عەرەبستانى سعوودى و ئێران: شەڕى ساردى ئیسلام

2016-07-03

وەرگێڕ: ئاسۆ کەریم*

لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردى و لە (شپیگل- ئینتەرناشنال) وەرگیراوە.

9ى ئایارى 2016

ئێران و عه‌رەبستانى سعودى وەک دوو دوژمنى باوەکوشتەى یەکدى، لەسەر باڵادەستبوون لە ڕۆژهەڵاتى ناویندا لە شەڕ و بناردان.  ململانەى نێوان خۆیان لە شەڕى بەوەکالەتدا لە یەمەن، سوریا و عێراقدا بەڕێوە دەبەن. وێڕاى ئەمەش، هەردوو وڵات لە ناوەخۆدا ڕووبەڕووى ئاریشە و گرفتى هاوشێوەى بەرچاو دەبنەوه‌.

هيچ سەرۆکێکى پێشووى ئەمریکا، کە سەردانى ئەڵڵاقۆیسەن، هاوپەیمانێکى نزیکى خۆى لە جیهانى عەرەبیدا کردبێ، ئاوا سووکایەتیى پێ نەکراوە: کاتێ کە باراک ئۆباما لە ناوەڕاستى نیساندا لە فڕۆکەخانەى ڕیاز دابەزى، مەلیک سەلمان لە کۆشکى شاهانەى خۆى مابووه‌وە و نەهاتبووە دەرێ. لە جیاتى مەلیک، لە لایەن شازادەى ڕیازەوە پێشوازى لە پیاوە هەرە بەدەسەڵاتەکەى دنیایێ کرا. هیچ ڕێوڕەسمێکى پێشوازى بۆ ئۆباما نەکرا و تەلەفزیۆنى دەوڵەتیش خۆى لە بڵاوکردنەوەى هەواڵى گەیشتنەکەى بوارد. وێدەچێ ئۆباما لە «نیشتگە- مدرج»ى فڕۆکەخانە، بەر لەوەى ئەو سووکایەتییە بە زەردەخەنەیەکەوە بشارێتەوە کەمێک تێ مابێ، بەڵام بەسەرەخۆى نەهێنابێ.

ئیدى پەیامەکە ڕوونە: عەرەبستانى سعودى هەست دەکا کە ئەمریکا لە تەنگانە و سەغڵەتیدا پشتى تێ کردووە. ئیدى سعودیە باکى بەوەش نەبووە کە دڕدۆنگى خۆى نیشانى ئەمریکا بدا.

چیڕۆکى ئەو پێشوازییە فاشیلە لە بوارى دیپلۆماتیى نێودەوڵەتیدا هەر تەنیا هەقایەتێک نییە و بەس. ئەم چیڕۆکە یاریدەى ڕوونکردنەوەى ئەو گۆڕانە گەورە جیۆ- سیاسى و ئەو ململانێ پەرەسەندووە دەدا کە سەرتاپاى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى داگرتووە و بووەتە شەڕى ساردى ئەم سەردەمەى ئێمە و، عەرەبستانى سعودیی خستووەتە سەر بارى دژایەتیى ئێران. ئەو دوو نەیار و ناحەزە هەموو هەوڵێکیان لە پێناو باڵادەستبوون لە ناوچەکەدا خستووەتە گەڕ و تەواو ڕوون نییە کە ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەگەڵ کێهەیاندا دەوەستێ.

 

خاترجەمنەبوون و گۆڕانکاریى بلەز

ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە، ژ مێژە ناسیومانە و سەروکارمان لەتەکیدا هەس، بەشێوەیەکى دراماتیکى لە گۆڕاندایە. بێ لەبەرچاوگرتنى ئەوەى کە لە کوێوە سەیرى شتەکان دەکرێ، ڕیاز و تاران، هەر یەکەیان، بە لانى کەمەوە لە پشت لایەنێک لە لایەنە بەشداربووەکانى ململانێیەکانى ناوچەکە ڕادەوەستێ. شانشينى عەرەبستانى سعودى، خانەخوێ و پارێزەرى هەر دوو حەرەمى شەریف و پیرۆزە لە مەککە و مەدینە و خۆى بە ماڵەبابى ئەهلى سوننە و جەماعەت دەزانێ و زۆرینەى موسڵمانانى جیهانیش سەر بەو مەزهه‌بەن. کۆمارى ئیسلامیى ئێران، کە دەوڵەتێکى تیۆکراتیى شیعە مەزهه‌بە، ڕابەرایەتیى شیعەکان دەکا کە هاکەزایى 13%ى موسڵمانانى سەرانسەرى دنیا دەبن. ئایین لە هەر دوو نیزامى سعودى و ئێرانیدا، ئامرازێکى گرنگى دەسەڵاتە.

خوێناویترین شەڕى ئەهلیی ئەمڕۆ، ململانە و کێشەى سوریایە کە پێى ناوەتە ساڵى شەشەمەوە و تا ئێستا زێتر لە 250000 کەس لەو شەڕەدا سەریان تێدا چووە- ئەو ئاگربڕەى کە لە ماوەى دوو مانگى ڕابردوودا، لەنێوان لایەنە پێکناکۆکاندا هەیە، وێناچێ زێتر لەوە درێژە بکێشێ. ئەوە لە سوریا، هەروا بێتەوە لە کێشە و ململانێیەکانى ناو عێراق و یەمەن، قۆڵ و بەرەکانى شەڕ، بە شێوەیەکى سەرەکى هاوتەریبن لەگەڵ هێڵى مەزهەبى: سوننە دژى شیعە. ئاشتییەکى لەرزۆکى خۆنەگر لە لبنان و بەحرێندا هەیە، لێ لەوانەیە لە هەر ئان و ساتێکدا لە سەرینى بشێوى و تێکهەڵچوونى تایەفییەوە لەباریەک بچێ.

ئەم هەموو شەڕە بەوەکالەت و گێرمە و کێشە تایەفییە، شەپۆڵێکى ڕەوکردنی ئەو خەڵکانەیان بەدواوە بووە کە ئاوارە و سەرگەردان بوون: زێتر لە 6 ملیۆن کەس لە سوریا و عێراق لە تەک نزیکەى 3 ملیۆن کەسى یەمەنیدا. لەبن دار و پەردووى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، ئەژدیهاى چەندسەر (هایدرا) سەرى خۆى دەرهێناوە و زەندەقى برۆکسل، پاریس و باقیى دنیا دەبا: دەوڵەتى ئیسلامى [دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام- داعش]. لە پارادۆکسێکى مێژوودا، میلیشیا تیرۆریستەکانى سوننە، هەم عەرەبستانى سعودى و هەم ئێران بە دوژمنى خۆیان دەزانن.

هەروا بێتەوە ئەم ململانێ پەرەسەندووە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، لە جەوهەردا، سەروکارێکى لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆڵى گۆڕاوى ئەو لە جیهاندا هەیە. پاش دەیان ساڵ دژمنایەتیکردنى ئێران، باراک ئۆباما دەیهەوێ دایالۆگێک لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەست پێ بکاتەوە و ڕێککەوتنێکى نوکلیارى لە تەک ئێراندا کرد بەو هیوایەى کە ئەم ساتوسەودایە ڕێگە لە تواناى ئێران لە بەدەستهینانى چەکى نوکلیارى بگرێ و لە بەرانبەردا ئێران-یش بتوانێ تێکەولێکەى بازرگانى و بزنس لەگەڵ ڕۆژئاوادا بکا.

لە هەمان کاتدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، سەربار، پێى باشە خۆى لەو ناوچە ئاڵۆز و پاڵۆزەى جیهان بکێشێتەوە. پەرەسەندنەکانى ئێستە، زادەیەکى ئەم سەمت و ئاراستەیەن.

لە کاتێکدا ئێران دواى دەیان ساڵى پەراوێزکەوتن، دەیەوێ پێگەى گرنگى جارانى هەرێمایەتیى خۆى بەدەست بهێنێتەوە. چەند، وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بکەونە ژێر کۆنترۆڵى شیعەکان، ئێران هەندە هەست بە بەهێزبوونى خۆى دەکا- هەندەش عەرەبستانى سعودى هەست بە فشار و تەنگاوى دەکا، ئاخر سعودیە وڵاتێکە کە حوکمڕانەکانى بەهۆى پەیمانێک لە تەک بنئاژۆ [فەندەمینتالیست]ه‌کانى سوننە مەزهه‌بدا، وەهابییەکان، هاتوونەتە سەر کار.

ئەم شەڕە ساردە نوێیە، کارى لە تەواوى دنیا کردووە و بووە بە بابەتێکى زیندووى لێوەکۆڵین لە هۆکارەکانى ئەم شەڕە و وردبوونەوە لەو ماکانەى کە پاڵ بە عەرەبستانى سعودى و ئێرانەوە دەنێن کە بەردەوام بن لە ڕێچکەى پەرەپێدانى ئەم ململانێیەدا. تیمێکى ڕیپۆرتەرى شپیگل، بۆ لێوەکۆڵینى ئەم بابەتە، چوونەتە هەر دوو وڵات و لەگەڵ سیاسەتوانان، ڕابەرەیلى ئایینى، چالاکوانان، ڕۆشنبیران و خەڵکى ئاساییى سەر جادە و شەقامان قسەیان کردووە.

پارانۆیاى شیعیى سعودى

عەوامیە [شارێکە سەر بە پارێزگاى قطيف-ە لە ڕۆژهەڵاتى عەرەبستانى سعودیەدا]، شارێکى خۆڵاویی سەر کەناراوێکە کە لایەک بە کەنداوى عەرەبى دادەنێ و لایەکەى دیش بە کەنداوى فارس. لە عەوامیە، وەک بێژى عەرەبستانى سعودى خۆى لە شەڕێکى ئەهلیدا بێ، ئاوایە. خاڵێکى پشکنین کە بە دیوارى بەرز و بڵندى پاراستن دەزانرێ زاڵگەیە، دەروازەى چوونە شارەکەیە و زرێپۆشێکیشى لەبەردەمدا ڕاوەستاوە. بە شەوان، بۆ ڕووناککردنەوەى خاڵى پشکنینەکە، لایت و پرۆجێکتەرى دەخرێتەسەر.

هەروا دیوارێکى ئەستوورى کۆنکرێتى بە دەورى پۆلیسخانە، وێستگەى کارەبا و شارەوانى لە مەیدانى سەرەکیى عەوامیەدا دەبیندرێ و لەسەر دیوارەکە نووسراوە:

«ئەوان دەمان کوژن، چونکە ئێمە شیعەین!» «بڕۆ دۆزەخ، تۆ دەمان خاپێنێ!» «ئێمە هەرگیز خۆ بەدەستەوە نادەین!» «نەمر، ئێمە لەبیرت ناکەین!» «نەمرى ئێمە نەمردووە!»

لە شەوى 1ى کانوونى دووەمى [2016]دا، عەرەبستانى سعودى ئاخۆند و بانگخوازى شیعە مەزهه‌ب، شێخ نەمر باقر ئەلنەمر، کە بنکە و بارەگاى لە عەوامیە بووە، لە تەک 46 کەسى دیکەدا کە زۆربەیان بە تیرۆر تاوانبار کرابوون، لەسێدارە دا. لە ماوەى زێتر لە سێ دەیەى ڕابردوودا، ئەو لەقەنارەدانە، گەورەترین شەپۆڵى لەسێدارەدان بووە لەو وڵاتەدا.

لە عەرەبستانى سعودیه‌، کەمینەیەکى شیعەمەزه‌ب هەیە کە لە 10%ى دانیشتوانى وڵات زۆرترن و شێخ نەمر نوێنەرێکى هەرە دیارى ئەو کەمینەیە بووە و دوژمن و نەیارێکى سەرسەختى بنەماڵەى دەسەڵاتڕانیى ئال- سعود بووە و تۆمەتى چەوساندنەوەى سیستەماتیکانەى شیعەکانى داونەتە پاڵ. حکوومەت ئەم تۆمەتانەى ڕەت کردووەتەوە و تۆمەتى ئەوەى دابووە پاڵ شێخ نەمر کە بووەتە تیرۆریستێکى دەسچنى ئێران و بەرپرسیشە لە کوژرانى چەند کەسێک لە دەزگاى ئاسایشى عەرەبستانى سعودى.

دوا بەدواى لەسێدارەدانى نەمر، خەڵکێکى ڕەشۆکیى توڕە –لەگینە ڕێکخراویش بووبن- پەلامارى سەفارەتخانەى عەرەبستانى سعودییان لە تاران دا و، لە ئاکامدا ڕیاز پێوەندیى دیپلۆماتیکانەى خۆى لەگەڵ ئێراندا بڕى و تاران-یش لەبەرانبەردا دیپلۆماتەکانى خۆى لە ڕیاز کێشایەوە. لەو دەمەوە، بێدەنگییەکى بەفرئاسا لەنێوان هەردوو هێزى هەرێمایەتیدا هەیە.

براى شێخ نەمرى لەقەنارەدراو، لە ئۆفیسەکەى خۆیدا کە لە مەیدانێکدایە دەکەوێتە پەڕگەى عەوامیەوە، دادەنیشێ. محەمەد ئەلنەمرى 52 ساڵە، پیاوێکى کەڵەگەت و بەدیمەن و سمێڵ و ڕیش ماش و برنج و دیشداشەیەکى سپیى نەریتئاسا لەبەر و چەفیەیەکى سوور و سپیى لەسەر. «لەسێدارەدانى 46 زیندانییەکەى دیکە، تەنیا بیانوویه‌ک بوو بۆ کوشتنى براکەى من،» ئەو دەڵێ. محەمەد ئەلنەمر بەسەر خۆى ناهێنێ، کە توڕەیە یان هەراسان و قەڵسە، بەڵکە تا ڕادەیەک خۆى ڕاگرتووە و پێوەى دیار نییە، «لە مێژە ئەوانى دیکە حوکمى لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو» ئەو پێدا ڕۆیى. «شێخ نەمر سەرچاوەى ئیلهامى مە بوو، نەمازە بۆ خەڵکێن جحێڵ. ئەو لێروکانە جێگەى ڕێز و ستایش بووە».

ئەم ئاخۆندە لە ژیانى خۆیدا چەند جار گیراوە و بەردراوە، دواجار لە هاوینى 2012دا بووە. پێش ئەو گرتنەى، جێنشینى مەلیک، شازادە نایف بن عبدالعزیز كۆچی دوایی کرد و شێخ نەمر لەبارەى ئەم ڕووداوە سەرنجى خۆى ئاوا دەربڕی بوو: «کرم تێى دەوروکێن و دەیخۆن، عەزابى دۆژە لەناو گۆڕى خۆیدا دەبینێ. پیاوێک، سۆنگەى ئەوە بوو ئێمە لە ناو ترس و دڕدۆنگى و ستەمدا بژین- لێ ئێمە بە مەرگى ئەو شاد و خۆشحاڵ نین».

ئەو وشە و قسانەى برایەکەى کردوونى «یەک شتن» محەمەد ئەلنەمر دبێژە. «بەڵام تیرۆریزم شتێکى دیکەیە». «ئەو بە عەرەبییەکى ڕەوان دەدوا و پەنجەى شادەشى بە ئاستەم دەجووڵاند». لە ڕاستیدا ئەویش ڕەنجێکى زۆرى دا، ببێتە بانگخوازێکى بەکار. لێ ئەو [مەبەست محەمەد باقر ئەلنەمرە] ئێستا بێزنسمانێکە، هەموو وشەیەکى خۆى دەپێژێ، ئەوجا دەیبێژێ. ئەو پەلامارى سەر سەفارەتخانەى وڵاتەکەى مەحکوم دەکا و دەڵێ: «من پیاوێکم وڵاتى خۆم خۆش دەوێ».

پێنج مانگ بەر لەوەى براکەى بگیرێ، کوڕە گەورە 17 ساڵانەکەى محەمەد ئەلنەمر لە زیندانێ نرا. لە ساتەوەختى بەهارى عەرەبیدا، کوڕەکەى بەشداریى لە ناڕەزایەتییەکاندا کردووە و لە ئەنجامى ئەوەدا حوکمى لەسێدارەدانى بۆ بڕاوەتەوە. واتە عەلى ئەلنەمر دەبێ سەرى بپەڕێندرێ و لەدار بدرێ. «دەبێ لەم بارەوە چ ببێژم» باوکەکەى دەپرسێ. «کاتێ کە کوڕەکەى من گیرا، منداڵ بوو.» عەلى، ئەو دەڵێ، زیرەک و پڕئاوات بوو، دەبوایە ئێستە لە زانکۆ بوایە. «ئێستە، ئەوە بۆ پێنج ساڵ دەچێ لە زیندان لێى پاڵ داوەتەوە.»

لەسێدارەدانى ئەو ئاخۆندە شیعەیە و ئەو سزا دڕندانەیەى برازایەکەى، لە سەرانسەرى دنیادا ترس و بیمى نایەوە. لێ ئەم ڕووداوە نیشانى دەدا کە عەرەبستانى سعودى هەست بە فشار و تینى ئێران بۆ سەرە خۆى دەکا- و لە وەڵامدا کێشە و گرفتێکى تایەفى، تەنانەت لە وڵاتەکەى خۆشیدا، دەوروژێنێ. ماڵباتى مەلەکى کاردانەوەیەکى پڕ مەترسییان هەڵبژارد.

بەم دوایییە، عەرەبستانى سعودى کەوتووەتە ناو کێشەگەلێک لە سیاسەتى دەرەوەى خۆیدا: لە دراوسێیە باشوورییەکەیدا، واتە لە یەمەن، ڕیاز دەستى داوەتە شاڵاوێکى سەربازى، دژى یاخیگەرە حۆسییە شیعەکان. بەڵام وێڕاى بە مانگان بۆردومانکردنى حۆسییان، ئۆپەراسیۆنەکە سەرنەکەوتووە و دیمەنى شارە بەسەریەکداڕووخاوەکان و تەرمێن خەڵکێن مەدەنی، بەشێوەیەکى سەرەکى لە خزمەتى ئێراندان.

عەلى ئەکبەر ویلایەتى، وەزیرى دەرەوەى پێشووى ئێران، لە کلینیکى خۆیدا، بە خۆى و قاتێکى شینى تێرەوە، کە دیپلۆماتکارێکى هەڵۆئاساى زاهیدە، جارەکا دن وەک پزیشکى مناڵان کارى خۆى دەکا. کەمەک دواى سەعات ٩ى پاش نێوەڕۆ و دواى ئەوەى دواهەمین نەساغ، منداڵێکى تەمەن حەوت ساڵە کە گوێى دێشا، بەڕێ کرد، بۆ ئێمە ئاخاوت.

ويلايەتى، ڕاوێژکارى سیاسەتى دەرەوه‌ی عەلى خامنەییی ڕابەرى ئێرانە و بەشێکە لە بازنەى ناوخۆییى بڕیار. لە شوباتدا [2016]، ویلایەتى سەرى لە مۆسکۆ دا تا لەگەڵ سەرۆکى ڕووسیا فلادیمیر پۆتین لەبارەى ئەو ڕێگەیەى کە دەبێ لە سوریا بگیرێتەبەر، قسە بکا. ئێستە لە کلینکەکەى خۆیدا، دەیەوێ لەبارەى سیاسەتى دەرەوە بدوێ. ئەو لە بارەى«پێوەندیى دۆستانە و کەوناراى 2000 ساڵەى ئێران- یەمەن» دوا و گوتى کە 1500 ساڵ پێش ئێستە، ئێران هێزى بۆ ئەو بەشەى خوارووى نیمچە دوورگەى عەرەبى ناردووە بۆ شەڕکردن دژى داگیرکردنى یەمەن لە لایەن ئەتیوپیاوە. «پەلاماردەران» سەرکەوتووانە لێیان درا و پاشەکشەیان پێ کرا، ئەو دەڵێ.

تەباى ئەتیوپییەکان، ئەمڕۆ سعودییەکان لە یەمەن دوچارى «تێکشکانێکى تەواو» دەبن: «ئەوان تا بن ملان کەوتووونەتە ناو زەڵکاوەوە» ئەو دەڵێ. لە ڕاستیدا، سەرۆکى ئێستەى یەمەن، عەبد رەببە مەنسوور هادى، نەک هەر لە لایەن سعودییەوە پشتیوانیى دەکرێ بەڵکە لە لایەن کۆمیونیتەى نێودەوڵەتیشەوە دانى پێ دانراوە، ویلایەتی سەرنجێکى کەمى دەخاتە سەر. ئەو حکوومەتەى ئەوێ، ئەو دەڵێ، «نا قانوونییە» و بەم زووانە «لا دەبردرێ.»

ویلایەتى، بەوپەڕى بڕوابەخۆبوونەوە پشت بە کورسییەکەى دەدا و پاشان گوتى: بیست ساڵێکى سزاى ڕۆژئاوایى بەسەر ئێراندا یان 100 ساڵ کەمتر لە دەسەڵاتڕانیى ماڵباتێکى عەرەبى لە ڕیاز لە بەرانبەر مێژووى 4000 ساڵەى ئێمپراتۆریاى فارسیدا چییە؟

عادل جوبەیرى، وەزیرى دەرەوەى عەرەبستانى سعودى، ئەو ژى تابڵۆیەکى ڕوونى ڕووداوەکانى ناوچەکەى لەبەرچاوە. «ئەو شەڕەى یەمەن، شەڕێک نییە کە ئێمە گەرەکمان بووبێ»، ئەو لە شوباتدا واى بە شپیگل گوت، «هیچ ڕێگەیەکى دیکەمان لەبەر نەبوو- لەوێ میلیشیایەکى ڕادیکاڵى شیعەمەزه‌بى هاوپەیمانى ئێران و حزبوڵڵا دەستیان بەسەر وڵاتدا گرت»- حۆسییەکان. ئەو دیمانەیە لە شوباتدا لە کۆنفرەنسى تەناهى کە لە میونیخ بەسترا، لەگەڵ عادل جوبەیردا کراوە. ئێوارەى ڕۆژى پێشتر بۆ یەکەمین جار دواى پچڕانى پێوەندیى دیپلۆماتیى نێوان هەر دوو وڵات، لەگەڵ هاوشانە ئێرانییەکەى، محەمەد جەواد زەریف، کۆ ببووه‌وە بۆ وتووێژکردن لەبارەى ڕاگەیاندنى ئاگربڕێک لە سووریا.

تا ئەو دەمە، هەردووکیان، جوبەیر و زەریف، لە دوورەوە لە ڕێگەى بەشداریکردنیان لە سەروتارى ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمزدا، دەیان هاوێتە یەکدى و تانەیان لێکدى دەدا. «سپۆنسەرى چالاکانەى عەرەبستانى سعودى بۆ گروپەیلى سەرەڕۆی توندوتیژ و شەڕانى،» زەریف نووسیبووى، «هەڕەشەیەکى جیهانیى ڕاستەقینەیە». زەریف گوتبووى: «ستراتیجیاى سعودى» بریتییە لە «بەردەوامیدان- تەنانەت پەرەپێدانى- گرژی لە ناوچەکەدا». لە بەرانبەردا عادل جوبەیرى وەزیرى دەرەوەى سعودیە دەڵێت: ئەوە عەرەبستانى سعودى نییە پشتیوانى لە تیرۆریزم دەکا، بەڵکە ئەوە ئێرانە: «تاکە ئەکتەرى شەڕخوازى ناوچەکەیە».

لە ڕوانگەى ڕیازەوە، بار و ڕەوشەکە بەم شێوەیەیە: ئێران- کە نزیکەى ٨٠ ملیۆن حەشیمەتى هەس، سێ هەندە زێترى قەبارەى دانیشتووانى عەرەبستانى سعودیە- دەیەوێ ببێتە هێزێکى باڵادەست لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. ئاخر هێزە هه‌ژموونگەرە کۆنەکە، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ناوچەکە دەکشێتەوە. کەواتە لەسەر عەرەبستانى سعودییە هاوسەنگیى هێز لە ناوچەکەدا بپارێزێ و بگێڕێتەوە.

ئەمە جەوهەر و کاکڵەى سیاسەتى دەرەکیى نوێ و هێرشبەرانەى عەرەبستانى سعودییە. بۆ وڵاتێک کە بۆ دەیان ساڵ بە شەریکێکى ستراتیجى، بە نەوتپێدەرێکى متمانەپێکراو، بە ئەکتەرێکى سەربازیى داکۆکیلەخۆکەر ناسرابێ، وەرچەرخانێکى ڕادیکاڵانەى حیساببۆنەکراو و دابڕانێکە لە ڕابردوو.

ڕەگ و ڕیشەى دوژمنکارى

ئەم دوو هێزە هەمیشە بەم شێوە دوژمنکارییەى ئێستە ڕووبەڕووى یەکدى نەبوونەتەوە: هەروا ماوە و قۆناخى لێکدیحاڵیبوون و تەنانەت هاریکاریش لەنێوان هەردوو لادا هەبووە. حوکمڕانانى هەر دوو وڵات بەگشتى تا ڕادەیەک لەتەک یەکدیدا باش بوون کە لە ناوەڕاستى سەدەى بیستەمەوە دەست پێ دەکا، کاتێ کە هەردوو لا دەوڵەمەند بوون و نەوتیان بە ڕۆژئاوا دەدا. هەردوو لا، یەک هاوپەیمانى هاوبەشیشیان هەبوو: ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا.

لە ڕاستیدا پێوەندییەکان تا کۆتاییى 1960 باش بوون، تەنانەت نامە و نامەکارى لە نێوان شاى ئێران و مەلیک فەیسەڵى عەرەبستانى سعودى هەبوو. نموونەیەک کە پێوەندى بە شازادە بەندەر ئیبن سوڵتان، باڵوێزی پێشووى عەرەبستانى سعودى لە ئەمریکاوە هەبووە، شا ئامۆژگاریی مەلیکى کردووە کە چاو لەو بکەن و کۆمەڵگەى خۆیان ئاواڵا بکەن، بۆ نموونە، ڕێگە بە کچان و کوڕان بدەن پێکەوە بچنە قوتابخانە. مەلیک فەیسەڵ بە نووسین وەڵامى دابووەوه‌: «دەمەوێ بە بیرتان بهێنمەوە کە ئێوە شاى فەڕەنسا نین؟ دانیشتووانى وڵاتەکەتان 90%یان موسڵمانن. ئەوە لەبیر مەکەن.»

پێشهات و پێشبینییە ڕەشەکە ساڵى 1979 هاتەدى، ساڵێک کە تا ئێستا شوێنەوار و دەرهاوێشتەکانى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەرچاو دەکەون. ڕابەرى ڕادیکاڵى شیعەمەزەب، ڕۆحوڵڵا خومەینى ڕژێمى شاى سەر بە ڕۆژئاواى ڕووخاند، خوێندکاران پەلامارى باڵوێزخانەى ئەمریکایان دا، هەر زووش ئەو وڵاتە، ناوى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانى لە خۆ نا و، کەوتە ناو ململانێیەکى خوێناوى لەسەر دەسەڵات و هەندى نەبرد و شەڕ دژى عێراقى سەدام حسێن-ى بەدوادا هات [لە ڕاستیدا ئەوە سه‌دام بوو لە 22ى ئەیلوولى 1980دا پەلامارى ئێرانى دا و سنوورى نێودەوڵەتیى نێوان عێراق- ئێرانى بەزاند و چووە ناو خاکى ئێرانەوە، نەک بەپێچەوانەوە] و عەرەبستانى سعودى پشتى سەدام حسێنى سوننەمەزەب و ئەمریکاى گرت. ئەمریکا کە تا ئەو کاتە پێوەندیى لەگەڵ ڕیاز و تاران باش بوو، ئیدى بە لاى عەرەبستانى سعودیدا شکایەوە.

کەواتە ساڵى 1979 ساڵێکى باش بوو بۆ سعودییەکان؟ نەخێر. لە 20ى تشرینى دووەمى هەمان ساڵدا، تیرۆریستەکانى سوننە دەستیان بەسەر مزگەوتى (الحرام) لە مەککەدا گرت و بە هەزاران حاجیش بە بارمتە گیران. سەرکردەکەیان کە لەناو دڵ و جەرگەى عەرەبستانى سعودییەوە هاتبوو، بانگەشەى ئەوەى دەکرد کە گوایا (مەهدى)یە، یان ڕزگاکەرە- و داواى لادانى مەلیکى دەکرد. ماڵباتى مەلیک بۆ ڕزگارکردنى مزگەوتەکە، هیچیان بۆ نەمایەوە پەنابردن بۆ هێزە تایبەتەکانى فەڕەنسا- گاورەکان- نەبێ.

ئا ئاوا، ئالى سعود زەلیل و زەبوون کران نەمازە لەبەردەم دامەزراوەى ئایینیى خۆیاندا، شازادەکان بۆ ئەستۆپاکى و خۆبردنەپێشەوە، بلیۆنان پترۆ- دۆلاریان بۆ بانگخوازە ڕادیکاڵەکان نارد –ئەو بانگخوازانەى هەڵگرى ئایدیۆلۆجیاى وەهابیزمن، کە فۆرمێکى هەرە توند و بێبەزەییی ئیسلامە لە سەرانسەرى جیهاندا.

ئا ئاوا، ساڵى 1979 هەر بەوە ڕانەوەستا، دەست بە هەناردنەدەرێى «شۆڕشى ئیسلامى» کرا، کاتێ کە ڕابەرى شۆڕشگێر ئایەتوڵڵا خومەینى بەو ئاراستەیە هان و دنەى دا. هەر ئەو ساڵە، کە عەرەبستانى سعودى دەستی کرد بە چاندنى تۆوى سوننەگەریى سەرەڕۆ، تەڕە و میوەجاتێکى تاڵ کە تا ئەمڕۆ لە دۆڵە بێقانوونەکانى پاکستان، لە ڕەققەى پایتەختى دەوڵەتى ئیسلامى و هەروا لە ڕۆژئاوا، لەنێو زەین و بیرى گەنجە بێسەروبەرەکاندا، دەچنرێنەوە. هەروا لە شانشینى عەرەبستان خۆیشیدا: ئێستە، پەڕگیریى سوننە تەنانەت هەڕەشە لەو وڵاتەش دەکەن کە تیایدا گوران.

هەشت ساڵ دواى ڕووداوە گەورەکانى 1979، ململانێیەکى کارەساتهێن لەنێوان خۆنیشاندەرانى ئێرانى و دەزگا تەناهیپارێزەکانى سعودیە قەوما کە تیایدا ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا. شازادە نایف، براى ئەم مەلیکەى ئێستە، ئێرانییەکانى سەرزەنشت کرد. تەباى «هەرتیق- گومڕا»یەکانى پێش خۆیان، هەوڵیان دا مزگەوتى (الحرام) گڵاو بکەن.

ئايەتوڵڵا خومەینى بەم ئاخاوتنە، ئاگرى گرت و داواى ڕووخانى حوکمڕانەیلى ئال- سعودى کرد و ناوى «وەهابییە سووک و چروک و خوانەناسەکان» و «گەلە زەندیقەکان»ى لێ نان. ئەوەش ئاماژەیەکى ڕوونە بۆ ئێران و عەرەبستانى ئەمڕۆ کە بڕیاریان داوە درێژە بە ململانە و کێشەى سەدان ساڵەى نێوان عەرەبێن سوننە و فارسێن شیعە بدەن.

حوکمڕانێن فارس لە دەسپێکى سەدەى شازدەمدا، ئیسلامى شیعییان کردە ئایینى دەوڵەت. لە هەمان کاتدا، بانگخواز محەمەد بن عەبدولوەهاب، کە ساڵى 1703 لە جێیەکى زۆر دوور نا، لە ڕیاز هاتبووە دنێ و سەر بە مەزەبى هەرە گەورەى سوننە، وەهابیزم-ى دامەزراند و بێزى لە شیعان دەبووه‌وە- لە ڕاستیدا ڕکى لێیان دەبووه‌وه‌ و دەی کەرباندن. لە ناوەڕاستى سەدەى هەژدەمدا، خێڵى سعود- ماڵباتى شاهانەى ئەمڕۆ- خۆیان کردە هاوپەیمانى بانگخواز و، وەهابیزم بووە مەزەبى دەوڵەت.

لە هەر دوو وڵاتدا، تایەفەگەرى، بووە ئامرازێکى سیاسەتەیلى دەسەڵات، بووە ئامرازێکى بەستنەوەى خەڵک بە حوکمڕانەکانیانەوە. تا بە ئەمڕۆش ڕادەگا، حوکمڕانێن هەردوو وڵات ئایین بۆ کۆنترۆڵکردنى قەڵەمڕەوى خۆیان بەکار دەهێنن- لە هەر وڵاتێکیاندا، ملململانێیەکى بەردەوام لەنێوان ڕیفۆرمخوازان و کۆنزەرڤاتیڤەکاندا هەیە. چاوخشاندنێک بە کۆمەڵگەى هەردوو وڵاتەکە نیشانى دەدا کە، سەربارى دژمنایەتیى فەرمیى نێوانیان، هەردوو لا بە شێوەیەکى سەرسوڕهێن ڕووبەڕووى ئاریشە و تەحەدییاتى هاوشێوە بوونەتەوە.

لە 26ى شوباتدا، ڕۆژى هەڵبژاردنى «مجلس خبرگان» (ئه‌نجوومه‌نی شاره‌زایان) و گەڕى یەکەمى هەڵبژاردنى پەرلەمانی، کەسایەتییە سیاسییە بەرچاوەکانى ئێران لەسەر سندوقەکانى دەنگدان لە باکوورى تاران دەرکەوتن. لەو شوێنەى کە ئایەتوڵڵا خومەینى زۆر جاران کە هێشتا ساغ بووە، میوانەکانى خۆى تێدا دەبینى. ئەمڕۆ، لەو شوێنە، وێنەیەکى گەورەى ئەو ڕابەرە شۆڕشگێڕە بە دیواردا هەڵواسراوە.

یەکەمین دەنگدەرى ئەو بەیانییە، وەزیرى دەرەوە، زەریف بوو. دەگوترێ زەریف کە منداڵ بووە، هەرگیز ڕێگەى پێ نەدراوە سەیرى تەلەفزیۆن بکا، نەبادا بکەوێتە بەر کاریگەریی ژەهراوییانەى ڕۆژئاواوە. دواى ئەو، بە جوببە و عەمامەى ئاخۆندانەوە، سەرۆکى پێشووى کۆمار عەلى ئەکبەر هاشمیى ڕەفسەنجانى بوو. ئەو پیاوێکى هەرە دەوڵەمەندى ئێرانە، لە هەموو کەسێکى دیکە زێتر دەستى لەناو حکوومەتى سەرۆک حەسەن ڕۆحانیدا دەڕوا. دەگوترێ حکوومەت بارگاوییە بە جێبەجێکردنى ڕوانگە ئایدیاڵەکانى ڕەفسەنجانى لە بارەى ئازادیى ئابوورى لەتەک باڵادەستیى ئایینیدا.

دواى ئەو، حەسەن خومەینى، نەوەى ڕابەرى شۆرشگێر و سەرکۆمارى پێشوو محەمەدى خاتەمى هاتن. خاتەمى پیاوێکە تا ئێستاش زۆر لە ئێرانییەکان وەکو ڕیفۆرمخوازێک چاوى لێ دەکەن. ڕژێم لێى قەدەخە کردووە تێکەڵاوى خەڵک ببێ و خەڵک لە دەورى خۆى کۆ کاتەوە و دیمانە و چاوپێکەوتن بکا، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر سندوقەکانى دەنگدان بینرا و دەرکەوت. سەربارى جیاوازییەکانى نێوانیان، دەستەبژێرى ئێرانى لەسەر یەک خاڵ هاوڕان: ئەو بار و ستاتۆیەى کە ئەمڕۆ ئەوانى تێدایە، شۆڕش بۆى دروست کردوون.

ڕابەرى باڵا، خامنەیى، سەرۆکایەتیى هەمى تشتان دەکا. هەر خۆى بڕیاران دەدا. کاتێ کە بڕیارێک دەدا سەنتەرە جیاجیاکانى هێز بەتایبەتى سوپاى پاسداران، بە هەند وەردەگرێ. ئەم ڕێکخراوە نیمچە سوپایییە، خۆى دەوڵەتێکە لەناو دەوڵەتدا و لە گشت دامودەزگاکانى دیکە دەستڕۆیشتووتر و بەهێزترە. لە هەموو جێیەکدا خەڵکى خۆى هەیە و زانیاریی پێ دەدەن و تەنیا هەر لە بوارى ئاسایش و تەناهیدا دەستى ناڕوا، بەڵکە دەستى لە بەشێکى گەورەى ئابووریشدا هەیە.

ئەوە دیکتاتۆریاى دەزگاى دەسەڵاتیکى تیوکراتییە- بەڵام بە بەراورد بە شاهەنشایەتیى ڕەهاى عەرەبستانى سعودى- هێشتا دەرفەتى پلەیەک لە بەشداریکردن بە خەڵک دەدرێ. سەرکردە شۆڕشگێرەکانى ئێران ئاماژە بۆ سیستەمى خۆیان وەکو «دیموکراسیى ئیسلامى» دەکەن. ئاخر لەوێ هەڵبژاردن هەیە، تەنانەت با کاندیدەکانیش بژار بکرێن و سەر بە خۆیان بن. ئەوە سیستەمێکە کە دەستەى جیاواز بڕیار دەدەن کە ئایا کێ «ئیسلامییە» و دەکارێ بەشدارى لە هەڵبژاردندا بکا و کاندیدەکانى دیکەش دەکرێنە دەرێ. ئا ئەوە حاڵى زۆر لە کاندیدەکان بووە کە گوایا ڕیفۆمخواز بوونە، لە هەڵبژاردنەکەى ئەمساڵدا. ئا ئەوها ڕیفۆرمخوازە ڕاستەقینەکان کە لایەنگرى ئازادیى زێترى ڕادەربڕین و سەربەخۆییى دەسەڵاتى دادەورین، خرانە کونى زیندانەوە.

شانشینى عەرەبستانى سعودى، ئەو ژى بۆ خۆى، تەنانەت بانگەشەى دیموکراتبوون بۆ خۆى ناکا. «ئەگەر دیموکراسى داودەرمان بێ، ڤێجا ئەم نەساغ نینین»، جەمال خاشقچى کە نووسەرێکى هەرە بەنفووزى سیاسیى وڵاتەکەیە، دەڵێ.

تا وەفاتى شا عەبدوڵڵا لە سەرەتاى 2015دا، ستراکتورى دەسەڵاتى مەلیکایەتى جێگیر بوو، بەڵام لەو ساوە گۆڕانکارییەکى ڕیشەییى بەسەردا هاتووە. برا و جێنشینەکەى، سەلمان بن عەبدولعەزیزى 80 ساڵە، پاش چەند ڕۆژێک لە بوون بە مەلیک، ڕاوێژکارە هەرە گرنگەکانى خۆى لادا و پاشان هێڵى جێگرتنەوەى گۆڕى و شازادە محەمەد بن نایفى 56 ساڵە، کە وەزیرى بەئەزموونى ناوخۆ بوو، کردە جێنشینى خۆى، پاشان کوڕەکەى خۆى، محەمەد بن سەلمانى تەمەن 30 ساڵەشى کردە جێگرى جێنشینى شا و وەزیرى بەرگرى.

ئەو حەمکە ئۆفیسە و پۆست و پایەى کە مەلیکى بەساڵداچوو بە کوڕەکەى خۆى داوە، هیچ بوارێک بۆ شک و گومان ناهێڵێتەوە کە دەیەوێ لە دواى خۆى، کوڕەکەى جێگەى بگرێتەوە: لەتەک بەرپرسیارەتیى سوپا، محەمەدى بن سەلمان وەک سەرۆکى کاروبارى ئابوورى و پەرەسەندن، سەرپەرشتیى یەدەگ (احتياطات)ى نەوت-ى وڵاتەکەى دەکات.

«لە بارى تیۆرییەوە، ئەم تیمە هەموو دەسەڵاتێکى حوکمڕانییان هەیە»، خاشقچى دەڵێ. سەرباریش تا ئێستە حکوومەتى تازە، بەپارێزە. هەموو هەوڵێک دەدا تا لەوە دڵنیا بێ خێڵە هەرە بەهێزەکان و تەنانەت پیاوە ئایینییە دەستڕۆیشتووەکان پشتیوانیى لێ دەکەن. خاشقچى دەڵێ ئەوە بۆ خۆگرتن و لەسەرپێ ڕاوەستان کارێکى باشە. «بەڵام بەرەو دواوەشمان دەگێڕێتەوە».

سەبارەت بەوەى کە چۆن مامەڵە لەتەک ئێراندا بکرێ، بۆ نموونە، تەنانەت خاشقچى-یش، کە خۆى پیاوێکى نیشتمانپەروەرە، ئامادەیە دان بەوە دابنێ کە کێشە و ئاریشەیەکى چەند خەتەرە. «ئێمە و ئێران وەکو ئاور و دینامیت واین. ئێمەى هەڵەشە دەکارین تەواوى ناوچەکە ژێرەوژوور بکەین. بەڵام لەوانەیە ئێوە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ ئێمە جێ نەهێڵن. » بە تۆن و ئاوازێکى گاڵتەئامێز، بەڵام ئەو بەڕاستى بوو. «رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بخەنە سەرووى لیستى خۆتانەوە. لە ڕوانگەى منەوە، تەنانەت پێویستە کۆنفرانسێکى دیکەى یالتا لەگەڵ ئێمەدا بکەن! کارێ بکەن.»

ڕۆڵى نوێى ژنان:

وێراى پیاوانى ئایینى، شازادە و پۆلیسى ئاکار و ڕەوشت، مۆدێرنیتە لە هەردوو دەوڵەتى پێکناکۆک لە ژێرەوە کارى خۆى دەکا و وردە- وردە دەخشێ. بەتایبەتى کاتێ کە قسە دێتە سەر ڕۆڵى گۆڕاوى ژنان لە کۆمەڵگەدا، ئەوە ڕوون و ئاشکرایە.

ئەو ژنەى کە پلە و پایەى چووه‌تە سەرێ و بووەتە جێگرى سەرۆک ڕۆحانى، شەهیندۆخت مولاوێردى، تەمەن 50 ساڵەیە. ئەو پارێزەرێک و ژنێکى سەرنجڕاکێشە، بەڵام ڕشتیشە لەسەر ئەوەى کە خۆى لەناو چادوردا وەپێچێ و تەنانەت بەشێکى دەموچاو و ڕووى خۆیشى دابپۆشێ. ئەو لە ژوورى کۆنفرانس لە جێگەى فەرمیى خۆى لە تاران و دەورەدراو بە هێماى تیۆکراتى: ئاڵا و وێنەى ڕابەرى باڵا، دادەنیشێ.

بۆ سەغڵەتکردنێکى بەمەبەست ئەو پۆستەى پێ دراوە. کاتێ کە لە هاوینى 2013دا، سەرۆک ڕۆحانى کابینەى حکوومەتەکەى پێشکەش کرد، ئەو ژنە بەئاشکرا ڕەخنەى لێ گرت.«بۆ بەشى ژنان لەو لیستە بەهێزە 33  کەسییە، سفرە؟ » ئەو پرسى. «بۆ باوەڕى بە هیچ ژنێک نییە؟» دوو مانگ پاشتر، ئەو ژنە وەک یەکێ لە جێگرەکانى ڕۆحانى دامەزرێنرا.

وەکو جێگرێکى سەرکۆمار بۆ کاروبارى ژنان و خێزان، پۆستەکەى مولاوێردى هاوتاى پۆستى وەزیرى کاروبارى خێزانە لە ئێراندا و تەنانەت ئەگەر ئێستە پەرلەمانى کۆنەپارێز بە فەرمیش جەختى لەسەر نەکاتەوە. مولاوێردى بە فیمینیستێکى پێشکەوتنخواز دادەنرێ. ئەو بەئاشکرا ڕەخنە لە سیستەم ناگرێ، بەڵام دەیەوێ ڕیفۆرم لە قانوونى میرات و قانوونى سزاى وڵاتدا بکرێ کە جیاکارییان دژى ئافرەتان تێدایە. بۆ نموونە، لە شایەدمانیى ژنان لە ئێراندا، ئاخر بە فەرمى شایەدیى دوو ژن بەشایەدیى یەک پیاو دەچێ یان کچان بکارن هەندەى کوڕان بەشە میراتیان بەربکەوێ. لە هەمان کاتدا، 60%ى خوێندکارانى زانکۆ، لە ڕەگەزى مێینەن.

خانمە پێشەنگەکان

کاتێ کە ژنان لە عەرەبستانى سعودى گەرەکیانە لە کۆمەڵگەدا سەربکەون و بەرەو ژوور هەڵکشێن، ئاخر هەندێ کاودان لە خزمەت پیاواندان. لە کۆمپانیاى هوداى ئەلجرایسى، لە سەر دەرگا نووسراوە ڕێگە بە پیاوان نادرێ بێنە ژوور. لە ناو باڵەخانەیەکى نارنجیدا لە ناوەندى ڕیاز، وەکو ئۆفیسێکى ئاسایى دێتە بەرچاو، تەنیا کرۆمۆسۆماتى Yى لێ کەمە. ژنان، بە پانتۆڵى جینز و بلوزەوە، بە قژى جوان داهێنراو و ماکیاجەوە، لەسەر کۆمپیوتەر دانیشتوون. ئەوان کۆرسى ڕاهێنان و زمان بۆ ئافرەتانى دیکە ڕێک دەخەن.

ئەگەر ڕێگە بە پیاوان بدرابوایە بێنە ژوورێ، ئەوا دەبوایە ئەو کات ژنان لە ژوورێکى بەجیا دانیشتبان و لە دەرگایەکى دیکەوە بهاتبانایە ژوورێ و عەباى ڕەشیان لەبەر بکردبایە و سەر و پرچى خۆیان دابپۆشتایە. هەروا زۆرێکیشیان ڕووى خۆیان داپۆشتووە. ئیدى ئەوە عەرەبستانى سعودییە، ئەو وڵاتەى کە دابەشبوونێکى توندى جێندەرى لە دنیا تێدایە.

«بەئازادییەکەوە سەرپۆش و عەباى خۆیان دادەکەنن،» ئەلجرایسى بە پێکەنینەوە دەڵێ. «گرنگ بۆ ئێمە ئەوەیە کە لێرە هەست بە ئاسوودەیى و تەناهى بکەین». بەڵام کاتێ کە سەرۆکى کۆمپانیا دەچێتە دەرێ، تاکە شتێک کە لەناو ئەو حەمکە عەبالەبەرە ببیندرێ، چاوەکانیانە...

ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەو ئافرەتانە نابیندرێن. دوور لەوە. ئەلجرایسى ئافرەتێکى پێشقەرەوڵە، ئەو یەکێکە لەو 20 ژنەى کە لە هەڵبژاردنى کانوونى یەکەمدا [2015] بۆ ئەنجوومەن لۆکاڵى و شارەوانییەکان، کورسییان بەدەست هێنا. ئەوە یەکەمین جار بوو لە عەرەبستانى سعوديه‌دا، ڕێگە بە کاندیدى ئافرەت بدرێ خۆى بۆ پۆستى سیاسى بپاڵێوێ و بەشداریی هەڵبژاردن بکا. هەروا ئەوە یەکەمین جاریش بوو کە ڕێگە بە ژنان بدرێ لە هەڵبژاردنێکدا لە وڵات دەنگى خۆیان بدەن.

ئەوە دیموکراسیۆکەیە، تەنانەت ئاواش، ئەنجوومەنەکانى شار هەندە قسەیان ناڕوا لە سیستەمێکدا کە لەژێر باندۆرى حوکمڕانیى ڕەهاى مەلیکدایە. لە برى پەرلەمان، لە سعودیە کە تاکە وڵاتێکە مەجلیسى شوراى تێدا بێ، ئەنجوومەنى شورا، ئەنجوومەنێکى ڕاوێژکارییە و ڕاوێژ و ڕا بە حوکمڕانان دەدا.

ئەنجوومەنى شارى ڕیاز 30 ئەندامى هەیە، 10 ئەندامیان بەبێ هەڵبژاردن دادەنرێن- ئەو 10 ئەندامە خڕیان پیاون- و 20 کەى دیکەش دێنە هەڵبژاردن. بێ لە ئەلجرایسى، دوو ئافرەتى دیکەش سەرو کورسییان بەدەست هێناوە. ئەلجرایسى دبێژە ئەوەى جێگەى سەرنجە، دوو ئافرەتەکەى دیکە سەرپۆشیان بەسەرەوەیە. «ئەز دەبێژم، ئێمە وەکو ئافرەتان دەشێین ئامانجەکانى خۆمان بە هاسانتر وەدى بهێنین ئەگەر خۆمان دابپۆشین، پیاوان باشتر گوێمان لێ دەگرن و متمانەمان پێ دەکەن.»

لە کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەندا، ژنان لە هۆدەیەکى جودا دادەنیشن و لە ڕێگەى سیستەمێکى مایکرۆفۆنەوە پێوەندى بە هەڤاڵە پیاوەکانەوە دەکەن و گوێ لە ڕاى یەکدى دەگرن. ئەلجرایسی دبێژە هیچ کاریان تێ ناکا. ئاخر «کاتت بۆ گۆڕان دەوێ.» ئەو شتانەى کە ئەمڕۆ کارى کردەن، ئەو دەڵێ- ئەندامى ئەنجوومەنى شاران، بوونى ئەندامى ئافرەت لە ئەنجوومەنى شورا، ئەو ژنانەى کارى بێزنس دەکەن، نۆژدار و پارێزەرن- «ئەوە هەموویان.» پێش 20 ساڵ شەڕى ئەهلییان لێ دەکەوتەوە.

تا ئێستە قەدەخەیە لە شانشینى عەرەبستانى سعودیدا ئافرەتان ئۆتۆمبێل لێ بخوڕن، دەبێ شوفێریان هەبێ. لەوەش خراتر، بۆ سەفەر و گەشتکردن، دەبێ (وصی)یەکى شەرعى ڕێگەیان پێ بدا، دەنا دەرفەتیان پێ نادرێ. بەڵام لە ئێرانێ، ئافرەتان لە بارى خوێندن و فێربوونەوە لە پیاوان لەپێشترن و ئەمڕۆ لە هەموو کار و پیشەیەکدا پێش دەکەون کە ماوەیەکى کورت پێش ئێستا ئەوانى لێ بێبەش کرابوون. تەنیا 15% ى ئافرەتانى وڵات ئێستاکە کار و پیشەیەکیان هەیە، بەڵام ئەو ژمارەیە بەرەو سەر دەچێ وەک ئەنجامێکى پێداویستیى ئابوورى.

باڵەخانەیەک ڕووەو ئاسمان هەڵدەچێ، لە دەرێى دەروازەکانى بەندەرى جددەى سعودى، باڵەخانەیەک کە سەرى لە هەوران دەسوێ، وێدەچێ لە چەند ساڵى دادێ، ببێتە باڵەخانەیەکى بەنێوبانگ. تاوەرى جددە دەبێتە یەکەمین تاوەرى دنیا کە سەر لە ئاسمان بسوێ، ئاخر بەرزاییەکەى 1000 میتر پتر دەبێ، واتە 3281 پێ. پێش سێ ساڵ ڕێورەسمى دانانى بەردى بناخە بۆ ئەم باڵەخانەیە بەڕێوە چوو و ئێستا تاوەرەکە نزیکەى 150 مەترێک بەرز بووەتەوە. ئەسانسۆرى کەرەستەهەڵگرتن گرمەگرمێکى هەراسانهێنى لێ دێ – گرمەگرم و تەقوهۆڕى چیمەنتۆگرەوە. دەبێ ستراکتورى ئەو باڵەخانە و تاوەرە لە ماوەى 4 ساڵدا بێتە تەواوکردن.

«بەرزی، شانازییە» تەلال ئەلمەیمان دەڵێ. «باڵەخانەى سەر لە هەوران سوێ، سیمبوڵى پێگەى شانشینە لە جیهاندا». سەرکردە و دەسپێشخەرى ئەم پرۆژەیە، شازادە وەلیدى بن تەلال-ى برازاى مەلیک و دەوڵەمەندترین پیاوى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستە. ئەلمەیمان بەرپرسى خانووبەرەى بازرگانیى شازادەیە. شانشین هەموو هۆیەکى هەس، کە لە خۆى پشتڕاست و دڵنیا بێ، ئەو گوتى «ئێمە مەککە و مەدینەمان هەیە. ئێمە نەوتمان هەس. جیهان ئیرەییمان پێ دەبا».

عەرەبستانى سعودى هێشتا لەسەر ئەو بلیۆنان پترۆ- دۆلارە دەژى کە چەندین دەیەیە بڕیکى زۆرى نەوت دەفرۆشێ. بەڵام ئەو قەڵەمبازە ئێستە کۆتایى هاتووە و نرخى نەوت ئێکجار داتەپیوە. لە کاتێکدا وڵاتەکە خۆى تووشى مایەى خۆتێکردنێکى سەربازیى قوڕس لە یەمەن کردووە، هێشتا پارە و پوڵ بۆ ناوچەگەلێکى دیکەش دەنێرێ کە دەکرێ لەوێدا بێنە بەکارهێنان. عەرەبستانى سعودى بە ئانقەست بڕێکى زۆرى نەوت بەرهەم دەهێنێ تا نرخى نەوت ئاوا بە نزمى بمێنێتەوە و زیان بە ئابووریى ئێران بکەوێ. ئەو سیاسەتە، لەسەر عەرەبستانى سعودیش بەهەرزان ناکەوێ: بودجەى ساڵى 2015ى عەرەبستانى سعودى دەوروبەرى 100 بلیۆن دینار کورتى هێنا. ئەگەر ئەم ڕەوشە نەگۆڕێ، چاوەڕوان دەکرێ یەدەگى دراو لە ماوەى 5 ساڵدا زۆرى لەبەر بڕوا. هەندێ نەخشە و پلانى بیناسازیى بەرچاو لە وڵاتدا –وەک شارێکى ئابوورى لەسەر دەریاى سوور، بۆ نموونە، گەڕەکێکى داراییى ئایندەیى لە ڕیاز- زۆر بەشێنەیى و هەنگاوى هێواش دەچنە پێش.

هەنگاوى دادێ: هەمەچەشنەکردنى ئابوورى

تەنانەت ئەگەر نرخى نەوت-یش دووبارە سەرکەوێتەوە، ئەوا یەدەگى نەوتی-ى سعودیش وەک یەدەگى نەوتیى نەیار و ناحەزەکەى، ئێران، سنووردارە. هەر دوو وڵات بەتەواوى درک بەوە دەکەن کە پشتبەستنیان بە سەرچاوە کانزایییەکان، بۆ خۆى گرفت و ئاریشەیەکە.

هەر دوو وڵات گرفت و ئاریشەى هاوشێوەیان هەس: ئابووریى چەقبەستووى ناهاوسەنگ و خەڵکێکى گەنج کە داواى کرانەوە، نەرم و نیانى، هەروا بێتەوە ڕیفۆرمگەلێکى کۆمەڵایەتى و سیاسى لە سەرکردایەتیى کۆنینە دەکەن. بەهارى عەرەبیش نیشانى دا کە خەڵکى ناڕازى تەنانەت دەکارن دیکتاتۆریاى هەرە سەرەڕۆ لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بڕووخێنن- حوکمڕانان لە هەر دوو وڵاتى سعودیە و ئێران، دان بەو نیگەرانییەى خۆیان دادەنێن.

لە وەڵامدانەوەى ئەوەدا، جێگرى جێنشینى مەلیک، محەمەدى بن سەلمان، گۆڕانکارییەکى ڕادیکاڵ و ڕیشەییى ڕاگەیاند. ڕاستە بەرهەمهێنانى نەوت، شادەمارى ژیانى عەرەبستانى سعودییە، بەڵام ئامانجى ئێستە هەمەچەشنەکردنى ئابوورییە. هەوڵ و تەقەڵڵا بۆ بەدیهێنانى ئەم ئامانجە، بریتییە لە بەرنامەیەکى نوێکردنەوە کە دەسپێشخەرییەکان لە دامودەزگاى کاربگێڕى، ئابووریى دەوڵەت، تەنانەت فرۆتنى پاژەکیى ئارامکۆ، کۆمپانیاى زەبەلاحى نەوتى سعودى بگرێتەوە. لە حەفتەى ڕابردوودا، بەرنامەى چاکسازى بەناونیشانى (ڕوئیاى 2030) پێشکەش کرا. وەک بەشێک لە گۆڕانێکى ڕیشەیى، عەرەبستانى سعودى، ڕۆژى شەممە، وەزیرى لەمێژینەى نەوت، عەلى ئەلنعێمى لەسەر کار لابرد.

کێ زۆر خێراتر و درێژتر بنیات دەنێ؟ کێ زۆر مۆدێرنترە؟ تەنانەت لە بوارى بینا و ئاوەدانکردنەوەشدا، لە هەر دوو وڵاتدا، هەست بە ڕاکە ڕاکە و ڕکابەرییەک دەکرێ. لە باکوورى تاران، بێزنسمانێکى وەک ئیبراهیم پورفەرەج، ئێستاکە خەریکە هوتێلێکى هەرە گەورە لە قەدپاڵى چیاى ئەلبۆرز ڕاست بکاتەوە. بۆ دەستکردن بە بینا، کرێکاران بلەز چیا هەڵدەکۆڵن، بە نزیکەی 75 مەترى ڕۆچووى ناو کەڤران، بناخە لێ دەدەن، بە کۆنتێنەرى- پۆڵایینى ڕەنگاوڕەنگ کە بە شێوەیەکى دراماتیکى بە دیوارە کۆنکرێتییەکانەوە هەڵواسراون و هەڵدەگەڕێن و لە ڕێگەى تەختەوە پێیان دەگەى.

لە ئێرانێ پلانێک هەیە، 125 هوتێڵى چوار یان پێنج ئەستێرەیى بنیات بنرێ. تا ئەم ساتە، وەک وڵاتێکى تەریکخراوى نێودەوڵەتى کە خەڵکێکى بەد و شەڕانیى تێدابێ، چاو لە ئێران دەکرێ، بەڵام ئێران بە مزگەوت و باخچەو پارک و ئاتەشكەدەکانییەوە، لە ناکاو لە لایەن زۆرانەوە، بووەتە ئاراستە و سەمتێکى سەرکێشانەى ڕۆمانتیکى. حکوومەت دای ناوە لە بوارى گەشتیاریدا، تا ساڵى 2025، بە ڕێژەى 400% نەشونما بکا و لەو دەمدا، 20 ملیۆن گەشتیار ساڵانە ڕوو لە ئێران بکەن و ساڵانە 40 بلیۆن دۆلار لە وڵاتدا خەرج بکەن...

بڕيارە هەموو شتێ نوێ بکرێتەوە: پیشەسازیى ئۆتۆمبێل، کەشتیسازى، فڕۆکەخانەکان. بە لانى کەمەوە بۆ وەبەرهێنان، ساڵانە ئێران پێویستى بە 100 بلیۆن دۆلار هەیە، ئەوەش تەنیا لە بوارى پیشەسازیى گازى سروشتى و بەرهەمهێنانى نەوتدا.

لەگینە ساڵێن گۆشەگیرى و دوورەپەرێزیى ئێران بە کۆتا بێن، بەڵام زوو بە زوو ئەنجامێکیان نابێ. سپاى پاسداران ئیمپراتۆریایەکى گەورەى بێزنس و بازرگانیى دامەزراندووە. سپاى پاسداران ئەو بۆشایییەى پڕ کردەوە کاتێ کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان وڵاتیان جێ  هێشت. ئیدى لەسەرینى ئەمەوە ئاسان نییە لە ئایندەدا باز بەسەر ئەم سپایەدا بدرێ.

بار و ڕەوشى ناجێگیرى ئابووریى هەر دوو وڵات، چاوتێبڕێن و چاوبڕکێکردن لەگەڵ وەبەرهێنەرانى نێودەوڵەتیدا، دەرفەتێکیان بۆ ڕۆژئاوا هێناوەتە پێشێ. وڵاتێکى وەک ئەڵمانیا، کە هەمیشە پێوەندیى بازرگانیى باشى هەبووە لەگەڵ عەرەبستانى سعودیدا، ئێستا بە ئێرانەوە مژیلە و باسکێکى حازربەدەستى کاریگەریدانانى لە ئێرانێ هەیە. دەکرێ هەڵومەرجى سیاسى بە ساتوسەوداى سەرنجڕاکێشى بازرگانى و بێزنس ببەسترێتەوە.

هەروا ئەو دەرفەتەش بۆ ڕۆژئاوا دێنێتە پیشێ کە کۆمەڵە شتێک بکا کە یارمەتیدەر بن بۆ پێشگرتن لەو ماڵوێرانى و خراپەکارییەى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا هەیە، بۆ پیشگرتن لە بڵاوبوونەوەى خێراى تیرۆرى ئیسلامى لە جیهاندا...

 

دوو شەریکى سەختگر

گوێگرتن لە ڕادیکاڵەکانى هەردوو لا، لەوانەیە بتگەیەنێتە ئەو بڕوایەى کە ململانەکە بەرجەستەى پێشبڕکێیەکى زۆرانبازیى چارەنووسسازى نێوان هەر دوو هێزدا دەکا، بە پوازێکى تایەفى و سیاسى کە چەقێنراوەتە ناوەڕاستى هەردووکیانەوە- کە لە ئاکامدا یەکێکیان براوە دەبێ و ئەوى دیکەشیان خەسارەتمەند. بەڵام ئەم سەرنجە، لەخشتەبەرانەیە. هیچ کام لەم دوو وڵاتە، نوێنەرایەتیى کاریکاتۆریى دەوڵەتێکى هەڵگەڕاوە ناکات کە هاندەرانى هەردوو لایەنى پێکناکۆک دەیانەوێ وێناى بکەن.

عەرەبستانى سعودى وڵاتێکى خورت و بەهێزە، وڵاتێکى زەبەلاحى کاڵا (نەوت) و هاوپەیمانێکى ڕۆژئاوایە و تۆڕێکى فرەى لە تەواوى دنیادا هەیە. ئێستە کە ڕێککەوتنى نوکلیارى لە بارى جێبەجێکردندایە، ئێرانیش هاوشێوەی سعودیە، خورت و داینامیکییە، دەکرێ بخرێتەوە ناو بازاڕەیلى جیهانى تا ئەو پلەیەى کە عەرەبستانى سعودى لە مێژە کەڵکى لێ وەردەگرێ، ئەویش مفاى لێ وەربگرێ.

 ڕۆژئاوا بەوە ڕاهاتووە کە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى وەک زۆنێکى قەیرانئامێزى بەردەوام لە سیاسەته‌یلى جیهانیدا ببینێ، تێڕوانینک کە تیایدا دەمارگیرى و خۆبەزلزانى تێدا لەبەرانبەر ساتوسەودا و ئاوەزدا زاڵە. لێ کێشەى نێوان عەرەبستان و ئێران تەنیا لە کێشەى نێوان دەمارگیران پێک نایێ: هەڵبەت، دەنگێکى زۆرى ڕەخنەیى و لە ئاستى سەرێدا هەس کە دەبێ ڕۆژئاوا خورتترى بکا، لەبرى ئەوەى سووک و سانا لە ناوچەکەدا بکشێتەوە و فیزمالکى بداتێ.

نابێ ڕۆژئاوا لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا بۆ گەڕان بەدواى یەک شەریکدا، یەکێکیان هەڵبژێرێ. چونکە، نە عەرەبستانى سعودى و نە ئێران شەریکێکى نموونەیى نییە: لە هەردوو وڵاتدا، بەرهەڵستکاران لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە دەدرێن، لەبەر تاوانى گچکەش، سزاى دڕندانە و هۆڤانە دەدرێن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ ماوەیەکى درێژ، قازانجى لەو نەوتە دەکرد کە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى دەیکڕى و کاریگەریشى بەسەر سیاسەتەکانى ناوچەکەدا هەبوو. ئەگەر، دواى پەیام و هەوڵ و تەقەڵاى سەرنەکەوتووانەى لە ئەفغانستان و عێراق، واشنتۆن وا بەچاک بزانێ کە ناوچەکە بۆ ئامراز و دەزگاکانى دەڤەرەکە خۆى، بەجێ بهێڵێ، ئەوا هەڵەیەک دەکا، چونکە لە دواى خۆى جۆرێ لە بۆشایى بەجێ دەهێڵێ کە وەک چۆن ڕووسیا ئەمەى لە سوریا قۆستووەتەوە.

زۆر گرنگە واشنتۆن بلەز بۆ چاکردنەوەى پێوەندییەکانى خۆى لەگەڵ عەرەبستانى سعودیدا، جووڵەیەک بکا. ئەو کاردانەوەیەى جاران، هەر شتێکى خراپ و بەد لەناوچەکەدا ڕووی دابا، ئۆتۆماتیکى ئێران پێ سەرزەنشت دەکرا، دەبێ ئاراستەى عەرەبستانى سعودى نەکرێ.

بۆ چارەسەرکردن و بڕاندنەوەى گرفتەیلى وەک کێشە و بێشەى سوری، ڕۆژئاوا پێویستیى بەوە هەیە هانى دانوستانى ڕاستەوخۆ لەنێوان عەرەبستان و ئێران بدا. بۆ فشارخستنەسەر دەستەبژێرى هەر دوو وڵات، ئەوروپا دوو ئامرازى بەهێزى لەبەردەستە: 500 ملیۆن بەکاربردە کە لە یەکێتیى ئەوروپیدا دەژین و ئەگەرى سەپاندنى کۆنترۆڵى توندتر بەسەر هەناردەکردنى چەکوچۆڵدا.

کەواتە هیچ ئاماژەیەکى هیوا هەیە؟

هێشتا ئاڵاى کۆمارى ئیسلامى بەسەر پەنجەرەیلى کراوە و شەق و تەقى سەفارەتخانەى چۆڵ و هۆڵى ئێرانى لە ڕیاز دەشەکێتەوە. لە تاران، سەفارەتخانەى عەرەبستانى سعودى بە بەربەستى پۆڵایین داخراوە. جێ جێ دومانى بۆمبى مۆلۆتۆف کە لەلایەن خۆنیشاندەرانەوە هاوێشترابوون، بەسەر ڕووە سپییەکەی باڵەخانەکەوە دیارن. کاربەدەستانى شارەکە ناویان لەو جادەیەى کە بۆ سەفارەتخانە دەچێ، ناوە: جادەى شەهید ئەلنەمر.

نە عەرەبستانى سعودى و نە ئێران هیچ کامێکیان ئامادە نییە دەستپێشخەرى بۆ لایەنەکەى دیکە بکا، چاوەڕوانیى ئەوە دەکرێ سویسرا بکەوێتە نێوانیانەوە. پاش سى ساڵ هێنان و بردنى نامە و نامەکارى لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و ئێران، دیپلۆماتەکانى سویسرا دەیانەوێ هەمان ڕۆڵ لەنێوان ڕیاز و تاراندا بگێڕن.

دوا بە دواى ڕێککەوتنى نوکلیارى، بۆ ماوەیەکى کورت وا دەهاتە بەرچاو کە ئیدى ئەو سویسییانەى لە تاران بوون، ئەرکە هەرە گرنگەکەى خۆیان بەجێ گەیاندووە، لێ لەوانەیە هێشتا پێویستیی زیاتریان لە جاران بە وان هەبێ.

 

* تێبینى: ئەو وشانەى لەناو دوو براکێت [    ] دان، هى وه‌رگێڕن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples