سه‌رهه‌ڵدان، هه‌ڵكشان و داكشانى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى- بەشی سێیەم

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

2016

12ى كانوونى دووه‌م: خۆكوژێك كه‌ پێوه‌ندیى به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بووه‌ له‌ ساكه‌گۆڕى سوڵتان ئه‌حمه‌د له‌ ئيستانبۆڵ، 10 كه‌س ده‌كوژێ و 15ى ديكه‌یش بريندار ده‌كا- كه ‌زۆربه‌يان گه‌شتيارى ئه‌ڵمانى بوون.

14ى كانوونى دووه‌م: داعش به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌ هێرشێك له‌ "جاكارتا"ى پايته‌ختى ئیندۆنیزيا ڕاده‌گه‌يه‌نێ كه‌ به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ دوو كه‌س كوژران و 19ى ديكه‌یش بريندار بوون.

18ى ئادار: سه‌ڵاح عه‌بدولسه‌لام كه‌ گومانى لێ كراوه‌ ده‌ستى له‌ هێرشه‌كانى پاريسدا هه‌بووبێ، له‌ برۆكسل ده‌گيرێ.

19ى ئادار: خۆكوژێك له‌ ئيستانبۆڵ 5 كه‌س ده‌كوژێ و ده‌يانى ديكه‌یش بريندار ده‌كا. وه‌زيرى ناوخۆى توركيا ڕای ده‌گه‌يه‌نێ كه‌ ئه‌و خۆكوژه،‌ ڕايه‌ڵه ‌و پێوه‌ندیى له‌گه‌ڵ داعشدا هه‌بووه‌.

22ى ئادار: سێ ته‌قينه‌وه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى زاڤينته‌م و وێستگه‌ى ميترۆ له‌ برۆكسل ڕووی دا و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ بوونه‌ مايه‌ى كوژرانى 30 كه‌س و برينداربوونى ده‌يان كه‌سى ديكه‌. داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌و هێرشانه‌ى خسته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

11ى نيسان: هێزه‌كانى عێراقى، شارى "هيت"يان گرته‌وه‌ كه‌ له‌ ئۆكتۆبه‌رى 2014‌وه‌ كه‌وتبووه‌ بنده‌ستى داعش. له‌ هه‌مان ڕۆژدا داعش شارۆچكه‌ى ڕاعى كه‌ شارۆچكه‌يه‌كى سوورییه‌ و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سنوورى توركيا، له‌ بنده‌ست سوپاى ئازادى سوورى ده‌رهێنا.

5ى ئايار: داعش چاڵه‌ گازى شاعير له‌ نزيك ته‌دمر ده‌گرێ و كۆنترۆڵ ده‌كا.

12ى ئايار: داعش به‌رپرسيارێتيى زنجيره‌يه‌ك ته‌قينه‌وه‌ له‌ به‌غدا كه‌ له‌ 11ى ئاياردا ڕوويان دابوو، به‌ئه‌ستۆوه‌ ده‌گرێ كه‌ زێتر له‌ 100 كه‌سيان تێدا كوژرابوو.

19ى ئايار: هێزه‌كانى عێراقى شارۆچكه‌ى ڕوتبه‌ له‌ ڕۆژاواى عێراق ده‌گرنه‌وه‌..

23ى ئايار: هێزه‌كانى عێراقى به‌ يارمه‌تيى فڕۆكه‌كانى ئه‌مريكا و هاوپه‌يمانان به‌ره‌و فه‌لوجه‌ پێشڕه‌وى ده‌كه‌ن كه‌ له‌ 2014‌وه‌ كه‌وتبووه‌ بنده‌ستى داعش.

24ى ئايار: هێزه‌كانى كورد به ‌پشتيوانيى فڕۆكه‌كانى ئه‌مريكا، هێرشێكيان بۆ سه‌ر ناوچه‌ى باكوورى ڕه‌ققه‌، له‌ سووريا ده‌ست پێ كر.

12ى حوزه‌يران: چه‌كدارێك په‌لامارى يانه‌يه‌كى شه‌وانه‌ له‌ ئۆرلاندۆى فلۆريدا ده‌دا و زێتر له‌ 40 كه‌س ده‌كوژێ و به ‌لانى كه‌ميشه‌وه‌ 53 كه‌سيش بريندار ده‌كا. ئه‌و هێرشبه‌ره‌، ناوى عومه‌ر مه‌تين بووه‌ و به‌يعه‌تى به‌ داعش داوه ‌و پاشان داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌و هێرشه‌ى خسته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

26ى حوزه‌يران: سوپاى عێراقى شارۆچكه‌ى فه‌لوجه‌ى له‌ داعش سه‌نده‌وه‌.

27ى حوزه‌يران: داعش به‌رپرسيارێتيى ته‌قاندنه‌وه‌ى ئۆتۆمبێلێكی خۆكوژى له‌ موكالاى يه‌مه‌ن كه‌ به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 42 كوژراوى لێ كه‌وته‌وه‌، خسته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

28ى حوزه‌يران: سێ خۆكوژ به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 40 كه‌س له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى ئه‌تاتورك له‌ ئيستانبۆڵ ده‌كوژن. حكوومه‌تى توركى، شكى له‌‌ داعشه‌ كه‌ له ‌پشت ئه‌و هێرشه‌وه‌ بووبێ.

1ى ته‌مووز: چه‌ند چه‌كدارێكى توندڕۆى داعش زێتر له‌ 20 كه‌س له‌ چێشتخانه‌يه‌كى "ده‌كا"ى پايته‌ختى به‌نگلاديش ده‌كوژن كه‌ زۆرينه‌يان خه‌ڵكى بيانى بوون.

3ى ته‌مووز: چه‌ند چه‌كدارێكى توندڕۆى داعش هێرشێكى خۆكوژى له‌ جاده‌يه‌كى قه‌وغاى شارى به‌غدا ده‌كه‌ن و زێتر له‌ 200 كه‌س ده‌كوژن. ئه‌م هێرشه‌ كه‌ له‌ مانگى پيرۆزى ڕه‌مه‌زاندا ڕووی دا، تا ئه‌و ده‌مه‌ كوشنده‌ترين هێرشى داعش بووه‌ بۆ سه‌ر خه‌ڵكى مه‌ده‌نى.

4ى ته‌مووز: چه‌ند خۆكوژێ په‌لامارى سێ جێگه‌ له‌ عه‌ره‌بستانى سعوودى ده‌ده‌ن؛ مزگه‌وتى پێغه‌مبه‌ر له‌ مه‌دينه‌، مزگه‌وتێكى شيعان له‌ قه‌تيف و، نزيك كونسڵخانه‌ى ئه‌مريكا له‌ جيدده‌. له‌ مه‌دينه‌ به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 4 كه‌س كوژران و 5 ديكه‌یش بريندار بوون. گومان ده‌كرێ هێرشبه‌ران سه‌ر به‌ داعش بووبن.

14ى ته‌مووز: پياوێكى ته‌مه‌ن 31 ساڵه‌ى تونسى كه‌ شوفێر بووه‌، له‌ شارى نيسى فه‌ڕه‌نسا، به‌ بارهه‌ڵگرێكه‌وه‌ به‌ناو خه‌ڵكدا ده‌كه‌وێ و  له‌ ئه‌نجامدا 84 كه‌س ده‌كوژرێن. داعش ئه‌و هێرشه‌ى خسته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌ و، لێ ڕوون نييه‌ كه‌ داخوا ئه‌و پياوه‌ هێرشبه‌ره‌ هيچ ڕايه‌ڵه‌يه‌كى فه‌رمیى له‌گه‌ڵ داعشدا هه‌بووه‌ يان نا؟

18ى ته‌مووز: هه‌رزه‌كارێكى ئه‌فغانى، بيور [ته‌ڤر] ده‌باته‌ ناو شه‌مه‌نده‌فه‌رێكى ئه‌ڵمانى و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ پێنج كه‌س بريندار ده‌كا و به ‌قسه‌ى ئه‌و كوڕه‌ خۆى‌،‌ ئيلهامى له‌ داعش وه‌رگرتووه‌.

19ى ته‌مووز: به ‌قسه‌ى سوپاى ئه‌مريكى، ئه‌و ياخيبووانه‌ى سووريا كه‌ ئه‌مريكا پشتيوانييان لێ ده‌كا بنكه‌يه‌كى داعشيان له‌ منبج گرت.

به‌رپرسانی مه‌غريبى 52 كه‌س كه‌ شكيان له‌سه‌ر بووه‌ پێوه‌ندييان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بێ، ده‌گرن.

20ى ته‌مووز: حكوومه‌تى تونس ڕای گه‌ياند كه‌ شانه‌يه‌كى داعشى گرتووه‌ كه‌ پلانيان هه‌بووه‌ هێرش و په‌لامار له‌ سوسه‌ ئه‌نجام بده‌ن.

23ى ته‌مووز: دوو خۆكوژ به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 80 كه‌س ده‌كوژن و زێتر له‌ 230ى ديكه‌یش له‌ "كابول"ى پايته‌ختدا بريندار ده‌كه‌ن. ئه‌و په‌لاماره‌ بۆ سه‌ر خۆپيشاندانێكى كه‌مينه‌ى هه‌زاره‌ى شيعه‌ بووه‌ و داعش به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌و هێرشه‌ ده‌ربڕى.

31ى ته‌مووز: له‌ ڤيديۆيه‌كى 9 خوله‌كيدا، داعش داوا له‌ ئه‌ندامه‌كانى ده‌كا كه‌ هێرش و په‌لامار له‌ ڕووسيادا ئه‌نجام بده‌ن. "پووتين گوێ بگره‌. ئێمه‌ دێينه‌ ڕووسيا و له‌ناو ماڵه‌كانى خۆتاندا ده‌تانكوژين...برايان، جيهادييان له‌دژ بكه‌ن، بيانكوژن و شه‌ڕيان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن." ئه‌مه‌ قسه‌ى پياوێكى ده‌مامكدار بووه‌.

4ى ئاب: سوپاى ميسرى ده‌ڵێ، ئه‌ميرى داعش له‌ نيمچه‌دوورگه‌ى سينا، "ئه‌بو دوعاى ئه‌نسارى"ی كوشتووه‌.

6-7ى ئاب: دوو ئه‌فسه‌رى پۆليس له‌ ده‌ره‌وه‌ى پۆليسخانه‌يه‌كى به‌لژيكادا، له‌ لايه‌ن پياوێكه‌وه‌ كه‌ سيكاردێكى به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌ په‌لامار ده‌درێن و پۆليسيش ته‌قه‌يان لێ كردووه ‌و كوشتوويانه‌. داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌و هێرشه‌ى خسته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

7ى ئاب: چه‌ند خۆكوژێكى داعش په‌لامارى بنكه‌يه‌كى ياخبووانيان نزيك سنوورى عێراق- سووريا له‌ ته‌ره‌ف دا و چه‌ند كه‌سێكيان كوشت.

11ى ئاب: هێزه‌كانى ليبى ده‌ستيان به‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش له‌ سيرت كرده‌وه ‌و سه‌نته‌رێكى گه‌وره‌ى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌و گرووپه‌يان گرت.

12ى ئاب: ئه‌و هێزانه‌ى له‌ لايه‌نه‌ ئه‌مريكاوه‌ پشتيوانييان لێ ده‌كرێ، به‌ته‌واوى شارى منبج كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوورى سوورياوه‌، كۆنترۆڵ كرد و له‌بنده‌ستى داعشيان هێنايه‌ ده‌رێ.

16ى ئاب: هێزه‌كانى ليبى له‌ شه‌ڕێكدا بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى ته‌واوى شارى سيرت، گه‌ڕه‌كێكيان لهناو سه‌نته‌رى شاردا له‌‌ داعش سه‌نده‌وه‌.

17-18ى ئاب: دوو پياو، به‌ چه‌ك و بيوران، په‌لامارى وێستگه‌يه‌كى پۆليسى هاتوچۆيان له‌ مۆسكۆ دا و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ دوو ئه‌فسه‌ريان بريندار كرد و هه‌ر دوو په‌لامارده‌ره‌كه‌یش هاتنه‌ كوشتن. ديسان داعش به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌و هێرشه‌ ڕاگه‌ياند.

18ى ئاب: داعش چه‌ند ته‌قينه‌وه‌يه‌كى خۆكوژیى دژى هێزه‌كانى ليبى له‌ سيرت ئه‌نجام دا و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 12 كه‌س كوژران و ده‌وروبه‌رى 60 كه‌سيش بريندار بوون.

21ى ئاب: هێزه‌كانى ليبى ده‌ڵێن، ئه‌وان مزگه‌وتى سه‌ره‌كى و زيندانێكى داعشيان له‌ سيرت گرتووه‌ و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 9 چه‌كدار كوژران و 85 كه‌سى ديكه‌یش له‌و شه‌ڕه‌دا بريندار بوون.

24ى ئاب: به ‌قسه‌ى سه‌رچاوه‌گه‌لێكى سه‌ره‌كيى ئاسايش،‌ هێزه‌كانى جه‌زاير چيا و چۆڵه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى پايته‌ختيان له‌ چه‌كداره‌ توندڕۆكانى سه‌ر به‌ داعش پاك كردۆته‌وه‌.

29ى ئاب: هێزه‌كانى ليبى گه‌ڕه‌كێكى ديكه‌يان له‌ناو سه‌نته‌رى سيرت له‌ داعش سه‌نده‌وه ‌و ته‌نيا يه‌ك ناوچه‌ ماوه‌ كۆنترۆڵ بكرێ.

داعش به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌و هێرشه‌ خۆكوژييه‌ ڕاده‌گه‌يه‌نێ كه‌ كرايه‌ سه‌ر تازه‌ به‌سه‌ربازبووه‌كانى يه‌مه‌ن له‌ عه‌ده‌ن و له‌ ئه‌نجامدا 54 كه‌سيان لێ كوژرا.

30ى ئاب: داعش ده‌ڵێ گوته‌بێژه‌كه‌ى كه‌ يه‌كێ بووه‌ له‌و سه‌ركردانه‌ى له‌مێژه‌ له‌ناو داعشدان، ئه‌بو موحه‌مه‌دى ئه‌لعه‌دنانى، له‌ هێرشێكى ئاسمانيى ئه‌مريكيدا كوژراوه‌ كه‌ ئه‌بو موحه‌مه‌د له‌ نزيك شارۆچكه‌ى ئه‌لباب له‌ سووريا بووه‌.

9ى ئه‌يلوول: كاربه‌ده‌سانى فه‌ڕه‌نسا ده‌ڵێن سێ ئافره‌تى فه‌ڕه‌نسى گيران چونكه‌ پلانيان هه‌بووه به‌ ڕێنوێنیى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى، په‌لامارى‌ وێستگه‌ى شه‌مه‌نده‌فه‌رى Gare de Lyon له‌ پاريس بده‌ن، پاش دۆزينه‌وه‌ى ئۆتۆمۆبيلێك كه‌ پڕ بووه‌ له‌ بوتله‌ گاز و له‌ ده‌ره‌وه‌ى كاتدرائيه‌ى نۆتردام ڕاگيراوه‌.

دوو خۆكوژ په‌لامارى مۆلى نه‌خيل له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى به‌غدا ده‌ده‌ن و 12 كه‌س ده‌كوژن و زێتر له‌ 40 كه‌سيش بريندار ده‌كه‌ن. داعش به‌پرسيارێتيى ئه‌و په‌لاماره‌ى خسته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

11ى ئه‌يلوول: سێ ژنى عه‌باله‌به‌ر، په‌لامارى پۆليسخانه‌يه‌ك له‌ مۆمباسى كينيا ده‌ده‌ن و ئه‌فسه‌رێك بريندار ده‌كه‌ن و ئاگريش له‌ پۆليسخانه‌كه‌ به‌رده‌ده‌ن. داعش له‌ ئاژانسى "ئه‌مق"ى خۆيدا، به‌رپرسيارێتيى ئه‌و هێرشه‌ى خسته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

17- 18ى ئه‌يلوول: پياوێك 9 كه‌س له‌ مۆلى سه‌نته‌رى كرۆزرۆدزى له‌ سانت كلاود له‌ مينيسۆتاى ئه‌مريكا بريندار ده‌كا، پێش ئه‌وه‌ى ته‌قه‌ى لێ بكرێ و بكوژرێ. داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌م هێرشه‌ى خسته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

23ى ئه‌يلوول: سه‌رۆككۆمارى مالى، ئيبراهيم بوبه‌كر كيتيا، هۆشدارى ده‌دا به‌ نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان كه‌ ئه‌لقاعيده ‌و داعش نفووزى خۆيان له‌ سۆنگه‌ى جێبه‌جێنه‌بوونى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ سه‌رانسه‌رى وڵاتدا، خه‌ريكه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ و نه‌شونما ده‌كه‌ن.

26ى ئه‌يلوول: چه‌كداره‌كانى داعش 5 كه‌سى مه‌ده‌نى ده‌كوژن و ته‌رمه‌كانيان له‌ گۆشه‌يه‌كى نيمچه‌دوورگه‌ى سينا فڕێ ده‌ده‌ن، به‌و بيانووه‌ى كه‌ گوايا ئه‌وان ده‌ستكێشييان بۆ سوپاى ميسرى كردووه‌.

28ى ئه‌يلوول: وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق ده‌ڵێ، داعش هيچ بيره‌ نه‌وتێكى له‌به‌رده‌ستدا نه‌ماوه‌.

2ى ئۆكتۆبه‌ر: هێزه‌كانى ليبيى كه‌مينێكى داعش له‌ سێرت پووچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه‌. له‌و پێكدادانه‌دا، هێزه‌كانى ليبيى به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 8 كه‌سيان لێ ده‌كوژرێ.

10ى ئۆكتۆبه‌ر: ڕاپۆرتێكى نوێى توێژه‌رانى تيرۆريزم له‌ West Point  ده‌ڵێ: به‌رهه‌مى ميدياى داعش له‌ ئابى 2015دا، 700 بابه‌ت و هه‌واڵ بووه‌، كه‌چى له‌ ئابى 2016دا هاتووته‌ خوار 200ه‌وه‌.

12ى ئۆكتۆبه‌ر: هێزه‌كانى ليبى دزه‌ ده‌كه‌نه‌ ناو دوا ناوچه‌ و گه‌ڕه‌كى داعش له‌ سيرت.

14ى ئۆكتۆبه‌ر: چه‌كداره‌ توندڕۆكانى داعش  له‌ هێرشێكدا بۆ سه‌ر خاڵێكى بازگه‌ له‌ نيمچه‌دوورگه‌ى سينا، 12 سه‌ربازى ميسرى ده‌كوژن و 6ى ديكه‌یش بريندار ده‌كه‌ن. داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌و هێرشه‌ به‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌ ده‌گرێ.

16ى ئۆكتۆبه‌ر: عێراق به‌ پشتيوانيى ئه‌مريكا ده‌ست به‌ شاڵاو و هێرشێك بۆ ڕزگاركردنى مووسڵ له‌ داعش ده‌كا. [ئه‌و ئۆپه‌راسيۆنه‌ ناوى "قادمون يا نينوى"ی لێ نرا: هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبى به‌شدارييان تێدا كرد. له‌ قۆناغى يه‌كه‌مى ئه‌و ئۆپه‌راسيۆنه‌دا، به‌تايبه‌تى له‌ ده‌وروبه‌رى مووسڵ، قۆڵى خوارووى لێ ده‌رچێ، پێشمه‌رگه‌ ڕۆڵێكى يه‌كلاكه‌ره‌وه‌يان تێدا گێڕا. ئه‌و ئۆپه‌راسيۆنه‌ به‌ پشتيوانيى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌نجام درا و تا 10ى ته‌مووزى 2017 درێژه‌ى كێشا و له‌ ئه‌نجامى ئه‌و ئۆپه‌راسيۆنه‌دا، به‌ ده‌يان هه‌زار خه‌ڵكى مه‌ده‌نیى ناوچه‌كانى بنده‌ستى داعش په‌نايان بۆ ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان هێنا و كامپيان بۆ كرايه‌وه‌ و 80%ى ناو شارى مووسڵيش له‌ ئاكامى شه‌ڕ و بۆردومانى فڕۆكه‌دا، به‌سه‌ريه‌كدا ڕووخێنرا...ئاسۆ]

ياخيبووه‌ سوورييه‌كان كه‌ توركيا پشتيوانييان لێ ده‌كا، شارۆچكه‌ى دابق له‌ داعش وه‌رده‌گرنه‌وه‌. دابق به ‌لاى داعشه‌وه‌ گرنگييه‌كى ڕه‌مزیى هه‌بووه‌ و گوايا دابق ئه‌و شوێنه‌ ده‌بێ كه‌ دوا شه‌ڕى يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى تێدا ده‌قه‌ومێ و خه‌لافه‌تى تێدا سه‌ر ده‌كه‌وێ.

هێزه‌كانى ليبى ناوچه‌ى "كامبۆى سيۆت"يان له‌ داعش سانده‌وه‌.

گوته‌بێژى OIR، له‌ 17ى ئۆكتۆبه‌رى 2016دا: داعش دوێنێ دابقى له‌ده‌ست دا؛ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ گه‌ردى به‌يانى، ئۆپه‌راسيۆنه‌كانى عێراق و هاوپه‌يمانێتى [نێوده‌وڵه‌تى] بۆ تێكشكاندنى داعش له‌ مووسڵ ده‌ستيان پێ كرد.

15- 17ى ئۆكتۆبه‌ر: ئه‌مريكا بۆ پشتيوانيكردن له‌ هێزه‌كانى حكوومه‌تى ليبى، زێتر له‌ 30 زه‌برى سره‌وانده‌ داعش له‌ سيرت، كه‌ دوا سه‌نگه‌ر و مه‌ته‌رێزى داعشه‌ له‌ ليبيا.

21-22ى ئۆكتۆبه‌ر: شه‌ڕكه‌ره‌كانى داعش هێرشێك ده‌كه‌نه‌ سه‌ر شارى كه‌ركووك و 18 ئه‌ندامى هێزه‌كانى ئاسايش و كرێكارانى وێستگه‌ى كاره‌با ده‌كوژن. به‌گوێره‌ى ته‌له‌ڤزيۆنى ده‌وڵه‌تى عێراق، هێزه‌كانى ئاسايش ئه‌و هێرشه‌ پووچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه‌ و كۆنترۆڵى ته‌واوى ئه‌و شاره‌ به‌رهه‌مهێنه‌ى نه‌وت‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

22ى ئۆكتۆبه‌ر: هێزه‌كانى عێراقى قه‌ره‌قووش ده‌گرنه‌وه‌؛ ناوچه‌يه‌كى كريستياننشينى خوارووى ڕۆژهه‌ڵاتى مووسڵه‌ كه‌ له‌ 2014‌وه‌ كه‌وتبووه‌ بنده‌ستى داعش.

24ى ئۆكتۆبه‌ر: چه‌ند خۆكوژێك په‌لامارى ئه‌كاديميايه‌كى ڕاهێنانى پۆليس له‌ پاكستان ده‌ده‌ن و 61 قوتابیى خه‌وتووى ئه‌و ئه‌كاديميايه‌ ده‌كوژن و 117یشيان لێ بريندار ده‌كه‌ن. داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌و هێرشه‌ى خسته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌، لێ ده‌سه‌ڵاتدارانى پاكستانى پێيان وايه‌، ئه‌و هێرشه‌ له‌ لايه‌ن گرووپى چه‌كدار و توندڕۆى "له‌شكرى جه‌نجڤى"يه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌.

25ى ئۆكتۆبه‌ر: ده‌وڵه‌تى ئيسلامى نيوه‌ى شارۆچكه‌ى ڕوتبه‌ [سه‌ر به‌ پارێزگه‌ى ئه‌نبار‌]ى ڕۆژاواى عێراق و ‌نزيكى سنووره‌كانى سووريا و ئورد‌ن، ده‌گرێته‌وه‌‌.

پۆليسى تونسى دوو هاووڵاتیى ئه‌مريكى ده‌گرن كه‌ گوايا چالاكيى تيرۆريستييان ئه‌نجام داوه‌، پاش ئه‌وه‌ى ڤيديۆ و وێنه‌ى ئه‌وانه‌يان ديوه‌ پا له‌ داعش ده‌نێنه‌وه‌ و پێيان هه‌ڵده‌ده‌ن.

27- 29ى ئۆكتۆبه‌ر: پياوێك به‌ چه‌قۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ى باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مريكا له‌ نايرۆبى په‌لامارى ئه‌فسه‌رێكى پۆليسى كينيايى ده‌دا و بريندارى ده‌كا و پاشان ته‌قه‌ى له‌ باباى په‌لامارده‌ر ده‌كرێ و ده‌كوژرێ. داعش به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌و هێرشه‌ ده‌ربڕى.

28ى ئۆكتۆبه‌ر: نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێ شه‌ڕكه‌ڕه‌كانى داعش ده‌يان هه‌زار پياو، ژن و منداڵ وه‌كوو قه‌ڵغانى مرۆيى له‌ مووسڵ بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ پێشڕه‌ويى هێزه‌كانى عێراقى به‌كار ده‌هێنن.

1ى نۆڤه‌مبه‌ر: ده‌زگه‌ى دژه‌تيرۆرى عێراقى، وێستگه‌ى ته‌له‌ڤزيۆنى عێراقى له‌ مووسڵ كۆنترۆڵ ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌وه‌ يه‌كه‌مين بينايه‌يه‌ كه‌ له‌وه‌ته‌ى داعش مووسڵى داگير كردووه‌، له‌ داعش وه‌ربگيرێته‌وه‌.

3ى نۆڤه‌مبه‌ر: ڕێبه‌رى داعش، ئه‌بوبه‌كرى ئه‌لبه‌غدادى، له‌ ماوه‌ى نزيكه‌ ساڵيكدا يه‌كه‌مين گوتار بۆ "سه‌ربازه‌كانى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى" بڵاو ده‌كاته‌وه ‌و به‌تايبه‌تى ئاماژه‌ بۆ جه‌زاير، تونس و ليبيا و وڵاتانى ديكه‌ ده‌كا كه‌ داعش لق و ڕێكخراو و ويلايه‌تى سه‌ربه‌خۆى تێدا دامه‌زراندوون. به‌غدادى وه‌كوو كۆڵه‌گه‌كانى خه‌لافه‌ت ئاماژه‌يان پێ ده‌كا، كه‌ ئه‌وانه‌ زۆر بۆ مانه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ هه‌ر كاتێكى ديكه‌ پێويستترن.

4ى نۆڤه‌مبه‌ر: ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ ئاژانسى ئه‌مه‌قى خۆيدا، لێپرسراوێتيى خۆى له‌ ته‌قاندنه‌وه‌ى ئۆتۆمبێلێك له‌ باشوورى ڕۆژهه‌ڵاتى توركيادا [له‌ دياربه‌كر- ئاسۆ] ده‌رده‌بڕێ كه‌ تيايدا 8 [11 كه‌س  نه‌ك 8- ئاسۆ] كه‌س كوژران و زێتر له‌ 100 كه‌سيش بريندار بوون.

6ى نۆڤه‌مبه‌ر: هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات كه‌ ئه‌مريكا پشتيوانييان لێ ده‌كا، ده‌ستيان به‌ ئۆپه‌راسيۆنێكى نوێ كرد بۆ دابڕينى ڕه‌ققه‌ له ‌ده‌وڵه‌تى ئيسلامى و پاشان گرتنه‌وه‌ى.

هێزه‌كانى ليبى، 14 مه‌ده‌نييان له‌ ناوچه‌يه‌كى گچكه‌ كه‌ له‌ بنده‌ستى داعشدا بوو له‌ سيرت، ڕزگار كرد.

كۆسۆڤۆ ده‌ڵێ هه‌فته‌ى ڕابردوو 7 گومانلێكراوى به‌ند كردووه‌ كه‌ له‌وانه‌يه‌ پێوه‌ندييان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بێ و پلانيان هه‌بووه‌ هێرش و په‌لامار له‌ ناوچه‌ى به‌لكان ئه‌نجام بده‌ن. ئه‌و گومانلێكراوانه‌ به‌رده‌وام ڕێنێوێنييان له‌ چه‌كداره‌كانى داعش له‌ سووريا وه‌رگرتووه‌.

7ى نۆڤه‌مبه‌ر: پێنتاگۆن ده‌ڵێ ئاماده‌يه‌ ده‌ست به‌ تێسره‌واندنى زه‌برى ئاسمانی له‌ داعش له‌ سيرت بكاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر سوپاى نيشتمانيى ليبيى داواى لێ بكا.

11ى نۆڤه‌مبه‌ر: ئۆفيسى مافه‌كانى مرۆڤى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێ، چه‌كداره‌كانى داعش كه‌ره‌سته‌ و مه‌واددى خه‌ته‌رى كيميايى له‌ مووسڵ داده‌كه‌ن و خه‌ڵكێكى زۆريان له‌ مووسڵ ئيعدام كردووه‌.

12ى نۆڤه‌مبه‌ر: بۆمبێ له‌ مه‌زارى شاه نورانى له هه‌رێمى‌ "به‌لوچستان"ى پاكستان ته‌قيیه‌وه ‌و له‌ ئه‌نجامدا زێتر له‌ 50 كه‌س هاتنه‌ كوشتن و زێتر له‌ 100 كه‌سيش بريندار بوون. داعش به‌رپرسيارێتى ئه‌و ڕووداوه‌ى گرته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

14ى نۆڤه‌مبه‌ر: هێزێكى كوردى و ئێزدى ده‌ڵێ، چه‌كداره‌كانى داعشى له‌ 5 شارۆچكه‌ى ئێزدينشين له‌ ڕۆژاواى مووسڵ وه‌ده‌رناوه‌.

15ى نۆڤه‌مبه‌ر: گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق ده‌ڵێ، هێزه‌ عێراقييه‌كان داعشيان له‌ يه‌ك له‌سه‌ر سێى ڕۆژهه‌ڵاتى مووسڵ پاك كردۆته‌وه‌. 

19ى نۆڤه‌مبه‌ر: چه‌كداره‌كانى داعش 7 شه‌ڕكه‌رى هۆزه‌ سوننه‌كان و 5 ئه‌فسه‌رى پۆليس له‌ هێرشێكدا له‌ باشوورى مووسڵ ده‌كوژن.

21ى نۆڤه‌مبه‌ر: هێرشێك ده‌كرێته‌ سه‌ر مزگه‌وتێكى شيعان به ‌ناوى باقر ئه‌لعلوم له‌ كابول و له‌ ئه‌نجامدا 30 كه‌س ده‌مرن و به‌ ده‌يان كه‌سيش بريندار ده‌بن. ده‌وڵه‌تى ئيسلامى به‌رپرسيارێتيى ئه‌و هێرشه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆى خۆى.

24ى نۆڤه‌مبه‌ر: هێزه‌كانى ليبى له‌ كاتى پێشڕه‌ويكردن بۆ ناو پێگه‌ى به‌هێزى داعش له‌ سيرت، ده‌ست به‌سه‌ر 25 ماڵ و خانوو و حه‌شارگه‌ى چه‌گدا ده‌گرن.

25ى نۆڤه‌مبه‌ر: داعش لێپرسراوێتيى خۆى له‌ هێرشێكدا بۆ سه‌ر بازگه‌يه‌كى سه‌بازيى ميسرى له‌ باكوورى نيمچه‌دوورگه‌ى سينا ڕاده‌گه‌يه‌نێ كه‌ له‌ ئه‌نجامدا به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 12 سه‌رباز هاتنه‌ كوشتن.

27ى نۆڤه‌مبه‌ر: چه‌ند چه‌كدارێكى سه‌ر به‌ داعش به‌ هاوه‌نان له‌ هێزيكى ئيسڕائيليان دا كه‌ له‌ به‌رزاييیه‌كانى جۆلان ده‌سووڕانه‌وه‌. له‌ ئه‌نجامى زه‌برێكى ئاسمانیی ئيسڕائيليدا 4 كه‌س له‌و چه‌كدارانه‌ كوژران.

سه‌ربازان له‌ باشوورى فليپين به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 11 ئه‌ندامى گرووپى ماوت كه‌ به‌يعه‌تيان داوه‌ به‌ داعش، ده‌كوژن.

1ى دێسه‌مبه‌ر: ده‌وڵه‌تى ئيسلامى به‌ ئه‌ندامانى خۆى ڕاده‌گه‌يه‌نێ كه‌ چيديكه‌ ئه‌پليكێیشنه‌كانى نامه‌ و نامه‌كارى وه‌كوو واتسئاپ و تێلێگرام به‌كار نه‌هێنن، چونكه‌ شك ده‌كرێ هاوپه‌يمانێتيى نێوده‌وڵه‌تى به‌ سه‌ركردايه‌تیى ئه‌مريكا، ئه‌و ئه‌پليكێیشنانه‌ بۆ كوشتنى سه‌ركرده‌كانى داعش به‌كار بهێنێ.

3ى دێسه‌مبه‌ر: سه‌ربازان له‌ ناوچه‌ى پۆنتلاندى سۆماليا له‌ شه‌ڕ و تێكهه‌ڵچوونێكدا 7 كه‌س له‌ گرووپێكى سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تى ئيسلامى ده‌كوژن.

5ى دێسه‌مبه‌ر: ئه‌بى ئه‌لحه‌سه‌ن ئه‌لموهاجير، وه‌كوو گوته‌بێژى نوێى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ په‌يامێكى ئۆنلايندا دياری كرا. گوته‌بێژى پێشووترى داعش، ئه‌بو موحه‌مه‌دى ئه‌لعه‌دنانى له‌ زه‌برێكى ئاسمانيدا له‌ كۆتايیى ئاب له‌ سووريادا كوژرا. ئه‌لموهاجير له‌ يه‌كه‌مين گوتار و په‌يامى خۆيدا داوا له‌ هه‌وادارانى داعش ده‌كا هێرش و په‌لامارى نوێ ئه‌نجام بده‌ن و داوایش له‌ چه‌كدار و شه‌ڕكه‌ره‌كانيش ده‌كا له‌ جێگه‌ى خۆياندا له‌ عێراق بچه‌قن و شه‌ڕ بكه‌ن.

6ى دێسه‌مبه‌ر: هێزه‌كانى ليبى پاش ڕاماڵينى داعش له‌ دوا مه‌ته‌رێز و گه‌ڕه‌كى ئه‌و شاره‌ به‌ پشتيوانى و هاريكاريى فڕۆكه‌كانى ئه‌مريكا، سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش له‌ سيرت ڕاده‌گه‌يه‌نن.

8ى دێسه‌مبه‌ر: كاربه‌ده‌ستێكى پايه‌به‌رزى سه‌ربازيى ئه‌مريكى ده‌ڵێ، ده‌وروبه‌رى 50000 چه‌كدارى داعش له‌وه‌ته‌ى ئه‌مريكا له‌‌ ماوه‌ى دوو ساڵى ڕابردوودا ده‌ستى به‌ شه‌ڕى ئه‌و گرووپه‌ كردووه،‌ كوژراون.

11ى دێسه‌مبه‌ر: سه‌ربارى بۆمبارانى چڕ و قوڕسى ڕووسه‌كان بۆ پاشه‌كشه‌پێكردنى داعش، شه‌ڕكه‌ره‌كانى داعش ته‌دمريان له‌ هێزه‌كانى حكوومه‌تى سوورى سه‌نده‌وه‌.

11-13ى دێسه‌مبه‌ر: خۆكوژێك په‌لامارى گه‌وره‌ترين كاتدرائيه‌ى  قيبتى له‌ قاهيره‌ ده‌دا و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 25 كه‌س ده‌كوژێ و 49 كه‌سيش بريندار ده‌كا. داعش به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌و هێرشه‌ ڕاگه‌ياند و هۆشداریى هێرش و په‌لامارى زۆرتريش ده‌دا.

18ى دێسه‌مبه‌ر: خۆكوژێك له‌ په‌لامارێكدا بۆ سه‌ر هێزه‌كانى ليبى له‌ شارى به‌نغازى، به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 7 كه‌س ده‌كوژێ و 8ى ديكه‌یش بريندار ده‌كا و داعشيش به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌و هێرشه‌ ڕاده‌گه‌يه‌نێ.

هێرشێكى خۆكوژى بۆ سه‌ر خڕبوونه‌وه‌يه‌كى ئه‌فسه‌رانی ئاسايش له‌ يه‌مه‌ن، به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 48 كه‌س ده‌كوژێ و به‌ ده‌يانيش بريندار ده‌كا له‌ ڕه‌خى باشوورى شارى عه‌ده‌ندا.

18-20ى دێسه‌مبه‌ر: پاش پێكدادان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى ئه‌و وڵاته‌، چه‌ند چه‌كدارێك ئابڵووقه‌ى قه‌ڵاى كاراك له‌ باشوورى ئوردن ده‌ده‌ن و 9 كه‌س ده‌كوژن و 29 كه‌سى ديكه‌یش بريندار ده‌كه‌ن. ئوردن ڕای ده‌گه‌يه‌نێ كه‌ هه‌ر چوار چه‌كداره‌كه‌ كوژران. ده‌وڵه‌تى ئيسلامى لێپرسراوێتيى خۆى له‌و هێرشه‌ ڕاده‌گه‌يه‌نێ.

21ى دێسه‌مبه‌ر: به ‌هۆى پێكدادان و شه‌ڕى نێوان هێزه‌ ياخيبووه‌كانى سووريا كه‌ له‌ لايه‌ن توركياوه‌ پشتيوانييان لێ ده‌كرێ و داعش له‌ ده‌وروبه‌رى شارۆچكه‌ى "ئه‌لباب"ى باكوورى سووريا، 14 سه‌ربازى توركى و 138 چه‌كدارى داعش كوژران.

22ى دێسه‌مبه‌ر: داعش لێپرسراوێتيى خۆى له‌ ته‌قينه‌وه‌ى سێ ئۆتۆمبێل له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى مووسڵ ڕاده‌گه‌يه‌نێ كه‌ به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ بوونه‌ هۆى كوشتنى 15 مه‌ده‌نى و 8 پۆليس.

19-23ى دێسه‌مبه‌ر: بارهه‌ڵگرێك خۆى به‌ناو بازاڕێكى كريستيانان له‌ به‌رلين داده‌دا و 12 كه‌س ده‌كوژێ و پان ده‌كاته‌وه‌. داعش به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌و هێرشه‌ ڕاده‌گه‌يه‌نێ.

پۆليسى ئيتاڵى چوار ڕۆژ پاشتر، ته‌قه‌ له‌ شوفێرێكى گومانلێكراو ده‌كه‌ن و ده‌يكوژن كه‌ له‌ په‌يامێكى ڤيديۆيیدا دڵسۆزى و وه‌فاداریى خۆى بۆ داعش دووپات ده‌كاته‌وه‌.

26ى دێسه‌مبه‌ر: له‌ ئۆپه‌راسيۆنه‌كانى توركى له‌ ده‌وروبه‌رى شارۆچكه‌ى ئه‌لبابى باكوورى سووريادا، به ‌قسه‌ى گوته‌بێژى سه‌رۆككۆمار ئه‌ردۆغان، به‌گشتى 226 جه‌نگاوه‌رى داعش كوژراون يان بريندار كراون.

27ى دێسه‌مبه‌ر: پاش سێيه‌مين كۆبوونه‌وه‌ى ڕاوێژكارى له‌ مۆسكۆ، ڕووسيا، چين و پاكستان هۆشداریى زۆربوونى هه‌ڕه‌شه ‌و نفووزى داعش له‌ ئه‌فغانستان ده‌ده‌ن.

28ى دێسه‌مبه‌ر: پشتيوانانى داعش بانگ بۆ ئه‌نجامدانى هێرش و په‌لامارى زێتر له‌ ڕۆژانى پشووى سه‌رى ساڵدا له‌ ئه‌وروپا ڕاده‌هێڵن به‌ بازاڕ و نه‌خۆشخانه‌كانيشه‌وه‌ و، داوا له‌ موسڵمانان ده‌كه‌ن له‌ ئاهه‌نگ و كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ى كريستيانان دوور بكه‌ونه‌وه‌.

29ى دێسه‌مبه‌ر: هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى عێراق قۆناغى دووه‌مى شاڵاو و هه‌ڵمه‌ت دژى داعش ده‌ست پێ ده‌كه‌ن.

ئه‌بو جه‌ندالى كوێتى، فه‌رمانده‌يه‌كى سه‌ره‌كيى داعش و ئه‌ندامى كۆميته‌ى جه‌نگ له‌ نزيك به‌نداوى ئه‌لته‌به‌قه‌ له‌ سووريا، به ‌قسه‌ى گوته‌بێژى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ تێسره‌واندێكى فڕۆكه‌دا، كوژرا.

سەرچاوە:

https://www.wilsoncenter.org 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples