بۆچى دروستکردنى پەناگەیەکى ئارام بۆ کەمینەکان لە عێراق، سەرکەوتوو نابێت؟

2016-07-28

بۆچى دروستکردنى پەناگەیەکى ئارام بۆ کەمینەکان لە عێراق، سەرکەوتوو نابێت؟

نووسەرى ئەمریکى، گرێ گۆرى، لە تێزى دکتۆراکەیدا کە بۆ زانکۆى فێرجینیا تێک نووسیویەتى و لە ماڵپەڕی (lawfareblog.com)دا بڵاوى کردۆتەوە، باس لە کێشەى کەمایەتییەکان لە عێراق دەکات و دەڵێت: "شەڕەکانى سوریا و عێراق بوونەتە گرفتى گەورەى ژیان بۆ کەمایەتییەکانى ئەو دوو وڵاتە و، دەبێت بیر لە پاراستنى ئەوانە بکرێتەوە کە هێشتا لەو دوو وڵاتەدا ماون و شوێنى خۆیان جێ نەهێشتووە."

نووسەر لە لێکۆڵینەوەیەکدا باسی لایەنە باش و بەسوودەکانى دروستکردنى ناوچەیەکى ئارام بۆ کەمایەتییەکان لە دەشتى نەینەوا دەکات، کە ئەو بە پەناگە ناوى دەبات و لە هەمان کاتدا ڕێگرییەکانیشى باس دەکات. هەرچەندە نووسەر لە کۆتاییى تێزەکەیدا دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە پاراستنى کەمایەتییەکان لە چوارچێوەى عێراقدا هەرگیز سەرکەوتوو نابێت و حکوومەتى عێراق بە ڕژێمێکى شیعیى پەککەوتە ناو دەبات و پێى وایە تەنانەت بارەکە، بۆ وڵاتانى نێودەوڵەتى کە دەیانەوێت هاوکارى بگەیێننە کەمایەتییەکان، قورستر دەبێت.

ئەو بیرۆکەیە پشتیوانیى زۆرێک لە چالاکوانان و سیاسه‌تمەدارانى ئەمریکا و جووەکانى لە پشتە، کە لە دەشتى نەینەوا لە کوردستان ئارامگه‌یەک بۆ   مەسیحییەکان دروست بکرێت و، ئەمەش وا دەکات جینۆسایدى کەمایەتییەکان و لەناوبردنى کو‌لتوور و کۆچکردنیان بوەستێنرێت و ئەو بارە قورسە لەسەر هەرێمى کوردستان کەم بکاتەوە کە بە هۆى هاتنى ئاوارەیەکى زۆری عێراقى و  سوریا بۆى دروست بووە و سەربارى نیگەرانیى حکوومەتى هەرێم لە ئەگەرى دروستبوونى کێشەى ئەمنى بۆى .

لە لایەنى یاساییشەوە، دروستکردنى ئەو پەناگەیە کارێكى ئەوەنده‌ سەخت نییە و نموونەى زۆرى ئەوە هەیە کە یاسای نێودەوڵەتى ئاستەنگ نییە لە بەردەمى و، بۆ یارمەتیدانیان ئاسانکارى دەکات.

لەگەڵ ئەوەدا چەند گرفتێکى جددى هەیە لە بەردەم دروستکردنى ئەو پەناگەیە. بۆ نموونە دیاریکردنى سنوورى جوگرافیى ئەو پەناگەیە، کە کاریگەریى لەسەر ژمارەى ئاوارەکان و ژمارەى ئەو سەربازانە دەبێت کە بۆ پارێزگاریکردنى دیاری دەکرێت. هەروەها دابینکردنى ڕێگەیەکى ئارام و گونجاو بۆ گواستنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان قورسە، چونکە بە سەر پارێزگاکانى عێراقدا دابەش بوون .

خاڵى سێیەم، پێوستیى بوونى بڕیارێکى ئیدارییە بۆ ئەو ناوچەیە، کە سەرچاوەى دارایى و بەڕێوەبردنى ناوخۆیى و لایەنى ئەمنى و هاوکاریى مرۆیى و یاسایى لەخۆ دەگرێت و، ناوى ئەو لایانانەى کە لە پاراستنى ئەمنیەتى ناوچەکەدا بەشدار دەبن و لەگەڵیدا پێویستیى بە پللانێکى درێژخایەنى سیاسى هەیە.

لە کۆتاییدا، نووسەر دەڵێت هەرچەندە بەرژوەندییەکى هاوبەش هەیە لە نێوان حکوومەتى هەرێم و بەغداد و ئەمریکادا بۆ ڕزگارکردنى دەشتى نەینەوا، کە له‌ ئێستادا لە ژێر دەستى داعش دایە، بەڵام گرفت لە هەماهەنگیدا هەیە و حکوومەتى بەغدا بە هۆى شەڕ و گەندەڵییەوە، کە لە ڕژێمە شیعەکەدا هەیە، لەکار خراوە و بە تەواوى پەکى کەوتووە، هەرچەندە کوردەکان ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە ئامادەن بۆ گرتنەوەى مووسڵ.

 

https://www.lawfareblog.com/why-minority-safe-haven-iraq-wont-work

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples