شۆڕشی شیعەکان لە عێراق: ئاوڕدانەوەیەک

ئۆفرە بینگۆ*

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

لە ٨ی تەمووزی ٢٠١٨دا، ناڕەزاییی جەماوەری لە پارێزگه‌ی "بەسرە"ی باشووری عێراق سەری هەڵدا. ناڕەزایییەکان دوو مانگە بێ پچڕان بەردەوامە و ناوچە شیعەنشینەکانی تریشی گرتۆتەوە؛ تەنانەت گەیشتۆتە "بەغدا"ی پایتەختی عێراقیش. بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکە بانگەشەی شۆڕش دەکەن و، بوونە بە یەکێک لە ناڕەزایەتییە زۆر ڕژدەکان لە مێژووی عێراقدا؛ هەر لە دونیابینی و داواکانیان، تا دەگاتە کاتەکە و ژمارەی قوربانییەکانیان. لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزدا ١٤ کەس کوژراون و سەدانی تریش بریندار بوونە؛ هەم لە خۆپیشاندەران و هەمیش لە هێزە ئەمنییەکان. لە مانگی ئەیلوولیشدا، بە لایەنی کەمەوە ١٢ خۆپیشاندەری تر و چەند کەسێکیش لە هێزە ئەمنییەکان کوژراون. خۆپیشاندەران ڕێگه‌کانیان داخستووە و دەستیشیان بەسەر فڕۆکەخانەی نەجەفدا گرتووە، ڕۆکێتییان ئاڕاستەی فڕۆکەخانەکە کردووە و تەقە لە شارەکە و بارەگای حزبەکان و بارەگای حەشدی شەعبی دەکەن. هەندێک لە خۆپیشاندەران ئێران تاوانبار دەکەن و وێنەی "ئایەتوڵڵا خومەینی"شیان سووتاند؛ تەنانەت ئاگریان لە کونسڵخانەی ئێران لە بەسرە بەرداوە.  

ناڕەزایییەکانی بەسرە بە هۆی بڕیارێکی ئێرانەوە بووە بۆ وەستاندنی کارەبای شارەکە بە هۆی نەدانی قەرزەکانییەوە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە. ئەمەیش لە مانگی تەمووزدا بووە؛ لەو کاتەی کە هاوینی عێراق، بەتایبەت پلەی گەرمیی پارێزگه‌ی بەسرە گەیشتۆتە ٤٨ پلەی سەدی. مانگی تەمووز لەبەر ئەوەی گەرماکەی سووتێنەرە، لە عێراق بە مانگی ڕووداوە مێژوویییە چارەنووسسازەکان ناسراوە. ئەمەیش کودەتاکەی عەبدولکەریم قاسم لە دژی سیسته‌می پاشایەتی لە ١٤ی تەمووز و، کودەتا سەرکەوتووەکەی بەعس لە ١٧ی تەمووز و ٣١ی تەمووزی ١٩٦٨ و، ناڕەزایییەکانی دژ بە گەندەڵی لە دژی حکوومەتەکەی حەیدەر عەبادی لە ١٥ی تەمووزی ٢٠١٥ لەخۆ دەگرێت. ڕەنگە ئەم ناڕەزایەتییەی ئەم جارە، پێشتر نموونەی نەبووبێت، بەڵام جێگەی سەرسووڕمانیش نییە. لە ڕاستیدا لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی سەددامەوە لە ٢٠٠٣، چەندین ناڕەزاییی جەماوەریی تر هەبوونە، بەتایبەت ناڕەزایییەکانی ئەم دوایییە. پرسیار ئەوەیە: کێ پاڵپشتیی ئەو ناڕەزایەتییانەی دەکرد؟

پازدە ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمەکەی "سەددام حوسێن"دا تێ پەڕیوە، کە شیعەکانی گەڕاندەوە بۆ دەسەڵات، لە دوای سەدان ساڵ لە هێژموونی سوننەکان لە ناوچەی میزۆپۆتامیا؛ بەڵام گۆڕانی ئەو هێزە لە ئاست چاوەڕوانیی شیعەکاندا نەبووە کە بە هۆی خراپیی دۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەوە دەناڵێنن. عێراق لەژێر سەرکردایەتیی شیعەکاندا ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕژد بۆتەوە کە ڕەنگە ئەمە سەرەتاکەی بێت و دۆخەکە خراپتریش بێت. هەڕەشەکان بریتین لە کەمئەزموونیی حوکمڕانیی شیعەکان. تەنانەت ئەگەر شیعەکان بە ناوی هێزی تریشەوە لە ناوچە سوننییەکانی پێشتر حکوومدارییان بکردبایە و گروووپ و حزب و ڕێکخراوی شیعەیان هەبوایە، وەک ئەوەی خۆیان پێی دەڵێن "ماڵی شیعە"، کە بە زەبری هێز هاتوونەتە دەسەڵات، هەروا بێئەزموون دەبوون و زیانیان بە یەکگرتوویی و بەهێزیی حکوومەتەکە دەگەیاند.

لە هەمان کاتدا، لە دوای دوورخستنەوەی سوننەکان لە دەسەڵات لە لایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣دا وەک بەشێک لە سیاسەتی ڕیشەکێشکردنی بەعسییەکان، درزی نێوان سوننە و شیعەکان قووڵتر بۆتەوە. دەرەنجام بەئاگاهاتنەوەی بەعسییەکانیش، بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش و زیادبوونی توندوتیژییەکان و نائارامی لە عێراق. هەرچەندە گەورەترین هەڕەشەی سەر عێراق بنبڕنەکردنی گەندەڵییە؛ بە جۆرێک عێراقی کردووە بە یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی دونیا. ڕاستییه‌كه‌ی، گەندەڵی بووە بە نەخۆشییەک، هەموو دامەزراوەکانی حوکمڕانیی عێراقی گرتۆتەوە؛ هەر لە دەسەڵاتی دادوەرییەوە تا دەگاتە بیرۆکراسی و پەرلەمان و پۆلیس و دامەزراوەی سەربازی.

گەندەڵی لەناو هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا بە جۆرێک بەربڵاوە، تەنانەت بووە هۆی بەدەستەوەدانی پارێزگه‌ی مووسڵ لە هاوینی ٢٠١٤دا لە بەرامبەر ژمارەیەکی کەم لە چەکدارانی داعشدا و، دواتریش بووە هۆی لەدەستدانی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق.  

گەندەڵیی ئابووری و دارایی، بۆتە هۆی کورتهێنانی کارەبا؛ سەرەڕای ئەوەی عێراق یەکێکە لە گەورە هەناردەکارانی نەوت لە دونیادا. یەکێک لە کێشە ڕژدەکانی تری عێراق، بەرزیی ڕێژەی بێکارییە، بەتایبەت لە پارێزگه‌یەکی بە نەوت دەوڵەمەندی وەک بەسرە کە زۆرینەی کارەکان لە کەرتی نەوتدا بیانییەکان ڕای دەپەڕێنن و بەڕێوەی دەبەن. سیسته‌می پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی تریش زۆر خراپترن؛ تەنانەت لە سەردەمی بەعسیشدا وا نەبووە. خۆپیشاندەران لۆمەی حزبە سیاسییەکان، بەرپرسان و دەستەبژێری ئایینی دەکەن، بەوەی کە سامانی گشتی تەنیا بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان و کڕینی پاڵپشتییەکانیان بەکار دەهێنن.

خۆپیشاندەران بە دروشمەکانی وەک "بە ناوی ئایینەوە دزەکان دزیمان لێ دەکەن"، بێزاریی خۆیان دەردەبڕی. لەم چوارچێوەیەدا، گۆشەنووسی عێراقی، "ئیبراهیم مووسا"، کە لە دوا وتاری خۆیدا دەنگی لە هەمبەر گەندەڵی و بڵاوبوونەوەی لەنێو سەرکردەکاندا هەڵبڕیوە و، داوا لە بەرپرسە عێراقییەکان دەکات کە چاو لە سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسڕائیل، "گۆڵدە مێیر" بکەن و، بیکەن بە پێشەنگی خۆیان. مووسا لە وتارەکەیدا گۆڵدە مێیر بە جوانترین نموونە لە کاری سیاسی و قوربانییەکانی بۆ نەتەوەکەی و وڵاتەکەی، وێنا دەکات. مووسا بە داوایەک لە سەرکردە عێراقییەکان، کۆتایی بە وتارەکەی دەهێنێت و دەڵێت: "لە گۆڵدە مێیر باشتر و نموونەییتر بن."

عێراق وڵاتێکە پڕە لە قەیرانی سیاسی و، حکوومەتەکەیشی پەککەوتووە و ناڕەزاییی خۆپیشاندەرەکانیشی بە دەستی دەرەکی دەزانێت. هەڵبژاردنەکەی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨ یەکێکە لە بەڵگەکانی یەکترسڕینەوە و دابەشبوونی هێزە سیاسییەکان لە عێراق؛ بە جۆرێک کە تەنیا ٤٤%ی دەنگدەران بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد. هاوپەیمانیی "نەسر"، کە لە لایەن عەبادی، سەرۆکوەزیرانەوە سەرکردایەتی دەکرێت، پلەی سێیەمی بەدەست هێناوە، سەرەڕای ئەوەی حکوومەتەکەی داعشی تێک شکاندووە و پشتگیرییەکی زۆریشی لە لایەن ڕۆژاواوە هەیە. سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە هاوپەیمانییەکەی ٤٢ کورسیی بەدەست هێناوە، بەڵام لیستەکەی عەبادی لەناو هاوپەیمانێتییەکەدا تەنیا شەش کورسیی هەیە. بێمتمانەییی خەڵکیش کاریگەریی لە دەنگۆی ساختەکارییەکانی هەڵبژاردنەکەدا هەبووە، کە بووە هۆی دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکان بەدەست لە چەندین بنکەی دەنگدان و، دواخستنی پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ بۆ چەندین مانگ.  

لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکەی مانگی ئایاردا، پێنج لایەنی شیعی بۆ گەیشتن و دابەشکردنی کێکەکەی حکوومەت، لە ململانێدان. ئەو پێنج گرووپەیش بریتین لە: "سائیروون" کە لە لایەن "موقتەدا سەدر"ەوە ڕابەرایەتی دەکرێت و ٥٤ کورسیی هەیە. هاوپەیمانیی "فەتح" کە لە لایەن "هادی عامری"، سەرکردەی میلیشیا شیعەکان سەرکردایەتی دەکرێت و ٤٨ کورسیی هەیە. هاوپەیمانیی "نەسر"، کە لە لایەن "حەیدەر عەبادی"یەوە سەرکردایەتی دەکرێت و ٤٢ کورسیی هەیە. هاوپەیمانیی "دەوڵەتی یاسا"، کە لە لایەن "نووری مالیکی"، سەرۆکوەزیرانی پێشووەوە سەرکردایەتی دەکرێت و ٢٥ کورسیی هەیە. هاوپەیمانیی "ئەلحیکمە"، کە لە لایەن "عەممار حەکیم"ەوە سەرکردایەتی دەکرێت و ١٩ کورسیی هەیە. ململانێ سیاسییەکە لەسەر هەڵبژاردنی کەسێکە بۆ بوون بە سەرۆکوەزیران و پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ. ئایا لایەنە سیاسییەکان لەسەر حکوومەتی بنکەفراوان و تەکنۆکرات بەردەوام دەبن، یان حکوومەتێکی زۆرینە شیعە پێک دەهێنن؟
حزبە شیعەکان کاتێک لە یەکتر نزیک دەبنەوە و دەبنە خاوەن زۆرینەی کورسیی پەرلەمانی، ململانێکانیان ڕێگر دەبێت لە پێکهێنانی حکوومەتێکی زۆرینە شیعی. تاکە ڕێگە بۆ لایەنە شیعییەکان پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوپەیمانییە لەگەڵ هەر یەک لە کوردەکان یان سوننەکان یان هەردووکیان. لە هەمان کاتدا، موقتەدا سەدر کە بڕیار وایە ڕۆڵێکی گەورە لەناو حکوومەتە نوێیەکەدا بگێڕێت، چل خاڵی بۆ پێکهێنانی حکوومەتەکە دەستنیشان کردووە؛ لەوانە دەبێت سەرۆکی حکوومەتەکە سەربەخۆ بێت و حکوومەتەکەیش تەکنۆکرات بێت. هاوکات، سەدر بەتوندی ڕەخنە لەو بەرپرسانەیش دەگرێت کە ویستوویانە سامانی وڵات لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن و، هۆشدارییشی داوە کە عێراق بەم نزیکانە دەبێتە کەلاوە، چونکە ئاو، کارەبا، پارە و سنووری نییە.  

پێکهێنانی حکوومەتە نوێیەکە بە هۆی کێبڕکێ و ململانێ لەسەر هێژموون لە نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئێران، ئاڵۆزتر بووە. هەر دەوڵەتێك بۆ سەپاندنی هێژموونی خۆی لە پێکهێنانی حکوومەتە نوێیه‌کە و سیاسەت و ستراتیژییەتەکەی، هەوڵ دەدات. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگیریی هاوپەیمانێتییه‌کەی عەبادی دەکات؛ لەو لاوەیش ئێران پشتگیریی هادی عامری دەکات. تا سات و کاتی ئەم نووسینەیش، ململانێکان بەردەوامن و هیچ ڕۆشنایییەک و پاشەڕۆژێکیشی نییە. هەرچەند ئەگەر حکوومەتیش پێک بهێنرێت، ئەم دووبەرەکییە قووڵەی نێوان لایەنە شیعییەکان ڕەنگە بەربەستی زیاتریش دروست بکات. ململانێی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، لەوانەیە توانای حوکمداری لەنێو هەر حکوومەتێکی نوێدا کەم و نزم بکاتەوە.  

بڕیارەکەی مانگی تەمووزی ئێران بۆ وەستاندنی کارەبای عێراق، هاوکاتە لەگەڵ دووبارە جێبەجێکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و، ئەمەیش پەیامێکە ئێران بۆ ئەمریکای دەنێرێت کە ئەگەر بێت و ئەمریکا گوشار بخاتە سەر ئێران، ئەوا ئێران ئاگر لە عێراق بەردەدات. بێ گومان یەکێک لە دەرەنجامەکانی سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێران، زیانگەیاندنە بە کەرتی گەشتیاری و پیشەسازیی عێراق کە بەشێک لە ئێرانییەکان وەک گەشتیاری ئایینی سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی وەک نەجەف و کەربەلا دەکەن. بەرپەرچدانەوەی ئێران بۆ سزاکان دوو دەرەنجامی دژبەیەکی بەدوای خۆیدا هێنا لە عیراقدا: لە لایەکه‌وه‌، دەنگێکی ناڕەزاییی بەرزی دروست کرد لە دژی دەستوەردانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی عێراق، لە لایەکی تریشەوە ئەو حزب و گرووپە عێراقییانەی کە لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، سووربوون لەسەر بەرگریکردن لە سزاکانی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێراندا.

گرێکوێرەی سیاسی کە ڕێگرە لە پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ و زیاتربوونی دەنگی ناڕەزاییی شەقامی عێراقی، "عەلی سیستانی"، گەورە مەرجەعی شیعەکانی هێناوەتە دەنگ و پاڵپشتیی خۆی بۆ خۆپیشاندەران دەربڕیوە و داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی خێرا و تەکنۆکرات دەکات کە سەرکردەیەکی بەهێز، بوێر و پێداگر بەڕێوەی ببات و جەنگ لە دژی گەندەڵی بکات و، لە دژی هەڵبژاردنەوەی عەبادی بە سەرۆکوەزیرانیش بۆ جاری دووەم وەستاوەتەوە. لە هەمان کاتدا سیستانی هۆشداریی داوە بۆ پاڵپشتیکردنی زیاتری خۆپیشاندانی ناتوندوتیژی، ئەگەر چاکسازییەکان لە لایەن سەرکردە عێراقییەکانەوە ئەنجام نەدرێن. پاڵپشتیی سیستانی کە چەندین جار بۆ خۆپیشاندەرانی دووپات کردۆتەوە، بەتایبەت لە هەفتەی دووەمدا، خێر و بەرەکەت بوو بۆ خۆپیشاندەران و داواکارییەکانی خۆیانیان لە کارەبا، خزمەتگوزاریی سەرەتایی و هەڵی کارەوە، بەرز کردۆتەوە بۆ کێشەی پەیوەنداری تایبەت بە دەستگیرکردنی ئەندامە گەندەڵەکانی ئەنجومەنی پارێزگه‌ی بەسرە و دامەزراوەکانی تری دەوڵەت.

لە پارێزگه‌ی بەسرە، کە ناڕەزایەتییەکانی لێ سەر هەڵداوە، تەنانەت چەند داواکارییەکی قورس و گەورەیشیان هەیە. بەرپرسانی پارێزگه‌کە لەمێژە دەیانەوێت پارێزگه‌کەیان سەربەخۆ بێت و ببن بە هەرێم. هەروەک لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٩دا، ئەوان داوایان لە حکوومەتی ناوەند کردبوو بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسییەک بۆ دروستکردنی هەرێمێکی سەربەخۆی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان. ئەوان پێیان وایە پارێزگه‌ی بەسرە بەردەوام پەراوێز خراوە و خزمەتگوزاریی بنەڕەتی و تەواوی بۆ دابین نەکراوە (هەم لە سەردەمی بەعس و هەمیش لە دوای ٢٠٠٣ەوە)، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە پارێزگه‌کە سێ چارەگی داهاتی نەوتی عێراق دابین دەکات. ئەم داواکارییە بۆ سەربەخۆبوون، ساڵی ٢٠١٠ و ٢٠١٣یش دووبارە بۆتەوە و، جگە لە شەپۆلە نوێیەکانی خۆپیشاندانەکانی تەمووزی ئەم جارەیش؛ هەرچەند بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی ئەگەرێکی زۆر لاوازە.  

لاوازیی عێراق ڕێگەی بە وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران و تورکیا داوە کە لە ڕێگەی ئاو و کارەباوە هەڕەشە لە عێراق بکەن؛ بەتایبەت کە هەر دوو سەرچاوەی ڕووباری دیجلە و فورات لە تورکیاوە هەڵدەقووڵێت، لەگەڵ کۆمەڵێک لق و سەرچاوی ئاوی تر لە ئێران. ئەم دوو وڵاتە ئەم دۆخەیان بۆ خۆیان قۆرخ کردووە و، بۆ پێداویستی و مەبەستی تایبەتی خۆیان بەنداویان لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان دروست کردووە. کێشەی سەرچاوەی ئاو، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٠؛ کاتێک تورکیا، سووریا و ئێران دەستیان کرد بە دروستکردنی بەنداو و، کەمکردنەوەی بڕە ئاوی عێراق بە ڕێژەی ٥٠% لە ساڵی ٢٠١٨دا. حکوومەتی عێراقیش بۆ ڕێگریکردن لە دراوسێکانی لە بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە وێرانەکەرەدا هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە. ئەگەرچی عێراق وڵاتی دوو ڕووبارە، کەچی بەدەست کەمیی ئاوەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی ئاوی خواردنەوە. گەورەترین کێشە لە بەسرەیە و، نەخۆشخانەکانی بە لایەنی کەمەوە ١٧٥٠٠ کەسی تووشبوو بە نەخۆشیی سکچوونی درێژخایەن و نەخۆشییەکانی گەدەی لە ماوەی دوو هەفتەدا وەرگرتووە و چارەسەر کردووە، دوای ئەوەی بە هۆی ئاوی پیسەوە نەخۆش کەوتوون. سەرەڕای ئەوەی زۆربەی ناوچەکانی عێراق بەخێرایی بەرەو بەبیابانبوون دەچێت، بەتایبەت ناوچە شیعەنشینەکانی باشوور. عێراق کە لە سەرەتای مێژوودا گەنجینەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە، کەچی لە ئێستادا ناچار کراوە کە لە ٧٠%ی خۆراکی لە دراوسێکانی وەک تورکیا و ئێران و وڵاتانی ترەوە هاوردە بکات. پڕۆسەی بەبیابانبوون ژیان و گوزەرانی زۆربەی جووتیارە عێراقییەکانی وێران کردووە و بەمەیش داهاتەکانیان لەدەست داوە و بێکار ماونەتەوە و ئەمەیش وای لە زۆرینەیان کردووە بێنە نێو خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەوە.

بە ئاوڕدانەوەیەک، بۆمان دەردەکەوێت حکوومەتی شیعی لە عێراق زنجیرەیەک دژیەکی و کاری دژبەیەکی هەبووە. یەکەم: دوایین خولی خۆپیشاندانەکان لە لایەن شیعەکانەوە بووە لە دژی حکوومەتی شیعەکان، ئەگەرچی سوننەکانی عێراق هێژموونی خۆیان لەدەست داوە و لە دوای ٢٠٠٣وە پەراوێز خراون. سوننەکان بەشداریی خۆپیشاندانی شیعەکانی تەمووزی ٢٠١٨یان نەکردووە، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە ئەوان دۆخ و گوزەرانیان لە وڵاتەکەیان لە دوای ٢٠٠٣ەوە زۆر خراپ و نالەبار بووە. دووەم: ئەگەرچی گۆڕانکارییەکانی دوای ٢٠٠٣ لە سیسته‌می حوکمڕانیی عێراق، دەرفەتی نوێنەرایەتیی زیاتری دا بە شیعەکان لەناو حکوومەت بۆ بەهێزکردنی پڕۆسەی دیموکراسی، بەڵام هێشتا ئەو وڵاتە بە هۆی نەبوونی حوکمڕانییەکی باشەوە دەناڵێنێت. سێیەم: سەرەڕای زۆریی سەرچاوەی ئاوی و نەوتی یەدەگی وڵاتەکە، هێشتا بۆشایی لە نێوان دەستەبژێری حوکمڕان و خەڵک قووڵتر دەبێتەوە و هێشتا گەلی عێراق هەژارترین گەلی جیهانن. چوارەم: لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، هەوڵ دەدەن پارێزگاری لە سەربەخۆیی و یەکگرتوویی عێراق بکەن، بەڵام هێزە نەیارەکان دژیان دەوەستنەوە. عێراق لە ئێستادا لە هەموو کات زیاتر لە پێکهێنانی حکوومەتەکەیدا پاشکۆ و وابەستەی ئەمریکا و ئێرانە و، گوێ لە هێزە ناوخۆیییەکان ناگیردرێت. دەرەنجام، فەرمانڕەواییی زۆرینەی شیعەکان لە عێراقدا، نەیتوانی عێراقێکی سەرکەوتوو و کارا بەرهەم بێنێت، هەروەک سەرکردە نوێیەکانی بەڵێنی ئەوەیان دابوو. بە هەموو پێوەرەکان، عێراق ئێستا وەک دەوڵەتێکی داوەشاو دەبینرێت.  

 

 

* ئۆفرە بینگۆ، توێژەری پێشکەوتوو لە ناوەندی مۆشی دایان بۆ دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، زانکۆی تەل ئەڤیڤ.

سەرچاوە:

https://dayan.org/author/ofra-bengio#journal

 

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples