و بەتایبەت بیرە نەوتییەکانى کەرکوکیشى خستە ژێر کۆنترۆڵى هەرێمى کوردستانەوە. ئەو شتەى کە بە گوتەى بارزانى، کورد بەهۆیەوە دە ساڵ سەبرى گرتبوو تا لە چوارچێوەى دەستوورى عێراق و بەپێى ماددەى 140، ناکۆکیى سەبارەت بەو ناوچانە چارەسەر بکەن، بەڵام گشت هەوڵەکان بێئاکام بوون.
حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ هێرشى داعشدا، بۆ پاراستنى سنوورەکانى خۆى لەگەڵ ناوچە عەرەبنشینەکانى عێراقدا، دەستى بە دروستکردنى خەندەقێکى گەورەکرد. ئەو خەندەقەى کە تاکو ئێستا زیاتر لە 60% ى جێبەجێ کراوە و تا مانگى مایسى داهاتوو تەواو دەبێت.
ئەم خەندەقە، سنوورەکانى دواڕۆژى کوردستان لەگەڵ عێراقدا دیارى دەکات. بەم پێیە بێت، دەکرێ بڵێین ئەوەى کە بارزانى دەڵێ ڕیفراندۆم ئیلزامێک دروست ناکات و بەماناى ڕاگەیاندنى سەربەخۆیى نییە، تەعاروفێکى سیاسى و دیپلۆماتیکە.
ئەو بەڵگە و نیشانانەى لەبەردەستدان گوزارشت لەوە دەکەن کە سنوورەکانى سایکس – پیکۆ، دواى تێپەڕینى سەدەیەک، ئیتر کۆن بوونە و ئەم ناوچەیە پێویستى بە سنوورگەلێکى نوێ هەیە کە نەک لەسەر بنەماى پێکەوەژیانى زۆرەملێى نەتەوەکان – کە بۆ چەندین ساڵى دوورودرێژ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى تووشى جەنگ و خەڵتانى خوێن کرد – بەڵکوو بە ڕا و خواستى دانیشتووانى ناوچەکە بنیات بنرێت.
ڕەنگبێ وڵاتى کوردستان بە ڕووبەرى 60 هەزار کیلۆمەترى چوارگۆشە و 5 ملیۆن دانیشوو، یەکەمین وڵات بێت کە دواى سەدەیەک لە ناوچەى پڕئاژاوەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، بە "تەڵاقى مەخمەڵى (نەرم و نیان و بەشێنەیى)"، دیاردەیەک کە ئەم ناوچەیە پێى نامۆیە، سەربەخۆیى ڕابگەیەنێ.
سەرچاوە: http://www.radiozamaneh.com