ئه‌مريكا، عێراقييه‌كان له‌ سزاكانى سه‌ر ئێران ده‌به‌خشێ

بريانت هاريس (ئێسته‌ په‌يامنێرى "ئه‌لمۆنيتۆر"ه‌ له‌ كۆنگرێس)

5‌ى نۆڤه‌مبه‌رى 2018

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

له ‌كاتێكدا ئه‌مڕۆ سزاكانى سه‌ر ئێران [به‌شى دووه‌م]، دوا به‌ دواى كشانه‌وه‌ى سه‌رۆك دۆناڵد ترامپ له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى نوكليارى، ده‌كه‌ونه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، واشنتۆن ڕازی بووه‌‌ عێراق له‌ هه‌ندێ شونه‌وار و كاريگه‌ريى زيانبه‌خشانه‌ى ئه‌و سزايانه‌ بپارێزێ و ڕێگه‌ به‌ به‌غدا بدا كاره‌با له‌ ئێرانه‌وه‌ بهێنێ و بكڕێ، چونكه‌ كه‌مبوونه‌وه‌ى كاره‌با، له‌م مانگانه‌ى دواييدا ياريده‌ى بڵاوبوونه‌وه و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى ناڕه‌زايه‌تييه‌كانى داوه‌ ‌ له‌ سه‌رانسه‌رى به‌سرا.

به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا به‌ "ئه‌لمۆنيتۆر"ى گوت: "ئه‌م ڕێگه‌پێدانه‌ به‌ عێراق بۆ ئه‌وه‌يه‌، كه‌ به‌رده‌وام بێ له‌ كڕين و هێنانى كاره‌با له‌ ئێران و، ئێمه‌ پشتڕاستين كه‌ ئه‌مه‌ ياريده‌ى عێراق ده‌دا كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا خۆى گرفتى كه‌ميى كاره‌باى له‌ باشوورى وڵاتدا هه‌يه‌ و، به‌رده‌واميش ده‌بين له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان له‌ عێراقدا له‌باره‌ى سزا سه‌پێنراوه‌كانى سه‌ر ئێران."

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، ئه‌حمه‌د مه‌حجوب، مانگى ڕابردوو به‌ هه‌واڵنێرانى ڕاگه‌ياند كه‌ دوو له‌سه‌ر سێى كاره‌باى عێراق پشت به‌ هێنانى گازى سروشتى ده‌به‌ستێ؛ هه‌رچه‌ند ئه‌م ژماره‌يه‌ جێگه‌ى پيله‌كه‌  و قسه‌له‌سه‌ركردنه‌.

كيرك سويل، سه‌رۆكى ده‌زگه‌ى هه‌واڵگريى سياسی  (URS)به‌ ئه‌لمۆنيتۆرى ڕاگه‌ياند كه‌: بڕين و ڕاگرتنى به‌رهه‌مى‌ پاڵاوته له‌ ئێران‌ ده‌بێته‌ گرفت و كێشه‌يه‌ك بۆ عێراق، چونكه‌ وێڕاى كه‌ عێراق وڵاتێكى ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ سه‌رچاوه‌يه‌، لێ له‌ بارى پاڵاوتنى نه‌وته‌وه‌ كه‌موكوڕیى هه‌يه ‌و بۆ به‌رهه‌مى پاڵاوته‌، پشتى به‌ ئێران به‌ستووه‌.

به ‌قسه‌ى ڕاپۆرتێكى نوێى بنكه‌ى لێتۆژينه‌وه‌ى كۆنگرێس، سه‌رۆكى نوێى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، محه‌مه‌د حه‌لبووسى گوتوويه‌تى: عێراق هه‌ميشه‌ له ‌ته‌ك گه‌لى ئێرانيدا ده‌مێنێته‌وه‌ و دژايه‌تیى خۆى بۆ هه‌ر گوشارێكى ئابوورى و ئابڵووقه‌ به‌سه‌ر ئێراندا ده‌ربڕيوه‌.

به‌ هه‌ر حاڵ، سه‌پاندنه‌وه‌ى سزاكانى سه‌ر ئێران له‌ بوارى نه‌وتدا له ‌لايه‌ن ئه‌مريكاوه‌، عێراقى ناچار كرد واز له‌ ساتوسه‌وداى نه‌وت له‌گه‌ڵ تاراندا بهێنێ، له ‌كاتێكدا ڕێگه‌ به‌ به‌غدا نادرێ‌ له‌ بوارى نه‌وتدا ساتوسه‌ودا له‌گه‌ڵ ئێراندا بكا، كه‌چى ڕێگه‌ به‌ هه‌شت وڵاتى ديكه‌ ده‌درێ ‌نه‌وت له‌ ئێران بكڕن: چين، ژاپۆن، كۆرياى باشوور، تايوان، هيندستان، توركيا، يۆنان و ئيتاڵيا. له ‌كاتێكدا ئه‌مريكا، عێراقى له‌ شۆپ و كاريگه‌ريى خراپى ئه‌و سزا سه‌پێندراوه‌ توند و سه‌ختانه‌ى سه‌ر ئێران قورتار كردووه‌، سياسه‌ته‌ سه‌ره‌كى و بنيادييه‌كان به‌رده‌وام سه‌رچاوه‌يه‌كى نيگه‌رانئامێز بۆ پێوه‌ندييه‌كانى نێوان ئه‌مريكا- عێراق، پێك ده‌هێنن.

وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا، مايك پۆمپيۆ، (12) داواى له‌ ئێران كردووه‌ كه‌ ده‌بێ له‌ هه‌ر ڕێككه‌وتنێكى نوێدا ئێران پابه‌نديان بێ، ئه‌وجا سزاكانى له‌سه‌ر سووك و هه‌ڵده‌گيرێ. له‌ چواره‌م خاڵدا، داوا له‌ تاران ده‌كرێ: ڕێز له‌ سه‌روه‌ريى حكوومه‌تى عێراق بنێ و ڕێ به‌ چه‌ككردن، به‌ر‌هه‌ڵداكردن و تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ى ميليشيا [شيعه‌كان] بدا.

پاش ئه‌وه‌ى هه‌فته‌ى ڕابردوو باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مريكا له‌ به‌غدا له‌ "تويت"ێكدا ئه‌م داوايه‌ى چريكاند، يه‌كجێ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق وه‌ڵامى دايه‌وه‌ و گوتى: هه‌ر جۆره‌ ده‌ستێوه‌ردانێك له‌ كاروبارى ناوخۆى عێراق، به‌تايبه‌تى ڕيفۆرمى ناوخۆى ئه‌منى، ڕه‌ت ده‌كه‌ينه‌وه‌.

ئێران پشتيوانیى له‌ چه‌ندين ميليشياى شيعه‌ ده‌كا كه‌ بۆ شه‌ڕى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى پێك هاتوون [له‌ ڕاستيدا، پێش داعشيش چه‌ندين ميليشياى شيعه‌ هه‌بوون كه‌ سه‌روكاريان به‌ سوپاى پاسدارانه‌وه‌ هه‌بووه‌- ئاسۆ].

پۆمپيۆ له‌ پرێس كۆنفراسێكدا ئه‌و داوايه‌ى سه‌رێى دووباره‌ كرده‌وه‌ و گوتى: هه‌وڵه‌كان له‌ عێراق بۆ بنكۆڵكردنى حكوومه‌تى عێراق، له ڕێگه‌ى پاره‌دان به‌ ميليشياگه‌لێكى شيعه‌، هه‌رگيز به‌ قازانج و له‌ به‌رژه‌وه‌نديى گه‌لى عێراقدا نييه‌.

هه‌روا كاربگێڕيى ترامپ ڕای گه‌ياند كه‌ "ئيعفائات" [به‌خشرانه‌كان، یان لێخۆشبوونه‌كان]، بوار بۆ ئه‌كته‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پشتى هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵاكانى ئێران بگرن بۆ لێتۆژينه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانى مه‌ده‌نى له سێ شوێن و پێگه‌ى نوكليارى- وه‌ك له ڕێككه‌وتننامه‌ى نوكليارى دياری كراوه‌.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا له‌ به‌پاننامه‌يه‌كدا ئه‌مڕۆ گوتى: مۆڵه‌ت به‌ هيچ پرۆژه‌يه‌كى نوێى نوكلياريى مه‌ده‌نى ديكه‌ ناده‌ين؛ ئێمه‌ ته‌نيا ڕێگه‌ به‌ به‌رده‌وامبوونى ئه‌و پرۆژانه‌ى ئێستا له‌كاردان، بۆ ماوه‌يه‌كى كاتى، ده‌ده‌ين. مه‌به‌ستيش له‌وه‌ كۆسپ و ته‌گه‌ره‌دانانه‌ له‌ به‌رده‌م تواناى ئێران بۆ بيناكردنه‌وه‌ى به‌رنامه‌كانى چه‌كسازى و ڕاگرتنى ستاتۆى ئاراى نوكلياريى ئێران‌، تا ئێمه‌ پشتڕاست ده‌بين و ڕێككه‌وتننامه‌يه‌كى به‌هێزتر ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ين كه‌ به‌ته‌واوى و به‌جێگيرى هه‌موو نيگه‌رانييه‌كانى ئێمه‌ى تێدا بێ.

له ‌كاتێكدا كاربگێڕيى ترامپ به‌ڵێنى داوه‌ ستراتيژييه‌كى تا ئه‌وپه‌ڕى گوشار بخاته‌ سه‌ر ئێران، له‌ هه‌فته‌ى ڕابردوودا، ئه‌و كاربگێڕييه‌ له‌گه‌ڵ گرۆى سه‌ختگرى ناو كۆنگرێس تێك گيراوه‌، پاش ئه‌وه‌ى ڕاپۆرته‌كان ئاماژه‌يان به‌وه‌ دا كه‌ كاربگێڕيى ترامپ سيسته‌مى حه‌واڵه‌ى دارايى (SWIFT) كه‌ بنكه‌كه‌ى له‌ "برۆكسل"ه‌، ناچار ناكا بانكه‌كانى ئێران بكا‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

به‌ هه‌ر حاڵ، وه‌ك به‌شێك له‌و سزايانه‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ ڕاگه‌يه‌نران، SWIFT ڕای گه‌ياند كه‌ 50 بانكى ئێرانى پێوه ‌ده‌دا؛ ئاخر ڕۆژى هه‌ينى وه‌زاره‌تى گه‌نجينه‌ى ئه‌مريكا، هه‌ڕه‌شه‌ى سزاى له‌ بانكه‌ به‌شداربووه‌كان و ئه‌ندامانى بۆردى SWIFT كرد.  ئه‌م بڕياره‌ى SWIFT پێده‌چێ هه‌ندێ كه‌سى له‌ گرۆى سه‌ختگرى ناو كۆنگرێس دڵخۆش كردبێ- به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ له‌ هه‌لومه‌رجى ئه‌مڕۆدا. مارك دۆبيتيز، سه‌رۆكى دامه‌زراوه‌ى هه‌ڵۆئاساى داكۆكى له‌ ديموكراسييه‌كان (FDD)، له ڕێگه‌ى تويته‌ره‌وه‌ به‌ ئه‌لمۆنيتۆرى ڕاگه‌ياند: له‌به‌ر مامه‌ڵه ‌و سه‌وداى مرۆيى، من پێم باشه‌ جارێ چنگێ بانكى ئێرانى له‌ SWIFT بمێننه‌وه‌؛ به‌ڵام وه‌زاره‌تى گه‌نجينه‌ هه‌رگيز له‌گه‌ڵ سياسه‌تى لێبووردن نييه‌، نه‌بادا ئه‌و بانكانه بۆ مه‌به‌سته‌كانى خۆيان،‌ ئه‌م كه‌ناڵه‌ بۆ بنكۆڵكردنى سزاكان بقۆزنه‌وه‌ وه‌ك پێشتر ڕژێم [ئێران] له ڕابردوودا وای كردووه‌.

سەرچاوە:

https://www.al-monitor.com/pulse/originals/2018/11/us-gives-iraq-oil-sanctions-exemption-pompeo.html

 

 



© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples