خاڵێکى وەرچەرخانى گرنگ لە هاوپەیمانیى نێوان واشنتۆن و هەولێردا

2016-07-28

خاڵێکى وەرچەرخانى گرنگ لە هاوپەیمانیى نێوان واشنتۆن و هەولێردا

هەردوو نووسەرى ئەمریکى، دەیڤد ئێڵ فلیپس و ستان ساڵێت، لە وتارێکى هاوبەشیان لە ماڵپەڕی (ئەڵتەرنێت) دەربارەى پەیوەندیى نێوان هەرێمى کوردستان و ئەمریکا دەڵێن: "هەرچەندە لە میدیاى ئەمریکى بە بەرفراوانى باس نەکراوە، كه‌چی هاوکارییە سەربازییەکانى ئەمریکا بۆ هەرێم بە بەردەوامى لە زیادبووندایە، بەڵام کوردانى هەرێمى کوردستان جگە لە هاوکاریى سەربازى، پێویستییان بە هاوکاریى ماددیش هەیە بۆ جێگیرکردنى سیاسەتى خۆیان و بەدیهێنانى ئامانجە نەتەوەیییەکانیان."

لە بەشێکى تردا، باس لە پرۆتۆکۆڵە سەربازییەکەى نێوان هەرێم و ئەمریکا کراوە و دەڵێت: "ئەو پرۆتۆکۆڵە، جگە لەوەى بەرزترین بەرپرسى باڵاى ئەمریکاى بردە کوردستان، لە هەمان کاتدا هاوکاریى سەربازى و داراییى لە خاڵى یەکەمدا بە بڕى 450 ملیۆن دۆلار پێشکەشى کوردەکان کرد، کە ئەمەش بەڵگەى سەلماندنى گرنگیى کورد و پێشمەرگەیە لە شەڕى داعش و لەوەش گرنگتر لە شەڕى داهاتووى موسڵدا."

هەرێمى کوردستان بە بەردەوامى و لە سەرەتاى شەڕى داعشەوە، داواى هاوکارى و چەکى قورسى کردووە لە ماوەى ساڵێکدا و، لە مانگى حوزەیرانى ساڵى ڕابردووەوه‌ چەندان کۆنگرێسمانى ئەمریکا دەنگیان داوە و هەوڵیان داوە کورد ڕاستەوخۆ پڕچەک بکەن و دواتر ئۆباما ناچار بوو سیاسەتى خۆى لە جەنگى داعشدا بگۆڕێت و هەست بە گرنگیى مەشقپێکردنى پێشمەرگە و چالاکیى سەربازى بکات بۆ هەرێمی کوردستان."

نووسەران تەئکید لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هەردوو پارتیى کۆمارى و دیموکراتەکانى ئەمریکا، پێویستە لەو خاڵە و گرنگیى هاوکاریکردنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە شەڕى داعش تێ بگەن، چونکە پێشمەرگە قوربانیى داوە لە خزمەتى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکادا و ئەوان لەسەر زمین، لە برى هەموو جیهان شەڕ دەکەن و ئەو کاتەش تێپەڕیوە کە کورد تەنیا لە نێو وڵاتانى نێودەوڵه‌تیدا لە ڕێز و ئیحتیرام بگەڕێت.

کورد پێویستیى بە پشگیرییە و شیاویەتى. کورد زۆر دەمێکە پێویستیی بە پشتگیرییە. ئەمریکا دەبێت سروشتى خۆى ئاشکرا بکات و لەوەش زیاتر، دەبێت پەیوەندیى نێوان ئەمریکا و کوردستان ڕوون بکرێتەوە و دیاری بکرێت.

لە بەشێکى دیكه‌ى وتارەکەیاندا، باس لە بوونى ژمارەیەکى زۆرى ئاوارە دەکەن کە بە هۆى شەڕەوە ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کردووە. بۆیە دەڵێن: "ئەو هاوکارییە دارایییەى ئەمریکا دەیداتە پێشمەرگە بەس نییە و دەبێت هاوکاریى زیاترى حکوومەتى هەرێم بکرێت."

لە کۆتاییى وتارەکەیاندا دەڵێن: "کورد شیاوى هاوکاریى سیاسیشە، چونکە کورد گەورەترین نەتەوەى بێدەوڵەتن و چەندان جار کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لەگەڵیاندا ناڕاستگۆ بووە و هەرچەندە بەڵێنى دەوڵەتیان پێ دراوە، بەڵام نکۆڵى لە مافەکانیان کراوە و کوردەکانیش بە ژیانى خۆیان ئەو باجەیان داوە و پەیمانى سیڤەریش کە مافى ڕیفراندۆمى تیادا جێگیر کرابوو، هەرگیز جێبەجێ نەکرا و لێى پاشگەز بوونەوە."

بەغدا لە جێبەجێکردنى مافە دەستوورییەکانى کورددا شکستى هێناوە، بۆیە کورد بیر لە سەربەخۆیى دەکاتەوە. بەغداد بەتەواوى پەکى کەوتووە و ناتوانێت کۆنتڕۆڵى شەڕى تایفى بکات و دیاریش نییە کە دەتوانێت ناوچەکانى ژێر دەستى داعش بگرێتەوە یاخود نا.

بۆیە بارزانى دەیەوێت ڕیفراندۆم بکات و بەڵێنى داوە بیکات، ئەگەر بەغدا نەیەوێت مافە دەستورییەکانى هەرێم جێبەجێ بکات. ئەو کاتەش ئەمریکا نابێت لەسەر ڕێگەى کوردەکان بوەستێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیییەکانیان و دەبێت هاوکارییەکان لە سنوورى سەربازى تێپەڕن و هەرێم پێویستیى بە هاوکاریى سیاسى و ئابوورى هەیە. لە کاتێکدا كه‌ عێراق خەریکە دەڕووخێت، هاوکاریکردنى کورد لە بەرژەوەندیى ئەمریکادایە. هەروەها ئەوە دەرفەتێکە بۆ ڕاستکردنەوەى هەڵەى چەند ساڵەى میژووییمان."

 

http://www.alternet.org/world/critical-turning-point-washingtons-partnership-iraqi-kurds

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples