بۆچی قاسم سولەیمانی لە دیدارەکەی ڕۆحانی و سیستانیدا ئامادە نەبوو؟

و: پێنووس

دێڤید پێترایۆس، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، ڕۆژی هەینی 15ی مارس، لە بەڵگەفیلمێکدا، کە لە لایەن "بی بی سی"یەوە بڵاوە کرایەوە، گوتی قاسم سولەیمانی لە ساڵی ٢٠٠٧دا پەیامێکی بۆ ناردووە کەوا کۆنترۆڵی سیاسەتەکانی ئێران لە عێراق، سووریا، ئەفغانستان و غەزەی لەدەستدایە و "دەبێ لەگەڵ من ڕێک بکەویت و واز لە دیپلۆماتەکانی ئێران و ئەوانی تر بێنیت."

ئەمە چیرۆکێکی تازە نییە، بەڵام جەختێکی دووبارەیە لەسەر ئەوەی کە لە زۆربەی کێشەکانی ناوچەدا، بەتایبەت لە عێراقدا، قاسم سولەیمانی کەسی یەکەمی دیپلۆماسییەتی ئێرانە. باڵوێزی ئێران لە عێراقدا بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئەو هەڵدەبژێردرێ و، باڵوێزی ئێستای ئێرانیش لە عێراقدا، بەر لە دەستبەکاربوونی لە ساڵی ٢٠١٦دا، ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەکانی سوپای قودس بووە. قاسم سولەیمانی چەندین جار لە ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراقدا بەشدار بووە و فەرماندەی گرووپی حەشدی شەعبی، گەورەترین گرووپی چەکداری عێراق، خۆی بە سەربازی ئەو دەزانێ.

سولەیمانی نەک تەنیا لە هاواهەنگکردنی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ عێراقدا ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبووە، بەڵکوو لە دژایه‌تیكردنی ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان لە عێراقیشدا کەسی یەکەم بووە. په‌رلەمانی عێراقیش بە ڕۆڵگێڕانی پیاوه‌ سوپایی و سیاسییەکانی سەر بەم کەسە، تا ڕاددەیەک کەوتنە ژێر کاریگەریی حکوومەتی ئێران و قاسم سولەیمانی بەڕێوەبەری پرۆژەی حکوومی-سیاسیکردنی هێزە چەکدارەکانی شیعە بوو.

سەرەڕای ئەوەیش، ڕۆژی چوارشەممە، 13ی مارسی ٢٠١٩، قاسم سولەیمانی لە دیدارەکەی حەسەن ڕۆحانی لەگەڵ ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە شاری نەجەفدا، ئامادە نەبوو.

هاوکات لەگەڵ سەفەرەکەی حەسەن ڕۆحانی بۆ عێراق، بنکەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی ئێران، ڕۆژێک بەر لە دیداری سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ سیستانی، ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە کە لەو فیلمەدا بە شێوەیەکی ناڕاشکاوانە داوا لە بەرپرسانی عێراق کراوە: "پێویست ناکا لەمەڕ پێکهاتنێکی تاکتیکی لەگەڵ گشت دامەزراوە و کەسایەتییە سوپایییەکان گفتوگۆ بکەن و دەتوانن لەگەڵ ڕۆحانی بە وێنەی سەرۆکی حکوومەتی ئێران دانیشن."

دەکرێ بە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیەوە، گومان لەوە بکرێ کە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران دژی ئامادەبوونی قاسم سولەیمانی بوون لەم دیدارەدا، تا دیدارەکەی ڕۆحانی لەگەڵ سیستانی نەکەوێتە ژێر کاریگەریی پرۆپاگه‌ندەکان و هەروەتر پێویستبوونی باڵادەستیی حکوومەتی ئێران بەسەر دیپلۆماسییه‌تی ناوچەدا زەقتر بکەنەوە.

ئەم بابەتە، دەکرێ دوای دیدارەکەی بەشار ئەسەد و ڕۆحانی، کە سولەیمانی تێیدا ئامادە بوو و زەریف لەوێ نەبوو و قسه‌ و قسه‌لۆكی زۆری لێ کەوتەوە، زۆرتر بخرێتە ژێر سەرنج. ئامادەنەبوونی سولەیمانی، دەرفەتی بۆ زەریف (کە لە دیدارەکەی سیستانیدا لە تەنیشت ڕۆحانی دانیشتبوو) ڕەخساند کە بەهێزتر بێتە بەرچاو.

بەڵام ئەگەر لە لایەنەکەی تری دیدارەکەی ئایەتوڵڵا سیستانی لەم ڕووداوە بڕوانین، بە چ ئاکامێک دەگەین؟ ئەم بابەتە لەو ڕووەوە گرنگە کە لەم ساڵانەی دواییدا هەمیشە باس لەوە کراوە کە سیستانی لە ڕێکخستنی دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ناوخۆ و دەرەکیدا کەسێکی گەلێک لاسارە. میدیاکان هاوکات باسیان لەوە کرد کە سیستانی پێشتر داوای دیداری مەحموود ئەحمەدینەژادی لە سەفەرەکەی بۆ عێراق ڕەت کردبووەوە.

ئەم هەواڵە تایبەت بە بەرپرسانی ئێرانی یان ئەمریکی نییە. لە ساڵی ٢٠١٢دا، کاتێک حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق، چاوی بە سیستانی کەوت، میدیاکانی عێراق نووسییان: دوای چوار ساڵ، ئەمە یەکەمین دیداری ئەم مەرجەعی تەقلیدەیه‌ لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی عێراقدا.

پێوەندییەکەی ئایەتوڵڵا سیستانی و قاسم سولەیمانی، پێوەندییەکی ناڕاستەوخۆ و چەندلایەنەیە. فەرماندەی هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران لە وتارەکانی خۆیدا چەندین جار پەسنی سیستانیی داوە. سولەیمانی لە مانگی حوزه‌یرانی ٢٠١٧دا ڕای گەیاند: "ئێمە کاتێک دەستبەکار دەبین کە مەرجەعییەتی حاکم لە عێراقدا پێویستییه‌كی سیاسی و نێودەوڵەتیی هەبێ." هەروەتر: "هەبوونی ئایەتوڵڵا سیستانی وای كردووه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌ پێویستیمان به‌ هیچ نه‌بێ." لە ته‌مموزی ٢٠١٧دا و لە زمانی خامنەیییەوە، سیستانی بە "خەزێنەیەکی گەورە، ڕزگارکەر و پەناگه‌"ی خەڵکی عێراق دانا و گوتی ئەو: "پیاوێکی سەربەست و هه‌ڵكه‌وته‌یه‌"، "حاکمێکی لێهاتوو" و "دەرفەتناسە" و لە كانوونی یه‌كه‌می هەمان ساڵیشدا ڕۆڵی سیستانی لە "تەیارکردنی گشت پێداویستییەکان"ی دژ بە داعش بەرز نرخاند.

دەکرێ قاسم سولەیمانی بە گرنگترین قازانجكه‌ری فتوای حوزه‌یرانی ٢٠١٤ی سیستانی بزانرێ. ئەم مەرجەعی تەقلیدە لەو سەردەمەدا داوای لە شیعەکانی عێراق کرد کە بە شێوەیەکی خۆبەخش لە بەرامبەر داعش چه‌ك هه‌ڵگرن و، ئەم فتوایەیش ڕۆڵێکی بنەڕەتیی لە پێکهاتن و فراوانبوونی میلیشیای حەشدی شەعبی هەبوو کە خێرا کەوتنە ژێر چاودێریی فەرماندەکانی سەر بە قاسم سولەیمانی.

ڕابەرانی ئەم هێزە چەکدارە، ٢٥ ساڵ زیاترە یەکتر دەناسن؛ واتا لە سەردەمی پێکهێنانی سوپای بەدر و لە جه‌نگی ئێران و عێراقدا و بەشێکیشیان حەزیان دەکرد ئاماژە بە گرنگی و کاریگەریی فەتواکانی ئایەتوڵڵا خامنەیی بۆ هاتنە مەیدان و بەرگری لە عێراق لە بەرامبەر داعش بکەن. بەڵام شتێکی شاراوه‌ نەبوو کە زۆربەیان لەسەر داوای سیستانی چەکیان هەڵگرتبوو.

سەرەڕای ئەمەیش، کاتێک به‌یاننامه‌کەی سیستانی لە كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٧دا و لەمەڕ تێکەڵکردنی چەکدارە شیعەکان لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی عێراق بڵاو کرایەوە، بەشێک لە سه‌ركرده‌ عێراقییەکانی ئەم گرووپە باسیان لە پێڕەویکردن لەم فەرمانە کرد، میدیاکانی سەر بە "سوپای پاسداران" کە لە عێراقدا خەونیان بە دامەزراوەیەکی وەک بەسیج یان سوپای پاسدارانـەوە دەبینی، ئه‌مه‌یان زۆر به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرت. وێبسایتی "تەسنیم" دوو ڕۆژ بەر لە فەتواکەی سیستانی نووسیی: ڕووی "قسەکانی مەرجەعییەت" لە گرووپەکانی دەرەوەی یاسایە، بەڵام "حەشدی شەعبی" "دامەزراوەیەکی یاسایی"یە و "هەلومەرجی عێراق دەخوازێ ئەم دامەزراوە چەکدار و فەرمییە لە ئارادا بێت."

گرنگایەتیی جەختکردنەوەی سیستانی لەمەڕ تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی لەگەڵ سوپای عێراق، لەو ڕووەوە مانادارە کە بە درێژاییی ساڵی ڕابردوو، کێشەی تێکەڵکردن کە پێشەکییەکە بۆ هەڵوەشاندنەوە، لە لایەن ئێران و هێزە لایەنگرەکانییەوە نیگەرانییەکی زۆری هێناوەتە دی. بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین جاڕنامەکەی سیستانی هەرچەند داخوازیی لایەنگرانی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبیی نەهێنایە دی، بەڵام ڕەوتی بەرنامەکانی ئێرانی ئاڵۆز کرد.

خاڵی هەرە گرنگ لە پاڵ ئەم جیاوازیی بۆچوونانەدا ئەوەیە، کە بە درێژاییی ئەو ساڵانەی سولەیمانی لە عێراق بووە و دەستی لە کارەکاندا هەبووە، هیچ باسێک لە پشتیوانییەکی ڕاستەوخۆی سیستانی لە فەرماندەی قودسی سوپای پاسداراران یان دیداری ئەم دوو کەسە لەگەڵ یەکتر بڵاو نەکراوەتەوە.

لە تشرینی دووه‌می ٢٠١٤دا میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران، لە زمان سایتێکی نە هێندە جێبڕوای عێراقییەوە، ڕایان گەیاند کە سیستانی پشتیوانیی لە بەشداربوونی سولەیمانی لە جه‌نگی دژ بە داعش کردووە و بە کردەوەیەکی "مەشرووع" و "وەک جیهادێكی كیفائی"ی زانیوە. بەڵام ئەم هەواڵە لە لایەن نووسینگەی سیستانییەوە پشتڕاست نەکرایەوە. لە كانوونی دووه‌می ٢٠١٦دا، وێنەیەک لە دیداری بەڕێكه‌وتی سولەیمانی لەگەڵ جەواد شەهرستانی، زاوا و نوێنەری سیستانی لە ئێراندا بڵاو کرایەوە، بەڵام هیچ وێنەیەکی دیدارەکەی سولەیمانی لەگەڵ سیستانیدا بڵاو نەبووەتەوە.

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ئه‌یلوولی ٢١٠٥دا و لە ڕاپۆرتێکدا نووسیی: سیستانی دیدارەکەی قاسم سولەیمانیی ڕەت کردووەتەوە و داوای لە خامنەیی کردووە پێش بە دەستێوەردانەکانی سولەیمانی لە عێراقدا بگرێ. گلەیییەکەی سیستانی لە سولەیمانی هاوکات لە گۆڤاری "ئێکۆنۆمیست"یشدا بڵاو کرایەوە. هەواڵنێری فارس لە ئه‌یلوولی ٢٠١٥دا و لە وەڵامی ئەم ڕاپۆرتەدا نووسیی: "جه‌نگێكی ده‌روونیی نوێی عەرەبی و ڕۆژاوایی دژ بە سولەیمانی" هەڵگیرساوە. هەواڵنێری فارس سەرەتا بۆ سەلماندنی پێوەندییە خۆشەکەی نێوان سولەیمانی و سیستانی ئاماژەی بە هەمان هەواڵی تشرینی دووه‌می ٢٠١٥ کرد کە سیستانی هەبوونی سولەیمانیی بە شتێکی شەرعی زانیوە، بەڵام ماوەیەک دواتر ئەم بەشەی لە ڕاپۆرتەکەیدا لا برد و نووسیی: راپۆرتی میدیاکانی ڕۆژاوا و عەرەبی "پرۆپاگه‌نده‌یەکی دژ بە خۆڕاگری"یە.

ڕەنگە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم پێشینانە، وردتر ئەوە بێ کە بەر لەوەی ئامادەنەبوونی سولەیمانی لە دیدارەکەی ڕۆحانی و سیستانییدا پەیامێک بێت لە لایەن دەزگه‌ دیپلۆماسییەکانی ئێران یان قەرەبووکردنەوەی ڕووداوەکەی بەشار ئەسەد، درێژەی تێڕوانین [هه‌ڵوێست]ی سیستانی بێت بۆ خۆبواردن لە دیدارەکەی قاسم سولەیمانی.

بە سەرنجدان لە مەیلی فراوانی سیستانی بۆ هەبوونی ڕۆڵێکی مامناوەنجی و ناوبژیکەر لە گۆڕانکارییەکانی عێراق و "کێشەساز"بوونی سولەیمانی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا، دەتوانین بڵێین ئەم مەرجەعی تەقلیدە خۆی لەم دیدارە یان تەنانەت ئاماژە بە قاسم سولەیمانی دزیوەتەوە تا نەکەوێتە لایەکی کێشەکەوە.

ئەم تێڕوانینه‌‌یش هەم کارتێکی براوه‌ی پرۆپاگه‌نده‌یی‌ لەده‌ست پشتیوانەکانی سولەیمانی ده‌ردێنێ و هەم تیندەری پێشبینییەکانی ناڕازیبوونی سیستانییە لە زیادبوونی دەسەڵاتی سولەیمانی لە عێراقدا.

 

سەرچاوە:

https://www.radiofarda.com

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples