سه‌رهه‌ڵدان، هه‌ڵكشان و داكشانى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى- بەشی چوارەم

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

له‌ كانوونى دووه‌مى 2017‌وه‌ تا كۆتايیى حوزه‌يرانى 2017

1ى كانوونى دووه‌م: داعش به‌پێى به‌ياننامه‌يه‌ك كه‌ ئۆنلاين بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێ به‌ بۆمبان هێرشێكى بۆ سه‌ر شارى ده‌م كه‌نارى ده‌ريا، "ته‌رتووس"ى سووريا ئه‌نجام داوه‌ و دوو ئه‌فسه‌رى ئاسايشى كوشتوون.

چه‌ند چه‌كدارێكى داعش په‌لامارى بازگه‌يه‌كى پۆليس له‌ نزيك نه‌جه‌ف ده‌ده‌ن و 7 پۆليس ده‌كوژن.

1-2ى كانوونى دووه‌م: چه‌كدارێك ته‌قه‌ له‌ نايتكلابێكى ئيستانبۆڵ ده‌كا و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 30 كه‌س ده‌كوژێ. داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌و هێرشه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

2ى كانوونى دووه‌م: ئۆتۆمبێلێكی به‌مينچێنراو له‌ شارى سه‌در له‌ به‌غدا ده‌ته‌قێته‌وه‌ و 24 كه‌س ده‌كوژێ. داعشيش به‌رپرسيارێتيى‌ ئه‌و هێرشه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ. چه‌كدارانی داعش هه‌روا په‌لامارى دوو پۆليسخانه‌ له‌ سامه‌را ده‌ده‌ن و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 7 پۆليس ده‌كوژن.

3ى كانوونى دووه‌م: پياوێكى ئه‌ڵمانى به‌ تاوانى كوشتن تاوانبار كرا. ئه‌و پياوه‌ سه‌ر به‌ گرووپێكى تيرۆريست بووه ‌و تاوانه‌كانى شه‌ڕى ئه‌نجام داوه‌ پاش ئه‌وه‌ى به‌شداریى له‌ كوشتن و ئيعدامكردنى شه‌ش به‌ندكراو له‌ ته‌دمرى سووريا كردووه‌ له‌ 2015دا.

4ى كانوونى دووه‌م: پۆليسى ميسرى 4 كه‌س ده‌گرن، چونكه‌ سه‌روكاريان له‌گه‌ڵ ته‌قاندنه‌وه‌ى كاتدرائيه‌ى قيبتييه‌كاندا هه‌بووه‌ له‌ قاهيره‌ كه‌ بووه‌ هۆى كوشتنى 28 كه‌س له‌ دێسه‌مبه‌رى 2016دا.

ده‌سه‌ڵاتدارانى تورك 20 گومانلێكراوى داعش له‌ شارى ئيزمير ده‌گرن.

5ى كانوونى دووه‌م: به‌ قسه‌ى جه‌نه‌راڵێكى عێراقى، هێزه‌كانى عێراقى نزيكه‌ى 70%ى ڕۆژهه‌ڵاتى شارى مووسڵ له‌ داعش ده‌ستێننه‌وه‌.

داعش دوو ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژكراو له‌ به‌غدا ده‌ته‌قێنێته‌وه‌ و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 14 كه‌س ده‌كوژێ.

هێزه‌كانى ئاسايشى فليپين، ڕابه‌رى ئه‌نسارى خه‌ليفه‌ كه‌ گرووپێكه‌ پشتيوانى له‌ داعش ده‌كا، ده‌كوژن.

6ى كانوونى دووه‌م: شه‌ڕكه‌ره‌كانى داعش په‌لامارى باره‌گايه‌كى سوپاى عێراقى و پۆليسخانه‌يه‌كی نزيك شارى تكريت ده‌ده‌ن و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 4 كه‌س ده‌كوژن و 12یش بريندار ده‌كه‌ن.

7ى كانوونى دووه‌م: تانكه‌رێكى پڕسووته‌مه‌نى له‌ شارێكى باكوورى سووريادا ده‌ته‌قێته‌وه‌ و به‌ ده‌يان كه‌س كوژران و به‌ ده‌يانى ديكه‌یش بريندار بوون. ئاژانسێكى توركى ده‌ڵێ داعش له‌و ته‌قينه‌وه‌يه‌ به‌رپرسياره‌، به‌ڵام تا ئێسته‌ داعش ڕاسته‌وخۆ به‌رپرسيارێتيى خۆى ڕانه‌گه‌ياندووه‌.

8ى كانوونى دووه‌م: هێزه‌ تايبه‌تييه‌كانى عێراقى له‌ شاڵاوێكدا بۆ گرتنه‌وه‌ى ئه‌و شاره ‌و ده‌رهێنانى له‌ بنده‌ستى داعش، ده‌گه‌نه‌‌ به‌رى ڕۆژهه‌ڵاتى ڕووبارى ديجله‌ى شارى مووسڵ.

ئۆتۆمبێلێكى به‌بۆمبچێندراو له‌ بازاڕێكى سه‌وزه‌فرۆشتن له‌ شارى به‌غدا ده‌ته‌قێته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا 13 كه‌س دێنه‌ كوشتن. ده‌وڵه‌تى ئيسلامى به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌و په‌لاماره‌ ڕاده‌گه‌يه‌نێ.

9-10ى كانوونى دووه‌م: خۆكوژێك په‌لامارى پێگه‌يه‌كى ئاسايش له‌ نيمچه‌دوورگه‌ى سينا له‌ شارى ئه‌لعريش ده‌دا و 10 كه‌س ده‌كوژێ و 22 كه‌سيش بريندار ده‌كا. داعش به‌رپرسيارێتيى خۆى ڕاده‌گه‌يه‌نێ.

16ى كانوونى دووه‌م: ده‌وڵه‌تى ئيسلامى هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ناوچه‌يه‌كى ئابڵووقه‌دراوى حكوومه‌تى سوورى له‌ شارى دێرزور و به‌ قسه‌ى ڕوانگه‌ى سوورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ له‌و هێرشه‌دا 82 كه‌س كوژراون.

16- 18ى كانوونى دووه‌م: ده‌سه‌ڵاتدارانى توركيا چه‌كدارێك ده‌گرن كه‌ له‌ يه‌كه‌مين ساڵى نوێدا هێرشى كردبووه‌ سه‌ر يانه‌يه‌كى شه‌وانه‌ له‌ ئيستانبۆڵ. ئه‌و پياوه‌، هاووڵاتييه‌كى ئۆزبه‌كييه‌ و به‌پێى ڕاپۆرتێك كه‌ له‌ "ڕۆژنامه‌ى حوڕييه‌ت"ى توركيدا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و به‌ دانپێدانانى ئه‌و پياوه‌ خۆى، ئه‌و هێرشه‌ به‌ ڕێنوێنى و‌ فه‌رمانى داعش بووه‌.

19ى كانوونى دووه‌م: به‌ قسه‌ى جه‌نه‌راڵێكى عێراقى زۆربه‌ى فه‌رمانده‌كانى داعش له‌ مووسڵ له‌ ماوه‌ى سێ مانگى ڕابردووى جه‌نگدا، كوژراون.

فڕۆكه‌كانى ئه‌مريكا به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 80 چه‌كدارى داعش له‌ كه‌مپه‌كانى ئه‌و گرووپه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى شارى سيرت له‌ ليبيادا ده‌كوژن.

به‌ قسه‌ى ڕوانگه‌ى سوورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، شه‌ڕكه‌ره‌كانى داعش به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 12 كه‌س له‌ ته‌دمرى سووريا ئيعدام ده‌كه‌ن.

حه‌وت پياوى كۆسۆڤۆيى زيندانی كران و له‌ سۆنگه‌ى جه‌نگان و خه‌ڵك كردنه‌ ئه‌ندام بۆ ڕێكخراوى داعش، به‌ دوو ساڵ و نيو تا چوار ساڵ حوكم دران. نزيكه‌ى 300 كه‌سى كۆسۆڤۆ پێوه‌ندييان به‌ داعش كردووه‌ و زێتر له‌ 200 كه‌سيش گيراون و زيندانى كراون يان لێكۆڵينه‌وه‌يان له‌گه‌ڵدا كراوه‌ له‌ سۆنگه‌ى چوونه‌ ڕێزى داعش و شه‌ڕكردن بۆ داعش له‌ عێراق و سووريادا.

20ى كانوونى دووه‌م: ئۆتۆمبيلێكى به‌بۆمبچێنراو له‌ شارۆچكه‌ى ئه‌لبابى باكوورى سووريادا ده‌ته‌قێته‌وه ‌و له‌ ئه‌نجامدا 5 سه‌ربازى تورك ده‌كوژرێن و 9ى ديكه‌یش بريندار ده‌بن. به‌گوێره‌ى ئاژانسى هه‌واڵى ئه‌مق، داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌و ته‌قينه‌وه‌يه‌ى به‌ئه‌ستۆوه‌ گرتووه‌.

به‌ قسه‌ى سه‌رۆكى شوێنه‌وارناسيى سوورى، چه‌كداره‌كانى داعش مۆنۆمێنتى تيتراپليۆن و ڕووكارى شانۆى ڕۆمانييان له‌ شارى ته‌دمرى سووريا ڕووخاندووه‌ و تێك داوه‌.

22ى كانوونى دووه‌م: داعش هۆتيڵى مێژوويیى مووسڵ له‌ ڕۆژاواى مووسڵ ده‌ته‌قێنێته‌وه‌ تا هێزه‌كانى عێراقى وه‌كوو بنكه‌يه‌ك له‌ پێشڕه‌ويكردنيان بۆ گرتنه‌وه‌ى مووسڵ، به‌كارى نه‌هێنن.

23-24ى كانوونى دووه‌م: كاربه‌ده‌ستانى عێراقى ده‌ڵێن، هێزه‌كانى حكوومه‌ت پاش 100 ڕۆژ له‌ ده‌ستپێكردنى هه‌ڵمه‌ت و شاڵاوى "قادمون يا نينوى"دا، به‌ته‌واوى كۆنترۆڵى به‌شى ڕۆژهه‌ڵاتى شارى مووسڵيان كرد،. به‌ قسه‌ى فه‌رمانده‌يه‌كى عێراقى، هێزه‌كانى عێراقى خۆيان بۆ هێرشى گرتنه‌وه‌ى به‌شى‌ ڕۆژاواى مووسڵ ساز و ئاماده‌ ده‌كه‌ن.

26ى كانوونى دووه‌م: كچێكى ته‌مه‌ن 16 ساڵه‌ى مه‌غريبى- ئه‌ڵمانى له ‌لايه‌ن دادگه‌يه‌كى ئه‌ڵمانييه‌وه‌ به‌ند كرا، پاش ئه‌وه‌ى له‌ وێستگه‌يه‌كى شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌سه‌ر داوا و فه‌رمانى داعش، پۆليسێكى بريندار كردووه‌.

ده‌سه‌ڵاتدارانى نه‌مسايى له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا له‌ ڤییه‌ننا و شارى گراز به‌ تۆمه‌تى پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ داعشدا، 14 گومانلێكراو ده‌گرن.

27ى كانوونى دووه‌م: كاربه‌ده‌ستێكى پێشووى وه‌زاره‌تى دارايیى ئیندۆنیزی له‌ بالى ده‌ستگيركرا، پاش ئه‌وه‌ى له‌ توركيا ڕه‌وانه‌ى ئه‌و وڵاته‌ كرايه‌وه‌. ئه‌م پياوه‌ هه‌وڵى دابوو له‌ سنوور بپه‌ڕێته‌وه‌ سووريا و ببێته‌ داعش.

29ى كانوونى دووه‌م: سه‌ربازانى فليپينى، 15 چه‌كدارى گرووپى ئه‌بو سه‌ياف كه‌ گرووپێكى وابه‌سته‌ى داعشه‌ ده‌گرن و فه‌رمانده‌كه‌يان به‌سه‌ختى بريندار ده‌كه‌ن.

30ى كانوونى دووه‌م: پياوێكى ئه‌ر‌يزۆنى گوناهبار كرا چونكه‌ ئه‌و پياوه‌ پشتيوانیى له‌ داعش كردووه ‌و ياريده‌ى خوێندكارێكى كۆليژێكى شارى نيويۆركى داوه‌، بچێته‌ سووريا و پێوه‌ندى به‌ داعشه‌وه‌ بكا و له‌ شه‌ڕدا بكوژرێ.

31ى كانوونى دووه‌م: ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌ڵمانى سێ پياو له‌ به‌رلين ده‌گرن كه‌ گومانيان لێ كراوه‌ ڕايه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵ داعشدا هه‌بێ و پلان و نه‌خشه‌يان بۆ چوونه‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌ مه‌به‌ستى مه‌شق و ڕاهێنان هه‌بێ.

كۆتايیى كانوونى يه‌كه‌م: داعش هه‌ڕه‌شه‌ى به‌ر‌فره‌كردنى هێرشه‌كانى بۆ ئه‌وديوى نيمچه‌دوورگه‌ى سينا ده‌كا و وێنه‌ و فۆتۆ، ناو، ناونيشان و پله‌ و پايه‌ى ئه‌فسه‌رانى سوپا و پۆليسى ميسرى كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و نيمچه‌دوورگه‌يه‌ن، بڵاو ده‌كاته‌وه‌. داعش داوا له‌ شوێنكه‌وتووانى خۆى ده‌كا ئه‌و كه‌سانه‌ بدۆزنه‌وه‌ و ده‌ستيان لێ نه‌پارێزن و بيانكوژن.

2ى شوبات: چه‌كداره‌كانى داعش په‌لامارى فڕۆكه‌خانه‌يه‌كى سه‌ربازى له‌ نزيك ديمه‌شق ده‌ده‌ن و به‌ قسه‌ى ڕوانگه‌ى سوورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 14 سه‌رباز كوژراون.

4ى شوبات: هێزى ئاسمانیی ئورد‌نى چه‌ند هێرشێك ده‌كاته‌ سه‌ر پێگه‌كانى داعش له‌ باشوورى سووريا و كۆگه‌يه‌كى ته‌قه‌مه‌نى و كارگه‌يه‌كى بۆمبڕێژكردنى ئۆتۆمبێل و هه‌ندێ بنكه ‌و باره‌گاى سه‌ربازیى ديكه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر ئه‌و هێرشانه‌وه‌.

سوپاى توركى ده‌ڵێ، له‌ نزيك شارۆچكه‌ى ئه‌لباب له‌ باكوورى سووريا 51 چه‌كدارى داعشيان كوشتووه‌ و له‌ 59 پێگه‌يان داوه‌.

5ى شوبات: ده‌سه‌ڵاتدارانى توركى ده‌وروبه‌رى 400 گومانلێكراوى داعش له‌ زنجيره‌يه‌ك هێرش و په‌لامار له‌ سه‌رانسه‌رى 6 ويلايه‌تدا ده‌گرن. ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترين هێرش و په‌لامارى توركيايه‌ دژى ئه‌و ڕێكخراوه‌.

6ى شوبات: هێزه‌كانى حكوومه‌تى سووريا ئه‌و ڕێگه‌يه‌ى كه‌ داعش زه‌خيره ‌و چه‌كوچۆڵى پێ بۆ شارۆچكه‌ى ئه‌لباب ده‌برد، بڕى و به‌ته‌واوى ئابڵووقه‌ى داعشى له‌ناو شارۆچكه‌كه‌ دا.

7-8ى شوبات: خۆكوژێك په‌لامارى دادگه‌يه‌كى باڵاى ئه‌فغانستان له‌ كابول ده‌دا و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 20 كه‌س ده‌كوژێ و 41 كه‌سى ديكه‌یش بريندار ده‌كا. داعش ئه‌و هێرشه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

8ى شوبات: چه‌ند چه‌كدارێك په‌لامارى هوتێڵى ئه‌نته‌رناشناڵ ڤيله‌ج له‌ ناوچه‌ى پۆنتلاندى سۆماليا ده‌ده‌ن و 4 زێره‌ڤانى ئه‌و هۆتێله‌ ده‌كوژن. داعش به‌رپرسيارێتیى ئه‌و هێرشه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

8-9ى شوبات: سوپاى ئيسڕائيلى ده‌بێژێ، سيسته‌مى به‌رگريى موشه‌كيى ئه‌و وڵاته‌، چه‌ند ڕۆكێتێكى پووچه‌ڵ كرده‌وه‌ و گرته‌وه‌ كه‌ له‌ ميسره‌وه‌ به‌ ئاقارى شارى ئيليات له‌ باشوورى ئيسڕائيل هه‌ڵدرابوون. ويلايه‌تى سيناى وابه‌سته‌ به‌ داعش، به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌و په‌لاماره‌ ده‌ربڕى.

9ى شوبات: پياوێكى خه‌ڵكى شارى نيويۆرك، دانى به‌وه‌دا نا كه‌ گوناهباره‌ و هه‌وڵی داوه‌ پشتيوانى له‌ داعش بكا و سيخوڕێكى FBI به‌ چه‌قۆ بكوژێ.

10ى شوبات: خۆكوژێكى داعش په‌لامارى چێشتخانه‌يه‌ك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى مووسڵ له‌ كاتى نانخواردنى نيوه‌ڕۆدا ده‌دا و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 4 كه‌س دێنه‌ كوشتن و 15ى ديكه‌یش بريندار ده‌بن. دوو ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژكراويش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى مووسڵ و له‌ باشوورى به‌غدا له‌ ئه‌نجامى ته‌قينه‌وه‌ياندا ده‌بنه‌ هۆى كوشتنى 9 كه‌س و برينداركردنى 29 كه‌سى ديكه‌. داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌و زنجيره‌ هێرش و په‌لاماره‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

كاربه‌ده‌ستانى ئاسايش ده‌ڵێن ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ ليبيا پاش ئه‌وه‌ى له‌ سيرت تێك شكاون، ڕوويان له‌ دۆڵ و جۆمه‌كانى بيابان له‌ باشوورى ڕۆژهه‌ڵاتى شارى ته‌رابلووس كردووه‌.

16ى شوبات: خۆكوژێك په‌لامارى مه‌زارى سۆفييه‌ك له‌ باشوورى پاكستان ده‌دا و، ئه‌و جێگه‌یه‌ی كه‌ ئافره‌تانى تێدا ده‌بێ له‌و مه‌زاره‌ ده‌كاته‌ ئامانج. به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 72 كه‌س دێنه‌ كوشتن كه‌ 30يان منداڵ و زارۆن و به‌ ده‌يان كه‌سى ديكه‌یش بريندار ده‌بن. ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ "ئاژانسى ئه‌مه‌ق"ى خۆيدا، به‌رپرسيارێتيى هێرشه‌كه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

19ى شوبات: هێزه‌كانى عێراق به‌ پاڵپشتیى ئه‌مريكا هێرشێكى زه‌مينى دژى داعش له‌ به‌شى ڕۆژاواى مووسڵ ده‌ست پێ ده‌كه‌ن.

داعش ڤيديۆيه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه ‌و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كريستيانه‌ قيبتييه‌كانى ميسر ده‌كا و قسه‌كانى ئه‌و پياوه‌ نيشان ده‌دا كه‌ له‌ دوا په‌لامارى داعش بۆ سه‌ر كڵێسه‌ى قاهيره‌ له‌ دێسه‌مبه‌رى ڕابردوودا خۆى به‌ به‌رپرسيار داده‌نێ.

20ى شوبات: سوپاى توركى 44 چه‌كدارى داعش له‌ ئۆپه‌راسيۆنه‌كانى ده‌وروبه‌رى شارۆچكه‌ى ئه‌لباب ده‌كوژن. 

22ى شوبات: ده‌سه‌ڵاتدارانى توركيا 35 گومانلێكراوى داعش ده‌گرن له‌ 41 جێگه ‌و شوێنى جياجياى ئيستانبۆڵدا.

23ى شوبات: هێزه‌كانى عێراقى كه‌ ئه‌مريكا پشتيوانييان لێ ده‌كا، فڕۆكه‌خانه‌ى مووسڵ له‌ داعش وه‌رده‌گرنه‌وه‌‌.

ئه‌و هێزانه‌ى توركيا پشتيوانييان لێ ده‌كا، 56 چه‌كدارى داعش له‌ ده‌وروبه‌رى شارۆچكه‌ى ئه‌لباب به‌ ياريده‌ى فڕۆكه‌كانى ئه‌مريكا، ده‌كوژن.

24ى شوبات: به‌ قسه‌ى سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراقى، بۆ يه‌كه‌مين جار، هێزى ئاسمانيى عێراقى ئارمانج و نيشانه‌كانى داعش له‌ناو خاكى سووريا به‌ هه‌ماهه‌نگيكردن له‌گه‌ڵ ديمه‌شق، بۆمباران ده‌كا. به‌گوێره‌ى پێنتاگۆن، ئه‌مريكا زانياريى هه‌واڵگريى به‌ هێزى ئاسمانیی عێراقى ده‌دا.

له‌ ئه‌نجامى ته‌قينه‌وه‌ى ئۆتۆمبێلێكدا، زێتر له‌ 50 كه‌س له‌ گوندى "سوسيان"ى ژێر ده‌سه‌ڵاتى سوپاى ئازادى سوورى ده‌كوژرێن و داعشيش به‌رپرسياێتيى خۆى له‌و هێرشه‌ له‌ سۆسيال ميديادا بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

26- 27ى شوبات: بۆمبهاوێژێك په‌لامارى پۆليسخانه‌يه‌ك له‌ قوسته‌نتينه‌ له‌ جه‌زاير ده‌دا، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ى بچێته‌ ناو پۆليسخانه‌كه‌ ته‌قه‌ى لێ ده‌كرێ و ده‌كوژرێ. به‌ڵام ڕوون نييه‌ كه‌ داخوا پۆليسه‌كان هيچ بريندارێكيان هه‌يه‌ يان نا؛ داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌و په‌لاماره‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

28ى شوبات: به‌ قسه‌ى مێجه‌ر جه‌نه‌راڵێكى بريتانى، ڕوپيرت جۆنز، چه‌كداره‌كانى داعش به‌ ڕێژه‌يه‌كى ئه‌وتۆ له ‌لايه‌ن هاوپه‌يمانێتيى نێوده‌وڵه‌تييه‌وه‌ دێنه‌ كوشتن كه‌ داعش به‌رگه‌ى ناگرێ. "دوژمن ناتوانێ به‌رگه‌ى ئه‌و خوێنله‌به‌رڕۆيشتنه‌ بگرێ كه ڕۆژانه‌ له‌به‌رى ده‌ڕوا و ئيدى عه‌رد و ناوچه‌ له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و له‌ شه‌ڕ و نه‌به‌رده‌كاندا ده‌دۆڕێن.‌"

1ى ئادار: هێزه‌كانى عێراقى به‌ پاڵپشتيى ئه‌مريكا ئه‌و ڕێگه‌ سه‌ره‌كييه‌ كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن كه‌ ڕۆژاواى مووسڵ به‌ مووسڵ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

چه‌كداره‌ ئۆگۆره‌كانى داعش به‌ڵێن ده‌ده‌ن كه‌ ئاڵاى خۆيان له‌ چين هه‌ڵبده‌ن و له‌ ڤيديۆيه‌كى نوێدا هه‌ڕه‌شه‌ى نانه‌وه‌ى ڕووبارێكى خوێن ده‌كه‌ن.

6ى ئادار: هێزه‌كانى عێراقى باڵه‌خانه‌يه‌كى سه‌ره‌كيى حكوومى، بانكى ناوه‌ندى و مۆزه‌خانه‌ى مووسڵ له‌ داعش ده‌گرنه‌وه‌.

7ى ئادار: هێزه‌كانى حكوومه‌تى سووريا و هاوپه‌يمانه‌كانيان وێستگه‌يه‌كى سه‌ره‌كيى ترومپاى ئاو كه‌ ئاوى پێ بۆ حه‌له‌ب دابين ده‌كرێ، له‌ داعش ده‌ستێننه‌وه‌.

8ى ئادار: كاربه‌ده‌ستانى ئه‌مريكى و عێراقى گومان ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى شارى مووسڵى جێ هێشتبێ و جه‌نگه‌كه‌ى دابێته‌ ده‌ست فه‌رمانده‌ مه‌يدانييه‌كانى داعش و خۆى له‌ چۆڵ و بيابان و به‌ڕيا شاردبێته‌وه‌.

چه‌ند چه‌كدارێك كه‌ جلكى پزيشكييان له‌به‌ردا بووه‌ په‌لامارى نه‌خۆشخانه‌يه‌كى سه‌ربازى له‌ كابول ده‌ده‌ن و زێتر له‌ 30 كه‌س ده‌كوژن و به‌ ده‌يان كه‌سيش بريندار ده‌كه‌ن. داعش به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌و په‌لاماره‌ ڕاده‌گه‌يه‌نێ.

9ى ئادار: سه‌رۆكى ده‌زگه‌ى دژه‌تيرۆر ده‌ڵێ، هێزه‌كانى عێراقى ده‌يانه‌وێ له‌ ماوه‌ى مانگێكدا داعش له‌ مووسڵ ده‌ربكه‌ن.

13ى ئادار: ده‌سه‌ڵاتدارانى ماليزى، 7 كه‌س ده‌گرن كه‌ 5يان خه‌ڵكى فليپينن و گومان ده‌كرێ پێوه‌ندييان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بووبێ.

14ى ئادار: هێزه‌كانى عێراقى فه‌رمانده‌ى داعش له‌ مووسڵ ده‌كوژن له‌ كاتێكدا كه‌ داعش و سوپاى عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنى مووسڵى كۆن له‌ جه‌نگ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌يه‌كى تونددان.

15ى ئادار: سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراق ده‌ڵێ، شاڵاو و هێرشى حكوومه‌تى عێراق بۆ گرتنه‌وه‌ى مووسڵ له‌ قۆناغه‌كانى كۆتايیى خۆيدايه‌.

16ى ئادار: هێزه‌كانى حكوومه‌تى عێراقى ئابڵووقه‌ى هێزه‌كانى داعش له‌ مووسڵى كۆن ده‌ده‌ن.

17ى ئادار: خۆكوژێك په‌لامارى باڵه‌خانه‌يه‌ك ده‌دا كه‌ له‌ حاڵه‌تى بيناكردندايه‌ و دوو ئه‌فسه‌رى پۆليس له‌ به‌نگلاديش بريندار ده‌كا. داعش به‌ قسه‌ى BBCى به‌نگاڵى، به‌رپرسيارێتيى ئه‌و هێرشه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

ده‌سه‌ڵاتدارانى مه‌غريبى له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا 15 كه‌س ده‌گرن كه‌ گومانيان لێ ده‌كرێ پێوه‌ندييان له‌گه‌ڵ داعشدا هه‌بووبێ.

18ى ئادار: ئه‌ميرى لقى داعش له‌ ميسر، ئه‌بو ئه‌نه‌س ئه‌لئه‌نسارى، له‌ هێرشێكى ئاسمانيدا به‌ قسه‌ى سوپاى ميسرى، هاته‌ كوشتن.

22ى ئادار: ئۆتۆمبێلێك خۆى به‌ خه‌ڵكێك داده‌دا كه‌ له‌سه‌ر پردى وێستمينيسته‌ر له‌ له‌نده‌ن ده‌ڕۆيشتن و له‌ نزيك په‌رله‌مانى بريتانى ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌شكێ. شوفێرى ئۆتۆمبێله‌كه‌ هه‌وڵ ده‌دا بچێته‌ ناو باڵه‌خانه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌ و ئه‌فسه‌رێكى پۆليس ده‌داته‌ به‌ر چه‌قۆ و ده‌كوژێ به‌ر له‌وه‌ى له ‌لايه‌ن پۆليسه‌وه‌ ته‌قه‌ى لێ بكرێ و بكوژرێ. 3 كه‌س له‌و په‌لامار و ڕووداوه‌دا مردن و زێتر له‌ 40 كه‌سيش به‌سه‌ختى بريندار بوون. داعش به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌و هێرشه‌ ڕاگه‌ياند.

24ى ئادار: خۆكوژێك په‌لامارى هێزه‌كانى ئاسايشی نزيك فڕۆكه‌خانه‌يه‌ك له‌ ده‌كاى به‌نگلاديش ده‌دا و له‌ ئه‌نجامدا دوو ئه‌فسه‌رى پۆليس بريندار ده‌بن. داعش به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌و هێرشه‌ ڕاده‌گه‌يه‌نێ.

چه‌كداره‌كانى داعش په‌لامارى بنكه‌يه‌كى سه‌ربازى له‌ چيچان ده‌ده‌ن و 6 سه‌ربازى ڕووس ده‌كوژن. داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌و هێرشه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

25ى ئادار: له‌ دوو ته‌قينه‌وه‌دا له‌ نزيك حه‌شارگه‌يه‌كى توندڕه‌واندا له‌ سيلهيت، به‌نگلاديش، به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 6 كه‌س دێنه‌ كوشتن و زێتر له‌ 40 كه‌سيش بريندار ده‌بن. داعش ديسان به‌رپرسيارێتيى ئه‌و په‌لاماره‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

26ى ئادار: هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات كه‌ ئه‌مريكا پشتيوانييان لێ ده‌كا، بنكه‌يه‌كى ئاسمانیی سه‌ربازى له‌ باكوورى سووريا له‌ داعش وه‌رده‌گرنه‌وه‌.

29ى ئادار: لقى ميسرى داعش سه‌رى دوو پياو له‌ نيمچه‌دوورگه‌ى سينا ده‌بڕێ كه‌ گوايا خه‌ريكى سيحر و جادووگه‌رى بوون.

30ى ئادار: به‌پێى هه‌واڵنامه‌ى هه‌فتانه‌‌ى "النبع"، داعش به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌ دوو ته‌قينه‌وه‌ى خۆكوژى ڕاده‌گه‌يه‌نێ كه‌ له 15ى ئاداردا له‌‌ ديمه‌شق ئه‌نجام دران كه‌ به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 31 كه‌سيان تێدا كوژرا.

31ى ئادار: به‌ قسه‌ى گوته‌بێژێكى هه‌واڵگريى عێراقى، جێگرى ڕابه‌رى داعش، ئه‌ياد ئه‌لجومه‌يلى، له‌ هێرشێكى ئاسمانيدا هاته‌ كوشتن.

2ى نيسان: هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات كه‌ ئه‌مريكا پشتيوانييان لێ ده‌كا، دژه‌هێرشێكى داعشيان له‌ نزيك به‌نداوى ته‌به‌قه‌ له‌ سووريا به‌رپه‌رچ دايه‌وه‌.

4ى نيسان: دوو پياوى خه‌ڵكى فلۆريدا دانيان به‌ گوناهباریى خۆياندا نا كه‌ به‌شدار بوونه‌ له‌ پشتيوانيكردنى مادديى داعش پاش نه‌خشه‌دانان بۆ چوونه‌ سووريا و پێوه‌نديكردن به‌ داعشه‌وه‌.

5ى نيسان: شه‌ڕكه‌ره‌كانى داعش ئۆتۆمبێل و جلكوبه‌رگى پۆليس بۆ چوونه‌ ناو تكريت و هێرشكردن به‌كار ده‌هێنن، كه‌ له‌ ئاكامدا 31 كه‌س كوژران و زێتر له‌ 40 كه‌سى ديكه‌یش بريندار بوون. داعش له‌ ڕێگه‌ى ئاژانسى "ئه‌مق"ه‌وه‌ به‌رپرسيارێتيى خۆى ڕاگه‌ياند.

6ى نيسان: داعش ده‌ڵێ ئه‌حمه‌د ئه‌بو سه‌مره‌ كه‌ شه‌ڕكه‌رێكى سوورى- ئه‌مريكى و پرۆپاگه‌نده‌كارێكى داعشه،‌ له‌ مانگى كانوونى دووه‌مدا له‌ سووريا هاته‌ كوشتن. ئه‌بوسه‌مره‌ يه‌كێ بووه‌ له‌وانه‌ى "گۆڤارى دابق"ى داعشيان دامه‌زراندووه‌.

7ى نيسان: چه‌كداره‌كانى داعش به‌ ده‌يان خه‌ڵكى مه‌ده‌نى كه‌‌ هه‌وڵى ڕاكردنيان داوه‌ له‌ مووسڵ‌ ده‌كوژن، له ‌كاتێكدا هێزه‌كانى عێراقى به‌رده‌وامن له‌ جه‌نگى داعش بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى ئه‌و شاره‌.

9ى نيسان: بۆمبێك له‌ ڕێوڕه‌سمى سانداى پالم له‌ كڵێسه‌ى سانت جۆرج له‌ ته‌نتا، له‌ 60 ميلیى باكوورى قاهيره‌ ده‌ته‌قێته‌وه ‌و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 27 كه‌س ده‌كوژرێن و 78 كه‌سى ديكه‌یش بريندار ده‌بن. بۆمبێكى ديكه‌ چه‌ند كاتژمێرێك پاشتر له‌ كاتدرائيه‌ى سانت مارك له‌ ئه‌سكه‌نده‌ريه‌دا ده‌ته‌قێته‌وه‌ و 17 كه‌س ده‌كوژرێن و 48 كه‌سى ديكه‌یش بريندار ده‌بن. داعش هه‌ر دوو ته‌قينه‌وه‌كه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

چه‌كدارانى داعش دوو هێرشى خۆكوژى ده‌كه‌نه‌‌ سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ى ئه‌مريكا پشتيوانييان لێ ده‌كا له‌ سووريا له‌ نزيك سنوور له‌گه‌ڵ عێراقدا و، 4 كه‌سيان لێ ده‌كوژن و ژماره‌يه‌كى زۆرتريشيان لێ بريندار ده‌كه‌ن. له‌و په‌لاماره‌دا، 8 چه‌كدارى داعشيش ده‌كوژرێن.

10ى نيسان: هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى ميسر 7 گومالێكراوى داعش له‌ پێكدادانێكدا له‌ شارى ئه‌سيوت، له‌ باشوورى ميسردا ده‌كوژن.

11ى نيسان: هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات پێشڕه‌وى ده‌كه‌ن و له‌ مه‌وداى ميلێكدان بۆ چوونه‌ ناو ڕه‌ققه‌ى پايته‌ختى داعش.

به‌ قسه‌ى گوته‌بێژێكى سه‌ربازيى عێراقى، داعش له‌ سه‌رده‌مێكدا كه‌ 40%ى خاكى عێراقى كۆنترۆڵ كردبوو، ئێسته‌ زۆربه‌ى ناوچه‌كانى له‌ده‌ست داوه‌.

12ى نيسان: خۆكوژێك له‌ هێرشێكدا له‌ نزيك وه‌زاره‌تى به‌رگريى ئه‌فغانى، به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 5 كه‌س ده‌كوژێ و له‌وه‌یش زێتر خه‌ڵك بريندار ده‌كا. داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌و هێرشه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

فه‌رمانده‌يه‌كى گرووپه‌كه‌ى ئه‌بو سه‌ياف له‌گه‌ڵ 5 ئه‌ندامى ديكه‌ى هه‌مان گرووپدا له‌ فليپين دێنه‌ كوشتن.

13ى نيسان: ئه‌مريكا گه‌وره‌ترين چه‌كى غه‌يره‌نوكلياريى خۆى كه‌ به‌ "دايكى بۆمبان" ناسراوه‌ به‌كار ده‌هێنێ و ئاراسته‌ى ئه‌شكه‌وت و تونێڵه‌كانى داعشيان ده‌كا له‌ ئه‌فغانستان. له‌ ئه‌نجامدا به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 36 چه‌كدارى سه‌ر به‌ داعش كوژران.

17ى نيسان: به‌ قسه‌ى جێگرى سه‌رۆككۆمارى عێراق، ئه‌ياد عه‌للاوى، داعش له ‌وتوێژدايه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعيده‌ بۆ پێكهێنانى هاوپه‌يمانێتييه‌ك له‌ نێوان ئه‌و دوو لايه‌نه‌ توندڕه‌وه‌دا.

18ى نيسان: چه‌ند چه‌كدارێك په‌لامارى هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى ميسر له‌ نزيك دێرى سانت كاترينا له‌ نيمچه‌دوورگه‌ى سينا ده‌ده‌ن و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ ئه‌فسه‌رێكى پۆليس ده‌كوژن و 4ى ديكه‌یش بريندار ده‌كه‌ن. داعش به‌رپرسيارێتیى ئه‌و هێرشه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

18- 20ى نيسان: چه‌كدارێك ئه‌فسه‌رێكى پۆليسى فه‌ڕه‌نسى له‌ ناوه‌ڕاستى پاريس ده‌كوژێ و دوو كه‌سى ديكه‌یش بريندار ده‌كا. داعش له‌ ڕێگه‌ى "ئاژانسى ئه‌مق"ه‌وه‌ به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌و هێرشه‌ ڕاگه‌ياند.

20ى نيسان: سوپاى ميسرى ده‌ڵێ، له‌ تێسره‌واندنى زه‌برێكى فڕۆكه‌دا 19 چه‌كدارى سه‌ر به‌ داعشيان له‌ نيمچه‌دوورگه‌ى سينا كوشتووه‌ كه‌ سێ كه‌سيان فه‌رمانده‌ى ئه‌و گرووپه‌ن.

21ى نيسان: چه‌كدارێك له‌ هێرشێكدا بۆ سه‌ر ئۆفيسێكى ئاسايشى ناوچه‌يه‌كى ڕووسياى فيدراڵى، دوو كه‌س ده‌كوژێ. به‌گوێره‌ى سايتى هه‌واڵگيريى ئه‌و گرووپه‌، داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌و هێرشه‌ى خسته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

به‌ قسه‌ى سوپاى ئه‌مريكا، عه‌بدولره‌حمان ئۆزبه‌ك، كه‌ چه‌كدارێكى داعش و كه‌سێكى نزيكى خه‌ليفه‌ ئه‌بوبه‌كرى به‌غدادى بووه‌ و پێوه‌نديى به‌ هێرشه‌كه‌ى كانوونى دووه‌م بۆ سه‌ر نايتكلابێكى توركيا هه‌بووه‌، له‌ هێرشێكى زه‌مينيدا له‌ نزيك مه‌يادين له‌ سووريا كوژراوه‌.

22ى نيسان: سوپاى لوبنانى ده‌ڵێ له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا بۆ سه‌ر ئارسال، فه‌رمانده‌يه‌كى خۆجێى داعش كوژرا و 10 گومانلێكراوى ديكه‌یش هاتنه‌ گرتن. ئه‌و شاره‌‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوورى ڕۆژهه‌ڵاتى سنوورى لوبنان نزيك سووريا.

فه‌رمانده‌يه‌كى گرووپى ئه‌بو سه‌ياف كه‌ سه‌ر به‌ داعشه‌، له‌ پێكدادانێكدا له‌گه‌ڵ سه‌ربازانى فليپينيدا، كوژرا.

26ى نيسان: سه‌نته‌رى CAR كه‌ گرووپێكه‌ چاوه‌دێریى چه‌كوچۆڵ ده‌كا، ده‌ڵێ چه‌كدارانى داعش "ئامرازێك"ى سه‌ره‌تايیى ته‌قێنه‌ريان په‌ڕه‌ پێ داوه‌ كه‌ ده‌توانێ به‌ تفه‌نگ بهاوێژرێ يان له‌ درۆنه‌وه‌ فڕێ بدرێته‌ خواره‌وه‌.

27ى نيسان: عه‌بدولحه‌سيب، سه‌رۆكى لقى داعش له‌ ئه‌فغانستان، له‌ ئۆپه‌راسيۆنێكى هاوبه‌شى هێزه‌ تايبه‌تييه‌كانى ئه‌فغانى- ئه‌مريكى له‌ ويلايه‌تى "نانگارهار"دا كوژرا.

28ى نيسان: له‌ ئاكامى ته‌قينه‌وه‌ى ئۆتۆمبێلێكى بۆمبڕێژكراودا، چوار ئه‌فسه‌رى هاتوچۆى عێراقى له‌ به‌غدا ده‌كوژرێن و 5ى ديكه‌یش بريندار ده‌بن. داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌و ته‌قينه‌وه‌يه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

29ى نيسان: داعش كاربه‌ده‌ستێكى گه‌وره‌ى تاڵيبانى ئه‌فغان به ‌ناوى‌ مه‌وله‌وى داوود له‌ پيشاوه‌رى پاكستان ده‌كوژێ و گوته‌بێژێكى تاڵيبانيش ئه‌م هه‌واڵه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌.

30ى نيسان: چه‌كدارانى داعش له‌ هێرشێكدا بۆ سه‌ر عه‌كاشات، نزيكى سنوورى سووريا، 3 سه‌ربازى عێراقى ده‌كوژن و 8ى ديكه‌یش بريندار ده‌كه‌ن.

2ى ئايار: چه‌كدارانى داعش په‌لامارى بازگه‌ى ڕه‌جم ئه‌لسه‌ليبى و كه‌مپى په‌نابه‌ران نزيك سنوورى عێراق له‌ سووريا ده‌ده‌ن و به‌ قسه‌ى ڕوانگه‌ى سوورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 30 كه‌س ده‌كوژن.

چه‌كدارانى داعش 4 سه‌ربازى عێراقى له‌ نزيك شارۆچكه‌ى ڕوتبه‌ له‌ پارێزگه‌ى ئه‌نبارى عێراقى كه‌ كۆنترۆڵى به‌سه‌ر گه‌يشتن به‌ سنووره‌كانى سوورى و ئورد‌نييه‌وه‌ هه‌يه‌، ده‌كوژن.

3ى ئايار: خۆكوژێك خۆى به‌ كاروانێكى ئۆتۆمبێلى گولله‌نه‌بڕى ناتۆ داده‌دا؛ 8 مه‌ده‌نى ده‌كوژرێن و 25ى ديكه‌یش بريندار ده‌بن و داعش به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌و هێرشه‌ له‌ "ئاژانسى ئه‌مق"ه‌وه‌ ده‌رده‌بڕێ.

سه‌رۆكى Europol، واته‌ ئاژانسى سياسه‌تى يه‌كێتيى ئه‌وروپى ده‌ڵێ، چه‌كدارانى داعش پلاتفۆرمى سۆسيال ميدياى خۆيان په‌ره ‌پێ ده‌ده‌ن، نه‌بادا له‌ بارى ئاسايشه‌وه‌ په‌يام و پرۆپاگه‌نده‌كانيان كۆسپيان بێته‌ ڕێ.

4ى ئايار: دادگه‌ى فيدراڵيى بڕازيلى، سزاى 6 ساڵ تا 15 ساڵ بۆ 8 هاووڵاتى ده‌بڕێته‌وه‌ كه‌ نه‌خشه‌ و پلانيان هه‌بووه‌ په‌لامارى ئۆلۆمپيادى 2016 بده‌ن. ئه‌و پلانگێڕانه‌ له ‌لايه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌ستيان له‌پشت دراوه‌ و تانيان وه‌به‌ر نراوه‌.

5ى ئايار: ئه‌ميرى داعش له‌ ميسر هۆشدارى به‌ موسڵمانان ده‌دا كه‌ خۆيان له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ى كريستيانان دوور بخه‌نه‌وه‌. "ئێمه‌ ئاگادارتان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ خۆتان له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ى كريستيانان و هه‌روا كۆڕى سوپا و پۆليسان و ئه‌و ناوچانه‌ى داموده‌زگه‌ى سياسيى حكوومه‌تيان لێيه‌، بپارێزن"؛ ئه‌مه‌ قسه‌ى ئه‌و ئه‌ميره‌يه‌ كه‌‌ له‌ هه‌واڵنامه‌ى هه‌فتانه‌ى "التبع"ى داعشدا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.

7ى ئايار: چه‌ند خۆكوژێكى داعش په‌لامارى بنكه‌يه‌كى سه‌ربازى له‌ باكوورى عێراق ده‌ده‌ن كه‌ ڕاوێژكاره‌ سه‌ربازييه‌كانى ئه‌مريكاى لێ بووه‌ و، به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ دووان ده‌كوژن و شه‌شيش بريندار ده‌كه‌ن. داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌و هێرشه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

8ى ئايار: سه‌رۆكى پۆليسى ماليزى ده‌ڵێ: موحه‌مه‌د وه‌ندى موحه‌مه‌د جدى، كه‌ ئه‌ندامێكى هه‌ره‌ ديارى داعش بووه ‌و گومان ده‌كرێ ڕێكخه‌رى ئه‌و هێرشه‌ بووبێ كه‌ ڕۆكێتى گرينادى تێدا به‌كار هێنرا بۆ سه‌ر بارێكى كوالالامپور له‌ حوزه‌يرانى 2016دا، له‌ سووريا هاته‌ كوشتن.

9ى ئايار: به‌ قسه‌ى سايتى SITE ده‌وڵه‌تى ئيسلامى ڤيديۆيه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌ربڕينى ئه‌فسه‌رێكى هه‌واڵگريى ڕووسى نيشان ده‌دا كه‌ له‌ سووريا گيراوه‌. وه‌زاره‌تى به‌رگريى ڕووسى نكۆڵى له‌وه‌ ده‌كا هيچ ئه‌فسه‌رێكى هه‌واڵگريى ڕووسى هاتبێته‌ گرتن يان كوشتن.

12ى ئايار: بۆمبێك له‌ نزيك كاروانێكى جێگرى سه‌رۆكى سيناتى پاكستان له‌ به‌لوچستان ده‌ته‌قێته‌وه‌ و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 25 كه‌س ده‌كوژرێن و 35 كه‌سى ديكه‌یش بريندار ده‌بن. ده‌وڵه‌تى ئيسلامى ئۆباڵى ئه‌و ته‌قينه‌وه‌يه‌ ده‌خاته‌ ملى خۆيه‌وه‌.

13ى ئايار: هێزه‌كانى حكوومه‌تى سووريا بنكه‌يه‌كى ئاسمانیی بچووك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى حه‌له‌ب له‌ داعش ده‌ستێننه‌وه‌.

15ى ئايار: له‌ ئه‌نجامى ته‌قينه‌وه‌ى دوو ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژكراودا له‌ نزيك كه‌مپێكى په‌نابه‌ران له‌ ڕوكبان له‌سه‌ر سنوورى ئورد‌ن- سووريا، به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 6 كه‌س ده‌كوژرێن و ژماره‌يه‌كى زۆرتريش بريندار ده‌بن. ده‌وڵه‌تى ئيسلامى ئۆباڵى ئه‌و دوو ته‌قينه‌وه‌يه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

17ى ئايار: چوار چه‌كدار و خۆكوژێك په‌لامارى ڕاديۆ و ته‌له‌ڤزيۆنى ئه‌فغانستان ده‌ده‌ن و له‌ ئه‌نجامدا 6 كه‌س ده‌كوژرێن و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 19ى ديكه‌یش بريندار ده‌بن. داعش ئۆباڵى ئه‌و هێرشه‌ هه‌ڵده‌گرێ.

18ى ئايار: چه‌كدارانى داعش په‌لامارى گوندێك له‌ نێوان حه‌له‌ب و حومس ده‌ده‌ن و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 20 كه‌س ده‌كوژن.

هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى بنكه‌ى ده‌شتى شه‌نگال له‌ داعش وه‌رده‌گرنه‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ بيابانى ڕۆژاوا و نزيكه‌ى 40 ميلێك له‌ سنوورى سوورياوه‌ دووره‌.

19ى ئايار: ئۆتۆمبێلێكى بۆمبڕێژكراو له‌ ڕێگه‌يه‌كى نزيك چاڵه‌ نه‌وته‌كان له‌ پارێزگه‌ى به‌سره‌ ده‌ته‌قێته‌وه‌ و چه‌ند كه‌سێكى مه‌ده‌نى و چه‌ند ئه‌ندامێكى هێزه‌ ئه‌منييه‌كان ده‌كوژرێن. داعش ئۆباڵى ئه‌و هێرشه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

20ى ئايار: شه‌ڕكه‌ره‌كانى داعش له‌ گوندێكى ده‌رڤه‌ى دێرزور و ده‌وروبه‌ری 20 كه‌س ده‌كوژن كه‌ دووانيان منداڵن و چه‌ند شه‌ڕكه‌رێكى ئه‌و ئۆپه‌راسيۆنانه‌ ده‌گرن كه‌ ئه‌مريكا پشتيوانييان لێ ده‌كا به‌ قسه‌ى ڕوانگه‌ى سوورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ.

22ى ئايار: خۆكوژێك خۆى له‌ ئه‌ريناى مانچسته‌ر له‌ ئینلگته‌را پاش به‌كۆتاهاتنى كۆنسێرتێكى ئاريانا گراندى ده‌ته‌قێنێته‌وه‌ و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 22 كه‌س ده‌كوژێ كه‌ هه‌ندێكيان منداڵ و زارۆن و 59ى ديكه‌یش بريندار ده‌بن. داعش ئه‌و هێرشه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

23ى ئايار: ئۆتۆمبێلێكى بۆمبڕێژكراو له‌ "حومس"ى سووريا ده‌ته‌قێته‌وه‌ و 4 كه‌س ده‌كوژێ و 22 كه‌سيش بريندار ده‌كا. ده‌سه‌ڵاتدارانى سووريا ئۆتۆمبێلێكى ديكه‌ پووچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ نزيك مه‌زارێكى شيعان له‌ ده‌ره‌وه‌ى ديمه‌شق دانرابووه‌وه‌. داعش به‌رپرسيارێتيى هه‌ر دوو ته‌قينه‌وه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ى "ئاژانسى ئه‌مق"ه‌وه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

24ى ئايار: سوپاى سوورى ده‌ڵێ وه‌زيرى جه‌نگى داعش، "ئه‌بو موسعه‌بى ئه‌لميسرى"ی كوشتووه‌.

24-25ى ئايار: چه‌ند خۆكوژێك 3 ئه‌فسه‌رى پۆليسى ئیندۆنیزى له‌ نزيك وێستگه‌يه‌كى پاسان له‌ جاكارتا ده‌كوژن و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 10 كه‌سيش بريندار ده‌كه‌ن. داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌و هێرشه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

26ى ئايار: پێنتاگۆن ده‌ڵێ، موسته‌فا غونس، ئه‌بو عاسم ئه‌لجه‌زايرى و ئه‌بو خه‌تاب ئه‌لڕاوى، كه‌ سێ فه‌رمانده‌ و نه‌خشه‌دانه‌رى سه‌ره‌كیى سه‌ربازيى داعش بوون، له‌ هێرشه‌كانى هاوپه‌يمانێتيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق و سووريادا كوژران.

26- 27ى ئايار: نزيكه‌ى 10 چه‌كدار په‌لامارى پاسێك ده‌ده‌ن كه‌ خه‌ڵكێكى كريستيانى قيبتیى سوار كردووه‌‌ و به‌ ڕێگه‌يه‌كى چۆڵدا ڕۆيشتووه‌ و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 28 كه‌سيان لێ ده‌كوژن. داعش خۆى له‌و هێرشه‌ ده‌كاته‌ خاوه‌ن.

27ى ئايار: ده‌سه‌ڵاتدارانى ماليزى، 6 پياو ده‌گرن كه‌ گوايا ڕايه‌ڵه ‌و پێوه‌ندييان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بووه‌.

30ى ئايار: ئۆتۆمبێلێكى بۆمبڕێژكراو له‌ به‌غدا ده‌ته‌قێته‌وه‌ و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 13 كه‌س ده‌كوژرێن و 30 كه‌سيش بريندار ده‌بن. داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌و هێرشه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

31ى ئايار: هێرشێكى ئاسمانیی هاوپه‌يمانان له‌ سووريا، ده‌بێته‌ هۆى كوشتنى توركى ئالبنالى، موفتیى گه‌وره‌ى داعش.

چه‌كدارانى داعش له‌ مووسڵ "مزگه‌وتى گه‌وره‌ى ئه‌لنوورى" له‌ مووسڵ پێوه‌ ده‌ده‌ن وه‌كوو دوا به‌ره‌نگارى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌. مووسڵ دوا پێگه‌ى به‌هێزى داعشه‌ له‌ عێراقدا.

31ى ئايار- 1ى حوزه‌يران: چه‌ند چه‌كدارێك په‌لامارى يه‌كه‌يه‌كى گه‌ڕۆكى سوپاى جه‌زايرى ده‌ده‌ن له‌ باشوورى جه‌زاير و 4 كه‌سيان لێ بريندار ده‌كه‌ن. داعش به‌رپرسێارێتييه‌كه‌ى ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

1ى حوزه‌يران: سه‌رۆكى فليپين، ڕۆدريگۆ دوتريته‌ ده‌ڵێ، ياخيگه‌رييه‌كه‌ى شارى ماراوى به‌ته‌واوى و بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا، له‌بن سه‌رى داعشه‌.

2ى حوزه‌يران: هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات كه‌ ئه‌مريكا هاريكارييان ده‌كا، شارۆچكه‌يه‌ك له‌ ڕۆژاواى ڕه‌ققه‌ له‌ داعش ده‌ستێننه‌وه‌.

هێزه‌كانى عێراقى به‌ پاڵپشتيى ئه‌مريكا گه‌ڕه‌كێ له‌و چوار ناوچه‌يه‌ى له‌ بنده‌ستى داعش له‌ مووسڵ ماون، ده‌گرنه‌وه‌.

2-3ى حوزه‌يران: چه‌كدارێك په‌لامارى گازينۆيه‌ك له‌ فليپين ده‌دا و ئاگر له‌ مێز و كورسييه‌كان به‌رده‌دا و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 36 كه‌س ده‌كوژێ. داعش به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌و هێرشه‌ ڕاگه‌ياند، به‌ڵام سه‌رۆككۆمارى فليپين ده‌ڵێ چه‌كداره‌كانى داعش له‌و هێرشه‌ به‌رپرس نين.

3ى حوزه‌يران: سێ پياو، ڤانێك له‌ سه‌ر پردێكى له‌نده‌ن لا ده‌ده‌نه‌ سه‌ر ڕێڕۆى خه‌ڵك و به‌ قه‌مه ‌و چه‌قۆ به‌رده‌بنه‌ گيانى‌ خه‌ڵكى سه‌ر جاده‌ و نزيك بار و مه‌يخانه‌كان و، به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 6 كه‌س ده‌كوژن و 30 كه‌سى ديكه‌ بريندار ده‌كه‌ن. ده‌سه‌ڵاتداران ته‌قه‌يان لێ ده‌كه‌ن و هه‌رسێكيان ده‌كوژن. داعش به‌رپرسيارێتيى ئه‌و هێرشه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

5ى حوزه‌يران: ده‌سه‌ڵاتدارانى ئوسترالى چه‌كدارێك ده‌كوژن كه‌ ئافره‌تێكى كردبووه‌ بارمته‌ له‌ مالبۆرن. سێ ئه‌فسه‌ر له‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌يه‌دا بريندار ده‌بن. داعش به‌رپرسيارێتیی خۆى ڕاده‌گه‌يه‌نێ.

6ى حوزه‌يران: ده‌سه‌ڵاتدارانى لوبنانى پياوێكى لوبنانى ده‌گرن، چونكه‌ شكى لێ كراوه‌ ده‌ستى له‌ نه‌خشه‌كێشانى هێرشێكى خۆكوژيدا به‌ قازانج و به‌ ڕێنوينیى داعش هه‌بووبێ.

7ى حوزه‌يران: بريت ماكگۆرك، نێرده‌ى ئه‌مريكا بۆ هاوپه‌يمانێتيى نێوده‌وڵه‌تیى دژ به‌ داعش ده‌ڵێ، هێرش و په‌لامار بۆ سه‌ر ڕه‌ققه‌ په‌له‌‌ى تێدا ده‌كرێ.

پياوێكى ته‌مه‌ن 27 ساڵه‌ى ڤێرجينيا له‌ سۆنگه‌ى پشتيوانيكردنى مادديى داعش و چوونه‌ سووريا و بوون به‌ خۆكوژ، تاوانبار كرا.

7-8ى حوزه‌يران: چه‌ند خۆكوژ و چه‌كدارێك په‌لامارى په‌رله‌مانى ئێرانى و گڵكۆى ئايه‌توڵڵا خومه‌ينى له‌ تاران ده‌ده‌ن و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 13 كه‌س له‌و هێرشانه‌دا ده‌مرن. ده‌وڵه‌تى ئيسلامى به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌و هێرشه‌ ڕاده‌گه‌يه‌نێ و هه‌ڕه‌شه‌ى هێرش و په‌لامارى زێتريش له‌ ئێران ده‌كا. ئێران ده‌ڵێ هێرشبه‌ره‌كان خه‌ڵكى ئێران بوون و شه‌ڕيان بۆ داعش له‌ سووريا و عێراقدا كردووه‌.

8ى حوزه‌يران: ده‌وڵه‌تى ئيسلامى ده‌ڵێ، دوو مامۆستاى چينیى كوشتووه‌ پاش ئه‌وه‌ى له‌ مانگى ئاياردا له‌ پاكستان ڕفاندبوونى، به‌گوێره‌ى هه‌واڵێكى "ئاژانسى ئه‌مق"ى داعش.

فه‌رمانده‌يه‌كى داعش، كه‌ خه‌ڵكى كۆسۆڤۆ بووه ‌و فه‌رمانده‌يیى چه‌كداره‌ ئه‌ڵبانه‌كانى له‌ عێراق و سووريادا كردووه،‌ كوژرا‌.

9ى حوزه‌يران: ئافره‌تێكى خۆكوژ خۆى له‌ بازاڕێكى شارى موسه‌يبدا ده‌ته‌قێنێته‌وه‌ و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 31 ده‌كوژرێن و 35 كه‌سى ديكه‌یش بريندار ده‌بن. خۆكوژێكى ديكه‌ خۆى له‌ وێستگه‌يه‌كى پاس له‌ شارى پيرۆزى كه‌ربه‌لادا ده‌ته‌قێنێته‌وه ‌و سێ كه‌س ده‌كوژێ و 15 كه‌سى ديكه‌یش بريندار ده‌كا و داعش به‌رپرسيارێتيى هه‌ر دوو كرده‌وه‌ خۆكوژييه‌كه‌‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌.

داعش پاش هێرشه‌كانى له‌ شارى تاران، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ عه‌ره‌بستانى سعووديیش ده‌كا كه‌ په‌لامارى ئه‌ويش ده‌دا. "بزانن پاش ئێران، نۆره‌ى ئێوه‌یش دێ"؛ ئه‌مه‌ له‌ ڤيديۆكه‌دا هاتووه‌.

10ى حوزه‌يران: داعش هێرشێك دژى هێزه‌كانى عێراقى له‌ باشوورى مووسڵ ده‌كا و 38 سه‌رباز و خه‌ڵكى مه‌ده‌نى ده‌كوژێ و زێتر له‌ 40 كه‌سيش بريندار ده‌كا و نزيكه‌ى 20 چه‌كدارى داعشيش له‌و هێرش و په‌لاماره‌دا ده‌كوژرێن.

ئێران ده‌ڵێ پلاندانه‌رى ئه‌و هێرشانه‌ى له‌ 7ى حوزه‌يراندا له‌ تاران ئه‌نجام دران، كوشتووه‌. له‌ هێرشه‌كانى 7ى حوزه‌يراندا، 17 كه‌س ژيانيان له‌ده‌ست دا.

ئه‌مريكا ده‌چێته‌ جه‌نگى گرووپه‌كه‌ى سه‌ر به‌ داعش، گرووپى ئه‌بو سه‌ياف له‌ شارى ماراوى له‌ فليپين و، يارمه‌تیى ته‌كنيكى پێشكه‌ش به‌ هێزه‌كانى فليپين ده‌كا.

12ى حوزه‌يران: گوته‌بێژى داعش، ئه‌بى ئه‌لحه‌سه‌ن ئه‌لموهاجير، له‌ په‌يامێكى ده‌نگيدا كه‌ به‌ تێلێگرام بڵاو كرايه‌وه‌ داوا له‌ شوێنكه‌وتووانى داعش ده‌كا كه‌ له‌ مانگى ڕه‌مه‌زاندا له‌ ئه‌مريكا، ئه‌وروپا، ڕووسيا، ئوستراليا و عێراق و سووريا و ئێران و فليپيندا هێرش و په‌لامار ده‌ست پێ بكه‌ن.

به‌پێى قسه‌ى سوپاى فليپينى، لايه‌نگرانى داعش كۆنترۆڵى 20%ى شارى ماراوى ده‌كه‌ن. داعش له‌ "ئاژانسى ئه‌مق"ى خۆيدا ده‌ڵێ، دوو له‌سه‌ر سێى ئه‌و شاره‌ى كۆنترۆڵ كردووه‌.

13ى حوزه‌يران: سه‌رۆكى سوپا له‌ جاكارتا ده‌ڵێ: داعش بگره‌ له‌ هه‌موو پارێزگه‌كانى ئیندۆنیزيادا بوونى هه‌يه‌. پاش چاودێريكردن، ئێمه‌ ده‌بينين له‌ هه‌موو جێيه‌كدا هه‌ن... به‌ڵام شانه‌كانى داعش زێتر شانه‌ى نووستوون.

14ى حوزه‌يران: چه‌كداره‌كانى داعش دژه‌هێرشێك له‌ ڕۆژاواى مووسڵ ده‌كه‌ن دژى هێزه‌كانى عيراقى. به‌ ده‌يان چه‌كدارى داعش ده‌كوژرێن. ئه‌و گرووپه‌ ده‌ڵێ 40 كه‌سيان له‌ هێزه‌كانى پۆليسى فيدراڵى كوشتووه ‌و هه‌شت ئۆتۆمبێلى سه‌ربازييان له‌و دژه‌هێرشه‌دا تێكوپێك شكاندووه‌.

15ى حوزه‌يران: داعش له‌ ئه‌فغانستان ده‌ڵێ، ئه‌وان ئه‌شكه‌وته‌كانى تورابورايان له‌سه‌ر سنوورى پاكستان كۆنترۆڵ كردووه‌.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا سزا به‌سه‌ر سێ ئه‌ندامى داعشدا ده‌سه‌پێنێ، له‌وانه‌ به‌رپرسى هێرشه‌كانى نۆڤه‌مبه‌رى 2015ى پاريس و هێرشه‌كانى ئادارى 2016ى به‌لژيكا.

16ى حوزه‌يران: ڕووسيا ده‌ڵێ له‌وانه‌يه‌ له‌ هێرشێكى ئاسمانى له‌ مانگى ئاياردا، خه‌ليفه‌ى داعش، ئه‌بوبه‌كرى به‌غدادى كوژرابێ. كاربه‌ده‌ستانى عێراقى و ڕۆژاوايى شك و گومانيان له‌و هه‌واڵه‌ هه‌يه‌.

16- 17ى حوزه‌يران: سێ فه‌ڵه‌ستينى هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌كانى ئاسايشى ئيسڕائيلى له‌ قودس و ئافره‌تێكى پۆليسى سنوور ده‌كوژن. ته‌قه‌ له‌ هێرشبه‌ران كرا و كوژران. داعش به‌رپرسيارێتیی خۆى له‌و هێرشه‌ ڕاگه‌ياند. پۆليسى ئيسڕائيلى ده‌ڵێ هيچ ڕايه‌ڵه‌ و پێوه‌ندييه‌ك له‌ نێوان هێرشبه‌ران و هيچ ڕێكخراوێكدا نه‌بينراوه‌ته‌وه‌.

17ى حوزه‌يران: وه‌زاره‌تى به‌رگريى ڕووسى ده‌ڵێ له‌ هێرشێكى فڕۆكه‌كانيدا له‌ ده‌ره‌وه‌ى دێرزور، ئه‌بو عومه‌رى به‌لژيكى و ئه‌بو ياسين ميسرى، كه‌ دوو فه‌رمانده‌ى مه‌يدانيى داعش بوون، كوژران.

19ى حوزه‌يران: سوپاى ئارژانتینی ده‌ڵێ: وێبسايتى سوپا به‌ وێنه‌ى ئه‌ندامانى داعش هاك كراوه‌ و ئه‌مه‌یش‌ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كه‌ و داعش له‌ ئارژانتيندا بوونى هه‌يه‌ و ده‌ڵێن به‌م زووانه‌ له‌باره‌ى ئێمه‌وه‌ شتتان گوێ لێ ده‌بێ..

20ى حوزه‌يران: سوپاى عێراقى ده‌ڵێ: له‌ مووسڵى كۆندا به‌ته‌واوى گه‌مارۆى داعشيان داوه‌.

جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ڕووسيا، گينادى گاتيلۆڤ ده‌ڵێ، ڕووسيا ناتوانێ كوشتنى خه‌ليفه‌ى داعش، ئه‌بوبه‌كرى به‌غدادى پشتڕاست بكاته‌وه‌ به‌گويره‌ى ئاژانسى ئينته‌رفاكس.

21ى حوزه‌يران: داعش مزگه‌وتى گه‌وره‌ى ئه‌لنوورى و مناره‌ى حه‌دبا له‌ مووسڵ ده‌ته‌قێنێته‌وه ‌و ده‌ڕووخێنێ. ئه‌بوبه‌كرى ئه‌لبه‌غدادى خه‌لافه‌تى ئيسلامیى له‌و مزگه‌وته‌ له‌ حوزه‌يرانى 2014دا ڕاگه‌ياند و سه‌رۆكوه‌زيران ده‌ڵێ: تێكدان و ته‌قاندنه‌وه‌ى مناره‌ى حه‌دبا و مزگه‌وتى ئه‌لنوورى، دانپێدانانێكى فه‌رمييه‌ به‌ تێكشكانى داعش.

چه‌كداره‌كانى سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تى ئيسلامى په‌لامارى شارۆچكه‌يه‌ك له‌ باشوورى ماراوى له‌ فليپين ده‌ده‌ن و قوتابخانه‌يه‌ك داگير ده‌كه‌ن.

22ى حوزه‌يران: دانيشتووێكى ته‌مه‌ن 30 ساڵه‌ى نيويۆرك به‌ تۆمه‌تى هه‌وڵدان بۆ چوونه‌ سووريا و شه‌ڕكردن بۆ داعش تاوانبار كرا.

23ى حوزه‌يران: سه‌رۆكى كۆميته‌ى به‌رگريى ڕووسى ده‌ڵێ، مه‌رگى خه‌ليفه‌ى داعش، ئه‌بوبه‌كرى به‌غدادى 100% ڕاست و مسۆگه‌ره‌ به‌ قسه‌ى ئاژانسى هه‌واڵنووسيى ئينته‌رفاكس. كۆلۆنێل ڕيان ديلۆن، گوته‌بێژى OIR ده‌ڵێ، هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى هيچ به‌ڵگه‌يه‌كى كۆنكرێتیى له‌باره‌ى مردنى به‌غدادييه‌وه‌ له‌به‌رده‌ستدا نييه‌.

25ى حوزه‌يران: هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات كه‌ ئه‌مريكا هاريكارييان ده‌كا، ناوچه‌ى ئه‌لقادسيه‌يان له‌ ڕه‌ققه‌ له‌ داعش پاك كرده‌وه‌.

26ى حوزه‌يران: فه‌رمانده‌ى ده‌زگه‌ى دژه‌تيرۆر له‌ مووسڵ ده‌ڵێ: خوا حه‌ز بكا، له‌ چه‌ند ڕۆژێكى كه‌مدا، شاره‌كه‌ ده‌كه‌وێ.

27ى حوزه‌يران: پياوێكى ته‌مه‌ن 21 ساڵه‌ى خه‌ڵكى كارۆليناى باكوور، زيندانى هه‌تاهه‌تايیى بۆ بڕايه‌وه‌ له‌سه‌رينى ئه‌وه‌ى كه‌ نه‌خشه‌ى هه‌بووه‌ به‌ ناوى داعش‌ ته‌قه‌ له‌ خه‌ڵك بكات. ئه‌و پياوه‌ هه‌روا به‌ كوشتنى دراوسێيه‌كى خۆى تۆمه‌تبار كراوه‌ و پاره‌ى داوه‌ به‌ كرێگرته‌يه‌كى شاراوه‌ كه‌ دايك و بابى خۆى بكوژێ.

29ى حوزه‌يران: هێزه‌كانى عێراقى مزگه‌وتى گه‌وره‌ى ئه‌لنوورى له‌ مووسڵ پاش هه‌شت مانگ له‌ ده‌ستپێكردنى شاڵاوى "قادمون يا نينوى" ده‌گرنه‌وه ‌و سه‌رۆكوه‌زيرانيش كۆتايیى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى ڕاده‌گه‌يه‌نێ.

هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات كه‌ ئه‌مريكا پشتيوانييان ده‌كا، ڕێگه‌ى سه‌ره‌كيى داعش بۆ چوونه‌ ناو ڕه‌ققه‌ داده‌خه‌ن و به‌ته‌واوى ئابڵووقه‌ى شاره‌كه‌ ده‌ده‌ن.

به‌گوێره‌ى ميدياى ئێرانى، عه‌لى شيرازى، نوێنه‌ر و ده‌مڕاستى "نيرۆى قودس" ده‌ڵێ: "دواجار، به‌غدادیى تيرۆريست مرد."

30ى حوزه‌يران: چه‌كداره‌كانى داعش له‌ دوا ناوچه ‌و گه‌ڕه‌كى پارێزگه‌ى حه‌له‌ب ده‌كشێنه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ى هێزه‌كانى حكوومه‌تى سووريا ڕێگه‌ى ئتريا- ڕه‌سافه‌ ده‌گرنه‌وه‌.

 

سەرچاوە:

https://www.wilsoncenter.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples