به‌ڵينى درۆزنانه‌ى ئاشتيى عێراقى- ئيسڕائيلى

د. ئيدى كۆهين*

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

31ى كانوونى يه‌كه‌م 2019

له‌ 6ى كانوونى يه‌كه‌مدا، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئيسڕائيل لێدوانێكى به‌ زمانى عه‌ره‌بى دا و، ئاشكراى كرد كه‌ ژماره‌يه‌ك شاند له‌ عێراقه‌وه‌، ساڵى 2018 سه‌ريان له‌ ئيسڕائيل داوه‌ و كه‌سايه‌تيى ناوبه‌ده‌ره‌وه‌ و به‌نفووزى سوننه ‌و شيعه‌يان تێدا بووه‌.  وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ به‌ناو ناوى ئه‌و كه‌سانه‌ى نه‌هێناوه‌ كه‌ سه‌ريان له‌ ئيسڕائيل داوه‌، لێ هه‌واڵه‌كان له‌ عێراقدا شه‌پۆڵيان دايه‌وه،‌ پاش ئه‌وه‌ى دزه‌ى بۆ ناو ڕۆژنامه‌گه‌ریى پێ كرا كه‌ هه‌ندێ له‌وانه‌ ئه‌ندامى په‌رله‌مان بوون. زۆر په‌رله‌مانتارى عێراقى، به‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مانيشه‌وه‌، داوايان كردووه‌ كه‌ ليژنه‌يه‌كى لێكۆڵينه‌وه‌ دابمه‌زرێ و ئه‌و كاربه‌ده‌ستانه‌ى پێوه‌ندييان به‌ "قه‌واره‌ى زايۆنى" كردووه‌، ده‌بێ به‌گوێره‌ى یاسا ئه‌وپه‌ڕ و توندترين سزا بدرێن.

هه‌ر كه‌سێكى سياسى و گشتى له‌و وڵاته‌دا، له‌  ئه‌ندامێكى پێشترى په‌رله‌مان بترازێ، ڕاشكاوانه به‌رهه‌ڵستيى خۆيان‌ بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى ڕايه‌ڵه‌كان له‌گه‌ڵ ئيسڕائيلدا ڕاگه‌ياند. زۆربه‌ى ئيسڕائيلييه‌كان ده‌يانه‌وێ له‌گه‌ڵ ده‌روجيرانه‌كانى خۆياندا له‌ ئاشتيدا بن، لێ ئه‌زموونى ده‌يان ساڵه‌ له‌گه‌ڵ دراوسێياندا‌، گومان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و "سازش"ه‌ پێويستانه‌ى كراون له‌ كاتێكدا ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌پێناو ئاشتييه‌كى ساخته‌دا بوون و ئه‌و دراوسێيانه‌ به ‌ڕاستييان نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ ئيسرائيلدا ئاشتى بكه‌ن. ئاشتیى 40 ساڵه‌ له‌گه‌ڵ ميسردا زۆر ساردوسڕه‌ و ڕايه‌ڵه‌كانى ئاشتى له‌گه‌ڵ ئورد‌ندا له‌ بار و خاڵێكى خراپدان، پاش ئه‌وه‌ى عه‌ممان ئه‌وه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌ به‌شێكى په‌يماننامه‌ى 1994ى ئاشتى نوێ بكاته‌وه،‌ كه‌ ڕێگه‌ به‌ ئيسڕائيل ده‌دا دوو ناوچه‌ى بچووك- نه‌هاريم له‌ باكوورى وادیى ئوردن و غه‌مر له‌ باشوور، له ‌بنده‌ست  ئيسڕائيلدا بمێنێته‌وه‌.

خويا و ڕوونه‌ كه‌ دراوسێيه‌ عه‌ره‌به‌كانى ئيسڕائيل ته‌نيا ئه‌و ده‌مه‌ى ده‌كه‌ونه‌ نێو ته‌له‌زگه ‌و مه‌ينه‌ته‌وه‌، ده‌يانه‌وێ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى جووله‌كه‌دا ئاشته‌وايى بكه‌ن و، ئيدى ئه‌وان فێر بوون چۆن له‌ ڕێگه‌ى به‌ڵێن و هه‌رێى به‌تاڵ و بۆش به‌ دامه‌زراندنى پێوه‌نديى ئاشتيخوازانه‌ له‌گه‌ڵ ئيسڕائيلدا، ده‌ستيان به‌ كۆمه‌گ و باروبوى ئيسڕائيلى ڕابگات. نموونه‌یش زۆرن. له‌ هه‌شتاكاندا، كريستيانه‌كانى لوبنان "واهيمه‌"ى ئاشتييه‌كى ئایینده‌یییان به‌ ئيسڕائيل فرۆشت و گوايا هه‌ر كاتێ توانرا ڕێكخراوه‌ تيرۆريسته‌كانى فه‌ڵه‌ستينى له‌ لوبنان ده‌ربكه‌ن، ئاشته‌وايى له‌گه‌ڵ ئيسڕائيلدا ده‌كه‌ن.  ئه‌مه‌ و چه‌ندين شتى ديكه،‌ بوونه‌ سۆنگه‌ى هه‌ڵايسانى جه‌نگى 1982ى لوبنان و ئه‌نجامى ئه‌و سه‌ره‌ڕۆييیه‌یش بۆ هه‌موو لايه‌ك ئاشكرايه‌.

به‌ يارمه‌تيى تۆڕه‌كانى سۆسيال ميديا و كۆچى به‌كۆمه‌ڵى سوورى بۆ ئه‌وروپا، زۆر له‌ ئيسڕائيلييه‌كان توانيويانه له‌م ساڵانه‌ى دواييدا، ‌ پێوه‌ندى به‌ ئه‌ندامه‌كانى ئۆپۆزيسيۆنى سوورييه‌وه‌ بكه‌ن. ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى ئۆپۆزيسيۆن ئاره‌زووى خۆيان بۆ ئاشته‌واييكردن له‌گه‌ڵ ئيسڕائيلدا نيشان داوه‌، ئه‌گه‌ر ئيسڕائيل بۆ ڕووخاندنى ڕژێمى به‌شار ئه‌سه‌د هارييان بكا. تا ئێستا ئه‌سه‌د له‌ ده‌سه‌ڵات ماوه‌ته‌وه‌ و هيچ  ئاشتييه‌كيش له‌گه‌ڵ سووريا له ‌گۆڕێدا نييه‌‌.

پاش ڕووخانى سه‌رۆكى عێراقى، سه‌ددام حوسێن له‌ 2003دا، ده‌سوه‌جێ ده‌يان په‌رله‌ما‌نتارى عێراق هاتوونه‌ته‌ ئيسڕائيل، وێڕاى كه‌ زۆربه‌يان پێيان خۆش نييه‌ و ده‌ترسێن به‌ئاشكرا باس له‌و سه‌ردانانه‌يان بكه‌ن. ته‌نيا يه‌ك كه‌سيان نه‌بێ: ئه‌ویش پارله‌مه‌نتار "ميسال ئالووسی"يه‌ كه‌ هيچ باكێكى به‌وه‌ نه‌بووه‌ به‌ئاشكرا باس له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى خۆى بكات. چاودێره‌ ئيسڕائيلييه‌كان ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى ئالووسى به‌ هه‌ڵوێستێكى ئازايانه‌ ده‌بينن، وه‌ك هه‌ڵكردنى باى ئاشتى له‌ به‌غداوه‌. لێ پشتى ماوه‌يه‌كى ئێكجار كه‌م، ئالووسى له‌ په‌رله‌مان وه‌ده‌ر نرا و دوو كوڕيشى هاتنه‌ كوشتن. ئالووسى جارێكى ديكه‌ بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵنه‌بژێردرايه‌وه ‌و نه‌يتوانى ده‌نگى پێويست بۆ چوونه‌ناو په‌رله‌مان وه‌ده‌ست بهێنێ.

عێراق ده‌وڵه‌تێكى فاشيله‌. وێڕاى كه‌ يه‌كێكه‌ له‌ وڵاته‌ هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى دنيا به‌ سه‌رچاوه‌ى سروشتى، لێ ناتوانێ پێداويستييه‌ بنه‌ڕه‌تييه‌كانى وه‌كوو كاره‌با و ئاوى خواردنه‌وه‌ بۆ دانيشتووانه‌كه‌ى ده‌سته‌به‌ر بكا. عێراقييه‌كان له‌ بوونى خۆيان وه‌ڕس و بێزارن و نايانه‌وێ ئێران نه‌وت و سه‌رچاوه‌ سروشتييه‌كانى ديكه‌ى وڵاته‌كه‌يان به‌تاڵان ببات كه‌ له‌ دواى ڕووخانى سه‌ددامه‌وه‌، له‌ ڕێگه‌ى ميليشيا شيعه‌كانى سه‌ر به ‌خۆيه‌وه‌، عێراقى له‌ بنده‌ستى خۆى گرتووه‌‌. عێراقييه‌كان، په‌له‌يانه‌ و به‌ هه‌ر نرخێك بێ، ده‌يانه‌وێ له‌ باڵاده‌ستى و هێژموونى ئێرانى ڕزگاريان ببێ و بۆیه‌ ئێستا داواى هاريكاريى سه‌ربازيى ئيسڕائيلى ده‌كه‌ن و له‌ به‌رانبه‌ريشدا هه‌رێ و به‌ڵێنى بۆشى ئاشتى به‌ ئيسڕائيل ده‌ده‌ن. مخابن، ئيسڕائيل داهاتێكى زۆر بۆ ئه‌م ئامانجه‌ بێهووده‌يه‌، ته‌رخان ده‌كا.

ده‌يان هه‌زار كۆچبه‌رى عێراقى له‌ ئه‌وروپا هه‌ن كه‌ ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاتى خۆيان. ئه‌وان ئومێديان وايه‌ ئيسڕائيل بۆ ڕاماڵينى ئێرانييه‌كان له‌ عێراقدا ياريده‌يان بدا و، هه‌رێ و به‌ڵێنى ئاشتیيش به‌ ئيسڕائيل ده‌ده‌ن، هه‌ر كاتێ گه‌ڕانه‌وه‌ وڵات و حكوومه‌تيان گرته‌وه‌ ده‌ست. ئا، ئاوا عێراقيش دێته‌ ڕێزى ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ عه‌ره‌بانه‌ى كه‌ چاويان له‌ يارمه‌تيى ئيسڕائيلييه‌ له ‌به‌رانبه‌ر به‌ڵێن و گفتى به‌تاڵ و بۆشى ئاشته‌واييكردن له‌ ئایينده‌دا؛ واته‌ ته‌باى كريستيانه‌كانى لوبنان له‌ هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوو و ئۆپۆزيسيۆنى سووريا له‌م ساڵانه‌ى دواييدا، هه‌رێى هه‌مان خزمه‌تى درۆيينه‌ و ساخته به‌ ئيسڕائيل‌ ده‌ده‌ن.

هێشتا ئاشتيكردن له‌گه‌ڵ عێراقدا زۆر زۆر دووره‌. له‌ ئۆكتۆبه‌رى 2017دا، په‌رله‌مانى عێراقى یاسایه‌كى په‌سند كرد كه‌ هه‌ڵكردنى ئاڵاى ئيسڕائيلى له‌و وڵاته‌دا قه‌ده‌غه‌ ده‌كا و سزاى زيندانيكردن به‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێكيشدا ده‌سه‌پێنێ كه‌ به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ بجووڵيته‌وه‌ و ئه‌و یاسایه‌ پێشێل بكا. سياسه‌تسازانى ئيسڕائيلى به‌ سووربوونيكه‌وه‌ ئيدعا ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ئه‌زموون و تاقيكردنه‌وه‌ى ڕابردووياندا فێر بوون، له‌وما ده‌بێ به‌ لايه‌نى كه‌مه‌وه‌ ئه‌م بار و ڕه‌وشه‌ى ئێسته‌ به‌ڕاستى بخوێننه‌وه‌.

 

  • د. ئيدى كۆهين [(دكتۆرا له‌ زانكۆى بار-ئيان) و پسپۆره‌ له‌ پێوه‌ندييه‌كانى نێوان وڵاتانى عه‌ره‌ب، كێشه‌ى عه‌ره‌بى- ئيسڕائيلى، تيرۆريزم و كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌ جووه‌كان له‌ جيهانى عه‌ره‌بيدا.]

 

سەرچاوە:

https://besacenter.org

 

 

 

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples