دەرکەوتەکانی بڕیارەکەی ترامپ سەبارەت بە کشانەوەی لە سووریا چییە؟

ڕەیشەڵ ئەڤراهام

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

ترامپ لە سووریا دەکشێتەوە و دەیەوێت تورکەکان شوێنی بگرنەوە، بەڵام ناوچەی ئارامی تورکی لە سووریا بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی نایاسایییە. هەرچەندە ڕەنگە تورکیا جێگرەوەی هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یەپەگە لە پاڵ داگیرکردنی باکووری سووریا.

ئێستا لە هەموو کات زیاتر بارودۆخی کوردستانی سووریا ناجێگیرە. دوای ئەوەی چوار ئەمریکی لە هێرشێکدا بە یارمەتی و کۆمەکی داعش لە کوردستانی سووریا، دەکوژرێن، داعش لە ئێستادا هێرش دەکاتەوە و سێ ئەمریکیی تریشی بریندار کردووە. ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا، گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دانانی ناوچەیەکی ئارام لە سووریا؛ ئەم دۆخە کوردەکانی نیگەران کردووە و ترسیان هەیە کە ئەوەی لە عەفرین ڕووی دا، لە ناوچەکانی تری ڕۆژاوای کوردستان دووبارە ببێتەوە.

بەرپرسێکی چەکداری کوردی ئێرانی کە نەیویست ناوەکەی ئاشكرا بکرێت، پێی وایە کە ترامپ ڕۆژێک پاڵپشتی لە هاوپەیمانە کوردەکانی دەکات و ڕۆژێکیش پشتییان تێ دەکات. بەداخەوە، ئەو بەرپرسە پێی وا نییە کە ڕای گشتیی ناوخۆی ئمەریکا کاردانەوەی نەرێنیی هەبێت بۆ سەر گۆڕینی بڕیار و هەڵوێستەکانی ترامپ، هەرچەند زۆر جار ئەمریکییەکان لەگەڵ پاڵپشتیکردنی ئەمریکا بوونە بۆ کورد. سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکا بە هۆی داخستنی حکوومەت و دروستکردنی دیوار لە سنوورەوە بەتەواوی شڵەژاوە، بۆیە پێم وا نییە گرنگی بەوە بدەن کە لە سووریا چی ڕوو دەدات. لە ئێستادا ئێمە نازانین سیاسەتی ئەمریکا چییە! ئەگەر سیناتۆر "لیندسەی گراهام" کە دژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە سووریا نەبوایە کە دەڵێت هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان یەپەگە و پەکەکە، ئەوا نازانم چ ڕوو دەدات.

هێرش و کوشتارەکەی داعش کە بووە هۆی کوژرانی ١٩ کەس، بەگشتی لە دوای ئەوە هات کاتێک ترامپ بڕیاری دا بە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، بە بیانووی ئەوەی داعشیان تێک شکاندووە لە سووریا. هەرچەند سەنتەری عەرەب لە واشنتۆن دی سی پێی وایە کە داعش لاواز بووە، بەڵام هێشتا بەتەواوی لەناو نەچووە. ئەو سەنتەرە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە بە لایەنی کەمەوە ٢٥٠٠ تیرۆریستی داعش خۆیان لەناو خەندەقەکانی خاکی سووریا حەشار داوە. چەندین سەرچاوە لە سووریا نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لە بەرامبەر ناوچەی ئارامی تورکیا لە باکووری سووریا، بەوەی کە زیانێکی زۆر بەو وڵاتە دەگەیەنێت و تەمەنی داعشیش لە سووریا درێژ دەکاتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، شێرکۆ عەباس، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان لە سووریا، پێشنیاری جێگرەوەیەک دەکات کە هەم نیگەرانییەکانی تورکیا لە بەرامبەر یەپەگە و هەمیش لە بەرامبەر ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لە سووریا بە هۆی ناوچەی ئارامەوە لەو وڵاتەدا، چارەسەر دەکات. شێرکۆ عەباس پێی وایە کە کوردستانی سووریا پێویستە بگوازرێتەوە بۆ ناوچەی ئارام، بەڵام نابێت لە لایەن تورکیاوە بەڕێوە ببرێت کە زیاتر پاڵپشتی لە ئیسلامی ڕادیکاڵ دەکات لەو وڵاتەدا. شێرکۆ پێی وایە ناوچەی ئارام، دەبێت لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەڕێوە ببرێت کە ڕێگە بە کوردانی سووریا دەدەن هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، کیانێک هاوشێوەی کوردستانی عێراق بۆ خۆیان دابمەزرێنن و هێزی پۆلیسی نیشتمانیی کوردی بونیاد بنێن تا سنوورەکانی نێوان تورکیا و کوردستانی سووریا بپارێزن. هاوکات پێی وایە پەکەکە و پاشکۆکانی، لەوانە پەیەدە و یەپەگە، بەتوندی لە لایەن کوردەکانەوە ڕەت دەکرێنەوە، بەڵام هەست دەکەن لە ئێستادا هیچ جێگرەوەیەکی تریان نییە. هۆکاری ئەمەیش ئەوەیە کە ئەوان ئەم هێزانە بە شتێک کەمتر لە شەیتان دەبینن. لەگەڵ ئەوەیشدا هێنانی دیموکراسی بۆ سووریا جێگرەوەیەکی باش دەبێت، چونکە ئێمە مۆدێڵێکمان هەیە ئەویش مۆدێڵی "کوردستانی عێراق"ە. کوردەکانی عێراق هاوبەشێکی سەرەکیی بازرگانیی تورکیان و هێشتا خاوەن ناوچەی ئارامی خۆیانن. دەکرێت ئەمە لە سووریایش دووبارە بکرێتەوە. من نامەوێت پەکەکە لە کوردستانی سووریادا هەبێت. پێویستە دەرفەت بە کوردانی سووریا و گرووپە ئیتنیکییەکانی تر بدەین لە کوردستانی سووریا، تا خۆیان بەڕێوە ببەن و فەرمانڕەوای خۆیان هەڵبژێرن.

بەرپرسێکی یەپەگە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت ڕای گەیاند، کە خواستیان هەیە بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام، بەڵام دەیانەوێت خۆیان ناوچە ئارامەکە بەڕێوە ببەن. سەرچاوەکە گوتیشی، ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر باکووری سووریا، ئەوا ئەوان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان وەڵامیان دەبێت؛ لەگەڵ ئەوەیشدا دەخوازن دەرفەتێک بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدەن. هەرچەندە شێرکۆ عەباس هاوڕا نییە لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە و پێی وایە تورکیا پێناچێت ڕازی بێت بە ڕۆڵگیڕانی یەپەگە، چونکە تورکیا بە درێژکراوەی پەکەکە و بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیان دادەنێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتەکەی و، پێیشی وا نییە کە پێویست بکات هەموو کوردانی سووریا باجی هەڵەکانی ئەو هێزە/یەپەگە بدەن.

کاتێک ئەندامانی پەکەکە لە چیای شنگال دەکشێنەوە، تورکیایش کشایەوە، بەڵام لە عەفرین تورکیا نەکشایەوە. شێرکۆ عەباس دەڵێت: "کورد ڕووبەڕووی کارەسات بۆتەوە؛ لە عەفرین تورکیا خەڵک دەڕفێنێت و دەستدرێژییان دەکەنە سەر و ئیسلامییەکان هاوردە دەکەن و لە شوێنی خەڵکە ڕەسەنەکە نیشتەجێیان دەکەن. ئایا ئێمە ناوچەیەکی ئارامی وەک ئەمەمان دەوێت؟ نەخێر ئێمە نە ئەمە و نە ئەسەدمان ناوێت. ئێمە سووریایەکی وەک کوردستانی عێراقمان دەوێت لەژێر چاودێری و پاراستنی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ، نەک تورکیا. یەپەگە هیچ شتێکی بۆ کورد نەکردووە."

د.‌ حەکیم بەشیر، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا کە لە بارزانییەوە نزیکە، لەگەڵ ئیبراهیم بیرۆ، سکرتێری گشتیی یەکێتیی پارتی کە لە تاڵەبانییەوە، نزیکە لەگەڵ وتەکانی شێرکۆ عەباس هاوڕان و پێیان وایە کوردستانی سووریا دەبێت بۆ هەمووان بێت و لەژێر چاودێریی یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و کورد، عەرەب، تورکمان و مەسیحییەکاندا بن لە دوای هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرددا. ئەوان پێیان وایە کە ناوچەکە نابێت لەژێر کۆنتڕۆڵی پەیەدە و یەپەگەدا بێت. ئەوان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە شکستی یەپەگە بۆتە هۆی لەدەستدانی عەفرین و داگیرکردنی لە لایەن تورکیاوە.

شێرکۆ عەباس پێی وایە کە ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد کە بڕیار بوو لەژێر چەتری ئەودا بێت بەڵام دابەشبوونی تێ کەوت و هەندێکیان بوون بە هاوپەیمانی بارزانی، لە کاتێکدا ڕێکخراوەکە هەر سەربەخۆ مایەوە و دژی دەستوەردانی تورکیایش وەستانەوە لە باکووری سووریا و بەئاشكرایش هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە. ناوبراو تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە متمانەیان لە بەرامبەر شەقامی کوردی لەدەست داوە بە هۆی هەڕەشەی تورکیا بۆ داگیرکردنی باکووری سووریا. دواتر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر تورکیا بەڕاستی دەیەوێت پەکەکە و یەپەگە تێک بشکێنێت، ئەوا دەبێت جێگرەوەیەکی دیموکراتیی ڕاستەقینەیان هەبێت کە بە درێژاییی ٣٠ کیلۆمەتر ناوچەی ئارامی لێ بکەوێتەوە تا هێزە نەیارەکان دڵنیا بکاتەوە لە سنووری تورکیا نزیک نەبنەوە و، بەبێ ئەوەی یەک سەربازی تورکیش پێ بنێە نێو خاکی سووریاوە.

تورکیا بۆ چاوخشاندنەوە بە بڕیاری داگیرکردنی باکووری سووریا، هۆکار و پاساوی خۆی هەیە. کونسوڵی گشتیی پێشووی ئیسڕائیل، دکتۆر "یەتزچاک بێن گاد" پێی وایە ناوچەی ئارامی تورکیا لە سووریا، پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتییە و پێداگری لەسەر ئەوەیش دەکات کە ئەگەر ناوچەیەکی ئارام ڕێگری لە هێرش بۆ سەر کوردەکان بکات ئەوا بیرۆکەیەکی باش دەبێت، بەڵام ئەگەر تورکیا بچێتە سووریا، ئەوا کێشەیەکی نێودەوڵەتی دەخوڵقێت و سووریایش نایەوێت تورکیا بێتە نێو خاکەکەیەوە و داگیری بکات. سووریا وڵاتێکی سەربەخۆیە و کوردەکانیش هاوپەیمانی ئەمریکان و ترامپ بە تورکەکانی گوتووە کە مافی ئەوەیان نییە بچنە سووریا و شەڕ لەگەڵ کوردەکان بکەن.

لە کۆتاییدا، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام و لە لایەن ئەندامانی ناتۆوەیش بەڕێوە ببرێت، بەتایبەت فەڕەنسا و بریتانیا، کە پێشتریش هێزەکانیان لە سووریا جێگر کردووە و لە هەمان کاتیشدا ئەندامی چالاکی هاوپەیمانیی جیهانی بوونە بۆ لەناوبردنی داعش و، ئاماژە بەوەیش دەکات کە پاسەوانی نیشتمانیی کورد، دەبێت بە زووترین کات دروست بکرێت تا شوێنی ئەندامانی پەکەکە بگرنەوە و هێزەکانی سووریای دیموکراتیش بە چەکە قوڕسەکانیانەوە لە سنوورەکانی تورکیا دوور بخرێنەوە. دواتریش دەبێت ڕاپرسییەکی نێودەوڵەتی بە چاودێریی چاودێرانی نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت و، هەڵبژاردنێکی پاک و ئازادیش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی یاسادانان و هەرێمێکی خودموختار لە سووریا کە سنوورەکەی لە سنووری عێراقەوە تاکو چیا کوردییەکانی ڕۆژاوای عەفرین درێژ دەبێتەوە، ئەنجام بدرێت.

سەرچاوە:

https://www.jerusalemonline.com

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples