هێرشەکەی ئێران بۆ سەر کوردەکان، پەیامێکە بۆ واشنتۆن، ڕیاز و ئۆرشەلیم

سێس جەی. فڕانتزمان

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دووپاتی کردەوە کە هێرشی مووشەکیی کردۆتە سەر ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لە قەزای کۆیەی باکووری عێراق. هێرشەکە لە ڕۆژی شەممەدا بووە و کۆمەڵێک خەڵکی کوشتووە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. یەکەم جار بوو هێزەکانی ئێران ئەم جۆرە مووشەکە لە هێرشێکی لەم جۆرەدا لەناو خاکی عێراق بەکار بهێنن.

ئەم هێرشە مووشەکییە قێزەونە کە بە ڕۆژی ڕووناک ئەنجام درا، پەیامێک بوو لە تارانەوە بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بەوەی کە هەرچییەکی بوێت دەتوانێت بیکات؛ نەک بەرامبەر بە وڵاتانی دراوسێی عێراق، بەڵکوو بەرامبەر بە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ساڵی پار، مووشەکەکانی ئێران و ئەو گرووپانەی کە لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، سوودیان لە ڕاوێژکارە تەکنیکییەکانی ئێران وەرگرت و سعوودیای عەرەبییان لە یەمەن و، ئیسڕائیلیشیان لە سووریاوە کردە ئامانج. لە ئێستادا کە واشنتۆن گوشاری زیاتر دەخاتە سەر ئێران، هەڕەشەی مووشەکەکان هێمایەکی ڕوون و ئاشكرایە کە تاران دەیەوێت لە ڕێگەیەوە ماسوولکە و هێزی خۆی لە بەرامبەر ئەو سزایانەی کە کراوەتە سەری، پیشان بدات.

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی هێرشێکی سەرپەڕاندن و کوشتنی ئەندامانی حزبی دیموکراتی کوردستانی-ئێرانی دا کە گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە ئێرانە و بارەگاکەیان لە قەزای کۆیەیە. ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسە باڵاکانی ئەم حزبە لە کۆبوونەوەکەدا بوونە، کاتێک مووشەکەکان بارەگاکەیانی پێکاوە. ئەم هێرشە توندوتۆڵ بووە و، پێشتر هاوشێوەی نەبووە. هەرچەنده‌ ئێران پێشتر گرووپە کوردییەکانی لە عێراقدا کردۆتە ئامانج و، مووشەکی تری ئاراستەی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تر کردووە. ئەو مووشەکانەی کە لەم هێرشەدا بەکار هاتوونە، توندوتۆڵ بوونە و بۆ دەرخستنی توانا و هێزی دەزگه‌ی هەواڵگریی ئێران بووە.

ئەم هێرشە مووشەکییە بۆ سەر کۆیە، نابێت تەنیا وەک هێرشی ڕژێمێکی پەراوێزخراو بۆ سەر گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆن ببینرێت. ئێران چەندین ساڵە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی کوردی دەجەنگێ و پێکدادانەکان لەناو خودی ئێرانیش لە زیادبووندان؛ بەڵکوو ئەو هێرشە مووشەکییە بەرزبوونەوەی زیاتری تەنگەژەکانە و، دەبێت لە چوارچێوەی یارمەتیی سەربازیی ئێران بۆ حووسییەکان ببینرێت بۆ بەئامانجگرتنی ڕیاز لە ڕێگەی مووشەکی بالیستییەوە کە ٩٠٠ کیلۆمەتر لە خاڵی دەستپێکردنییەوە ئامانجەکەی خۆی دەپێکێت. هێزەکانی ئێران لە سووریایش سیسته‌می بەرگریی ئیسڕائیلیان بەئامانج گرتووە. فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە مانگی شوباتدا هەڵفڕاندووە و دواتر مووشەکێکی ئیسڕائیلیان لە مانگی ئایاردا بەئامانج گرتووە. دوایین وێنەی مانگە دەستکردەکان ئاسانکارییەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک لە باکووری سووریا لە لایەن ئێرانەوە، پیشان دەدەن. ڕاپۆرتەکانیش دەری دەخەن کە ئێران مووشەکەکانی خۆی گواستۆتەوە بۆ حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعەکان لە عێراق و، مووشەکیشی بە حزبوڵڵا داوە و پشتگیریی تەکنیکییشی پێشکەش بە حەماس کردووە.

لەم نێوەندەدا، وێنە گەورەکە هەڕەشەی مووشەکە ئێرانییەکانە لە ناوچەکە. یاسای دەسەڵاتپێدانی بەرگریی نیشتمانی لە مانگی ئابدا لە لایەن دۆناڵد ترامپ واژوو کراوە، کە بڕگەیەکی دەربارەی هەڕەشەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێرانە. کۆنگرێس بەوریایییەوە لەوە دەڕوانێت و تێ گەیشتووە کە چۆن بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران هەڕەشە لە ناوچەکە دەکات! لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی مانگی حوزەیران لە دامەزراوەی بەرگری و دیموکراسی، جێگری وەزیری خەزێنە بۆ پرسی تیرۆر و هەواڵگریی دارایی، "سیگاڵ ماندێلکێر" ڕای گەیاند: "ئێران دەبێت کۆتایی بە پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی بهێنێت."

هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە تەکنەلۆژیی به‌رگریی مووشەکییان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران. ئیسڕائیل سیسته‌می بەرگریی مووشەکیی هەیە لەوانە: "ئایڕۆن دۆم"، "دەیڤدس سلینگ" و بەرنامەی ئەڕۆو؛ هاوکات سعوودیایش مووشەکی پاتریۆتی بۆ وەستاندنی مووشەکەکانی حووسییەکان بەکار هێناوە و ئەمەیش کاریگەریی خۆی هەبووە. بۆیەیش ئێران بڕیاری تاقیکردنەوەی مووشەکەکانی خۆی داوە و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانی  باکووری عێراقی پێ تاقی کردۆتەوە.

هێرشەکەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کوردەکان، پەیامێکە بۆ واشنتۆن و ئیسڕائیل و، گوزارشت لەوە دەکات کە چۆن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنوورەکان و لە ناوچەکە کار دەکەن. ئەمە دەرخستنی سیاسەتی ئێرانە لە یەمەن، عێراق، سووریا و لوبنان کە بەستراوەتەوە بە بەرنامەیەکی گەورەتر. سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسی گرووپێکیشە بۆ کارکردن لەگەڵ هاوبەشە جیاوازەکان و میلیشیا شیعەکانی لە ناوچەکەدا. وەڵامی ئیدارەی ئەمریکا بۆ هێرشە مووشەکییەکەی باکووری عێراق، دەری دەخات کە ئایا واشنتۆن دەیەوێت گرنگیی ڕژد بەو بەرە نوێیە بدات (ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە ئێران) یان گرنگی بە گفتوگۆکان بدات لە ڕێگەی عێراقەوە وەک بەرەیەک بۆ وەستاندنی چالاکییەکانی ئێران و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئەم مووشەکانە، یان عێراق بەردەوام دەبێت وەک ڕووبەرێک کە ئێران بەئازادیی خۆی لەناویدا بجووڵێتەوە و کاری خۆی تێدا بکات.

سەرچاوە:

https://www.jpost.com/Middle-East/Irans-attack-on-Kurds-is-a-message-to-Washington-Riyadh-and-Jerusalem-566895

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples