پێنووس
شەش هەفتە پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکەی ژیسلان کوتار لە فەیسبووکدا، بزووتنەوەی ئێلەگزەردەکانی فهڕهنسا وڵاتی تووشی قەیران کردووە. کوتار لە ڤیدیۆکەی خۆیدا داوای کردبوو ناڕازییەکان بە نیشانەی یەکگرتن ئێلەگی زەرد لەبەر بکەن.
ژیسلان کوتار یەکێک لە ڕوخسارە ناسراوەکانی بزووتنەوەی ناڕازییانی فهڕەنسییە کە بە ئێلەگزەردەکان ناسراون و لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤهمبەرەوە دژ بە بهرزبوونهوهی نرخی سووتەمەنی ڕژاونەتە نێو شەقامەکان. کوتار لە ڕۆژی ٢٤ی ئۆکتۆبهردا ڤیدیۆیەکی لە فەیسبووکی خۆیدا بڵاو کردەوە. لەم ڤیدیۆیەدا داوای لە هەموو ئەوانە کرد کە لە گردبوونەوەی ناڕازییانی ١٧ی نۆڤهمبەردا، بە نیشانەی یەکگرتن، ئێلەگی شەوڕەنگی پارێزەر، کە هەبوونیان لە گشت ئۆتۆمبیلەکانی فهڕهنسادا پێویستە، لەبەر بکەن.
ئەم ڤیدیۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەخێرایی بڵاو بووەوە و پتر لە پێنج ملیۆن جار بینراوە. بیرۆکەی کوتار لە لایەن خەڵکەوە پێشوازیی لێ کرا و بە بزووتنەوەی "ئێلەگزەردەکان" ناوی دەرکرد. چالاکوانانی مەدەنییش نازناوی "پیاوی ئێلەگ"یان بە کوتار بەخشی.
چەند هەفتە پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکەی کوتار، ناڕەزایەتیی خەڵکی فهڕهنسا، بوو بە سەردێڕی یەکەمی میدیاکانی جیهان؛ ناڕەزایەتییەک کە مردنی چوار کەس و دەستگیربوونی سەدان کەس و زیانکەوتن لە شوێنە گشتییەکان و باری ئابووریی ئەو وڵاتەی لێ کەوتووەتەوە.
کوتار فیتەرە و ئێستا بە وێنەی گوتەبێژی ئێلەگزەردەکان لە شاری ناربۆن و لە باشووری فهڕهنسادا خەریکی چالاکییە. دۆیچەڤێلێ گفتوگۆیەکی لەگەڵ کوتار ئەنجام داوە:
دۆیچەڤێلێ: چۆن بیرت لەوە کردەوە کە خەڵک ئێلەگی پارێزەری شەوڕەنگ بە نیشانەی یەکگرتن بەکار بێنن؟
ژیسلێن کوتار: زۆر ئاسان بوو. کاتێک کە خەریک بووم ڤیدیۆیەکم لە خۆم تۆمار دەکرد، چاوم بەو ئێلەگە کەوت کە هەمیشە لە کاتی ئیشکردندا لەبەری دەکەم. بیرم کردەوە، ئەم ئێلەگە چاک دەبینرێ و بەپێی یاسا هەموومان دەبێ یەکێک لەم ئێلەگەمان لە ئۆتۆمبێلەکانماندا هەبێ، کەواتە بۆچی وەک کۆدێکی ڕەنگین بەکاری نەهێنین. هەر بۆ ئەوەی بزانم ئایا خەڵک ئامادەن بڕژێنە دەرەوە و دەنگی ناڕەزایی دەربڕن یان نا؛ ئەمەیش ڕێک ئەو شتە بوو کە ڕووی دا.
گوتت بیرۆکەکەت لە ئێریک درۆئێ، شۆفێری لۆرییەک، وەرگرت کە داوای لە خەڵک کردبوو لە ڕۆژی ١٧ی نۆڤهمبەردا و بە نیشانەی دەنگهەڵبڕین بڕژێنە نێو شەقامەکان.
ڕاستە. هەر لەم ڕۆژانەدا قسەم لەگەڵ کرد و گوتی پێی وایە ئێلەگی زەرد ڕێک ئەو شتەیە کە پێویستمان بووە. ئێریک درۆئێ بانگەوازەکەی دەرکرد و منیش بیرۆکەی نیشانەکەم هێنایە گۆڕێ و ڕەوتەکە سەری هەڵدا.
تۆ ئەم ڤیدیۆیەت لە کۆتاییۆەکانی ئۆکتۆبەردا بڵاو کردەوە. ئێستا لە فهڕهنسادا ناڕەزاییەتییەکانی ئێلەگزەردەکان گرنگترین بابەتە. ئایا ڕووداوەکانی چەند هەفتەی ڕابردوو بووەتە هۆی حەپەسان و سەرسووڕمانت؟
بەڵێ، بەڕاستی سەرسامکەر بووە. من بە هۆی ئیشەکەمەوە بە دەوری فهڕهنسادا دەخولێمەوە و لە هەر شوێنێک ئێلەگزەردەکان ببینم، ڕادەوەستم. خۆمیان پێ دەناسێنم و زۆربەری جارانیش دەمناسنەوە. زۆر سەیرە. ڕاستە، بیرۆکەیەکی چاکم بە زەیندا هات، بەڵام پێم وا نەبوو خەڵکێکی زۆر پێشوازی لەم بیرۆکەیەم بکەن.
بە بینینی خۆپێشاندانەکانی شەممەی ڕابردوو، تووشی شۆک نەبووی؟
من تووشی شۆک بووم، بەڵام میدیاکان ههندێ وێنه لە ئێلەگزەردەکان پێشان دەدەن کە خەریکن پەلاماری پۆلیس دەدەن. بەڵام خۆتان دەبینن پۆلیس چاوەڕێی بچووکترین بیانووە تا گازە فرمێسکڕژێنەکانی بەکار بێنێ. ئەمە شتێکی باش نییە. تاکتیکەکانی پۆلیس بە بۆچوونی من شکستێکی تەواو بووە.
تۆ لەم ڕەوتە خۆشحاڵی کە ئەم بزووتنەوەیە گرتوویەتە بەر؟
بەڵێ، زۆر. ئێمە بەرە بەرە خەریکین دەستەکەوتەکان دەبینین. سەرۆککۆمار گەڵاڵەی گرانکردنی نرخی سووتەمەنیی بۆ ساڵی ٢٠١٩ دوا خست.
ئەدی بۆ سەرەڕای گەیشتن بە ئامانجتان، هێشتا هەر خەریکی ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانیت؟
چونکە پڕبەپێست نییە. ئێمە هێشتا دەبێ لەمەڕ بڕی ئێستای باج شەڕ بکەین، کە چەند ساڵ بەر لە ئێستا دانراوە و بەکار هێنراوە. ئێمە دهبوایه ساڵانێک زووتر لە خەو هەستاباین و ئێستایش دەبێ قەرەبووی ئەو ساڵانە بکەینەوە کە لەکیسمان ڕۆیشتوون.
دەبێ چی بقەومێ تا ئێلەگزەردەکان ڕازی بن؟
وا بزانم دەبێ سەرۆککۆمار لە ئەشکەوتەکەی خۆی دەرکەوێ و بەرەوڕووی خەڵکی فهڕهنسا ببێتەوە؛ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندێکی ڕۆژنامەوانی نا، بەڵکوو ڕاستەوخۆ، لەنێو گۆڕەپاندا. بەڵام قەت پێم وا نییە ئەم شتە ڕوو بدا. ئەو (ئێمانوێل ماکرۆن) زۆر دوور کەوتووە و شانازی بەوەوە دەکا کە هەنگاوێک پاشەکشەی نەکردووە. گرفت لەوەدایە کە هەم ئەو و هەم ئێمە کەللەڕەقین. هەر چۆنێک بێ، دەبێ کەسێک لە شوێنێک مل بدا و ئێمە وامان داناوە کە ئەو مل بدا.
ئەم بزووتنەوەیە خۆی لە بەرامبەر هەڵوێستی سیاسی، یان کاریگەریی سیاسیدا ڕاگرتووە. ئایا جیاوازیی بیر و بۆچوون یان ناتەبایییەک لەنێو چالاکوانە ئێلەگزەردەکاندا، کە بیر و ڕای جیاوازیان هەیە، نەهاتووەتە دی؟
بەڵێ، ئێمە بەڕاستی لەوەدا کە خراپ لە یەکتر تێ بگەین، سەرکەوتووین. ڕاستییەکەی ئەوەیە ئێمە بەئاسانی دەتوانین تووشی ناکۆکی بین. بۆ نموونە لە ناربۆن، ئەو شارەی خۆم تێیدا دەژیم، سێ بنکەی چالاکی هەن کەچی نەمانتوانیوە ئەم سێ بنکەیە لە یەک نزیک بکەینەوە و بنکەیەکی گەورەیان لێ پێک بهێنین. هەر کەس دێ، دەیەوێ بنکەی خۆی بەڕێوە ببا و بە شێوەی خۆی ئیش بکا. ئەمە یەکێک لە خەوشەکانی ئێمە فهڕەنسییەکانە، ناتوانین بەئاسانی ڕێک بکەوین. ئەمە گەورەترین گرفتی ئێلەگزەردەکانە، کە ڕێک بکەون و بە یەک ئاراستەدا بڕۆن. بەڵام پێم وایە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەم خاڵە دەگەین.
تۆ لایەنگریی سیاسییت چییە؟
من هەر مرۆڤێکی سیاسی نیم. من حەز دەکەم لە ئاست ئەو سیاسەتە گرنگانەدا مافی دەنگدانم هەبێ کە پەسند دەکرێن. ئێمە مافی بڕیاردارنمان لەم کێشانەدا نییە، تەنیا هەر پێنج ساڵ جارێک مافی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارێکمان هەیە.
بۆ کەوتییە نێو ناڕەزایەتییەکانی دژ بە گرانکردنی باجی سووتەمەنییەوە؟
نرخی سووتەمەنی بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا لە بڕوا بەدەرە. مووچەکەی من بەشی من دەکا، بەڵام زۆر برادەرم هەن کە مووچەیان لە من کەمێک کەمترە و لە تەنگژەدان. پەیدابوونی بچووکترین گرفت لە ئۆتۆمبیلدا کارەساتی لێ دەکەوێتەوە و دەبێ بچییە بن باری قەرزگەلێکەوە کە قەت تەواو نابن.
ئایا تۆ دژی هەوڵەکانی ماکرۆن لە پێناو خۆشکردنەوەی ژینگەیت؟
نا، ڕاستییەکەی ئێمە حەز دەکەین سواری ئۆتۆمبیلگەلێک بین کە وزەی خاوێنیان هەبێ، بەڵام بەرنامەی حکوومەت لەم بوارەدا کارا نییە. بەم شێوەیە بە هیچ کوێ ناگەین. ئێمە ئێستا تەنانەت دەرەقەتی دابینکردنی مەسرەفی ئۆتۆمبیلەکانمان نایەین، بۆیە هەموو کەس ناتوانێ ئۆتۆمبیلی کارەبایی، یان هایبرێدی بکڕێ.
چۆن لە ئاییندەی ئەم بزووتنەوەیە دەڕوانی؟
پێم وایە تووشی زەبروزەنگ دەبێ و ئەمەیش هیچی لەگەڵ ناکرێ. بە بڕوای من ڕقی گشتی گەلێک ئەستوورە. کاردانەوەی ماکرۆن گەلێک درەنگ کەوت. زۆربەی ئەوانەی لە شەقامدا قسەم لەگەڵ کردوون، داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن. بینینی ئەوەیان کە خەڵک لە بلژیك، ئیتاڵیا و ئەڵمانیایش ئێلەگی زەرد وەک نیشانەیەک لەبەر دەکەن، مایەی دڵگەرمییە. هیوادارم ئەم بزووتنەوەیە بزاڤێکی نێودەوڵەتیی لێ بکەوێتەوە. هەر کاتێ کە تووڕە بووین، ئێلەگی زەرد لەبەر بکەین تا ئەم تووڕەیییە بخەینە بەرچاوی دنیا.
سەرچاوە: